سه‌ره‌تا:
هه‌میشه كاركردن و لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر تاك، كارێكی زه‌حمه‌ت بووه. تۆێژه‌رانی زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان، هه‌میشه به‌وریایییه‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا كردووه، چونكه لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ڕه‌فتار و خودی تاك، ڕه‌هه‌ندی جیاواز و ده‌ره‌نجامی ڕێژه‌یی و جیاواز به‌ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن. قوتابخانه فه‌لسه‌فییه‌كان و ئه‌ده‌بیاته جیاوازه‌كان خۆێندنه‌وه‌ی جیاوازیان بۆ تاك هه‌یه؛ بۆ نموونه خۆێندنه‌وه‌ی ڕه‌فتار و سلوكی تاك له لایه‌ن ستراكچه‌رالیسته‌كان زۆر جیاوازه وه‌ك له خۆێندنه‌وه‌ی ڕه‌فتار و سلوكی تاك له لایه‌ن پۆست-ستراكچه‌رالیسته‌كان.
تاك هه‌میشه كاریگه‌ره به چه‌ندین فاكته‌ری جیاواز و جۆراوجۆر؛ ئه‌مه‌یش له نێوان تاكێك بۆ تاكێكی تر گۆڕانكاریی تێدایه و ڕه‌نگه هه‌مان شت نه‌بن. په‌روه‌رده، كه لێره‌دا مه‌به‌ستمان سیسته‌می په‌روه‌رده‌یی و قوتابخانه‌یه، واته په‌روه‌رده و فێركردنی فه‌رمی، وه‌ك سێكته‌رێكی گرنگی كۆمه‌ڵگه، ڕاسته‌وخۆ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ تاك و پێگه‌یاندن و ڕه‌فتاری تاك ده‌كات له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت، له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆماندا چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه و سمینار و وۆركشۆپ و هه‌وڵ هه‌یه سه‌باره‌ت به گه‌شه‌پێدانی مرۆیی له لایه‌ن ده‌زگه فه‌رمی و نافه‌رمییه‌كانه‌وه، به‌تایبه‌ت له‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی كه دیموكراتین، یان له هه‌وڵی به‌دیموكراتیبوونن؛ له‌م ڕوانگه‌یه‌یشه‌وه په‌روه‌رده وه‌ك سێكته‌رێكی گرنگی كۆمه‌ڵگه، كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر گه‌شه‌پێدانی مرۆیی هه‌یه. بۆیه لێره‌دا ئاماژه به پێناسه‌ی په‌روه‌رده و، گرنگیی په‌روه‌رده و ئه‌ركی په‌روه‌رده ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ها باس له چه‌مكی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی ده‌كه‌ین و، ڕۆڵی په‌روه‌رده له گه‌شه‌پێدانی مرۆیی باس ده‌كرێت.
ته‌وه‌ری یه‌كه‌م: پێناسه‌ی په‌روه‌رده:
خه‌ڵكی له سه‌ره‌تای دروستبوونیانه‌وه له‌نێو گرووپ و كۆمه‌ڵه‌ی تایبه‌ت به خۆیان ژیاون. هه‌ر یه‌كه شێوازی ژیانی تایبه‌ت به خۆی هه‌بووه. هه‌ر یه‌كه بۆ خۆی، بووه به خاوه‌ن بیروباوه‌ڕ و كه‌لتوور و سیسته‌می تایبه‌ت به خۆیان. ئه‌مانه‌یش كه‌ڵه‌كه بوون؛ بۆیه گرووپ و كۆمه‌ڵه‌كان ویستوویانه ئه‌م سیسته‌م و كه‌لتووره‌ی خۆیان بگوازنه‌وه بۆ نه‌وه‌كانی داهاتووی خۆیان و مانه‌وه‌ی مسۆگه‌ر بكه‌ن. بۆ ئه‌مه‌یش ڕێگه‌ی گونجاویان داهێناوه و، هه‌ر نه‌ته‌وه و گرووپێكیش خاوه‌نی ڕێگه و شێوازی تایبه‌ت به خۆی بووه. به جیاوازی و فره‌چه‌شنیی كۆمه‌ڵ و نه‌ته‌وه‌كان، ڕێگه و شێوازه‌كانیش جیاواز بوون، كه به‌پێی ڕه‌گه‌زی مرۆیی، ژماره‌یان زۆر بووه. لێره‌دایه كه پرۆسه‌ی كه‌لتووری و به‌كه‌لتووریكردن ده‌ستی پێ كردووه؛ ئه‌م كاره‌یش له سه‌رده‌می نۆیدا ناوی لێ نراوه "پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌یی".
ئه‌ده‌بیاته جیاوازه‌كان پێناسه‌ی جیاوازیان بۆ په‌روه‌رده كردووه، كه ئاماژه به هه‌ندێكیان ده‌كه‌ین. بۆ نموونه له فه‌رهه‌نگی فه‌لسه‌فیدا واتای په‌روه‌رده به‌م شێوه‌یه هاتووه كه بریتییه له: "په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌پێدانی جه‌سته‌یی و هزری و ڕه‌فتاری تاك، تاكو توانای ژیان و خۆگونجاندنی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ریدا هه‌بێت." به‌م مانایه، په‌روه‌رده ئامراز و ئامانجیشه له یه‌ك كاتدا؛ له‌گه‌ڵ دروستبوونی ژیان ده‌ست پێ ده‌كات و له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنی ژیانی تاكه‌كه‌س، كۆتایی دێت؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شتێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه و تایبه‌ته به كۆمه‌ڵگه، هه‌روه‌ك چۆن تایبه‌تمه‌ندیشه به هه‌موو تاكێكه‌وه و، بریتییه له پرۆسه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و كۆششێكی كۆمه‌ڵایه‌تی. له كۆمه‌ڵگه‌دا به‌رجه‌سته ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی تاكه‌كه‌س خۆی ئاماده بكات و شاره‌زاییی هه‌بێت و ڕابێت له‌سه‌ر ژیانی ئێسته؛ ئاماده‌یشی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بۆ گرووپ و گه‌له‌كه‌ی به‌رهه‌مهێن و درێژه‌پێده‌ر بێت. هه‌روه‌ها فه‌یله‌سووف "ئه‌رستۆ" پێناسه‌ی په‌روه‌رده ده‌كات به‌وه‌ی: "پرۆسه‌ی ئاماده‌كردنی بیر و هزره؛ پرۆسه‌ی په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌سه‌ندنه." هه‌روه‌ها فه‌یله‌سووف "ئیمانۆیل كانت" (١٧٢٤-١٨٠٤) پێی وایه: "په‌روه‌رده، پێشخستن و به‌رزكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م شێوازه‌كانی كه‌ماڵه." له كاتێكدا "ژان ژاك ڕۆسۆ" (١٧١٢-١٧٧٨) ده‌ڵێت: "په‌روه‌رده، ئاماده‌كردن و ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌ته مرۆیییه‌كانه بۆ ئه‌وه‌ی منداڵ له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه گه‌شه بكات، تاوه‌كوو تاكێكی كارای به‌شدار له كۆمه‌ڵگه دروست ببێت."
له ڕوانگه‌ی "دۆركهایم" (١٨٥٨-١٩١٧)یشه‌وه، په‌روه‌رده بریتییه له: "پێكهاتنی كۆمه‌ڵایه‌تیی تاكه‌كان؛ ئه‌م كاره‌یش له ڕێگه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌وه به‌رجه‌سته ده‌بێت كه چینه پێگه‌یشتووه‌كانی پێشوو، بۆ ئه‌و چینانه‌ی كه له ئاستێكی باشی پێگه‌یشتووییدا نه‌بوون، به ئه‌نجامیان گه‌یاندووه." هه‌روه‌ها "هێربێرت سپێنسێر" (١٨٢٠-١٩٠٣) ده‌ڵێت: "په‌روه‌رده هه‌موو ئه‌و شتانه‌یه، ئێمه له پێناو خۆمان ئه‌نجامی ده‌ده‌ین و، گشت ئه‌و شتانه‌ی كه ئه‌وانی دیكه له پێناوی ئێمه‌دا ده‌یكه‌ین؛ ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه مرۆڤ له سروشتی خۆیه‌وه نزیكتر ده‌كاته‌وه." هه‌روه‌ها "جۆن دیوی" (١٨٥٩-١٩٥٢) له كتێبی "په‌روه‌رده و دیموكراسی"دا، پێناسه‌ی په‌روه‌رده ده‌كات به‌وه‌ی: "كۆمه‌ڵێك پرۆسه‌یه، كۆمه‌ڵگه و گرووپه‌كان ده‌توانن له ڕێگه‌یه‌وه ئامانج و ده‌سه‌ڵاتی وه‌رگیراویان بگوازنه‌وه و به شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی بیپارێزن و به‌به‌رده‌وامی گه‌شه به كۆمه‌ڵگه بده‌ن. هه‌روه‌ها جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه په‌روه‌رده گشت ژیان ده‌گرێته‌وه، به هه‌موو ئه‌و شتانه‌یشی كه له خۆی گرتووه، نه‌ك ئاماده‌كاری بێت بۆ ژیان؛ چونكه ئاماده‌كردن له‌قاڵبدانه، به‌ڵام خودی ژیان بریتییه له په‌روه‌رده." له پێناسه‌ی په‌روه‌رده‌دا، ده‌رده‌كه‌وێت كه په‌روه‌رده كۆمه‌ڵێك گرنگی و ئه‌ركی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، كه پێویسته ئاماژه‌ی بۆ بكرێت.
یه‌كه‌م/ گرنگیی په‌روه‌رده:
په‌روه‌رده، پرۆسه‌یه‌كی گرنگه بۆ تاك، چونكه هه‌ر له منداڵییه‌وه له‌سه‌ر ڕێگه‌كانی ژیان ڕای ده‌هێنێت؛ هه‌روه‌ك چۆن تواناداری ده‌كات بۆ مانه‌وه و پارێزگاریكردن له خۆی و پاراستنی ئامانجه‌كانی ژیانی. هه‌ر له كاتی له‌دایكبوونه‌وه منداڵ ڕاده‌هێنرێت، بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نی جه‌سته‌ییی به‌هێز بێت و خۆی له‌گه‌ڵ ژیان و ئاسته‌نگه‌كانی ژیان بگونجێنێ؛ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا پێویستیی به كه‌سێكه ئامۆژگاری بكات و ئاراسته‌كانی بۆ دیاری بكات و پارێزگاریی لێ بكات، ده‌ستی بگرێت و ڕێگه‌كانی ژیانی پێ بناسێنی. لێره‌دایه كه گرنگیی گونجان له‌گه‌ڵ ژیانی ده‌وروبه‌ر و ژیانه سروشتی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه ده‌رده‌كه‌وێت؛ مرۆڤ هه‌میشه له گه‌شه‌كردنێكی به‌رده‌وامدایه؛ بۆیه پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی و شێوه و فۆرمی خوپێوه‌گرتنی كۆمه‌ڵایه‌تی، پێویستیی به مه‌ودایه‌كی دوورودرێژه. په‌روه‌رده پرۆسه‌یه‌كی گرنگه بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ژیان و پێداویستییه‌كانی و، ڕێكخستنی ڕه‌فتاره گشتییه‌كان له كۆمه‌ڵگه‌دا، له پێناو دروستكردنی ژیانێكی گونجاو له‌ناو كۆمه‌ڵدا. كه‌واته، په‌روه‌رده پارێزگاریكردنه له ڕه‌گه‌زی مرۆیی و، پارێزگاریكردنه له ئاراسته و مه‌به‌سته‌كانی مرۆڤ و ڕێكخستنی هه‌سته‌كان و ئاره‌زووه‌كانی و، گواستنه‌وه‌ی كه‌لتووره له تاكێك بۆ تاكێكی تر و، گواستنه‌وه‌ی ئه‌و شێوازه ڕه‌فتارییه‌یه كه كۆمه‌ڵگه لای په‌سه‌نده. كه‌واته له ڕێگه‌ی په‌روه‌رده‌وه، تاك فێری كۆمه‌ڵێك به‌های گرنگ ده‌بێت، ئه‌رك و مافه‌كانی خۆی ده‌زانێت، هه‌ست به‌به‌رپرسیارێتی ده‌كات و دڵسۆزی بۆ دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه فێر ده‌بێت.
دووه‌م /ئه‌ركی په‌روه‌رده:
په‌روه‌رده و سیسته‌می په‌روه‌رده‌یی، چه‌ندین ئه‌ركی هه‌یه كه له خواره‌وه به شێوه‌یه‌كی پوخت ئاماژه به هه‌ندێكیان ده‌كه‌ین:
١- گواستنه‌وه‌ی شێوازه ڕه‌فتارییه‌كان بۆ تاكه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه.
٢- گواستنه‌وه‌ی كه‌لتوور له نه‌وه‌یه‌كه‌وه بۆ نه‌وه‌كانی تر.
٣- فێركردنی به‌ها و زانیاریی نوێ بۆ تاكه‌كان.
٤- پێدانی ئه‌زموونی كۆمه‌ڵایه‌تی به تاكه‌كه‌س. ئه‌مه‌یش بریتی ده‌بێت له به‌ها و بیروباوه‌ڕ و سیسته‌م و داب و نه‌ریت و ڕه‌فتاری ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانانه‌ی كه تاكه‌كان تیایدا ده‌ژین.
٥- ڕۆشنبیركردنی تاك به زانیارییه هاوچه‌رخه‌كان.
٦- پێگه‌یاندنی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی تاك.
ته‌وه‌ری دووه‌م: پێناسه‌ی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی:
پێناسه‌ی جۆراوجۆر بۆ گه‌شه‌پێدانی مرۆیی كراوه، كه ئاماژه به هه‌ندێكیان ده‌كه‌ین:
گه‌شه‌پێدانی مرۆیی، به‌وه پێناسه كراوه كه: "ئاماده‌كردنی ڕه‌گه‌زه مرۆیییه‌كانه به شێوه‌یه‌كی ڕوون و ئاشكرا، له‌سه‌ر ئه‌و شتانه‌ی كه كۆمه‌ڵگه پێویستیی پێیه‌تی و له‌سه‌ری ڕێك كه‌وتوون؛ ئه‌مه‌یش له‌سه‌ر بنه‌مای زیادكردنی مه‌عریفه و توانای مرۆڤه‌كان." هه‌روه‌ها له پێناسه‌یه‌كی تردا هاتووه: "گه‌شه‌پێدانی مرۆیی بریتییه له زیادكردنی مه‌عریفه و توانا و كارامه‌یی له هه‌موو ئه‌و فاكته‌ره كاریگه‌رانه‌ی كه توانای كاركردنی هه‌یه؛ له هه‌موو بواره جیاوازه‌كان، كه ده‌توانرێت هه‌ڵبژێردرێن له كاتی هه‌بوونی ئه‌لته‌رناتیڤی جۆراوجۆردا." له ڕاپۆرتی گه‌شه‌پێدانی مرۆییی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیشدا له ساڵی ١٩٩٠دا هاتووه: "گه‌شه‌پێدانی مرۆیی، واتای فراوانكردنی چوارچێوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه به‌رامبه‌ر تاك؛ ئه‌مه‌یش له ڕێگه‌ی زیادكردنی ده‌رفه‌ت له پرۆسه‌ی فێركردن و چاودێری و ته‌ندروستی و به‌رهه‌مهێنان." له پێناسه‌یه‌كیشدا هه‌ر دوو پرۆفیسۆر "جان دۆن" و "ئه‌لڤێس ستیڤی" ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه: "گه‌شه‌پێدانی مرۆیی له ڕوانگه‌یه‌كی ئابوورییه‌وه، ده‌توانرێت وه‌سف بكرێت به هه‌ڵاوسانی سه‌رمایه‌داریی مرۆیی، هه‌روه‌ها به‌رهه‌مهێنانی كارا بۆ گه‌شه‌پێدانی ئابووری... و، له ڕوانگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتوورییه‌وه گه‌شه‌پێدانی مرۆیی، یارمه‌تیی مرۆڤ ده‌دات بۆ پێشكه‌شكردنی باشترین جێبه‌جێكردن له ئه‌رك و وه‌زیفه‌دا، به‌بێ گۆێدانه هیچ كۆتوبه‌ندێك." له‌م ڕوانگه‌یه‌وه گه‌شه‌پێدانی مرۆیی، به‌رهه‌مهێنانێكی كارایه بۆ سه‌رمایه‌داریی مرۆیی. پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی ئابووری، ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیی به پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی مرۆیییه‌وه هه‌یه و، په‌یوه‌ندیی به به‌ده‌ستهێنانی ژیانێكی سه‌ربه‌رزانه و شه‌ره‌فمه‌ندانه‌وه هه‌یه بۆ تاك.
كه‌واته زیادكردن و ده‌رخستنی توانا شاراوه‌كانی تاك، یه‌كێكه له ئامانجه هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی و، یارمه‌تیی گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری ده‌دات، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی هۆشیاریی تاك ده‌رباره‌ی ماف و ئه‌ركه‌كانی خۆی زیاد ده‌كات. تاكێكی هۆشیاری به‌شدار له كایه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابوورییه‌كان به‌رهه‌م ده‌هێنێت. ئه‌مه‌یش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌رچاوی له پرۆسه‌یی په‌روه‌رده‌ییدا هه‌یه. كه‌واته ئێستا پێویسته ئه‌وه بزانین كه ڕۆڵی په‌روه‌رده له پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی مرۆیدا چییه؟
ته‌وه‌ری سێیه‌م: ڕۆڵی په‌روه‌رده له پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی‌دا
په‌روه‌رده له پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی‌دا چه‌ندین ڕۆڵ ده‌گێڕێت و لە چەند خاڵدا باسی لێوە دەکەین:
١- په‌یداكردنی بنكه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی شایسته: ئه‌مه‌یش به ده‌ستبه‌ركردنی كه‌مترین ڕێژه‌ی ئاشتی دێت بۆ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه له ڕووی فێركردنه‌وه؛ به شێوه‌یه‌ك ئه‌م تاكه له ژیان و كۆمه‌ڵگه‌كه‌یدا به پشتبه‌ستن به‌م زانیارییانه، بتوانێت له ڕێگه‌ی: نووسین، خۆێندنه‌وه، هه‌روه‌ها زانینی گشت ئامرازه‌كانی په‌یوه‌ندیكردنی كۆمه‌ڵایه‌تی، به سه‌رجه‌م جۆره‌كانییه‌وه، ژیان بگوزه‌رێنێ.
٢- هاوكاربوون و هاوبه‌شیكردن له گۆڕانكاریكردن له سیسته‌می به‌ها و ئاراسته‌كاندا: به‌و ڕادده‌یه‌ی كه گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵگه پێویستیه‌تی و ئاره‌زووی گۆڕانكاریی بۆ ده‌كات؛ له ڕێگه‌ی ئه‌م كاره‌یشه‌وه به‌هێزكردنی به‌های به‌رهه‌مهێنان و پاڵپشتیكردنی سه‌ربه‌خۆیی له ڕه‌فتار و بیركردنه‌وه‌دا و، ئاوه‌ڵاكردنی ده‌لاقه‌یش به ڕووی توانا خودییه‌كان و لێهاتووییی تاكه‌كان له ڕێگه‌ی ئه‌زموون و شیكاری و جێبه‌جێكردنه‌وه، وریاكردنه‌وه و پاڵپشتیكردنی تاك له بونیادنانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یدا و گرنگیدان به چێژوه‌رگرتنی تاك له ئه‌نجامدانی ئه‌م ڕۆڵه‌یدا.
٣- ڕاهێنان و ئاماده‌كاریی به‌هێزی مرۆیی بۆ كاركردن له سه‌رجه‌م كه‌رته‌كاندا. ئه‌مه‌یش له ڕێگه‌ی پێدانی زانیاری و لێهاتووییی به‌هاییی په‌یوه‌ست و پێویست بۆ هه‌ر كارێكی دیاریكراو ویستراو و، ڕاهێنانیان بۆ ژیان له‌گه‌ڵ چه‌رخی ته‌كنه‌لۆژی و ئامرازه‌كانی، پاشان ڕاهێنانی هێزی كار به‌گوێره‌ی پێویستییه گۆڕاوه‌كان، له‌گه‌ڵ پێدانی گرنگی و بایه‌خی زیاتر به چوارچێوه هونه‌رییه‌كانی كاركردن؛ چونكه ئه‌م لایه‌نه، بۆته كێشه له وڵاتانی تازه گه‌شه‌كردوودا.
په‌روه‌رده، گه‌ر به‌چاكی به‌كار هێنرا، خزمه‌تی پلانی گه‌شه‌پێدان له سه‌رجه‌م بواره‌كاندا ده‌كات؛ چونكه زۆربه‌ی كات به‌ناو دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كاندا تێپه‌ڕ ده‌كات و، هه‌ندێك جاریش دامه‌زراوه‌ی نافه‌رمی، ئه‌م كاره ده‌كات. به هه‌موو حاڵه‌ته‌كانه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه په‌روه‌رده پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه بۆ گۆڕینی تاكه‌كان ڕووه‌و توانای به‌رهه‌مهێنان، به شێوه‌یه‌ك به‌رده‌وام بێت له بڕ و چۆنیه‌تیدا. به‌ڵام له ڕووی بڕه‌وه، به‌گوێره‌ی ئه‌و فراوانكارییه ده‌بێت، كه خواستی كۆمه‌ڵگه ده‌یه‌وێت و، گرووپ و دامه‌زراوه و ده‌سه‌ڵات پشتگیریی ده‌كه‌ن و پاڵپشتیی لێ ده‌كه‌ن.
پڕكردنه‌وه‌ی پێویستیی گشتیی تاكه‌كان و كۆمه‌ڵگه و دادگه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ تاكه‌كان ده‌سته‌به‌ر ده‌كات؛ به شێوه‌یه‌ك وا سه‌یریان بكات كه كه‌سانی هاوتا و یه‌كسانن له ده‌رفه‌توه‌رگرتن و سوودوه‌رگرتن له خزمه‌تگوزارییه پێشكه‌شكراوه‌كان له بواری پێگه‌یاندنی كادیری مرۆیی‌دا. به هاوكاری و به هۆی په‌روه‌رده‌وه، ده‌توانین نه‌وه‌یه‌ك گه‌نجی هۆشیار و چاوكراوه و ڕۆشنبیر به‌رهه‌م بهێنین؛ به دوركه‌وتنه‌وه له دواكه‌وتوویی و خۆبه‌دورگرتن و دابڕان، پڕچه‌ك بن به زانست و زانیاری. ئه‌مه‌یش، له ڕێگه‌ی خستنه‌به‌رده‌ستی زانستی نوێ، پرۆگرامی نوێ، ڕێباز و فه‌لسه‌فه‌ی نوێ بۆ قوتابخانه‌كان؛ ئه‌مه له ڕووی چه‌ندێتێیه‌وه؛ به‌ڵام له ڕووی چۆنێتییه‌وه له ڕێگه‌ی فراوانكردنی په‌روه‌رده‌وه ده‌بێت به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی و لووتكه‌یی؛ فراوانكارییه‌ك به‌رهه‌می پرۆسه‌ی گه‌شه‌كردن و ته‌واوكاری بێت. هۆكاره جیاوازه‌كان و شێوازه جیاوازه‌كانی ژیان و فه‌لسه‌فه نۆییه‌كانی ئه‌مڕۆ ته‌نیا گرنگی به چۆنێتی ده‌ده‌ن؛ بۆیه به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی، چۆنێتی، نه‌ك چه‌ندێتی و بڕ، ئه‌و شته‌یه كه ده‌بێت پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدان هه‌وڵی بۆ بدات. ئه‌م چۆنێتییه‌یش، ده‌بێ له گشت پێكهاته‌كانی په‌روه‌رده‌دا ئه‌نجام بدرێت، وه‌ك: پرۆگرامه‌كانی خۆێندن و سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی قوتابخانه. ئه‌مانه، ده‌بێت له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه‌كانی دونیادا هاوشان بن و، به‌گوێره‌ی پێشكه‌وتنی سه‌رده‌م دابڕێژرێن. كه‌واته په‌روه‌رده ڕۆڵێكی تایبه‌ت له پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێداندا ده‌گێرێت و، بگره یه‌كه‌مین كه‌ناڵ و سه‌رچاوه‌ی گه‌شه‌پێدانی مرۆیییه. له كۆتاییدا هه‌میشه ئه‌و گوته‌یه ڕاسته كه ده‌گوترێت: "له پشته‌وه‌ی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی مه‌زنه‌وه، په‌روه‌رده‌یه‌كی مه‌زن هه‌یه."
له ڕووی واقعییه‌وه له هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌ساده‌یی ده‌توانرێت بگوترێت، پرۆسه‌ی په‌روه‌رده كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی نه‌بووه، چونكه خودی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده له هه‌رێمی كوردستان، پرسیاری گه‌وره و جددیی له‌سه‌ره. له ڕووی چه‌ندێتی و چۆنێتییه‌وه، نه‌توانراوه په‌روه‌رده له خزمه‌ت پرۆژه‌ی گه‌شه‌پێداندا بێت، چونكه چ سیسته‌می قوتابخانه و، چ پرۆگرامه‌كان و، چ فه‌لسه‌فه و ستراتیژیی په‌روه‌رده‌یی له هه‌رێمی كوردستان، نه‌یانتوانیوه ببنه ئامرازێكی باش بۆ دروستكردنی كادیری باش و هاووڵاتیی باش (Good Citizen) . كه‌واته، ده‌بێت هه‌موو لایه‌ن و پێكهاته و ڕه‌گه‌زه‌كانی په‌روه‌رده، چاكسازی بنه‌ڕه‌تی و پێداچوونه‌وه‌ی جددییان بۆ بكرێت. هه‌رچه‌نده ده‌بینرێت ڕێكخراو و كۆمه‌ڵه و ده‌سته‌كان زۆر جار سمینار و وۆركشۆپ و خولی ڕاهێنان بۆ پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی ساز ده‌كه‌ن، به‌ڵام ده‌بینرێت له ڕووی واقعییه‌وه كاریگه‌ری و ڕۆڵێكی ئه‌وتۆیان نییه؛ چونكه كێشه بنه‌ڕه‌تییه‌كه له پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌دایه.
كۆبه‌ند: