به‌هاکان له ژیانی تاک و کۆمه‌ڵگه‌کاندا گرنگییه‌کی زۆر و کاریگه‌ریان هه‌یه؛ به شێوه‌یه‌ک بوونی به‌هاکان به‌گشتی له هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا پێوه‌ر و ئاماژه‌یه‌کی گرنگه بۆ گه‌شه‌سه‌ندووییی کۆمه‌ڵ و تێگه‌یشتن و ڕۆڵی مرۆڤه‌کان له ژیاندا. بێ گومان زۆرێک له‌و کۆمه‌ڵگه داهێنه‌رانه‌ی هه‌ن، په‌یوه‌ستن به کۆمه‌ڵه به‌هایه‌کی دیاریکراوه‌وه که ده‌ره‌نجام بوونه‌ته هۆی گشت پێشکه‌وتن، سه‌رکه‌وتن و داهێنانێکیان.
ڕاسته بوونی به‌هاکان له کۆمه‌ڵگه‌یه‌که‌وه بۆ ئه‌وی دی ده‌گۆڕێت، به‌ڵام کۆمه‌ڵه به‌هایه‌کی هاوبه‌ش هه‌ن که هه‌موو میلله‌تانی جیهان تیایدا هاوبه‌شن و، دواتر مرۆڤه‌کان ده‌بنه هه‌ڵگر و جێبه‌جێکه‌ری له ژیاندا؛ وێڕای ئه‌وه‌ی به‌هاکان دیاریکراو نین به‌و شوێنانه‌ی که‌سه‌کان لێی نیشته‌جێن، به‌ڵکوو له ڕێی بوون و ژیانی مرۆڤه‌کانه‌وه ده‌رده‌که‌ون. گرنگترینی به‌ها هاوبه‌شه‌کانیش بریتین له: لێبوورده‌یی، به‌رپرسیارێتی، ڕێزگرتن له خود و ئه‌وی دی، هاوکاری، پێ‌زانین، پێکه‌وه‌ژیان، ڕێزگرتن له بیروباوه‌ڕ و که‌لتووره جیاوازه‌کان، به‌های دادپه‌روه‌ری، دیالۆگ، ئاشتی، ڕاستگۆیی و هتد.
پێناسه‌ی به‌ها:
بریتییه له کۆمه‌ڵه پێوه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تی که تاک له ڕێی ژینگه‌وه وه‌ری ده‌گرێت و، له ڕه‌فتار و هه‌ڵبژارده‌کانی لە ژیانیدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت.
پێناسه‌ی به‌های کۆمه‌ڵایه‌تی:
ئامرازێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه، به مه‌به‌ستی پاراستنی سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی و جێگیربوونی کۆمه‌ڵگه.
سه‌رچاوه‌ی وه‌رگرتنی به‌هاکان:
به‌هاکان فره‌جۆرن و جیاوازیان هه‌یه، که زۆر جار کۆمه‌ڵگه‌کان ئه‌و به‌هایانه له بیروباوه‌ڕه‌کانیانه‌وه وه‌ر‌ده‌گرن؛ هه‌روه‌ها خێزان، خوێندنگه، هاوڕێ و ڕاگه‌یاندنه‌کانیش که‌ناڵ و سه‌رچاوه‌ی تری وه‌رگرتنی به‌هاکانن. به‌هاکان، زۆربه‌ی جار له مرۆڤه‌کاندا هه‌ر له کاتی له‌دایکبوونیان له خێزانه‌کانیانه‌وه دروست ده‌بێت؛ بۆیه خێزان په‌یوه‌ندیداره به پێکهاتنی به‌هاکانی. به‌تایبه‌ت زانایانی کۆمه‌ڵناسی جه‌خت له‌وه ده‌که‌نه‌وه که منداڵ به ڕێژه‌ی 80%ی به‌هاکانی له خێزانه‌وه پێک ده‌هێنێ، پاشان خوێندنگه به‌هێزی ده‌کات و گه‌شه‌ی پێ ده‌دات تا ده‌گاته ته‌مه‌نی چوارده ساڵی، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئامرازه‌کانی ڕاگه‌یاندنیش له پێکهاته‌ی ئه‌و به‌هایانه‌دا به‌شدار ده‌بن؛ به‌ده‌ر له خزم و که‌سوکاریش که ڕۆڵیان له پێکهاته‌ی به‌هاکاندا هه‌یه. شاره‌زایانی بواری په‌روه‌رده، جه‌ختیان له‌وه کردۆتەوە که به‌هاکان له ژیانی مرۆڤه‌کاندا کاریگه‌ر ده‌بن، گه‌ر له ڕێی ئه‌م که‌ناڵانه‌وه تێ په‌ڕن، له‌وانه:
١- زانینی سه‌رچاوه‌ی به‌هاکان: سه‌رچاوه‌کانی به‌هاکان له کۆمه‌ڵێکه‌وه بۆ ئه‌وی دی ده‌گۆڕێت؛ ئه‌وه‌یش به‌پێی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه، جیاوازییه‌کی سروشتییه له ڕوانگه‌ی ژیان و شارستانییه‌ت و به‌پێی ئاستی ڕۆشنبیرییان.
٢- زانینی مانه‌وه‌ی به‌هاکان: چاندنی تۆوی به‌هاکان له لای منداڵان له ڕێی پێناسه‌کردنی مانای به‌ها وه‌رگیراوه‌کان و گرنگییان بۆ خۆیان و خێزان و کۆمه‌ڵگه‌کانیان، هه‌روه‌ها بۆ منداڵه‌کانیان، گرنگ و پێویسته؛ هه‌روه‌ها بواری ڕۆشنبیری، کاریگه‌ری و گرنگییه‌کی گه‌وره‌ی له دروستکردن و چاندنی به‌هاکاندا هه‌یه. چه‌نده ژینگه‌ی ڕۆشنبیریی مرۆڤه‌کان هۆشیار بێت و، درک به گۆڕانکارییه ڕۆشنبیرییه‌کانی کۆمه‌ڵگه بكات، زیاتر ده‌توانێت ڕۆڵی گرنگی له دروستکردن و گه‌شه‌کردنی به‌هاکاندا هه‌بێت. وێڕای ئه‌وه‌ی فێربوونی به‌هاکان له مرۆڤدا، په‌یوه‌ست نییه به ته‌مه‌نێکی دیاریکراوه‌وه، به‌ڵکوو هه‌ر له له‌دایکبوونی مرۆڤه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات تا دواساتی ژیانی؛ بۆیه کارێکی به‌رده‌وامه له‌گه‌ڵ مرۆڤدا. به‌ده‌ر له‌وه‌ی ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵی شارستانیش، ده‌توانن ڕۆڵی کاریگه‌ریان له به‌هێزکردن و دروستکردنی به‌هاکان له ژیانی مرۆڤه‌کاندا هه‌بێت.
گرنگیی به‌هاکان له ژیانی مرۆڤدا:
به‌هاکان له چه‌ند ڕوویه‌که‌وه گرنگییەکی زۆریان هه‌یه، چ له‌سه‌ر ئاستی تاک و چ له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵ؛ چونکه به‌هاکان له‌سه‌ر ئاستی تاک، ناسنامه‌یه‌که بۆ بونیادی که‌سایه‌تی و به‌هێزکردنی توانا و ڕه‌فتاری باش و، هه‌روه‌ها پێوه‌رێکی گرنگه بۆ دیاریکردنی باشتر و بڕیاری دروستتر و، له هه‌مان کاتدا یارمه‌تیده‌ره بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌کان. به دیوێکی دیکه‌دا به‌هاکان له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵگه، یارمه‌تیده‌رن بۆ یه‌کگرتوویی و پاراستنی کۆمه‌ڵگه و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گۆڕانکارییه‌کان؛ هه‌روه‌ها ده‌بنه هۆی بونیادنانی سیسته‌مێکی عه‌قڵانی.
ده‌رهاوێشته‌ی به‌هاکان:
به‌هاکان له‌سه‌ر ئاستی تاک و کۆمه‌ڵگه وه‌زیفه‌ی تایبه‌تییان هه‌یه، که ده‌ره‌نجام تاکێکی مرۆڤدۆست به‌رهه‌م ده‌هێنێ و، له هه‌مان کاتدا له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵگه ده‌بێته هۆی بونیادنانی کۆمه‌ڵێکی گه‌شه‌کردوو، تێگه‌یشتوو و داهێنه‌ر.
له ڕوانگه‌ی بوون و گرنگیی به‌هاکان له ژیانی مرۆڤدا چه‌ندین پرسیاری جۆربه‌جۆر دێنێتە ئاراوه، له‌وانه: ئاخۆ به‌هاکان له مرۆڤدا وه‌رگیراون؟ به‌و واتایه‌ی له ژینگه یان که‌سانی ده‌وروبه‌ره‌وه وه‌رده‌گیرێن، یان بۆماوه‌یین؟ به‌و واتایه‌ی له‌گه‌ڵ له‌دایکبوونیاندا، ده‌بنه هه‌ڵگری هه‌ندێ له‌و خه‌سڵه‌ت و به‌هایانه؟
له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌دا زۆربه‌ی لێکۆڵێنه‌وه و توێژینه‌وه‌کان ده‌ریان خستووه که به‌هاکان له مرۆڤدا به‌گشتی وه‌رگیراون. وه‌رگرتنی هه‌ر یه‌ک له‌و به‌هایانه‌یش به‌پێی قۆناغه‌کانی گه‌شه‌کردنی مرۆڤه‌کان، له دامه‌زراندن و وه‌رگرتندا جیاوازی و گرنگی و تایبه‌تمه‌ندێتی به‌خۆوه ده‌بینێ. زانایانی بواری کۆمه‌ڵناسی، ڕایان وایه که مرۆڤ له نێوه‌ندی خێزاندا له 80%ی به‌هاکان وه‌رده‌گرێت، هه‌رچی نێوه‌نده‌کانی تریش هه‌یه هه‌ر یه‌ک به شێوه‌ی خۆی، له‌وانه: نێوه‌ندی قوتابخانه، هاوڕێ، ئایین، ڕاگه‌یاندن و بۆماوه و... که هه‌ر یه‌که‌یان دواجار ده‌بنه به‌شێک له ڕه‌فتاری مرۆڤه‌کان.
قۆناغه‌کانی دامه‌زراندنی به‌هاکان:
قۆناغه‌کانی ته‌مه‌نی مرۆڤ جیاوازییان هه‌یه و، هه‌ر یه‌ک له‌و قۆناغانه، به مه‌به‌ستی بونیادنان و چه‌سپاندنی به‌هاکان تیایاندا، به شێوه‌یه‌ک کاریگه‌ری و ئاسه‌واریان له‌سه‌ر ژیان و که‌سایه‌تییه‌کان ده‌رده‌که‌وێت، له‌وانه:
- قۆناغی ڕاهێنان: له له‌دایکبوونه‌وه 7 ساڵ ده‌گرێته‌وه، که به قۆناغی چاندنی به‌هاکان ناو ده‌برێت.
- قۆناغی لاساییکردنه‌وه (تقليد): که ته‌مه‌نی ( 7-14) ساڵی ده‌گرێته‌وه.
- قۆناغی کۆمه‌ڵایه‌تی: واته ته‌مه‌نی (14-21) ساڵیی ته‌مه‌نی مرۆڤه‌کان.
- قۆناغی زانستی: واته ته‌مه‌نی مرۆڤه‌کان له (21-35) ساڵیدا.
به‌هاکان ڕێژه‌یین، یان ڕه‌هان؟
یه‌کێک له‌و پرسیارانه‌ی دیکه که هه‌میشه جێی گفتوگۆ و باسه و مشتومڕی زۆری له‌سه‌ر ده‌کرێت ئه‌وه‌یه: ئاخۆ به‌هاکان له مرۆڤدا ڕێژه‌یین، یان ڕه‌هان؟ سه‌باره‌ت وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره، ئه‌وه‌یه كه تێڕوانین و لێکدانه‌وه‌ی جیاواز ده‌رباره‌ی ئه‌م پرسه ده‌کرێت، که به‌گشتی له دوو تێڕوانینی جیاوازدا خۆی ده‌بینێته‌وه: هه‌ندێ كه‌س پێیان وایه به‌هاکان له مرۆڤدا ڕێژه‌یین نه‌ک ڕه‌ها، به‌و واتایه‌ی به‌گشتی مرۆڤه‌کان، سه‌رچاوه‌ی به‌هاکان له شاره‌زایی و موماره‌سه‌کردنه‌وه وه‌ری ده‌گرن. ئه‌مه ڕای زۆرێک له نووسه‌ر و فه‌یله‌سووفه‌کان بووه وه‌ک: وليام جيمس، ديوی و کانت. هه‌ندێکی تر پێچه‌وانه‌ی ئه‌م تێڕوانینه‌یان هه‌بووه، که پێیان وا بووه به‌هاکان له مرۆڤدا ڕه‌هان واته جێگیرن؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له جیهانی نموونه‌یی (مثالی)دا به‌های ڕاسته‌قینه‌ن؛ ئه‌مه ڕای که‌سانێکن که "مثالین" له بیرکردنه‌وه‌یان بۆ ژیان.
جۆری به‌هاکان:
به‌هاکان زۆر جۆریان هه‌یه. وێڕای ئه‌وه‌ی تێڕوانینی جیاوازیش سه‌باره‌ت به جۆری به‌هاکان هه‌ن که هه‌ندێکیان ته‌نیا له ڕووی "ڕۆحی" و "ماددی"دا ده‌یبیننه‌وه، هه‌ندێکی تر له ڕووی "ئاکاری"، "عه‌قڵی" و "جوانی"دا کۆی ده‌که‌نه‌وه؛ به‌ڵام هه‌ندێکی دیکه به‌پێی که‌سه‌کان جیایان ده‌که‌نه‌وه، به‌و واتایه‌ی جۆری به‌هاکان له‌مانه‌دا ده‌بینێته‌وه، له‌وانه جۆری: سیاسی، ئابووری، په‌روه‌رده‌یی، ئایینی، ته‌کنیکی، کۆمه‌ڵایه‌تی، که‌سێتی، عه‌قڵی، جوانی و تیۆری.
به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له چیدا خۆیان ده‌بیننه‌وه:
کاتێک باس له به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌که‌ین له ژیانی مرۆڤدا، له چه‌ندین چه‌مکی جیاوازدا خۆیان ده‌بیننه‌وه که هه‌ر یه‌ک له‌و به‌هایانه؛ به شێوه‌یه‌ک کاریگه‌ری و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت له ژیانی مرۆڤه‌کاندا، که بریتین له: رێزگرتن له‌وی دی، خۆشه‌ویستی، دادپه‌روه‌ری، قبووڵکردنی جیاوازییه‌کان، به‌رپرسیارێتی، دیالۆگ، گوێگرتن، هاوکاری، کاری به‌کۆمه‌ڵ، لێبوورده‌یی، ڕاستگۆیی و ئاشتی.
به‌هاکان له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا تا چه‌ند بوونیان هه‌یه؟
له ڕوانگه‌ی جۆر و شێواز و تێگه‌یشتن له‌و چه‌مکانه‌ی له به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا خۆی ده‌بینێته‌وه، واقعی ئێستای کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ئه‌و ڕاستییه ده‌سه‌لمێنێت که کارکردن به به‌هاکان، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه و، له ڕه‌فتار و هه‌ڵسوکه‌وت و ژیانی مرۆڤه‌کاندا له سه‌رجه‌م بوار و ئاسته‌کاندا له دۆخێکی لاواز و که‌میی تێگه‌یشتن و کارپێکردندا خۆی ده‌بینێته‌وه که بێ گومان هۆکاری ئه‌وه‌یش زۆر و فره‌لایه‌نه، له‌وانه:
- نه‌بوونی پلانی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ به‌هاکان له ئاست حوکمڕانیدا.
- ڕوودانی جه‌نگه یه‌ک له دوای یه‌که‌کان و، بوونی ئابڵووقه‌ی ئابووری له کوردستاندا.
- ململانێ و ناته‌باییی حزبه سیاسییه‌کان له کوردستان.
- نه‌بوونی لێپرسینه‌وه و به‌دواداچوون.
- لاوازیی ئینتما لای هاووڵاتیان.
- لاوازیی سیسته‌مێکی په‌روه‌رده‌یی که یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ بونیادی که‌سێتیی تاک له سه‌رجه‌م قۆناغه‌کانی خوێندندا؛ هه‌ر له باخچه‌ی ساوایان و دایه‌نگه‌کان تا ئاستی زانکۆکان و ئاسته باڵاکانی تری خوێندن.
ئه‌زموونی هه‌موو وڵاتانی جیهان ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه که هه‌ر وڵاتێک گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای به‌هاکان فه‌لسه‌فه‌ی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیی خۆی دامه‌زراندبێت و، تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی پێ په‌روه‌رده کردبێت، ئه‌وا ده‌ره‌نجام به‌رده‌وام وڵاتێکی گه‌شه‌کردوو بووه؛ بۆ نموونه وڵاتی ماليزيا، به هۆی بوونی پلانێکی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ به‌هاکان و کارکردنیان به ئامرازه‌کانی دروستکردنی به‌هاکان له کۆمه‌ڵگه‌دا، ڕه‌فتاری تاک و کۆمه‌ڵی مالیزی گه‌شه‌کردنێکی ته‌واوی به‌خۆوه بینی، بۆ نموونه:
گه‌شه‌کردنی به‌رزبوونه‌وه‌ی ده‌رامه‌تی تاک و نه‌ته‌وه‌یی له مالیزیا له ساڵی 1980 له 600 ڕنجت، بۆ 10.000 ڕنجت له ساڵی2001)؛ هه‌روه‌ها به‌رزبوونه‌وه‌ی نێردراوه‌کان له مالیزیا که‌متر له 5 مليار دۆلار له ساڵی1980، بۆ 95.2 مليار دۆلار له ساڵی 2002.
هۆکاره‌کانی لاوازیی به‌هاکان لای مرۆڤه‌کان:
زۆرن ئه‌و هۆکار و فاکته‌رانه‌ی له کۆمه‌ڵگه‌دا کاریگه‌رییان له‌سه‌ر تاک ده‌بێت، که ده‌ره‌نجام لاوازیی به‌هاکانی لای مرۆڤه‌کان لێ ده‌که‌وێته‌وه که گرنگترینیان خۆی له چه‌ند خاڵێکدا ده‌بینێته‌وه له‌وانه: نه‌بوون، یان لاوازیی بوونی په‌یوه‌ندیی به‌هێز له نێوان که‌سه‌که و هه‌ر بیروباوه‌ڕێکدا که باوه‌ڕی پێی هه‌بێت و کاری پێ بکات، که دواجار پێوار (نائاماده‌یی)ی ئه‌وه، هه‌ستی ونبوون و نا‌به‌رپرسیارێتی به مرۆڤه‌کان ده‌دات. هه‌روه‌ها دانانی که‌سێک به پێشه‌نگ و ڕابه‌ر له لایه‌ن که‌سانێکه‌وه؛ به شێوه‌یه‌ک که دواتر به هۆی لاساییکردنه‌وه‌یانه‌وه، کاریگه‌ریی خراپ ده‌خاته سه‌ر داهاتووی مرۆڤه‌کان.
جگه له‌وه‌ی هه‌ژاری و پێویستی، لایه‌نێکی تره له هۆکاره‌کان و، له هه‌مان کاتدا هۆکارێکی سه‌ره‌کییه بۆ دزین و ڕووداوه ناسروشتی و نائاسایییه‌کان، به‌ده‌ر له نه‌بوونی په‌روه‌رده‌یه‌کی ڕاست و دروست له لایه‌ن دایکان و باوکانه‌وه و، به‌کارهێنانی توندڕه‌وی له به‌رامبه‌ر منداڵان و، لێدانیان به شێوه‌یه‌کی توند، یان به‌پێچه‌وانه‌وه پێدانی نازێکی زۆر به منداڵان لایه‌نێکی تری هۆکاره‌کانه.
ڕۆڵنه‌بینینی خوێندنگه و دامه‌زراوه په‌روه‌رده‌یییه‌کان له په‌روه‌رده‌کردنی نه‌وه‌کاندا، به مه‌به‌ستی فێرکردنیان به بیروباوه‌ڕه ڕاست و به‌هاکان، هه‌روه‌ها نه‌بوونی توانا و لێهاتووییی فێرکاران له ڕووی ئاکارییه‌وه، هه‌روه‌ها هاوه‌ڵی و هاوڕێیه‌تیی هاوڕێی خراپ، بینینی فیلمی سێکسی به مه‌به‌ستی ورووژاندن، نه‌ک هۆشیاریی سێکسی، کارنه‌کردنی حکوومه‌ت به ڕۆڵبینینی خۆی له به‌رامبه‌ر گه‌لدا، به‌کارهێنانی سته‌م و زۆرداری و کارنه‌کردن به مافه‌کان، بوونی کێشه خێزانی و سیاسییه‌کان، نه‌زانین و لاوازیی فێربوون و تێکه‌ڵبوون و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخ و ... هه‌ر یه‌که‌یان به ڕادده و شێوازی جۆربه‌جۆر، کاریگه‌رییان له‌سه‌ر لاوازی، یان نه‌بوونی به‌هاکان لای مرۆڤه‌کان ده‌بێت.
بۆیه له ڕوانگه‌ی پێناسه و باسه‌کانه‌وه چه‌ند ڕاستییه‌کمان بۆ ده‌رده‌که‌وێت، له‌وانه به‌ها و ڕه‌فتار دوو وشه‌ی ته‌واوکه‌ر و پێکه‌وه‌گرێدراون، وه‌ک ئه‌وه‌ی دووڕووی دراوێک بن؛ به شێوه‌یه‌ک به‌هاکان له مرۆڤدا ده‌بنه بناغه و سه‌رچاوه‌ی ڕه‌فتاره‌کان که دواجار له هه‌ڵسوکه‌وتی مرۆڤه‌کاندا ڕه‌نگدانه‌وی ده‌بێت و، ده‌بێته شێوازی ژیانیان.
به دیوێکی تردا ناوه‌ڕۆکی پێناسه‌کان ئه‌و ڕاستییه ده‌رده‌خه‌ن که له ده‌ره‌نجامدا چه‌مکێکی نوێ دێته کایه‌وه که بریتییه له باشترێکی نا‌ڕه‌ها؛ به‌و واتایه‌ی له نێوه‌ندی به‌هاکاندا هه‌میشه شتێک هه‌یه له ڕووی به‌کارهێنانه‌وه با‌شتره له‌وی تر، بۆ نموونه: به‌کارهێنانی وشه‌ی "خۆشه‌ویستی"، با‌شتره له "ڕق و کینه"؛ "ئازادی"، با‌شتره له "کۆیلایه‌تی"؛ "ڕاستگۆیی"، با‌شتره له "دووڕوویی"؛ "ئاشتی"، با‌شتره له "جه‌نگ"؛ "به‌هێزی"، با‌شتره له "لاوازی" و، "ململانێ"، با‌شتره له "ته‌سلیمبوون"؛ به شێوه‌یه‌ک له هه‌موو ئه‌و حاڵه‌تانه‌دا، به‌هاکان کۆمه‌ڵه پێوه‌رێک پێک ده‌هێنن که ئاڕاسته‌ی ڕه‌فتاری مرۆڤه‌کان ده‌که‌ن به‌ره‌و بڕیاردان.
چی بکرێت بۆ به‌هێزکردنی به‌هاکان له مرۆڤدا؟
قه‌یرانی به‌هاکان له کۆمه‌ڵگه، یان وڵاتێک‌دا، ته‌نیا بریتی نییه له قه‌یرانی تاک، یان کۆمه‌ڵگه؛ به‌ڵکوو بریتییه له قه‌یرانی بونیادنان، یان ڕێگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی که له ناوه‌ندیدا هه‌ڵگری سیسته‌مێکی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی دژبه‌یه‌کترن. بۆیه، چاره‌سه‌رکردنی به مه‌به‌ست و ئامانجی چاندن و به‌هێزکردنی به‌هاکان له ژیانی کۆمه‌ڵگه‌دا پێویستیی به هاوکاری و به‌شداریی هه‌مووان هه‌یه له‌سه‌ر ئاستی تاک و کۆمه‌ڵگه‌دا. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، کارکردن به‌م هه‌نگاوانه کاریگه‌ری و گرنگیی خۆی هه‌یه، له‌وانه:
خوێندنه‌وه و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی زانین و ڕۆشنبیری، باشترکردنی په‌روه‌رده‌ی منداڵ و له‌دایکبوونی له ژینگه‌یه‌کی خۆش و ئارام‌دا، به‌دواداچوونی منداڵ و هاوڕێکانیان به‌تایبه‌ت له قۆناغی هه‌رزه‌کاریدا و ئاڕاسته‌کردنیان به شێوه‌یه‌کی باش و ئامۆژگاریکردنیان و به‌کارنه‌هێنانی توندوتیژی ده‌رهه‌قیان، به‌شداریکردنی خه‌ڵک له بۆنه و ڕۆژه گشتییه‌کانی وه‌ک هه‌فته‌ی هاتوچۆ، ڕۆژی مامۆستا و ڕۆژی دایک و هتد.
بوونی دید و ئامانج و مه‌به‌ستی دیاریکراو له لایه‌ن هه‌موو تاکه‌کانه‌وه گرنگێتی خۆی هه‌یه که پێویسته کات و هه‌وڵی به‌رده‌وامی بۆ بدرێت، هه‌روه‌ها کارکردنی ڕاگه‌یاندن له شێوه‌ی ئاڕاسته‌کردن و ڕێنمایی و هاوکاریکردنی هاووڵاتیان له چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی کۆمه‌ڵدا، له‌ڕێی به‌رنامه‌ی هۆشیاریی و بانگه‌شه‌کردنه‌وه یان نیشاندانی فیلمی ئامانجدار و کێبڕکێ و پرۆژه‌ی جیاواز که هانی تاکه‌کان ده‌دات بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕه‌فتا‌ره‌کانیان، به‌ده‌ر له گرنگیی کارکردن تایبه‌ت به چاکردن و باشترکردنی به‌رنامه‌ی خوێندنگه‌یی و ڕێگه‌کانی خوێندن؛ به شێوه‌یه‌ک که خۆشه‌ویست بێت لای منداڵان و پاڵنه‌ریان بێت بۆ داواکردن و به‌رده‌وامبوون له خوێندن، جگه له ته‌رکیزخستنه‌سه‌ر به‌هێزکردنی بیروباوه‌ر و ئاکاری باش له نه‌وه‌کاندا زیاتر له نمره‌کانیان، یان بڕوانامه‌ی خوێندنیان، له لایه‌کی دیکه هاوکاریکردنی ئه‌وانه‌ی پێویستیان پێیه‌تی، بڵاوکردنه‌وه‌ی داد و کارکردنی دادگا‌کان له‌سه‌ر ڕۆڵبینینیان، هه‌روه‌ها کارکردنی حکوومه‌ت سه‌باره‌ت ئه‌رکه‌کانیان له به‌رامبه‌ر گه‌ل به شێوه‌یه‌کی باش و، پاراستنی سامانیان و دابینکردنی ژیانێکی باش بۆ هه‌ر تاکێک. هه‌موو ئه‌وانه یارمه‌تیده‌ر و هانده‌رن بۆ چه‌سپاندنی بنه‌ما و بیروباوه‌ڕه‌کانی به‌هاکان له مرۆڤه‌کاندا.
بۆیه کارکردن بۆ چاره‌سه‌ری هه‌ر یه‌ک له‌و هۆکارانه‌ی پێشتر باسی لێوه کرا، سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کین بۆ چاندنی تۆوی به‌هاکان له مرۆڤدا؛ جگه له‌وه‌ی هه‌وڵدان بۆ چه‌سپاندنی سیسته‌مێکی تۆکمه له بواری په‌روه‌ر‌ده‌ییدا کاریگه‌ریی گرنگی هه‌یه هه‌ر له سه‌ره‌تای منداڵییه‌وه تا قۆناغ به قۆناغی ژیانی مرۆڤه‌کاندا، چونکه دواجار سیسته‌می په‌روه‌رده‌یی، ڕۆڵی جیاوازی هه‌یه تا بتوانێت ئازادانه په‌روه‌رده‌ی تاکه‌کان بکات تا هاووڵاتییه‌کی په‌یوه‌ست بن به به‌هاکانه‌وه له ڕووی تیۆری و کرده‌یییه‌وه و، ببێته شێوازی ژیانیان و، له ڕه‌فتار و هه‌ڵسوکه‌وتیاندا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بێت. ئه‌مه، وێڕای ئه‌وه‌ی ده‌توانێت تاکێکی ئازاد دروست بکات که ئیراده‌گه‌رییانه خودی خۆی له هه‌موو ئه‌و شته چاره‌نووسسازه گرنگانه‌ی په‌یوه‌ندییان به ژیانی خۆیان و کۆمه‌ڵگه‌وه ده‌بێت بڕیارده‌ر بێت؛ که بێ گومان هه‌ستکردن به په‌روه‌رده‌کردن و تێگه‌یشتن له ئازادییه‌کان ڕاکێشی چه‌مکێکی تری فێربوون ده‌کات که چه‌مکی لێپرسراوێتییه که ده‌ره‌نجام دوو چه‌مکی ته‌واوکه‌ر و گرێدراوی یه‌کترن؛ له ڕوانگه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌وه که مرۆڤه‌کان پێویسته پیاده‌ی ئازادیی خۆیان بکه‌ن، به‌ڵام به‌و باوه‌ڕه‌ی که هه‌موو مرۆڤێک ئازادییه‌که‌ی له‌و شوێنه‌دا ته‌واو ده‌بێت که ئازادیی ئه‌وی تر ده‌ست پێ ده‌کات. بۆیه تێگه‌یشتن له ئازادیی مرۆڤه‌کان و کارکردن پێی، به‌رپرسیارێتییه‌کی گه‌وره‌یه له ژیانی مرۆڤدا، تا بتوانێت به‌رپرس بێت له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له ژیانیدا بۆ بڕیاردان پێویستن.
بۆیه به‌گشتی بوونی به‌هاکان له ژیانی هه‌موو مرۆڤ و کۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا، پێویستییه‌کی حه‌تمی و واقعییه که له گشت بواره‌کاندا گرنگ و ته‌واوکه‌ری یه‌کترن به ئامانجی گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵگه؛ سه‌ره‌ڕای تایبه‌تمه‌ندێتی و گرنگیی به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان که ده‌توانرێت بگوترێت سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی و بنه‌ڕه‌تین بۆ گه‌شه‌کردنی به‌هاکانی تر له سه‌رجه‌م بواره‌کانی دیکه‌دا. بێ گومان ئه‌وه‌یش هه‌نگاو و پلان و کارکردنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی پێویسته؛ هه‌ر یه‌ک به‌پێی توانا و نێوه‌ند و ده‌سه‌ڵاتی کارکردنیان.
سه‌رچاوه‌کان: