زۆر کات گوێبیستی ئه‌وه بووین که ئێستا زۆر ڕه‌فتار و دیارده‌ی ئه‌خلاقی له بواره جیاجیاکاندا به‌دی ده‌کرێت، که له سه‌رده‌می ڕابردوودا که‌م بووه، له‌وانه: درۆ، ناسیاوی و خزمخزمێنه، واسته، دزین، قۆپی، فێڵکردن، پابه‌ندنه‌بوون به به‌ڵێن، ناپاکی، ڕاکردن له به‌رپرسیارێتی، زمانی زبر و توندوتیژی و هتد. لێره‌وه پرسیارێک ده‌خوڵقێت: ئایا ئێمه له قه‌یرانی ئه‌خلاقیدا ده‌ژین، یان ئه‌خلاق له قه‌یراندایه؟ گه‌ر وایه، هۆکاره‌کانی بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟ هه‌ندێ که‌س پێیان وایه دۆخه‌کان له ڕووی ماددی و گوزه‌رانی خراپی خه‌ڵکه‌وه، زیاتر ده‌بنه هۆی پشێوی و پاڵنه‌ری خه‌ڵک له‌ژێر گوشاری خراپیی بارودۆخدا بۆ لادان و گۆڕینی ئاراسته‌ی ڕه‌وشت و ڕه‌فتار و ئه‌خلاق و دروستبوونی قه‌یران، به‌ڵام له لایه‌کی تره‌وه، که‌سانی تر هه‌ن پێداگیری له‌وه ده‌که‌ن که قه‌یرانه‌کانه ده‌بنه هۆی ده‌رخستنی ناخی خه‌ڵکانی باش، به‌و مه‌به‌سته‌ی له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆماندا ناخی خه‌ڵک خراپه؛ بۆیه ئێمه له قه‌یرانێکی ئه‌خلاقیدا ده‌ژین، که هیچ پاساوێکی نییه. ئه‌خلاق: بریتییه له کۆمه‌ڵێک به‌ها، که به شێوه‌یه‌کی گشتی ڕاکێشی باشه و چاکه و دوورکه‌وتنه‌وه له ناخۆشی و شه‌ڕ و، شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کانی هۆشیاریی مرۆیی ده‌کات؛ هه‌روه‌ک چۆن به کۆمه‌ڵه به‌ها و بیروباوه‌ڕێک داده‌نرێت که جووڵێنه‌ری که‌س و نه‌ته‌وه و میلله‌تانه، وه‌ک ئازادی و یه‌کسانی و داد؛ به شێوه‌یه‌ک ده‌گاته ئاستێک که ده‌بێته سه‌رچاوه‌یه‌کی ڕۆشنبیری بۆ ئه‌و میلله‌تانه، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته پاڵپشتێکی یاسایی که له لایه‌ن وڵاتانه‌وه یاسا و ڕێساکانی لێ هه‌ڵده‌هێنجرێ. سیاسه‌ت: بریتییه له ڕێگه‌کانی سه‌رکردایه‌تیکردنی کۆمه‌ڵه مرۆیییه‌کان و ئامرازه‌کانی به‌ڕێکردنی کاروباره‌کانیان؛ له‌و ڕوانگه‌یه‌وە کە پێی وایه سوودمه‌ند و باش ده‌بێت. هه‌ڵوێسته‌کان له‌باره‌ی سیاسه‌ت و ئه‌خلاقەوە له نێوه‌ندی تێڕوانین و بۆچوونه‌کاندا دوو هه‌ڵویستی جیا به‌دی ده‌کرێت له‌مه‌ڕ ململانێی نێوان بیری سیاسی و ئه‌خلاقەوە، که خۆی له ململانێی نێوان ئامراز و ئامانجدا ده‌بینێته‌وه. هه‌ڵویستی یه‌که‌م: ئامانجی سیاسه‌ت بریتییه له پاراستنی ده‌وڵه‌ت، بۆیه له پێناو مانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تدا هه‌موو ئامرازێکی ڕه‌وا و نا‌ڕه‌وا به‌کار ده‌هێنن؛ بۆیه جیاکه‌ره‌وه‌یه‌کی ئاشکرا له نێوان سیاسه‌ت و ئه‌خلاقدا به‌دی ده‌کرێت. مه‌کیاڤێللی ده‌ڵێت: "ده‌بێ ئامانجی سیاسه‌ت له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕی نائه‌خلاقی هه‌ڵبژێردرێت." بۆیه ده‌بێ ئه‌خلاق دوور بخرێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به تاکه ڕێگر و به‌ربه‌ست داده‌نرێت. به‌ڵام پێشکه‌وتنی ده‌وڵه‌ت و تێڕوانینی مه‌کیاڤێللی، خۆی سه‌رچاوه‌ی له‌و بیره‌وه وه‌رگرتووه که مرۆڤ به زیاندار و ده‌روونڕه‌ش داده‌نرێت، که هیج شت له خۆپه‌رستی و شه‌ڕه‌نگێزییەکەی که‌م ناکاته‌وه، ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نه‌بێت. وه‌ک گوتراوه "ئامانج پاساوه بۆ ئامراز"؛ به‌و مانایه‌ی گه‌ر ئامانجه‌که باش بێت، پێویسته بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئامرازێک، که پێچه‌وانه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌خلاقدا، وه‌ک: کوشتن، ده‌ربه‌ده‌ری، به‌ندکردن و هتد. به ڕای مه‌کیاڤێللی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی له‌سه‌ر ئه‌خلاق به‌نده، زۆر داده‌ڕووخێت، بۆیه سیاسه‌تکردن له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌خلاق ڕه‌ت ده‌کاته‌وه؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تێڕوانینی نه‌رێنیی له‌سه‌ر مرۆڤ هه‌یه و، پێی وایه دانانی یاساکان ئامرازه بۆ دانانی سنووری خۆپه‌رستیی مرۆڤ و ئاره‌زووکردنی بۆ ناکۆکی و خاوه‌ندارێتی و زاڵبوون. له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌یشدا، پێی وایه ده‌سه‌ڵاتدار ده‌بێ هه‌موو ڕێگه‌یه‌کی فێڵ و هه‌ڵخه‌ڵاتاندن به‌کار بهێنێت، که به هۆیه‌وه ده‌توانێت ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر ئەو که‌سانەدا کە حوکـمڕانییان ده‌کات، هه‌روه‌ها به‌سه‌ر وڵاتانی تریشدا زاڵ بکات. ڕه‌خنه‌گرانی ئه‌م بۆچوونه پێیان وایه، ئه‌و تێڕوانینه له‌سه‌ر سروشتی مرۆڤ، که به شه‌ڕه‌نگێز و خۆپه‌رست وه‌سفی ده‌کات، گوزارشتێکی ڕاست نییه. بۆیه ئه‌و بۆچوونه له‌گه‌ڵ ئامانجی کۆمه‌ڵگه یه‌ک ناگرێته‌وه، که بریتییه له کۆمه‌ڵه تاکێک و، ئامانجی کۆمه‌ڵ بریتییه له چاکسازیی گشتی و باشی بۆ گشت، که ئه‌وه‌یش له چوارچێوه‌ی ئه‌خلاقدا نه‌بێت نایه‌ته دی. هه‌ڵوێستی دووه‌م: کانت پێی وایه ئامانجی سیاسه‌ت پاراستنی مرۆڤه، که بونه‌وه‌رێکی ئه‌خلاقییه. بۆیه ده‌بێ سیاسه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌خلاق بنیات بنرێت، بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌کی ڕاست کار و ئه‌رکه‌کانی به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌گه‌ر ئازادی زه‌رووره‌تێکی ئه‌خلاقی بێت، ئه‌وا سیاسه‌تیش به هه‌مان شێوه زه‌رووره‌تێکی ئه‌خلاقییه و، ئامانجی پاراستنی ئازادیی تاکه‌کانه سه‌ره‌ڕای تێڕوانین و ڕای بیرنارد ڕاسل، که پێی وایه ڕووداوه مێژوویییه‌کان ده‌ره‌نجامی تێڕوانینی گۆڕانکارییه سیاسییه دیاریکراوه‌کانن و، بۆ ئه‌وه‌ی داهاتوو له ڕووی سیاسییه‌وه زیاتر له ئاسایش و جێگیریدا بێت، پێویسته له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕی سیاسی بنیات بنرێت، چونکه چاره‌نووسی مرۆڤایه‌تی په‌یوه‌ندیداره به په‌یوه‌ندیی سیاسه‌ت به ئه‌خلاقه‌وه. هه‌روه‌ها کانت جه‌ختی کردووەته‌وه که دیارده‌ی داگیرکه‌ر له ڕووی بیروباوه‌ڕه‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ حوکمڕانیی تاک به شێوه‌یه‌کی ڕه‌ها. ڕه‌خنه‌گرانی ئه‌م بۆچوونه پێیان وایه، پێویست ناکات ڕۆڵی گه‌وره به ئه‌خلاق بدرێت له پشتیوانیکردنی بۆ سیاسه‌ت، چونکه له هه‌ندێ کاتدا، بۆی ده‌بێته ڕێگری و به‌ربه‌ست. په‌یوه‌ندیی نێوان به‌رپرسیارێتیی یاسایی و ئه‌خلاقی بێ گومان به‌رپرسیارێتیی یاسایی و ئه‌خلاقی، دوو شتی جیاوازن. بۆ نموونه، به‌رپرسیارێتیی یاسایی، تازه‌گه‌ری له یاساداناندا ده‌کات بۆ به‌رده‌م تاک، یان یاسا، به‌ڵام به‌رپرسیارێتیی ئه‌خلاقی، به‌رفراوانتره له بازنه‌ی یاسا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیداره به په‌یوه‌ندیی مرۆڤ به خۆی و ئه‌وی تر و خوداوه‌ندی خۆیه‌وه؛ واته به‌رپرسیارێتییه‌کی خۆیییه له به‌رده‌م ویژدان و خوداوه‌ندی خۆیدا. به‌ڵام بازنه‌ی یاسا، گه‌مارۆدراوه به ڕه‌فتاری مرۆڤ به‌رامبه‌ر ئه‌وی تر و، به‌پێی یاسای کارپێکراو ده‌گۆڕێت و له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتێکی ده‌ره‌کییه‌وه جێبه‌جێ ده‌کرێت؛ له لایه‌ن دادوه‌ر، پیاوانی ئاسایش و گرتووخانه‌کانەوە. به‌ڵام به‌رپرسیارێتیی ئه‌خلاقی جێگیره و ناگۆڕێت، که له لایه‌ن هێزێکی خۆیییه‌وه پیاده ده‌کرێت و په‌یوه‌ندیداره به ویژدانی مرۆڤه‌وه، که خۆی ده‌سه‌ڵاتی یه‌که‌مییه‌تی. به دیوێکی دیکه‌دا، ئه‌خلاق په‌یوه‌ندیداره به ئیماندارییه‌وه و، هه‌ندێ که‌س پێیان وایه له‌ده‌ستدانی بەکگراوندی ئیماندارێتی له لایه‌ن مرۆڤه‌وه ده‌یخاته نێو ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌یه‌کی فکرییه‌وه، له ڕوانگه‌ی پاراستنی پێوه‌ره ئه‌خلاقییه‌کانەوە له سه‌رلێشێوان و شپرزه‌بوون. |
مه‌سه‌له‌ی چاکسازیی ئه‌خلاقی و گێڕانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک به‌های ڕه‌سه‌ن، له‌ناوه‌ڕۆکدا مه‌سه‌له‌یه‌که که داهاتووی نیشتمانه و ئامانج لێی خۆشگوزه‌رانیی کۆمه‌ڵ و هاووڵاتییه‌کانییه‌تی؛ له‌و ڕوانگه‌یه‌ی ئه‌وه ئامانجی حوکمڕانیی دروست و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نییه، که پێویستی به یارمه‌تیدانی هه‌موو تواناکان هه‌یه له پێناو به‌دیهێنانی په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌پێدانی به‌رفراوان، که به بنیاتنانی به‌ردی بناغه ناوه‌ستێت، به‌ڵکوو بۆ بنیاتنانی مرۆیی، درێژه‌ی ده‌بێت.
ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی لایه‌نی ئابووری، وه‌ک جه‌نگێک به‌سه‌ر هه‌ژاری و یارمه‌تی و برسێتیدا ده‌بێته به‌شێکی سه‌ره‌کی له گێڕانه‌وه‌ی ئه‌خلاق و ڕاستکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه به‌هاکان له‌ناو لایه‌نی چاکسازیی به‌رفراواندا، که به جه‌نگ ده‌ست پێ ده‌کات له‌گه‌ڵ هه‌ژاریدا؛ به مه‌به‌ستی چاککردنی ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتیان، به ئامانجی پاراستنی به‌ها ڕاسته ئه‌خلاقییه‌کان. بۆیه به مه‌به‌ستی کارکردن له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی ئه‌وله‌وییاتی چاکسازییه سه‌ره‌کییه‌کان، کارکردن له‌سه‌ر چه‌ند لایه‌نێک پێویسته. له‌وانه:
1. پێگه‌یاندنی نه‌وه‌ی نوێ له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێزگرتن له به‌های لێبوورده‌یی؛ به شێوه‌یه‌ک کە دووریان بخاته‌وه له ده‌مارگیری، زیاده‌ڕۆیی، توندوتیژی و ڕێزنه‌گرتنی بیروباوه‌ڕی ئه‌وانی دیکه، هه‌روه‌ها هێما ئایینییه‌کانیان و باوه‌ڕبوونیان به مافه‌کانی ها‌ووڵاتیبوونی وه‌کیه‌کی و یه‌کسان، جگه له به‌رزکردنه‌وه‌ی به‌های کار و ئه‌رک و به‌هێزکردنی ئینتمای نیشتمانی، له ڕێی بایه‌خدان به خوێندنگه‌ی منداڵان و باش هه‌ڵبژاردن و ڕاهێنانی مامۆستاکانیان، چونکه ئه‌و قۆناغه ته‌مه‌نێکه، که بۆ چاندنی زۆربه‌ی به‌ها سه‌ره‌کییه‌کان له ده‌روونی نه‌وه‌ی نوێ‌دا گونجاوترینه.
2. پێویسته ڕۆڵی ژنان ببێته ڕۆڵی هه‌مووان؛ به واتای پێگه‌یاندنی ژنان و ئاماده‌کردنیان وه‌ک مرۆڤ و دایک، که ڕۆڵێکی گه‌وره و گرنگ له په‌روه‌رده‌کردنی منداڵدا ده‌گێڕێت. بۆیه ڕێزلێگرتنی وه‌ک مافێکی مرۆڤ، ئه‌رکی هه‌مه‌لایه‌نه‌یه، که کاری له‌سه‌ر بکات به مه‌به‌ستی سڕینه‌وه‌ی هه‌موو وێنایه‌کی جیاکاریی خراپ، که ده‌بێته مایه‌ی که‌مکردنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی، جگه له ڕاستکردنه‌وه‌ی ژێرخانی یاسایی‌ی په‌یوه‌ندییه خێزانییه‌کان، که زامنی مافی خۆی و منداڵه‌کانی ده‌کات له کاتی ته‌ڵاقدا. هه‌روه‌ها بایه‌خدان به ڕۆشنبیرکردنی، به مه‌به‌ستی ڕۆڵبینینی له گشت بواره‌کانی کۆمه‌ڵدا به‌پێی ویست و خواست و تواناکانی.
په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌خلاق و سیاسه‌ت
ئه‌خلاق به‌شێکه، جیا ناکرێته‌وه له تێڕوانینی خۆیی بۆ مرۆڤ و، تا ئاستێکی گه‌وره وێنای جیهانی کۆمه‌ڵایه‌تی-سیاسیی بۆ دیاری ده‌کات. له کاتێکدا سیاسه‌ت، یه‌کێکه له گرنگترین بواره‌کانی چالاکییه مرۆیییه‌کان و، ناکرێت له ئه‌خلاق جیا بکرێته‌وه.
به‌ها و پێوه‌ره ئه‌خلاقییه‌کان، که په‌یوه‌ندییان به دنیای سیاسه‌ته‌وه هه‌یه له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه و په‌یوه‌ندیییه‌کانی و ڕه‌فتاری باوی کۆمه‌ڵگه، کۆمه‌ڵێک ئه‌خلاقی سیاسی پێک ده‌هێنێت که بۆ به‌رنامه‌ی سیاسیی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدار و چالاکیی سیاسیی حزبه‌کان و ڕێکخراو و تاکه‌کانیش به‌کار دێت. ئه‌وه‌ی ئه‌خلاق و سیاسه‌ت کۆ ده‌کاته‌وه، ئه‌وه‌یه که له پێشه‌وه‌ی ئامرازه‌کانی ڕێکخستنی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تییه، که به جووڵێنه‌ر و گۆڕان وه‌سف ده‌کرێن؛ به‌وه‌ی ڕه‌فتار و هه‌ڵسوکه‌وتی خه‌ڵک ڕێک ده‌خه‌ن.
ئه‌خلاق، بریتییه له به‌ها و بابه‌ته مه‌عنه‌وه‌ییه‌کانی که ده‌بنه نموونه‌ی دیار و له هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕه‌فتاری تاکه‌کاندا ده‌رده‌که‌وێت و، هه‌ڵقووڵاوی پاڵنه‌ره خۆیییه‌کانه. له کاتێکدا سیاسه‌ت واقعییه و ئامانجی دیاریکراوی هه‌یه و، بۆ به‌دیهێنانی ده‌ره‌نجامی دیاریکراو هه‌وڵ ده‌دات.
گرنگترین خه‌سڵه‌ته‌کانی سیاسه‌ت پشت به هێز ده‌به‌ستێت و، هه‌موو ڕێسا زۆره‌ملێکان بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌وه‌ی پێویسته به‌کار ده‌هێنێت و، هاوکات له کاتی پێویستدا په‌نا بۆ سزاکان ده‌بات. له کاتێکدا ئه‌خلاق به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی پشت به ئازار و لێپرسینه‌وه‌ی ویژدان ده‌به‌ستێت. ئه‌خلاق، له به‌شێکی گه‌وره‌یدا له‌گه‌ڵ توندوتیژیدا دژە، له کاتێکدا له هه‌ندێ کۆمه‌ڵگه‌ی دیاریکراودا پێوه‌ری ئه‌خلاقی هێندە په‌سه‌ندکراوه، که به شێوه‌یه‌کی دیاریکراو پاساو بۆ به‌کارهێنانی توندوتیژی ده‌هێنێته‌وه. ئه‌رکی ئه‌خلاقی، ئه‌رکێکه ملکه‌چی بیروباوه‌ڕه گشتییه‌کانی مرۆڤایه‌تی ده‌بێت، بێ بیرکردنه‌وه له‌وه‌ی که ئه‌و یاسایه ڕاسته، یان هه‌ڵەیە. له کاتێکدا ئه‌رکی سیاسی، خۆی له ملکه‌چبوونی تاکدا بۆ یاسای ده‌وڵه‌ت ده‌بینێته‌وه؛ واته جێبه‌جێکردنی ئه‌رکی ئه‌خلاقی گرێدراوی بیروباوه‌ڕه گشتییه‌کانه به مرۆڤایه‌تییه‌وه.
به واتایه‌کی تر، به جۆرێک له جۆره‌کان ئه‌رکی ئه‌خلاقی و سیاسی له زۆر لایه‌نه‌وه ڕێک ده‌که‌ون، به‌ڵام جیاواز ده‌بن ته‌نیا له ڕووی هه‌ستکردنی تاک له کاتی جێبه‌جێکردنی ئه‌رکه‌کانیدا، به‌و واتایه‌ی ئه‌رکی ئه‌خلاقی و سیاسی لێکچووه؛ به‌ڵام ئه‌رکی ئه‌خلاقییه، که وا له تاک ده‌کات له کاتی جێبه‌جێکردنی ئه‌رکه‌که‌یدا، هه‌ست بکات که یاسای گشتی بۆ مرۆڤایه‌تی، له‌گه‌ڵ یاسای نیشتمانیدا بۆ تاک جیاوازیی نییه. ئه‌وه‌یه وا له یاسا ده‌کات که یاسایه‌کی ئه‌خلاقی بێت، چونکه ئه‌رکی ئه‌خلاقی ئه‌گه‌ر له جێبه‌جێکردنیدا تاکلایه‌نه‌یش بێت، به‌ڵام به‌های ئه‌و ڕه‌فتار و ڕه‌وشتانه گشتگیره؛ چونکه له کاتی جێبه‌جێکردنیدا هاووڵاتی به ئه‌رکه ئه‌خلاقییه‌که‌ی، خزمه‌ت به کۆمه‌ڵه مرۆیییه‌کان ده‌کات. بۆیه ئه‌و به‌یه‌کداچوونانه له نێوان ئه‌خلاقی و سیاسییه‌کاندا، وا له مه‌سه‌له‌که ده‌کات که قورس و ئاڵۆزتر بێت له پێکهێنانی پێوه‌رێک بۆ جیاکردنەوەی ئه‌رکه سیاسییه‌کان له ئه‌رکه ئه‌خلاقییه‌کان.
له‌و ڕوانگه‌یه‌وه په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌واوکاری له نێوان ئه‌رکی ئه‌خلاقی و ئەرکی سیاسی‌دا هه‌یه؛ به‌و واتایه‌ی یه‌که‌میان چالاکتره و هەر دەمێنێت، له‌و کاته‌دا کە دووه‌میان شکست ده‌هێنێت. به‌و شێوه‌یه کۆمه‌ڵگه زیاتر هاوسه‌نگ ده‌بێت و ڕه‌فتاره‌کانی تاکیش زیاتر ڕێک ده‌خرێت. بۆیه لێره‌وه پرسیارێک به‌کراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه، کە ئایا ده‌کرێت ئه‌رکی ئه‌خلاقی له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕه واقعییه‌کان بنیات بنرێت؟
چه‌مکی ئه‌خلاق و سیاسه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتدا
واقعی سیاسی و به‌گشتی سیاسه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتدا به به‌رژه‌وه‌ندیییه‌کان پێناسه ده‌کرێت، که زیاتر مه‌به‌ست لێی به‌رژه‌وه‌ندییه که‌سییه‌کان (تایبه‌تییه‌كان)ه، یان به‌رژه‌وه‌ندیی توێژیک، یان کۆمه‌ڵه سیاسییه‌ک، نه‌ک مه‌به‌ست لێی به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای وڵات بێت. ئه‌گه‌رچی هه‌ندێکی دیکه، به‌وه ناوی ده‌به‌ن که هونه‌ری ئه‌گه‌ره‌کانه و، مه‌به‌ست لێی به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵاتیانه؛ به مه‌به‌ستی سوودوه‌رگرتن له به‌رژه‌وه‌ندی و ده‌ستکه‌وتی که‌سێتی، نه‌ک مه‌به‌ستیان لێی هه‌ڵبژاردنی ئه‌لته‌رناتیڤی کرده‌یی بێت له نێوان ئه‌لته‌رناتیڤی جیاوازدا بۆ وه‌رگرتنی بڕیاری دروست.
بوونی ئه‌و واقعه‌یه وا ده‌کات، که زۆر جار په‌یوه‌ندییه‌کی خراپ هه‌بێت، تا ڕادده‌ی ئه‌وه‌ی بگوترێت كه له سیاسه‌تدا شتێک نامێنێته‌وه که ناوی ئه‌خلاق بێت. بوونی ئه‌و پێشێلکردنه ئه‌خلاقییه‌یشه، وا ده‌کات هیچ به‌ها و بنه‌مایه‌کی مرۆیی نه‌مێنێته‌وه و ئیدی سیاسه‌ت خزمه‌ت به گشت نه‌کات، هێنده‌ی به به‌رژه‌وه‌ندیی که‌سانی تایبه‌تی دەکات و، گۆڕانکاریی باش و ڕیشه‌یی دروست نه‌کات، هێنده‌ی پاشه‌کشه و چه‌قبه‌ستوویی ده‌كات و، ئارامی و خۆشگوزه‌رانی بۆ خه‌ڵک نه‌هێنێته‌وه ئاراوه، هێنده‌ی بێزاری و نه‌فره‌ت و دوورکه‌تنه‌وه و هتد. بۆیه ئه‌وه‌ی گرنگه، بوونی په‌یوه‌ندیی باش و ته‌واوکارییه له نێوان ئه‌خلاق و سیاسه‌تدا له پێناو خزمه‌تی هاووڵاتیان و کۆمه‌ڵگه به‌گشتی و، ڕۆڵبینینی هه‌ر یه‌که‌یانه به‌کرده‌یی، چونکه پیاده‌کردنی ئه‌خلاق له هه‌ر بوار و ڕوویه‌که‌وه به‌شێکی گرنگه له سه‌رکه‌وتنی ئامانج و پرۆسه گه‌وره‌که و، به‌پێچه‌وانه‌وه پێوار (غیاب) و قه‌یرانی ئه‌خلاقییش ده‌بێته مایه‌ی شکست و پشێوی و داڕمانی تاک و کۆمه‌ڵگه. بۆیه هه‌ر یه‌ک له سیاسه‌ت و ئه‌خلاق، ده‌بێ په‌یوه‌ندییه‌کی باش له نێوانیاندا هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی کاروباره‌کانی سیاسه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌خلاقی و جێگیری به‌ڕێوه بچێت و هه‌ستکردن به ئاسایش له نێوان تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌بێت.
سه‌رچاوه:
- الواجب ما بين الأخلاق والسياسة، عبد العزيز الخال.