ژنان له‌ نێوه‌ندی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا

لای هه‌مووان ئاشکرایه‌ له‌ هه‌موو وڵاتانی جیهاندا حزبه‌ سیاسییه‌کان ڕۆڵی سه‌ره‌کی ده‌گێڕن بۆ کێبڕکێکردن له‌سه‌ر کورسییه‌کانی په‌رله‌مان و دواجار به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین کورسی لای هه‌ر حزبێکی دیاریکراو، که‌ ده‌بێته‌ سه‌نگی مه‌حه‌ک و ده‌توانێت بچێته‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ و، زۆرترین ده‌نگه‌کانی ببێته‌ واقع بۆ وه‌رگرتنی پۆسته‌کان له‌ ده‌سه‌ڵاتی حوکمڕانیدا.

ئاشکرایه‌ له ‌سه‌روبه‌ندی هه‌موو هه‌ڵبژاردنێکدا، چ له‌ ئاست عێراقدا بێت یان له‌ کوردستان، وه‌ک هه‌موو وڵاتانی دیکه‌ هه‌میشه‌ ململانێ و کێبڕکێکان دێنه‌ ئاراوه‌؛ به‌ڵام به‌گشتی ئه‌وه‌ی له‌ کۆمه‌ڵگه‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کاندا زیاتر ده‌بێته‌ جێی باسکردنی گه‌رم و ته‌نانه‌ت ده‌گاته‌ ئاستی توندوتیژییه‌کان به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر، تا ڕادده‌ی هێرشکردنه‌ سه‌ر که‌سایه‌تی و هه‌وڵدان بۆ ناوزڕاندنیان به‌ شێوازی جیاجیا، بریتییه‌ له‌ هێرشکردنه‌ سه‌ر که‌سایه‌تیی کاندیدانی ژنان‌. له‌ کاتێکدا گرنگترین مه‌رجه‌کانی هه‌ڵبژاردنی دادپه‌روه‌رانه،‌ بریتییه‌ له‌ بوونی ده‌رفه‌تی یه‌کسان بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ کێبڕکێی ده‌نگی خه‌ڵکدا به‌شدار ده‌بن که‌ بێ گومان فاکته‌ری ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و  ده‌روونی و ته‌نانه‌ت که‌ناڵه‌ میدیایییه‌کان هه‌ر یه‌ک به‌ شێوه‌یه‌ک، له ‌سه‌رکه‌وتن یان شکستی کاندیدان و لیسته‌ براوه‌کاندا ڕۆڵ ده‌گێڕن؛ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ کۆمه‌ڵگه‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کاندا به‌گشتی ناهه‌وسه‌نگی و نابه‌رابه‌رییه‌کی زۆر له‌ ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ له‌ نێوان ڕه‌گه‌زه‌کاندا هه‌یه‌ که‌ به‌رده‌وام ده‌بێته‌ ڕێگری و ئاسته‌نگێکی زۆر و گه‌وره‌ی به‌رده‌م ژنانی کاندید و ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ڵمه‌ته‌کانی هه‌ڵبژاردندا که‌ هۆکاری سه‌ره‌کی و بنه‌ڕه‌تیی ئه‌و نابه‌رابه‌رایه‌تییانه‌ فره‌هۆکاره‌ و له‌ هه‌مان کاتدا گرێدراو و ته‌واوکه‌ری یه‌کتره‌  بۆ که‌مکردنه‌وه،‌ یان زیاترکردنی دیارده‌که‌.

هۆکاره‌کان:

‌هۆکاری ناوزڕاندن، یان سووکایه‌تیکردن و هه‌ڵمه‌تی جۆربه‌جۆری ده‌ستدرێژیکردنه‌ سه‌ر کاندیدانی ژنان له ‌کاتی هه‌ڵمه‌ته‌کانی هه‌ڵبژاردندا فره‌هۆکاره‌؛ له‌وانه‌ هه‌ندێکی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ که‌لتوور و داب و نه‌ریتی کۆمه‌ڵایه‌تی،  شه‌رمکردن و ترس و بێمتمانه‌ییی خودی ژنان به‌ توانای خۆیان؛ هه‌روه‌ها باوه‌ڕنه‌بوونی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌، به‌تایبه‌ت پیاوان به‌ توانای ژنان، جگه‌ له‌ به‌ئه‌رکنه‌زانینی بواری سیاسه‌ت به‌ کاری ژنان و نه‌بوونی ئابووریی سه‌ربه‌خۆ و هتد.

بۆ نموونه‌، له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌  پیاوان زیاتر سه‌ربه‌خۆترن و توانای دارایییان باشتره‌ له‌ ژنان. بۆیه‌ یه‌کێک له‌ جیاوازییه‌کانی كه‌ له ‌کاتی با‌نگه‌شه‌دا به‌دی ده‌کرێت، که‌میی هه‌ڵواسینی وێنه‌ و بڵاوکراوه‌ی ژنانی کاندیده‌ زیاتر له‌ پیاوان؛ هه‌روه‌ها که‌میی پۆسته‌ر و کارتی بانگه‌شه‌کردنیان و که‌میی سه‌ردانیکردنیانه‌ بۆ شوێنه‌ جیاوازه‌کان له‌ سنووری جوگرافیی ده‌نگدانیاندا به‌ هۆی که‌میی پاره‌ و دۆخه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه‌؛ جگه‌ له‌وه‌ی به‌ هۆی که‌لتووری کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ پیاوان له‌ ژنان زیاتر ده‌توانن سه‌ردانی زۆرێک له‌ شوێنه‌ گشتییه‌کان بکه‌ن، وه‌ک مزگه‌وت و چایخانه‌ و...؛  به‌ده‌ر‌ له‌وه‌ی له‌ ڕووی کاتیشه‌وه‌ پیاوان ده‌رفه‌ت زیاتر بۆیان کراوه‌یه‌‌ له‌ هه‌ر کاتێکدا بێت، به‌تایبه‌ت له ‌کاتی شه‌واندا‌ ده‌رفه‌ت بۆیان واڵاتره‌ و ده‌توانن بێ هیچ دوودڵی و سڵه‌مینه‌وه‌یه‌ک هاتوچۆ و سه‌ردان بکه‌ن. هه‌موو ئه‌وانه‌یش بۆ عه‌قڵییه‌ت و که‌لتووری کۆمه‌ڵگه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

 که‌واته‌ به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی بانگه‌شه‌ی ژنان له‌ سێ ڕووی سه‌ره‌کییه‌وه‌ جیاوازی له‌خۆ ده‌گرێت که‌ بریتین له‌: شوێن، کات و شێوازی با‌نگه‌شه‌کردنه‌وه‌. هه‌موو ئه‌وانه‌یش به‌ هۆی داب و نه‌ریتی گشتیی کۆ‌مه‌ڵگه‌وه‌یه؛‌ ئه‌مه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌ندێ جاریش پیاوان ته‌نیا وه‌ک لایه‌نی سێکس و مێیینه‌بوونه‌وه‌ سه‌یری ژنان ده‌که‌ن و، ئه‌و تێڕوانینانه‌‌یشه‌ وا ده‌کات زۆر جار گه‌مه‌ به‌ وێنه‌کانیان بکه‌ن، یان کاتێک ژنان سه‌ردانی شوێنه‌ گشتییه‌کان ده‌که‌ن  گه‌مه‌ و گێچه‌ڵیان پێ بکرێت، بۆ نموونه، پێیان ده‌گوترێت "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جوانی، ده‌نگت ده‌ده‌ینێ"، یان ده‌گوترێت "زۆر جوانیت" و، یاخود ماچی وێنه‌کانیان ده‌که‌ن و به‌ چاوی سێکسییه‌وه‌ سه‌یریان ده‌کرێت و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن. بێ گومان هه‌موو ئه‌وانه‌یش له‌ ده‌ره‌نجامدا ئاسه‌واری ناخۆشی جۆرا‌وجۆر و به‌ شێوازی جیاواز له‌سه‌ر که‌سایه‌تیی کاندیده‌کان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت و به‌ هۆیه‌وه‌ له‌ ڕووی ده‌روونی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ دوچاری چه‌ندین کێشه‌ و گرفتی جیاواز ده‌بنه‌وه‌.  

 بۆ نموونه‌، له‌ دوا هه‌ڵبژاردنی حزبەکاندا لە ئاست هەرێمی کوردستان و عێراق، که‌ له‌ ڕۆژی 12/5/2018 به‌ڕێوه‌ چوو،‌ به‌پێی داتاکان له‌ سه‌رتاسه‌رى عێراقدا 6904 كه‌س خۆیان كاندید كرد. له‌و ڕێژه‌یه‌ 2054 كاندیدیان ژنن و، هه‌رێمى كوردستان  46 كورسیی بۆ دیارى كراوه‌. 510 كه‌س خۆیان كاندید كردووه‌ كه‌  له‌وانه‌ 148 که‌سیان ژنن و، 362 که‌سی تریان پیاون. بێ گومان ئه‌وه‌یش به‌پێی ده‌ستوور و یاسا دیارى کراوه‌،  به‌وه‌ی ڕێژه‌ی ژنان نابێت له‌  %25 كه‌متر بێت؛ ئه‌گه‌رچی به‌شێكى زۆرى حزبه‌كان له‌و ڕێژه‌یه‌ زیاتر دانانێن.

به‌ دیوێکی دیکه‌دا سیاسه‌تی زۆرێک له‌ حزبه‌ سیاسییه‌کان له‌ کێبڕکێکانیاندا بۆ به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین کورسی، به‌ شێوازی جیاجیا ژنان به‌کار ده‌هێنن؛ ئه‌گه‌رچی له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ پێویستییان به‌ ده‌نگی ژنانیش ده‌بێت. به‌ڵام یه‌کێک له‌و شێوازانه‌یش گرتنه‌به‌ری ئه‌م ده‌روازه‌یه‌یه‌ به ‌مه‌به‌ستی شکاندن و ناوزڕاندنی حزبه‌کانی به‌رامبه‌ری، تا نیشانی کۆمه‌ڵگه‌ی بده‌ن که‌ کاندیده‌کانیان شیاو نین و ده‌نگیان پێ نه‌ده‌ن و، له‌ هه‌مان کاتدا ژنانی دیکه‌ ڕاچڵه‌کێنن و بیانوه‌ستێنن که‌ ئیتر بسڵه‌مێنه‌وه‌ و له‌ بواری سیاسی دوور بکه‌ونه‌وه. بێ گومان سه‌رجه‌م ئه‌و بۆچوون و هۆکارانه‌ له‌گه‌ڵ عه‌قڵییه‌ت و که‌لتووری باوی کۆمه‌ڵگه‌ به‌گشتی یه‌کانگیر ده‌بێته‌وه‌؛ ئه‌مه‌ به‌ده‌ر له‌وه‌ی په‌یڕه‌وپرۆگرامی حزبه‌کان به‌گشتی ئه‌م نه‌ریته‌ ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه‌ و، به‌ شێوازی جۆربه‌جۆر پشتیوانیی ژنانیان خستۆته‌ ڕوو و له‌ کارنامه‌کانیاندا نووسیویانه‌ته‌وه ‌و باسی لێوه‌ ده‌که‌ن و، بگره‌ هه‌موو کات به ‌گرنگترین خاڵی به‌هێزکردنی بانگه‌شه‌ و نیشاندانی ڕووی دیموکراسی نیشانی ده‌ده‌ن. به‌ڵام ده‌ره‌نجام عه‌قڵییه‌تی زۆربه‌ی سه‌رکرده‌ و کادره‌کانی  نێو حزبه‌ سیاسییه‌کانیش، هه‌مان ئه‌و فکر و باوه‌ڕه‌یان هه‌یه‌ و به‌ هه‌مان دیدی کۆمه‌ڵگه‌ و که‌لتووری جیاکارییانه‌وه‌ سه‌یری ژنان ده‌که‌ن؛ بۆیه‌ له ‌کاتی هه‌ڵبژاردندا، به‌ ئامانجی تێکشکانی ئه‌وی تر، دژ به ‌یه‌کتر به‌کاری ده‌هێنن.

ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌پێی بنه‌ماکانی مافی مرۆڤ و بیروباوه‌ڕه‌ دیموکراسییه‌کان بێت، هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌ مرۆیییه‌کان ده‌چێته چوارچێوه‌ی ‌کاری شه‌خسییه‌وه‌ و، تایبه‌تمه‌ندن به‌ خودی مرۆڤه‌کانه‌وه‌ و، به‌پێی جاڕنامه‌ی گه‌ردوونیی مافه‌کانی مرۆڤیش، مرۆڤه‌کان ئازادن و مافی هیچ که‌سێک نییه‌ سنوور و مافی ئه‌وی تر ببه‌زێنێت و هێرش بكاته‌ سه‌ر که‌سایه‌تیی  به‌رامبه‌ر. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌وڵدان بۆ سووکایه‌تی و ناوزڕاندنی ژنان به‌زۆری له ‌کاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا و بڵاوکردنه‌وه‌ی گرته‌ ڤیدیۆی سێکسی، بۆته‌ دیارده‌یه‌کی دیار و، به‌ئاشکرا و به‌ پلان له‌ لایه‌ن که‌سانێک و  ته‌نانه‌ت حزبه‌ سیاسییه‌کانه‌وه‌ کاری له‌سه‌ر ده‌کرێت؛ که‌ بێ گومان مه‌به‌ست لێی به‌کارهێنان و لێدان و سنووردانانه‌ بۆ ژنان‌ وه‌ک ڕه‌گه‌ز و، له‌ هه‌مان کاتدا ئامانج لێی ترساندن و تۆقاندن و پاشه‌کشه‌پێکردنێتی له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا به‌گشتی؛ که‌ ئه‌مه‌ به‌ دیوێکی تردا هێز و سه‌نگ و چوونه‌پێشه‌وه‌ی زیاتری به‌شداربوونی چالاکانه‌ی ژنان له‌ نێوه‌ندی جومگه‌کانی سیاسه‌تدا نیشان ده‌دات. بۆیه‌ له‌ به‌رامبه‌ریدا عه‌قڵییه‌تی پیاوسالاریی مرۆڤه‌کان وێڕای هۆکاری سیاسی، وه‌ک چه‌کێکی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌کاری ده‌هێنن و، ده‌یانه‌وێت له‌و ده‌روازه‌یه‌وه‌ ژنان ملکه‌چ بکه‌ن که‌ خۆیان له‌ بواری سیاسه‌ت به‌دوور بگرن، چونکه‌ ئه‌و عه‌قڵییه‌ته،‌ متمانه‌ و باوه‌ڕی به‌ توانای ژنان لاوازه‌ و، بواری سیاسی به‌ کاری ژنان نازانن.

هۆکاره‌کان:

به‌ پله‌ی یه‌که‌م خودی حزبه‌کان به‌رپرسیارن له ‌به‌رامبه‌ر لێنه‌پێچینه‌وه‌ و بێده‌نگبوون له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌نجامده‌رانی هه‌ر یه‌ک له‌و کرده‌وانه‌، چونکه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌رێک  ئه‌و شێواز و  مامه‌ڵه‌کردنانه،‌ دووره‌ له‌  هه‌موو بنه‌ماکانی مافی مرۆڤ و به‌ها ئه‌خلاقی و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌کان، که‌ به‌داخه‌وه‌ هیچ کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک لێی بێبه‌ش نییه ‌و، بگره‌ به ‌ڕێژه‌ و شێوازی جیاجیا بوونی هه‌یه‌ و، ژنان بۆ تێکشکانی یه‌کتری ده‌که‌نه‌ ئامانج. ئه‌مه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و کرده‌وانه‌ ده‌ره‌نجامی زاڵێتیی عه‌قڵییه‌تێکی پیاوسالارییه‌؛ به‌ شێوه‌یه‌ک كه‌ بۆته‌ که‌لتوور و باڵی به‌سه‌ر زۆربه‌ی ناوه‌نده‌کانی بواره‌ جیاجیاکاندا کێشاوه‌ و، هه‌روه‌ها ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌ر نه‌ک ته‌نیا خودی پیاوان هه‌یه، به‌ڵکوو ژنانیشی گرتۆته‌وه‌؛ چونکه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ که‌لتوور و سسته‌مێکی په‌روه‌رده‌یی، که‌ خودی تا‌که‌کانی له‌سه‌ر کۆمه‌ڵه‌ بنه‌ما‌یه‌کی جیاکارییانه‌ ڕاهێناوه‌.

 به ‌دیوێکی تر و خوێندنه‌وه‌یه‌کی تردا، بوون و ئه‌نجامدانی ئه‌و هه‌ڵوێستانه،‌ به‌ واتای په‌یبردن دێت‌ به‌ توانا و سه‌نگ و قورساییی ئه‌و ژنانه‌ی که‌ هاتوونه‌ته‌ نێو مه‌یدانی سیاسییه‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ وا ده‌کات هیچ کات ئه‌و شێواز و ڕه‌فتارانه‌ نه‌بێته‌ ترس و سڵه‌مینه‌وه‌ له ‌به‌رده‌م چوونه‌پێشه‌وه‌ی ژنان له‌ بواری سیاسیدا. له‌و ڕوانگه‌یه‌ی پێشکه‌وتن و گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵگه‌، گرێدراوی به‌شداریی چالاکانه‌ی ژنانه‌ و، بڕیاری دروستیش به‌ بوونی ڕا و به‌شداربوونی هه‌ر دوو ڕه‌گه‌ز دێته‌ کایه‌وه‌؛ بۆیه‌ نێوه‌ندی بڕیارسازی، عه‌قڵییه‌تی مرۆڤه‌ به‌توانا و لێهاتووه‌کانی ده‌وێت، بێ هیچ جیاوازییه‌کی ڕه‌گه‌زی و ئایدیۆلۆژی و هتد.

ئاسه‌واره‌کان:

 بێ گومان هه‌موو کارێک کاردانه‌وه‌ی هه‌یه‌ و هه‌روه‌ک چۆن هه‌موو هۆکارێکیش چاره‌سه‌ری خۆی هه‌یه‌؛ بۆیه‌ هه‌موو ئه‌و ڕه‌فتار و هه‌ڵسوکه‌وت و هه‌ڵوێستانه‌ کاریگه‌ری و ئاسه‌واری جیاواز به‌جێ ده‌هێڵن. له‌و‌ ڕووه‌وه‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێک جار ده‌بێته‌ هۆی پاشه‌کشه‌کردنی ژنان و ڕێگریکردن لێیان له‌ لایه‌ن که‌سوکاریانه‌وه‌ و، هه‌ندێک جاری تریش ده‌بێته‌ هۆی ئازاردان و ته‌نانه‌ت بێسه‌روشوێنکردن و کوشتنی ژنان؛ هه‌روه‌ها کاندیده‌کانی ژنان وایان لێ دێت که‌ زیاتر به‌ شێوه‌ی کۆتا ده‌ربچن، یان ده‌بێته‌ وازهێنانی ژنان له ‌سه‌ره‌تا، یان له‌ نیوەی پرۆسه‌که‌دا‌ ده‌ره‌نجامێکی تره‌ و، هه‌روه‌ها  نائومێدی و بێتاقه‌تی و بێزاری تا ڕادده‌ی نه‌خۆشکه‌وتن و، گرێ و ئاڵۆزیی ده‌روونیش لایه‌نێکی تره‌ له‌ ئاسه‌واره‌کان، جگه‌ له‌  ترس و دڵه‌ڕاوکێ و بێمتمانه‌یی و هتد.

چی بکرێت؟

به‌ ئامانجی ڕێگریکردن له‌و دیارده‌یه‌، ده‌بێت ژنان به‌بوێری و خۆڕاگری و متمانه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی به‌ربه‌سته‌کان ببنه‌وه‌ و، ڕێگرییه‌کان نه‌بێته‌ هۆکار بۆ وه‌ستان و پاشه‌کشه‌کردنیان له‌ پرۆسه‌که‌دا‌؛ ئه‌گه‌رچی وێڕای هه‌موو ئه‌و ته‌نگژه‌‌ و گرژی و ڕێگری و ململانێیانه‌ی له‌ کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بۆ ژنان ده‌کرێت، چ له‌ لایه‌ن پیاوانه‌وه‌ بێت، یان له‌ لایه‌ن عه‌قڵییه‌تی پیاوسالاریی کۆمه‌ڵگه‌وه‌ بێت، یاخود خودی ژنان خۆیانه‌وه‌. به‌ڵام به‌ دیوێکی تردا ژنان کۆڵیان نه‌داوه‌، به‌ڵکوو بۆ زۆرێکیان بۆته‌ کێبڕکێ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌کی زۆر؛ له‌و ڕوانگه‌یه‌ی به‌شداربوونی کاریگه‌رانه‌ی ژنان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی به‌ هه‌موو شێوازه‌کانییه‌وه‌، هه‌ر له‌ ده‌نگدان و خۆپاڵاوتنه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ لووتکه‌ی ناوه‌ندی بڕیارسازی و هه‌ڕه‌می سیاسی، به‌ ناوه‌نده‌ جۆربه‌جۆره‌کانییه‌وه‌، گرنگی و کاریگه‌ریی خۆی هه‌یه‌. بۆیه‌ ئه‌وه‌یشه‌ وای کردووه‌ ڕێژه‌ی به‌شداریی ژنان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بۆ ده‌نگدان و له‌ ئاست کاندیدبوونیاندا ڕێژه‌یه‌کی به‌رچاو بێت و، نه‌ک ته‌نیا  ڕه‌زامه‌ند نه‌بن به‌  ڕێژه‌ی کۆتا، كه‌ له‌ 25% که‌متر نه‌بێت بۆ په‌رله‌مانی  عێراق و، له‌ 30% که‌متر نه‌بێت بۆ په‌رله‌مانی کوردستان‌، به‌ڵکوو هه‌وڵی زیاتری ڕێژه‌که‌یش بده‌ن  و، بگره‌ له‌ لایه‌ک بۆ تێپه‌ڕاندنی ڕێژه‌ی کۆتا- به‌و واتا‌یه‌ی بێ کۆتا و به‌ ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان ده‌ربچن- و، له‌ لایه‌کی دیکه‌ هه‌وڵی داخوازیی زیاتریان هه‌بێت وه‌ک بوونیان له‌ لووتکه‌ی ناوه‌ندی بڕیارداندا، وه‌ک: سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مان و سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆکایه‌تیی حزبه‌ سیاسییه‌کان و هتد.

 بۆیه‌ کۆڵنه‌دانی خودی ژنان و باوه‌ڕبوون و متمانه‌یان به‌ توانا و به‌شداربوونیان له‌ خودی پرۆسه‌که‌دا کاریگه‌ری و گرنگی و ئاسه‌واری باشی خۆی ده‌بێت، تا بتوانن وێنایه‌کی جوان و چالاک و گرنگی ژنان نیشان بده‌ن و ببنه‌ مۆدێل و نموونه‌یه‌کی کاریگه‌ری خه‌باتکردن له‌ به‌شداریی سیاسیدا و، ده‌ره‌نجام نه‌یه‌ڵن نه‌ له‌ لایه‌ن هیچ که‌س و لایه‌نێکه‌وه‌ به‌کار بهێنرێن و، نه‌ خۆیشیان جه‌سته‌ و مێیینه‌بوونی خۆیان بکه‌نه‌ کاڵا و بیکه‌نه‌ ده‌روازه‌یه‌ک بۆ سه‌رکه‌وتنیان به‌ره‌و ئامانجه‌ که‌سایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples