سه‌د ڕۆژ له‌ چاكسازى

سه‌ره‌تا :

له‌ سه‌ره‌تاكانى سه‌ده‌ى نۆزده‌دا چه‌مكى سه‌د ڕۆژ له‌ چاكسازى ONE HUNDRED DAYS OF REFORM ئاماژه‌ بوو بۆ ده‌سته‌واژه‌يه‌كى سياسى و،‌ ئاماژه‌ بوو بۆ ‌ماوه‌يه‌كى كورتى چاكسازیى گشتگير له‌ هه‌موو بواره‌كان له‌ چين، به‌ شێوه‌يه‌كى دياريكراويش ئه‌م سه‌د ڕۆژه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان مانگى ئازار و مانگى حوزه‌يرانى ساڵى 1815ز. پاش ئه‌وه‌ى كه‌ پاشا "گوانگسۆ ئيگرايى" هاته‌ سه‌ر ته‌ختى فه‌رمانڕه‌وايى، ئه‌مه‌یش له‌ دواى ئفليجبوونى ئيمپراتۆرييه‌تى چين بوو له‌ هه‌موو بواره‌كانه‌وه‌ و،‌ دواى دۆڕانى چه‌ند جه‌نگيكى گه‌وره‌ بوو، كه‌ گرنگترينيان شكستيان به‌رامبه‌ر ژاپۆن بوو له‌ جه‌نگى "واته‌رلۆ"دا. بۆيه‌ پادشاى ئه‌و كاتى چين، هه‌ستى به‌ كێشه‌كان كرد و گوتى: "كۆمه‌ڵگه‌ى چينى له‌ قه‌يرانێكى گه‌وره‌دايه‌، به‌ڵام ده‌روازه‌ى چاره‌سه‌ركردنى قه‌يرانه‌كان نازانم، هه‌روه‌ك چۆن هه‌موو كه‌سێكى نه‌خۆش، ده‌زانێت كه‌ نه‌خۆشه‌، به‌ڵام چۆنيه‌تیى چاره‌سه‌كردنى نه‌خۆشييه‌كه‌ نازانن، تا ئه‌و كاته‌ى پزيشك ده‌ستنيشانى ده‌كات و چاره‌سه‌رى ده‌كات. بۆيه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى چينى، پێويستیى به‌ فريادڕه‌س و پزیشكێك هه‌يه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌يه‌، بگه‌يه‌نێت به‌ كه‌نارێكى ئارام." پاش ئه‌وه‌ى پادشا ئيگرايى، دركى به‌ قه‌يرانه‌كانى وڵاته‌كه‌ى كرد، هاوكاریى  له‌ گه‌نجێك وه‌رگرت كه‌ چالاكوانێكى سياسى بوو به‌ناوى "كانگ يۆويى" (Kang Yuwei) و به‌ "كۆنفۆشيۆس"ی نوێ ناوى ده‌ركردبوو.

ئه‌م گه‌نجه،‌ زۆر كاريگه‌ر بووه‌ به‌ هزره‌كانى كۆنفۆشيۆس و ئه‌فلاتۆن و ئه‌رستۆ و، به‌ شێوه‌يه‌كى گشتى كاريگه‌ر بووه‌ به‌ هزر و فه‌لسه‌فه‌ى ڕۆژاوا. له‌ ته‌مه‌نى 29 ساڵيدا، دوو كتێبى ده‌رباره‌ى چاكسازى بڵاو كرده‌وه‌ و،‌ يارمه‌تیى هه‌موو بزووتنه‌وه‌ ڕێفۆرمخوازه‌كانى چينى داوه‌،‌ به ‌شێوه‌يه‌ك كه‌ كاريگه‌رييه‌كى باشي خستۆته‌ سه‌ر سيسته‌مى سياسى و ده‌سه‌ڵاتدارانى چينى، كه‌ هه‌ميشه‌ داواى ده‌كرد كه‌ پێويسته‌ حكوومه‌تێكى دامه‌زراوه‌يى بۆ چين بنيات بنرێت كه‌ فۆرمێكى جياواز بێت له‌و ڕژێمه‌ پاشايه‌تييه‌ى كه‌ ئه‌و كات له‌ چين هه‌بووه‌.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش پرۆژه‌يه‌كى چاكسازیى پێشكه‌ش به‌ پادشاى ئه‌و كاتى چين كرد و، پاش ڕازيبوونى پادشا به‌ پرۆژه‌كه‌ى "كانگ"، كانگى ڕاسپارد بۆ گه‌شه‌پێدان به ‌بزووتنه‌وه‌ى چاكسازى له‌ چينى پادشايه‌تى. "كانگ" ڕاسته‌وخۆ، هاوڕێ له‌گه‌ڵ ڕيفۆرمخوازه‌كانى تر، هه‌وڵيان دا گۆڕانكاریى گه‌وره‌ له‌ چينى پادشايه‌تى دروست بكه‌ن كه ‌كۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌و حاڵه‌تێكى شارستانى ببه‌ن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش جه‌ختيان له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێكى گرنگ كرده‌وه‌ كه‌ په‌يوه‌ندیى به‌ دروستكردنى هاووڵاتیى باشه‌وه‌ هه‌يه‌. ئه‌وان پێيان وا بوو هۆكارى هه‌موو قه‌يرانه‌كان بريتيیه‌ له‌ نه‌بوونى هاووڵاتیى باش. چونكه‌ وايان ده‌بينى كه‌ سه‌ره‌ڕاى دروستكردنى شوورا و گه‌شه‌سه‌ندنى چين له‌ ڕووى بيناسازييه‌وه‌، به‌ڵام كێشه‌ى گه‌وره‌يان بريتييه‌ له‌وه‌ى كه‌ نه‌يانتوانيوه‌ هاووڵاتییه‌كی وا بنيات بنێن كه‌ تواناى پارستنى ئاسايش و ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌يیى خۆى هه‌بێت. گرنگترين ئه‌و خاڵانه‌ى كه‌  جه‌ختيان له‌سه‌ر كرده‌وه‌ بريتين له‌:

  1. يه‌كه‌م هه‌نگاوى ڕيفۆرم و چاكسازييان به‌ گۆڕينى سيسته‌مى په‌روه‌رده‌يى ده‌ست پێ كرد، به‌ربنه‌ماى بير و بۆچوونه‌كانى "كۆنفۆشيوس" كه‌ پێى وايه‌ گه‌نده‌ڵى له ‌سيسته‌مى سياسى، به‌ره‌نجامى نه‌بوونى هاووڵاتیى باشه؛ كه‌ له‌مه‌یشدا كۆى گشتیى دامه‌زراوه‌ په‌روه‌رده‌ييیه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ به‌رپرسن، وه‌ك خێزان، قوتابخانه‌، حزبى سياسى و هه‌موو دامه‌زراوه‌كانى ترى كۆمه‌ڵگه‌. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌ڕه‌ته‌ بڕياريان دا به ‌دامه‌زراندنى سيسته‌مێكى نۆىى په‌روه‌رده‌يى، كه‌ تيايدا چاكسازييه‌كى ڕيشه‌یی له‌ كارى قوتابخانه‌كاندا بكرێت و، له‌گه‌ڵ هه‌موو پێوه‌ره‌كانى پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندن له‌ جيهاندا بگونجێت و پرۆگرامى خۆیندنى پیشەیى و تیۆرییان  گۆڕى و به ‌شێوه‌يه‌كى نۆى دايان ڕشته‌وه‌. ئه‌وان بڕياريان دا شێوازى تاقيكردنه‌وه‌كان بگۆڕن. هه‌روه‌ها پرۆژه‌يه‌كيان دانا بۆ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ى قوتابيان به‌ مه‌به‌ستى فێربوونى زانست و زانياریى نوێ و فێربوونى مه‌عريفه‌ى پێويست ده‌رباره‌ى چۆنيه‌تیى خۆێندنى پيشه‌يى و دروستكردنى ئامێر و ئامرازه‌ گرنگه‌كانى ته‌كنه‌لۆژی.
  2. هه‌نگاوى دووه‌ميشيان به‌ دامه‌زراندنى په‌رله‌مانێكى هه‌ڵبژيردراو ده‌ست پێ كرد، كه‌ ئه‌ندامانى له ‌لايه‌ن گه‌له‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردران. ئه‌م ئه‌ندامانه‌ له‌سه‌ريان بوو كه‌ پارێزگارى له‌ مافي هاووڵاتيان بكه‌ن، دژايه‌تیى هه‌موو جۆره‌ گه‌نده‌ڵييه‌ك بكه‌ن و هه‌وڵى سه‌رخستنى پرۆژه‌ى چاكسازى بده‌ن.
  3. له‌ هه‌نگاوى سيێه‌مدا، بڕياريان دا به ‌چاكسازيكردن له‌ بونيادى دامه‌زراوه‌ى سه‌ربازى له‌ چيندا و پێداچوونه‌وه‌ به ‌خزمه‌تى سه‌ربازی و،‌ تيشكيان خسته‌ سه‌ر پڕچه‌ككردنى سوپا بۆ به‌رگريكردن له‌ ئاسايش و به‌رژه‌وه‌ندیى گشتیى چين.
  4. هه‌روه‌ها چه‌ند پرۆژه‌يه‌كى گرنگيان بۆ چاكسازى له‌ كه‌رتى ته‌ندروستى و دابينكردنى ده‌رمان  و چاكتركردنى كه‌رتى كشتوكاڵى، به‌ يه‌ك پاكێج، پێشكه‌ش كرد.

جێبه‌جێكردنى هه‌موو ئه‌و چاكسازیيانه‌یش له‌ ئه‌ستۆى هه‌موو دامه‌زراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ بووه‌، به‌ڵام تيشكى سه‌ره‌كييان له‌سه‌ر پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن بووه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌يان زانيوه‌ ئه‌گه‌ر بێت و هه‌ر شكستێك له‌ خاڵى يه‌كه‌م ڕوو بدات، ئه‌وه‌ هه‌موو كه‌رته‌كانى تريش تووشى شكستى گه‌وره‌ ده‌بنه‌وه‌؛ چونكه‌ پرۆسه‌ى بنياتنان و پێگه‌ياندنى هاووڵاتیى باش شكستی هێناوه‌.

هه‌روه‌ك ئاشكرايشه‌ له‌ سه‌رده‌مى نوێدا، چين يه‌كێكه‌ له‌ وڵاته‌ زلهێزه‌كانى دونيا و خاوه‌ن پێگه‌يه‌كى گه‌وره‌يه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و يه‌كێكه‌ له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ى كه‌ تواناى به‌كارهێنانى مافى ڤيتۆى هه‌يه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسايش. له‌ ڕوانگه‌ى هه‌ندێك له‌ شاره‌زايان و مێژووناسان، ئه‌م گه‌شه‌سه‌ندنه‌ى وڵاتى چين له‌ ڕووى سياسى و ته‌كنه‌لۆژى و سه‌ربازييه‌وه‌، به‌ره‌نجامى ئه‌و چاكسازييانه‌يه‌ كه‌ كانگ و ڕيفۆرمخوازه‌كانى سه‌رده‌مى خۆى بنه‌ماكه‌يان دانابوو. بۆيه‌ ئێستایش چه‌مكى "سه‌د ڕۆژ له‌ چاكسازى" له‌ بير و هزرى زۆريك له‌ تاكه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى چينیدا بايه‌خى تايبه‌ت به‌ خۆى هه‌يه‌ و، خۆيان به‌ قه‌رزارى ئه‌و ڕۆژانه‌ ده‌زانن. له‌م چوارچێوه‌ خۆيندنه‌وه‌ مێژووييیه‌وه،‌ ده‌كرێت بپرسين پرۆسه‌ى چاكسازیى ڕيشه‌يى له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ چ ئاستيكدايه‌؟ ده‌سه‌ڵات و نوخبه‌ى ڕۆشنبير تواناى ئه‌نجامدانى پرۆژه‌يه‌كى گونجاوى چاكسازیى ڕيشه‌ييیان هه‌يه‌؟ بۆيه‌ به‌ پێويستى ده‌زانم به ‌شێوه‌يه‌كى پوخت، تيشك بخه‌مه‌ سه‌ر پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ هه‌رێمى كوردستان.                                

هه‌ڵسه‌نگاندنى پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ هه‌رێمى كوردستان:

هه‌روه‌ك ئاشكرايه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌م ڕۆژگاره‌ى ئه‌مڕۆماندا دوچارى كۆمه‌ڵێك قه‌يران و كێشه‌ى گه‌وره‌ بۆته‌وه‌، كه‌ به‌ره‌نجامى ئه‌و فۆرمه‌ له‌ حوكمڕانييه‌يه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ى 25 ساڵى ڕابردوو له‌ هه‌رێمى كوردستان پياده‌ كراوه‌، ئه‌وانيش: قه‌يرانى سياسى، قه‌يرانى دارايى، قه‌يرانى ياسايى، قه‌يرانى كۆمه‌ڵايه‌تى، قه‌يرانى خزمه‌تگوزارى، قه‌يرانى ته‌ندروستى و ژينگه‌يى، قه‌يرانى كه‌لتوورى و په‌روه‌رده‌يى، كه‌ ئه‌مه‌ى دوايیيان كاره‌ساتێكى گه‌لێك گه‌وره‌يه‌ و سه‌رچاوه‌ى هه‌موو قه‌يرانه‌كانى دیكه‌یه‌. بۆيه‌ ده‌بينرێت قه‌يرانه‌كان له‌ هه‌موو سێكته‌ره‌كانه‌وه‌يه‌‌ به ‌شێوه‌ى جياواز و ڕێژه‌ى جياواز. له‌ هه‌رێمى كوردستانيش هه‌مووان داواى چاكسازى ده‌كه‌ن: په‌ر‌له‌مان، حزبه‌كان به‌ ئۆپۆزیسيۆن و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، ڕۆشنبيران و كۆمه‌ڵگه‌ و پياوانى ئايینى و ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى و، ته‌نانه‌ت خودى حكوومه‌تى هه‌رێميش داواى چاكسازى ده‌كات و، ده‌ڵێت پێويستیمان به‌ چاكسازييه‌. ته‌نانه‌ت چه‌ندان ليژنه ‌و كۆڕ و سمينار و وۆركشۆپ بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى ده‌به‌سترێت، جگه‌ له‌مه‌یش ده‌سته‌ى نه‌زاهه‌ و ديوانى چاودێریى دارايى هه‌ن، وه‌ك دوو دامه‌زراوه‌ى فه‌رمى بۆ دژايه‌تیى گه‌نده‌ڵى.

لێره‌دا چه‌ند پرسيارێكى سه‌ره‌كى سه‌ر هه‌ڵده‌دات:‌ بۆچى پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌رده‌وام له‌ حاڵه‌تى شكستدايه‌؟ ئايا ده‌توانين بڵێین پرۆژه‌يه‌كى چاكسازى، له‌ كوردستاندا بوونى هه‌يه‌؟ ئايا ويست و ئيراده‌ى چاكسازى، پێش حزب و حكوومه‌ت له‌ ناخى تاكه‌كاندا هه‌يه؟‌ واته‌ تاك، له‌ بيركردنه‌وه‌ و هه‌ڵسوكه‌وت و ژيانى تايبه‌تى خۆىدا ئاماده‌ییى گۆڕانكاریى تێدايه‌؟ بۆچی ئاستى گه‌نده‌ڵى له‌ هه‌رێمى كوردستان، له‌ ڕێژه‌يه‌كى زۆر به‌رزه‌؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م پرسيارانه،‌ ده‌بێت ڕاسته‌وخۆ تيشك بخه‌ينه‌ سه‌ر بونيادى كۆمه‌ڵايه‌تى و كه‌لتوورى و سياسی و په‌روه‌رده‌يیى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى، چونكه‌ به‌بێ جياوازى، به‌شێكى زۆرى ئه‌و لايه‌نانه‌ى كه‌ پرۆژه‌يان بۆ چاكسازى هه‌يه‌، خۆيان به‌شێكن له‌ كێشه‌كان. داب و نه‌ريت و كه‌لتوورى ته‌سك و به‌رژه‌وه‌ندیى كه‌سی، ئاسته‌نگى گه‌وره‌ى به‌رده‌م پرۆسه‌ى چاكسازين له‌ هه‌رێمى كوردستان. خاڵێكى جه‌وهه‌رى لێره‌دا ئه‌وه‌يه،‌ له‌ هه‌موو پرۆژه‌يه‌ك و پاكێجێكى چاكسازیدا به‌رژه‌وه‌ندیى حزبى له‌به‌رچاو گيراوه‌. مه‌به‌ست لێى، ڕه‌شكردنه‌وه‌ و سڕينه‌وه‌ى به‌رامبه‌ر بووه،‌ به‌تايبه‌ت له‌ لايه‌ن حزبه‌ ئۆپۆزیسيۆنه‌كانه‌وه‌ و،‌ يان بۆ به‌رده‌وامیى ئه‌و واقعه‌ بووه كه‌ ده‌سه‌ڵات دروستى كردووه‌ له‌ لايه‌ن حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه‌. كه‌واته‌ پرۆژه‌يه‌كى چاكسازیى ڕاسته‌قينه‌ له‌ كوردستاندا، بوونى نه‌بووه‌. هه‌روه‌ها به ‌درێژايیى 25 ساڵى ڕابردوو، هيچ بزووتنه‌وه‌يه‌ك، يان گرووپێكى چاكسازى په‌يدا نه‌بووه‌، نه‌ له‌ناو خودى حزبه‌ سياسييه‌كان، نه‌ له‌ناو نوخبه‌ى ڕۆشنبير و نووسه‌ران و، نه‌ له‌ناو چينه‌ جياوازه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌دا؛ ئه‌وه‌ى هه‌بووه‌ ته‌نیا له‌ چوارچێوه‌ى چه‌ند وه‌ره‌قه‌يه‌كى نووسراو و چه‌ند  قسه‌يه‌كى بريقه‌دار بووه‌. چونكه‌ بۆ پرۆسه‌ى چاكسازى و هه‌ر ڕابوونێكى ڕيفۆرمخوازى، چه‌ند خاڵێكى بنه‌ڕه‌تى هه‌ن كه‌ به‌هه‌ند وه‌رده‌گيرێن:

  1. ئيراده‌ و ويستى جێبه‌جێكردن.
  2. ئه‌قڵ و فه‌لسه‌فه‌ و بونيادى هزرى.
  3. ده‌ستنيشانكردنى خاڵه‌ لاوازه‌كان و كێشه‌ جه‌وهه‌رييه‌كان.

ئه‌گه‌ر ته‌ماشاى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ين، ده‌بينين كێشه‌ى گه‌وره‌ له‌و سێ خاڵه‌ى سه‌ره‌وه‌ هه‌يه‌.  سه‌باره‌ت به‌ خاڵى يه‌كه‌م، ده‌توانين بڵێین هه‌موو ئه‌و لايه‌نانه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستاندا پرۆژه‌ى چاكسازييان پێشكه‌ش كردووه،‌ ئيراده‌ و ويستى جێبه‌جێكردنيان له‌ ئاستێكى زۆر لاوازدا بووه‌. بۆ  نموونه‌ حزبه‌كانى ده‌سه‌ڵاتدار، به‌تايبه‌ت "پارتى ديموكراتى كوردستان" و "يه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان"، كاركردنيان زۆر جار به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌و پرۆژه‌ چاكسازييانه‌ بووه‌ كه‌ خودى حزبه‌كانيان، يان فراكسیۆنه‌ په‌رله‌مانييه‌كانيان پێشكه‌شيان كردووه‌. ئه‌م خاڵه‌ بۆ حزبه‌كانى تريش وه‌كوو "بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان" و "كۆمه‌ڵى ئيسلامى" و "يه‌كگرتووى ئيسلامى" هه‌مان ڕادده‌ی ڕاستێتیى تێدايه‌، چونكه‌ له‌ چه‌ندان هه‌ڵوێستى سياسیدا مامه‌ڵه‌ى دژبه‌يه‌كيان كردووه‌. بۆ نموونه‌ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى دواخستنى دانيشتنى په‌رله‌مان، جاڕى ئه‌وه‌يان دا كه‌ په‌رله‌مانتار و فراكسيۆنه‌كه‌يان به ‌شێوه‌يه‌كى سه‌ربه‌خۆ كار ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌م بزووتنه‌وه‌يه‌ له‌ كاتى ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ يه‌كێتیى نیشتمانیدا له‌ به‌ياننامه‌يه‌كدا باسيان له‌وه‌ كرد كه ‌ده‌بێت فراكسيۆنه‌كانيان پشت به‌ سه‌ركردايه‌تیى هاوبه‌شى هه‌ر دوو لا ببه‌ستن؛ كه‌ ئه‌مه‌یش كارێكى دژيه‌كه‌ له‌ گوتارى ئه‌و حزبه‌دا.‌

خاڵێكى تر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ميشه‌ ئه‌م حزبانه‌ له ‌يه‌كتر به‌به‌هانه‌ن و، هه‌وڵى شكستپێهێنانى هه‌موو جوانييه‌كانى يه‌كتر ده‌ده‌ن. كه‌واته‌ پێش چاكسازیى ڕيشه‌يى له‌ كۆمه‌ڵگه‌، پێويسته‌ چاكسازى له‌ناو خودى حزبه‌كان و كارى حزبايه‌تى له‌ هه‌رێمى كوردستان بكرێت. به‌م شێوه‌يه‌ هيچ حزبێك ناتوانێت ڕێبه‌رايه‌تیى بزووتنه‌وه‌ى چاكسازى له‌ هه‌رێمى كوردستاندا بكات.

سه‌باره‌ت به‌ خاڵى دووه‌م،  هه‌روه‌ك ده‌بينرێت له‌ پشته‌وه‌ى هيچ پرۆژه‌يه‌كى چاكسازى له‌ هه‌رێمى كوردستان، فه‌لسه‌فه‌ و ئه‌قڵ و هزرێكى قووڵ نييه‌ كه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى فه‌لسه‌فه‌يه‌كى سياسيی قووڵه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتبێت. ڕه‌نگه‌ هۆكارى ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌ بێت كه‌ به‌شێكى زۆرى نووسه‌ر و ڕۆشنبيران كه‌سانێكى حزبى بن و، نه‌توانن له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئيراده‌ و ويستى حزبه‌كانيانه‌وه‌ كار بكه‌ن.

تايبه‌ت به ‌خاڵى سێيه‌ميش، چونكه‌ ويست و ئيراده‌ و ئه‌قڵ و فه‌لسه‌فه‌ له‌ پشته‌وه‌ى ئه‌و پرۆژانه‌وه‌ نييه‌ كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ چاكسازى پێشكه‌ش ده‌كرێن، بۆيه‌یش نه‌توانراوه‌ ده‌ستنيشانى كێشه‌ جه‌وهه‌رييه‌كان بكرێت. له‌ هه‌رێمى كوردستان، كه‌ باس له‌ چاكسازى و ڕيفۆرم و گه‌نده‌ڵى ده‌كرێت، ڕاسته‌وخۆ پرۆژه‌ چاكسازييه‌كان بۆ كێشه‌ى دارايى و سياسی پێشكه‌ش ده‌كرێن؛ چونكه‌ دركپێكردنى كێشه‌ جه‌وهه‌رييه‌كان له ‌لاى ئه‌و لايه‌نانه‌ى پرۆژه‌ بۆ چاكسازى پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، زۆر لاوازه‌. بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر چاكسازييه‌كانى "كانگ" له‌ چين، يه‌كسه‌ر بيرى له‌ گۆڕينى سيسته‌مى په‌روه‌رده‌يى كرده‌وه،‌ چونكه‌ دركى به‌وه‌ كرد كه‌ پێش هه‌موو كێشه‌كان، چين كێشه‌ى بنياتنانى هاووڵاتیى باشى هه‌يه‌؛ ئه‌مه‌یش به‌ پشتبه‌ستنى به‌ بير و بۆچوونه‌كانى (كۆنفۆشيۆس – ئه‌فلاتۆن – ئه‌رستۆ). كه‌واته‌ ئه‌م گه‌نجه‌ سياسييه،‌ ڕاسته‌وخۆ دركى به‌وه‌ كرد كه‌ ده‌بێت ده‌ستنيشانى پله‌ به ‌پله‌ى كێشه‌كان بكرێت.

ئێستا له‌ هه‌رێمى كوردستانيش به‌ هه‌مان شێوه،‌ گرنگترين و جه‌وهه‌ريترين كێشه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا بريتييه‌ له‌ نه‌بوونى هاووڵاتیى باش؛ هاووڵاتييه‌ك كه‌ له‌ پێناو پاراستن و گه‌شه‌سه‌ندن به‌ ئاسايشى نه‌ته‌وه‌يیدا، تواناى ناسينى به‌ها به‌نرخه‌ نه‌ته‌وه‌يى و مه‌ده‌نييه‌كانى هه‌بێت. به‌ڵام هيچ يه‌ك له‌ حزبه ‌سياسييه‌كان له‌ پرۆژه‌ و پاكێجه‌ چاكسازييه‌كانيانه‌وه باسيان له‌م خاڵه‌ نه‌كردووه‌ و به‌هه‌نديان وه‌رنه‌گرتووه‌. هيچ كات باسيان له‌ گۆڕانكارى له‌ پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌يى نه‌كردووه‌، چونكه‌ نابێت بيرمان بچێت گرنگترين كه‌ناڵى پێگه‌ياندن و بنياتنانى هاووڵاتیى باش، بريتيیه‌ له‌ سيسته‌مى په‌روه‌رده‌ و فێركردن. هه‌روه‌ك فه‌يله‌سووفى گه‌وره‌ "ئيمانوێل كانت" ده‌ڵێت: "ناتوانرێت گۆڕانكاریى ڕيشه‌يى له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا بكرێت، ته‌نیا و مه‌گه‌ر گۆڕانكارى له‌ كه‌لتوور و ئه‌قڵييه‌تى باوى كۆمه‌ڵگه‌دا بكرێت؛ بۆ ئه‌مه‌یش ته‌نیا يه‌ك كه‌ناڵمان هه‌يه‌ ئه‌ويش بريتيیه‌ له‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن."

حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان، به‌دياريكراوى پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان، له‌ ماوه‌ى ڕابردوودا نه‌ياتوانيوه‌ سيسته‌مێكى په‌روه‌رده‌يیى پێشكه‌وتوو و مۆدێرن له‌ هه‌رێمى كوردستان بنيات بنێن، كه‌ هاووڵاتييه‌كى هۆشيارى كاراى مه‌ده‌نى و نیشتمانى پێ بگه‌يه‌نێت؛ چونكه‌ تا ئێستا نازانرێت سيسته‌مى په‌روه‌رده‌يى له‌ هه‌رێمى كوردستان، ده‌يه‌وێت چ هاووڵاتييه‌ك پێ بگه‌يه‌نێت. هه‌روه‌ها حزبه‌كانى تر كه‌ پێشتر وه‌كوو ئۆپۆزیسيون كاريان ده‌كرد، به‌ڵام له‌م كابينه‌يه‌دا‌ به‌شداریى حكوومه‌تى بنكه‌ فراوانيان كرد كه‌ بريتين له (بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان- كۆمه‌ڵى ئيسلامى – يه‌كگرتووى ئيسلامى)، ديسانه‌وه‌ خۆيان له‌ قه‌ره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ نه‌داوه‌ و، هه‌ستيان به‌ گرنگیى گۆڕانكارى له‌ سيسته‌مى په‌روه‌رده‌يى بۆ بنياتنانى هاووڵاتیى باش، نه‌كرد. بۆ نموونه‌ هه‌موو هه‌ڵ و تێكۆشان و گفتوگۆكردنيان له‌سه‌ر وه‌رگرتنى ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ بوو‌ كه‌ هێز و پاره‌ى تێدايه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێينه‌وه‌ سه‌ر وته‌كه‌ى "ئيمانوێل كانت"، ئه‌گه‌ر ئه‌و لايه‌نانه‌ بايه‌خ و گرنگیيان به‌ پرۆسه‌ى چاكسازى و گۆڕانكاریى ڕيشه‌يى بدايه‌، ده‌بوايه‌ له‌ هه‌نگاوى يه‌كه‌مدا هه‌وڵى وه‌رگرتنى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌يیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانيان دابايه‌ و، گۆڕانكاریى گه‌وره‌يان له‌وێوه‌ ده‌ست پێ بكردايه‌. كه‌واته‌ هه‌تا ئێستا پرۆژه‌يه‌كى گشتگير و جه‌وهه‌رى بۆ چاكسازیى ڕاسته‌قينه‌ پێشكه‌ش نه‌كراوه‌، كه‌ ئه‌مه‌یش جێگه‌ى داخه‌! چونكه‌ به‌م شێوازه‌، هيچ هه‌نگاوێك له‌ پروسه‌ى دژايه‌تیى گه‌نده‌ڵى و چاكسازیى ڕيشه‌يىدا ناچينه‌ پێشه‌وه‌.

له‌ كۆتايیدا، پێویستە هەنگاوى سەرەتاى پرۆژەى چاکسازى لە هەرێمى کوردستان بریتییە لە بنیاتنانى هاووڵاتیی باش بەبێ ئەمە هیچ لایەنێک ئەلتەرناتیڤى ئەوى تر نییە، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ته‌نیا گۆڕانكاریى ڕووكه‌شى بكرێت و حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵات، له‌ جياتى لايه‌نێك، لايه‌نێكى تر وه‌رى بگرێت، به‌  هه‌مان ئه‌و ئه‌قڵیيه‌ت و ڕۆحييه‌ته‌ی له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا باوه‌، ئه‌وا هيچ شتيك ناگۆرێت. بۆيه‌ پێويسته،‌ گه‌نده‌ڵى له‌ هزر و بونياد و ناخى تاكه‌كان ده‌ربهێنرێت، ئينجا گۆڕانكاریى گه‌وره‌ ده‌ست پێ بكه‌ين. دوو هەنگاو دەکرێت ببێتە زامنى سەرکەوتنى پرۆژەى چاکسازى و ڕووبەڕووبونەوەى گەندەڵى، ئەوانیش :

1-     ئیرادەى دەسەڵات و حزبە سیاسییەکان .

2-     هەبوونى هزر و فەلسەفەیەکى قووڵ لە پشتەوەى پرۆژە چاکسازییەکان.

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples