له واقعی کۆمهڵگهیهکی دروست و دامهزراوهییدا، زانكۆ به یهکێک له كۆڵهكه سهرهكییهکانی بنیاتنانی دهوڵهتێكی سهردهمییانه ئهژمار دهكرێت كه لهسهر بنهمای بیری پێشكهوتوو و فێركردن دادهمهزرێ و له یهك كاتدا چهندین مهودای گهوره و گرنگ و کاریگهر لهخۆ دهگرێت، لهبهر ئهوهی كرداری فێربوون چهندین مهودای كۆمهڵایهتی و ڕۆشنبیریی ههیه، بهدهر لهوهی كردارێكی بهردهوامه و، پهیوهست نییه به شوێن و زهمهن و نهوهیهكی دیاریكراوهوه.
لهم دیدهوه درككردن به واقعی فێربوون دێته ئاراوه، كه به لایهنێكی پهیوهندیدار و دیاریكراوهوه تایبهت و گهمارۆدراو نییه، بهڵكوو ئهركێكی نیشتمانی و ئاكاری و پهروهردهیییه و بهرپرسیارێتییەکەی دهكهوێته ئهستۆی ههموو مرۆڤێک كه مهبهستیهتی بایهخ به چارهنووس و داهاتووی میللهتهكهی بدات. له ههموو كۆمهڵگهیهكدا زانكۆكان، بێ بهدیهێنانی كارلێككردن له نێوان تاك له لایهك و، ژینگهی بواره جیاجیاكانی كۆمهڵگه له لایهكی دیكەوە، ناتوانن به شێوهیهکی كاریگهر ڕۆڵی تهواوی خۆیان له گۆڕانكارییهكانی كۆمهڵگهدا بگێڕن، چونكه پهیوهندیی زانكۆ، گرێدراو و پهیوهسته به گۆڕانهكانهوه و دهبێته هۆی بههێزكردنی توانا و كارامهیییهكان و، یارمهتیدهر دهبێت بۆ بههێزکردنی ڕۆحی داهێنان له لای تاكهكان.
ئهمهیش بۆ خۆی دهرفهتی بهرههمهێنان دهخوڵقێنێ و كاریگهری و ئاسهواری باشیش لهسهر ئاستی دارایی و مووچه بهجێ دههێڵێ. بۆیه ڕۆڵگێڕانی زانكۆكان لهو ئهركهدا گرنگیی خۆی ههیه و سهرمایهیهكی گهورهیه كه به هیچ نرخێك ناخهمڵێنرێ، چونكه جموجووڵ دهخاته نێو كرداری گهشهپێدانهوه؛ لهو ڕوانگهیهی سیستهمی فێربوون باڵاترین دامهزراوهیه، كه ئهركی دابینكردنی پێویستییهكانی كۆمهڵگه دهكهوێته ئهستۆی؛ جگه لهوهی سهنتهری سهرهكییە بۆ توێژینهوهی زانستی و جێبهجێكردن. لێرهوه درككردن به گرنگیی زانكۆكان دهبێته پێویستییهکی واقعی، بهوهی کە نابێ وهك تهنیا دامهزراوهیهكی كۆمهڵایهتی تهماشا بكرێت بۆ خزمهتكردنی ههندێ له ئامانجهكانی، بهڵكوو لهو ڕوانگهوە کە دامهزراوهیهكه كاریگهری بهجێ دههێڵێ له ڕێی ئهو ئهرك و وهزیفانهی بەجێیان دێنێت.
بێ گومان، بوونی پهیوهندیی بههێز و گهرموگوڕی نێوان زانكۆ و كۆمهڵگهیش واقعێک بهسهر زانكۆكاندا دهسهپێنێ كه بهردهوام له ڕووی بنیاتنان و وهزیفه و بهرنامه و توێژینهوهكانیانهوه گۆڕانكاریی نوێ بهێننه ئاراوه، كه بگونجێ لهگهڵ ئهو گۆڕانكارییانهی له كۆمهڵگه و دهوروبهریدا ڕوو دهدهن، چونكه ئهو نێوهنده بههێزترین و بهتواناترین چوارچێوهیه بۆ بهدیهێنانی ئهو وهزیفانه و، كاردانهوهی داخوازییهكانی كۆمهڵگه لهو جۆره پهیوهندییهوه بهسهر نێوهندەکانی خوێندنی زانكۆدا فهڕز دهكرێت، كه پهیوهندییهكی تۆكمهی به ژیان و كێشه و پێداویستی و خهونهكانی خهڵكهوه ههبێت؛ به شێوهیهك كه گهشهپێدانی كۆمهڵگه بۆ باشترین ئاستی ئابووری و تهندروستی و كۆمهڵایهتی و ڕۆشنبیری، ببێته ئامانجی یهكهمی فێركردنی زانكۆكان. بێ گومان گرنگترینی ئهو پهیوهندییانهی كه پێویسته زانكۆكان بهرامبهر به كۆمهڵگهكهیان هەنگاوی بۆ بنێن، بهگشتی له چهند خاڵێکدا بهرجهسته دهبن:
ڕۆڵی زانكۆكان لە گەشەپێدانی مرۆییدا:
وتووێژ سەبارەت بە گەشەپێدان و پەرەپێدانی مرۆیی لە لایەن زانكۆكانەوە، ڕا و بۆچوونی جیاوازی لەخۆ گرتووە. هەندێك لە تێڕوانینەكان پێیان وایە ئەم كارە ناچێتە چوارچێوەی ئەركی زانكۆكانەوە، بەڵام هەندێكی دیكە بەپێچەوانەوە، پێیان وایە یەكێك لە ئەركە سەرەكییەكانی زانكۆ گرنگیدانە بە سەرچاوە مرۆیییەكان، وەك دەزگهیەكی زانیاری و ڕۆشنبیری و بەرهەمهێنەری مەعریفە. بەگشتی ئەوەی لە زۆربەی زانكۆ ڕۆژهەڵاتییەكاندا بەدی دەكرێت، سنوورداربوونی بایەخی زانكۆكانە لە بواری پەرەپێدانی فكری و ڕۆشنبیری و چارەسەركردنی كێشەكانی كۆمەڵگهدا. بۆ نموونە، ئەو كێشە و مەسەلانەی ڕووبەڕووی كۆمەڵگه و دەوڵەت و نیشتمان دەبنەوە، وەك مەسەلەی بێكاری، زیادەڕۆیی، گەندەڵی، دواكەوتووییی كارگێڕی و زانستی، لاوازیی گەشەی ئابووری و دەرچووانی دامودەزگهكانی خوێندن، كە لەنێو زانكۆ و لێكۆڵینەوە زانستییەكاندا ڕەنگدانەوەیەكی واقعییانەی نییە، جگە لە لاوازیی بەرنامەیەكی زانستی و گفتوگۆیەكی بەرفراوان. هەندێك پێیان وایە زۆرێك لە زانكۆ و كۆلێژەكان وێڕای ئەوەی نەیانتوانیوە گەشە بە خۆیان بدەن و چارەسەری كێشەكانیان بكەن، لە هەمان كاتدا نەك نەیانتوانیوە بەشدار بن لە چارەسەری مەسەلەكانی تایبەت بە كۆمەڵگهدا، بەڵكوو بوونەتە بەرهەمهێنەری هەندێ پرسی یەكلاكەرەوەی وەك: بێكاری، دواكەوتووییی زانست و زیادەڕۆییی فكری.
بە دیوێكی دیكەدا، هەندێك بۆچوون پێیان وایە، بەگشتی واقعی كاركردنی ئهمڕۆی زانكۆكان، بەتایبەت زانكۆ حكوومییەكان، ڕێ نادات بەرپرسیارێتیی مەسەلەكانی كۆمەڵگه و سەردەم لەخۆ بگرن؛ لەو ڕوانگەیەی ئەو سەربەخۆیەتییەیان نییە تا بتوانن لە ڕێگەیەوە كار و جووڵە و بەرپرسیارێتییەكان بگرنە ئەستۆ بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ئەو ڕێگری و قورسایییانەی دێتە ڕێگهیان، چونكە یەكێك لەو بەربەستانەی ڕووبەڕووی زانكۆكان دەبێتەوە سیستهمی دارایی و كارگێڕییەکەیانە؛ لەبەر ئەوەی پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆیان بە سیستهمی حكوومیی بیرۆکراتیی دابینكردنی بوودجه و دەركردنی ڕێنمایی و سیستهمەوە هەیە، كە هەموویان لە ڕووی ناوەندییەوە گرێدراوی وەزارەت و ئەنجومەنی خوێندنی باڵان، جگە لە سەربەخۆنەبوونی هەر زانكۆ و كۆلێژێك لە ڕووی دەسەڵاتی دارایی و بڕیاردان و ڕێنمایی و قەواڵەی كارگێڕی و ئەكادیمییهوه. ئەوهیش بووەتە هۆی لاوازیی ڕۆحی كێبڕكێ و گەشەپێدان و نەهێشتنی ژینگەی ئەكادیمیی ڕاستەقینە لەناو زانكۆكاندا، بەپێچەوانەی ئەوەی لەنێو زانكۆ جیهانییەكاندا بەدی دەكرێت لە ڕووی فرەییی چالاكییە زانستی و ڕۆشنبیرییەكان و بوونی ڕۆحی لێبووردەیی و ئازادیی فكری و هاوكاری لە گفتوگۆكردنی مەسەلە جیهانییە سیاسی و ئابووری و فكرییەكاندا.
بوونی ئەم پێوارە لای سەركردە پەروەردەیییەكان و ئەندامانی دەستەی خوێندن و فێرخوازان، بووەتە هۆی لاوازیی ڕۆحی ئینتما بۆ زانكۆ و كۆلێژەكان؛ جگە لەوەی هەندێك لە سەركردە ئەكادیمییەکان و ڕاگەیاندنەكان بانگەشە بۆ ئەو چەمكانە دەكەن كە ڕێگری لە گەشەكردن دەكەن، وەك: گرنگیی یەكخستنی قەواڵە و كورتكردنەوەی مەوداكانی نێوان زانكۆكان و سنوورداركردنی ڕۆحی كێبڕكێ لە نێوان زانكۆ و كۆلێژەكاندا. بۆیە سەربەخۆنەبوونی زانكۆ و كۆلێژەكان و دامەزراندنی سەركردە ئەكادیمییەكان لە لایەن لایەنە باڵاكانی دەوڵەتەوە بە پێوەری دوور لە ڕۆحییەتی داب و نەریتی زانكۆیی و زانستی، دەبێتە هۆی بایەخنەدانی ئەندامانی دەستەی خوێندن و توانا مرۆیییەكان بە پێوەر و نەریتی ئەكادیمی و دەستكەوتە زانستییەكان؛ لەبەر ئەوەی بە زۆری هەڵبژاردنی سەركردەكان، لە سەرۆكبەش و ڕاگری كۆلێژەكان و جێگر و بەڕێوەبەرەكانەوە بەپێی پێوەری دەستكەوتی زانستی و توانای كارگێڕی و خەسڵەتە سەركردەیییەكان بەرێوە ناچێت، بەڵكوو تێهەڵكێشی فاكتەری دیكە دەبێت؛ جگە لەوەی نەبوونی سەربەخۆییی زانكۆكان وا دەكات، سەرقاڵی مەسەلە لاوەكی و ڕواڵەتییەكان بن و لەگەڵ دامودەزگه حكوومییەكانی دیكەدا گرێدراوی زنجیرەیەكی دوورودرێژی كاری ئاڵۆزی كارگێڕی بن. چونكە بەدەستهێنانی وەزیفەی ئەكادیمی بە كۆمەڵێ كار و بەڕێوەبردنی درێژدا تێ دەپەڕێ، كە خۆی لە پەیوەندییەكان و واسیتە و دەستێوەردانی كەسیدا دەبینێتەوە و وا لە سەركردە كارگێڕییەكان دەكات لەنێو خەم و ژینگەیەكی نازانستیدا بژین، نەك ژینگەیەكی ئەكادیمیی دروست.
پارهپێدانی خوێندنی باڵا، یەكێكە لە كێشە ڕاستەقینەكان، كە ڕێگرە لە بەردەم گەشەپێدانی زانكۆ و كۆلێژەكاندا بە شێوەیەكی بەردەوام، بەتایبەت لە ڕووی جۆری (چۆنێتی)، نەك چەندێتییەوە، كە هەندێ جار بەدەستهێنانی پشتگیریی حكوومی ئاسان دەبێت بۆ دروستكردنی كۆلێژ، یان هەر شتێكی لاوەكیی تر، بەڵام بەدەستهێنانی پارهپێدان بۆ بەدەستهێنانی بەرنامەی گەشەسەندنی تواناكان و بووژانەوە و خزمەتگوزاریی جۆری بۆ فێرخوازان، جگه لهوهی سەرچاوەی پارهپێدانی سەرەكی بۆ خوێندنی باڵا تا ئێستا بە میزانییەی حكوومەتەوە گرێ دراوە و سەربەخۆنەبوونی زانكۆكان و نەبوونی بەرنامە و ڕێنمایی بۆ زانكۆكان، ڕێگرن لەوەی کە سەرچاوەكانی پارهپێدانی دیكە گەشەی بە خۆیانەوە ببینن.
لەو ڕوانگەیەوە، گرنگیی پێشەنگبوونی دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا دێتە ئاراوە بۆ بەدیهێنانی هۆشیاربوونەوە، ژیانەوەی شارستانی، پەرەپێدانی مرۆیی، بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی گشتی و، سەركردایەتیكردنی كۆمەڵگه لە مەسەلەی ناكۆكییە فكری و ڕۆشنبیرییە گەشەكردووەكاندا، كە پێویستی بە باشترین عەقڵ و توانا و ئامێرەكان هەیە تا گەنجان لە ڕێیانەوە باشترین كاتی ژیانیان بەسەر بەرن. بۆیە پێویستە لە گشت گرفت و ڕێگری و مومارەسەکردنێکی دواكەوتوو ئازاد بكرێ، گەر بمانەوێت لە ئاست پێشكەوتنی وڵاتانی دیكەدا بین لە ڕووی هاوكاریی بەرهەمهێنانی زانین و زانستە پێشكەوتووەكاندا؛ جگە لە بەرهەمهێنانی توانا مرۆیییەكان، بە شێوەیەك کە توانای كاركردن و خزمەتی پەرەپێدان و پێشكەوتن و شارستانییەتە مرۆیییەكانیان هەبێت. ئەمەیش تەنیا پێویستی بە ئاستێكی بەرزی بیركردنەوەی فراوان هەیە، جگە لە ئیرادە و ئاراستەكردنێكی باش، كە دەرەنجام زانكۆ ڕووەو گەشەكردن و بنیاتنان هەنگاو دەنێت.
ڕۆڵی تەكنۆكراتهکان لە حوکمڕانیدا:
لە كۆمەڵگهی كورددا قۆناغ و پێشكەوتنەكان لە ڕووی زانست و تەكنەلۆژییهوە بە شێوەیەك گەشەیان كردووە، كە ڕۆ چوونەتە نێو وردەكاری و درێژەی ژیانەوە؛ تا ئەو ئەندازەیەی بنیاتنان و ڕەوڕەوەی ئابووری، بەبێ بوونی توانای شارەزایان تێ ناپەڕێت؛ جگە لەوەی بەڕێوەبردنی یەكەكانی بەرهەمە گشتی و تایبەتەكان، بە گشت جۆرەكانیانەوە، بێ بوونی پسپۆڕییەكان، هەر تەنیا بە هەڵگری بڕوانامەی زانستی بەڕێوە ناچن، بەڵكوو بە زانین و شارەزایییەوە مەرجدار دەكرێن. بۆیە لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا، سەركردەكان تەنیا كاریزمای سیاسی نین، بەڵكوو بوونەتە سەركردەی بەڕێوەبردنی زانین و نوێبوونەوە، كە بۆ بەڕێوەبردنی ڕەوڕەوەكە و ئاراستەكردنی، پشت بە عەقڵی زانستیی شارەزایانە دەبەستێت. بۆیە بەڕێوەبردنی ئەو سیستهمە، كەسانی تەكنۆكرات دەخوازێت، بۆ ئەوەی لە سەرەتا و لووتكەی بەڕێوەبردندا بن لە پێناو داخوازییەكانی سەردەمدا. لێرەدا پرسیارێك دێتە ئاراوە: ئایا حكوومەتی تەكنۆكرات چارەسەری دۆخی ئێستای كوردستان دەكات؟
تەكنۆكرات، وشەیەكی یۆنانییە و بە مانای پیشەسازی (تەكنیكی)، یان هونەری دێت و لە دوو وشەی یۆنانی پێك هاتووە: "تەكنەلۆژی"، بە مانای زانین، یان زانست و، "کرات" كە بە مانای دەسەڵات دێت. واتای وشەكە بەسەریەکەوە بە مانای دەسەڵاتی چینی زانستی، تەكنیكی، پسپۆڕی و ڕۆشنبیر دێت. فەلسەفە ماددەی سەرەكیی تەكنۆكراتییە و پشتگیرییەكەیشی بنەما زانستییەكەی و كەڵەكەبوونی شارەزایییە لە بڕیارسازی و تواناسازی بەسەر پلانداناندا؛ بەو واتایەی، دەتوانرێت ڕۆڵی تەكنۆكرات بەوە شی بكرێتەوە كە گوتراوە: "مرۆڤی شیاو بۆ شوێنی شیاو."
حكوومەتی تەكنۆكرات، حکوومەتێكی پسپۆڕی ناحزبییە، كە لایەنگری لە هەڵوێستی هیچ حزبێك ناكات. ئەم جۆرە حوكمڕانییە لە كاتی ناكۆكییە سیاسییەكاندا بەكار دەهێنرێت. بۆ نموونە، مامۆستایهکی پسپۆڕ لە بواری ئابووریدا، دەكرێ وەزارەتی ئابووری و، ئەوی تری پسپۆڕ لە بواری تەكنەلۆژیدا، وەزارەتی گەیاندن و، ئەوی دیکەی شارەزا و دیار لە بواری پزیشكیدا وەزارەتی تەندروستی وەربگرێت. حکوومەتی تەكنۆكراتی لە ڕووی بیروباوەڕەوە، پشتئەستوورە بە كەسانی بەتوانا و شارەزا و بەئەزموونی زانستی لە بڕیاردان و سەركردایەتیكردندا، كە ئەوە یەكێكە لە ئامرازەكانی دەربازبوون لە تەنگانە و، بێ گومان لە پێناو گەیشتنی هەر دەوڵەتێك بە ئامانجەكانی لە چارەسەكردنی كێشە هەڵپەسێردراو و ئاڵۆزەكانیدا، ڕێگە بە تەكنۆكراتەكان دەدات بۆ توانای بڕیاردانی ڕاست. هەر ئەمە بوو کە دەوڵەتی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی پشتی پێ بەست، كە ئێستا لە بواری ئاوەدانكردنەوە و گەشەكردنی شارستانیدا بازدانێكی زۆری بەخۆوە دیوه، كە لە سەرەتای حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا بیابان بوو و، "دوبەی"یش وەك لادێیەكی بچووك بوو، بەڵام دەسەڵاتدارەکانی بەزیرەكییەوە لە كۆتاییی حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا، بۆ هاوكاریكردنیان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا پشتیان بە شارەزایانی تەكنۆكراتی بێگانە و ڕێكخراوە نیودەوڵەتییەكان بەست.
كەسانی تەكنۆكرات: تەكنۆكراتەكان لە ڕووی زانست و پسپۆڕییەوە لە بواری خۆیاندا دەستەبژێرێكی ڕۆشنبیرترن و دەتوانن لە ڕێی لێكۆڵینەوەوە خوێندنەوەی بارودۆخ بكەن و پاشان پلانی گشتی بۆ چارەسەری ئامرازەكانی ڕەوڕەوەی پێشكەوتن دابنێن و، ئەوانەن كە خاوەنی عەقڵە زانستییەكەن، نەك تەنیا خاوەنی بڕوانامە، بەڵكوو شارەزان و توانای داهێنانیان هەیە و، بە زۆری كەسانێكن ئینتمایان بۆ حزبی سیاسی نییە، یان كەمتر به کاری سیاسییهوه سەرقاڵن .
تەكنۆكراتی، بزووتنەوەیەكە ساڵی 1932 لە ئەمریكا دەستی پێ كرد و تەكنۆكراتەكان لە ئەندازیار و ئابووریناسانی سەرقاڵ بە زانستەكان و بیناسازییەكان پێك هات، لەو ڕوانگەیەی لایەنە ئابوورییەكانی سیستهمی كۆمەڵایەتی بە ئەندازەیەک ئاڵۆزە كە سیاسەتمەداران ناتوانن لێی تێ بگەن، یان بەسەریدا زاڵ بن؛ بۆیە پێویستی دەكرد بەڕێوەبردنی كاروباری ئابووری بچێتە ژێر ڕكێفی زانایان و ئەندازیاران و پسپۆڕانەوە.
نووسەری فەڕەنسی، جۆن ویلیەم لابییر، لە كتێبی "الثورە والتكنوقراطیە"دا باس لە ڕۆڵی تەكنۆكراتەكان دەكات لە داڕشتنی ناسنامەی كۆمەڵگەی فەڕەنسی لە ماوەی سێ كۆماری یەك لە دوای یەكی حوكمڕانیدا، كە تێیدا بانگهێشتی بەشداربوونی كرد بۆ ڕۆڵی کهسانی تهکنۆکرات له داڕشتنی ئهو بڕیارانهی سوودمەندی دەبێت بۆ پیادەكردنی دەسەڵاتی ڕاستەقینە، چونکه عەقڵییهتی تەكنۆكراتی دهتوانێت کاریگهری ههبێت لهسهر دەستكەوتەكان و مەرجی بنەڕەتییە كە هەر وێنایەكی لەسەر بونیاد بنرێت؛ بهمهبهستی نوێبونەوەی كۆمەڵگە. لەو ڕوانگەیەی تەكنۆكراتی، بریتییە لە عەقڵێكی بنیاتنەر، نەك ئەوەی كەسێك، شوێنێك، یان وەزیفەیەك بگرێت.
واقع و پێكهاتەی كۆمەڵگەی كوردییش لە ڕووی شڵەژان و ناسەقامگیریی ئەمن و ئاسایش، گەندەڵیی كارگێڕی و بەڕێوەبردن، نەبوونی دەستوور، پەرتەوازەییی كۆمەڵایەتی، نەبوونی سیستهم، زاڵێتیی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و خێڵەكی و ئایینی و ناوچەگەرییەوە، وا دەكەن بیر لە گۆڕانكاری و ئەڵتەرناتیڤی تر بكرێتەوە بۆ حوكمڕانی، بەوەی چەندین ساڵە عەقڵییەتی سیاسی و حزبی و خاوەن ئەزموونێكی كەموكورتی پیشەیی، بە باكگراوندێكی زانیاری و زانستیی ئاسایی بەڕێوەی دەبات و پێویستیی زۆری بە خوێندنەوەی بابەتییانە و توێژینەوەی جددی هەیە تا لە قەبارەی زیان و هۆكارەكانی ورد ببێتەوە و، پاشان لەو ڕوانگەیەوە سەرەتییەکان (ئەولەوییات) و خاڵی دەستپێكردنی هەنگاوی چارەسەرەكان ڕووەو گەشە و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری و مرۆیی دیاری بکرێن. بەڵام بێ گومان بە هۆی بوونی ململانێی حزبەكان و تەكەتولاتی نێو خۆیان، بووە هۆی ڕوونەدانی ئەو واقعە. بەمەیش پێشكەوتنەكانی دوا خست و، وەزیفە و پۆستەكانیش بە شێوەیەك دابەش بوون، كە هەندێ جار دەگاتە ئەو ڕاددەیەی هەڵگری خاوەن بڕوانامەیەكی دیاریكراو، لە بەڕێوەبردنی پسپۆڕییەكی جیاوازتر لە خۆی كار بكات و، لە هاوشێوەی ئەو نموونانەوە پرسیارێك دیتە ئاراوە بەوەی چۆن نەخوێندەوارێكی نەزان، یان نیمچەخوێندەوارێك دەتوانێت دامەزراوەیەكی نوێ بەڕێوە بەرێت؟ بۆیە بۆ ئەوەی بتوانین هەموو توانایی و پسپۆڕییەك لە كاری شیاودا بەکار بێنین، پێویستە لە لووتكەی قووچەک (هەڕەم)ەكەوە ڕەوایەتیی پێ بدرێت و ڕێ بە كەسانی تەكنۆكرات بدرێت بۆ فەرمانڕەوایەتیكردنی وڵات. چونكە بوونی ژێرخانی عەقڵی و مومارەسەكردنی، مەیدانێكە، شارەزایی بەرهەم دههێنێت و دوو مەرجی سەرەكین بۆ بەرجەستەكردنی ئەركی تەكنۆكرات.
بۆیە هەوڵدان بۆ هاتنەكایەوەی حکوومەتی تەكنۆكرات كاری جددی و عەقڵییەتی دەسەڵاتدارانی پێویستە، بەتایبەت لە لایەن سەركردایەتیی حزبەكانەوە، چونكە بوونی ئەم جۆرە ئاراستەیە دەبێتە فاكتەرێكی چارەسەر بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و خزمایەتی و ناسین بە گشت شێوەكانییەوە، جگە لەوەی هەنگاوێكی كاریگەر و کردەیییە بۆ بەگەڕخستنی ئیشكردن و بەرپرسیارێتی و، كاركردنی كەسانی خاوەن توانا و شارەزایی لە بوارە جیاجیاكاندا. بەوەیش دۆخی كوردستان لە حاڵەتی دواكەوتوویییەوە بۆ گەشەسەندن دەگۆڕێت و، دەرفەت بۆ بەگەڕخستنی كرداری وەبەرهێنانێكی کردەییی ڕاست لە كوردستاندا واڵاتر دەبێت