مه‌به‌ست له ڕۆژی جیهانیی ژنان چییه؟
ڕۆژی جیهانیی ژنان بریتییه له‌و ئاهه‌نگه جیهانییه‌ی که له ڕۆژی (8)ی مارسی هه‌موو ساڵێکدا ساز ده‌کرێت و له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا ژنان له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ئابوورییه‌وه ئاهه‌نگ به ده‌ستکه‌وته‌کانه‌وه ده‌گێڕن؛ ته‌نانه‌ت له هه‌ندێ وڵاتی وه‌ک چین و ڕووسیا و کووبا، به‌و بۆنه‌یه‌وه ژنان مۆڵه‌ت وه‌رده‌گرن.
ئاهه‌نگگێڕان به‌و بۆنه‌یه‌وه، له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه که ساڵی 1945 له پاریس یه‌که‌م کۆنگره بۆ یه‌کێتیی ژنانی دیموکراتی جیهان به‌سترا، که پێک هاتبوون له ڕێکخراوه‌کانی هاوشێوه‌ی تایبه‌ت به حزبی شیوعیی عێراق، که یه‌که‌م ئاهه‌نگی جیهانیی تایبه‌ت به ڕۆژی جیهانیی ژنان بوو. وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌ندێ له توێژه‌ران ڕۆژی جیهانیی ژنان ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ی له ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و شه‌قامه‌کانی شاری نیویۆرک به هۆی ناچارکردنیان بۆ کارکردن ئه‌نجام ده‌درا، له کاتێکدا پۆلیس به شێوه‌یه‌کی نامرۆڤانه و توندڕه‌وانه ڕۆڵیان له بڵاوه‌پێكردنی خۆپێشانده‌راندا هه‌بوو؛ به‌ڵام ڕه‌وڕه‌وه‌ی هه‌وڵه‌کان و خۆپێشاندانه‌کان سه‌رکه‌وتوو بوون، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رپرسان و سیاسییه‌کان بێنه پای مه‌سه‌له‌ی ژنان و ببێته ته‌وه‌رەی باس و وتووێژ دەربارەی کێشه‌ی ژنانی كرێكار.
(8)ی مارس، چۆن بوو به ڕۆژێکی جیهانی بۆ ژنان؟
چیڕۆکی (8)ی مارس، چیڕۆکی ئه‌و ژنه ساده و ساکارانه‌یه، که له پاڵ پیاواندا هاوکار و یارمه‌تیده‌ر بوون لە دروستکردنی مێژوو و شارستانییه‌ت و هێنانه‌دیی ئاشتیدا. به درێژاییی مێژووی بوونی شارستانییه‌ته مرۆیییه‌کان و، له‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی ژینگه‌که‌ی پڕاوپڕ بووه له کوشتن و تیرۆر و دواکه‌وتوویی و جیاکاری و، جیاوازییه‌کان بوونیان هه‌بووه، هه‌میشه ژنان، له پێناو هێنانه‌دیی ئازادی بۆ هه‌مووان و به ئامانجی یه‌کسانبوون و دادپه‌روه‌ری له‌گه‌ڵ پیاواندا له گشت بوار و مافه‌کانیاندا، به‌تایبه‌تی ما‌فه سیاسییه‌کانیان، خه‌باتیان کردووه و تا ئێستایش خه‌بات ده‌که‌ن.
بیرۆکه‌ی ڕۆژی جیهانیی ژنان له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌وه، که به سه‌رده‌می پیشه‌سازی و زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووان ناو ده‌بردرێت، هاته کایه‌وه. به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی دانیشتووان، واقعێکی تری هێنایه کایه‌وه تایبه‌ت به گه‌شه‌کردنی بیر و ڕای شۆڕشگێڕی.
له ساڵی 1856دا هه‌زاران ژن له شه‌قامه‌کانی شاری نیویۆرک، سه‌باره‌ت به‌و بارودۆخه نامرۆڤانه‌یه‌ی که ناچاری ده‌کردن کار بکه‌ن، ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی و خۆپێشاندانیان کرد؛ وێڕای ئه‌وه‌ی پۆلیسه‌کان ناشرینترین و نه‌شیاوترین شێواز و ڕێوشوێنیان بۆ جیاکردنه‌وه و بڵاوه‌پێكردنی خۆپێشانده‌ران له یه‌کتری به‌کار هێنا.
له (8)ی مارسی 1908دا هه‌زاران کرێکاری ژن له یه‌کێک له کارگه‌کانی ڕستن و چنین له شاری نیویۆرکی وڵاتی ئه‌مریکا خۆپێشاندانی فراوانیان له پێناو به‌ده‌ستهێنانی ماف و داواکانیان ئه‌نجام دا؛ به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان خۆپێشانده‌ره‌کان هه‌ڵگری پارچه‌یه‌ک نانی وشک و چه‌پکه‌گوڵ بوون و، له‌گه‌ڵیدا دروشمی "نان و گوڵ"یان به‌رز کرده‌وه. له‌م ڕێپێوانه‌دا ژنان چه‌ند داوایه‌کیان به‌رز کردبووەوه، که له چه‌ند خاڵێکی سه‌ره‌کیدا خۆی ده‌بینییه‌وه، له‌وانه: که‌مکردنه‌وه‌ی كاتژمێری کار، له 16 کاتژمێرەوە بۆ 10 کاتژمێر، یه‌کسانی له کرێی کاری وه‌کیه‌کی له‌گه‌ڵ پیاواندا بێ جیاوازی، هه‌روه‌ها چاککردنی دۆخی کارکردنی ژنان و پیاوانی کرێکار. ئه‌و خۆپێشاندانانه، بووه هۆی پێکهێنانی سه‌ره‌تای بزووتنه‌وه‌یه‌کی به‌په‌رۆشی ژنان له‌ناو ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکادا، به‌تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه ژنێک له چینی مامناوه‌ند هاوده‌نگی و پاڵپشتیی ئه‌و خۆپێشانده‌رانه‌یان کرد که داوای یه‌کسانی و دادپه‌روه‌رییان ده‌کرد و، له هه‌مان کاتدا هه‌ڵگری کۆمه‌ڵه دروشمێک بوون که داوای ما‌فه سیاسییه‌کانی ژنانیان ده‌کرد، به‌تایبه‌تی مافی هه‌ڵبژاردن.
هاوشێوه‌ی خه‌باتی ژنان له ئه‌مریکادا، وه‌ک یادکردنه‌وه‌یه‌ک بۆ ڕۆژانی خۆپێشاندانه‌کانی ساڵی 1909 له نیویۆرک، ئاهه‌نگگێڕان له ڕۆژی (8)ی مارسدا ده‌ستی پێ کرد. بۆیه ژنانی ئه‌مریکی له پاڵنانی وڵاتانی ئه‌وروپیدا به هێنانه‌دیی 8ی مارس وه‌ک ڕۆژی ژنان، یارمه‌تیده‌ر بوون و، پێشنیاری نوێنه‌رانی شاندی ئه‌مریکی وه‌رگیرا، كه بریتی بوو له ئاهه‌نگگێڕان به بۆنه‌ی ژنانه‌وه و ته‌رخانکردنی ڕۆژێک له ساڵدا بۆ ژنان له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا، پاش سه‌رکه‌وتنی ئه‌زموونه‌که له‌ناو ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کاندا.
تایبه‌تکردنی ڕۆژێک به ڕۆژی جیهانیی ژنان، وه‌ک جه‌ژنێکی جیهانی بۆ ژنان، پاش ساڵانێکی زۆر هاته دی؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان تا ساڵی 1977 ڕه‌زامه‌ند نه‌بوو به ئاهه‌نگگێرانی (8)ی مارس وه‌ک بۆنه‌یه‌ک. بۆیه دواجار بڕیارێکی ده‌رکرد، که تیایدا داوای له سه‌رجه‌م وڵاتان کرد که ڕۆژێک هه‌ڵبژێرن بۆ ئاهه‌نگگێڕان به ژنانه‌وه. بۆیه زۆربه‌ی وڵاتان (8)ی مارسیان هه‌ڵبژارد و، ئیدی ئه‌و ڕۆژه بووه هێما‌یه‌ک بۆ خه‌باتی ژنان، که به هۆیه‌وه له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا ژنان، به مه‌به‌ستی داواکردنی داخوازی و مافه‌کانیان خۆپێشاندان ده‌که‌ن. سوپای ئه‌مریکا به به‌کارهێنانی چه‌ک و ئه‌شکه‌نجه‌دانی خۆپێشانده‌ران، ڕووبه‌ڕووی خۆپێشاندانه‌کان بوونه‌وه؛ که ده‌ره‌نجام بووه هۆی شه‌هیدبوونی 129 کرێکار و ده‌ستگیرکردنی سه‌دان که‌س.
له ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، حزبی ئیشتراکیی ئه‌مریکی له ساڵی 1909دا به‌یاننامه‌یه‌کی ده‌رکرد، که تێیدا ژنانی سه‌رجه‌م ویلایه‌ته‌کانی ئاگادار کرده‌وه، دوایین ڕۆژی مانگی فێبریوەریی هه‌موو ساڵێک ببێته ڕۆژێک بۆ ژنانی ئه‌مریکا که ئاهه‌نگی تێدا بکه‌ن و، هه‌روه‌ها پێداگری له داخوازییه دادپه‌روه‌ر و ڕه‌واکانیان بکه‌نه‌وه؛ به‌ده‌ر له هاندانیان بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی هه‌موو جۆره جیاکارییه‌ک، که له نێوان ژنان و پیاواندا له بواری کار و ژیانی مه‌ده‌نیدا ئه‌نجام ده‌درێت.
ساڵی 1910 له کۆپێنهاگ، به به‌شداریی سه‌دان ژن له 17 وڵاتی ئه‌وروپی و هی تر کۆبوونەوەیه‌ک ئه‌نجام درا، که له نێویاندا چالاک و خه‌باتگێڕی جیهانی و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و حزبه سیاسییه‌کان هەبوون؛ ئه‌وان بڕیاریان دا ڕۆژێکی تایبه‌ت به جه‌ژنی جیهانی دیاری بكه‌ن، به مه‌به‌ستی داکۆکیکردن له ته‌واوی مافه‌کانی ژنان، به‌تایبه‌ت مافی ده‌نگدان و خۆپاڵاوتن بۆ پۆسته باڵا و سیادییه‌کان. دواتر له ساڵی 1911دا ده‌ستپێشخه‌رییه‌که‌ی کۆپێنهاگ ترووسکه‌یه‌کی گه‌وره‌ی به‌خشی و، ڕۆژی جیهانیی ژنان له (19)ی مارس له دانیمارک و سویسرا و نه‌مسا و ئه‌ڵمانیا یاد کرایه‌وه و زیاتر له ملیۆنێک پیاو و ژن تێیدا به‌شدار بوون. ساڵی دواتر، بزووتنه‌وه پێشکه‌وتنخوازه‌کان و دیموکراسییه سه‌ندیکایی و سیاسییه‌كان و ڕێکخراوه‌کانی ژنان، ڕه‌وایه‌تییان به زیندووکردنه‌وه و ژیانه‌وه‌ی ڕۆژی (8)ی مارس دا. سه‌ره‌تا له وڵاتی ئه‌مریکا و ئەوروپای ڕۆژاوا بوو، پاشان هه‌موو وڵاتانی تری گرته‌وه.
له‌و ڕۆژه‌دا، وه‌ک گوزارشتکردنێک بۆ یه‌کگرتوویی له پێناو مافه‌کانی ژنان له کار و هه‌ڵبژاردن و به‌ده‌ستهێنانی پۆسته سیادییه‌کان و یه‌کسانیی ته‌واو له‌گه‌ڵ پیاواندا له گشت بواره‌کانی ژیانی شارستانیدا، زیاتر له ملیۆنێک ژن خۆپێشاندانیان کرد. له‌گه‌ڵ به‌رزبوونەوەی کاره‌ساته‌کانی جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌می نێوان ساڵانی 1913 و 1914، ژنانی ئۆپۆزیسیۆن داوای ده‌ستبه‌جێ ڕاگرتنی جه‌نگیان کرد؛ ده‌یان خۆپێشاندان که بە ملیۆنان ژنی له‌خۆ گرتبوو، دژ به جه‌نگی ڕووخێنه‌ر له شه‌قامه‌کانی شاره‌کانی ئەوروپادا به‌ڕێوه ده‌چوو.
له (8)ی مانگی ئازاری ساڵی 1914دا شاره‌کانی ئەوروپا جارێکی تر ڕێپێوانیان سازکرد، که داوای وه‌ستانی جه‌نگ و به‌دیهێنانی ئاشتییان ده‌کرد. ساڵی 1917 پاش ته‌واوبوونی جه‌نگ، تۆمارگه‌ی قوربانیانی جه‌نگ له ڕووسیادا، کوشتنی دوو ملیۆن ژنیان تۆمار کرد؛ که بووه هۆی ئه‌وه‌ی ژنانی ڕووسیا، له‌ژێر دروشمی "له پێناو نان و ئاشتیدا" خۆپێشاندان بکه‌ن. وێڕای هه‌وڵه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی حوکمڕانی له‌و کاته‌دا به ڕێگری‌کردن له ڕێپێوانه‌کانیان، به‌ڵام له به‌رامبه‌ر یه‌کگرتووییی گه‌وره‌ی ژنانی ڕووسیادا سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو؛ هه‌روه‌ها یه‌کگرتووییی ژنانی ئەوروپا هاوشێوه‌ی ڕێپیوانه‌کانیان، که ده‌سه‌ڵاتی ناچار کرد ڕه‌زامه‌ند بێت به پێدانی مافی هه‌ڵبژاردن بۆ ژنان و، هه‌روه‌ها واڵاکردنی ده‌رفه‌ت له به‌رده‌میاندا، بۆ ئه‌وه‌ی له پاڵ پیاواندا ببنه ڕه‌گه‌زێکی چالاک له کۆمه‌ڵدا.
ئه‌و ڕۆژه ده‌که‌وته ڕێکه‌وتی (8)ی مارسه‌وه و، له‌و کاته‌وه ئه‌و ڕۆژه پێگه و شوێنگه‌یه‌کی تایبه‌تی لای ژنانی جیهان له گشت کیشوه‌ر و وڵاتاندا هه‌یه. هه‌روه‌ها ڕۆژێکه، که کۆمه‌ڵی جیهانی، گوزارشت له زۆرێک له داوا و مافه‌کانیان ده‌که‌ن، له‌وانه: یه‌کگرتووییی نێوان نه‌ته‌وه‌کان له پێناو ئاشتی و دیموکراسی و مافه‌کانی مرۆڤ و گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌گژداچوونه‌وه‌ی هه‌ژاری، بێ‌کاری، نه‌خۆشی، دواکه‌وتوویی، نه‌خوێنده‌واری، جیاکاریی ڕه‌گه‌زی و مه‌زهه‌بی و ئایدیۆلۆژی و هتد. هه‌روه‌ها، له پێناو به‌رجه‌سته‌بوونی زیاتری ئازادییه‌کان له بیر و داهێنان و ئینتما و یه‌کگرتوویی و گوزارشتکردندا، به مه‌به‌ستی گره‌نتیکردنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دوور له تیرۆر و به‌کارهێنان و داگیرکردنی زه‌وی و سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌وی تر به هێز و، پیاده‌کردنی سیاسه‌تی داگیرکردن، هه‌روه‌ها جه‌خت له‌سه‌ر ڕۆڵی مرۆیی و چالاکیی ژنان له‌و خه‌باتکردنه‌دا ده‌کاته‌وه؛ جگه له ڕاگه‌یاندنی ساڵی 1975، وه‌ک ساڵێکی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ژنان و، درێژکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی ئه‌و ڕاگه‌یاندنه له ساڵی 1975 بۆ ساڵی 1985، وه‌ک سه‌ده‌یه‌کی تایبه‌ت به ژنان و، جگه له ڕاگه‌یاندنی ڕێککه‌وتننامه‌ی به‌گژاچوونه‌وه‌ی هه‌موو شێوازه‌کانی جیاکاری دژ به ژنان له لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه‌وه له ساڵی 1976دا، که له ساڵی 1981دا کاری پێ کرا.
ساڵی 1977 کۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان (8)ی مارسیان بۆ ئاهه‌نگگێڕانی ڕۆژی جیهانیی مافه‌کانی ژنان و ئاشتی هه‌ڵبژارد؛ ئه‌وه‌یش له ده‌ره‌نجامی گوشارێکی فراوانی هێزه پێشکه‌وتنخوازەکان و بزووتنه‌وه‌کانی ژنانه‌وه هات، که له ساڵانی شه‌سته‌کان و سه‌ره‌تای حه‌فتاکاندا گه‌شه‌کردنێکی جه‌ماوه‌ریی گه‌وره‌ی به‌خۆوه بینی. به‌ده‌ر له هه‌موو ئه‌و قوربانیانه، تا ئێستا به‌دیهێنانی مافه‌کانی ژنان، له ئاستی پێویست و شایسته‌ی ژناندا نییه؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌که په‌یوه‌ندیدار نییه به ڕێککه‌وتن، یان لایه‌نی تیۆرییه‌وه، به‌ڵکوو بابه‌ته‌که گرێدراوی ئیشکالییه‌تی تێگه‌یشتن و ئه‌قڵییه‌ته‌کانه له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵدا.
به‌م شێوه‌یه، ئێستا زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان، به ڕۆژێکی تایبه‌ت به ژنان ئاشنان؛ که ڕۆژێکه په‌ی به ده‌ستکه‌وته‌کانی ژنان ده‌برێت، بێ له‌به‌رچاوگرتن و جیاوازی له ڕووی هیچ دابه‌شبوونێکی وه‌ک نه‌ته‌وه، ئایین، زمان، ڕۆشنبیری، ژینگه‌ی ئابووری و سیاسی. ده‌رکه‌وتنی ئه‌و ڕۆژه، له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی چالاکییه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست له ئه‌مریکای باکوور و کیشوه‌ری ئەوروپادا بوو. ناساندنی ئه‌م ڕۆژه و خه‌باتی ژنان له سه‌رتاسه‌ری دنیادا، ته‌نیا له ئاست ئه‌و وڵاتانه‌دا نه‌وه‌ستا، به‌ڵکوو ئێستا له سه‌رجه‌م وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتیشدا ئه‌و ڕۆژه یاد ده‌کرێته‌وه.
(8)ی مارس له کوردستاندا چۆن به‌ڕێوه ده‌چێت؟
له کوردستاندا ئه‌م بۆنه‌یە ساڵانه به شێواز و ڕێگه‌ی جۆربه‌جۆر گوزارشتی لێ ده‌کرێت و سه‌رجه‌م ڕێکخراوه‌کانی ژنان و لایه‌نه حکوومی و نێوه‌نده جۆربه‌جۆره‌کان ئه‌و ڕۆژه له دروشم و به‌رنامه‌کانیاندا به‌رز ده‌نرخێنن. ئه‌گه‌رچی بیر و بۆچوونێکی جیاوازیش به‌دی ده‌کرێت، له‌وه‌ی ئه‌و ڕۆژه، وه‌ک هه‌موو بۆنه‌کانی تر، که له کوردستاندا یاد ده‌کرێنه‌وه، بۆنه‌یه‌ک نییه تایبه‌تمه‌ند بێت به ڕووداوێکی ژنانی کوردستانه‌وه، که ئه‌و بۆنه‌یه هه‌ڵقووڵاوی سه‌رهه‌ڵدانی کێشه و ڕووداو و به‌سه‌رهات و خه‌باتی ژنان له کوردستاندا بێت؛ له کاتێکدا ده‌یان ڕووداو و خه‌باتی جۆربه‌جۆری ژنانمان هه‌ن.
به ڕای من، ئه‌م بۆچوونه ئه‌گه‌ر به دیوێکدا ڕاستییه‌کی تێدا بێت، که ده‌کرێت وه‌ک ژنانی کورد بۆنه‌یه‌کی تایبه‌ت هه‌بێت و خه‌باتی ژنانی تێدا به‌رز بنرخێندرێت، کە ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌که؛ به‌ڵام به دیوێکی تردا، پاڵپشتی و یه‌کگرتوویی و کۆده‌نگی له پاڵ ده‌ستکه‌وت و خه‌باتی ژناندا له ئاست وڵاتانی جیهاندا مه‌سه‌له‌یه‌کی گرینگ و پێویستی تره، بۆ به‌ئاگابوون له ڕه‌وتی گه‌شه‌کردنه‌کان و زانینی به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانی ژنان و خه‌بات و چه‌وساندنه‌وه‌کانیان؛ له‌و ڕوانگه‌یه‌ی کێشه و خه‌باتی ژنان له هه‌ر کوێیه‌کی دنیادا بێت و له هه‌ر نێوه‌ندێکی کارکردن و هەر ژینگه‌یه‌کدا بێت، یه‌ک شته و، جۆری کێشه‌کانیان هاوشێوه‌یه، به‌ڵام به‌پێی شوێنه‌کان و سه‌رده‌م و باردودۆخه‌کان له شوێنێکه‌وه بۆ شوێنێکی تر و له ناوچه‌یه‌که‌وه بۆ ناوچه‌یه‌کی تر، گوڕانکاری و جیاوازی به‌خۆوه ده‌بینێت.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و بۆچوونه جیاوازانه‌دا، (8)ی مارس ساڵانه له کوردستاندا، چ له لایه‌ن ڕێکخراوه‌کانی ژنانه‌وه و، چ له ئاست حکوومه‌ت و ده‌زگه جۆربه‌جۆره‌کانه‌وه به شێوازی جۆراوجۆر یاد ده‌کرێته‌وه. هه‌ندێک وه‌ک بۆنه‌یه‌کی خۆش، ئاهه‌نگ ده‌گێڕن و به شیرینی و نوقڵ و گوڵه‌وه پێشوازیی لێ ده‌که‌ن و، هه‌ندێکی تر له پێناو هێنانه‌دیی مافه‌کانی ژنان له کوردستاندا به پڕۆژه و به‌رنامه‌ی جیاجیا و له ڕیێ پێداگیری له کار و چالاکییه‌کانیان و خستنه‌ڕووی زیاتری واقعی ژنان و ده‌رخستنی کێشه و ڕێگرییه‌کانیان، گوزارشت له به‌رده‌وامیی خه‌باتیان ده‌که‌ن؛ بێ گومان ئه‌مه‌یش وه‌ک پاڵپشت و کۆده‌نگی و پشتیوانییه‌که بۆ خه‌باتی ژنان له سه‌رتاسه‌ری دنیادا.
له دوای ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991ه‌وه ژنان له باشووری کوردستاندا بۆ به‌ده‌ستهێنانی ما‌فه جۆربه‌جۆره‌کانیان، خه‌باتی جۆربه‌جۆر و گوشاری جیاوازیان گرته به‌ر: چه‌سپاندنی کۆتا له په‌رله‌مانی کوردستان، به ڕێژه‌یه‌ک که که‌متر نه‌بێت له 30%، هه‌روه‌ها له ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکاندا ڕێژه‌که‌ی که‌متر نه‌بێت له 25%، بوونی ژماره‌یه‌کی به‌رچاوی ژنان له سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌کانی حزبه سیاسییه‌کان و ناوه‌نده کارگێڕییه‌کانی وه‌ک وه‌زیر و ڕاوێژکار و دادوه‌ر و قائیمقام و ....، هه‌موارکردنه‌وه و گۆڕینی یاساکانی تایبه‌ت به ژنان (وه‌ک ده‌رچوونی یاسای توندوتیژیی خێزانی و یاسای باری که‌سێتی و ...)، وێڕای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کانی تایبه‌ت به به‌ره‌نگاربوونەوەی توندوتیژی دژ به ژنان و چه‌ندین ناوه‌ندی حکوومی تر، وێڕای که‌موکورتییه‌کانیان، هه‌روه‌ها کارکردن له‌سه‌ر هۆشیارکردنه‌وه‌ی ژنان و پیاوان له ئاست مه‌سه‌له‌ی ژناندا له ڕێی شێواز و ئامرازی جیاوازی وه‌ک کۆنفڕانس، وۆرکشۆپ، سمینار، دیبه‌یت، کۆنگره و که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن و چه‌ندین ڕێی ترەوە، به ده‌ستکه‌وته‌کانی ڕێکخراوه‌کانی ژنان و مه‌سه‌له‌کانی ژنان داده‌نرێت له کوردستاندا. به‌ڵام ئایا هه‌مووی ئه‌و هه‌وڵانه و ئەوانەی ئێستایش، ژنانی گه‌یاندووه‌ته ئامانجه‌کانیان، یان ئه‌وه‌ی به‌ده‌ست هاتوو‌ه له ئاست به‌رزخوازی (تموح)ی ڕێکخراوه‌کاندایه؟
بێ گومان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره "نه‌خێر"ه. ڕاسته زۆر هه‌وڵ دراوه و ده‌ستکه‌وت به‌ده‌ست هاتوو‌ه، به‌ڵام بێ گومان له ئاست ڕاستی و گه‌وره‌یی و هه‌قیقه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی مه‌سه‌له‌ی ژنان و، بگره له ئاست خواست و ویست و هه‌وڵه‌کانی ژناندا نه‌بووه. بێ گومان هۆکاره‌کانی ئه‌وه‌یش زۆرن، له‌وانه: لاوازیی هۆشیاریی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ، یان قبووڵنه‌کردنی کۆمه‌ڵ به وه‌رگرتنی ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی په‌یوه‌ستن به ژیان و مافه‌کانی ژنانه‌وه له سه‌رجه‌م بواره‌کاندا؛ که بێ گومان ئه‌وه‌یش گرێدراوی که‌لتوورێکی په‌روه‌رده‌ییی پیاوسالارییه، که به درێژاییی قۆناغه‌کانی ژیانی هه‌ر دوو ڕه‌گه‌زه‌که، ڕۆ چووەته ناو هزر و فکر و بیرکردنه‌وه‌یان و، دواتر بووەته به‌شێک له ڕه‌فتار و هه‌ڵسوکه‌وت و شێوازی ژیانیان. هه‌روه‌ها تێکه‌ڵبوونی ئایین به یاسا و، دانانی ئایینی ئیسلام وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی سه‌ره‌کیی یاسادانان هۆکارێکی تره. به هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ر کات ڕێکخراوه‌کانی ژنان ویستبێتیان گۆڕانکاری له‌و یاسایانه‌دا بکه‌ن، که په‌یوه‌ستن به ژنانه‌وه، ئه‌وا له لایه‌ن ئیسلامییه سیاسییه‌کان و که‌سان و لایه‌نی دیکه‌وه به‌رپه‌رچیان دراوه‌ته‌وه و گرفتیان بۆ دروست کراوه.
ئه‌مه وێڕای سه‌ربه‌خۆنه‌بوونی ده‌زگه و ناوه‌نده ته‌شریعی و ته‌نفیزی و دادوه‌رییه‌کان، که وێڕای بوونیان وه‌ک داموده‌زگه‌ی جیا، به‌ڵام له ڕووی کارکردنه‌وه سه‌ربه‌خۆ نین. ئه‌مانه و لاوازیی باوه‌ڕبوونی ڕاسته‌قینه به توانا و لێهاتووییی ژنان و مامه‌ڵه‌کردن و سه‌یرنه‌کردنیان وه‌ک مرۆڤ له لایه‌ن زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران و سیاسه‌تمه‌دارانه‌وه، هۆکارێکی تره له به‌رده‌م به‌جیددی وه‌رنه‌گرتنی کارکردن له‌سه‌ر دۆخی ژنان؛ ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌ی دواییدا دۆخی جه‌نگ و جه‌نگی داعش له کوردستاندا، کاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر چه‌قبه‌ستوویی و لاوازیی گۆرانکارییه‌کان، له گشت بوارێک‌دا، به‌تایبه‌تی بارودۆخی ژنان، هه‌یه.
ڕێكخراوی مێژوویی ـــ نەتەوەییی ژنانی ئەمریكا:
ئه‌م ڕێکخراوە، ڕێكخراوێكی شارستانیی قازانجنه‌ویسته. له ساڵی (1980) لە سانتا ڕۆزای ویلایەتی كالیفۆرنیا لە ئەمریكا، لەسەر دەستی ژنە ناودارە چالاكەكانی ئەمریكا، لەوانە مولی مۆرفی ماكگریگۆر، ماری ڕۆس دۆتەر، ماریا كویفاس، باولا هامیت و بیتی مۆرگان) دامەزراوە. ئامانجی ئه‌م ڕێکخراوە، كاركردنە بۆ بەبیرهێنانەوەی یادەكان و پاراستنی مێژووی ژنان. ئەم ڕێكخراوە بە سەرۆكایەتیی ئەم دەستەیە، توانیی گوشار بخاتە سەر كۆنگرێسی ئەمریكا، به مه‌به‌ستی بەدەستهێنانی ئەو بڕیارەی كە لە سەرتاسەری ئەمریكادا مانگی ئادار بكاتە مانگی مێژوویی بۆ ژنان و، هەموو ساڵێك یادی بكەنەوە.
ئەم ڕێكخراوە لەسەر ئاستی ناوخۆییی ئەمریكادا وەك تاكە سەنتەرێك بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری، زۆر ناسراوە و، بۆ بەدەستهێنانی زانیارییە تیۆرییەكان و ڕاهێنانی تایبەت بە مێژووی ژنان لە ڕۆشنبیرییە جیاوازەكاندا كار دەكات؛ بۆ مامۆستایان و چالاكانی ڕێكخراوەكان و دایكان و باوكان و هەموو ئەو كەسانەی دەیانەوێت لەو ڕووەوە زانیاری‌یان هەبێت و، لە ڕاددەی بەشداریی ژنان لە مێژووی ئەمریكادا قووڵ ببنەوە.
ئەم ڕێكخراوە سی ساڵ زیاترە كار لەو بوارەدا دەكات. ئەو ژنانە سەرنجی ئەوەیان دا، كە ڕۆڵی ژنان لە نێوەندی قوتابخانەكاندا دیار نییە؛ پرۆگرامەكانی خوێندن لە قوتابخانەكانی ئەمریكادا تەنیا (3%)ی تایبەت کرابوو بە ڕۆڵی ژنان. بۆیە ژمارەیەكی كەمی ژنانی پێشەنگ و سەركردە لە لایەن خوێندكارە كچەكانەوە دەناسران. ئەمه‌یش وای كرد كە خوێندكاران بەگشتی و زۆر كەسی تری گەوره‌یش، وا تێ بگەن كە ژنان لە مێژووی ئەمریكادا ڕۆڵێكی ئەوتۆیان نەبووە. بۆیە ئەم ڕێكخراوە بیری لەوە كردەوە ئەو تێگەیشتنە بگۆڕێت و، لە گوشارەكانیدا سەركەتوو بوو تا كۆنگرێس و كۆشكی سپی ڕازی بكات كە دەوڵەت بەفەرمی ددان بە ڕۆڵی ژنان لە مێژووی ئەمریكادا بنێت. بۆیە، "ڕۆژی نێودەوڵەتیی ژنانیان" ڕاگەیاند و ساڵانە یادی دەكەنەوە. لە بەردەوامیی هەوڵەكانیاندا و لە سەرەتادا، هەفتەی یەكەمی مانگی مارس، بۆ هەفتەی مێژووییی ژنان تەرخان كرا؛ پاشان لە ساڵی (1987)دا هەڵمەتێكی سەركەوتووی تر ئەنجام درا، تا هەموو مانگی مارس، بۆ مێژووی ژنان لە ئەمریكادا تەرخان بكرێت.
ساڵانە بۆ یادكردنەوە لەو مانگەدا، سەرەتا بابەتێكی سەرەكی بۆ ئەو مانگە هەڵدەبژێرن؛ تا هەموو چالاكییەكانیان لە چوارچێوەی ئەو بابەتەدا ئامادە بكرێت. هەموو ئاهەنگەكان لەژێر ئەو ناونیشانەدا كۆ دەكەنەوە. ئەم ڕێكخراوە، بە خەڵاتكردنی ژنانی جیاواز لە ڕووی: هەرێمی، نەتەوەیی، ڕەگەزی، ڕۆشنبیری، چینی و پیشەییدا، پاڵپشتیی بۆچوون و دیدی مێژووییی ژنان لە كه‌لتوورە جیاجیاكاندا دەكات.
ساڵانە ئەم ڕێكخراوە، سەدان هەزار بڵاوكراوەی وێنەیی و برۆشور و پەڕاو و فیلمی ڤیدیۆیی و بابەتی پرۆگرامی خوێندن بڵاو دەكاتەوه، كە تایبەتن بە مێژووی ژنان. ساڵانە یەك ملیۆن كەس سەردانی سایتی تایبەتیی ئەم ڕێكخراوەیە دەكه‌ن، كە لە ساڵی (1997)دا دامەزراوە. كارمەندانی سایتەكە، ساڵانە وەڵامی نزیكەی (2500) نامە و ئیمێڵی خوێندكار و مامۆستا و ڕۆژنامەوان و كەسانی تر دەدەنەوە، كە داوای زانیاری دەكەن. لەم ڕێكخراوەدا ساڵانە خولی ڕاهێنان بۆ مێژووی ژنان دەكرێتەوە؛ كە لەو خولانەدا نزیكەی (30) هەزار كەسیان ڕاهێناوە، جگە لەوەی ساڵانە گەشت بۆ شوێنەوارە مێژوویییەكان، تایبەت بە مێژووی ژنان، لە زیاتر لە 42 ویلایەتدا، ڕێك دەخەن. ئەم ڕێكخراوە کار له‌سه‌ر پەره‌پێدان و دیزاین و بەرهەمهێنانی (200) بابەت ده‌کات وەك سەرچاوە، كە سەبارەت بە مێژووی ژنانن لە كەلتوورە جیاوازەكاندا، وەك: كاسێتی ڤیدیۆ و وتار و بابەتی دۆكیومێنتی و پرۆگرامی فێربوون و بڵاوكراوەی تر.
ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی 1995دا یادێكی فراوانی حەفتا و پێنج ساڵەی وەرگرتنی مافی دەنگدانی ژنان لە ئەمریكادا كردەوە؛ ساڵی (1998) یادی سەد و پەنجایەمین ساڵەی دروستبوونی بزاڤی مافی ژنانی كردەوە. ئەم ڕێكخراوە باوەڕی بەوەیە كە، مێژوو سەرچاوەی وزەیە. ئەم ڕێكخراوە به هۆی کاره‌کانییه‌وه كۆمەڵێك خەڵاتی پێشكەش كراوە وەك: خەڵاتێک به ناوی کۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی بۆ پەروەردەی فرەكەلتوورەكان، خەڵاتی جیسی برنارد بۆ ژنانی حەكیم، هەروەها خەڵاتی ماری مایتووی فۆرتریل، لەگەڵ خەڵاتی میرا ساتكر بۆ مه‌به‌ستی یەكسانی.
ئەوەی ئەم ڕێكخراوە جەختی لێ دەكاتەوە، ئەوەیە كە ''وەلانانی ڕۆڵی زیندووی ژنان و گوێپێنه‌دان به خەون و دەستكەوتەكانیان لە ژیاندا، هەڵەیەكی كوشندەیە. ئێمە ئیلهام و هێزی خۆمان لە كەسانی ڕابەرەوە وەردەگرین، كە لە پێشمانەوە بوون، سەرباری ئەو نموونە كردارییانەی كە ئێستا لە ناوماندا كار دەكەن؛ ئەم ژنانە بەشێكی مێژووەكەمانن. مێژووی هاوسەنگ، ئەو مێژووەیە كە ددان بەم ڕۆڵەدا دەنێت و بۆچوونی گشتیی كۆمەڵ بەرامبەر ڕەگەزی ژنان بەرەو باشتر و ئەرێنیبوون دەبات.''
بابەتی ساڵی (2017)ی مانگی ئادار دەستنیشانكردنی (13) ژنه، كە لە بواری كارکردن و بازرگانییە جیاوازەكاندا كاریان كردووە و بۆ نزیكەی سی ساڵ بە بەردەوامی لە كاركردندا سەركەوتوو بوون. ئەم هەڵبژاردنە ئەو بوارانەی گرتووەتەوە، كە ژنان توانیویانە له‌و بواره جیاوازانه‌دا جێدەستیان دیار بێت و داهێنان بكەن؛ كە لە پێشتردا ژن لەو بوارانەدا بە هیچ شێوەیه‌ك كاری نەكردووە، زۆر ڕێگریشیان هاتووەتە بەردەم، بەڵام ئەم پێشەنگانە هەر بەردەوام بوون. بەمەیش دوای خۆیان ڕێگەیان بۆ ژنانی تر واڵا كرده‌وە، كە بچنە ئەو بوارەوە. ئەم ژنانە كاریان لەپێناو یەكسانكردنی مووچە و كرێی كاری ژن و پیاودا كردووە و، كاریان بۆ ئەوە كردووە كە كەشی كاركردن ئەوەندە دژ بە ژنان نەبێت. بەرەوڕووی بەربەستە یاسایی و نەریتە كۆمەڵایەتییەكان بوونەتەوە. ڕێكخراو و پڕۆژەی تایبەت بە خۆیان دامەزراندووە. ئەوەیان سەلماندووە، كە ژن ویست و خواست و ده‌رفه‌تی پێ بدرێت، ده‌توانێت لە هەموو ئەو بوارانەدا سەركەتوو بێت. هەوڵ و كۆششی ئەم ژنە پێشەنگانە لە بنەچە و ڕەگەزی جیاوازه‌وه، ڕێگه‌یان بۆ نەوەی نوێی ژنان خۆش كردووە تا خۆیان لەناو ئەو جۆرە كارانەدا ببیننەوە.
چۆن دۆخی ژنان به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌چێت؟
یه‌کێک له‌و هه‌نگاوه گرنگانه‌ی پێویسته به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌رکردنی دۆخی ژنان بەرەو باشتر بگیرێته به‌ر، کارکردنه له‌سه‌ر نه‌هێشتنی ئەو هۆکارانەی کە بوونه‌ته ڕێگر له به‌رده‌م به‌ره‌پێشچوونی ڕه‌وتی ژناندا، به‌مه‌به‌ستی هێنانه‌دیی کۆمه‌ڵێکی مرۆڤدۆستانه‌ی دادپه‌روه‌رانه، که مرۆڤه‌کان له ئه‌رک و ماف‌دا وه‌کیه‌ک بن و که‌رامه‌تیان پارێزراو بێت و له به‌رده‌م یاسادا وه‌کیه‌ک و بێ هیچ جیاوازییه‌ک ما‌مه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بکرێت. هه‌روه‌ها کار له‌سه‌ر پێکهێنان و خوڵقاندنی که‌لتوورێکی په‌روه‌رده‌ییی دروست بکرێت، دوور له جیاوازیی ڕه‌گه‌زی و جیاکاری و سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالاری؛ که هه‌میشه وه‌ک مرۆڤ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ژن‌دا ناکات و توانا و لێهاتوویییه‌کانیان سنووردار ده‌کات.
ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی کارکردنی خودی ژنان له‌سه‌ر وشیاریی خۆیان و درککردنیان به مافه‌کانیان به شێوه ڕاسته‌قینه‌که‌ی خۆی، کاریگه‌ری و گرینگیی خۆی هه‌یه. ئه‌مه به‌ده‌ر له بوونی هۆشمه‌ندیی پیاوان به گرینگیی ڕۆڵی ژنان و به‌شداربوونی ڕاسته‌قینه‌یان له پرۆسه‌ی بڕیارسازیدا، هه‌ر له نێوه‌نده‌کانی خێزانه‌وه بگره تا نێوه‌ندی ئابووری، سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌روونی، هزری، ڕۆشنبیری و هتد. وێڕای ئه‌وه‌ی درککردنی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ به‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی ژنان و کارکردن بۆ به‌دیهێنانی ما‌فه ڕاسته‌قینه‌کانی ژنان، مه‌سه‌له‌یه‌ک نییه ته‌نیا به خودی کارکردنی ژنانه‌وه گرێ‌دراو بێت، بگره مه‌سه‌له‌ی کۆمه‌ڵه و، پێویستی به هۆشیاری و کاری هاوبه‌ش و جیددیی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی هه‌مووان هه‌یه، به ئامانجی هاتنه‌کایه‌ی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی شارستانی و دیموکراسی و مرۆڤدۆست.
سوودم له‌م سه‌رچاوه‌یه وەرگرتووە:
أهمية مشاركة المرأة في العملية السياسية ودورها في صياغة القوانين وإصدار القرارات، محمد البوزيدي