"پەروەردەى مەدەنى" وەکوو زاراوە زۆر کۆن نییە، ئەگەرچی لەوانەیە لە زووەوە ئاماژە بە ڕەهەندەکانى پەروەردەى مەدەنى کرابێت، سەرەتاکەى دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی پیشەسازى لە ئەوروپا و شۆڕشی فەڕەنسی، کە بێ گومان چەمکگەلێکى زۆر گرنگ لە ژیانى سیاسی و مەدەنیدا گرنگیی یەکجار زۆریان پەیدا کرد وەکوو: هاونیشتمانیبوون و مافی مرۆڤ و ئازادى و دیموکراتى، کە ڕەهەندی سەرەکیى پەروەردەى مەدەنی پێک دەهێنن.
تەوەرى یەکەم: پێناسەى پەروەردەى مەدەنى :
ئەدەبیاتە جیاوازەکان پێناسەى جیاوازیان بۆ چەمکی "پەروەردەى مەدەنى" کردووە. ناتوانین لە "پەروەردەى مەدەنى" تێ بگەین هەتاکوو نەزانرێت چۆن پێناسە کراوە. بۆیە هەوڵ دراوە لەم تەوەرەدا لایەنە جیاوازەکانى ئەو پێناسانە بخرێنە ڕوو، کە ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین :
ئیڤانز (Evans Beyond) پەروەردەى مەدەنى بەم شێوەیەیە پێناسە دەکات: "پەروەردەى مەدەنى، پەروەردەیەکە بۆ هاونیشتمانیبوون. ئەو پەروەردەیەیە کەوا مەعریفەى هاووڵاتى دەربارەى بنەما دامەزراوەیییەکان (القواعد المۆسسیە)، ماف و ئەرکەکان زیاد دەکات و، لەم چوارچێوەیەدا ئەم پەروەردەیە گەشە بە توانا بنەڕەتییەکان دەدات بۆ بەشداریى کاراى کۆمەڵایەتى و سیاسی." بەم پێیە پەروەردەى مەدەنى، لە کایە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، لە ڕێگهى ناسینى دامەزراوەکان و تیشکخستنەسەر ماف و ئەرکەکانهوه کار بۆ بەشداریى هاووڵاتیان دەکات. لە لایەکى تریشەوە سەنتەرى ئەمریکى بۆ پەروەردەى مەدەنى (Center For Civic Education) پێناسەى پەروەردەى مەدەنى دەکات بەوەى کە: "پەروەردەى مەدەنى لە دەوڵەتى دیموکراتیدا، ئامادەکارییە بۆ حوکمى خود و زات، کە بە شێوەیەکى بەردەوام ڕۆڵێکى بەهێزی لە چەسپاندنی بەهاکانى دیموکراسیدا هەبێت." کەواتە پەیوەندییەکى زۆر توند لە نێوان بەرجەستهکردنى دیموکراتى و پەروەردەى مەدەنیدا هەیە. ههروهها فەرهەنگی نێودەوڵەتیى پەروەردە (International Encyclopedia of Educational) بەم شێوەیە باسی پەروەردەى مەدەنى دەکات: "گەشەسەندنی هاووڵاتییبوون و توانا و کەفائەتى مەدەنییە، لە ڕهوتی لەخۆگرتنى ناوگەلێکى ناوازەدا بۆ چەمکەکان، کە ملکەچى و پابەندبوون لە ڕێگەى حیکمەتى هاووڵاتییبوونەوە دروست دەکات و، بەدەستهێنانى بەهایە لە ڕێگەى ڕێکخستن و کارامەیییەوە بە شێوەیەکى گونجاو بۆ کۆمەڵگە.
لە دووتوێی ئەو پێناسانەى کە بۆ پەروەردەى مەدەنى کراون، دەردەکەوێت کە پەروەردەى مەدەنى: پرۆسەیەکى پەروەردەییى مەبەستدارە و بەرنامەڕێژكراوه و، بە شێوەیەکى مێتۆدیك لە لایەن سیستەمی سیاسییەوە ئاراستە دەکرێت و، بە شێوەیەکى گشتی، ئامانجی ئامادەکردنى مرۆڤ و گەشەکردنى کەسایەتیى مرۆڤە بە هەموو لایەنەکانییەوە؛ ئامادەکردنى مرۆڤە بۆ هاووڵاتیبوونێکى دیموکراسیی کارا و بەشدار لە لایەنى کۆمەڵایەتى و سیاسییهوه لەسەر کارامەیى و سلوکیاتەکانى کە لەسەر بنەمای ماف و ئەرکەکان ڕادەوەستێت و هەستى بەرپرسیارێتیى تاک و کۆمەڵەکان زیاد دەکات. ههروهها یارمەتیى تاک دەدات بۆ وەرگرتنى بەهاکانى کرانەوە بەرامبەر کهلتوورەکان و شارستانییەته مرۆڤایەتییەکان و، گرنگى بە هاووڵاتیبوونى جیهانى دەدات له ڕهوتی گرنگیدان بە دیموکراسی و جەسپاندنی بەهاکانى دیموکراسی بە شێوەیەکى گشتگیر و، هەوڵى پێگەیاندنێکى میانڕەوانەى تاک دەدات لە ڕووى کۆمەڵایەتى و سیاسییەوە. بۆیە دەتوانرێت بگوترێت کە پەروەردەى مەدەنى، دوو ڕەهەندی سەرەکیى هەیە: ڕەهەندى کۆمەڵایەتى و ڕەهەندی سیاسی.
تەوەرى دووەم: ئامانجى پەروەردەى مەدەنى :
پەروەردەى مەدەنى و پرۆگرامی پەروەردەى مەدەنى، چەندین ئامانج و مەبەستى هەیە کە لە لایەن چەندین پرۆفیسۆر و تۆێژەرەوە ئاماژەیان پێ کراوە، کە دەکرێت لەم چەند خاڵەى خوارەوەدا کۆیان بکەینەوە:
١- بەرزکردنەوەى ڕێژەى مەعریفە و ڕۆشنبیرى لاى تاک، لە هەر دوو بوارى سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.
٢- پەروەردەکردنى تاک لەسەر ڕێزگرتنى یاسا و سەروەریی یاسا و مافەکانى تاکەکان.
٣- گەشەکردنى هەستى دڵسۆزى بۆ نیشتمان لە لایەن قوتابیانەوە له ڕهوتی وەرگرتنى کۆمەڵێک بەهاى مەدەنى و شارستانى، وەک: ئازادى، دادپەروەرى و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی.
٤- پێناساندنى کۆمەڵێک چەمک و زاراوەى نوێ و بنەما و پرەنسیپى پەیوەستدار بە دیموکراسی بۆ قوتابیان، وەک: حوکمڕانیى باش، لێپێچینەوە و سزادان، شەفافییەت و کۆمەڵێک چەمکی دیکە.
٥- ئامادەکردنی قوتابی؛ بە شێوەیەک کە لەگەڵ سروشتى کۆمەڵگهكهیدا بگونجێت. ئەم ئامادەکردنەیش لە قوتابخانەوە دەکرێت؛ کە تیایدا قوتابی فێرى هۆشیاریى کۆمەڵایەتى بۆ باڵە فکرى و کهلتوورییەکانى بەربڵاو لە کۆمەڵگه و جیهان دەکرێت، هەروەها فێرى چۆنێتیى مامەڵەکردن لەگەڵیاندا، دەکرێت.
٦- دروستکردنى مرۆڤ؛ بەو پێیەى کە هەندێک بەها و قییەمى سیستەمى سیاسی و کۆمەڵگه بەگشتى فێری بکرێت، کە گرەنتیى داهاتووى کۆمەڵگه و سیستەمى سیاسی بکات.
٧- کەمکردنەوەى بیرى توندوتیژى لەسەر بنەمای دەمارگیریى ناسنامەیى و ئایینى و کهلتوورى و، گرنگیدان بە پرەنسیپى هاووڵاتییبوون لەسەر بنەمای مافەکانى مرۆڤ و بەرپرسیارێتى.
٨- گرنگیدان بە پاراستنى مافى منداڵان.
٩- چارەسەرکردنى کێشەى کەمینەکان و ڕێزگرتنى کەمینە ئایینى و نەتەوەیى و ناسنامەیییهكان لە کۆمەڵگهدا.
١٠- دروستکردنى دڵسۆزی و پشتگیرى بۆ دامەزراوەکانى دەوڵەت و حکوومەت.
١١- ئاشنابوون بە ئەرک و مافەکان و، گەشەکردنى کارامەیی و ئەنجامدانى چالاکیی بەرپرسیارانە و پۆزەتیڤ و، هاندانى قوتابیان لەسەر گێڕانى ڕۆڵی پۆزەتیڤ لە قوتابخانە و کۆمەڵگهدا.
١٢- دابینکردنى ئاسایش و کەمکردنەوەى توندوتیژى، له ڕهوتی دروستکردنى ناسنامەیەکى بەکۆمەڵى مەدەنیدا.
تەوەرى سێیەم: ڕەهەندەکانى پەروەردەى مەدەنى:
پەروەردەى مەدەنی، چەندین ڕەهەندی هەیە کە لە ڕێگەى ئەو ڕەهەندانەوە دەیەوێت ئامانجەکانى خۆى جێبەجێ بکات، بۆیە لێرەدا ئاماژە بەو ڕەهەندانە دەکرێت:
١- هاووڵاتییبوون:
هاووڵاتییبوون بە ڕەهەندێکى گرنگى پەروەردەى مەدەنى دادەنرێت، کە مەبەست لێى هاووڵاتیییەکى باش و کارایە لە مەیدانى کۆمەڵایەتى و سیاسی؛ کە بنەمای سەرەکى، بریتى دەبێت له دڵسۆزى و ئینتما بۆ دەوڵەت و سیستەمى سیاسى. بەبێ بوونى ئەم ڕەهەندە، پرۆسەى دیموکراسی لە کۆمەڵگهدا تووشى شکست دەبێت. هاووڵاتییبوون پەیوەندییەکى بەهێزى نێوان تاک و دەوڵەتە، کە ئەرک و مافەکانى تاکەکان دیاری دەکات و، وایان لێ دەکات کە بەرامبەر دامودەزگهکانى حکوومەت و دەوڵەت هەست بە بەرپرسیارێتى بکەن.
٢- بەرژەوەندیی گشتى:
مەبەست لە بەرژەوەندیى گشتى، جێبەجێکردنى بەرژەوەندیى تاکەکان و کۆمەڵگهیە بە شێوەیەکى گشتى؛ بەرژەوەندیى گشتیش کاتێک دەستەبەر دەبێت كه تاکەکان هاوکاریی یەکتر بکەن و کارى بەکۆمەڵ لە نێوانیاندا هەبێت. تاک بە شێوەیەکى بەرپرسیارانە مامەڵە بکات و، هەم بەرژوەندیى خۆى، هەم بەرژەوەندیى گشتى بپارێزێت هەروەک "مۆنتسکیو" واى دەبینێت کە فەزیلەتى مەدەنى، دەبێت لەناو خودی تاکەکاندا هەبێت، بۆ ئەوەى بەرژەوەندیى خودى تاکەکان نەبێتە قوربانیى بەرژەوەندیی گشتى، بەرژەوەندیی گشتیش، دەبێت لە دەستوورى وڵاتدا دیاری کرابێت، یان کۆدەنگییەکى نیشتمانیى لەسەر بێت. "ڕوبرت دال"یش پێى وایە هاووڵاتى، دەبێت چاکەى گشتى و بەرژەوەندیی گشتى بزانێت و، بۆ جێبەجێکردنى بەرژەوەندیى گشتى هەوڵ بدات. پشتگیريكردن له بەرژەوەندیی گشتی لە پەروەردەى مەدەنیدا بایەخى زۆرى پێ دراوە، کە وا لە تاک دەکات بەرپرسیارێتیى کۆمەڵایەتى و ئەخلاقیی بۆ پاراستنى بەرژەوەندیى کۆمەڵگه هەبێت.
٣- فرەکهلتوورى:
ئهم ڕهههنده، ڕهههندێكی گرنگی پهروهردهی مهدهنییه، ڕەهەندی فرەکهلتوورى پەیوەندییەکى توندى هەیە بە پرۆسەى دیموكراسی له کۆمەڵگه و بههای هاووڵاتیبوون و ڕێزگرتنى بەرامبەر. بۆیە پەروەردەى مەدەنى، لە نێوان هەموو کهلتوورە جیاوازەکان، هەوڵ دەدات کهلتوورێکى مەدەنى دروست بکات کە دڵسۆزى و ئینتمای لاوەکى لا ببات و ئینتمایەکى گشتى بنیات بنێت كه ههموو تاكهكان پێكهوه ببهستێتهوه؛ کە ئەمەیش دەبێتە بنەڕەتێکى گرنگ بۆ یەکگرتووییى نیشتمانى لەو کۆمەڵگهیانەى کە فرەکهلتووریى تێدایە. ئەمەیش، دەبێت هەستێک لاى تاکەکان دروست بکات کە هەموو تاکەکان لە پرۆسەى دەرکردنى بڕیاردا، کە بەرژەوەندیى نیشتمانیى تێدایه، بەشدارن.
٤- ناسنامەى کهلتوورى:
ئەم ڕەهەندە، پەیوەندیی بە ڕەهەندەکەى پێش خۆیهوه هەیە، لهبهر ئهوهی پەروەردەى مەدەنى جەخت لەسەر پاراستن و ڕێزگرتنى هەموو کهلتوورە جیاوازەکانى ناو کۆمەڵگه دەکاتەوە. چونکە لە کۆمەڵگهى دیموکراتیدا، دەکرێت لەسەر بنەماى ئایین و نەتەوە و ڕەگ و مەزهەب و چین و . . . فرەکهلتوورى هەبێت، کە بە شێوەیەکى ئاشتییانە پێکەوە دەژین و هەموویان لە کەلتورێکى مەدەنیى گشتیدا بەشدارن، کە پێى دەگوترێت ناسنامەى مەدەنی(Civic Identity) و، زامنى پاراستن و بەردەوامیى کۆمەڵگه و سیستەمى سیاسیى دیموکراتییه.
٥- کهلتوورى سیاسی:
ئەم ڕەهەندە، بە یەکێک لە گرنگترین ڕەهەندەکانى پەروەردەى مەدەنى دادەنرێت. بێ گومان پەروەردەیەکى مەدەنیى کارا و ئەکتیڤ، دەبێتە هۆى دروستبوونى کهلتوورێکى سیاسی و مەدەنى، کە لەگەڵ بەهاکانى دیموکراسی و مافی مرۆڤدا دەگونجێت و، پارێزگارى لە یەکگرتووییى کۆمەڵگه دەکات. پرۆفیسۆر "لوشیان پای" بەم شێوەیە پێناسەى کردووە: "کهلتووری سیاسی بریتییە لە کۆمەڵێک لە ئاراستەکان و بیروباوەڕ و هەست و سۆز، کە سیستەمێک و مانایەک بە پرۆسەى سیاسی دەبەخشێت و، دەبێتە هۆى پێشخستنى یاسا جێگیرەکان و، لە چوارچێوەى سیستەمى سیاسیدا کۆنترۆڵى هەڵسوکەوتى تاکەکان دەکات." کەواتە کهلتوورى سیاسی، بیروباوەر و هەست و سۆزە، کە دەبێت ئەم بیروباوەر و هەست و سۆزە لە قۆناغەکانى سەرەتاییى ژیانى مرۆڤ گرنگیى پێ بدرێت کە پەروەردەى مەدەنى له ڕهوتی قوتابخانەکاندا، دەتوانێت ڕۆڵی گەورە و گرنگ لەم ڕووەوە بگێڕێت.
تەوەرى چوارەم: کەناڵەکانى پەروەروەردى مەدەنى:
پەروەردەى مەدەنى چەندین دامەزراوەى هەیە کە هەر یەکەیان گرنگیى خۆیان هەیە، کە هەموو ئەم دامەزراوانە هۆکارى گەشەسەندن و پێشکەوتنى تاک و کۆمەڵگهن. لێرەیشدا تیشک دهخهینه سەر ئەو کەناڵانە:
١- خێزان (Family):
خێزان بە گرنگترین دامەزراوەکانى پەروەردە و پێگەیاندنى کۆمەڵایەتى و سیاسی دادەنرێت، چونکە مرۆڤ لە سەرەتاى بوونییەوە تا کۆتاییی ژیانى، لەناو خێزاندا دەژیت و لە هەموو ڕوویەکەوە بە بیروباوەرى خێزانەکەى کاریگەر دەبێت. بۆ نموونە، مرۆڤ بیروباوەر و هزر و هەڵسوکەوت و داب و نەریت و چەندین شتى تر، بە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەوە، لە خێزانەوە وەردەگرێت. بۆیە زۆر گرنگە خێزان پەروەردەى تاکەکانى خۆى بکات و بە شێوەیەکى مەدەنى فێرى بەهاکانى کۆمەڵگەى بکات، چونکە ئەمە دەبێتە هۆى ئەوەى کەوا تاکێکى مەدەنیى هۆشیار و کارا دروست بکرێت. لەم ڕوانگەیەوە، خێزان دامەزراوەیەکى گرنگە لە پارێزگاریکردن لە مەدەنییەتى کۆمەڵگه و بەردەوامبوونى.
٢- دامەزراوەکانى فێرکردن(Educational institutions) :
قوتابخانە، بە یەکێک لە گرنگترین دامەزراوەکانى پەروەردەى مەدەنى دادەنرێت و، هەندێک جار گرنگییەکەى دەکەوێتە پێش خێزان؛ ئەمەیش لە کاتێکدایە کە ڕەنگە خێزان لە پەروەردەکرنى ئەندامەکانى بە شێوەیەکى مەدەنى، کارا نەبێت. قوتابخانە، ئەو بۆشایییە پڕ دەکاتەوە، چونکە قوتابخانە ئەو ناوەندەیە کەوا وەکوو ئەجێنداى سیستەمی سیاسی سەیر کراوە. لە سیستەمى دیموکراتیدا هەوڵ دەدرێت لە ڕێگەى قوتابخانەوە هاووڵاتیى چاک، بە هەموو پێوەرەکانیەوە، بەرهەم بهێنرێت. چونکە قوتابخانە، مەعریفە و کارامەییى مەدەنى بە شێوەیەکى مەبەستدار و بهرنامهڕێژكراو دەگەیەنێتە قوتابیان و، وەکوو سەرچاوەیەک و کەرەستەیەکى خاو مامەڵه لەگەڵ منداڵاندا دەکات، کەوا بۆ ژیانى مەدەنى و سیاسى لە داهاتوودا، سوودیان لێ وەردەگیرێت.
قوتابخانە لە ڕێگەى پرۆگرامەکانییەوە، دەتوانێت بۆ جێگیرکردنى بەهاکانى هاووڵاتییبوون و دیموکراسی، وەکوو دروستکردنى کهلتوورى ئاشتى، پێکەوەژیان، ئازادى، دیموکراسی، دادپەروەرى، لێبووردەیى و ڕێزگرتنى یەکتر لەسەر بنەماى ماف و ئەرکەکان، ڕۆڵێکى گرنگ و بنەڕەتیى هەبێت؛ ئەم بەهایانەیش دەبنە هۆى دروستبوونى قوتابیی چاک، کە لە دواجاردا دەبنە هاووڵاتیى چاک لە کۆمەڵگهدا. لە پێناسەى قوتابیی چاکدا، هەندێک لە لێکۆڵەرانى بوارى پەروەردەیى پێیان وایە کە: "قوتابیی چاک لە قوتابخانە، ئەو قوتابییەیە کە وا ملکەچە و هاریکاریى قوتابیان و قوتابخانەکەیە و، هەروەها یارمەتیى خەڵک دەدات لە دەرەوەى قوتابخانە و، مەعریفەى بە سیستەمى سیاسی و دامەزراوەکانى دەوڵەت هەیە و، بەپێى یاسا و ڕێساکانى دەوڵەت کار دەکات؛ هۆشیار و کارایە و داوای مافەکانى خۆى و ئەوانى تریش دەکات." کەواتە قوتابخانە دامەزراوەیەکى گرنگى پەروەردەى مەدەنییه، هەم وەکوو دامەزراوەى قوتابخانە بە شێوەیەکى گشتى و، هەم وەکوو پرۆگرامەکانى خۆێندن.
هەروەها زانکۆیش، وەکوو دامەزراوەیەکى فێرکردن، ڕۆڵێکى گرنگ بۆ تەواوکردنى ڕۆڵى قوتابخانە دەگێڕێت. جەخت لەسەر ئەو بەها و قییەمانە دەکاتەوە کە قوتابخانە فیرى قوتابییەکانى کردوون و، جێگیریان دەکات. لەگەڵ پێدانى بەها و قییەمى نوێ، کە لەگەڵ تەمەن و شارهزاییى نوێى تاکەکان یەک دەگرێتەوە و، یارمەتیى تاک دەدات بۆ ئەوەى ببێتە هاووڵاتیییەکى کارا و هۆشیار، گۆڕانکارى لە خود و ئهقڵی تاکدا دروست دەکات و، تاک دەکاته خاوەن کۆمەڵێک بەهاى نوێ. بۆیە زۆرێک لە پسپۆرانى پەروەردەیى، زانکۆ بە ئهقڵی کۆمەڵگه ناو دەبەن و، پێیان وایە کە خاوەن بڕیارەکان، دەبێت پلان و ستراتیژیی گرنگ بۆ زانکۆ دابنێن و گرنگییەکى یەکجار زۆرى پێ بدەن، بۆ ئەوەى ڕۆڵی زانکۆ بە شێوەیەکى کارا دەربکەوێت. ڕۆڵى زانکۆ بە گەیاندنى بەهاکان بۆ قوتابیان، پەیوەستە بە چەند شتێکەوە، ئەوانیش (پرۆگرامەکان، خودى مامۆستاکان و تۆێژینەوە زانستییەکانە کە لە زانکۆکانەوە دەردەچێت). بۆیە هەر دوو قوتابخانە و زانکۆیش ڕۆڵێکى گەورەیان لە پێگەیاندنى تاکدا هەیە.
٣- دامەزراوە فەرمییەکان :
مەبەست لێرەدا هەر سێ دەسەڵاتەکەیە: یاسادانان، دادوەرى و جێبەجێکردن. هەموو ئەو دامەزراوانەیش کە لێیان جیا دەبنەوە، ڕۆڵی گرنگیان له بەرجەستەکردنی ئامانجەکانى پەروەردەى مەدەنیدا هەیە. دەبێت هەر سێ دەسەڵاتەکە، باوەریان بە بنەماکانى پەروەردەى مەدەنى هەبێت و، کەشوهەوایەکى باش بۆ پەروەردەى مەدەنى بڕەخسێنن و، گرنگى بە بەها سیاسی و دیموکراتییەکان بدەن.
٤- دامەزراوە نافەرمییەکان :
دامەزراوە ناحکوومییەکان، کە دامەزراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى دەگرێتەوە و بریتین له (حزبه سیاسییەکان و سەندیکاکان و ڕێکخراوە ناحکوومییهكان و یەکێتییەکانى نووسەران و ڕۆشنبیران و گرووپ و کۆمەڵە ئەهلییەکان و دامەزراوە ئایینییەکان)، بە کەناڵێکى گرنگى پەروەردەى مەدەنى لە کۆمەڵگه دیموکراتەکاندا دادەنرێن، کە هەر یەکێک لەو دامەزراوانە ڕۆڵى گرنگیان لە گەشەکردنى لایەنى کەسایەتى و مەعریفیى تاک لە هەموو بوارە جۆراوجۆرەکاندا هەیە.
حزبه سیاسییەکان، هەوڵ دەدەن کە به شێوهیهكی گونجاو، لە ڕێگەى فێرکردنیان بە کۆمەڵێک چەمک و بەها و سلوکیاتى دیاریکراو کە لەگەڵ بەرژەوەندیى گشتیى کۆمەڵگهدا دەگونجێت، پەروەردەى مەدەنى و سیاسیی ئەندامانى خۆیان بکەن. هەروەها دامەزراوە ئایینیەکانیش گرنگى بە پێگەیاندنى تاک دەدەن و جۆرە هەڵسوکەوتێک و بەهاگەلێک لاى تاکەکان دەچێنن وەکوو لێبووردەیى و دەستپاکى و کارى باش و خزمەتکردنى کۆمەڵگه بەگشتى، بەشدارى و بەرپرسیارێتیى ئایینى و ئەخلاقى؛ ئەم بەهایانە لەگەڵ بەهاکانى پەروەردەى مەدەنیدا یەک دەگرنەوە. هەروەها سەندیکا و ڕێکخراوەکانیش، دەیانەوێت ماف و ئیمتیازاتى ئەندامەکانى خۆیان بپارێزن و ئەندامانیان لەسەر هەست بە بەرپرسیارێتیکردن و بەشداریى سیاسی و کۆمەڵایەتى و کارى بەکۆمەڵ ڕابهێنن. ڕێکخراوەکانى مافی مرۆڤ و مافی ئافرەتانیش لە ڕهوتی کار و چالاکییەکانیانەوە وەکوو کەناڵێکى گرنگى پەروەردەى مەدەنى سەیر کراون؛ کە دەیانەوێت تاک کارا و هۆشیار بێت و مافەکانیشى پارێزراو بن و، حکوومەت و دەسەڵاتدارەکان ڕێز لە مافەکانى چینەکانى کۆمەڵگە بەگشتى بگرن و پێشێلى مافەکانى مرۆڤ نەکرێت.
پەروەردەى مەدەنى لە هەرێمى کوردستان :
پاش تێگەیشتن لە چەمک و پێناسه و ئامانجەکان و کەناڵەکانى پەروەردەى مەدەنى و ڕهەندەکانى پەروەردەى مەدەنى و گرنگیى پەروەردەى مەدەنى لە پێگەیاندنى تاک و گەشەسەندنى دیموکراسی، ئێستا لهسهر بنەماى ئەو مەعریفەیە دەربارەى پەروەردەى مەدەنى، خۆێندنەوەیەکى ورد بۆ پرۆسەى دیموکراسى لە هەرێمى کوردستان دەکەین.
هەروەک ئاشکرایە پرۆسەى دیموکراسى لە هەرێمى کوردستان، پرسیارى گەورەى لەسەرە. جگە لەوەى کە چەندین هۆکارى جیاواز و جۆراوجۆر بۆ ئەمە هەن، بەڵام گرنگترینان، پەیوەندیى بە پرۆسەى پەروەردە و پەروەردەى مەدەنییەوە هەیە؛ چونکە لە بنەڕەتدا ئێمە هاووڵاتییەکى ئامادە و کارامان نییە، کە شارەزای هەموو بەها مەدەنییەکان بێت. پرۆسەى پەروەردە و پەروەردەى مەدەنیش چەندین کەناڵى جۆراوجۆرى هەیە، کە کاریگەرییان لهسهر پێگەیاندنى سیاسى و کۆمەڵایەتیی تاك ههیه. بەڵام لە هەرێمى کوردستان هەموو ئەم کەناڵانە لەمەڕ پێگەیاندنى مەدەنییانەى تاک و پرۆسەى دیموکراسى، ڕووبەڕووى کێشەى گەورە و پرسیارى جددى بوونەتەوە. بۆ نموونە "خێزان"، وەک یەکەم دامەزراوەى گرنگى تاک، کە تێیدا یەکەمین بەها و ئاراستهكانی ژیانى خۆى لەوێوە وەردەگرێ، لەسەر پرۆسەى پێگەیاندن و پەروەردەى مەدەنى، کێشەى گەورەى تێدایە؛ چونکە تا ئێستا خێزانەکان منداڵەکانیان لەسەر بنەما مەدەنییەکان پێ ناگەیەنن، لهبهر ئهوهی زۆرینەیان هەر لە بنەڕهتدا باوەرییان پێ نییە، یان لە ماهییەت و گرنگیى پەروەردەى مەدەنى تێ ناگەن و، کەمترین هۆشیارییان دەربارەى بەها مەدەنییەکان هەیە. کەواتە كێشهی گهوره لە گرنگترین و بنەڕەتیترین کەناڵى پەروەردەى مەدەنى لە هەرێمى کوردستاندا هەیە.
کەناڵێکى گرنگى ترى پەروەردەى مەدەنى لە هەرێمى کوردستان، کە ناوەندەکانى فێرکردنن، لە کێشە و قەیرانێکى گەورەدایە. بۆ نموونە لە ساڵی 2005 بۆ یەکەمین جار پرۆگرامێک لە ناوەندەکانى خۆێندن بە ناوى پەروەردەى مەدەنى، بە هاوکاریى سەنتەرى پەروەردەى مەدەنى لە مێریلاند و بە هەماهەنگیى وەزارەتى مافى مرۆڤى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، لە قوتابخانەکان وەگەڕ خران. تا ئێرە وەکوو بیرۆکە، شتێکى ناوازەیە، بەڵام لە پراکتیکدا نا، چونکە لە هەرێمى کوردستان ئامراز و هۆکارەکانى پەروەردەى مەدەنى، بۆ ڕێککەوت بەجێ هێڵراون. بۆ نموونە ئەگەر تەماشایەکى خودى پرۆگرامەکان بکەین، یەکسەر ئەوە دەزانین کە ئەم پرۆگرامانە لە لایەن کەسانى پسپۆر و شارەزاى تایبەت بە پەروەردەى مەدەنى ئامادە نەکراون، چونکە هەڵەى گەورە و ئاشکرا لە زۆرینەى چەمکەکاندا هەیە، بەتایبەت ئەو چەمکانەى کە پەیوەستن بە زانستى سیاسییەوە. هەروەها پرۆگرامەکان زۆر بە شێوەیەکى وشک و ئاڵۆز داڕێژراون، کە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئاستى قوتابیان ناگۆنجێت، تەنانەت بەشێکى زۆرى مامۆستایانیش شارەزایییان لە ناوەرۆک و چەمکەکانى پرۆگرامى پەروەردەى مەدەنیدا نییە. چونکە تا ئێستا مامۆستایەکى پسپۆرمان بۆ گوتنەوەى پرۆگرامەکانى پەروەردەى مەدەنى نییە و، هەروەها بەشێکى زۆر لە کارگێڕى و مامۆستایان باوەڕیان بە بەهاکانى نێو پرۆگرامەکان نییە و، ئەم پرۆگرامە تەنیا یەک "بەشەوانە"ى لە هەفتەیەکدا بۆ تەرخان کراوە، ئەویش زۆربەى جار ناخۆێندرێت.
سەبارەت بە ڕێکخراوەکانى کۆمەڵی مەدەنیش، دیسانەوە ئەمانیش لەم ڕووەوە بەگوێرەى پێویست نین؛ زۆربەى جار کارەکانیان پێچەوانەى بەهاکانى پەروەردەى مەدەنییە و، نەیانتوانیوە هۆشیاریى پێویست دەربارەى بەها مەدەنییەکان و پەروەردەى مەدەنى بڵاو بکەنەوە، چونکە ئەوانیش شارەزایییەکى ئەوتۆیان دەربارەى بنەما و بەهاکانى پەروەردەى مەدەنییهوه نییە. هەروەها لە هەرێمى کوردستان حکوومەتى هەرێمى کوردستان و حزبە سیاسییەکان، زۆرینەى زۆرى کارەکانیان پێچەوانەى بەهاکان و ڕەهەندەکانى پەروەردەى مەدەنین، وەکوو: هاووڵاتییبوون، بەشداریى سیاسى و پرۆسەى دیموکراسى. کەواتە پرۆسەى پەروەردەى مەدەنى لە هەرێمى کوردستان، جگە لە پرۆسەیەکى شکستخواردوو لە هەموو ڕویەکەوە، شتێکى تر نییە. کەواتە بۆ ئەوەى کۆمەڵگهى کوردى، لە حاڵەتی سروشتییهوه دەربازى ببێت بۆ حاڵەتی مەدەنى، یەک ڕێگهمان هەیە، ئەویش پەروەردە و پەروەردەى مەدەنییە؛ چونکە پێش ئەوەى باس لە دیموکراسیبوون و هەڵبژاردن و گۆرانکارى بکەین، پێویستە گۆرانکارى لە ئەقڵییەت و کهلتوورى تاک بکەین. ئەمەیش، دەبێت هەموو کەناڵەکانى پەروەردەى مەدەنى و پێگەیاندنى سیاسى پێکەوە و بە یەک ئاراستە کار بکەن.
پێویستە چى بکرێت؟
١- چاکسازیى ڕیشەیى لە هەموو سێکتەرەکان.
٢- گەشەدان بە بەها و بنەماکانى دیموکراسى و سەروەریى یاسا.
٣- گۆرانکارى لە دید و فەلسەفەى پەروەردەییدا.
٤- پێداچوونەوە و چاکترکردنى پرۆگرامەکانى پەروەردەى مەدەنى لە لایەن کەسانى پسپۆر و شارەزاوه.
٥- مامۆستاى تایبەت بە پرۆگرامى پەروەردەى مەدەنى دابین بکرێت.
٦- بەشەوانەى پرۆگرامى پەروەردەى مەدەنى لە قوتابخانەکاندا بکرێتە دوو بەشەوانە، یان سێ بەشەوانە لە هەفتەیەکدا.
|