توندوتیژی به‌گشتی یه‌كێكه له دیارده قێزه‌ون و پڕ لە هه‌ڕه‌شەکان سه‌باره‌ت به‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی، مێژووی مرۆڤایه‌تی به‌ده‌ستی هێناون. ئاشکراترین جۆره‌کانی توندو‌تیژیی به‌رامبه‌ر به ژنان، له لایه‌ن ڕه‌گه‌زی نێره‌وه ئه‌نجام ده‌درێن، کە پرسێكی هه‌ستیاره و، پێویسته له چه‌ندین گۆشه‌نیگاوه قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت، چونکه به درێژاییی مێژوو، ژنان چه‌وسێنراونه‌ته‌وه و وه‌ك كاڵا سه‌یر کراون و جیاکارییان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت.
لە جیهانێکدا، کە نەک هەر سووکایەتی و توندوتیژی، بەڵکوو جەنگ و کوشتار و تیرۆر بوونەتە سیمایەکی دڵتەزێنی کۆمەڵگه‌ی مرۆیی، لە نێوه‌ندی قوربانیانی جەنگ و کوشتار و تیرۆر و ئاکامە وێرانکەرەکانیدا، لە بێ‌کاری و ئاوارەیی و بێمووچەیی و نەمانی ئاسایشی کۆمەڵایەتیدا، ژنان قوربانیی یەکەمن. وێڕای سه‌رهه‌ڵدانی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك و هه‌موو ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی كه مرۆڤ له بواره جیاجیاكانی ژیاندا به‌ده‌ستی هێناون و، له سه‌رده‌می پێشكه‌وتن و جیهانیبووندا، هێشتا نه‌توانراوه مرۆڤایه‌تی به‌ره‌و ڕێگه‌ی ئاشتی و خۆشه‌ویستی و هاوڕێیه‌تی هه‌نگاو بنێت. له‌م پێشكه‌وتنه‌ی ئێستایشدا زۆرێك له دیارده كۆن و پاشماوه‌كانی سه‌رده‌می ڕابردوو به‌دی ده‌كرێن، كه پێشتر كۆمه‌ڵگه‌یان كۆت و قێزه‌ون كردبوو.
توندوتیژی:
توندوتیژی، دیاردەیەکی شاراوە و نادیار نییە، بەڵکوو جیهانییە و کۆمەڵێک تایبەتمەندیی که‌لتووری، کۆمەڵایەتی، نه‌ته‌وه‌یی، سیاسی و ئابووریی هه‌یه. کات و شوێنی تایبەتی نییە و سنووری شوێنێک، یان وڵاتێک، یان کیشوەرێکی نییە، واته سنووری جوگرافیی نییە. ژنانی ماڵەوە و ده‌ره‌وه، خوێندەوار و نەخوێندەوار، دەوڵەمەند و هەژار، بەڕێوەبەر، یان فەرمانبەرێکی ئاسایی، جوان و ناشیرین، کۆمەڵگه‌ی پێشکەوتوو و دواکەوتوو دەگرێتەوە و، هەمیشە بە شێوەیەک لە شێوەکان تووشی توندو‌تیژیی جەستەیی، یان دەروونی، یان سێکسی دەبنەوە، لە لایەن باوک، مێرد، برا، کوڕ، مام و خاڵ و هی ترەوە.
توندو‌تیژیی دژی ژنان:
به‌پێی پێناسه‌ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1993دا، توندو‌تیژیی دژ به ژنان بریتییه له: "هەر جۆرە توندوتیژییەک كه ببێتە هۆی زیان و ئازاری جەستەیی، یان دەروونی، بە مەبەستی زیانگەیاندن، یان بەرتەسککردنه‌وه‌ی ئازادیی ژنان، چ لەناو خێزاندا بێت و، چ لەناو کۆمەڵگه‌دا، که دەتوانرێت بە شێوەی نهێنی و ئاشکرا، یان هەڕەشە و زۆرەملێ ئه‌نجام بدرێت."
توندوتیژییه‌کان له ئاست جیهاندا چیمان پێ ده‌ڵێن؟
به‌پێی زانیارییه‌کانی هێڵه ته‌له‌فۆنییه‌کانی تایبه‌ت به یارمه‌تیی ژنان له شاری ئۆپسالا، له کاتی ئاسایی‌دا نزیکه‌ی 70 زه‌نگی ته‌له‌فۆنی دێت و داوای یارمه‌تییان لێ ده‌کرێت، به‌ڵام له کاتی دوای پشووی هاویندا و له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی کاردا ژماره‌ی داوای یارمه‌تییه ته‌له‌فۆنییه‌کان ڕۆژانه ده‌گاته 100 په‌یوه‌ندی. واته دیارده‌ی توندوتیژی دژ به ژنان، له دوای پشووی هاوین زیاد ده‌کات. 16% بۆ 25%ی ژنان لە جیهاندا ڕووبه‌ڕووی توندوتیژی دەبنەوە، کە لە ترسان و لە برسان، یان لە شەرمان نا‌وێرن باسی لێوە بکەن و زیاتر بێدەنگی هەڵدەبژێرن.
به‌پێی ئامارە جیهانییەکان، ساڵانە چەندین هەزار کچ لەسەرتاسەری جیهاندا خەتەنە دەکرێن. ئاماری سندووقی کۆمه‌ڵی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، به‌راوردی کردووه که ساڵانه (5000) ژن له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا له لایه‌ن خێزانه‌کانیانه‌وه به هۆکاری نامووسی ده‌کوژرێن. له هه‌ر 5 ژن، ژنێک ڕۆژانه ده‌ستدرێژی، یان هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستدرێژیی سێکسیی ده‌کرێته سه‌ر. 47%ی ژنانی ئۆرد‌ن به شێوه‌یه‌كی گشتی ڕووبه‌ڕووی لێدان ده‌بنه‌وه. 30%ی ژنانی ئه‌مریكا له لایه‌ن هاوسه‌ره‌كانیانه‌وه ڕووبه‌ڕووی توندو‌تیژیی جه‌سته‌یی ده‌بنه‌وه و، 95%ی قوربانیانی توندوتیژی له فه‌ڕه‌نسا، ژنانن. له هه‌ر 10 که‌س له قوربانیانی توندوتیژی له وڵاتی هیند، 8 کەسیان ژنن. 60%ی نیشته‌جێبووانی كه‌ناری ڕۆژاوا و غه‌زه ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی جه‌سته‌یی و سوكایه‌تی و ده‌ستگیركردن ده‌بنه‌وه.
ساڵانە لەسەرتاسەری جیهاندا هەزاران ژن بەزۆر، یان بە فریودان، یانیش بە بیانووی پەیداکردنی هەلی کارکردن، لە لایەن باندەکانی لەشفرۆشییەوە تووشی لەشفرۆشی دەبن و بۆ بژیوی ژیان، یان هەندێ جاریش وەک خوویەک، دەست بە لەشفرۆشی دەکەن و لە هۆتێل و باڕەکان و خانووکانی تایبەت بە لەشفرۆشیدا كار دەکەن. لەشفرۆشەکانیش زۆربەی کات تووشی توندو‌تیژیی جەستەیی و دەروونی و سێکسی دەبنەوە. ڕاپۆرتی ڕێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی ئاماژه‌ی به‌وه داوه، که ڕێژه‌ی 7%ی ژنان له نێوان ته‌مه‌نی 15 بۆ 44 ساڵان له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا به ده‌ست دیارده‌ی توندوتیژییه‌وه ده‌ناڵێنن.
ئاماره‌کانی هه‌رێمی کوردستان:
لە ساڵی 2015دا 55 كوشتن، 64 خۆكوشتن، 198 سووتان، 125 خۆسووتاندن، (6636) ئەشكەنجە و سكاڵا و، 124 دەستدرێژی له هه‌رێمی کوردستاندا هه‌بووه.
لە ساڵی 2016دا 46 كوشتن، 73 خۆكوشتن، 223 سووتان، 94 خۆسووتاندن، (6679) ئەشكەنجە و سكاڵا و، 108 دەستدرێژی تۆمار كراون. له کاتێکدا گه‌ر ئامارەكانی ساڵی 2016، بە ساڵی 2015 بەراورد بكرێن، لە كۆی گشتیدا توندوتیژییەكان 79 حاڵەت كەمیان كردووە، بەڵام به‌پێی جۆرەكان، خۆكوشتن بە 9 حاڵەت و سووتانیش بە 25 حاڵەت زیادیان كردووە.
له 3 مانگی ساڵى 2017شدا 10 ژن كوژراون، 14 حاڵه‌تى خۆكوشتنى ژنان تۆمار كراوه، 14 ژن خۆیان كوشتووه و، 30 حاڵه‌تی ده‌ستدرێژیکردنه سه‌ر ژنانیش هه‌بووه. سووتان بریتی بووه له 72 حاڵه‌ت و، خۆسووتاندنیش 37 حاڵه‌ت. له کاتێکدا کە کۆی سکاڵاکردن له ماوه‌ی ئه‌و سێ مانگه‌دا بریتی بووه له (1888) حاڵەت. له پاڵ حاڵه‌ته‌كانى كوشتن و خۆكوشتندا، ده‌یان و سه‌دان حاڵه‌تى توندوتیژیى به‌رامبه‌ر به ژنان له شێوه‌ى ده‌ستدرێژیى سێكسى و سووتان و خۆسووتاندا تۆمار كراون؛ ته‌نانه‌ت تۆماركردنى سكاڵاى یاسایى له لایه‌ن ژنانه‌وه به‌رامبه‌ر به‌و ده‌ستدرێژییانەی كراوه‌ته سه‌ریان، هیچ داكشانێكى به‌خۆوه نه‌دیوه. له ماوه‌ى ساڵى 2014دا (6673) سكاڵا هەبووە و، له ساڵى 2015دا ڕێژه‌كه بۆ (7436) سكاڵا به‌رز بووەته‌وه، ئه‌وه له كاتێكدایە کە ته‌نیا له 6 مانگى سه‌ره‌تاى ساڵی 2015دا به‌دیاریكراوى (2942) سكاڵا له لایه‌ن ژنانه‌وه تۆمار كراوه.
مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی توندوتیژی:
دانانی ڕۆژی 25ی نۆڤه‌مبه‌ر، وه‌ک ڕۆژی جیهانیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندو‌تیژیی دژ به ژنان، به هۆی شۆڕشی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یه‌کسانیخواز له به‌رامبه‌ر سه‌رمایه‌داری و حکوومەته‌کانی ژێر چه‌پۆکی سه‌رمایه‌داریدا هاته ئاراوه. ٤٥ ساڵ پێش ئێستا و له ڕۆژێکی وه‌ک ئه‌مڕۆدا، 3 خوشکی خه‌ڵکی کۆماری دۆمێنیکه‌ن، به ناوی "خوشکانی میرابیل"، له دوای چه‌ندین مانگ ئه‌شکه‌نجه، سه‌ره‌نجام له لایه‌ن ڕێکخراوی ئه‌منیی سوپای ئه‌و وڵاته‌وه کوژران. "تاوان"ی ئه‌و 3 خوشکه، به‌شداریكردن بوو له چالاکییه سیاسییه‌کانی دژ به حکوومەتی دیکتاتۆریی زاڵ به‌سه‌ر دۆمینیکه‌ندا.
٢١ ساڵ له دوای ئه‌م ڕاستییه، واته ساڵی 1981، له کۆنفرانسێکدا له بۆگۆتا، پایته‌ختی کۆڵۆمبیا، کە له لایه‌ن داکۆکیکارانی مافه‌کانی ژنان له ئه‌مریکای لاتین و ناوچه‌ی کارائیب به‌سترابوو، پێشنیاری ئه‌وە کرا که ڕۆژی کوژرانی خوشکانی میرابیل، بکرێته ڕۆژی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندو‌تیژیی دژ به ژنان. ئامانج له‌و پێشنیاره ئه‌وه بوو، که ڕێز له خه‌باتی ئازادیخوازانه و یه‌کسانیخوازانه و بوێریی ئه‌م 3 خوشکه گیانبه‌ختکردووه بگرن و، سه‌ر‌نجی بیری گشتی به‌ره‌و لای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندو‌تیژیی دژ به ژنان ڕابکێشن. ئه‌م هه‌وڵانه، بوونه هۆی ئه‌وه‌ی کە ساڵی 1999 ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانیش ڕۆژی 25ی نۆڤه‌مبه‌ری، وەک ڕۆژی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندو‌تیژیی دژ به ژنان به‌ڕه‌سمی ناساند. ساڵــــێک دواتریش، واتە له ساڵی ٢٠٠٠دا ئه‌نجومه‌نی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بڕیارنامه‌ی 1325ی به ناوی "ژنان، ئاشتی و ئاسایش" په‌سه‌ند کرد. ئه‌م بڕیارنامه‌یه هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی ئه‌نجامده‌رانی کرده‌وه‌ی توندو‌تیژیی دژ به ژنان ڕاپێچی دادگه بكرێن. له ماوه‌ی 12 ساڵی ڕابردوودا، واتە له کاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی بڕیارنامه‌که‌وە، نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، ڕۆژی 25ی نۆڤه‌مبه‌ر، به خۆپیشاندان و ڕێپێوان، گه‌ڵاڵه و ڕێکاری کاره یاسایییەکان و مافه‌کان و، به‌ڕێوه‌بردنی چه‌ندین سمیناری زانستی و پسپۆڕی، چالاکییەکانی ئەو ڕۆژە به‌ڕێوه ده‌بات.
هۆكاره‌كانی توندو‌تیژیی دژ به ژنان:
١- هۆكاری ئابووری: به‌گشتی ژنان سه‌رچاوه‌ی داهاتی سه‌ربه‌خۆیان نییه؛ ئه‌گه‌ر هه‌یشیان بێت، زۆربه‌ی جار پیاو ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه. له كۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتدا وا باوه، که ده‌بێ ژن چاوی له ده‌ستی پیاو بێت. به‌گشتی کۆمه‌ڵگه قبووڵی ناكات ژن كار بكات و داهاتێك بۆ خۆی په‌یدا بكات. بۆیه لاوازیی باری ئابووری، یان هه‌ڵاوسانی ئابووری و گرفته ئابوورییه‌كان، وا ده‌كه‌ن مرۆڤه‌كان به‌ره‌و توندوتیژی هه‌نگاو بنێن و ڕق و كینەی خۆیان به توندوتیژی به‌سه‌ر ژن‌دا خاڵی بكه‌ن. سه‌رباری ئه‌وه‌یش، "نه‌فه‌قه"ی پیاو بۆ ژن، هۆكارێكه بۆ بچووككردنه‌وه‌ی ژن و هێنانه‌ئارای توندوتیژی له دژی ئه‌و.
٢- هۆكاری ڕۆشنبیری: هه‌ستنه‌كردن و نه‌زانینی ژن سەبارەت به ئه‌رك و مافه‌كانی له لایه‌كه‌وه و، نه‌زانینی لایه‌نی به‌رامبه‌ریش له‌باره‌ی ئه‌و مافانه‌وە له لایه‌كی تره‌وه، سنووربه‌زاندن و توندوتیژی دێنێته ئاراوه. وێڕای جیاوازیی ئاستی ڕۆشنبیری له نێوان هاوسه‌ره‌كاندا، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ژن له ڕووی ڕۆشنبیرییه‌وه له ئاستێكی باڵاتردا بێت، وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك پیاو هه‌وڵ ده‌دات به جنێودان و به‌كه‌م سه‌یركردن و بچووككردنه‌وه‌ی ژن، لاوازییه‌كه‌ی خۆی بشارێته‌وه.
٣- هۆكاری په‌روه‌رده‌یی: په‌روه‌رده‌ی توندوتیژ، تاكی توندوتیژ به‌رهه‌م ده‌هێنێت. ئه‌گه‌ر تاك قوربانیی ده‌ستی توندوتیژی بێت، ئه‌وا خاوه‌نی كه‌سایه‌تییه‌كی لاواز و متمانه‌به‌خۆنه‌بوو ده‌بێت؛ بۆیه له داهاتوودا ئه‌و كه‌سانه هه‌وڵ ده‌ده‌ن توندوتیژی بكه‌نه فاكته‌رێك، تا لاوازییه‌كانی خۆیانی پێ بشارنه‌وه و دواتریش هه‌ر توندو‌تیژیی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. ئه‌م جۆره توندوتیژییه به ڕێژه‌ی 83% به‌رچاو ده‌كه‌وێت. بینه‌ری توندو‌تیژیی په‌یڕه‌وكراو له لایه‌ن باوكه‌وه له دژی دایك، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه په‌روه‌رده ده‌كرێت كه ڕێز بۆ به‌ها دانه‌نێت و شێوازێكی توند له ڕه‌فتاریدا جێبه‌جێ بكات؛ ئه‌مه‌یش له ڕێژه‌ی 39%ی حاڵه‌ته‌كاندا بینراوه.
٤- هۆكاری ژینگه‌یی: له‌و گرفته ژینگه‌یییانه‌ی كه گوشار ده‌خه‌نه سه‌ر مرۆڤ، بریتین له جه‌نجاڵی، نه‌بوونی خزمه‌تگوزاریی پێویست، نه‌بوونی شوێنی نیشته‌جێبوون، زیادبوونی دانیشتووان و هی تر. له‌و ژینگه‌یه‌دا، مرۆڤ تێك ده‌شكێت و، هانده‌ر نییه له به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌كان و ده‌سته‌به‌ركردنی كاری شیاو بۆ لاوان؛ ئه‌مه‌یش پاڵنه‌ره به‌ره‌و توندوتیژی و هه‌ڵچوون له به‌رامبه‌ر كه‌سێكی لاوازتردا، كه ئه‌ویش ژنه.
٥- خراپ به‌كارهێنانی سیسته‌می ته‌كنه‌لۆژی: ئه‌و سیسته‌مه‌ی که به‌هۆی خراپبه‌كارهێنانی تەکنەلۆژیا و مۆبایله‌وه، بۆته ده‌ره‌نجامی چه‌ندین حاڵه‌تی كوشتن و توندوتیژی. هه‌زمنه‌كردنی ته‌كنه‌لۆژی و ئامرازه‌كانی په‌یوه‌ندیكردن، ڕێگر بووه له‌وه‌ی مرۆڤ له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی فیكریدا بڕوات.
٦- لاوازیی جێبه‌جێکردنی یاسا: به‌شێكی زۆر له كۆمه‌ڵگه، تا ئێستا عه‌قڵییە‌تی خێڵ به‌ڕێوه‌یان ده‌بات. ئه‌م ڕاستییه‌یش له هه‌موو په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، بۆیه له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا خێڵایەتی ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت، یاسا كه‌متر ده‌توانێت خۆی بسه‌پێنێت .
٧- نه‌بوونی سیسته‌مێكی په‌روه‌رده‌ییی نوێ: ئەم دیاردەیە وای کردووه به‌رنامه‌یه‌کی تۆکمه‌ی به‌هێز له سیسته‌می په‌روه‌رده‌ییدا نه‌بێت، که به ڕیتم و شێوازێکی جیاواز تاکه‌کان وه‌ک مرۆڤ و بەبێ جیاوازی په‌روه‌رده بکات.
٨- نه‌بوونی هێزێكی ڕێکخستن و یه‌كگرتووی ژنان، كه لە به‌رامبه‌ر داوا و مافه‌كانیاندا یه‌كده‌نگ و یه‌كهه‌ڵوێست بن؛ هه‌روه‌ها دابونه‌ریت و كه‌لتووری كۆمه‌ڵگه، كه پێی وایه ده‌بێ ژن ملكه‌چی زۆر شت بێت.
٩- خودی ژن: ژنان به ئامرازێكی سه‌ره‌كیی هه‌ندێك له جۆره‌كانی توندوتیژی له قه‌ڵه‌م ده‌درێن. هه‌ر بۆیه كاردانه‌وه‌ی ژن له په‌سه‌ندكردن و چاوپۆشیكردن و بێده‌نگیدا خۆی ده‌بینێته‌وه. ئه‌وه‌یش هانی به‌رامبه‌ر ده‌دات، کە زیاتر ژن بچه‌وسێنێته‌وه. بێ گومان بێده‌نگبوونیشی هۆکاری زۆره.
١٠- ده‌سه‌ڵاتی حوکمڕانی: توندو‌تیژیی حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌كانی، بازنه‌ی توندوتیژی فراوانتر ده‌کات؛ ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته له‌ژێر سایه‌ی فه‌رمانڕه‌واییی ده‌سه‌ڵاتی باڵاتردا بێت، ئه‌ویش له ئاكامی پاڵپشتیكردن له‌و یاسایانه‌ی ژنان ده‌چه‌وسێننه‌وه، یان پشتگیریكردن له‌و كه‌سانه‌ی كه جێبه‌جێكاری ئه‌و یاسایانه‌ن، هه‌رچه‌ند هۆكار و په‌یڕه‌وكه‌رانیشیان جیاواز بن.
ئاسه‌واری توندوتیژی:
به‌پێی دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکان، توندو‌تیژیی دژی ژنان جگە لەوەی کاریگەری و ئاسه‌واری خراپی دەبێت لەسەر ژن، وەک تاکیش کاریگەرییەکی زۆر خراپ و مەترسیداری لەسەر تەندروستیی خێزان و منداڵ و کۆمەڵگه دەبێت و، دەبێتە هۆی ئەوەی شیرازەی خێزان و کۆمەڵگه‌یش لێک بترازێت. جۆری توندو‌تیژیی ده‌روونی، کاریگەرییەکەی قووڵتر و مەترسیدارتره له توندو‌تیژیی جه‌سته‌یی، که ئاسه‌وارەکەی ته‌نیا به‌سه‌ر جه‌سته‌وه دیاره. کاتێک کەسێک تووشی ئەم جۆرە توندوتیژییە ده‌بێت زیاتر گۆشەگیر، بێزار، خەمۆک و ڕاڕا دەبێت و ئەگەری خۆکوشتن و خۆسووتانی لە ئارادایە، چونکه ئاسه‌واره‌که‌ی شاراوه‌یه و به‌رجه‌سته نییه و، ته‌نانه‌ت هێنده دووچاری ئاڵۆزی و گرێی ده‌روونی ده‌بێته‌وه، که لە قۆناغ به قۆناغی ته‌مه‌نی مرۆڤه‌کاندا به شێوه‌ی جیاجیا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت.
جۆرەکانی توندو‌تیژیی دژی ژنان:
جۆره‌کانی توندو‌تیژیی دژ به ژنان زۆر و جۆراوجۆرن، له‌وانه:
1. توندو‌تیژیی جەستەیی: هه‌موو جۆرە توندوتیژییەکی فیزیکی بەرامبەر بە ژنان ده‌گرێته‌وه، وەک: لێدان، سووتان، کوشتن و گرتن و به‌ستنه‌وه، چنگڵگرتن، ڕاکێشانی قژ، ده‌رکردن له ماڵ، بێبه‌شکردن له خواردن، گازلێگرتن، مشت و شه‌قلێدان و پاڵپێوه‌نان.
2. توندو‌تیژیی دەروونی: ئەم جۆرە توندوتیژییە بەڕواڵەت هیچ نیشانەیەکی دەرەکیی نییە، به‌ڵکوو ناوەکی و دەروونییە و شموولی سووکایەتیپێکردن، تانە، توانج، جنێوپێدان، شەڕی ده‌روونی و بێبەشکردن لە سۆز و خۆشەویستی و بەکارهێنانی زمانی ڕەقوتەق و هەڕەشەوگوڕەشەیە و، لە قسه‌ی ناحه‌ز و سووک و تۆمه‌تدانه‌پاڵ و به‌هانه‌گرتنی زوو زوو و قسه‌نه‌کردن له‌گه‌ڵ یه‌کتر و لاوازیی خۆشه‌ویستی و ڕه‌خنه‌گرتن له شێوه‌ی جه‌سته و جلوبه‌رگی ژناندا خۆی ده‌بینێته‌وه.
3. توندو‌تیژیی سێکسی :ئەم جۆرە توندوتیژییە زیاتر لە لایەن مێرد و کەسوکاری نزیکی ژنانەوە دەکرێت و ژنان تووشی شۆک و زیان دەکات و، دووگیانبوونی ناشەرعی و زۆرەملێ و لەباربردنی منداڵ لەخۆ دەگرێت.
ژنانی بەندکراو، هەندێ جار بە بیانووی لێپێچینەوەوە، دەکەونە بەر توندو‌تیژیی سێکسی و دەروونی و جەستەیی و ئەشکەنجەدران و تانەوتوانجلێدران و هەڵواسران و بەقژڕاکێشران و داغکران و هتد .
ژنانی کارەکەری ماڵان، یان دامودەزگه‌کان، بەرەوڕووی توندوتیژی دەبنەوە. هەندێ خاوەنکار، یان بەڕێوەبەر، بە چاوی تەماحەوە سەیریان دەکەن و چ لە بواری سێکسی، یان دەروونییەوە توندوتیژییان دەرهەق ده‌که‌ن و زۆر جاریش ژنان لە ڕووی ناچارییەوە مل بۆ ئەو کارانە دەدەن، چونکه به ملنەدانیان تووشی کۆمەڵێک تۆمەت و قسەوقسەلۆک دەبنەوە.
4. توندو‌تیژیی خێزانی: باوترین شێوەی توندوتیژییە کە تێیدا کچان و ژنان بە کۆمەڵێک بیانووی پڕوپووچ و دواکەوتووانە بەرەوڕووی توندوتیژی دەبنەوە. دڵپیسی و ڕەزیلی، دوو هۆکاری سەرەکین و، هەندێ جار نەزۆکییش دەتوانێت هۆکارێک بێت بۆ توندو‌تیژیی دژی ژنان. گیرۆدەبوونی پیاوان بە ماددە سڕکەرەکان و تەمبەڵی و کارنەکردن و تووڕەبوون و ناهۆشیاریی پیاوانیش هۆکارێکە بۆ توندوتیژی.
5. توندو‌تیژیی کۆمەڵایەتی: زۆر جار بە بیانووی لادان لە نەریتی باب و باپیران و لەکەدارکردنی شەرەف و نامووسی خێزان و هەڵسوکەوتی نه‌شیاو و ئابڕووبەرانەوه، ژنان لە لایەن باوک و برا و مێرد و کەسوکارەوە تووشی توندوتیژی دەبنەوە. هەندێ جاریش بەتوندی دەکەونە ژێر چاودێری و، هەموو ئازادییه‌کیان لێ زەوت دەکرێت، کە بەزۆر بەشوودان و بەزۆر جلوبەرگی تایبەت لەبەرکردن و بێبەریکردن لە میرات و بێبەشکردن لە خوێندن و کارکردن لە دەرەوەی ماڵەوە دەگرێته خۆ.
6. توندو‌تیژیی ئابووری: ئەو ژنانەی لە ده‌ره‌وه‌ی ماڵ کار دەکەن، ئه‌گه‌رچی هه‌مان ئه‌رک و کاری پیاوان دەکەن، بەڵام ده‌شێت مووچەیەکی کەمتر لە هی پیاوانیان بدرێتێ و، زۆر جار لە لایەن بەڕێوەبەر، یان هاوکارانەوە، چ لە لایەنی جەستەیییه‌وه بێت، یان لە لایەنی دەروونییەوە توندوتیژییان بەرانبەر دەکرێت و دەچەوسێندرێنەوە، یان لە ماڵەوە لە لایەن مێردەکانیان، یان کەسوکاریانەوە بە توندترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. هەندێ کاتیش ژنان لە میرات بێبەری دەکرێن، یان نیوه‌ی میراتی پیاوان وه‌رده‌گرن و لە مافی سروشتیی خۆیان دوور دەخرێنەوە. هه‌ندێ له پیاوان به که‌ڵکوه‌رگرتن له هۆکاری دارایی و ئابووری، ژنیان خستووەته ژێر ڕکێفی خۆیانەوە و ده‌یانچه‌وسێننه‌وه و ڕێگه له سه‌ربه‌خۆییی داراییی هاوسه‌ره‌کانیان ده‌گرن و، به نه‌دانی خه‌رجیی ماڵ و به‌کارهێنانی پا‌ره‌کانیان، کێشه و نه‌هامه‌تیی دارایی‌یان بۆ دروست ده‌که‌ن.
7. توندو‌تیژیی یاسایی: ته‌ڵاق، فره‌ژنی، سیغه (موتعه)، په‌یوه‌ندیی دوور له چاوی ژن و په‌روه‌رده‌ی منداڵ، ڕێگریکردنی پیاو له جیابوونه‌وه، ڕێگه‌گرتن له گه‌شه‌ی فیکری، په‌روه‌رده‌یی و به‌شداری له چالاکیی کۆمه‌ڵایه‌تی، جۆرێکی تره له توندوتیژی، که ده‌بێته هۆی سنووردارکردنی په‌یوه‌ندیی ژن له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه، خێزان و هاوڕێ و ده‌وروبه‌ری.
هه‌ڵوێستی ژنان له به‌رامبه‌ر توندوتیژیدا:
زۆربەی کات ئەو ژنانەی توندوتیژییان لەگەڵدا دەکرێت، به‌دوور له ویستی خۆیان، حەز ناکەن، یان نا‌وێرن سکاڵا لای پۆلیس، یان ڕێکخراوی ژنان تۆمار بکەن. هەر بۆیە ناچارن بێدەنگ بن، چونکە ئەگەر وا نەکەن بەرەوڕووی توندترین شێوەی توندوتیژی دەبنەوە و ئەگەری کوشتنیان لێ دەکرێت. هۆکاری بێده‌نگبوونیشیان زۆره، له‌وانه: بێبەشبوون لە پشتیوانیی که‌سوکار، بێشوێنی و بێماڵی، زامننه‌کردنی باری کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری، که‌لتووری عه‌یبه، به‌سووک سه‌یرکردنی ژنان، بڕواپێنه‌کردن و بێپشتیوانیی یاسایی و هتد.
چاره‌سه‌ره‌کان بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی توندوتیژی:
١- کارکردن له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌یه‌کی نوێی په‌روه‌رده، كه تێیدا به‌ها و یه‌كسانیی ڕه‌گه‌زی له به‌رنامه‌ی په‌روه‌رده‌دا ڕه‌نگ بداته‌وه.
٢- ڕیفۆرمێكی سیاسی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی، كه ڕێزی زیاتر له مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادیی مرۆڤ بگرێت.
٣- ڕه‌خساندنی بواری زیاتر بۆ ژنان، تا بتوانن له نه‌خشەی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگه‌د‌ا ڕۆڵیان هه‌بێت.
٤- هه‌ماهه‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی و یه‌کده‌نگی له نێوان سه‌رجه‌م ڕێكخراو و سه‌نته‌ره‌كانی ژناندا له‌سه‌ر مافه ڕه‌واكانی خۆیان.
٥- داڕشتنه‌وه‌ی پلانی حكوومه‌ت و پێداچوونەوەی به ستراتیژ و به‌رنامه‌ی تایبەتی خۆیدا سەبارەت به دۆخی ژنان.
٦- کارکردنی که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن به فه‌لسه‌فه و ستراتیژێکی په‌روه‌رده‌ییی نوێ، که ببێته ده‌روازه‌یه‌کی کاریگه‌ر بۆ ئه‌و هۆکاره جۆربه‌جۆرانه‌ی ده‌بنه جیاکاریی نێوان ڕه‌گه‌زه‌کان.
سه‌رچاوه: