ئاشکرایه که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن (بینراو، بیستراو و نووسراو)، له هه‌ر وڵاتێک‌دا ده‌توانن به شێوه‌یه‌کی گشتی ڕۆڵێکی کاریگه‌ر و چالاک له پاراستنی مافه‌کانی مرۆڤدا بگێڕن؛ هه‌روه‌ها به شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر پێشێلکارییه‌ک بۆ ئه‌و مافانه. زۆرێک له نووسه‌ره‌کان به ژن و پیاوه‌وه، ده‌توانن یارمه‌تیده‌ر بن بۆ ده‌ربڕینی تێڕوانین و ئاوێته‌بوون و هه‌ڵمه‌ته‌کانی ڕاگه‌یاندن، به مه‌به‌ستی ڕوودانی گۆڕانکاریی باش و گوێگرتن له ده‌نگی ژنان و ده‌رخستنی ڕۆڵیان له بواره سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و ڕۆشنبیرییه‌کان و تێکه‌ڵبوونیان له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه‌دا. به‌ڵام وێڕای هه‌موو ئه‌و جیاکاری و توندوتیژییانه‌ی ڕووبه‌ڕووی ژنان ده‌بێته‌وه، به‌گشتی به‌رنا‌مه‌کانی که که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن پیاده‌ی ده‌که‌ن، ناچێته چوارچێوه‌ی سیاسه‌ت و ستراتیژیی ئه‌و ئامرازانه‌ی که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن پیاده‌ی ده‌که‌ن، به‌ڵکوو ده‌که‌وێته چوارچێوه‌ی ڕووماڵکردنی بۆنه و یاده جیهانییه‌کان و ڕووداوه‌کانی كه ڕوو ده‌ده‌ن، که په‌یوه‌ستن به کات و زه‌مه‌نێکی دیاریکراوه‌وه. بۆیه وتووێژ له‌سه‌ر ئه‌و شێوازه و کارکردن بۆ ستراتیژێک که کار له‌سه‌ر گۆڕینی ئه‌و وێنا‌کردنه باوه ته‌قلیدییه‌ی ژنان بکات، کارێکی پێویست و گرنگه؛ به شێوه‌یه‌ک که کاریگه‌ریی باشی هه‌بێت بۆ گۆڕینی عه‌قڵییه‌تی باوی کۆمه‌ڵگه له به‌رامبه‌ر ئه‌رک و مافه‌کانی ژنان.
دۆخی ژنانی نووسەر له باشووری کوردستان:
بواری ڕاگه‌یاندن و نووسین و ڕۆشنبیری له پاڵ بواره‌کانی تری ژیاندا، یه‌کێکی تره له‌و بوارانه‌ی به هۆی جیاکاریکردن له‌گه‌ڵ ژناندا، بۆته جێی مشت‌ومڕ و ململانێی نێوان مرۆڤه‌کان.
به‌گشتی گه‌ر له هه‌رێمی کوردستاندا به‌راوردی بوون و ڕێژه‌ی ژنه نووسه‌ره‌كانی کورد له‌گه‌ڵ پیاوه نووسه‌ره‌كاندا بکه‌ین، ده‌توانین بڵێین له ساڵی 1991 ڕێژه‌ی ژنانی نووسه‌ر زۆر که‌م بوون. بێ گومان كۆمه‌ڵێك هۆکار هه‌بوون، له‌وانه: ناجێگیری و ناسه‌قامگیری له ڕووی سیاسییه‌وه، که سه‌ره‌تای قۆناغێکی نوێ بوو بۆ ده‌ربازبوونی خه‌ڵکی کوردستان له‌ده‌ست ڕژێمی به‌عس، که واقعێک سه‌ری هه‌ڵدا بریتی بوو له ژێرخانێکی کاوڵبوون و ده‌ره‌نجام به‌گشتی توندڕه‌وی و نائارامی و قورسایی زۆری بۆ سه‌ر مرۆڤه‌کان به‌جێ هێشت. واقعێک که به‌گشتی ژیانێک تێیدا ده‌گوزه‌را که ده‌رفه‌تی له به‌رده‌م تاکه‌کان به‌گشتی و ژنان به‌تایبه‌تی زۆر ته‌سک کردبووه‌وه و، ژنانی زیاتر به لایه‌نه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه سه‌رقاڵ کردبوو و، زیاتر خه‌ریکی به‌ڕێوه‌بردنی ماڵ و به‌خێوکردنی منداڵ بوون و هتد.
له کاتێکدا گه‌ر به‌راوردی ئێستای بوونی ژنانی نووسه‌ر له‌گه‌ڵ پیاواندا بکه‌ین، بێ گومان ڕێژه‌که‌یان ڕووی له زیادبوون کردووه. ئه‌گه‌رچی به پێوه‌ری بوونی ژنان، به‌گشتی هێشتا ژنانی نووسه‌ر که‌مینه‌ن و شوێن و پێگه و ده‌رفه‌تیان که‌متره له پیاوان، به‌ڵام وێڕای ئه‌و ڕێژه که‌مه‌یش، په‌راوێز خراون. بۆ نموونه، گه‌ر له که‌سێک پرسیار بکرێ خوێنه‌ری کام له نووسه‌ره‌کانی، یان باشترین نووسه‌ر لای تۆ کێیه؟ له وه‌ڵامدا ده‌یان نووسه‌ری پیاو ڕیز ده‌کات، به‌ڵام ئاماده نییه ناوی نووسه‌رێکی ژن بهێنێ!
به دیوێکی تردا، ڕاسته نووسه‌ره‌کانی پیاو زیاترن، به‌ڵام ئه‌ده‌بیاتی ژنان به جیاواز له پیاوان، هه‌میشه كۆسپ و ته‌گه‌ره و کێشه‌ی هه‌مه‌ڕه‌نگی بۆ دروست ده‌کرێت. ئه‌وه‌یش گرێدراوی ئه‌و ژینگه و په‌روه‌رده‌یه‌یه که تاکه‌کان ژیانی تێدا ده‌گوزه‌رێنن که هه‌میشه له ڕوانگه‌یه‌كی كه‌موكورت و ناته‌واوه‌وه سه‌یری ژن ده‌كه‌ن. زۆربه‌یان دان به سه‌رکه‌وتن و ده‌رکه‌وتنی ژناندا نانێن. له زۆربه‌ی بواره‌کاندا، به‌پێی حه‌ز و ئاره‌زووی خۆیان، مافی ئه‌وه‌یان نییه و ناتوانن گوزارشت له خۆیان بكه‌ن. بابه‌ته‌کانی تایبه‌ت به ژنان هه‌میشه جێی باس و مشتومڕی زۆرن، جا چ جای ئه‌وه‌ی ژنه‌که خوێنه‌ر، ڕۆشنبیر، قسه‌که‌ر و نووسه‌ر بێت. بۆیه زۆر جار ئه‌وه ده‌خه‌نه پاڵ نووسه‌ره ژنه‌کان، که به‌رهه‌مه‌کانیان هی خۆیان نییه و که‌سێکی تر بۆی نووسیونه‌ته‌وه، یان له نووسه‌رێکی پیاو دزیویانه، یاخود هه‌ندێ جار، به مه‌به‌ستی هه‌ڕه‌شه‌کردن و به‌که‌م سه‌یرکردن و که‌مکردنه‌وه‌ی توانای ژنان، پیاوان ده‌یانه‌وێت ژنه‌کانیان به‌وه بترسێنن، که بڵێن: ''به خه‌ڵک ده‌ڵێین به‌رهه‌م، یان بابه‌ته‌کانیان، ئێمه ده‌ینووسینه‌وه.'' ئه‌مه، زیاتر له‌نێو هاوسه‌ره‌کاندا ئه‌گه‌ری هه‌یه و ڕوو ده‌دات. ئه‌م بۆچوون و نموونانه له سه‌رجه‌م وڵاته ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کاندا هاوشێوه‌ن. بۆ نموونه، کاتێک له وڵاتی جه‌زائیر ''ئەحلام موستەغانمی''ی نووسه‌ریان تاوانبار کرد و، با‌نگه‌شه‌یان کرد که نووسه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ڕۆمانەکەی یه‌که‌می، خۆی نییه، به‌ڵکوو ''سه‌میح قاسم''ه و دزیویه‌تی؛ ئه‌وه‌یش به هۆی ئه‌وه‌ی باوه‌ڕیان به سه‌رکه‌وتن و ناوبانگی ئه‌حلام نه‌ده‌کرد وه‌ک نووسه‌رێکی ژن، سه‌باره‌ت به ڕۆمانه دیار و سیانییه به‌ناوبانگه‌که‌ی به‌ناوی "ذاكرة الجسد"، "فوضى الحواس" و "عابر سرير".
ڕۆمانی "بنات الرياض"یش، که تایبه‌ت بوو به ژنه نووسه‌ری سعوودی "ره‌جا سانع"، که پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی له ساڵی 2005دا زۆر مشتومڕی لێ که‌وته‌وه و، له ئاستی ناوخۆ و جیهاندا ناوبانگێکی گه‌وره‌ی هه‌بوو، وێڕای ناوزڕاندن و ئابڕووبردنی نووسه‌ره‌که تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی که ڕێگری له خوێندرانەوەی ڕۆمانه‌که‌ی کرا، بێ هیچ گوێدانه هزر و به‌هێزیی نووسه‌ره‌که له چۆنێتیی گوزارشتکردنی ناوه‌ڕۆکی ڕۆمانه‌که سه‌باره‌ت به کێشه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌که‌ی له ڕووی بابه‌تی تایبه‌ت به جه‌سته و سێکس. بێ گومان گه‌ر نووسه‌رانی پیاو له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه بنووسن ئاساییتر وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام کاتێک ژنان خۆیان له قه‌ره‌ی ئه‌و بابه‌تانه ده‌ده‌ن، ڕووبه‌ڕووی تانه و تاوانی زۆر ده‌بنه‌وه و، به‌وه تاوانبار ده‌کرێن که باس له ئه‌زموونی که‌سێتی و به‌سه‌رهاتی خۆیان ده‌که‌ن. به‌و شێوه‌یه‌یش گرفتی جۆراوجۆری دیکەی لێ ده‌که‌وێته‌وه؛ بۆیە ئه‌وه‌یش یه‌کێکه له رێگرییه گه‌وره‌کان که ده‌بێته هۆی گه‌مارۆدانی ژنان.
هۆکاره‌کانی که‌میی ژنانی نووسەر:
واقع و لێکۆڵینه‌وه‌کانی تایبه‌ت به بواری ڕاگه‌یاندن، به‌گشتی که‌میی بوونی ڕێژه‌ی ژنان ده‌رده‌خه‌ن، بۆ نموونه، به‌پێی دوا لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی سایته ئه‌لکترۆنییه‌کان که له هه‌رێمی کوردستان ساڵی 2016 ئه‌نجام دراوه، ڕێژه‌ی ژنان وه‌ک به‌رپرس و جێگری به‌رپرسی سایته‌کان و ته‌نانه‌ت وه‌ک ستافی ده‌سته‌ی نووسه‌ران، یان به‌ڕێوه‌بردن، بریتی بووه له 0% به‌رامبه‌ر به ڕێژه‌ی پیاو که 100% بووه. به‌و واتایه‌ی له‌ناوه‌ندی بڕیارسازیدا، که لووتکه‌ی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی مه‌سه‌له هه‌ستیار و چاره‌نوسساز و ستراتیژییه‌کانه له‌ناو دامه‌زراوه‌که‌دا، ژنان بوون و ده‌نگیان نییه.
ئه‌م واقعه، نه‌ک ته‌نیا له‌و که‌ناڵه‌ی ڕاگه‌یاندندا، به‌ڵکوو به‌گشتی له زۆربه‌ی ناوه‌نده‌کانی تری ڕاگه‌یاندندا هه‌مان ڕێژه‌ی ژنان به‌دی ده‌کرێت. بۆیه بۆ تیشکخستنه سه‌ر که‌میی ژنانی نووسه‌ر، ده‌توانین هۆکاره‌کانی له چه‌ند خاڵێکدا کورت بکه‌ینه‌وه:
1. که‌لتووری باوی کۆمه‌ڵگه‌ی کورد؛ که به شێوه‌یه‌که مرۆڤ به‌گشتی و ژنان به‌تایبه‌تی ناتوانن موماره‌سه‌ی سه‌ره‌تاییترین مافی خۆیان بکه‌ن، چ جای ئه‌وه‌ی وه‌ک نووسه‌ر ده‌ربکه‌ون و ڕۆڵیان هه‌بێت. به‌ڕادده‌یه‌که هیچ کات درک به توانا و لێهاتوویی و ده‌ستکه‌وته‌کانی ژنانی نووسه‌ر ناکرێت. عه‌قڵییه‌تێکه، ژنان به‌شیاو نازانێت بۆ پۆستی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و به‌رپرسی ده‌زگا و سه‌رنووسه‌ری ڕاگه‌یاندنی نووسراو. که‌لتوورێکه که به هۆی په‌روه‌رده‌کردنی تاکه‌کان به عه‌قڵییه‌تێکی نێرسالاری و پیاوسالارییه‌وه، وای کردووه ڕه‌گه‌زه‌کان هه‌میشه له ململانێ و جیاوازیدا ژیان بگوزه‌رێنن.
ئه‌و جۆره که‌لتووره لە ده‌ره‌نجامدا ژینگه‌یه‌ک ده‌خوڵقێنێ، که تێیدا په‌روه‌رده و فه‌لسه‌فه‌یه‌ک زاڵه؛ نه خوێندنه‌وه و نه نووسین، نه‌بوونەته که‌لتوور و فه‌لسه‌فه‌ی ژیانی تاکه‌کان و، ته‌نانه‌ت ته‌رخانکردنی کات له‌و بواره‌دا بۆ ژنان به گونجاو و کاری به‌رهه‌مهێن و گرنگ و پێویست نازانرێ و، پێی وایه ئه‌و بواره بۆ ژنان شیاو نییه و نابێت.
2. به‌گشتی که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن و میدیاکاران نه‌یانتوانیوه تیشک بخه‌نه سه‌ر به‌رهه‌م و قه‌ڵه‌مه‌کان و ته‌نانه‌ت که‌سایه‌تییه‌کانی ژنانی نووسه‌ر و، له میدیاکانیانه‌وه که‌متر کار له‌سه‌ر ناساندنی ژنانی نووسه‌ر ده‌که‌ن، وه‌ک ئه‌وه‌ی متمانه و باوه‌ڕیان به نووسین و به‌رهه‌مه‌کانی ژنان نه‌بێت. یان زۆرینه‌یان هه‌مان ئه‌و عه‌قڵییه‌ته‌ن، که زاده‌ی په‌روه‌رده‌ی پیاوسالارییه‌که‌ن، که بێ گومان ئه‌وه‌یش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و که‌لتووره‌یه، که ڕۆ چووەته ناو میدیاکانیشه‌وه؛ وێڕای ئه‌وه‌ی به دیوێکی تریشدا، عه‌قڵییه‌تی به‌ڕێوه‌به‌رانی که‌ناڵه‌کان به‌گشتی پیاوانن، که وا ده‌کات ته‌نیا له گۆشه‌نیگا و دیدگه‌یه‌که‌وه بڕواننه مه‌سه‌له‌کان و دواتر ئه‌و بیرکردنه‌وه یه‌کلایه‌نه‌یشه که له ڕووی به‌ڕێوه‌بردنه‌وه به‌سه‌ر پلان و ستراتیژیی که‌ناڵه‌کاندا زاڵ ده‌بێت.
ده‌ره‌نجام، هه‌موو ئه‌وانه‌یه که وا ده‌کات میدیا و میدیاكارانی كوردستان ڕووناكی نه‌خه‌نه سه‌ر كار و به‌رهه‌مه‌کانی ژنانی نووسه‌ر و، به‌گوێره‌ی توانا و زه‌حمه‌ته‌كانیان گرنگییان پێ نادرێت؛ چونکه تا ئێستا به‌جددیوه‌رگرتنی عه‌قڵ و توانای ژن له ئاستێكی زۆر سه‌ره‌تاییدایه. له‌ناو زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا، گوێگرتن له ژن هێشتا عه‌یبه‌یه و ته‌نانه‌ت له‌ناو توێژی ڕۆشنبیریشدا، كه‌من ئه‌و ژنانه‌ی میدیای كوردی مه‌به‌ستی بێت به خه‌ڵكیان بناسێنێت؛ به‌ڵام بۆ نووسه‌ره پیاوه‌كان به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه.
3. خودی ژنان لایه‌نێکی تری هۆکاره‌کانن، که به‌گشتی به هۆی سه‌رقاڵبوونی زیاتریان به بۆنه و یاده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و په‌روه‌رده‌کردنی منداڵ و به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری ناوماڵ و زۆر کاری دیکەوە زۆر لایه‌ن و تواناکانی خۆیان فه‌رامۆش کردووه، تا بتوانن له ڕووی خوێندنه‌وه و نووسینه‌وه ده‌رفه‌ت بۆ خۆیان بڕه‌خسێنن. یان به شێوه‌یه‌کی تر، لاوازیی هێزی ململانێ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه و توانای ڕێچکه‌شکاندنیان له به‌رامبه‌ر سه‌لماندنی خۆیان له ناوه‌نده‌کانی ڕاگه‌یاندندا، هه‌روه‌ها ته‌رخاننه‌کردنی زیاتری کاته‌کانیان بۆ خوێندنه‌وه و نووسین و دانانی نووسین به قۆناغێک له ژیانیاندا، به‌وه‌ی ماوه‌یه‌که و به کۆتاییهاتن به قۆناغێکی ته‌مه‌نی دیاریکراو له ژیانی ژناندا، تێ ده‌په‌ڕێ و ده‌ڕوات، به‌ده‌ر له‌وه‌ی ژنان نه‌یانتوانیوه سه‌یری نووسین بکه‌ن، وه‌ک ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌یه‌کی گرنگ و کاریگه‌ر بێت، یان ده‌بێت له پێناوی نووسین و چه‌سپاندنی توانا و ئیمکانییه‌تی خۆیاندا له بواری نووسیندا خه‌بات و تێکۆشان بکه‌ن؛ هه‌موو ئه‌وانه وا ده‌کات پێواری ژنان له بواری نووسیندا زیاتر هه‌بێت، چونکه بێ گومان نووسه‌ر هه‌میشه پێویستی به خوێندنه‌وه و به‌دواداچوونی به‌رده‌وام هه‌یه و، پێویستی به ئاگاداری و گه‌شه‌کردن و هۆشیاری و داهێنانی فکری هه‌یه.
4. کەمبایەخدانی عه‌قڵییه‌تی سیسته‌می حوکمڕانیی وڵات له ڕێی ده‌زگه په‌یوه‌ندیداره‌کانه‌وه؛ بۆ نموونه وه‌ک وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و داموده‌زگه‌کانی، که به هۆی که‌مته‌رخه‌می و که‌مباوه‌ڕییان به تواناکانی ژنان، که‌متر بایه‌خ به بڵاوکردنه‌وه و چاپکردنی به‌رهه‌مه‌کانی ژنانی نووسه‌ر ده‌ده‌ن و که‌متر ده‌رفه‌تی تێکه‌ڵبوون و به‌شداربوون و ناسینیان له ئاستی ناوخۆ و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌دا بۆ ده‌ڕه‌خسێ. ئه‌م وه‌زاره‌ته نێوندێکه، که به هۆی قۆرغکردنی جومگه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی داموده‌زگه‌کان له لایه‌ن پیاوانه‌وه و، به هۆی نه‌بوونی سیسته‌مێکی مه‌ده‌نی و جێگیره‌وه، زیاتر جۆری په‌یوه‌ندییه‌کان و ناسین و تێکه‌ڵبوون و میزاجییه‌ته‌کان حوکم و کاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئاڕاسته‌ی بڕیاردانه‌کان ده‌بێت؛ که بێ گومان هه‌میشه به هۆی که‌لتووری باوی کۆمه‌ڵه‌وه، پێواری ژنان له نێوه‌ندی جۆر و به‌رفراوانیی په‌یوه‌ندییه‌کان و بوونیان له دانیشتنه جۆربه‌جۆره‌کانی پیاواندا که‌متر به‌دی ده‌کرێت. وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و پێوه‌رانه به‌ڕاست نازانرێ و دووره له هه‌موو پێوه‌ر و بنه‌مایه‌کی کارگێڕی و به‌ها مرۆیییه‌کان بە لای زۆرێک له ژنانەوە، بۆیه ئاماده نین خۆیان بخه‌نه نێوه‌ندی ئه‌و ژینگه‌یه‌وه و، ده‌ره‌نجام، به‌دوورگرتنی خۆیان له‌و ناوه‌ندانه به باشتر و گونجاوتر ده‌زانن، وه‌ک له کارکردن و قایل‌بوون به‌و شێوازانه؛ ئه‌وه‌یش له پێناو پاراستنی که‌سایه‌تی و که‌رامه‌تی خۆیاندا.
له ده‌ره‌نجامی هۆکاره‌کانه‌وه چی ده‌خوڵقێت:
بوونی ئه‌و هۆکارانه له به‌رده‌م ژناندا کۆمه‌ڵێک گرفتی جۆراوجۆری کۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌روونی و سیاسی و... دێنێته ئاراوه، له‌وانه:
1. ژنان که‌متر له ناوه‌نده‌کانی بڕیاردانی نێو حکوومه‌ت و که‌رتی تایبه‌تدا بوونیان ده‌بێت، وه‌ک پۆستی وه‌زیری ڕۆشنبیری، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و ... که به دیوێکی تردا کاریگه‌ری ده‌خاته سه‌ر که‌مترده‌رکه‌وتنی ژنانی نووسه‌ر، که‌متر چاپکردنی کتێب و به‌رهه‌مه‌کانی ژنان، به‌شدارنه‌بوون و پێواری عه‌قڵی ژنانه له پلان و ستراتیژیی کاره‌کان و، که‌متر له ڕێوڕه‌سم و نێوه‌نده ڕۆشنبیرییه‌کاندا بوونیان ده‌بێت.
2. په‌راوێزخستنی زیاتری ژنانی نووسه‌ر له ڕێی ئه‌و خه‌ڵاتکردنانه‌ی چ له لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کانی حکوومه‌ته‌وه ده‌درێن و، چ له نێوه‌نده‌کانی دیکه‌وه؛ که ئه‌وه‌یش به جۆرێک له جۆره‌کان ده‌بێته هۆی دوورکه‌وتنه‌وه، ساردبوونه‌وه، به‌هه‌ندوه‌رنه‌گرتن و پاشه‌کشه‌کردنی ژنان له بواری نووسیندا.
3. که‌میی ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌ت له به‌رده‌م ژناندا به به‌شداربوونیان له بۆنه و ڕێوڕه‌سم و کۆنفڕانس و پێشا‌نگه‌کانی کتێب و ...، له ئاستی ناوخۆی وڵات و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌دا؛ که ئه‌وه‌یش وا ده‌کات ژنانی نووسه‌ر و به‌رهه‌مه‌کانیان که‌متر بناسرێن و گه‌شه بکه‌ن و، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ نووسه‌رانی تری وڵاتانی جیهاندا به‌رته‌سکتر بێت.
4. ناهاوسه‌نگی له ڕاگرتنی باڵانسی جێنده‌ری له‌نێو سه‌رجه‌م نێوه‌نده‌کانی حکوومه‌ت و که‌رتی تایبه‌تدا؛ که وا ده‌کات داموده‌زگه‌کان دره‌نگتر گه‌شه بکه‌ن و که‌متر داهێنان و تازه‌گه‌ری له‌و بواره‌دا بهێننه ئاراوه، جگه له پاشه‌کشه‌کردن و کارنه‌کردن به بنه‌ماکانی دیموکراسی، وه‌ک ئه‌وه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان با‌نگه‌شه‌ی بۆ ده‌کات.
به دیوێکی تریشدا وا ده‌کات کارکردنی ڕێکخراوه‌کانی ژنان به‌گشتی، بۆ نه‌هێشتنی جیاکاری و جیاوازییه‌کان درێژه و به‌رده‌وامییان هه‌بێت.
5. سه‌رهه‌ڵدان و به‌کارهێنانی چه‌ندین نازناو و گه‌وره‌کردنه‌وه و پیاهه‌ڵدان به نووسه‌رانی پیاو له‌ژێر ناوی وەکوو ''نووسه‌ری گه‌وره‌ی کورد''؛ له کاتێکدا خودی به‌کارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی نووسه‌ری گه‌وره، یان شاعیری گه‌وره، به بۆچوونی من ناڕاسته، چونکه نووسه‌ر بێت، یان شاعیر، گه‌وره و بچووکی بۆ نییه، به‌ڵکوو هه‌ندێ بنه‌ما و پێوه‌ر حوکم ده‌کات که پێی بگوترێت نووسه‌ر، یان شاعیر، یاخود ناوی تر. بۆیه، به‌گشتی به‌کارهێنانی له کۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتیدا زیاتر ده‌چێته چوارچێوه‌ی زیاده‌ڕۆیی و وه‌سفکردنه‌وه.
6. پێداویستییه‌کانی بره‌ودان به نووسینی ژنان له به‌رنامه و په‌یڕه‌و و پرۆگرامی خوێندندا، نه‌ک ته‌نیا له قۆناغه‌کانی خوێندنگه‌کاندا، به‌ڵکوو له زانکۆکانیشدا، له ئاست مێژوو و خه‌باتی ژنان و ناساندنی مافه‌کانیاندا که‌مته‌رخه‌میی پێوه دیاره، چونکه ژینگه‌ی په‌روه‌رده‌کردن، چ له خێزان و چ له ناوه‌نده‌کانی خوێندندا، به شێوه‌یه‌که، که بۆ چه‌سپاندنی که‌لتووری خوێندنه‌وه و نووسین هانده‌ر نین؛ هه‌روه‌ها به ئه‌ندازه‌یه‌که، که جۆره داخراو‌ییه‌کی هه‌یه که له ڕووی ناسین و تێکه‌ڵبوون و ته‌نانه‌ت به‌شداربوونیان له چالاکییه ڕۆشنبیری و هونه‌رییه‌کاندا، نه‌بووەته که‌لتووری کارکردن و شێوازی ژیانیان.
چاره‌سه‌ر:
کارکردن و خوێندنه‌وه و شیکاری و ڕێگه‌چاره‌ی گونجاو له ئاست هه‌موو ئه‌و فاکته‌رانه‌ی هۆکارن له به‌رده‌م که‌میی ژنانی نووسه‌ر له باشووری کوردستاندا، یارمه‌تیده‌ره بۆ چاره‌سه‌ری دۆخه‌که به‌ره‌و باشتر.
له لایه‌کی دیکه‌وه، خودی ژنان یه‌کێک له‌و فاکته‌ره گرنگانه‌ن کە ده‌توانن کار له‌سه‌ر پێگه‌یاندن و هۆشیاریی خۆیان بکه‌ن، بۆ ئەوەی بتوانن ئه‌و به‌ربه‌ست و ڕێگرییانه بشکێنن که دێنه به‌رده‌میان و، به مه‌به‌ستی به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی تواناکانیان ڕێگرییان لێ ده‌که‌ن. ئه‌وه‌یش به خۆپه‌روه‌رده‌کردن و فێربوونیان ده‌بێت، تا بتوانن به متمانه و ئیراده‌یه‌کی به‌هێزه‌وه ڕووبه‌ڕووی واقع و به‌ربه‌سته‌کان ببنه‌وه و، به‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو تانه و ته‌شه‌ر و ناوزڕاندنانه‌دا زاڵ بن كه به هۆیه‌وه تووشی دەبن و زۆر جاریش به‌و هۆیه‌وه ده‌بنه قوربانی. چونکه به پله‌ی یه‌که‌م، ئه‌وه ژنان خۆیانن که ده‌توانن به هه‌وڵی تاكه‌كه‌سی و ڕێكخراوه‌یی، ئه‌م دۆخه تێ په‌ڕێنن و، بێ گومان هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی دیكه‌یش كه كار بۆ ژنان ده‌كه‌ن؛ تا پێکه‌وه تاك به تاكی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه فێری که‌لتووری خوێندنه‌وه و گرنگیی نووسین بکه‌ن و، به‌هێزیی به‌رهه‌م و ناوه‌ڕۆک و باشیی نووسینه‌کان، حوکم بکات كه خوێنه‌ره‌کان بڕیار بد‌ه‌ن ئاخۆ خوێنه‌ری کام نووسه‌رن و کام نووسه‌ر به باشتر ده‌زانن، نه‌ک جۆری ڕه‌گه‌زی نووسه‌ره‌که له لایان حوکم بکات.
داڕشتنه‌وه‌ی پلان و ستراتیژیی کارکردنی داموده‌زگه‌کانی حکوومه‌ت به ڕاگرتنی باڵانسی جێنده‌ری و ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی وه‌کیه‌کی له به‌رده‌م ژنان و پیاواندا به‌بێ جیاوازی؛ که ده‌ره‌نجام توانا و لێهاتوویی و کارامه‌ییی مرۆڤه‌کان، بۆ بردنه‌پێشه‌وه‌یان حوکم بکات، نه‌ک پێوه‌ره‌کانی یه‌کترناسین و په‌یوه‌ندییه‌کان؛ ئه‌وه‌یش به مه‌به‌ستی دوورکه‌وتنه‌وه له عه‌قڵییه‌تی باوی کۆمه‌ڵگه و دوور له پیاوسالاری؛ به‌دامه‌زراوه‌ییکردنی زیاتری ده‌زگه‌کانیش، لایه‌نێکی تری چاره‌سه‌ره‌کانه.
له لایه‌کی دیکه‌وه کارکردن بۆ هۆشیارکردنه‌وه‌ی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ به‌گشتی، ئه‌رکێکی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی گشت ده‌زگه‌کانی ڕاگه‌یاندن و ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ده‌زگه‌کانی حکوومه‌ته، به مه‌به‌ستی به که‌لتوورکردنی خوێندنه‌وه و قبووڵکردنی نووسه‌ره‌کان وه‌ک خۆیان، له هه‌ر ڕه‌گه‌زێک بن.
جگه له‌وه‌ی پێداچوونه‌وه‌ی که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن به به‌رنامه و پلانیاندا و ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی زیاتر له به‌رده‌م ژنان و بوونیان له پۆسته باڵاکانی بڕیارسازیی سه‌رجه‌م که‌ناڵه‌کانی بینراو و نووسراو و بیستراودا، هه‌نگاوێکی گرنگی چاره‌سه‌ره‌کانه؛ بۆ ئەوەی به شێوه‌یه‌ک به‌رنامه‌کانیان ڕێک بخه‌ن که بۆ ده‌رخستنی توانا و کاره‌کانی ژنانی نووسه‌ر و، به مه‌به‌ستی ناسینی خۆیان و ده‌ستکه‌و‌ته‌کانیان، هه‌وڵی زیاتر بدرێت و بایه‌خی زیاتریان پێ بدرێت.
سوودم له‌م سه‌رچاوه‌یه وه‌رگرتووه:
المرأة والكتابة/ هل تكتب المرأة نفسها، د.ميساء الخواجة، سایتی
( الریاض ), 14 يناير 2017م.