سه‌ره‌تا:
له پێناسه‌ی سیسته‌می سیاسی‌دا "جان لویس كیرمون" ده‌ڵێت: "سیسته‌می سیاسی بریتییه له كۆمه‌ڵه ڕه‌گه‌زێك كه خاوه‌ن سروشتێكی ئایدیۆلۆژی و دامه‌زراوه‌یی و سۆسیۆلۆژین، كه هه‌موو ئه‌م ڕه‌گه‌زانه پێكه‌وه حكوومه‌تێك بۆ ده‌وڵه‌تێكی دیاریكراو دروست ده‌كه‌ن؛ ئه‌مه‌یش چوار پێكهێنه‌ری بنه‌ڕه‌تی له‌خۆ ده‌گرێت كه بریتین له: سروشت و ڕۆڵی ده‌سه‌ڵات، بونیادی دامه‌زراوه‌كان، سیسته‌می كاری حزبه سیاسییه‌كان و پره‌نسیپی شه‌رعییه‌ت."
سه‌باره‌ت به چه‌مكی ده‌سه‌ڵات، جیاوازی له نێوان زانایان و سێكیولاره‌كانی بواری زانستی سیاسی‌دا هه‌یه. بۆ نموونه ده‌سه‌ڵات له ڕوانگه‌ی "ماكس ڤیبه‌ر"ه‌وه، بریتییه له توانایی له‌سه‌ر سه‌پاندنی فرمانه‌كان و ملكه‌چبوون. ئه‌م توانایییه‌یش دوو جۆر و شێواز ده‌رده‌خات، كه بریتین له: ویست، له‌گه‌ڵ مافی سه‌ركردایه‌تیكردن. له هه‌ر دوو حاڵه‌ته‌كه‌یشدا كۆنترۆڵێكی كارا و حه‌قیقی ده‌بینرێت؛ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌یشدا "ڤیبه‌ر" پێی وایه كه مافی سه‌ركردایه‌تیكردن سه‌رچاوه‌یه‌كی شه‌رعییه بۆ ده‌سه‌ڵات. له ڕوانگه‌ی هه‌ر یه‌كه له "ڕۆبیرت میشیل" و "هارۆلد لاسویل" سیاسه‌ت بریتییه له ململانێ له پێناوی ده‌سه‌ڵات. هیچ ڕه‌هه‌ندیكی ڕێككه‌وتن و شه‌رعی بۆ ئه‌مه نییه، چونكه ده‌سه‌ڵات له بنه‌ڕه‌تدا بریتییه له كۆنترۆڵكردن و زاڵبوون و نایه‌كسانی. مافی سه‌ركردایه‌تیش له ڕوانگه‌ی "میشیل" و "لاسویل"ه‌وه، ته‌نیا ڕه‌هه‌ندی توندوتیژی ده‌شارێته‌وه، نه‌ك تاكه سه‌رچاوه‌ی شه‌رعییه‌تی ده‌سه‌ڵات بێت. به‌م شێوه‌یه ده‌سه‌ڵات به سروشتی خۆی په‌یوه‌ندییه له نێوان دوو ئیراده: یه‌كێكیان موماره‌سه‌ی كاریگه‌ر و دیاریكردنی چوارچێوه‌ی ڕه‌فتار و سلووكی ئه‌وانی تر ده‌كات؛ ئه‌وه‌ی تریان ملكه‌چ و مه‌رجدار كراوه به‌و چوارچێوه‌یه‌ی كه ئیراده‌ی یه‌كه‌م دروستى كردووه و دای ڕشتووه.
هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌ی شه‌رعییه‌تی سیاسی و شێوازه‌كانی، یه‌كێكه له دیارترین پێوه‌ره‌كانی پۆلێنكردنی سیسته‌می سیاسی. له لایه‌كی تریشه‌وه، شه‌رعییه‌تی سیاسی به‌ته‌واوی ڕه‌گه‌زه‌كانی گه‌شه‌سه‌ندنی سیاسی له كۆمه‌ڵگه‌دا له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه به‌رجه‌سته ده‌كات. ئه‌م گه‌شه‌سه‌ندنه سیاسییه‌یش به شێوه‌یه‌كی گشتی چاره‌سه‌ری كێشه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌ت ده‌كات، وه‌ك: قه‌یرانی ناسنامه، قه‌یرانی شه‌رعییه‌ت (legitimacy)، قه‌یرانی سه‌روه‌ری، قه‌یرانی یه‌كانگیریی كۆمه‌ڵایه‌تی، قه‌یرانی دادپه‌روه‌ری و دابه‌شكردنی سامان و داهات و قه‌یرانی به‌شداریی سیاسی. چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه و قه‌یرانانه په‌یوه‌سته به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی شه‌رعییه‌ت و به‌شه‌رعیكردنی ده‌سه‌ڵات و سیسته‌می سیاسی؛ كه‌واته شه‌رعییه‌ت هه‌م ئامرازه و هه‌میش ئامانجه له یه‌ك كاتدا. جگه له‌وه‌یش په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له نێوان شه‌رعییه‌تی ده‌سه‌ڵات و سه‌قامگیریی سیاسی‌دا هه‌یه، چونكه ئه‌م سه‌قامگیرییه، له‌سه‌ر ئاستی به‌شداریی سیاسیی هاووڵاتییان و به‌دامه‌زراوه‌ییكردنی كۆمه‌ڵگه ڕاده‌وه‌ستێت. به مانای ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی و سیسته‌مێكی یاسایی له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رجه‌سته‌كردنی گره‌نتییه یاسایییه‌كان بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌تی یاسا بنیات نراوه؛ بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی شه‌رعییه‌تیش جه‌خت له‌سه‌ر ملكه‌چبوون به ئامانجه باڵاكان و به‌ها بنه‌ڕه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگه ده‌كرێت، هه‌تا ئه‌و كاته‌ی ده‌گاته بنیاتنانی چوارچێوه‌یه‌كی شه‌رعی بۆ ده‌سه‌ڵات. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، لێره‌دا جه‌خت له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێكی گرنگ ده‌كه‌ین:
ته‌وه‌ری یه‌كه‌م: چه‌مكی شه‌رعییه‌ت:
"لویس دیمۆن" جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه: "ناتوانرێت به هیچ تیۆرییه‌كی سیاسی بگوترێت "تیۆریی ده‌سه‌ڵات"، به‌ڵكوو ده‌گوترێت تیۆریی ده‌سه‌ڵاتێكی شه‌رعی." واته تیۆرییه سیاسییه‌كان گرنگیی تایبه‌ت به ده‌سه‌ڵاتێكی شه‌رعی ده‌ده‌ن. به مانایه‌كی تر، ناتوانرێت سیاسه‌ت پوخت بكرێته‌وه له‌سه‌ر كۆنترۆڵكردن، یان هه‌ر ئامانجێكی دیكه، به‌ڵكوو ده‌بێت جه‌خت له‌سه‌ر ئاست و بڕی شه‌رعییه‌ت بكرێته‌وه، كه ئامرازێكی سه‌ره‌كییه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات شێوازێكی به‌رده‌وامی و سه‌قامگیر وه‌ربگرێت. پێوه‌ره‌كانی شه‌رعییه‌تیش گۆڕاو و جیاوازن و، په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆیان به به‌ها سیاسییه باوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه هه‌یه؛ بۆیه زۆر جار پێناسه‌ی جیاواز بۆ شه‌رعییه‌ت كراوه و، هه‌ندێك له ناڕوونی و ناڕۆشنی له پێناسه‌كاندا ده‌رده‌كه‌ون. بۆ نموونه شه‌رعییه‌ت له ڕوانگه‌ی "ده‌نیاس كولاس" بریتییه له: "هه‌ر شتێك كه بنه‌مایه‌كی یاسایی، عه‌قڵی، به‌هایی و ویژدانیی هه‌بێت." هه‌روه‌ها "پۆل باستید" پێی وایه كه: "بنه‌ڕه‌تی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بریتییه له شه‌رعییه‌ت." پرۆفیسۆر "میشیل دوبری" پێی وایه: "شه‌رعییه‌ت بریتییه له كاركردنی ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانی كۆمه‌ڵگه، به شێوه‌یه‌ك كه له‌گه‌ڵ بیروباوه‌ڕ و به‌های گشتیی كۆمه‌ڵگه‌دا بگونجێت." له‌م ڕوانگه‌یه‌وه به‌ها و بیروباوه‌ڕه‌كانی كۆمه‌ڵگه ده‌بنه پێوه‌رێكی بنه‌ڕه‌تی بۆ شه‌رعییه‌تی سیاسی. له لایه‌كی تره‌وه "مۆریس دوفرجیه" ده‌ڵێت: "هه‌موو سیسته‌مێكی سیاسی، شه‌رعییه‌تی هه‌یه كه به شێوه‌یه‌كی گشتی نوێنه‌رایه‌تیی گه‌ل و نه‌ته‌وه بكات." كه‌واته سیسته‌می سیاسی له كاتێكدا شه‌رعییه‌تی ته‌واوی هه‌یه، كه‌وا وه‌ڵامی داخوازی و داواكاریی خه‌ڵك بداته‌وه و له خزمه‌ت به‌هاكانی نه‌ته‌وه و گه‌له‌كه‌ی خۆی بێت. هه‌روه‌ها "جان ماركاگۆ" پێی وایه: "شه‌رعییه‌تی حكوومه‌ت به ئاستی گوزارشتكردن و به‌رگریكردن له به‌هاكان، كه‌وا تاكه‌كان له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیاریكراودا وه‌ریان گرتووه، پێوانه ده‌كرێ.
ته‌وه‌ری دووه‌م: بنه‌مای شه‌رعییه‌ت:
بۆ ئه‌وه‌ی بزانین بنه‌ما و بنه‌ڕه‌تی شه‌رعییه‌ت چییه، سه‌ره‌تا پێویسته ئه‌وه بزانین كه خۆێندنه‌وه‌ی بیرمه‌ند و هزرڤانه سیاسیه‌كان ده‌رباره‌ی شه‌رعییه‌ت چییه. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ئه‌گه‌ر ته‌ماشای شیكردنه‌وه‌ی زانای كۆمه‌ڵناس، ماكس ڤیبه‌ر، بكه‌ین ده‌رباره‌ی شه‌رعییه‌ت و شێوازه‌كانی، ده‌رده‌كه‌وێت كه یه‌كه‌م بنه‌مای شه‌رعییه‌ت بریتییه له عه‌قڵانییه‌تی یاساكان (عقلانیه القوانین)، كاتێك باس له پرۆسه‌ی به‌عه‌قڵانیكردنی یاسا و سیاسه‌ت ده‌كات؛ كه پێی وایه ئه‌مه پرۆسه‌یه‌كی حه‌تمی و پێویسته بۆ به‌رده‌وامی و سه‌قامگیری له سیسته‌می سیاسی، ئه‌گه‌ر ببێته هۆی خۆدوورخستنه‌وه‌یش له‌و چه‌مكانه‌ی كه تایبه‌تن به پرستیژه‌كانی مۆراڵی و دابینكردنی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی؛ ته‌نیا گرنگ ئه‌وه‌یه كه پێویسته یاساكان عه‌قڵانی بن. لێرەدا به شێوازێك بیر و بۆچوونه‌كانی ڤیبه‌ر، له بیر و بۆچوونه‌كانی "مەكیاڤیللی" نزیك ده‌بێته‌وه تایبه‌تمه‌ند به‌وه‌ی كه ده‌ڵێت "ئامانج، پاساوه بۆ ئامراز". زۆرێك له چاودێران له ڕوانگه‌ی ئه‌م شیكردنه‌وه‌ی ڤیبه‌ره‌وه باس له‌وه ده‌كه‌ن كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه، ده‌بێت بڕیارێكی عه‌قڵانی و ژیرانه بدرێت، ئه‌گه‌ر خودی بڕیاره‌كه ڕاگه‌یاندنی جه‌نگیش بێت. ئه‌م پرۆسه‌ی به‌عه‌قڵانیكردنه‌یش بنه‌مای گۆێڕایه‌ڵی و ملكه‌چبوون لای هاووڵاتیان بۆ سیسته‌می سیاسی ئاسانتر ده‌كات. كه‌واته چه‌نده ڕادده‌ی عه‌قڵانییه‌تی یاسا و بڕیاره‌كان زیاتر بن، ڕادده‌ی شه‌رعییه‌تی سیسته‌می سیاسی و شێوازی حوكمڕانی زیاتر ده‌بێت؛ چونكه ڕادده‌ی ناكۆكیی سیاسی كه‌متر ده‌كات و، ده‌بێته هۆی نزیككردنه‌وه و ڕێكخستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان.
ماكس ڤیبه‌ر بنه‌مایه‌كی تر بۆ شه‌رعییه‌تی سیسته‌می سیاسی ده‌خاته ڕوو، ئه‌ویش به‌ها و قییه‌مه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه، به‌ڵام ماكس ڤیبه‌ر له نێوان خودی به‌هاكان و شێوازی حوكمڕانیدا كه ته‌نیا پشت به به‌هاكان ببه‌ستێت، جیاوازی ده‌كات. له لایه‌كی تره‌وه ڤیبه‌ر باس له دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و كۆنترۆڵكردنی بیرۆكراسییه‌ت ده‌كات وه‌كوو بنه‌مایه‌كی شه‌رعی بۆ ئیداره‌دانی ده‌وڵه‌ت؛ ئه‌مه‌یش توانای كاری سیسته‌می سیاسی فراوانتر ده‌كات و، شێوازی به‌ڕێوه‌بردن و كارگێڕی، عه‌قڵانیتر ده‌بن. كه‌واته ڤیبه‌ر سێ بنه‌مایی سه‌ره‌كی بۆ شه‌رعییه‌ت ده‌ستنیشان ده‌كات:
له لایه‌كی تره‌وه "دیڤد ئێستۆن" جه‌خت له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌كردن و بنیاتنانی هاووڵاتی و تاك ده‌كاته‌وه وه‌ك بنه‌مایه‌كی شه‌رعی بۆ ده‌سه‌ڵات، به شێوه‌یه‌ك كه هاووڵاتیان له سه‌ره‌تای ژیانیانه‌وه به شێوه‌یه‌ك پێ بگه‌یه‌نرێن كه ببنه به‌شێك له ئامانجه باڵاكانی سیسته‌م؛ له دواجاردا كۆی گشتیی سیسته‌می سیاسی، به‌شه‌رعی بزانن. كه‌واته بنه‌ڕه‌تی شه‌رعییه‌ت بریتییه له په‌روه‌رده و پێگه‌یاندن. هه‌روه‌ها "جۆرج دانكان" جه‌خت له سه‌روه‌ریی یاسا ده‌كاته‌وه وه‌ك بنه‌مایه‌كی گرنگ بۆ شه‌رعییه‌تی سیسته‌می سیاسی، نه‌ك عه‌قڵانییه‌تی یاساكان؛ چونكه پێی وایه هاووڵاتی، كاتێك له نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا جیاكاری له جێبه‌جیكردنی یاسادا ده‌بینێت، ئه‌وا یاسا هیچ به‌هایه‌كی نامێنێت، جا چ یاساكان عه‌قڵانی بن، یان نا. پرۆفیسۆر "جۆزیف پۆلاد" جه‌خت له ڕوئیا و بۆچوونی هاووڵاتیان ده‌رباره‌ی سیسته‌می سیاسی ده‌كاته‌وه؛ ئه‌مه‌یش له شێوازی به‌شداریی سیاسی و جێبه‌جێكردنی ئه‌رك و مافه‌كانیان و ڕادده‌ی خۆشگوزه‌رانیی هاووڵاتیان و ڕێژه‌ی دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ هاووڵاتیان، ده‌رده‌كه‌وێت.
"ئیمانوێل دۆركهایم" پێی وایه شێوازی ژیان و جۆری كۆمه‌ڵگه‌كان، ده‌ستنیشانی به‌ها و بنه‌ماكان ده‌كه‌ن. ئه‌و ده‌ڵێت: "له كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌ره‌تاییدا، نابێت جیاوازیی زۆر له نێوان بڕیاره‌كان و به‌هاكانی كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌بن، چونكه به‌هاكانی كۆمه‌ڵگه و بیروباوه‌ڕه‌كان له ڕوانگه‌ی تاكه‌كانه‌وه، له یاسا و بڕیاره‌كانی ده‌وڵه‌ت پیرۆزترن؛ چونكه ئه‌گه‌ر دژیه‌كی له نێوان به‌هاكان و بڕیاره‌كاندا ببینین، ئه‌وا به شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی قیمه‌تی بڕیار و یاساكان نامێنێت، لێكترازانی كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره‌تر ده‌بێت و شه‌رعییه‌تی سیسته‌می سیاسی له ناخی هاووڵاتیاندا لاوازتر ده‌بێت. هه‌روه‌ها بنه‌مایه‌كی گرنگی شه‌رعییه‌ت، كه زۆربه‌ی سێكیولاریسته‌كانی بواری زانستی سیاسی جه‌ختیان له‌سه‌ر كردۆته‌وه، بریتییه له "دیموكراسی". به مانایه‌كی تر، ئه‌گه‌ر شێوازی به‌ڕێوه‌بردن و ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر بنه‌مای دیموكراسی و پێوه‌ره‌كانی دیموكراسی نه‌بێت، ئه‌وا ڕاسته‌خۆ قه‌یرانی شه‌رعییه‌ت سه‌ر هه‌ڵده‌دات، پره‌نسیپه‌كانی ئازادی و به‌شداریی سیاسی و ململانێی شه‌رعی و ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ونه ژیر پرسیاره‌وه و، كۆی گشتیی سیسته‌می سیاسی له ڕوانگه‌ی زۆرێك له هاووڵاتیانه‌وه هیچ شه‌رعییه‌تێكی نامێنێت و، چه‌مكه‌كانی ملكه‌چبوون و ترس و توندوتیژی سه‌ر هه‌ڵده‌دن.
كه‌واته ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات له ناخی هاووڵاتیاندا بنه‌مایه‌كی شه‌رعیی نه‌بێت، ئه‌وا توانای به‌رده‌وامی و سه‌قامگیریی نییه. ڕوانگه‌ی پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌یش هه‌یه كه ده‌ڵێت مه‌رج نییه سیسته‌می سیاسی شه‌رعییه‌تی هه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دیموكراسییه، به‌ڵكوو ده‌كرێت زۆرینه‌ی هاووڵاتیان ئینتیما و خۆشه‌ویستییان بۆ ده‌سه‌ڵات و سیسته‌مه‌كه‌ی خۆیان هه‌بێت و به‌شه‌رعیی بزانن، له كاتێكدا دیموكراسیش نییه؛ چونكه سروشتی كۆمه‌ڵگه‌كان جیاوازییان هه‌یه و، ئه‌و سروشته ده‌ستنیشانی جۆری سیسته‌می سیاسی ده‌كات، هه‌روه‌ك "ئه‌رستۆ" ئه‌م بۆچوونه‌ی هه‌بووه.
ته‌وه‌ری سێیه‌م: قه‌یرانی شه‌رعییه‌ت له هه‌رێمی كوردستان:
پاش ئه‌وه‌ی خۆێندنه‌وه‌یه‌كی وردمان سه‌باره‌ت به چه‌مكی شه‌رعییه‌ت و گرنگیی شه‌رعییه‌ت له سیسته‌می سیاسی و بنه‌ما و بنه‌ڕه‌تی شه‌رعییه‌ت كرد، ئێستا پێویسته ئه‌وه بزانین شه‌رعییه‌ت له هه‌رێمی كوردستان به چ شێوازێكه و له چ ئاستیكدایه؟ سه‌ره‌تا قه‌یرانی شه‌رعییه‌تی سیاسی، ده‌ره‌نجامی شێوازی حوكمڕانی و ده‌سه‌ڵاتدارییه له هه‌رێمی كوردستان، ده‌ره‌نجامی ئه‌و شێوازی كه‌لتووره سیاسییه باوه‌یه كه له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه، ده‌ره‌نجامی غیابی په‌روه‌رده و پێگه‌یاندنێكی دروسته بۆ تاكه‌كان، ده‌ره‌نجامی ململانێی ناشه‌رعیی نێوان حزبه سیاسییه‌كانه، له‌گه‌ڵ چه‌ندین هۆكاری تر. پێش ئه‌وه‌ی باس له‌وه بكه‌ین كه ئایا سیسته‌می سیاسی له هه‌رێمی كوردستان شه‌رعییه‌تی هه‌یه یان نا، پێویسته پرسیاره‌كه‌مان ئه‌وه بێت كه: ئایا هه‌رێمی كوردستان چ جۆره سیسته‌مێكی سیاسیی هه‌یه؟
بێ گومان ئه‌و جۆره سیاسه‌ته باوه‌ی له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، پێمان ده‌ڵێت نازانرێت له هه‌رێمی كوردستان چ جۆره سیسته‌مێكی سیاسی له ماوه‌ی 25 ساڵی ڕابردوودا په‌یڕه‌و كراوه. هه‌رچه‌نده بانگه‌شه‌ی دیموكراسی و دیموكراسیبوون كراوه، به‌ڵام له واقعدا پرۆسه‌ی دیموكراسی له هه‌رێمی كوردستان شكستی هێناوه. كه‌واته، ئه‌مه له ڕوانگه‌ی زۆرێك له سێكیولاریسته‌كانی بواری سیسته‌می سیاسییه‌وه ئه‌وه ده‌رده‌خات قه‌یرانی شه‌رعییه‌ت له هه‌رێمی كوردستان بوونی هه‌یه؛ چونكه به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ، نه‌بوونی سیسته‌مێكی دیموكراسیی سه‌ركه‌وتوو، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نێگه‌تیڤی له‌سه‌ر پره‌نسیپی شه‌رعییه‌ت هه‌یه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌پێی بۆچوونه‌كانی ماكس ڤیبه‌ریش خۆێندنه‌وه بۆ ئه‌م واقعه بكه‌ین، ده‌بێت پرسیاری ئه‌وه بكه‌ین كه: ئایا له هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌عه‌قڵانیكردنی سیاسه‌ت و سیسته‌می سیاسی، هه‌وڵ دراوه؟ یان به شێوازێكی تر، هه‌وڵ دراوه بۆ ئه‌وه‌ی یاساكانی به شێوه‌یه‌كی عه‌قڵانی ده‌ربكرێن؟
بێ گومان ئه‌مه جێگه‌ی ئه‌رگۆمێنتی گه‌وره‌یه، چونكه پێش به‌عه‌قڵانیكردنی یاساكان، ئێمه كێشه‌مان له چۆنێتیی ده‌ستنیشانكردنی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان هه‌یه، چ وه‌ك حزب، چ وه‌ك تاك و ده‌نگده‌ر؛ چونكه حزبه سیاسییه‌كان به‌بێ جیاوازی، پشت به كۆمه‌ڵه كه‌سانێك ده‌به‌ستن كه له كۆمه‌ڵگه‌دا خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تین، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك كاندید بۆ په‌رله‌مان ده‌ستنیشانیان بكه‌ن و زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بهێنن، وه‌ك: شێخ، بانگخواز، هونه‌رمه‌ند و چه‌ند كاراكته‌رێك كه له ڕێگه‌ی شاشه‌ی تیڤییه‌كانه‌وه به‌ده‌ركه‌وتوون. كه‌واته جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ناكرێته‌وه كه ئه‌م كاندیده، پێویسته پسپۆریی له زانستی سیاسی و یاساییدا هه‌بێت؛ ئه‌مه‌یش له بنه‌ڕه‌ته‌وه كێشه بۆ به‌عه‌قڵانیكردنی یاساكان دروست ده‌كات. بۆیه زۆر جار ده‌ركه‌وتووه كه دژیه‌كی له نێوان خودی یاساكان و بڕیاره‌كاندا هه‌یه و، هاووڵاتیان زۆر جار یاساكان وه‌كوو ناعه‌داڵه‌تییه‌ك له‌سه‌ریان ناو ده‌نێن؛ هه‌رچه‌نده ده‌زانن كه ئه‌وه یاسایه و نۆێنه‌ره‌كانی خۆیان دایان ڕشتووه.
هه‌روه‌ها تایبه‌ت به به‌ڕێوه‌بردنی ئیداری و كارگیڕی، ده‌رده‌كه‌وێت كه زۆرینه‌ی خه‌ڵك له داموده‌زگه‌كانی حكوومه‌ت و زۆریی ڕۆتین له ئیشوكاره‌كاندا بێزارن و، جۆرێك هه‌ست به ترس و دڵه‌ڕاوكێ ده‌كه‌ن كاتێك كه بۆ ڕواندنی مامه‌ڵه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسێكی حكوومی، یان وه‌زیرێك یاخود به‌ڕێوه‌به‌رێك، له داموده‌زگه‌یه‌كی فه‌رمی داده‌نیشن؛ چونكه پێیان وایه زۆر جار له‌به‌ر "میزاج"ی شه‌خسی، مامه‌ڵه‌كه‌یان ڕاده‌گیرێت و ناكرێت، یان له‌به‌ر مه‌حسووبییه‌ت و هه‌بوونی واسیته و حزبایه‌تی. ئه‌مه‌یش هۆكارێكه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی شه‌رعییه‌تی دامه‌زراوه‌كانى حكوومه‌ت له ناخی هاوڵاتیاندا، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و وه‌زیره، یان ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره د‌رك به‌وه بكات كه ئه‌و بۆ خزمه‌تی هاووڵاتیان ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرتووه، نه‌ك بۆ كاری شه‌خسی و ناشرینكردنی دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت و ده‌وڵه‌ت.
ئه‌گه‌ر له ڕوانگه‌ی "ده‌یڤید ستۆن"ه‌وه خۆێندنه‌وه بۆ واقعی كوردستان بكه‌ین، ده‌بینین نه‌توانراوه پرۆسه‌ی پێگه‌یاندن و په‌روه‌رده‌كردنی تاك بۆ بنیاتنانی هاووڵاتیی باش، بكرێته ئامانجی باڵای سیسته‌می سیاسی، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و تاكه له دواڕۆژدا خۆی به به‌شێك له سیسته‌مه‌كه دابنێت و، كۆی گشتیی سیسته‌مه سیاسییه‌كه به‌شه‌رعی دابنێت؛ ئه‌مه‌یش ده‌ره‌نجامی نه‌بوونی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌ییی دروسته بۆ پێگه‌یاندنی سیاسییانه‌ی تاك. به‌ده‌ر له به‌عه‌قڵانیكردنی یاساكان، له هه‌رێمی كوردستان كێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له سه‌روه‌ربوونی یاسامان هه‌یه، كه زۆربه‌ی جار ڕه‌خنه ئاراسته‌ی حكوومه‌ت ده‌كرێت به‌وه‌ی كه سه‌روه‌ریی یاسا له هه‌رێمی كوردستاندا بوونی نییه و، یاسا وه‌كیه‌ك به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا جێبه‌جێ ناكرێت؛ ئه‌مه‌یش ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر شه‌رعییه‌تی سیسته‌می سیاسی ده‌بێت. هه‌روه‌ها خاڵێكی دیكه كه قه‌یرانی شه‌رعییه‌تی له هه‌رێمی كوردستان گه‌وره‌تر كردووه، ئه‌و ململانێ ناشه‌رعییه‌ی حزبه سیاسییه‌كانه، كه خه‌ڵك به شێوه‌یه‌كی ڕوون، له‌م ململانێیه وه‌ڕه‌ز بووه، كه هه‌موو شتێكه، ته‌نیا سیاسه‌تكردن نییه. هه‌روه‌ها گه‌نده‌ڵیی سیاسی و ئابووری و ناعه‌داڵه‌تی له كۆمه‌ڵگه‌دا، دیسانه‌وه پره‌نسیپی شه‌رعییه‌ت ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه.
كه‌واته جگه له‌وه‌ی كه‌وا سیسته‌می سیاسی له هه‌رێمی كوردستان، نه‌یتوانیوه به‌رجه‌سته‌ی سیسته‌مێكی دیموكراسیی سه‌ركه‌وتوو بكات كه ڕاسته‌وخۆ پایه‌یه‌كی شه‌رعییه‌تی سیاسی، لاواز ده‌كات، به‌ڵام نه‌توانراوه جه‌خت له‌سه‌ر لایه‌نه‌كانی تر بكرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئاستی شه‌رعییه‌ت بۆ پله‌یه‌كی باش به‌رز بكرێته‌وه، وه‌ك: خۆشگوزه‌رانی و ڕه‌فاهییه‌ت و دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تایییه‌كان و ڕێزگرتن له مافی مرۆڤ و دابینكردنی بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستی و كۆمه‌ڵێك شتی تر. خاڵێكی گرنگ شیاوی باسكردنه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه زۆرینه‌ی تاكه‌كان له كؤمه‌ڵگه‌ی كوردیدا هه‌میشه باوه‌ڕیان به‌و پرسانه هه‌بووه كه چاره‌نووسساز و نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانین، وه‌ك: پرۆسه‌ی ده‌وڵه‌ت، پاراستنی خاكی كوردستان و ڕێفراندۆم. كه‌واته، ئه‌و پرسانه جۆرێك له شه‌رعییه‌تی نه‌ته‌وه‌یییان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه به هۆی ململانێی ناشه‌رعیی نێوان حزبه سیاسییه‌كانه‌وه، خه‌رێكه حزبه‌كان هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ن كه خودی ئه‌م پرسه نیشتمانییانه به شێوه‌یه‌كی ناشه‌رعی ته‌ماشا بكرێن و، گرنگی و بایه‌خی پێ نه‌ده‌ن؛ ئه‌مه‌یش كارێكه كه هه‌میشه ئه‌گه‌ره‌كانی لێكترازان و په‌رته‌وازه‌بوونی كۆمه‌ڵگه زیاتر ده‌كه‌ن. كه‌واته هه‌رێمی كوردستان به شێوه‌یكی ڕوون له قه‌یرانی شه‌رعییه‌تدایه؛ ئه‌مه‌یش هێز و توانای ده‌سه‌ڵات و سیسته‌می سیاسی لاوازتر ده‌كات و، به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه باڵاكان دوورتر ده‌خاته‌وه. چونكه ئه‌و پێكهێنه‌رانه‌ی كه سه‌ره‌تا بۆ سیسته‌می سیاسی باسمان لێوه كرد، هه‌روه‌ك له پێناسه‌كه‌ی "جان لویس كیرمۆن"دا هاتووه وه‌ك: سروشت و ڕۆڵی ده‌سه‌ڵات، شێوازی كاری حزبه سیاسییه‌كان، بونیادی دامه‌زراوه‌كان و پره‌نیسپی شه‌رعییه‌ت، له هه‌رێمی كوردستان له حاڵه‌تیكی قه‌یراناوی و شازدان، كه پێویسته له ڕیشه‌وه چاكسازییان تێدا بكرێت.
كۆبه‌ند: