به درێژاییی قۆناغه‌کانی مێژووی وڵاتان له جیهاندا، دیارده‌ی قه‌یرانی دارایی له هه‌ر وڵاتێک‌دا یه‌کێکه له‌و دیارده، یان کێشانه‌ی که ئه‌گه‌ری ڕوودانی له هه‌ر کۆمه‌ڵێکدا به هۆکاری جیاجیا بوونی هه‌یه و سه‌ر هه‌ڵده‌دات. ئه‌گه‌رچی بوونی قه‌یرانی دارایی، ده‌ره‌نجامی کۆمه‌ڵێ فاکته‌ری جۆربه‌جۆره، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا ڕوودانی ئه‌و کێشه‌یه ده‌ره‌نجامه و، هه‌ڵقووڵاو و گرێدراوی کۆمه‌ڵێ هۆکاری جیاوازه، که بێ گومان له ئه‌نجامدا له‌سه‌ر ئاستی سه‌رجه‌م بواره‌کانی کۆمه‌ڵ به‌گشتی و تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ به‌تایبه‌تی کاردانه‌وه و ئاسه‌وار و کاریگه‌ریی خراپ و مه‌ترسیداری جیاواز و زۆر، له دوای خۆیه‌وه به‌جێ ده‌هێڵێ و، دواتریش ڕه‌نگدانه‌وه و ئاسه‌واری زیاتر و تا‌یبه‌تتری بۆ دۆخی ژنان لێ ده‌که‌وێته‌وه.
گرفت، یان مه‌ترسییه‌كه‌ی، ته‌نیا کاریگه‌ریی له‌سه‌ر چه‌قبه‌ستووییی ساته‌وه‌ختی دۆخ و قۆناغی دروستبوونه‌که نابێت، به‌ڵکوو کاردانه‌وه و کاریگه‌ریی له‌سه‌ر بارودۆخی ئێستا و ڕابردوو و داهاتوویش ده‌بێت. به واتایه‌کی دیکه، له ده‌ره‌نجامدا هه‌موو گه‌شه‌کردن و په‌ره‌پێدان و ده‌ستکه‌وته‌کانی كه له ڕابردووی کۆمه‌ڵدا دروست بوون و کاریان بۆ کراوه، ده‌که‌ونه ژێر مه‌ترسی و پاشه‌کشه‌کردن به‌ره‌و دواوه، چ له ڕووی ژێرخانی بواری ئابووری و سه‌رجه‌م بواره‌کانی دیکه و، چ له ڕووی پرۆژه‌ی گه‌شه‌پێدان و په‌ره‌پێدانی مرۆیییه‌وه.
به دیوێکی دیکه‌دا، مه‌ترسی ده‌خاته سه‌ر داهاتووی کۆمه‌ڵ به‌گشتی، له‌وه‌ی پلانڕێژی و به‌رنامه‌یه‌کی تۆکمه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێ کار له‌سه‌ر هه‌ستانه‌وه و بونیادنانه‌وه بکرێت. ئه‌مه‌یش ئاسان نییه و پێویستیی به کاتێکی زیاتر و قوربانییه‌کی جیاوازتر ده‌بێت؛ که دواجار هه‌موو ئه‌وه‌یش گرێدراوی ئیراده‌یه‌کی یه‌کگرتووی تۆکمه‌یه و، له لایه‌ن حوکمڕانان و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه هه‌وڵی جددیی ده‌وێت.
چه‌مکی قه‌یرانی دارایی:
قه‌یرانی دارایی، به‌وه پێناسه ده‌کرێت که بریتییه له داڕووخانی سیسته‌می دارایی، که په‌یوه‌سته به سه‌رنه‌که‌وتنی دامه‌زراوه دارایی و نادارایییه‌کان له‌گه‌ڵ گرژبوونێکی توند له کۆی چالاکییه ئابوورییه‌کان. هه‌روه‌ها مه‌به‌ست لێی، تێکچوونێکی بێ‌شومار و کتوپڕه له بازاڕی پشکه‌کاندا، یان له دراو‌ی هه‌ر ده‌وڵه‌تێکدا یاخود له بازاڕی خانووبه‌ره، یان کۆمه‌ڵێک له دامه‌زراوه دارایییه‌کان که دواجار بۆ ئابوورییه‌کانی تر درێژه ده‌کێشێت و، ئه‌و جۆری داڕووخانه دارایییانه دروست ده‌بێ که له ده‌ره‌نجامدا ئاسه‌واره‌کانی بۆ زۆرێک له بوار و که‌رته‌کانی تر درێژه ده‌کێشێت.
قه‌یرانی داراییی نێوده‌وڵه‌تی، که‌ی سه‌ری هه‌ڵدا؟
قه‌یرانی دارایی له ئاستی جیهاندا، به شێوه‌یه‌کی ئاشکرا کاریگه‌ریی زۆری هه‌بووه له‌سه‌ر لایه‌نی ئابووریی گشت وڵاتان، وێڕای ئه‌وه‌ی له ڕوویه‌کی تره‌وه بووه هۆی ده‌رخستنی په‌یوه‌ندیی توندوتۆڵی نێوان گشت لایه‌نه ئابوورییه‌کانی ئه‌و وڵاتانه. بۆیه ده‌رچوون لێی، پێویستیی به یه‌کگرتووییی توانا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان هه‌بوو بۆ گێڕانه‌وه‌ی چاوپێداخشاندنه‌وه به سیسته‌می دراو‌ی نێوده‌وڵه‌تی؛ به‌وه‌ی ئازادیی ئابووری و سیاسیی ته‌واوی به گشت وڵاتان داوه بۆ هه‌ڵبژاردنی گرێدانه‌وه‌ی دراوه‌کانیان به یه‌ک پریاسکه‌ی دراوه‌کانه‌وه، که له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا ڕێكکه‌وتنی له‌سه‌ر ده‌کرێت. هه‌روه‌ها به پێداچوونه‌وه به بنه‌ما و ئامرازه‌کانی کاری سندووقی دراو و بانکی نێوده‌وڵه‌تی، به‌ده‌ر له پشتگیریی چاودێریی دارایی له‌سه‌ر دامه‌زراوه دارایییه‌کان له ڕێی به‌ڕێوه‌بردن و سه‌رپه‌رشتیی ده‌سته‌ی چاودێریی سه‌ربه‌خۆی نێوده‌وڵه‌تی، که باوه‌ڕی به شه‌فافییه‌تی ته‌واو هه‌یه و هه‌وڵی گێڕانه‌وه‌ی متمانه ده‌دات له ڕێی ده‌ستێوه‌ردانی حکوومه‌ت و بانکه ناوه‌ندییه‌کان، به مه‌به‌ستی گرێنتیكردنی دراو بۆ ده‌زگه بانکییه‌کان و کارکردن بۆ به‌ڕێوه‌بردنێکی باشتر بۆ دراو‌ی نێوده‌وڵه‌تی و وه‌ستانی پشتبه‌ستن به دراو‌ی دۆلار.
قه‌یرانی داراییی نێوده‌وڵه‌تی، که دواتر گۆڕا بۆ قه‌یرانی ئابووری و پاشان بۆ قه‌یرانی کۆمه‌ڵایه‌تی، کاری کرده سه‌ر زیادبوون و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی دیارده‌ی بێ‌کاری؛ که بوونی ئه‌و قه‌یرانه، بۆرسات و مامه‌ڵه دراوییه‌کانی تێ په‌ڕاند بۆ ئه‌وه‌ی بگاته ئابووریی ڕاسته‌قینه.
ئاسه‌واره‌کانی ئه‌و قه‌یرانه، به‌ئاشکرا له ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو. هه‌روه‌ها کاردانه‌وه‌یشی به‌سه‌ر ملیۆنان له فه‌رمانبه‌ران ده‌رکه‌وت که له لایه‌ن دامه‌زراوه‌کانه‌وه، به مه‌به‌ستی پاراستنی هاوسه‌نگی و خۆلادان له داڕووخان، له وه‌زیفه‌کانیان ده‌رکران.
له کۆتاییی ساڵی2008، ڕێژه‌ی بێ‌کاری له ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کاندا گه‌یشته نزیکه‌ی 9،5% ؛ ئه‌وه‌یش ڕێژه‌یه‌کی به‌رزه که له ساڵی 1973ه‌وه نه‌هاتۆته دی.
هۆکاره‌کانی قه‌یرانی دارایی:
هۆکاره‌کانی قه‌یرانی دارایی، کاتێک له هه‌ر کۆمه‌ڵێکدا ڕوو ده‌دات، فره‌هۆکاره: ڕوودانی جه‌نگ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆیی، نه‌بوونی پلان و ستراتیژیی ڕوون و درێژخایه‌ن له لایه‌ن فه‌رمانڕه‌وایانه‌وه، به‌هه‌ده‌ردانی سامانی سروشتیی وڵات، دابه‌زینی نرخی دراوه‌کان، هه‌ڵاوسانی ئابووریی وڵات، نه‌بوونی سیاسه‌تێکی تۆکمه‌ی په‌یڕه‌وکراو، بایه‌خنه‌دان به ژێرخانی ئابووریی وڵات و کۆمه‌ڵ، سوودوه‌رنه‌گرتن له به‌رهه‌مه ناوخۆیییه‌کان و به‌روبوومی سه‌رجه‌م سه‌کته‌ره ئابووری، کشتوکاڵی، پیشه‌سازی و گه‌شتیارییه‌کان له هه‌ر کۆمه‌ڵێکدا و هتد.
هه‌موو ئه‌وانه پێکه‌وه، یان هه‌ر یه‌ک له‌وانه به تاک و به‌ڕێژه‌ی جیاواز، ده‌بێته هۆکاری سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی دارایی له هه‌ر وڵاتێک‌دا، که ده‌ره‌نجام گۆڕانکاریی ڕیشه‌یی و جیاواز له کۆمه‌ڵدا ده‌خوڵقێنێت.
ئاسه‌واره‌کانی قه‌یرانی ئابووری:
به شێوه‌یه‌کی گشتی کاردانه‌وه و ئاسه‌واره‌کانی هه‌موو قه‌یرانێک له کۆمه‌ڵدا، لایه‌نی خراپ و مه‌ترسیداری زۆری له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵ و تاکه‌کان به‌گشتی هه‌یه، له‌وانه: په‌کخستنی پرۆسه‌ی دیموکراسی، دواکه‌وتنی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ڕۆشنبیری، په‌روه‌رده‌یی، ئابووری، ته‌ندروستی، ده‌روونی، نزمیی نرخی دراوه‌کان، لاوازی ئاستی گه‌شه‌کردن و په‌ره‌پێدانی مرۆیی، دواکه‌وتووییی کۆمه‌ڵ و سه‌رجه‌م هاووڵاتیان، سه‌رهه‌ڵدانی بێ‌کاری، زیادبوونی نه‌خوێنده‌واری، دابه‌زینی ئاستی هۆشمه‌ندیی هاووڵاتیان، تێکشکانی باری ئابووریی وڵاتانی جیهان به‌گشتی، زیادبوونی دیارده‌ی کۆچکردن، تێکچوونی دۆخی خێزانی، سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ی دزین، که‌مکردنه‌وه‌ی جموجووڵی بازاڕ و کڕین و فرۆشتن، وه‌ستان یان لاوازبوونی کاری بانکه‌کان، که‌مبوونه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنان، لاوازیی ئه‌من و ئاسایش، داخستن به ڕووی هاتوچۆ و گه‌شتکردنی وڵاتان و پێشکه‌وتنه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، که‌مبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، ئالووده‌بوون به جۆره‌کانی مادده هۆشبه‌ره‌کان و خواردنه‌وه‌ی مه‌ی، که‌مبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی دانیشتووان، زیادبوونی جۆره‌کانی توندوتیژی و ڕه‌فتاری توندڕه‌وانه، زیادبوونی کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی وه‌ک ته‌ڵاق و جیابوونه‌وه، بچووککردنه‌وه‌ی خێزانه‌کان، زیادبوونی کێشه ده‌روونی و ته‌ندروستییه‌کان و، چه‌ندین دیارده‌ی نه‌شیاو و نه‌هه‌مواری تر، که هێمایه بۆ چه‌قبه‌ستووییی دۆخه‌که له هه‌موو بوارێکه‌وه و هتد.
بوونی هه‌موو ئه‌و ئاسه‌وارانه، ئه‌گه‌رچی له ده‌ره‌نجامدا هه‌موو هاووڵاتیان له پیاوان، ژنان، منداڵان و گه‌نجان و پیران و... و مێژووی ئه‌و کۆمه‌ڵ و نه‌ته‌وه‌یه، به هۆیه‌وه زه‌ره‌ر و زیانی زۆریان به‌رده‌که‌وێت و هه‌ر یه‌ک به شێوه‌یه‌ک دوچاری گرفت و نه‌خۆشیی جه‌سته‌یی و ده‌روونی ده‌بێته‌وه، به‌ڵام به‌گشتی ئه‌گه‌ر پیاوان باجی گه‌وره و زۆری قه‌یرانه ئابوورییه‌کانیان به‌رکه‌وێت، ژنان دووهێنده‌ی پیاوان پشکی مه‌ترسی و زیانه‌کانیان به‌رده‌که‌وێت؛ له لایه‌ک وه‌ک مرۆڤ و له لایه‌کی تر ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی مێن.
ئاسه‌واره‌کانی قه‌یرانی دارایی له‌سه‌ر ژنان:
زۆرن ئه‌و ئاسه‌وارانه‌ی بۆ ژنان جیاوازتر ده‌که‌ونه‌وه، ئه‌و کاته‌ی کۆمه‌ڵگه ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانی دارایی ده‌بێته‌وه. گرنگترینی ئه‌و ئاسه‌وارانه له چه‌ند بوارێکه‌وه ده‌خه‌مه ڕوو، که بریتین له‌م بوارانه‌ی خواره‌وه:
- له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه:
زیادبوونی کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی وه‌ک: زۆربوونی ته‌ڵاق و جیابوونه‌وه، زیادبوونی دیارده‌ی له‌شفرۆشی، ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی جۆره‌کانی توندوتیژیی جه‌سته‌یی و ده‌روونی، زیادبوونی ده‌ستدرێژیی سێکسی، بازرگانیکردن به ژنانه‌وه، سنووردارکردنی منداڵبوون یان وه‌چه‌خستنه‌وه، بێبه‌شکردنی ژنان له خوێندن، گێڕانه‌وه‌ی ژنان بۆ سووچی ماڵه‌وه‌ی خێزانه‌کان، سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی دیارده‌کانی وه‌ک زوو به‌شوودان، به‌زۆر به‌شوودانی کچان و گه‌وره به بچووک و چه‌ندینی تر، یان زیاتربوونی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان، زۆربوونی بێ‌کاری، که‌میی پێکهێنانی ژیانی هاوسه‌رگیری، قبووڵکردنی سووکایه‌تی و ده‌ستدرێژی، زیادبوونی کێشه‌ی منداڵ و خێزانی، سنووردارکردنی منداڵبوون، زیادبوونی ناپاکیی هاوسه‌رگیری و هتد.
- له ڕووی ده‌روونییه‌وه:
زیادبوونی کێشه و گرێ ده‌رونییه‌کانی وه‌ک: خه‌مۆکی، دڵه‌ڕاوکێ، بێتاقه‌تی و بێزاری، بێمتمانه‌یی و گوشاری ده‌روونی و لاوازبوونی لایه‌نی ڕۆحیی مرۆڤه‌کان و هتد.
- له ڕووی ته‌ندروستییه‌وه:
زیادبوونی نه‌خۆشییه‌کان له ڕووی جه‌سته‌یییه‌وه، وه‌ک: جه‌ڵته‌ی دڵ و ده‌ماغ، زیادبوونی په‌ستانی خوێن، لاوازبوونی جه‌سته، به‌دخۆراکی و زۆرێک له‌و نه‌خۆشییانه‌ی ده‌بنه هۆی سستی و بێهێزیی مرۆڤه‌کان، که ده‌ره‌نجام دوچاری زۆرێک له نه‌خۆشییه‌کانی تر ده‌بنه‌وه.
- له ڕووی چالاکییه مه‌ده‌نییه‌کانه‌وه:
جگه له هه‌موو ئه‌و بوارانه‌ی پێشتر ئاما‌ژه‌م پێ دا، لاوازبوون، یان که‌مبوونه‌وه یاخود وه‌ستان و داخستنی ڕێکخراوه‌کانی شارستانی له لایه‌ک و، چالاکییه‌کانیان له لایه‌کی تر، به ڕادده و شێوازی جیاجیا کاریگه‌رییان له‌سه‌ر ده‌رده‌که‌وێت. دیارترینیان کاریگه‌ری له‌سه‌ر که‌مبوونه‌وه‌ی چالاکییه‌کانی ڕێکخراوه‌کانی ژنان ده‌بێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانیان، که به هۆیه‌وه به به‌راورد به دۆخی ڕابردوویان، پاشه‌کشه به دۆخی ژنان ده‌کاته‌وه سه‌باره‌ت به‌و هه‌وڵ و ماندووبوونانه‌ی به درێژاییی مێژووی کارکردنیان له سه‌رجه‌م بواره‌کانی یاسایی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و ده‌روونی و ڕۆشنبیریی کۆمه‌ڵ به‌گشتی خه‌باتیان بۆ کردووه. هه‌روه‌ها به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی به‌شداربوونی ژنان له ئاست هه‌ڵبژاردن و خۆکاندیدکردن و به‌شداربوونی چالاکانه‌یان له بواری سیاسی‌دا، له‌و ڕوانگه‌یه‌ی به‌شداربوونی ژنان له پرۆسه‌ی خۆکاندیدكردندا پێویستیی به سه‌رمایه‌یه‌کی ئابووریی سه‌ربه‌خۆ هه‌یه تا بتوانێت کاره‌کانی بانگه‌شه‌کردن و خۆپاڵاوتنی بۆ پرۆسه‌که به‌سه‌رکه‌وتوویی به‌ڕێوه به‌رێت. وێڕای لاوازبوونی پرۆسه‌ی هۆشیارکردنه‌وه‌ی هاووڵاتیان به‌گشتی و ژنان به‌تایبه‌تی، سه‌باره‌ت به ئه‌رک و مافه‌کانی ژنان که له ڕێی شێواز و میکانیزمی جیاوازه‌وه به‌ڕێوه ده‌چوو، وه‌ک کۆنفرانس، وۆرکشۆپ، سمینار و کۆبوونه‌وه‌ی فراوان له ئاست شار و گونده‌کاندا و ته‌نانه‌ت له ئاست به‌شداربوون له چالاکییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی له سه‌رجه‌م وڵاتاندا به‌ڕێوه ده‌چوو.
مێژووی قه‌یرانی دارایی له جیهاندا:
له کۆتاییی سه‌ده‌ی نۆزده و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، جیهان به‌گشتی و سه‌رمایه‌ی ئابووری به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی، زۆرێک له قه‌یرانه‌کانی به‌خۆوه دی، که گرنگترینیان له‌مانه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه:
ڕوودانی قه‌یرانی ساڵی 1866، ئه‌و کاته‌ی به‌شێک له بانکه ئینگلیزییه‌کان دوچاری ئیفلاسبوون هاتن، که ده‌ره‌نجام بووه هۆی قه‌یرانێکی دارایی که سیسته‌می داراییی بریتانیای له‌ق کرد؛ ئه‌و قه‌یرانه، کۆنترینی ئه‌و قه‌یرانانه‌یه که جیهان به‌خۆیه‌وه دی. هه‌روه‌ها قه‌یرانی گه‌وره‌ی که‌ڵه‌که‌بوو، که له ساڵی 1929دا ڕووی دا و، به به‌ناوبانگترین قه‌یرانه دارایییه‌کان داده‌نرێت که داراییی جیهان به‌خۆیه‌وه بینی و به‌هێزترین کاریگه‌ریشی هه‌بوو و، هه‌روه‌ها بووه هۆی دابه‌زینی نرخی ئه‌وانه‌ی به‌ش، یان پشکیان له بازاڕی داراییی ئه‌مریکیدا، به ڕێژه‌ی 13% هه‌بوو؛ پاشان له بازاڕه‌کاندا بووه هۆی ڕوودانی هه‌ڵئاوسانی دارایی که ئاسه‌واره‌کانی له‌سه‌ر لایه‌نی ڕاسته‌قینه‌ی داراییی ئه‌مریکا درێژه‌ی هه‌بوو، به شێوه‌یه‌ک ده‌رکه‌وته و کاردانه‌وه دیارده‌کانی خۆی له چه‌ند لایه‌نێکه‌وه بینییه‌وه، له‌وانه:
- دابه‌زینێکی زۆر له به‌کارهێنانی گشتی.
- دابه‌زینی وه‌به‌رهێنان له لایه‌نی که‌رتی به‌روبوومیدا.
- به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی بێ‌کاری، تا ئاستی نزیکه‌ی سێ به‌شی هێزی کاری ئه‌مریکی له ساڵی 1932.
له لایه‌کی دیکه، ڕوودانی قه‌یرانی ئابووریی وڵاتان له ساڵی 1997، که به هۆیه‌وه وڵاتانی ئه‌وروپا قه‌یرانێکی داراییی گه‌وره‌یان به‌خۆوه بینی و، بووه هۆی تێکشکانی دراو‌ی تایله‌ندی. به‌ده‌ر له ڕوودانی قه‌یرانی کۆمپانیاکانی ئینترنێت له کۆتایییه‌کانی سه‌ده‌ی بیست و، سه‌ره‌تای هه‌زاره‌ی سێیه‌مدا، جیهان جۆره قه‌یرانێکی تری نوێی به‌خۆوه دی، به شێوه‌یه‌ک له سه‌ره‌تادا نرخی به‌ش و پشکه دارایییه‌کانی ئه‌و کۆمپانیایانه به شێوه‌یه‌کی گه‌وره به‌رز بۆوه؛ له کاتێکدا ژماره‌یه‌کی که‌می ئه‌و کۆمپانیایانه قازانجی ڕاسته‌قینه‌یان به‌ده‌ست هێنا، که بووه هۆی ته‌قینه‌وه‌ی قه‌یرانه‌کان له ساڵی 2000دا.
ده‌رچوون له قه‌یرانی دارایی:
له‌و ڕوانگه‌یه‌ی هۆکاره‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی دارایی، فره‌هۆکار و فره‌سه‌رچاوه‌ن، له هه‌مان کاتدا کاریگه‌ری و کاردانه‌وه و ئاسه‌واره‌کانی، له‌سه‌ر ئاستی تاک و گشتی باجی گه‌وره هه‌بوو، بۆیه ده‌رچوون له قه‌یرانه‌کان په‌یوه‌سته به باشبوونی دۆخی کۆمه‌ڵ له زۆر لایه‌نه‌وه؛ که گرنگترینیان په‌یوه‌ندیدار و گرێدراوه به بوونی پلان و ستراتیژیی تۆکمه‌ی فه‌رمانڕه‌وایان له لایه‌ک و، له لایه‌کی دیکه‌وه به‌هێزبوون و پته‌وبوونی پردی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهان به‌گشتی و چه‌ندین هه‌وڵی تری هه‌مه‌لایه‌نه‌ی حوکمڕانیی ناوخۆیی و سه‌رجه‌م تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ؛ که ئه‌وه‌یش به‌ده‌ر له بوونی ئیراده و یه‌کگرتوویی، له ڕووی بابه‌تییه‌وه گرێدراوی کۆمه‌ڵێ فاکته‌ر و هۆکاری دیکه‌یه.
دۆخی قه‌یرانی دارایی له کوردستاندا:
زیاد له دوو ساڵه قه‌یرانی دارایی له باشووری کوردستان، بووه‌ته کێشه‌یه‌کی دیار و مه‌ترسیدار، که ڕۆژانه ئاسه‌وار و کاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی تاک و گشتیی کۆمه‌ڵدا ده‌رده‌که‌وێت.
هۆکاره‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و قه‌یرانه فره‌لایه‌نه، بریتین له: بوونی جه‌نگی داعش له عێراق و کوردستان له لایه‌ک و، ناته‌بایی و ناڕێکیی حزبه سیاسییه‌کان، نادادپه‌روه‌ری له سیسته‌می مووچه، له‌خۆگرتنی زۆربه‌ی په‌نابه‌رانی ناوچه‌کانی تری کوردستان و عێراق، زۆریی ژماره‌ی مووچه‌خۆران، هه‌ڵنه‌تۆقان و پشتگیرینه‌کردنی که‌رتی تایبه‌ت، زۆریی ڕێژه‌ی خانه‌نشینان، بوونی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی، په‌کخستنی په‌رله‌مانی کوردستان، چالاکنه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردن و لاوازیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، نه‌بوونی پلانی تۆکمه له‌گه‌ڵ عێراق، به‌هه‌ده‌ردانی سامانی سروشتی، نه‌بوونی ژێرخانی ئابووریی تۆکمه و چه‌ندین هۆکاری تر؛ كه هۆکاری سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی ئابوورین و، له لایه‌کی تره‌وه تا ئێستا بوونه‌ته هۆی به‌رده‌وامی و له هه‌مان کاتدا سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی سیاسییش.
بێ گومان له ده‌ره‌نجامدا سه‌رجه‌م ئه‌و ئاسه‌وارانه بوونه هۆی دواکه‌وتن و پاشه‌کشه‌کردنی کۆمه‌ڵ له ڕووی بونیادنان و ئاوه‌دانکردنه‌وه و گه‌شه‌کردنه‌وه له گشت بواره‌کاندا، هه‌روه‌ها کاریگه‌ریی خراپی هه‌بوو له ڕووی پاشه‌کشه‌کردن به مه‌سه‌له‌کانی ژنانه‌وه.
یه‌که‌م جاره له مێژوودا، باشووری کوردستان، له سه‌رده‌می حوکمڕانیی ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسیی کورده‌وه تووشی دۆخێکی قه‌یراناویی یه‌ک به‌دوای یه‌کی له‌م جۆره ببێته‌وه، که به‌ده‌ر له هه‌موو ئه‌و ئاسه‌وارانه‌ی دیکه، یه‌کێک له جیاوازیی کاردانه‌وه‌کانی تر بریتییه له پاشه‌که‌وتکردن و دواخستنی مووچه‌ی سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی کوردستان، که زیاد له ساڵێکه درێژه‌ی هه‌یه؛ ده‌ره‌نجامی هه‌موو ئه‌وانه‌یش دۆخێکی ناجێگیری سیاسی، ده‌روونی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستییه، که ڕۆژ له دوای ڕۆژ کاردانه‌وه‌ی خراپ دێنێته ئاراوه.
چاره‌سه‌ری دۆخی ئێستای باشووری کوردستان به پله‌ی یه‌که‌م، هه‌نگاونانی ئیراده‌گه‌رییانه‌ی پێویسته بۆ یه‌کڕیزی و یه‌کخستن و یه‌کگرتووییی هێز و توانای حزبه سیاسییه‌کان به وه‌لانانی به‌رژه‌وه‌ندیی که‌سێتی و پاراستنی په‌رژه‌وه‌ندیی گشتی؛ هه‌روه‌ها دوورکه‌وتنه‌وه له ده‌مارگیری و سه‌پاندنی تێڕوانینی ئایدیۆلۆژیی حزبی و بایه‌خدان به بیری نیشتمانی و کوردستانی، فه‌رامۆشکردن و وه‌لانانی ناکۆکی و گرفته‌کانی ڕابردوو له نێوان حزبه سیاسییه‌کاندا و گرنگیدان به ئێستا و داهاتوو، پشتگیری له بزووتنه‌وه و جووڵانه‌وه‌ی کوردی له هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان به‌دوور له پشتێکردن و دژایه‌تیکردنیان، به‌ده‌ر له چالاککردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و ڕێکخستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردن و دانانی پلان و به‌رنامه و ستراتیژیی کورتخایه‌ن و درێژخایه‌ن و چه‌ندین هه‌وڵ و هه‌نگاوی جددیی تر، به مه‌به‌ستی پاراستنی ده‌ستکه‌وتی مێژووییی گه‌لی کورد و چاره‌سه‌ری دۆخه‌که.
هه‌روه‌ها به ئامانجی یه‌کخستنی ناوماڵی کوردی، بونیادنانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵ و ئابووریی کوردستان، چاککردنه‌وه‌ی باری ئابووریی خه‌ڵکی کوردستان، که به درێژاییی مێژوو له‌پێناو هێنانه‌دیی فه‌رمانڕه‌وا‌یییه‌کی کوردیی دادپه‌روه‌ر و باوه‌ڕمه‌ند به بنه‌ما و چه‌مکه‌کانی دیموکراسی له پێناو هێنانه‌دیی کۆمه‌ڵێکی مرۆڤدۆست و دیموکرات، خه‌بات و قوربانیی زۆریان داوه، که له گشت ڕوویه‌کی ڕه‌گه‌زی، ئایینی، ئایدیۆلۆژی و مه‌زهه‌بییه‌وه و به دوور له هه‌موو جیاکارییه‌ک ڕێز له جیاوازیی مرۆڤه‌کان بگرێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی له به‌نده‌کانی یه‌که‌م و دووه‌می جاڕنامه‌ی گه‌ردوونیی مافه‌کانی مرۆڤدا هاتووه و ده‌ڵێت: "هه‌موو مروڤێک به ئازادی له‌دایک ده‌بێ و که‌رامه‌ت و مافی یه‌کسانیان هه‌یه." هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئه‌و ئازادی و مافانه، هه‌موو مرۆڤێک به شێوه‌ی یه‌کسان و به‌بێ هیچ چه‌شنه جیاوازییه‌ک ده‌گرێته‌وه، واته به جیاوازیی نه‌ژاد، ڕه‌نگ، ڕه‌گه‌ز، زمان، ئایین، بیر و ڕای سیاسی و، یان هه‌ر باوه‌ڕێکی دیکه، هه‌روه‌ها ڕه‌چه‌ڵه‌ک، بارودۆخی کومه‌ڵایه‌تی، سه‌روه‌ت و سامان، له‌دایکبوون و هه‌ر شێواز یان بارودوخێکی دیکه."
سوودم له‌م سه‌رچاوانه وه‌رگرتووه:
- الأزمات والدورات الاقتصادية، مصطفى العبدالله
- الأزمة الاقتصادية العالمية (أزمة العالم الرأسمالي الكبرى لسنة
1929),محمد عبد السلام