پێواری ڕۆشنبیری لە نێوەندی زانكۆ بهگشتی و بەتایبەت لەنێو خوێندکارانی زانکۆدا، بووەتە دیاردەیەكی دیار و بەرچاو كە بێ گومان، هەروەك چۆن هۆكارگەلێكی لە پشتەوەیە، كاریگەری و ئاسەواری زۆر خراپیش بە دوای خۆیدا دێنیت. چونكە هۆكارەكان نەك هەر گرێدراوی قۆناغی ئێستای پەیوەندیدار بە سیستهمی خوێندنەوە بن لە زانكۆكاندا، بەڵكوو درێژەی قۆناغەكانی خوێندنی پێش زانكۆن، بە هۆكاری كەڵەكەبووی جۆربەجۆرەوە.
پێویستیی كۆمەڵگە بە خوێندکاری ڕۆشنبیر، بە شێوەیەك كە بتوانێت لە نێوان ڕۆشنبیربوونی گشتی و لایەنە پسپۆرییەكەیدا كارلێك بخوڵقێنێت، لە ڕووی ئەكادیمییەوە بۆ پێشخستن و گهشهکردنی كۆمەڵگه گرنگی و كاریگەریی خۆی هەیە؛ بۆیە بایەخپێدانی، لە ئاست تاك و گشتدا پێویست و گرنگه. ئەوەیش لە بوونی ژینگەیەكەوە سەرچاوە دەگرێت كە هاندەر بێت بۆ خوێندنەوە و توێژینەوە و شیكاری و دەرەنجامەكان بە ئاراستەی باشدا. بۆ ئەمە زانكۆ یەكەم شوێنە كە بتوانێت ئەو ژینگەیە فەراهەم بكات و ببێتە هاندەری خوێندکاران بۆ بایەخدان بە خۆیان لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە. جگە لە كاركردنی سیستهمی پەروەردە بەگشتی، پێش قۆناغی زانكۆ گرنگی و پێداویستیی خۆی دەوێت و تەواوكەری سەركەوتنی پرۆسەكەیە لەگەڵ زانكۆدا، كە بێ گومان هەموو قۆناغەكانی خوێندن پێكەوە یارمەتیدەر و تەواوكەرن بۆ بنیاتنانی خوێندکارێکی ڕۆشنبیر تا لە پاڵ لایەنە پسپۆرییەكەیدا وەك هاووڵاتییەكی ڕۆشنبیر، لە بنیاتنان و پەرەپێدانی كۆمەڵگهیشدا ڕۆڵی هەبێت.
ڕۆشنبیری تا چهند بۆ مرۆڤ گرنگه؟
بە شێوەیەكی گشتی، ڕۆشنبیربوونی مرۆڤ دەروازە و لایەنی جۆربەجۆر دەگرێتە خۆ. جگە لەوە، ڕۆشنبیری گرنگییەكی تایبەتی لە ژیانی مرۆڤدا هەیە، بەتایبەت بۆ خوێندکارانی زانكۆ و نێوەندی زانستە پەروەردەیییەكان، چونكە بە هۆیەوە خوێندکار بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی ڕاست و پێكهێنانی چەمكە زانستییەكان لە ڕێگەی توێژینەوەی زانستی و ئامرازەكانییەوە، ئاراستە دەكرێت. دروستکردنی ئەو جۆرە خوێندکارانه، وەك ئامانجێكی گرنگ لە خوێندنی زانكۆدا بەدوور لە خواست و ویستی خودی خوێندکار، بەدیهێنانی قورسە بۆ بیركردنەوەیەكی زانستی، مەنهەجی، فێربوونی شارەزایی و پلان، ڕێكخستن و پۆلێنكردن، تەوزیفكردن و بەرهەمهێنانی زانیارییەكان. ئەوەیش ئەو فێربوونەیە كە تاكی خوێنەر لە ڕێگەیەوە ڕووبەڕووی كێشە جۆربەجۆرەكانی ژیانی دەبێتەوە. چونكە ژیان بریتییە لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوامی كێشە و زەحمەتییەكان و، ئهمهیش لە ڕێگەی فێربوونی خوێندکارهوه دهبێت، بۆ زانینی مەنهەجییانە لە هەر دوو مەودای زانستی و بێلایەنهوه؛ بە شێوەیەك تێكەڵی و ڕەنگدانەوەی لە ڕەفتارەكانیدا هەبێت؛ ئهوکات دەتوانێت ڕووبەڕووی كێشەكانی ژیانی ببێتەوە؛ جگە لەوەی شارەزایییەكی زانستییانە كەڵەكە دەكات كە ڕەنگدانەوەی لە ڕهفتار و هەڵوێستەكانیدا دەبێت.
چهمکی زانكۆ:
دەزگهیەكی پەروەردەیی، فێركاری، ڕۆشنبیری، كۆمەڵگەیی، ژینگەیی و توێژینەوەیییە و، یەكێكە لەو كۆڵەكە سەرەكی و نێوەندە پەروەردەیییانەی کە دەتوانێت ببێتە كرۆكێك بۆ پێكهێنانی كۆمەڵگەیەكی گەورەتر. لەو ڕوانگەیەوە کە بە كۆمەڵگەی گەنجان ناسراوە و، لە داهاتوودا دەکرێ بە هۆیەوە دەستەبژێرێكی بەرهەمهێنی ڕۆشنبیر و ڕابەری زانیاری و پەروەردەیی بێنێتە بوون؛ بۆیە زانكۆ دەتوانێت ڕۆڵێكی زیندوو و كاریگەری لە چاندنی ڕۆحی دیالۆگی هاوكاریدا هەبێت.
چهمکی خوێندکاری زانكۆ:
توێژێكی تایبەتە لەناو كۆمەڵگەدا، كە هەر یەكەو لە بواری پسپۆڕیی خۆیاندا هەمیشە ئومێدی بنیاتنانی داهاتوویان لێ دەكرێت. ئەو كەسەیە، كە بۆ چۆنێتیی بەدەستهێنانی زانیاری و شارهزایی و بڕوانامەی زانكۆیی، وانە و موحازەرات و ڕاهێنان وەردەگرێت.
چەمكی ڕۆشنبیری:
لێكدانەوە و پێناسەی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت، چونكە ڕۆشنبیری دەرەنجامی كارلێكی مرۆڤەكانە لەگەڵ ژینگەكەیاندا؛ بەو واتایەی بریتییە لە كۆمەڵێك چەمك و ئەو زانینانەی كهلتوور و ناسنامەی كۆمەڵگە پێك دەهێنن.
ڕۆڵی زانكۆ لە ڕۆشنبیربوونی تاكدا:
بێ گومان زانكۆ، بە شێوەیەكی گشتی ڕۆڵی گرنگ و كاریگەری لە ڕۆشنبیركردنی تاكدا هەیە. یەكێك لەو بوارانە پەیوەستە بە زمانی دیالۆگەوە، كە دەتوانێت ڕۆڵێكی بەرچاوی لە بنیاتنانی ڕایەڵەكانی متمانە و یارمەتی لە نێوان خوێندکاراندا هەبێت؛ ئهمه جگە لە زیادكردنی ڕۆحی لێبووردەیی و هاوكاری لە گەشەكردن و بنیاتنانی كەسایەتیی فێرخوازدا بە مەبەستی هەنگاونان لەگەڵ ڕەوڕەوەی گەشەكردنی زانستی و تەكنەلۆژیی نوێدا.
بێ گومان دیالۆگ مەرجی تایبەت بە خۆی هەیە، كە خۆی لە دووركەوتنەوەی دەمارگیری و پێداگریدا دەبینێتەوە؛ هەروەها لە ڕێزگرتنی وەكیەكی و پەیبردن بە مافی ئەوی دیكهدا و، دووركەوتنەوە لە مەسەلە كەسی و تایبەتییەكانی شێوازەكانی ڕەوانبێژی بۆ كاریگەریخستنە سەر قسەكەر، یان تەوەرەكان. ئەمە وێڕای ئەوەی دیالۆگ بنەما و كۆڵەكە و شێوەی تایبەت بە خۆی هەیە؛ جا زارەكی بێت، یان نووسراو، یان ئەوەی پەیوەندیدار بێت بە ئازادیی بیر، كەسایەتییەكانی دیالۆگ، شێوازی بیركردنەوە، خوڵقاندنی ژینگەی هێمن بۆ بیركردنەوەی سەربەخۆ و دیاریكردنی بیرۆكە و ڕێسا و یاسا مەنتقییەكان لە گفتوگۆكردنی شوێنی جیاوازدا. ئەمە وێڕای ئەوەی گرنگیی دیالۆگ لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی وەكیەكی دێت لە نێوان ئایین و تائیفە و مەزهەبە جۆربەجۆرەكاندا؛ هەروەها جێگیریی كۆمەڵگە و بەهای پێكەوەژیان، دیالۆگی ئازاد و عەقڵانی، زاڵبوون بەسەر هەڵوێستە دەمارگیری و لایەنگرییەكاندا، دۆزینەوەی هاوسەنگیی كۆمەڵایەتی لە فرەڕۆشنبیریی كۆمەڵگەكاندا، كرانەوە لە نێوان كهلتوورە ڕۆشنبیرییەكاندا، بەدیهێنانی دەستكەوتە هاوبەشەكان و ڕێزگرتن لە ئازادی و مافەكانی مرۆڤ.
ڕۆڵی زانكۆ لە خوڵقاندنی ڕۆشنبیریی دیالۆگدا:
بەگشتی زانكۆكان ڕۆڵی كاریگەر و باش دەگێڕن بۆ هێنانهكایەی ڕۆشنبیریی دیالۆگ لەم ڕووانەوە:
1. كاركردنی زانكۆكان بۆ كەمكردنەوەی دیاردەی توندوتیژی لەنێو زانكۆدا، بە مەبەستی دانانی سنوور.
2. دابینكردنی هۆڵی تایبەت، لە پێناو ڕێكخستنی كۆنگرەی ئەلیكترۆنی لە زانكۆكاندا، بە مەبەستی ڕەخساندنی دیالۆگی كارلێكی و زیندوو لە نێوان خوێندکاراندا.
3. ڕێكخستنی چاوپێكەوتن بە شێوەی خولگەیی لە نێوان خوێندکاران و سەرۆكایەتیی زانكۆ و دەستەی كارگێڕی و ئەكادیمییەكاندا، كە یارمەتیدەرە بۆ گەشەدان بە ڕۆشنبیریی دیالۆگ و ڕادەربڕین.
4. چالاككردنی خوێندکاران بۆ سازدانی مێزگرد و سمینار و وۆركشۆپی دیالۆگی و ڕۆشنبیری، یان هەر چالاكییەكی دی، كە یارمەتیدەرە بۆ بەهێزكردنی ڕۆڵی دیالۆگ لە زانكۆكاندا.
5. هاوكاری لە نێوان زانكۆكاندا لەسەر گشت ئاستە كارگێڕی و ئەكادیمی و مرۆیی و شارستانییەكان، چونكە ئاڵوگۆڕی شارەزایییەكان دەبێتە هۆی گەشەكردنی هاوبەش، كە بەشداری بە گشت عەقڵە ڕۆشنكەر و بەرهەمهێنەرەكانی كۆمەڵگە جۆربەجۆرە مرۆیییەكان دەكات؛ وێڕای وەگەڕخستنی ئاڵوگۆڕەكان لەسەر ئاستە مرۆیییەكان لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە و گەشەكردنی ئەو پەیوەندییانەیش بۆ بنیاتنانی كار و پرۆژەی خزمەتكردنی زیاتر و خوڵقاندنی دیالۆگ.
ئامرازەكانی بنیاتنانی ڕۆشنبیری لە زانكۆدا:
بەگشتی ژینگەی زانكۆ لە ڕووی پەروەردە و خوێندن، دەستەی بەڕێوەبردن، مامۆستایان، كەرەسە و ئامێرە ئەلیكترۆنی و تەكنەلۆژییەكانەوە ڕۆڵی كاریگەر دەبینێت، كە لە ڕێی ئم خاڵانەوه بهدی دێت:
1. وانە: بە شێوەیەك کە ئەو وانە و بابەتانەی لە پۆلدا باس دەكرێن پشت بە دیالۆگ و گفتوگۆ ببەستن، کە ئاڵوگۆڕ و دەوڵەمەندكردنیان بە زانیاری، یارمەتیدەریان دەبێت لە پەرەپێدانی لایەنە زانستی و ڕۆشنبیرییەكان و زیادكردنی توانای بەیەكگەیشتن و دیالۆگ و گوێگرتن لە ڕای ئەوی دی.
2. پۆلەكانی خوێندن: سازكردنی كۆنگرە و وۆركشۆپ، خولی ڕاهێنان، ئاهەنگ و چاوپێكەوتنی گشتی، گەشتی تەرفیهیی بەكۆمەڵ، سازدانی سمیناری ڕۆشنبیری و زانستی، ئەنجومەنی خوێندکاران، بەرپرسیارێتییە كۆمەڵایەتییەكان، پێشكەشكردنی یارمەتی بۆ كەمدەرامەتان و هاوكاری لەگەڵ دامەزراوە نیشتمانییەكان. هەمووی ئەوانە بە تەنیا بێت، یان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنی دیكەدا، زۆرێك لە بابەتی هەمەڕەنگی بواری گشتی و تایبەتیی پەیوەندیدار بە كۆمەڵگەوە لەخۆ دەگرێت، كە یارمەتیدەرە لە پەرەپێدانی ڕۆحی لێبووردەیی و دیالۆگ و گەشەكردنی پەیوەندی و هاوكاری لە نێوان مامۆستا و خوێندکار و خوڵقاندنی ژینگەی خۆشەویستی و تەبایی.
3. چالاكیی هەمەڕەنگ: لە ڕێی كێبڕكێی جۆربەجۆر و چالاكیی هەمەڕەنگی بواری توێژینەوەی زانستی، ڕۆشنبیری، فكری، كۆمەڵایەتی و چاوپێكەوتنەكانی نێو زانكۆوە، یان پەیوەندیدار بە پێشانگهی پهرتووك و خێرخوازی و چالاكییە وەرزشییەكانی نێوان كۆلێژەكانی نێو زانكۆ، یان لە گەڵ زانكۆكانی تردا.
4. ئاهەنگ و ڤستیڤاڵ: تایبەت بەو بۆنانەی پەیوەندیدارن بە جەژنی نیشتمانی و ئایینی و ئاهەنگی دەرچوون، كە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی بنەما و پاڵنەرەكانی ئینتما بۆ نیشتمان و، یارمەتیدەرە بۆ دەرخستنی لایەنەكانی پەیوەندیدار بە دیالۆگ و لێبووردەیییەوە، كە دەبێتە هۆی كۆڵەكەیەكی گرنگ لە بەهێزكردنی تەبایی و یەكگرتووییی نێوان خوێندکاران.
5. سەردانی تەرفیهیی بەكۆمەڵ: لە ڕێی ئەو گەشتانەی کە زانكۆ لە ناوەوە، یان دەرەوەی وڵات دەیانکات و، یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەشەكردنی زۆرێك لە توانا و زانیارییەكان لای خوێندکار؛ جگە لە متمانەی زیاتر لە نێوان خۆیاندا، هەروەها لە نێوان ئەندامانی دەستەی خوێندندا، كە كاریگەریی لەسهر پەرەپێدانی ڕۆشنبیریی دیالۆگ و لێبووردەیی دەبێت.
6. پەیوەندی: دروستكردن و پتەوكردنی ڕایەڵەی پەیوەندیی نێوان زانكۆ و توێژە جۆربەجۆرەكانی كۆمەڵگە، لە ڕێی پرۆژە و چالاكیی هەمەڕەنگەوە بە مەبەستی تێكەڵبوون و ئاشنابوون بە ژینگە و خەم و خەونەكانی یەكتری و پێشكەشكردنی هاوكاری و هاوئاهەنگی بۆ چارەسەری كێشەكان، وەك بەشێكی دانەبڕاو لە یەكتری.
لەو ڕوانگەیەوە گشت ئەو تێڕوانینانە دەبنە یارمەتیدەر بۆ بنیاتنانی شارستانییەتێكی نوێی كراوە و زیندوو و باش لەگەڵ تایبەتمەندییەكانی ئەوانی دیدا، كە خودی ئەم ئامانجەیش پێویستی بە پلان و بەرنامەیەكی بەرفراوان هەیە، كە باوەڕی بە زمانێكی نوێی قسەكردن هەبێت، بە گرتنەبەری شێوازی جۆربەجۆر لە ڕێی ڕاگەیاندن، یان پەیوەندییە گشتییەكانەوە. ئەمەیش هاوئاهەنگی و كاركردنی هەمەلایەنی پێویستە بۆ خوڵقاندنی ژینگەیەكی تەندروستی نێوان تاكەكان، بە ئامانجی خوڵقاندنی باوەڕی ڕاستەقینە بە فەلسەفەی ڕۆشنبیریی دیالۆگ، بەتایبەت لای فێرخوازان، تا ببێتە كهلتوور و وەك بیروباوەڕێك ڕەنگدانەوەی لە ڕەفتاری تاكەكاندا بەرجەستە ببێت، چ لەنێو ژینگەی زانكۆدا، وەك خوێندکار و، چ لەنێو كۆمەڵگەدا وەك هاووڵاتی.
ڕۆڵی زانكۆ لە گەشەپێدانی كۆمەڵگهدا:
لە كۆمەڵگە مرۆیییەكاندا، زانكۆ بە كۆڵەكەیەكی سەرەكی و بنەڕەتی لە كۆڵەكەكانی بنیاتنانی دەوڵەتێكی سەردەمییانەی كراوە دەزانرێت، كە لەسەر بنەمای بیری پێشكەوتوو و فێركردن دادەمەزرێ و لە یەك كاتدا چەندین مەودای گەورە و مەترسیدار لەخۆ دەگرێت؛ لەبەر ئەوەی كرداری فێربوون چەندین مەودای كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی هەیە، بەدەر لەوەی كردارێكی بەردەوامە و پەیوەست نییە بە شوێن و زەمەن و نەوەیەكی دیاریكراوەوە.
لەمەوە، درككردن بە واقعی فێربوون دێتە ئاراوە، كە بە لایەنێكی پەیوەندیدار و دیاریكراوهوه گەمارۆ نەدراوە، بەڵكوو ئەركێكی نیشتمانی و ئاكاری و پەروەردەیییە و، بەرپرسیارێتییەکەی دەكەوێتە ئەستۆی هەموو كەس و لایەنێك كە بایەخ بە چارەنووس و داهاتووی میللەتەكەی بدات. لە هەموو كۆمەڵگهیهكدا زانكۆكان ناتوانن بێ بەدیهێنانی كارلێككردن لە نێوان تاكەکاندا لە لایەك و، ژینگەی بوارە جیاجیاكانی كۆمەڵگه لە لایەكی دیكەوە، ڕۆڵی تەواوی خۆیان لە گۆڕانكارییەكانی كۆمەڵگهدا به شێوهیهکی كاریگەرانە بگێڕن؛ چونكە پەیوەندیی زانكۆ گرێدراوی گۆڕانكارییەكانە و دەبێتە هۆی بەهێزكردنی توانا و كارامەیییەكان و، یارمەتیدەر دەبێت بۆ پتەوكردنی ڕۆحی داهێنان لای تاكەكان.
ئەمە بۆ خۆی دەرفەتی بەرهەمهێنان دەخوڵقێنێ و كاریگەری و ئاسەواری باش لەسەر ئاستی دارایی و مووچە بەجێ دێڵێ. بۆیە ڕۆڵگێڕانی زانكۆكان بەو ئەركە، گرنگیی خۆی هەیە و سەرمایەیەكی گەورەیە كە بە هیچ نرخێك ناخەمڵێنرێ. چونكە جووڵە دەخاتە نێو كرداری گەشەپێدانەوە، لەو ڕوانگەیەی سیستهمی فێربوون باڵاترین دامەزراوەیە كە ئەركی دابینكردنی پێویستییەكانی كۆمەڵگه دەكەوێتە ئەستۆی؛ جگە لەوەی، سەنتەری سەرەكین بۆ توێژینەوەی زانستی و جێبەجێكردن. لێرەوە درككردن بە گرنگیی زانكۆكان، دەبێتە زەروورەتێكی واقعی؛ بەوەی نابێت وەك دامەزراوەیەكی كۆمەڵایەتی تەماشا بكرێت، بەڵكوو لەو ڕوانگەیەی دامەزراوەیەكە، كه لە ڕێی ئەو ئەرك و وەزیفانەی هەنگاویان بۆ دەنێت كاریگەری بەجێ دێڵێ.
بێ گومان، بوونی پەیوەندیی بەهێز و گەرموگوڕی نێوان زانكۆ و كۆمەڵگه، وا بەسەر زانكۆكاندا دەسەپێنێ كە بەردەوام لە ڕووی بنیاتنان و وەزیفە و بەرنامە و توێژینەوەكانییەوە گۆڕانكاریی نوێ بهێننە ئاراوە، كە لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانەی لە كۆمەڵگه و دەوروبەریدا ڕوو دەدەن بگونجێ. چونكە ئەو نێوەندە بەهێزترین و بەتواناترین چوارچێوەیە بۆ بەدیهێنانی ئەو وەزیفانە و كاردانەوەی داخوازییەكانی كۆمەڵگه و، لەو جۆرە پەیوەندییەوە بەسەر نێوەندی خوێندنەكانی زانكۆدا فەڕز دەكرێت، كە پەیوەندییەكی تۆكمەی بە ژیان و كێشە و پێداویستی و خەونەكانی خەڵكەوە هەبێت؛ بە شێوەیەك گەشەپێدانی كۆمەڵگه بۆ باشترین ئاستی ئابووری و تەندروستی و كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری ببێتە ئامانجی یەكەمی فێركردنی زانكۆكان. گرنگترینی ئەو پەیوەندییانەی كە پێویستە زانكۆكان بەرامبەر بە كۆمەڵگەكەیان هەنگاوی بۆ بنێن، لەمانەدا بەرجەستە دەبێت:
1. پەرەپێدان: پەیوەندیی زانكۆ و كۆمەڵگه پێكەوە جێگیر دەكات. بێ گومان پێواری ڕۆڵی خوێندنی باڵا بۆ بەشداریكردن لە پلانی پەرەپێدانی وڵاتدا، هۆكارێكی سەرەكییە بۆ دواخستن و سستیی پلانی پەرەپێدان. چونكە بەتەنگ پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی و بەراوردکارییەوە دەبێت، جگه له گرێدانەوەی توێژینەوە بە واقعی كارەوە؛ بە شێوەیەك خوێندنەوەی هەبێت بۆ كێشەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاو و بەربەستەكانی كاركردن و، بەپەرۆش دەبێت لەسەر ئامادەكردنی بەرنامە و ئەو توانا مرۆیییانەی لە زۆربەی چالاكییەكاندا كۆمەڵگه پێویستی پێیانە؛ هەروەها دەوڵەمەندكردنی بە نوێترین زانیاری و شارەزایی.
2. گەشەی مەعریفی: هەندێك بە شۆڕشی تەقینەوەی مەعریفی ناوی دەبەن، كە زانكۆ یارمەتیدەر دەبێت لە دروستكردنی شێواز و ئامرازی جیاواز بۆ گەیشتن بەو مەعریفەیە و تۆماركردن و گەڕانەوە و شیكردنەوەی. بۆیە هێزی زانكۆ و توانای كارمەندەكانی لە مامۆستا، ستاف و خوێندکارهکانی، بایەخێكی گەورەی هەیە كە هاوكارە لە دیاریكردنی پلە و ئاستی پێشكەوتنی كۆمەڵگه و پێكهاتەكانی لە ڕووی كۆمەڵایەتی و ئابووری و ڕۆشنبیرییەوە.
3. پێشكەوتنی تەكنیكی: ئاراستەی دیاریكراو بەسەر زانكۆكاندا فەڕز دەكات، بۆیە هیچ بوارێك بۆ پەراوێزخستنی زانكۆكان لەو پێشكەوتن و گەشەكردنانە ناهێڵێتەوە و، بگرە ئەركی هەستانەوەی كۆمەڵگەكەی، بووەته بەشێك لە بەرپرسیارێتییەكانی و پێڕاگەیشتن بە گەشەی تەكنەلۆژی و هاوبەشبوون تێیدا.
هۆكارەكانی لاوازیی ڕۆشنبیری:
هۆكارەكانی لاوازیی ڕۆشنبیری لەنێو خوێندکارانی زانكۆدا فرەهۆكارن. هەندێكی بابەتین و هەندێكی دیكە هۆكاری خۆیین. لە هەمان كاتدا گرێدراوی قۆناغە جیاوازەكانی ژیانی مرۆڤەكانن.
هۆكارە خۆیییەكان بریتین لە:
ـــ بایەخدان و سەرقاڵیی زۆرێك لە خوێندکاران بە زنجیرە دۆبلاژكراو و گۆرانییەكانەوە، بە شێوەیەك بووەتە كهلتوورێكی پەروەردەیی و فێركاری لە ڕێی ڕاگەیاندنەكانەوە.
ـــ شێوازی باو و تەقلیدیی وانەوتنەوەی مامۆستایان.
ـــ نەبوونی باوەڕ و متمانە بە ڕۆشنبیربوون.
ـــ ڕەتكردنەوەی زۆرێك لە كەسوكاری خوێندکاران بۆ بەشداربوونیان لە دیدارە ڕۆشنبیرییەكان و، تێڕوانینی هەندێكیان لە ڕۆشنبیری تەنیا وەك خۆشی، نەك وەك گرنگی و سوودمەندی.
هۆكارە بابەتییەكان له دوو ئاراستەدا بهدی دهکرێن:
یەكەمیان: گەشەسەندنی تەكنەلۆژی بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشتر لە ڕێی ئەنتەرنێت و كەناڵە ئاسمانییەكانەوە، كە بەداخەوە هەمووی ئەو شۆڕشە زانیارییانە، یارمەتیدەری دوورخستنەوەی گەنجان بوون لەو سەرچاوە ڕۆشنبیرییە ڕاستەقینانەی، وای لێ كردن تەنیا بایەخ و كاتیان بۆ سەیركردنی زنجیرە بێگانەكان و لایەنە خۆشییەكان ههبێت؛ ئهمه جگە لە كەمدركیی خوێندکاران بە ڕۆشنبیریی زانكۆیی. لە كاتێكدا ئاشناكردنی خوێندکار بە ژینگە و ئاكاری پیرۆز و بوونی زانكۆ، گرنگیی خۆی هەیە.
دووەمیان: پەیوەندیدارە بە دووركەوتنەوە لە خوێندنەوە. چونكە خوێندکار پێش قۆناغی زانكۆ بایەخ بە خوێندنەوە نادات، جا لە كوێوە ڕۆشنبیریی بەدەست هێنابێت تا بتوانێت كاریگەریی بەسەر كۆمەڵگەكەیەوە هەبێت؟ بە واتایەكی دیكە، بەگشتی پێواری كهلتووری خوێندنەوە لە كۆمەڵگەی كورددا كاریگەریی خراپ و زۆری هەیە، كە وای كردووە خوێندنەوە نەبووەتە كهلتوورێكی باوی پیادەكراو لای تاكەكان، كە بێ گومان دەرەنجامی زۆری دەبێت بۆ گەشەكردنی كۆمەڵگە بەگشتی. بە دیوێكی دیكەدا، دەکرێ هۆكارەكان بگەڕێنرێنەوە بۆ دوو قۆناغ:
قۆناغی پێش زانكۆ:
لەم خاڵانەدا خۆی دەبینێتەوە:
قۆناغی زانكۆ:
هۆكارەکان بریتین لە:
پەروەردە و دامەزراوە ڕۆشنبیرییەكان:
ڕۆڵی سیستهمە پەروەردیی و دامەزراوە ڕۆشنبیرییەكان، هیچی كەمتر نییە لەو ڕۆڵەی كە خێزان لە پێگەیاندنی هاووڵاتییاندا دەیگێڕێت؛ لەبەر ئەوەی كاتێك منداڵ دەگاتە تەمەنی 6 و 7 ساڵی، تێكەڵ بە كۆمەڵگه دەبێت. یەكەم تێكەڵبوونیشی لە قوتابخانەوە دەست پێ دەكات و لێرەدا جگە لە خێزانەكەی، بە لایەنی كەمەوە لە دوو گرووپی تردا، كە ئەوانیش گرووپی هاوڕێیان و هاوپۆلەكانین، دەبێتە ئەندام. سەرەڕای تێكەڵبوون لەگەڵ مامۆستا و بەڕێوهبەر و پڕۆگرامی خوێندن و سیستهمی خوێندندا، كە ڕۆڵی كاریگەر دەگێڕن لە بڵاوكردنەوەی بیروڕا و بەها نیشتمانی و نەتەوەیی و مرۆڤایەتییەكاندا و هاندانیان بۆ پاپەندبوون پێوەیان؛ هەروەها ڕۆڵ و كاریگەرییان بۆ ڕۆشنبیربوونی مرۆڤ و چەسپاندنی بیروڕا و بنەماكانی بیروباوەڕەكان. چونكە فەلسەفە و ستراتیژیی پەروەردە و فێركردن، لە پرەنسیپ و ئامۆژگاری و ڕێنمایییەكانی سیستەمی كۆمەڵایەتییەوە وەردەگیرێت و، لەژێر كاریگەریی ئەو بیروڕا و پراكتیكە نەتەوەیی و پێشكەوتنخوازانەدا دەبێت كە نەتەوە دەیانگرێتە خۆی.
ئەم پاپەندبوونە بە سیستهمە كۆمەڵایەتییەكانەوە، دەبێتە هاندەرێك بۆ سیستهمە پەروەردەیی و ڕۆشنبیرییەكان بە هەموو ئاست و ئامرازە جۆربەجۆرەكانیانەوە و، وەك كەناڵێكی كاریگەر و چالاك دهبنە بەردی بناغەی گەشەپێدانی سیاسی لەنێو كۆمەڵگەدا كە گهرهنتیی چاندن و بڵاوكردنەوەی بیروڕا و بەهای پێویستی خوازراو دەكات لەنێو تازەپێگەیشتووان و گەنجاندا؛ ههروهها بڵاوكردنەوەی بیری نەتەوەیی و كاركردن لە پێناو بەهێزكردن و قووڵكردنەوەی هەستكردن بە ئینتمای نەتەوەیی لە هەموو شوێنێك و بەگژاچوونەوەی بیروڕا دژەكان بە جیاوازیی جۆر و سەرچاوەكانییەوە.
بێ گومان پرۆسەی پێگەیاندنی كۆمەڵایەتی لە هەر كۆمەڵگهیهكدا، لە ڕێگهی دامەزراوە جۆربەجۆرە فەرمی و نافەرمییەکانەوە بەڕێوە دەچێت؛ لە وێنەی قوتابخانە، زانكۆ، پەیمانگه و هتد. ئەركی سەرەكی و گرنگی ئەم دامەزراوانە ئاراستەكردن و پەروەردەكردنی نەوەیەكە، كە شارەزا بێت لە مێژوو، كهلتوور، تایبەتمەندیی نەتەوەیی و بەهێزكردنی ڕۆح و هۆشیاریی نیشتمانی و هاووڵاتیبوون و دەوڵەمەندكردنی بابەتەكانی خوێندن، بەتایبەت زانستە مرۆڤایەتییەكان، كە بە مێژووی نەتەوەییی خۆیان ئاشنایان بكات، ههروهها گرنگیدان بە یادەوەری و بۆنە نیشتمانییەكان لە هەموو كایەكانی خوێندندا، لەبەر ئەوەی ڕۆشنبیربوونی مرۆڤ پرۆسەیەكی پەیوەندیدارە بە قۆناغەكانی ژیانی مرۆڤەكانەوە، که بێ گومان قۆناغەكانی ژیانی مرۆڤەكانیش تەواوكەری یەکترن و لە یەکدی دانەبڕاون. بۆیه کارکردن لهسهر سهرجهم قۆناغهکان پێویست و گرنگە، که بهگشتی بریتین لە بواری خوێندنگەكانی پێش زانكۆ، بواری زانكۆ و دوای ئهوهیش؛ ههروهها بواری پهرتووكخانەكان بهگشتی.