زۆر جار له نێوه‌نده جیاوازه‌کانی بواره‌کانی ژیاندا، لەنێو خێزان و دامه‌زراوه‌کانی تری کۆمه‌ڵدا، یان له ڕێی که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنه‌وه، هه‌مووان وشه‌ی ئاشتیمان بیستووە. به‌تایبه‌ت له سه‌روبه‌ندی بیستنی هه‌واڵی ڕووداوه‌کانی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ له‌نێوان زۆرێک له وڵاتان و میلله‌تاندا، یان زۆرجار له زمانی سه‌رکرده و سیاسییه‌کانه‌وه له کاتی ململانێ و ناکۆکییه‌کاندا ئەو وشەیە دەبیستن؛ یاخود کاتێک قسه له‌سه‌ر ڕێککه‌وتننامه‌کانی ئاشتی ده‌کرێت. له‌و کاتانه‌دا جیهان سروود به ئاشتییه‌وه ده‌ڵێت، وه‌ک مانایه‌کی بڵیند و به‌رز لە واتاکانی ژیان، بۆیه گرنگیی ئاشتی هه‌ڵقوڵاوی ئاسه‌واره‌کانییەتی له ژیاندا.
مه‌به‌ست له ئاشتی چییه؟
ئاشتی به ئامرازێک داده‌نرێت بۆ به‌دیهێنانی ڕێکه‌وتن و پێکهاتنی نێوان میلله‌تان بەبێ جیاوازی. ڕۆحی ڕقه‌به‌رایه‌تی و تۆڵه و قین له‌یه‌کترهه‌ڵگرتن دوور ده‌خاته‌وه. ڕۆحی خۆشه‌ویستی و هاوکاری و ئارامی و هۆگربوون له‌نێوان تاک و خێزان و میلڵه‌ت و وڵاته جۆربه‌جۆره‌کاندا دروست ده‌کات؛ وێڕای ئه‌وه‌ی کە ئاشتی ئامرازێکه بۆ کۆتاییهێنان به جیاوازی و، چاره‌سه‌ریی ناکۆکییه‌کانە له‌نێوان میلله‌تان و وڵاتاندا، یان له‌نێوان دوو که‌س یان دوو لایه‌ن و...هتددا.
هاوکات ئاشتی گوزارشت له حاڵه‌تێکی نێوخۆیی کیانی مرۆڤه‌کان ده‌کات، که واتایه‌ک ده‌بێت بۆ دڵنیایی و ئاسایشی ژیانیان، وێڕای ئه‌وه‌ی ده‌بێته هۆی گرتنه‌خۆی هه‌موو مرۆڤێک له‌ڕووی ڕۆحییه‌وه، واته پێوەندیی مرۆڤ به جه‌سته‌یه‌وه؛ هه‌روه‌ها بە سروشت و دنیا و مرۆڤ و خوداوە به‌هێز ده‌کات.
گرنگیی ئاشتی:
بوونی ئاشتی له هه‌روڵاتێکدا، گرنگی و کاریگه‌ری و گەلێک ئاسه‌واری باشی بۆ سه‌رجه‌م مرۆڤه‌کان و بۆ کۆمه‌ڵ به‌گشتی لێ ده‌که‌وێته‌وه. ئاسه‌واری ئاشتی تەنیا له‌سه‌ر گۆڕینی خه‌سڵه‌ته‌کانی مرۆڤ، له خراپه‌وه بۆ باش نییه، به‌ڵکو به‌گشتی کاریگه‌ریی له‌سه‌ر زینده‌وه‌رانیش هه‌یه، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان له نه‌خۆشییه‌کان ده‌پارێزێ. مرۆڤ له ڕێی ئاشتییه‌وه ده‌توانێ بیروبۆچوونه‌کانی بڵاوبکاته‌وه، که ده‌شێت له ماوه‌ی جه‌نگدا به‌هۆی توندوتیژی و کاولکارییه‌وه له‌نێوچووبن، یان لا‌نی که‌م شێوێندرابن.
ئاشتی، له‌ڕووی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، میلله‌تان فێری فێربوون، به‌ده‌ستهێنان و بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕۆشنبیری، دروستبوونی شارستانەتی و سه‌رخستنی ده‌وڵه‌ت ده‌کات. چونکه به‌دوور له دۆخی ئاشتی و ئاسایش، بنیادنان، گه‌شه‌کردن، پێشکه‌وتن و په‌ره‌پێدان نایەنە دی.
ئاشتی، وا له خه‌ڵک ده‌کات هۆشیارییه‌کی ته‌واویان هه‌بێت، لەسەر مه‌ترسییه‌کانی چوونه نێوه‌وه‌ی جه‌نگ و، سه‌رقاڵبوون به‌و داخوازی و داواکاری و کاریگه‌رییانه‌وەی کە ده‌که‌وێته ئه‌ستۆیان، وێڕای ئه‌وه‌ی ده‌بێته به‌ربه‌ست و ڕێگر له به‌رده‌م بازرگانه‌کانی جه‌نگدا. چونکه هه‌ڵگیرسان و دروستبوونی جه‌نگ له به‌رژه‌وه‌ندیی ئەوان ده‌بێت و، هاوکات بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ ئاره‌زووی به‌رده‌وامیی جەنگ ده‌که‌ن، بۆ ئەوەی له‌ڕووی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نییه‌وە زیاتر قازانج بکەن و، پاشان چاوچنۆکییان بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندبوون زیاتر دەبێت.
ئاشتی، ئامرازێکه بۆ به‌یه‌کگه‌یشتنی میلله‌تان و ناسینی داب و نه‌ریتی یه‌کتر، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئامرازێکیشه بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و شاره‌زایییه‌کان. ئه‌و وڵاتانه‌ی ئاشتی و ئاشته‌وایی له‌نێویاندا هه‌یه، ڕێ خۆش دەکات بۆ پێکهێنانی پێوەندییه‌کی ڕۆشنبیریی له‌نێوان میلله‌تان و وڵاتاندا، که به‌هۆیه‌وه هه‌موو میلله‌تێک به ده‌ستکه‌وته‌کانی ئه‌وانی دی ئاشنا ده‌بێت و، هاوکات شاره‌زایی و زانیارییه جیاوازه‌کان ئاڵوگۆڕ ده‌که‌ن. چونکە هه‌موو میلله‌تێک که‌لتوور و ڕۆشنبیری و فۆلکلۆر و داب و نه‌ریتی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه و لە میلله‌تانی دیکەی جیا ده‌کاته‌وه.
به‌م شێوه‌یه ئاشتی، ده‌رفه‌تێک بۆ ئه‌و جۆره پێوەندییه باش و سوودمه‌ندانه له‌نێوان میلله‌تاندا د‌ه‌ڕه‌خسێنێت، بۆ ئەوەی پێوەندییه‌کانیان بۆ خزمه‌تکردنی هاووڵاتییان و به‌ره‌وپێشچوونی کۆمه‌ڵیان به‌رده‌وام و به‌هێز بێت،. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، ده‌توانین جه‌خت له گرنگیی ئاشتی و ئاشته‌وایی له چه‌ند لایه‌نێکه‌وه بکه‌ینه‌وه، له‌وانه:
1. زامنکردنی مافه‌کانی مرۆڤ: هه‌ستکردن به ئه‌من و ئاسایش و دڵنیایی له‌لایه‌ن مرۆڤه‌کانه‌وه به یه‌کێک له گرنگترین مافه‌کانی مرۆڤ داده‌نرێت، که پێویسته دابین بکرێت، به‌ڵام گرنگیی ئاشتی تەنیا له‌وه‌دا خۆی نابینێته‌وه، به‌ڵکو بناغه‌ی زامنکردنی گشت مافه جیاوازه‌کانی تره، که پێوەندیداره به گشت بواره جۆربه‌جۆره‌کانه‌وه؛ وه‌ک مافی ژیان، بیروباوه‌ڕی ئایینی، دەربڕینی ڕا و بۆچوون، فێربوون، پاراستنی ته‌ندروستی، نوێنه‌رایه‌تیی سیاسی، پێکهێنانی کۆمه‌ڵه و پارته‌کان و، زۆرێک له مافه‌کانی تر، که تەنیا به بوونی ئه‌من و ئاسایش لە کۆمەڵدا نه‌بێت، له دۆخێکی دیکەدا ئیمکانی دابینکرانی نییە.
2. خوێندن: تا ساڵی (2001) زوربه‌ی وڵاتانی جیهان، به‌هۆی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌یان لەگەڵ جه‌نگ و ململانێ و ناکۆکی و توندوتیژییه‌کاندا، زۆربەی منداڵەکانیان، کە نزیکەی ١٣٠ ملیۆن دەبوون، نه‌یانتوانی خوێندن ته‌واو بکه‌ن، که به مافێکی سه‌ره‌تایی و سه‌ره‌کییان داده‌نرێت، جگه له ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌یان به هه‌ژاری و به‌دخۆراکی و زۆرێک له نه‌خۆشییه ته‌ندروستییه‌کانی تر، که ده‌شێت له ده‌رئه‌نجامی جه‌نگ و پێواری پشتگیری و په‌ره‌پێدانی که‌رتی ته‌ندروستی به‌هۆی ململانێکانه‌وه، له ناوچه ناکۆکه‌کاندا بێنه ئاراوه.
3. پاراستنی خێزان: جه‌نگ و ناکۆکییه‌کان کاریگه‌ریی زۆریان هه‌یه له‌سه‌ر گشت تاکه‌کانی ئه‌و خێزانانه‌ی دووچاری مه‌ترسی ده‌بنه‌وه، که ده‌شێت منداڵ و ژنان زۆرترین ئاسه‌وار و کاریگه‌رییان به‌سه‌ره‌وه بێت. به‌هۆی پێواری ئاسایش و ئاشتی و قورسیی زاڵبوون به‌سه‌ر گۆڕانکارییه‌کاندا و نەبوونی توانای جێبه‌جێکردنی یاسا له زوربه‌ی کاته‌کاندا، کۆمه‌ڵ و وڵاتان ناتوانن به‌سه‌ریدا زاڵ بن.
کۆمه‌ڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان درکیان به گرنگی و لایه‌نه باشه‌کانی ئاشتی نه‌کرد، تەنیا له ماوه‌ی ڕوودانی هه‌ردوو جه‌نگی یه‌که‌م و دووه‌می جیهانی و له نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا نه‌بێت، پاش ئه‌وه‌ی که ئازاری زۆر و داخیان چێشت و ئاسه‌واری کاولکه‌رانه و زیانی زۆریان لێ که‌وت و به‌هۆیه‌وه ملیۆنان مرۆڤ کوژران و گه‌وره‌ترین ده‌وڵه‌تیش بوودجه و پاره‌ی زۆری له‌نێوچوو.
بۆیه ئاشتی و ئاشته‌وایی، تەنیا کاریگه‌ریی لەسه‌ر خودی مرۆڤ و پاراستنی خێزانه‌کان نییه، به‌ڵکو به‌گشتی ده‌رکه‌وته‌ی له‌سه‌ر کۆمه‌ڵ و سه‌رجه‌م بوارە‌کان هەیە.
ئاسه‌واره‌کانی جه‌نگ و نه‌مانی ئاشتی:
ڕوودانی جه‌نگ له هه‌رشوێن و وڵاتێک‌دا، دوو جۆر ئاسه‌وار به‌جێ دێڵێت؛ ئاسه‌واری ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ: ئاسەوارە ڕاسته‌و‌خۆکان، وه‌ک پیسبوونی ژینگه که به‌هۆی کۆمه‌ڵه فاکته‌رێکه‌وه دێته ئاراوه؛ وەکو بۆردومان و گوله‌بارانکردنی شوێنه پیشه‌سازییه‌کان، وێرانکردنی مه‌به‌ستداری سه‌رچاوه سروشتییه‌کان و، ئه‌و شتومه‌که سه‌ربازییانه‌ی به‌جێ ده‌مێنن و تێکشکانی ژێرخانی ئامانجدار.
ئاسه‌واره ناڕاسته‌وخۆکان، وه‌ک ئاسه‌واری ژینگه‌یی، که ئاواره‌کان له‌ڕووی وێرانکاری و پیسبوونه‌وه له‌پاش خۆیان به‌جێی ده‌هێڵن؛ هه‌روه‌ها داڕووخان یان هه‌ره‌سهێنانی ده‌زگا کارگێڕییه‌کانی پلان‌داڕێژی پاراستنی ژینگه، سه‌رقاڵیی خه‌ڵک و فه‌رمانڕه‌وایان له‌پاش جه‌نگ بۆ داڵده‌دان و خوارده‌مه‌نی و ئاوه‌دانکردنه‌وه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی نه‌بوونی دۆخی ئاشتی و ئاسایش و بڵاوبونه‌وه‌ی جه‌نگ و کاریگه‌رییه‌کانی له‌ڕووی وێرانبوون و کاولبوونه‌وه سنووری دوور ده‌به‌زێنن، که نه‌ک هەر ده‌بێته هۆی له‌نێوچوونی مرۆڤه‌کان بەبێ جیاوازی، به‌ڵکو ده‌بێته هۆی زیانگه‌یاندن به ئاژه‌ڵه‌کان و تێکچوونی ژینگه‌کانین و، سووتاندنی دارستان و دره‌خته‌کان و، ئەو ڕووه‌کانەی بۆ مرۆڤ و ئاژه‌ڵ به‌سوودن و، فه‌و‌تانی سه‌رچاوه‌کان و... هتد.
له‌و کاتانه‌دا هه‌موو پاره‌یه‌ک بۆ ئه‌و ئامانجانه خەرج دەکرێت، وێڕای ئه‌وه‌ی نه‌مانی ئه‌من و ئاشتی ده‌بێته هۆکاری ژماره‌یه‌ک ئاژاوه و نه‌خۆشیگەلی ده‌روونیی بۆ تاک، که ئه‌و نه‌خۆشییه ده‌روونییانه‌ش بەرەو نه‌خۆشییه جه‌سته‌یییه‌کان ده‌بات و، به‌م شێوه‌یه‌ش له‌نێو خه‌ڵکێکی زۆردا بڵاو ده‌بێته‌وه. وه‌ک ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی به‌سه‌ر میلله‌تانی به‌شداربوو له هه‌ردوو جه‌نگی یه‌که‌م و دووه‌می جیهانیدا هات، که ژماره و ڕێژه‌ی تووشبووان به دڵته‌نگی، خه‌مۆکی، هیستریا، فۆبیا، دڵه‌ڕاوکێ، شیزۆفرینیا، نه‌خۆشییه‌کانی دڵ و گه‌ده زیاد دەبوون.
جیاوازیی نێوان ژینگه‌ی جه‌نگ و ئاشتی:
جه‌نگه‌کان کاره‌سات و خراپترین شت به‌سه‌ر مرۆڤه‌کاندا ده‌هێنن، که دواجار له به‌رژه‌وه‌ندیی شه‌ڕ و کاولبوونی مرۆڤایه‌تیدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه، له‌کاتێکدا ئاشتی باشترین به‌رهه‌م و ده‌ستکه‌وت بۆ ناخ و ژینگه‌ی مرۆڤه‌کان ده‌خوڵقێنێ. ئاشتی، ژینگه‌یه‌کی هانده‌ره بۆ داهێنان و فاکته‌ره‌کانی، که ده‌بێته هۆی هاندانی خه‌ڵک له‌سه‌ر داهێنان و زیادکردنی جوانی و به‌رهه‌مه‌کانیان، به‌پێچه‌وانه‌ی جه‌نگه‌کانه‌وه، که ده‌بنه هۆی به‌رهه‌مهێنانی کاولکاری و وێرانکاری و گه‌نده‌ڵی له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه.
ئاشتی، له‌ڕووی ڕۆحییه‌وه مرۆڤه‌کان ده‌گوێزێته‌وه بۆ ئاستێکی باڵای ڕۆحانی و خه‌ڵک له‌یه‌کتر نزیک ده‌کاته‌وه و له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی و پێکه‌وه‌ژیان و یه‌کترقبووڵکردن کۆیان ده‌کاته‌وه. کەچی جه‌نگ، لێکیان دوور ده‌خاته‌وه و، ده‌بێته هۆی لێکترازان و شێواندنی بارودۆخیان له‌گشت بوارێک‌دا. ئاشتی، مرۆڤایه‌تی به‌رز ده‌کاته‌وه بۆ ئاستێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و شارستانی و پێگه‌یه‌کی بڵیند و باڵاتری مرۆڤایه‌تی، کەچی جه‌نگ میلله‌تان به‌ره‌و دڕنده‌یه‌تی و نه‌زانین و دواکه‌وتوویی ده‌بات.
زۆرجار گوێبیستی گرێبه‌ستی ڕێکه‌وتننامه‌کانی ئاشتی ده‌بین له‌نێوان وڵاتان و میلله‌تاندا، که ڕێککه‌وتوون له‌سه‌ر کۆتاییهێنان به جه‌نگ و ناکۆکیی نێوانیان. ئه‌و ڕێککه‌وتنانه ڕێخۆشکه‌ر ده‌بن لەپێناو چه‌سپاندن و هێنانه ژێرباری پێوەندییه‌کانی نێوان میلله‌تانی پێکەوە ئاشتبۆوە؛ بێگومان ئه‌وه‌ش یه‌کێکه له به‌ر‌وبووم و سووده‌کانی ئاشتی.
ئاشتی، به ژینگه‌یه‌کی هانده‌ری وه‌به‌رهێنان و به‌روبوومه‌کان داده‌نرێت، بۆیه کاتێک ئاشتی له‌نێوان وڵاتان و حکوومەته‌کاندا به‌رقه‌رار ده‌بێت، ده‌بێته هانده‌رێک بۆ هێنانی وه‌به‌رهێنەران بۆ وڵاته ئاشتبۆوه‌کان. ئه‌وه‌ش له‌و ڕوانگه‌یه‌وەیە کە ژینگه‌ی جێگیر و ئارام به فاکته‌رێکی سه‌رکه‌وتوو بۆ وه‌به‌رهێنانی جیاواز داده‌نرێت. کەچی ناکۆکی و جه‌نگ فاکته‌رێکی دوورخه‌ره‌وه پێک ده‌هێنن. بۆیه ئه‌و وڵاتانه‌ی گرێبه‌ستی ڕێکه‌وتننامه‌ی ئاشتی ده‌که‌ن له‌گه‌ڵ وڵاتانی تردا له‌ڕووی ئابوورییه‌وه جۆرێکی تری پێشکه‌وتن به‌خۆوه ده‌بینن و داهاتی نه‌ته‌وه‌ییان زیاد ده‌کات، له‌کاتێکدا ئه‌و وڵاتانه‌ی جه‌نگ و ناکۆکی به‌خۆیانه‌وه ده‌بینن به هه‌ژارترین و قه‌ر‌زارترین وڵات ناو ده‌برێن.
کاریگه‌ریی ئاشتی له‌سه‌ر نه‌وه‌کانی داهاتوو:
له گشت کۆمه‌ڵگه‌کاندا، ئاشتی به گرنگترین کۆڵه‌که داده‌نرێت بۆ پاراستن و زامنکردنی ژیانی نه‌وه‌کانی داهاتوو. به شێوه‌یه‌ک کە بوونی ئاشتی له کۆمه‌ڵدا زامنی ده‌رفه‌تی زیاتر ده‌کات له به‌رده‌م توانای گه‌نجاندا بۆ دیاریکردنی هه‌ڵبژارده‌کانیان و وه‌رگرتنی ئه‌و بڕیارانه‌ی په‌یوه‌ستن به داهاتوویانه‌وه، ئه‌وه‌ش به گرنگترینی ئه‌و هۆکارانه داده‌نرێت، که یارمه‌تیده‌ره له بنیاد و گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵه‌کاندا له‌ڕووی ده‌ستپێشخه‌ری و داهێنانیانه‌وه. هاوکات به گرنگترین فاکته‌ر داده‌نرێت، که ده‌بێته هۆی هانده‌ری هاووڵاتییان، به‌تایبه‌ت توێژی گه‌نجان بۆ ده‌ستپێشخه‌رییه جیاوازه‌کان و کێبڕکێ له داهێنانه‌کانیاندا، که یا‌رمه‌تیده‌ر ده‌بێت له په‌ره‌پێدانی کۆمه‌ڵ له گشت که‌رته‌کاندا.
پشتگیری‌کردن و هاندانی ئه‌و ژینگه‌یه، بەبێ بوونی ئاشتی و ئاسایش نایه‌ته کایه‌وه، چونکه لە ژینگه‌ی جه‌نگ یان ناکۆکییه چه‌کدارییه‌کان و پێواری ئاسایش‌دا، گه‌نجان ناتوانن ڕوو لە داهێنان بکەن. بۆ نموو‌نه، گه‌شه‌پێدان و په‌ره‌پێدانی کۆمه‌ڵه‌کان له‌ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، به‌تایبه‌ت هه‌ژاره‌کان، پێویستییان به هاوکاریی ها‌وبه‌شی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه، جگه له پشتیوانیکردنی وڵاته ده‌و‌ڵه‌مه‌ند و پێشکه‌وتووه‌کان بۆ وڵاته هه‌ژاره‌کان، ئه‌و ئامانجه‌ش، له‌کاتی بوونی ناکۆکییه چه‌کدارییه‌کان له‌نێو وڵات‌دا، یان له‌کاتی بوونی ململانێکان له پێوەندیی نێوان وڵاتاندا نایه‌ته دی.
وێڕای ئه‌وه‌ی ئاسایش، گرنگترین بناغه‌یه بۆ ده‌ستپێکردنی په‌ره‌پێدانی ئابووریی گشتگیر له گشت کۆمه‌ڵگه‌کاندا و، جگه له‌وه‌ی یه‌که‌م شت که جه‌نگ و ناکۆکییه‌کان کاریگه‌ریی لێ ده‌کات، ئابووریی ئه‌و وڵاتانه‌یە کە کاریگه‌ریی جەنگیان له‌سه‌ر بووه و، پاشان شێوازی ژیانی ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی جەنگەکەوە.
ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی کە ناکرێ باس له گرنگیی ئاشتی بکرێت، بەبێ گه‌ڕانه‌وه بۆ کاریگه‌ریی ئابووری له‌سه‌ر وڵاتانی خودان ئاسایش، که ده‌کرێت به شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام و جێگیر گه‌شه به ئابوورییەکەیان بدەن. له لایه‌کی دیکەوە، دیمۆکراسی بۆ ئه‌و وڵاتانه نایه‌ته دی، که به‌ده‌ست پێواری ئاسایش، یان ناکۆکییه چه‌کدارییه‌کان، یان بەهۆی جه‌نگه‌وه ده‌ناڵێنن. زامنکردنی ئاسایش و ئاشتی له وڵات‌دا، به گرنگترین بارودۆخ داده‌نرێت، که ده‌بێت له لایه‌ن حکوومەته‌کانه‌وه بۆ پشتگیریی دیمۆکراسی دابین بکرێت.
بێگومان سه‌روه‌ری و جێبه‌جێکردنی ئاساش، پێویستی به بوونی ژینگه‌یه‌ک هه‌یه، که دادپه‌روه‌ری و هێرشنه‌کردنه سه‌ر مافی ئه‌وانی تر زامن بکات، ئه‌وه‌ش بەبێ بوونی ئاسایش و ئاشتی له کۆمه‌ڵ و وڵات‌دا زامن نابێت. هه‌روه‌ها له هیچ بوارێک‌دا، به‌دیهێنانی په‌ره‌پێدانی به‌رده‌وام نایه‌ته دی، ئەگه‌ر به‌رده‌وام جه‌نگ و ناکۆکی هه‌بێت، که ده‌شێت ڕوخێنه‌ر بێت، یان پلان و ستراتیجه‌کانی وڵات بوەستێنێت.
دۆخی باشووری کوردستان له‌نێوان ئاشتی و شه‌ڕدا:
کاریگه‌ری و ئاسه‌واره‌کانی جه‌نگ بۆ کۆمه‌ڵ به‌گشتی و، بۆ ژنان به‌تایبه‌تی له هه‌موو شوێن و وڵاتێک‌دا، هاوشێوه‌ی یه‌کترن و، شێواز و میکانیزمه‌کانی جێبه‌جێکردنی، ڕێژه و جۆری جیاواز له‌خۆ ده‌گرێت. به‌درێژایی مێژووی قۆناغه جیاجیاکانی کوردستان به‌گشتی و باشووری کوردستان به‌تایبه‌تی و به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندی و ململانێ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له لایه‌ک و، له لایه‌کی دیکەوە به‌هۆی داگیرکراویی خاکی کوردستانەوە به‌گشتی و، به‌رژه‌وه‌ندییه نێوخۆییه‌کانی وڵاتانی درواسێ به‌تایبه‌تی، هه‌میشه باشووری کوردستان له بارودۆخه جیاوازه‌کاندا دۆخێکی ناجێگیر و نائارامی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، ده‌روونی و په‌روه‌رده‌یی به‌خۆیه‌وه دیوه.
پێش ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی کوردستان دژ به ڕێژیمی به‌عس، هه‌میشه له‌لایه‌ن حکوومەتی عێراقه‌وه، به‌تایبه‌ت به‌هۆی جه‌نگی نێوان عێراق ــ-ئێران و عێراق ــ-کوێت و... هتدەوە، کوردستان، پشکی زۆری زیانەکانی وەبەر که‌وتووه. له لایه‌کی دیکەوە، له سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی کوردستان، لە ساڵی (1991)دا و به‌هۆی بوونی جه‌نگ و کاولکارییه‌کانییەوە، له کوردستاندا دۆخێکی ناجێگیری ئه‌من و ئاسایش خوڵقا.
پاش پێکهێنانی په‌رله‌مانی کوردستان و دواتر کابینه یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان له ساڵی (1992)ه‌وه، دۆخی کوردستان ساڵ له‌دوای ساڵ له زۆر ڕووی ئاوه‌دانکردنه‌وه و گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵ و په‌ره‌پێدانی مرۆیییه‌وه و، ته‌نانه‌ت له هه‌نگاونانی بۆ به‌رجه‌سته‌بوونی پایه و کۆڵه‌که سه‌ره‌کییه‌کانی دیمۆکراسی هه‌نگاو و پێشکه‌وتنی به‌خۆوه ده‌دی، به‌تایبه‌ت له ساڵانی دواییدا و، پێش هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی داعش له کوردستان و ناوچه‌کانی عێراقدا.
بوونی جه‌نگی تیرۆریستی له ساڵی 2014ه‌وه، که تا ئێستا درێژه‌ی هه‌یه، یه‌کێکه له هۆکاره‌کانی ناجێگیریی ئه‌من و ئاسایش، که ده‌رئه‌نجام گەلێک ئاسه‌وار و کاریگه‌ریی خراپی خستوەته‌وه؛ به‌تایبه‌ت بۆ ناوچه‌ی شنگال. بوونی جه‌نگی ده‌روونی و جه‌سته‌یی بۆ ئێزدییه‌کان له لایه‌ک و، له لایه‌کی دیکەوە ماڵوێرانی و ئاواره‌یی و کاولکاری ناوچه‌ی شنگال، کاردانه‌وه‌ی خراپ و جیاوازی بۆ خه‌ڵکانی ئێز‌دی هه‌بوو. ڕاسته خێزانه‌کان زه‌ره‌رمه‌ند بوون، شوێن و ماڵیان لێ شێوێندرا، خێزان و مرۆڤه‌کان به‌گشتی ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ر بوون و کۆچیان کرد، پیر و منداڵ و گه‌نج سه‌ریان لێ شێواو و دووچاری کوشتن و بڕین و ئه‌شکه‌نجه بوونه‌وه، به‌ڵام وه‌ک ئاسه‌واری هه‌میشه‌یی جه‌نگ، ژنان له‌و دۆخه‌دا پشکی زۆری ئازار و مه‌ینه‌تییه‌کانیان وەبه‌رکه‌وت؛ له‌وانه، ڕووبه‌ڕووی جه‌نگێکی بەتەوژم و به‌رده‌وامی ده‌روونی بوونه‌وه، که هەتا لە ژیاندا بن، ئاسەوارەکەی هەر لەسەریان دەمێنێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌و جه‌نگه ده‌روونییه‌وە، کە به پلان له‌گه‌ڵیاندا کرا و، له‌ڕێی ده‌ستگیرکردنیان، ئازاردانی جه‌سته‌یییان، ده‌ستدرێژیکردنه سه‌ریان، کڕین و فرۆشتنیان، به‌کارهێنانی جۆره‌کانی توندوتیژی جه‌سته‌یی و ده‌روونی له‌گه‌ڵیاندا و... هتد.
ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی له ساڵانی ڕابردوودا، به‌ده‌ر له ئاوه‌دانکردنه‌وه و گرنگیدان به تواناسازی و په‌ره‌پێدانی مرۆیی، دۆخی ژنان له‌ڕووی جموجووڵ و گه‌شه‌کردنی چالاکی و کارکردنیانه‌وه له گۆڕان و پێشکه‌وتنی به‌رده‌وامدا بوو؛ له‌ڕووی گۆڕانکاری و هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاساکان و هۆشیارکردنه‌وه‌ی هاووڵاتییان به مافه‌کانی ژنان و، فشارخستنه سه‌ر په‌رله‌مان و حکوومەت بۆ ئاوڕدانه‌وه و بایه‌خدانی جیاواز و زیاتر به مه‌سه‌له‌کانی ژنان و، چه‌ندین کاری تر له بواری گرتنه‌به‌ری شێواز و میکانیزمی جیاواز و جۆراوجۆر بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به ژنان و... هتد.
به نموو‌نه، له بواری یاساییدا، گۆڕینی یاسای باری که‌سێتی و یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به ژنان و، چه‌ندین یاسای دیکه به‌گشتی به‌رهه‌می کاری فشاری ڕێکخراوه‌کانی ژنان بوو. به‌ڵام به‌ده‌ر له دۆخی ململانێ و ناته‌بایی هێزه سیاسییه‌کان له کوردستان و په‌کخستنی په‌رله‌مانی کوردستان و قه‌یرانی ئابووری و چه‌ندین هۆکاری تر و، به ڕوویه‌کی دیکەدا، بوونی شه‌ڕی داعش هۆکارێکی دیار و کاریگه‌ری چه‌قبه‌ستوویی دۆخه‌که بوو له کوردستاندا، که گرنگترین پشکی زیان و زه‌ره‌ره‌کانی وەبه‌ر ژنان که‌وت و، بوو بەهۆی ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌ی پێشتر ڕێکخراوه‌کانی ژنان و که‌سانی ئازاد و یه‌کسانیخواز به‌ده‌ستیان هێناوه، له‌ڕووی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، یاسایی و بواره‌کانی تره‌وه له مه‌ترسیدا بن و، بگره به‌شێویه‌ک له شێوه‌کان پاشه‌کشه‌ی به دۆخ و ده‌ستکه‌وته‌کانی ژنان کردووه.
به‌ده‌ر له زیادبوونی کێشه کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، ده‌روونی و یاسایییه‌کان، وه‌ک (زیادبوونی جیابوونه‌وه و ته‌ڵاق، گێڕانه‌وه‌ی ژنان بۆ چوارچێوه‌ی ماڵه‌کانیان، سه‌رهه‌ڵدانی له‌شفرۆشی، زۆربوونی کێشه ده‌رونییه‌کان، ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ناپاکیی هاوسه‌رگیری و زیادبوونی جۆره‌کانی توندوتیژیی (جه‌سته‌یی و ده‌روونی)، سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ی دزی، به‌ربڵاویی گرفتی منداڵ، زۆربوونی هه‌ژاری و که‌مداهاتی، زیادبوونی نه‌خۆشیی جه‌سته‌یی و ده‌روونی، که‌میی ده‌رفه‌تی کارکردن، دوورکه‌وتنه‌وه له سه‌ربه‌خۆیی ژنان له ڕووی ئابوورییه‌وه، زیادبوونی نه‌خوێنده‌واری و کۆچکردنی خێزانه‌کان بۆ هه‌نده‌ران، جگه له ئاواره‌بوونیان و... هتد).
له‌و ڕوانگانه‌وه، ده‌توانین بڵێین به‌رجه‌سته‌بوونی ئاشتی و ئه‌من و ئاسایش و ئارامی له کوردستاندا، زامنێکی سه‌ره‌کی و گرنگه بۆ به‌ره‌پێشچوونی بواره‌کانی ژیان و په‌ره‌پێدانی توانا مرۆیییه‌کان به‌گشتی. چونکه پێچه‌وانه‌که‌ی که جه‌نگه، خوڵقێنه‌ری له‌نێوچوونی هه‌موو ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌یه، که له سه‌رده‌می ئاشتیدا خه‌باتی به‌ده‌ستهێنانیان بۆ کراوه. ده‌ستەبەرکردن و پاراستنی ئه‌وه‌ش، ئه‌رکێکی به‌رپرسیارانه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ده‌وێت، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن فه‌رمانڕه‌وایانه‌وه، که بتوانن له گشت قۆناغه‌کاندا پلان و ستراتیجی تۆکمه‌یان هه‌بێت، بۆ به‌رگرتن له دروستبوونی جه‌نگ، چ له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و، چ له ئاستی نێوخۆیی‌دا بێت.
سه‌رچاوه:
كيف يتحقق السلام بين أطراف غير متكافئة؟
أندروجيه. باكوفيتش - (ذا بوسطن غلوب)
ترجمة: عبد الرحمن الحسيني