پێناسه‌ی ڕاگه‌یاندن: مه‌به‌ست له ڕاگه‌یاندن، گه‌یاندنی هه‌ر زانیارییه‌که بۆ گشت مرۆڤه‌کان به ئامرازی جیاواز؛ به‌و واتا‌یه‌ی هه‌ر زانیارییه‌ک گه‌ر لای که‌سێک، یان له شوێنێکدا بوونی هه‌بێت، له ڕێی ئامرازێکی دیاریکراو ده‌یگوێزێته‌وه له شوێنێکه‌وه بۆ ئه‌وی دی، یان له که‌سێکه‌وه بۆ که‌سێکی تر.
ده‌شێت ئه‌و زانیارییانه ڕاست و سوودمه‌ند، یان به‌ناوبانگ یاخود هیچ به‌هایه‌کیان نه‌بێت. به‌و شێوه‌یه له ڕاگه‌یاندندا وه‌رگر و گه‌یه‌نه‌ر هه‌یه و، ده‌شێت ئه‌و ئامرازه‌ی که گه‌یه‌نه‌ر له گه‌یاندنی زانیارییه‌کاند‌ا به‌کاری ده‌هێنێت بریتی بێت له ئامرازی (ته‌له‌ڤزیۆن، ئێزگه، تۆمارگه و کۆمپیوته‌ر)، یان نووسراو، یان بیستراو بێت له ڕێی (ته‌له‌فۆن، ئاخاوتنی که‌سێک بۆ که‌سێکی تر) و، ده‌شێت ئامرازی وه‌رگره‌که له زۆربه‌ی کاتدا هه‌مان که‌ره‌سه بێت.
سه‌رهه‌ڵدان و کاریگه‌رییه‌کانی ڕاگه‌یاندن:
به‌گشتی جیهان به شێوه و وێنه‌یه‌کی خێرا له گۆڕانکاریدایه و هه‌ڵقووڵاوی زانیارییه‌کانه. بۆیه ئامرازه‌کانی ڕاگه‌یاندن به هه‌ر سێ جۆره‌که‌ی (بینراو، نووسراو و وتراو)ه‌وه کاریگه‌ری و ئاسه‌واری زۆریان له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵک له‌سه‌ر ئاستی تاک و کۆدا هه‌یه؛ به شێوه‌یه‌ک کاریگه‌رییه‌که‌ی له هه‌ندێ کاتدا داب و نه‌ریت و که‌لتووری باوی کۆمه‌ڵ تێ ده‌په‌ڕێنێ و ده‌بێته به‌رهه‌مهێنه‌ری داب و نه‌ریتی ژیانی نوێ، به ڕادده‌یه‌ک له ئاستی جیهاندا به "ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م" ناو ده‌برێت. ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌و کاریگه‌رییه به‌رچاو و ده‌ره‌نجامه‌یه که به هۆیه‌وه ده‌رده‌که‌وێت و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت به‌سه‌ر ژیان و ڕه‌فتاره‌کانی تاک و کۆمه‌ڵه‌وه.
له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی ئامرازه‌کانی ڕاگه‌یاندن له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌وه، ئامرازه‌کانی به‌یه‌کگه‌یشتنی خه‌ڵک له شێوه‌ی چیڕۆک، داستان، ئاخاوتنی نووسراو و بیستراوه‌وه، ده‌گوێزرایه‌وه بۆ حاڵه‌تی چاوگێڕان و به ده‌وری ئامێری میکرۆفۆن و ڕادیۆ و گوێگرتن بۆ ئه‌و شته‌ی ده‌یانویست بیگه‌یه‌نن. پاش ئه‌وه‌یش، داهێنانی ته‌له‌ڤزیۆن ساڵی 1927 هاته کایه‌وه و، له‌مڕۆدا، بووه به ئامرازێکی سه‌ره‌کی بۆ خۆشی و ڕۆشنبیربوون؛ له هه‌مان کاتدا، بووه جێگره‌وه‌ی ژماره‌یه‌کی زۆری په‌یوه‌ندی و به‌یه‌کگه‌یشتن، به شێوه‌یه‌ک ته‌له‌ڤزیۆن به ئۆکسجینی ژیانی زۆرێک له خه‌ڵکی داده‌نرێت. له‌گه‌ڵ بوونی ته‌له‌ڤزیۆن وه‌ک شه‌ریکێک له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا له ماڵ و شوێنی کارکردن‌دا، په‌یوه‌ندی و به‌یه‌کگه‌یشتنی نێوان خه‌ڵک گه‌ڕایه‌وه. هه‌روه‌ها گواستنه‌وه‌ی زانیاری له ڕێی داهێنانی "ئینترنێت و کۆمپیوته‌ر" زیاتر خێراییی له گواستنه‌وه‌دا به‌خۆوه بینی؛ به‌ڵام وێڕای هه‌موو ئه‌و که‌ناڵانه، ته‌له‌ڤزیۆن تا ئێستا به ئامرازێکی میدیایی زاڵبوو له په‌یوه‌ندی و به‌یه‌کگه‌یشتندا داده‌نرێت.
واقعی ژنانی کورد له ڕاگه‌یاندندا:
بێ گومان بواری ڕاگه‌یاندن له هه‌ر کۆمه‌ڵێکدا به‌گشتی و، ڕادده‌ی به‌شداریی ژنان له‌و بواره‌دا، هه‌روه‌ها بوونی ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی ده‌بنه هۆی لاوازی یان که‌میی به‌شداریی ژنان له راگه‌یاندندا به شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی، په‌یوه‌سته به ڕادده‌ی گه‌شه‌کردنی سه‌رجه‌م بواره‌کانی تری کۆمه‌ڵ وه‌ک، بواری سیاسی، ئابووری، په‌روه‌رده‌یی، ته‌ندروستی، ڕۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تیییه‌وه و له هه‌مان کاتدا په‌یوه‌ندیداره به هه‌نگاو و ده‌ستکه‌وته‌کانی له واقعی کوردستاندا به‌ده‌ستهاتوون له‌و بوارانه‌دا و، به‌پێی دۆخه‌کان جیاوازییان به‌خۆوه دیوه. سستی و که‌میی ژنانی میدیاکار، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی دۆخی ژنانه له هه‌رێمی کوردستان له سه‌رجه‌م بواره‌کاندا؛ جگه له‌وه‌ی ئه‌و وێنه هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ی ژنان له میدیادا، به هۆی هه‌ستیاری و کاته‌کان و نێوه‌ندی دۆخی کارکردنی میدیاکانه‌وه، ناخۆش و ئاڵۆزتره وه‌ک له بواره‌کانی تر.
له هه‌رێمی کوردستاندا، ده‌شێت ژماره‌یه‌کی که‌م سه‌رنووسه‌ر هه‌بووبێت، هه‌روه‌ها به ڕێژه‌یه‌کی زۆر که‌م سه‌رۆکی ده‌زگا‌یه‌کی نووسراو، یان بینراو یاخود بیستراو هه‌بێت؛ وێڕای ژماره‌یه‌کی زۆر و جیاواز و فره‌بواری و زۆریی که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن و زۆریی ژنانی کارکردوو له‌و بوارانه‌دا. له لایه‌کی دیکه‌وه، ده‌رفه‌تی ڕۆژنامه‌نووس بۆ به‌ده‌ستهێنانی پۆستێک له‌ناو دامه‌زراوه‌یه‌کی ڕۆژنامه‌گه‌ری، یان میدیاییدا، به به‌راورد له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نووسێکی هاوڕێی که له ڕه‌گه‌زی نێره، زۆر که‌مه. ئه‌وه‌یش فره‌هۆکاره؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵی کوردی، نه‌گه‌یشتۆته باوه‌ڕبوون به گۆڕینی ڕۆڵه‌کان و دابه‌شبوونی ئه‌رکه‌کان له نێوان ژنان و پیاوان له‌ناو خێزانه‌کاندا. بۆیه ژنانی میدیاکار، هه‌ست ده‌که‌ن کارکردنیان هه‌میشه ده‌بێته به‌ربه‌ستێک له به‌رده‌م به‌رپرسیارێتیی ماڵدا. به‌م شێوه‌یه، کۆکردنه‌وه‌ی له نێوان پۆستی له کارکردن‌دا و به‌رپرسیارێتییه‌کانی ماڵدا، له ده‌ره‌وه‌ی توانا و هێزه‌کانیه‌تی و ڕێگریی لێ ده‌کات. ده‌ره‌نجام، له به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌کانیدا به‌ناچاری خێزانه‌که‌ی هه‌ڵده‌بژێرێت؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گه‌ر پێچه‌وانه‌که‌ی هه‌ڵبژارد، هاوکاریی پێویست به‌دی ناکات، چ له لایه‌ن خێزانه‌که‌یه‌وه بێت، یان له لایه‌ن کۆمه‌ڵ یاخود سیسته‌می حوکمڕانییه‌وه بێت، له ڕێی دابینکردنی ئه‌ڵته‌رناتیڤ بۆ منداڵه‌کانی، وه‌ک: دایه‌نگه‌ی ئارام و دڵنیا و ئاسانکارییه‌کانی تر.
هۆکاره‌کانی که‌میی به‌شداریی ژنان له ڕاگه‌یاندندا:
1. فاکته‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی: به‌رده‌وامبوونی دید و بۆچوونه‌کان سه‌باره‌ت ژنان به‌پێی دیدێکی باو و ته‌قلیدی له لایه‌ن ژماره‌یه‌کی زۆری تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ بۆ چه‌مکی جێنده‌ر و، به‌وه‌ی ژنان به بێده‌سه‌ڵات ده‌زانن، به به‌راورد له‌گه‌ڵ پیاو له هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتی له بڕیاردا. گوشاره خێزانی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، ئاسه‌واری خراپیان له‌سه‌ر توانای ژنانی میدیاکار ده‌بێت و، به‌شێوه‌یه‌کی دیاریکراو سنوور بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی داده‌نێت بۆ شوێنه‌کانی سه‌رکردایه‌تیبوون؛ به‌ڵام ئه‌وه ڕێگر نابێت بۆ پشتبه‌ستن به گرتنه‌به‌ری ئامرازی گو‌نجاو، به‌مه‌به‌ستی به‌هێزکردنی به‌شداریی ژنان و به‌رزبوونه‌وه‌ی بۆ شوێنی بڕیاردان له دامه‌زراوه‌کانی ڕاگه‌یاندندا.
به‌گشتی، کۆمه‌ڵ به شێوه‌یه‌ک ته‌ماشای پیشه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری و کارکردن له ڕاگه‌یاندندا ده‌کات، به‌وه‌ی له پیشه ئازاده‌کانه. ئه‌و جۆره کارانه‌یش به جۆرێکه که به کارێکی نه‌گونجاو بۆ ژنان سه‌یر ده‌کرێت، یان به کاری شیاو دانانرێت بۆیان. وێڕای ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی زانکۆکان له‌م ساڵانه‌ی دواییدا خوێندنی کچانیان له به‌شی ڕاگه‌یاندنی زانکۆکان‌دا کرده‌وه و، له ئێستایشدا چه‌ندین نه‌وه‌ی ده‌رچووی بواری ڕاگه‌یاندن هه‌یه، به‌ڵام زۆربه‌یشیان پیشه‌ی خۆیان موماره‌سه ناکه‌ن؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا ئێستا ئه‌قڵییه‌تی کۆمه‌ڵ له مه‌سه‌له‌ی کارکردنی کچان له بواری ڕاگه‌یاندندا قبووڵی کارکردنی ژنان له‌و بواره‌دا ناکات و، له هه‌مان کاتدا کۆمه‌ڵ له دڵه‌ڕاوکێدایه بۆ چوونه‌مه‌یدانی ڕاگه‌یاندن بۆ ژنان.
به شێوه‌یه‌کی دیکه، ده‌توانرێت بگوترێت بارودۆخی ئابووری، پاڵنه‌ری کۆمه‌ڵ بوو بۆ ڕاهێنانیان له‌سه‌ر هه‌بوونی ژنان له دونیای ڕاگه‌یاندندا؛ به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی له ده ساڵی کۆتاییدا ژماره‌ی ڕۆژنامه‌نووسانی ژنانی کارکردووی نێو دامه‌زراوه میدیایییه‌کان زیادی کرد، به‌ڵام ئه‌و به‌رزبوونه‌وه‌یه، له‌گه‌ڵ مه‌رجێکی پێشوه‌ختی شاراوه‌دا، که به‌گشتی له لایه‌ن داب و نه‌ریت و ئه‌قڵییه‌تی کۆمه‌ڵه‌وه په‌سه‌ند کراوه، هاوته‌ریبه، یان یه‌ک ده‌گرێته‌وه. ئه‌و مه‌رجه‌ی هه‌ڵقوڵاوی ئه‌و دیده‌یه که وه‌ک وه‌زیفه‌یه‌ک سه‌یری ئه‌و بواره ده‌کات، بۆیه ڕێگه به کارکردنی ژنان ده‌دات له بواری ڕاگه‌یاندندا که به‌هۆیه‌وه ده‌توانێت مووچه‌یه‌ک یان ده‌ستکه‌وتێکی ماددی لێ وه‌ربگرێت، نه‌ک وه‌ک پیشه‌یه‌کی گرنگ سه‌یری بکات که پێویستی به داخوازی و مه‌رج و توانای خۆی ده‌بێت. ئه‌وه‌ش که‌لتوورێکی له کۆمه‌ڵدا هێناوه‌ته ئاراوه که ئه‌و ڕاستییه ڕه‌ت بکاته‌وه به‌وه‌ی پیشه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری و کاری ڕاگه‌یاندن تایبه‌تمه‌ندیی خۆیان هه‌یه و، وا له ژنان ده‌خوازێت که کات و ده‌وامێکی زۆری بۆ ته‌رخان بکه‌ن .
به واتایه‌کی دیكه، ڕاگه‌یاندن وه‌زیفه‌یه‌ک نییه که ته‌نیا به کاتێکی دیاریکراوی فه‌رمییه‌وه په‌یوه‌ست بێت، ئه‌وه‌نده‌ی پیشه‌یه‌کی ڕۆژنامه‌گه‌رییه که فه‌رزی وه‌زیفه و کارکردنێک ده‌کات که کاتی دوورودرێژ و زۆر ده‌خایه‌نێت، بێ سنوور و بێ دیاریکردنی کات. هه‌روه‌ها وا له کارکردووان ده‌خوازێت که په‌یوه‌ندی و به‌یه‌کگه‌یشتنی په‌یوه‌ندییه‌کان له ده‌ره‌وه‌ی نووسینگه و شوێنی کارکردن‌دا، به‌رده‌وامی و بوونی له شوێنه گشتییه‌کاندا هه‌بێت. تا ئێستا کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی، به کۆمه‌ڵگه پیاوسالارییه‌کان ناوزه‌د ده‌کرێت، که به هۆی بوونی که‌لتوورێکی باوه‌وه هه‌میشه له زۆربه‌ی کاره‌کاندا ڕێگری له ژنان ده‌کات و، له کۆمه‌ڵدا په‌راوێزیان ده‌خات؛ به شێوه‌یه‌ک به‌های مرۆڤبوونیان له‌ق ده‌کات و، به شێوه‌یه‌ک ڕه‌وایه‌تی به دۆخه‌که ده‌دات که هه‌میشه سه‌رنه‌که‌وتنی ژنان له هه‌موو شته‌کاندا به ئه‌گه‌رێکی چاوه‌ڕوانکراو ده‌زانێت، ته‌نیا ڕۆڵبینینی نه‌بێت له چوارچێوه‌ی ماڵدا، وه‌ک به‌خێوکه‌ری منداڵ و مێرد و کاری ناوماڵ و وه‌چه‌خستنه‌وه.
هه‌روه‌ها به شێوه‌یه‌ک ته‌ماشای ده‌کات، به‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نه‌یه که هه‌میشه پێویستیی به پاراستن و پاڵپشتی هه‌یه له پیاو، باوک، برا و مێرد که سنووری چالاکی و به‌شداربوونی له کار و کایه‌کانی کۆمه‌ڵدا سنووردار ده‌کات؛ چونکه کۆمه‌ڵگه پیاوسالارییه‌کان به شێوه‌یه‌ک سه‌یری مه‌سه‌له‌ی ژنان ده‌که‌ن، به‌وه‌ی به‌رپرسیارێتییان له ئه‌ستۆی پیاودایه، به‌ده‌ر له‌وه‌ی واقع جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه که ئاسایش و پێشکه‌وتن و گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵ به‌گشتی، به‌رپرسیارێتیی دوولایه‌نه‌یه.
2. فاکته‌ری دامه‌زراوه‌یی: ناکرێت چاوپۆشی له زاڵیتیی ئه‌قڵییه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالاری بکرێت، به‌ده‌ر له دامه‌زراوه میدیایییه‌کان و، ئه‌وه‌ی ڕێگری له گه‌شه‌کردنی دۆخی ژنان له ڕۆژنامه و دامه‌زراوه میدیایییه‌کاندا ده‌کات. به‌شی کارگێڕیی دامه‌زراوه میدیایییه‌کان به‌گشتی به ده‌ست پیاوانه‌وه‌ن، که ده‌بێته هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی ژنان بۆ پیاوان و لابردنی ڕه‌گه‌زی ژنان له به‌رژه‌وه‌ندیی پیاواندا؛ ئه‌مه له پاڵ ئه‌وه‌ی پیاو له ده‌زگا و دامه‌زراوه‌که‌یدا پاڵپشت نییه بۆ هاوکاره‌که‌ی، که ژنه.
هاوکێشه‌که ئاسانه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به هۆی هۆکارگه‌لێکه‌وه ژنی ڕۆژنامه‌نووس یان میدیایی، ئاوڕ له‌وه ناداته‌وه له‌ناو دامه‌زراوه میدیایییه‌کاندا پۆست وه‌ربگرێت و، هه‌موو توانایه‌کی له کاره‌که‌ی و چۆنێتیی سه‌رکه‌وتنی له ڕووی پیشه‌یییه‌وه کۆ ده‌کاته‌وه؛ بۆیه که‌س نییه به‌ر‌یه‌ککه‌وتنی له‌گه‌ڵدا دروست بکات. به‌ڵام له ساته وه‌ختێکدا که داواکردنی پۆست، یه‌کێک ده‌بێت له خولیاکان و، کێبڕکێی ژنان له‌ناو یه‌کتری و له‌گه‌ڵ پیاواندا ده‌بێته واقعێکی کارکردن، ئیدی ئه‌و کات ئه‌و ساته‌وه‌خته دێته ئاراوه که ململانێ و جه‌نگه‌کان ده‌ست پێ ده‌کەن. ئه‌وکات که‌س خۆی ناگرێت، ته‌نیا ئه‌وانه نه‌بن که له به‌رده‌م واقع و ئامانج و خولیاکاندا پشوودرێژ و خۆڕاگر ده‌بن و، له پێناویدا خه‌بات ده‌که‌ن.
هه‌روه‌ها دامه‌زراوه میدیایییه‌کانیش خۆیان له دامه‌زراندنی ژنان له پۆسته میدیایییه‌کاندا به‌دوور ده‌گرن، به‌و پاساوه‌ی که کاری ڕۆژنامه‌گه‌ری، به‌كرده‌وه له کاته‌کانی شه‌ودا ده‌ست پێ ده‌کات، یان پێویست ده‌بێت؛ ئه‌وه‌یش وا له ژنان ده‌کات مانه‌وه‌یان له دامه‌زرا‌وه‌کاندا تا ئه‌و کاته دره‌نگانه قورس بێت. ئه‌و بانگه‌شه‌کردنانه ئه‌وه ده‌رده‌خات که گه‌شه‌کردنی ته‌کنه‌لۆژی له ڕوانگه‌ی پیاوانه‌وه، وه‌ک ڕێگرییه‌ک نه‌ماوه‌ته‌وه، گه‌ر لای دروستکه‌ری بڕیاری میدیایی، ئیراده‌ی به‌شداریپێكردنی ژنان و، گه‌یشتنیان به شوێنه‌کانی بڕیارسازی و سه‌رکرده‌ی نێو ڕاگه‌یاندن، بوونی هه‌بێت. ده‌شێت به‌دواداچوون بۆ سیاسه‌تێکی کارکردن بکرێت، که بۆ به‌هێزکردنی ڕۆڵی ژنان به شوێنه‌کانی سه‌رکردایه‌تی و بڕیارسازی، یارمه‌تیده‌ر بێت.
ئه‌وه‌ی ئاشکرایه، سیسته‌می په‌یوه‌ندییه ئه‌لکترۆنییه‌کان ڕێخۆشکه‌رن بۆ ژنان، یان به واتایه‌کی تر ده‌رفه‌تی جیاوازتر بۆ ژنان ده‌ڕه‌خسێنێ که به‌دواداچوون و په‌یوه‌ندییه‌کانی بۆ ئاسانتر بکات، ئه‌وه‌ش له ڕێی ئامێره‌کانی وه‌ک کۆمپیوته‌ر که له ڕێی ماڵه‌که‌ی خۆیه‌وه ده‌توانێت کاره‌کانی به‌ڕێ بکات؛ هه‌روه‌ها به‌ڕێکردنی هه‌ندێ ئه‌رک و کاری تر له ڕێی ته‌له‌فزیۆن یان پۆسته ئه‌لکترۆنییه‌کانه‌وه. هه‌روه‌ها فاکته‌رێک هه‌یه په‌یوه‌ندیداره به بڕیاری دامه‌زراندنه‌وه له پۆسته‌کانی ڕاگه‌یاندندا، که به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان له‌ژێر ڕکێفی بڕیارێکی سیاسیدایه زیاتر له‌وه‌ی کارگێڕی بێت. بۆیه سه‌ره‌تا ژنان دوور ده‌خه‌نه‌وه، پاشان هه‌ڵبژارده‌که له نێوان میدیاکاران و ڕۆژنامه‌نووسانی کوڕاندا ده‌مێنیته‌وه.
بۆیه ئه‌وه‌ی به‌دی ده‌کرێت ئه‌وه‌یه كه ژنانێکی که‌م له پۆستی باڵای میدیاییدا هه‌ن، که ئه‌مه‌یش په‌یوه‌سته به بریارێکی سیاسیی ڕووته‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌و کاته‌ی وه‌زیر، یان به‌رپرسێکی حکوومی، بڕیاری دامه‌زراندنی ڕاوێژکارێکی میدیایی ده‌دات، له‌به‌ر ئه‌و هۆکار‌انه‌ی پێشتر ئاماژه‌م پێ دا، ئه‌وه‌ی به‌دی ده‌کرێت، ئه‌وه‌ی هه‌ڵی ده‌بژێرێت، دامه‌زراندنی پیاوه، نه‌ک ژن.
3. خودی ڕۆژنامه‌نووسان: نابێت ئه‌وه ڕه‌ت بکه‌ینه‌وه که به‌شێکی زۆری ڕێگرییه‌کان ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ و به‌رپرسیارێتیی ژنانی ڕۆژنامه‌نووس و میدیاکاران خۆیان، چونکه خۆی ڕه‌زامه‌ند بووه به‌و ڕووپێوه‌ی له کۆمه‌ڵه‌وه بۆی دانراوه و، هیچ کۆشش و هه‌وڵێکی زیاتر نادات و، له زۆربه‌ی کاتدا له به‌رده‌م به‌ربه‌ره‌کانییه‌کاندا خۆڕاگر نییه. بۆیه، زۆربه‌یان پیشه‌که‌یان گۆڕیوه به وه‌زیفه؛ له کات و ڕۆژی دیاریکراودا ده‌ست پێ ده‌کات و به ته‌واوبوونی کاتی ده‌وام، کۆتایی دێت. هه‌روه‌ها به‌شێک له ژنانی ڕۆژنامه‌نووس و میدیایی، بایه‌خ به گه‌شه‌کردنی توانا و په‌یوه‌ندییه‌کانیان و، سروشتی كاركردنه‌كانیان ناده‌ن؛ ئه‌وه‌یش هه‌ڵقووڵاوی ته‌ماشاکردنیانه بۆ کاری ڕۆژنامه‌نووسی، وه‌ک وه‌زیفه‌یه‌ک.
4. فاکته‌ره سیاسییه‌کان: که‌میی به‌شداریی ژنان له هه‌ندێک وه‌زیفه‌دا، له‌وانه کاری ڕاگه‌یاندن به نموو‌نه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که دامه‌زراوه‌کانی ڕاگه‌یاندن له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی ڕاگه‌یاندنی وڵاتاندا کار ده‌که‌ن؛ بۆیه ئه‌و وێناکردنه‌ی ئه‌و دامه‌زراوانه ده‌یانه‌وێت بۆ ژنان بیكه‌ن، ئه‌و وێناکردنه‌یه که له ڕووی ڕێکپۆشی و ڕێکوپێکییه‌وه پێشکه‌وتووخوازانه‌یه به چه‌مکی ڕۆژاوا، که زۆر جار له‌گه‌ڵ داب و نه‌ریت و بیروباوه‌ڕه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌دا یه‌کانگیر نابێته‌وه.
5. ڕێگرییه ئابوورییه‌کان: به‌گشتی له جیهاندا ژنان به هه‌ژارترین توێژی کۆمه‌ڵ داده‌نرێن؛ به شێوه‌یه‌ک که 75%ی هه‌ژارانی دونیا که ژماره‌یان ده‌گاته 3،1 ملیار، ئه‌و ژنانه ده‌گرێته‌وه که به هۆی که‌میی ده‌رفه‌تی کارکردن له به‌رده‌میاندا، سه‌رقاڵن به کۆمه‌ڵه کارێکه‌وه که 75%ی کاتیان به‌سه‌ر ده‌چێت، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی هیچ کرێیه‌کیان بدرێتێ.
ژنان و ئامرازه‌کانی ڕاگه‌یاندن:
به‌گشتی واقعی کارکردنی ڕاگه‌یاندنه‌کان، به هۆی بوونی چه‌ندین بۆشایییه‌وه، بۆ ژنان جیاوازترن، له‌وانه: له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌و واقعه‌ی به هۆی که‌لتووری ڕۆشنبیری و په‌روه‌رده‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه له به‌رگی ژنان کراوه و، وای کردووه سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه، میدیا به چاوی ئه‌قڵییه‌تی باوی کۆمه‌ڵگه‌وه وێنای ژن بگوێزێته‌وه، بێ سه‌یرکردنی ئه‌وه‌ی دۆخ و پێداویستییه‌کانی ژنان فره‌بوار و جیاوازن؛ بۆیه به‌گشتی ئه‌وه‌ی له واقعی میدیای بینراودا به‌دی ده‌کرێت، بایه‌خدانیانه به بابه‌ته سیاسییه‌کانی له کۆمه‌ڵدا روو ده‌دات، پێش گرنگیدان و باسکردن به بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌کانی که په‌یوه‌ندیدارن به ژنانه‌وه. هه‌روه‌ها گرنگیدانیانه به‌و بابه‌تانه‌ی تایبه‌تن به دۆخی که‌سێتییه‌وه، له پێش بابه‌ته گشتییه‌کانی ژنان له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی و کار و ڕۆشنبیرییه‌وه، جگه له‌وه‌ی له زوربه‌ی راگه‌یاندنه‌کاندا، تیشکخستنه سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندیدارن به جه‌سته‌ی ژنان و مێیینه‌بوونییانه‌وه پله‌یه‌کی له‌پێشتره و، له کاتێکدا بابه‌تی ته‌ندروستی له‌پله‌یه‌کی دواتردا باسی لێوه ده‌که‌ن.
هه‌روه‌ها به‌پێی هه‌ندێ ڕاپۆرت و لێکۆڵینه‌وه، ده‌رکه‌وتووه که زوربه‌ی ئامرازه‌کانی ڕاگه‌یاندن پێویستییه‌کانی ژنان پڕ ناکاته‌وه و، یارمه‌تیده‌ر نییه له خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ریدا، جگه له‌وه‌ی که‌مترین بابه‌تی تا‌یبه‌تمه‌ند به ژنان بڵاو ده‌که‌نه‌وه له ڕووی بابه‌تیبوونه‌وه و به شێوه‌یه‌ک چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی ژنان له‌ڕێی هه‌واڵێکه‌وه ده‌خه‌نه ڕوو. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی ئامرازه‌کانی ڕاگه‌یاندن، گیرۆده‌ی نه‌بوونی ستراتیژییه‌کی ڕوونن له مامه‌ڵه‌کردنیاندا له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌کانی ژناندا.
به‌پێی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی مه‌یدانی، که له هه‌شت وڵاتی عه‌ره‌بیدا، تایبه‌ت به با‌به‌ته‌كانی یاسایی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕاگه‌یاندنی بینراو و بیستراو، ئه‌نجام دراوه، هه‌روه‌ها وه‌ک له ساڵی 1996دا که له لایه‌ن په‌یمانگه‌ی عه‌ره‌بی بۆ مافه‌کانی مرۆڤ له تونس، له کتێبی ژنانی عه‌ره‌بی، دۆخی یاسایی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا باس کراوه، که "به‌ده‌ر له زۆریی ڕێژه‌ی به‌شداریی ژنانی لوبنانی له ئامرازه‌کانی ڕاگه‌یاندنی بیستراو و بینراودا، به‌ڵام ئه‌و به‌شداربوونه له ڕووی جۆرییه‌وه، نه‌بۆته هۆی بازدان بۆ به‌هێزکردنی پێگه‌ی ژنان له کۆمه‌ڵگه‌دا.
هه‌روه‌ها لێکۆڵینه‌وه‌که ئه‌وه‌ی ده‌رخست که "به‌رنامه‌ی ته‌له‌ڤزیۆن و ڕادیۆ، ته‌نیا ته‌رکیز له‌سه‌ر لایه‌نێکی ژنان ده‌کات، ئه‌ویش ته‌ماشاکردنی ژنه له دیدی هاوسه‌ر، دایک و ژنبوونییه‌وه؛ که بایه‌خ به مۆده و جلوبه‌رگ و جوانیی جه‌سته و چۆنێتیی به‌خێوکردنی منداڵ و مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ مێرددا ده‌دات. بێ گومان ئه‌و تێڕوانینه‌یش تێگه‌یشتنێکی باو لای ژنان ده‌خوڵقێنێت، که هه‌موو ڕۆڵی ته‌نها له دایک و هاوسه‌ردا چڕ ده‌کاته‌وه. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌که که‌م بایه‌خیی ڕاگه‌یاندنی بینراو و بیستراو ده‌خاته ڕوو به خه‌م و کێشه‌کانی ژنانی گوندنشین، که به هۆی نه‌خوێنده‌وارییانه‌وه ناتوانن سوود له ڕۆژنامه و گۆڤاره‌کان وه‌ربگرن؛ جگه له ده‌رنه‌خستنی ڕۆڵی ژنان له بوار و ژیانی گشتی، سیاسی و ئابووریی کۆمه‌ڵگه‌کاندا.
هه‌روه‌ها له ده‌ره‌نجامدا لێکۆڵینه‌وه‌که ئه‌وه ده‌رده‌خات که وێنای ژنانی عه‌ره‌بی له ئامرازه‌کانی ڕاگه‌یاندن تا ئێستا شێوێندراوه و، له‌ژێر ڕکێفی کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیریی دواکه‌وتوودایه؛ به شێوه‌یه‌ک ڕێز له مرۆڤبوون و ڕۆڵی کاریگه‌ر و سه‌ره‌کی له کۆمه‌ڵگه‌دا نا‌گرێ. بۆیه پێویسته بڕیاری به‌رپرسانه و هۆشمه‌ندانه بدرێت بۆ چاککردنه‌وه‌ی وێنای ڕاگه‌یاندن بۆ ژنان و پێشخستنی هۆشیاریی کۆمه‌ڵگه‌یی و چۆنێتیی ئه‌دای پیشه‌یی بۆ ژنانی کارکردوو له بواری ڕاگه‌یاندندا؛ به‌ده‌ر له بایه‌خدان به ئه‌نجامدانی لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانی بۆ زانین و ناسینی پێداویستییه‌کانی ڕاگه‌یاندن و گه‌یاندن بۆ ژنانی عه‌ره‌بی له شار و گونده‌کاندا.
پرسیار ئه‌وه‌یه: چی بکرێت؟ کار چییه؟ چۆن ده‌توانین وێنه‌ی ژنانی کورد له ڕاگه‌یاندندا، بگۆڕین؟ هه‌روه‌ها خوڵقاندنی هۆشیارییه‌کی ڕاسته‌قینه به مه‌سه‌له‌کانی ژنان و کێشه‌کانیان و، ئه‌و به‌رهه‌ڵستییانه‌ی له سه‌رده‌می جیهانگیریدا ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه؟ چۆن ده‌توانین بگه‌ین به داڕشتنی سیاسه‌تێکی میدیاییی هاوسه‌نگ و ڕاست له به‌رامبه‌ر مه‌سه‌له‌کانی ژنان و ئیشکالییه‌ته‌کانی سیاسه‌تێکی میدیایی که بتوانێت به‌رپرسیارێتیی ژنان له‌به‌رچاو بگرێ، که ژنان له‌ناو ماڵ و ده‌ره‌وه‌یدا پێوه‌ی خه‌ریک ده‌بن و، هه‌روه‌ها ده‌ستکه‌وته ڕاسته‌قینه‌کانی ژنان به هه‌ند وه‌ربگرێ که ژنان له بواره‌کانی خوێندن و به‌روبووم و داهێنانی ته‌کنیکی و ڕۆشنبیری و زانستیدا به‌ده‌ستیان هێناوه؟
له هه‌مان کاتدا ڕێگرییه ڕاسته‌قینه‌کان ده‌ربخات، وه‌ک بۆماوه‌ی نه‌ریته ڕۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و نه‌خوێنده‌واری و هه‌ژاری و بێ‌کاری. هه‌روه‌ها تێڕوانینه‌کانی ژنان به‌هه‌ند وه‌ربگرێ له گشت مه‌سه‌له کۆمه‌ڵگه‌یییه‌کاندا که ده‌بێته جێی بایه‌خی میدیا له سه‌رجه‌م بواره‌کانی سیاسه‌ت، ئابووری، هونه‌ر، ئه‌ده‌ب، ڕۆشنبیری و داهێناندا.
میدیای ئه‌ڵته‌رناتیڤ که باسی لێوه ده‌کرێت، ئه‌و میدیایه‌یه که خۆی له لایه‌نی فێرکردن و په‌روه‌رده‌ییدا ده‌بینێته‌وه و به تێڕوانینێکی ڕه‌خنه‌گرانه. له هه‌مان کاتدا به ئامانجی گۆڕینی تێڕوانینه ته‌قلیدییه باوه‌کان کار ده‌کات سه‌باره‌ت مه‌سه‌له‌کانی ژنان. هه‌روه‌ها تێڕوانینی ڕه‌خنه‌گرانه ده‌خاته ڕوو، که له به‌رده‌م میدیای بازرگانیدا خوڕاگرانه بێت و، له کاتی چه‌وا‌شه‌بوونی جه‌ماوه‌ردا، ڕاستییه‌کان ده‌ربخات به ڕۆڵ و دۆخی ژنان.
له پێناو به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجانه‌دا زۆر گرنگیی دێنه ئاراوه له‌وانه:
١- گرنگیی هۆشیاری به دانانی ستراتیژیی نه‌ته‌وه‌یی بۆ ڕاگه‌یاندن تایبه‌ت به ژنان و خێزانی کوردی، که له به‌رامبه‌ر مه‌سه‌له‌ی ژنان، ئه‌وله‌وییه‌ت و سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی جێبه‌جیکردنه‌کان له بواری ڕاگه‌یاندنی بینراو و بیستراو و نووسراودا دیاری ده‌کات، به ئامانجی لابردنی سه‌رجه‌م ڕێگرییه‌کان، به سوودوه‌رگرتن له زانیاری و گه‌شه‌کردنه زانستی و ته‌کنه‌لۆژییه‌کان له بواره‌کانی گه‌یاندندا، له پێناو به‌هێزکردنی سیسته‌م و به‌ها باشه‌کانی ده‌توانێ ڕۆڵیان هه‌بێت له گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیریی خێزاندا، به‌مه‌به‌ستی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌ڵستییه ئابووری و ڕۆشنبیرییه‌کانی له سه‌رده‌می جیهانگیرییه‌وه ده‌رده‌چێت.
٢- گرنگیی هاوئاهه‌نگی له نێوان ئامرازه‌کانی ڕاگه‌یاندنی بینراو و نووسراو و بیستراودا له لایه‌ک و، سه‌نته‌ره‌کانی توێژینه‌وه و زانکۆکان و گشت ده‌سته فه‌رمی و ئه‌هلییه په‌یوه‌ندیداره‌کان به مه‌سه‌له‌کانی ژنان و خێزانه‌وه له لایه‌کی تره‌وه، به مه‌به‌ستی هاوکاری و یارمه‌تیدان له گه‌شه‌کردنی به‌رنامه درامییه‌کان و دانانی رێنمایی له ڕووی ئاکارییه‌وه بۆ ئه‌و ڕێکلامانه‌ی به‌ها خێزانییه‌کان له‌خۆ ده‌گرێت.
٣- گرنگیی په‌یوه‌ستبوونی سه‌رکرده میدیایییه‌کان به پاراستنی وه‌زیفه کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیرییه‌کان بۆ ڕاگه‌یاندن و، ڕۆڵه زیندووه‌که‌ی له پێکهێنانی هۆشیاریی ڕاست له‌سه‌ر واقعی کۆمه‌ڵگه‌یی، به هه‌موو ئه‌وانه‌ی نه‌ریته ڕۆشنبیرییه‌کان له‌خۆ ده‌گرێت، جگه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ئاوات و تامه‌زرۆیییه مرۆیییه دادپه‌روه‌رییه‌کان.
٤- گرنگیی بایه‌خدان به ئاماده‌کردنی به‌رنامه‌ی ڕاهێنان و بابه‌ته ڕۆشنبیرییه‌کان بۆ ڕاگه‌یاندنکاره‌کان، به مه‌به‌ستی به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری و ئه‌دای ڕاگه‌یاندن له بواری ژنان و خێزاندا.
سه‌رچاوه:
1. المرأة في الإعلام والإعلان- ماريو أنور، 2005.
2. صورة المراءة في برنامج الفضائيات العربيةو دراسة تحليلية للاعلانات الخصة بالمراءة علي شاشة قناة LBC الفضائية لعام 2009, د. سعد سامان عبدالله.