قۆناغی ده‌وڵه‌تداری و پێش به‌ده‌وڵه‌تبوون، دوو قۆناغی ته‌واوکه‌ر و گرێدراوی یه‌کترن؛ به‌و واتایه‌ی چه‌ندە له قۆناغی ده‌وڵه‌تدا گرنگه کار بۆ چه‌سپاندنی زیاتری بنه‌ماکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ بکرێت و، چه‌ند ده‌توانرێت کار بۆ گۆڕانکارییه‌کان بکرێت، پێش ده‌وڵه‌تدارییش هێنده پێویسته له بوار و ڕووی جیاوازه‌وه هه‌نگاوی جددی بنرێت، به واتا‌ی هه‌وڵدان بۆ گه‌یشتن به ئامانجی ده‌وڵه‌تێک، که دامه‌زراوەیی بێت و بنه‌ماکانی دیموکراسی له‌خۆ بگرێت و بنه‌ماکانی مافی مرۆڤ و هاووڵاتیبوونی تێدا چه‌سپاو بێت. پێویسته خه‌باتکردن بۆی، پێش پێکهێنانی ده‌وڵه‌ت، به‌رنامه و پلان و شێواز و ستراتیژیی جیای بۆ دابڕێژرێت. بۆیه دەکرێ بگوترێت قۆناغی پێش ده‌وڵه‌ت، به قۆناغی ئاماده‌سازی و گواستنه‌وه داده‌نرێت و، پێویسته به‌هه‌ستیاری و وریایییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له ئاستدا بکرێت، که پێویستی به تو‌انا و هه‌وڵی هه‌مه‌لایه‌نه ده‌بێت.
له هه‌ر دوو قۆناغه‌که‌دا تو‌انا و هه‌وڵی هه‌ر دوو ڕه‌گه‌زه‌که بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌کان گرنگ و پێویستن، به‌ڵام ته‌رکیزخستنه سه‌ر ژنان و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانیان، گرێدراوی هۆکاری جیاوازتره؛ له‌و ڕوانگه‌یه‌وە کە زۆر جار ژن ته‌نیا وه‌ک ڕه‌گه‌زێک ته‌ماشا کراوه و، دوور له مرۆڤبوونی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا کراوه، که به هۆیه‌وه هه‌موو چه‌وساندنه‌وه و جیاکارییه‌کی ده‌رهه‌ق ده‌کرێت. بۆیه چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان، یان پێچه‌وانه‌که‌ی، گرێدراوی جۆری سیسته‌می ده‌وڵه‌تدارییه له هه‌ر ده‌وڵه‌تێکدا.
ژن و ده‌وڵه‌ت، دوو چه‌مکی گرێدراون و کارلێکی هاوته‌ریبیان پێکه‌وه هه‌یه. به‌و واتایه‌ی بنیاتنانی ده‌وڵه‌تێکی به‌هێز و دیموکراسی، پێویستیی به تو‌انا و هزر و فکری ژنان هه‌یه، که به‌شداریی کاریگه‌ر و چالاکیان هه‌بێت. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش، پێویسته گوێ له ژنان بگیرێت و ده‌رفه‌تیان بۆ بڕه‌خسێنرێت. ژنانیش بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ڕۆڵی خۆیان وه‌ک هاووڵاتی بگێڕن، پێویسته هه‌نگاو بو کاری جددیتر هەڵێنن و، له هه‌مان کاتدا بتوانن سوود له‌و ده‌رفه‌تانه وه‌ربگرن که ده‌وڵه‌ت بۆیان ده‌ڕه‌خسێنێت. ئه‌وه‌یش له پێناو هێنانه‌دیی ده‌وڵه‌تێکی شارستانی، دیموکراسی و دامه‌زراوه‌ییی به‌دوور له زاڵبوونی هیچ مه‌زهه‌ب و ئایدیۆلۆژی و ئایینێکی دیاریکراو؛ ده‌وڵه‌تێک که به سیاسه‌تێکی نوێ و ناسنامه‌یه‌کی نیشتمانیی نوێوه له چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه‌کانیدا پلان و ستراتیژیی هه‌بێت.
فه‌رامۆشکردنی توانای ژنان:
یه‌کێک له ڕێگرییه‌کانی به‌رده‌م ژنان، بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆڵی به‌رچاو و کاریگه‌ر بگێڕن له بنیاتنانی دامه‌زراوه‌کانی ده‌وڵه‌تدا، ئه‌وه‌یه کە له کاتی دابه‌شکردن و هه‌ڵبژاردنی پۆسته‌کان به‌سه‌ر ژناندا، له هه‌ر بوارێکی حزبی، حکوومی، یان په‌رله‌مانیدا، له‌سه‌ر بنه‌مای تو‌انا و کارامه‌یییان نه‌بێت. هه‌روه‌ک چۆن ئه‌م ڕاستییه بۆ پیاوانیش هه‌ر ڕاسته. بۆ نموونه، ئێستا چه‌سپاندنی کۆتا به ڕێژه‌ی 25% که‌متر نه‌بێت له په‌رله‌مانی عێراق و 30% که‌متر نه‌بێت له په‌رله‌مانی کوردستان، ده‌ستکه‌وتێکی باشی ڕێکخراوه‌کانی ژنان بوو بۆ ئەوەی ژنان بچنە ناو ناوەندەکانی بڕیاردانەوە. به‌ڵام گرفته‌که وه‌ک قۆناغی یه‌که‌م له بوونی ڕێژه‌که‌دا نییه، هێنده‌ی له چۆنێتیی پێوه‌ره‌کانی هه‌ڵبژاردنی تاکه‌کاندایە له لایه‌ن حزبه‌کانه‌وه، که ئه‌وه‌نده‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای ئینتمایان بۆ حزب، یان په‌یوه‌ندیی خزمایه‌تی و خێڵه‌کی و بنه‌ماڵه‌یییه‌وه هه‌ن، ئه‌وه‌نده له‌سه‌ر بنه‌مای تو‌انا و لێهاتوویییان نه‌بووه و نییە و، بگره هه‌ندێ جار، نه‌ک تو‌انا، بەڵکوو هه‌ڵگری هیچ بڕوانامه‌یه‌ک نه‌بوون، یان هیچ ئەزموونی کار و باکگراوندێکی سیاسی‌یان نه‌بووه و، ئاماده‌یییان نه‌بووه بۆ فێربوون، یان گه‌شه‌کردنی تو‌انا و په‌یوه‌ندییه‌کانیان له نێوه‌نده‌کانی کۆمه‌ڵگه‌دا. ته‌نانه‌ت وه‌ک ڕه‌گه‌ز، با‌وه‌ڕیان به به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ژنان نه‌بووه و، هه‌ندێ جاریش پێیان وا بووه ژنان پاشکۆی پیاوانن و له‌سه‌ر ئاستی که‌سی و گشتی، له ئاستێکی که‌می به‌شداربووندان. هه‌ر ئه‌وه‌یش وا ده‌کات شێلگیرانه داکۆکی بکه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و کوتله سیاسییانه‌ی ئینتمایان بۆی هه‌یه. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌و پۆستانه‌دان هه‌ست و درک به‌وه ناکه‌ن که پێویسته له خزمه‌تی گه‌لدا بن، یان ده‌بێ نوێنه‌رایه‌تیی ته‌واوی چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگه بکه‌ن. له کاتێکدا به‌رپرسیارێتی له هه‌موو نێوه‌نده‌کاندا، به‌تایبه‌تی که له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌رده‌چن، به‌رپرسیارێتییه‌کی گه‌وره و گرنگه و پێویستی به گه‌شه‌کردن و به‌ره‌پێشچوونی خۆیان هه‌یه، چ له ڕووی فکری و سیاسییه‌وه، یان له ڕووی ته‌کنیکییه‌وه، وه‌ک: کۆمپیوته‌ر و زمانی جیا له زمانی دایکی.
وێڕای داڕمانی ژێرخانی ئابووری و سیاسی و فکری و په‌روه‌رده‌یی و ڕۆشنبیری و...، له هه‌مان کاتدا په‌کخستنی په‌رله‌مانی کوردستان و دامه‌زراوه‌کانی حکوومه‌ت و لاوازبوونی ڕۆڵی ڕێکخراوه‌کانی مه‌ده‌نی له لایه‌کی دیکه‌وە، وا ده‌کات که کۆمه‌ڵگه پێویستیی به تو‌انا و هێزی هه‌مووان هه‌بێت، واته ژنان و پیاوان پێکه‌وه، که لێره‌یشدا نابێ ژنان فه‌رامۆش بکرێن. بۆیه په‌کخستنی ڕۆڵ و نه‌ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌ت و لاوازکردنی ڕۆڵی ژنان له بنیاتنانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت له گشت بواره‌کاندا کۆسپ و ڕێگریی گه‌وره ده‌خاته به‌رده‌م پرۆسه‌ی گه‌شه‌کردن و بنیاتنانی ده‌وڵه‌تێکی دامه‌زراوه‌یی و دیموکراسی و پته‌و، که بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانی له‌خۆ گرتبێت. به دیوێکی تردا، ڕووبه‌ڕووبوو‌نه‌وه‌ی عێراق و کوردستان لەگەڵ جه‌نگی داعش و جه‌نگه‌کانی پێشتر، هه‌میشه وای کردووه ژنان له بنیاتنان و به‌رهه‌مدا ڕۆڵی سه‌ره‌کی بگێڕن و ئه‌رکی زیاتریان له‌ئه‌ستۆدا بێت؛ ئه‌وه‌یش به هۆی ئه‌و پێواره‌وە له کۆمه‌ڵگه‌دا ڕووی ده‌دا، له کاتێکدا پیاوان زیاتر ڕووبه‌ڕووی جه‌نگ ده‌بوونه‌وه و زۆربه‌ی کاتیان له خێزان و به‌رپرسیارێتییه‌کانی دیکه‌وه‌دوور بوون.
ژنان ده‌بێت چی بکه‌ن؟
خه‌باتکردنی ژنان بۆ چه‌سپاندنی بنه‌ماکانی دیموکراسی، مافی مرۆڤ، هاووڵاتیبوون، هزری ناتوندوتیژی و ئاشتی و... له لایه‌ک و، له لایه‌کی دیکه‌وە خه‌باتکردنیان بۆ هه‌یکه‌له‌ی ده‌وڵه‌تێک، که مافه‌کانی ژنانی تێدا پارێزراو بێت، گرنگ و پێویسته. ئه‌وه‌یش له ڕێی چه‌ند لایه‌ن و مه‌ودایه‌که‌وه ده‌بێت، وه‌ک ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی، که بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه سیاسییه‌کانی و گه‌یشتنی ژنان به ناوه‌ندی بڕیار و پۆسته سیادی و باڵاکان له هه‌موو ئاست و ناوه‌ندێکدا، ئاماده بێت دانوستانی سیاسی بکات؛ به شێوه‌یه‌ک ژنان له ڕووی ڕێژه و سه‌نگی خۆیانه‌وه، ده‌نگ و ڕه‌نگی ڕاسته‌قینه‌یان هه‌بێت. هه‌روه‌ها کارکردن به هێنانه‌ئارای ده‌سته‌واژه‌ی "ته‌سویه‌ی سیاسی"، که ئه‌زموونی زۆرێک له وڵاتان ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه، كه کارکردن له‌م ڕووه‌وه کاریگه‌ریی باشی له‌سه‌ر دۆخی ژنان ده‌بێت، که به واتا‌ی ڕێککه‌وتنی ده‌سته‌بژێرێک (نوخبه) دێت، له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تدا له ڕووی بیروباوه‌ڕه‌وه، به مه‌به‌ستی گه‌ره‌نتیكردنی مافه‌کانیان. هه‌روه‌ها گه‌ره‌نتیکردنی لایه‌نی ئاسایش گرنگیی خۆی هه‌یه، که ده‌کرێت له ڕێی دامه‌زراوه‌کانی تا‌یبه‌ت به ده‌زگه‌ی پۆلیس، ئاسایش و هێزی سه‌ربازی و...، دادپه‌روه‌ری به‌رجه‌سته بکرێت بۆ کارکردن له‌سه‌ر دابونه‌ریتی سه‌پێنراو به‌سه‌ر ژنان و مۆرکه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا.
ده‌سه‌ڵاتی یاسا، لایه‌نێکی تره بۆ ئه‌وه‌ی له ڕێی کارکردن له‌سه‌ر ده‌ستوور و یاساکان و له ڕێی دامه‌زراوه‌کانی ده‌وڵه‌ته‌وه چاکسازی ڕه‌چاو بکرێت، به شێوه‌یه‌ک کە له ڕێی سیاسه‌تێکی نیشتمانییه‌وه باڵانسی جێنده‌ری بپارێزرێت و کاری بۆ بکرێت. بێ گومان، ده‌کرێ هه‌موو ئه‌و کارانه‌یش له ڕێی ئه‌م میکانیزمانه‌وه ئه‌نجام بدرێن:
- ڕێکخستنه‌وه‌ی خودی ژنان، به‌پێی پلانێکی تۆکمه و به‌هێز له گشت بواره‌کانی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ڕۆشنیبری، په‌روه‌رده‌یی، ئابووری، فکری و...، به شێوه‌یه‌ک کە ژنان خۆیان و ڕێکخستنێکی ژنانه، ببنه مه‌رجه‌عی گشت ژنان و، هاوکات ژنانیش به مه‌رجه‌عی خۆیانی بزانن، دوور له ده‌ستێوه‌ردانی پیاو، یان چوونه‌پاڵ ته‌که‌تولێکی پیاوان، له کاتی هه‌ڵبژاردن و پێویستییه‌کانیاندا.
- یه‌کگرتووییی ژنان، وه‌ک هێزێکی یه‌کگرتوو و تۆکمه و گوشار، به مه‌به‌ستی داڕشتنه‌وه‌ی پلان و گوشارخستنه سه‌ر لایه‌ن و هێزه سیاسییه‌کان بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانیان وه‌ک ڕه‌گه‌ز.
- گه‌ڕانه‌وه‌ی ژنان بۆ ناسنامه و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی خۆیان؛ به واتا‌ی ده‌رچوون له‌وه‌ی وه‌ک پیاو بیر بکه‌نه‌وه، یان جل بپۆشن، یان ڕه‌فتار و هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن. به دیوێکی تردا، مێینه‌بوونی خۆیان بۆ سوودوه‌رگرتن له به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان به‌کار بهێن. هه‌روه‌ها به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه، پیاوان بۆ ئه‌وه‌ی ببنه مرۆڤ، پێویسته له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ژنان بگه‌ن، وه‌ک ئه‌وه‌ی له گریان، سۆز و ئاشتیخوازیی بگه‌ن؛ هه‌روه‌ک چۆن ژنان پێویسته کار به تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی خۆیان بکه‌ن و هه‌وڵ نه‌ده‌ن له به‌رگی خۆیان بێنه ده‌ره‌وه.
- ئاشتبوونه‌وه‌ی ژنان له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه، یاسا، خه‌ڵک، دابونه‌ریت و...، به مه‌به‌ستی گۆڕینی ئه‌و دابونه‌ریت و عه‌قڵییه‌تانه‌ی هه‌میشه جیاوازییان له‌گه‌ڵ ژناندا کردووه و به په‌روه‌رده‌یه‌کی جیاکارانه ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵ هه‌ر دوو ڕه‌گه‌زه‌که‌دا کردووه، که ده‌ره‌نجام نه‌ک ژنان، بەڵکوو پیاوانیش به شێوه‌یه‌کی دیکه باجی ئه‌و په‌روه‌رده نادروسته ده‌ده‌نه‌وه.
- گرنگیی ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، له ڕێی که‌ناڵێکی تری کارکردنیانه‌وه، سه‌باره‌ت بە گۆڕین و چاکسازی له یاساکاندا و بوونی ده‌ستوورێکی مه‌ده‌نی، هه‌نگاوێکی گرنگی ترە بۆ بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت، به مه‌به‌ستی بنیاتنانی واقعێکی یاسایی و کۆمه‌ڵایه‌تی، که پاڵنه‌ری ژن بێت بۆ ئه‌وه‌ی ببێته کۆڵه‌که‌یه‌کی چالاک و هه‌ڵگری به‌رپرسیارێتییه‌کانی له گشت دامه‌زراوه‌کانی ده‌وڵه‌ت و ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیدا. بۆ ئه‌وه‌یش به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه و بوونی ژنان له گشت ناوه‌نده‌کانی بڕیارسازیدا خاڵێکی گرنگه بۆ ژنان، تا بتوانن ڕۆڵی کارای خۆیان ببینن. ئه‌مه‌یش بۆ خۆی ململانێیه‌کی گه‌وره‌ی ژنانه، که پێویسته هه‌نگاوی جددیی بۆ بنێن، به ئاوڕدانه‌وه له‌و ژنانه‌ی به‌توانا و لێهاتوون، نه‌ک له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌گه‌زی، پیاوانی بێ‌توانا به‌باشتر بزانن، که له دامه‌زراوه‌کاندا هه‌ڵیان بژێرن، بەڵکوو پێویسته تو‌انا، بنه‌مای ئه‌کادیمی و شاره‌زاییی که‌ڵه‌که‌بووی مرۆڤه‌کان سه‌نگی محه‌ک بێت بۆ هه‌ڵبژاردنیان، که ته‌نیا خزمه‌تکردن به هاووڵاتییان و نیشتمانه‌که‌یان بکرێته خاڵێکی بنه‌ڕه‌تیی کارکردنیان؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئامانجی سه‌ره‌کی و بنه‌ڕه‌تی له پشت هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی کوردستان و نیشتمانەوەیە، وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی شارستانی، یاسایی، دامه‌زراوه‌یی، دیموکراسی، نه‌ک حزبی و فره‌مه‌رجه‌عی ئایینی و سیاسی.
- پێویسته ژنان، خۆیان بێ تێکه‌ڵبوون به هیچ ئایینێک، ببنه سه‌رچاوه‌یه‌ک بۆ یاسادانانی ئه‌و یاسایانه‌ی زیاتر مرۆیی و دادپه‌روه‌رن و، بتوانن به کۆده‌نگی و یه‌کگرتوویی، کار له‌سه‌ر گۆڕینی ئه‌و یاسایانه بکه‌ن که به هه‌ر هۆیه‌کی ئایینی، یان سیاسی، جیاکاری و نادادپه‌روه‌ریی ڕه‌گه‌زییان لێ که‌وتووەته‌وه و هه‌موو پێکه‌وه بڵێن: نا بۆ زاڵبوونی پیاوسالاری و باوکسالاری، نا بۆ هاوسه‌رگیریی پێشوه‌خت، نا بۆ فره‌هاوسه‌رگیری، نا بۆ پیکهێنانی ژیانێکی زۆره‌ملێ و پڕ له توندوتیژی، نا بۆ ڕێگری‌کردن لە ژنان بۆ سه‌فه‌رکردنیان بەتەنیا و بەبێ مه‌حره‌م، نا بۆ گه‌وره به بچووک و خه‌ته‌نه‌کردن و بازرگانیکردن به جه‌سته‌ی ژنان و، چه‌ندین دیارده‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی باوی تر، که هه‌میشه ژنان قوربانی بوون و به هۆی دابونه‌ریت و تێڕوانینی نادادپه‌روه‌رانەی کۆمه‌ڵگه بۆیان، باجی گه‌وره‌ی نه‌هامه‌تییه‌کانیان داوه.
واقعی ئێستای کۆمه‌ڵگه‌ی کورد:
ئه‌گه‌رچی به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانی ژنان له کوردستاندا مێژوویه‌کی درێژی هه‌یه و ژنان خه‌باتی هه‌مه‌ڕه‌نگ و جۆراوجۆریان کردووه بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانیان له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه، به‌ڵام بێ گومان له قۆناغی پێش ده‌وڵه‌ت و پاش بوون به ده‌وڵه‌تدا، چوارچێوه و قه‌واره‌ی سیاسی و میکانیزمی کار و گوشاره‌کان بۆ به‌دستهێنانی ده‌ستکه‌وته‌کانیان گۆڕانکاری به‌خۆوه ده‌بینێت. ئه‌گه‌رچی ئێستایش زۆر کراوه و زۆریش به‌ده‌ست هاتووه، به‌ڵام زۆریش ماوه، کە نه‌کراوه و له ئاست تمووحی ژنان و خواستی گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵێکی شارستانی و پێشکه‌وتوودا نییه، له هه‌موو بواره‌کانی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و په‌روه‌رده‌ییدا. بۆیه بۆ کارکردن له‌سه‌ر به‌هێزکردنی بنه‌ماکانی به‌ده‌وڵه‌تبوون له ڕووی بنه‌مای سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری، کۆمه‌ڵایه‌تی، په‌روه‌رده‌یی و فکرییه‌وه، پێویستمان به سه‌ر‌له‌نوێ پێداچوونه‌وه به کۆی سیسته‌می ده‌ستووری، یاسایی، سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌ییدا هەیە، به‌دوور له سیسته‌می پشک و به‌ش. هەروەها پێویستمان بە به‌هێزکردنی ناسنامه‌ی نیشتمانی و بنه‌ماکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و چه‌سپاندنی کارکردن به هه‌ندێ بیروباوه‌ڕی وه‌ک، یه‌کترقبووڵکردن، لێبوورده‌یی، ڕای جیاواز، دیالۆگ و... هەیە و، ئه‌رکی هه‌مه‌لایه‌نەی هه‌مووانه، که کاری جددیی بۆ بکەن.
سه‌رچاوه: