مرۆڤ خۆی به‌گشتی، سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی و چه‌قی بنه‌ڕه‌تیی گۆڕینی ئاراستە‌کانه، ڕووه‌و باش بێت، یان خراپ، پێشکه‌وتوویی بێت، یان دواکه‌وتوویی، داڕووخان و داڕمان بێت، یان گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتن. به واتایه‌کی تر، سه‌رچاوه‌ی هه‌موو بونیادنان و په‌ره‌پێدانێک له ئاست تاکه‌کان و کۆمه‌ڵدا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پێکهاته‌ی خودی مرۆڤه‌کان، هه‌روه‌ک چۆن پێچه‌وانه‌که‌یشی هه‌ر ڕاسته. بۆیه له هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا کارکردن له‌سه‌ر مرۆڤه‌کان هه‌نگاوی سه‌ره‌کی و بنه‌ڕه‌تییه بۆ هێنانه‌دیی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی شارستانی و گه‌شه‌کردوو؛ ئه‌مه‌یش گرێ‌دراو و په‌یوه‌سته به فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌ییی مرۆڤه‌کانه‌وه، که هه‌ر له قۆناغه‌کانی سه‌ره‌تای ژیانیانه‌وه له‌سه‌ری بونیاد ده‌نرێت و به هۆیه‌وه گه‌شه ده‌کات، که نه‌ک تەنیا خێزانه‌کان، به‌ڵکوو چه‌ندین دامه‌زراوه‌ی کۆمه‌ڵگه‌یی هه‌ن، به‌پێی قۆناغه‌کان ته‌واوکه‌ری یه‌کترن و له سه‌رکه‌وتنی پرۆسه‌که‌دا ڕۆڵ ده‌گێڕن.
په‌روه‌رده‌ی باش، وه‌زیفه‌یه‌کی هاوبه‌شه له نێوان گشت تاکه‌کانی کۆمه‌ڵدا و به‌ردی بناغه‌ی سه‌ره‌کییه، که له ڕێی ناوه‌ند و دامه‌زراوه جۆربه‌جۆره‌کانه‌وه بۆ نه‌وه‌کانی داهاتوو بونیادی له‌سه‌ر داده‌نرێت، که هه‌موویان پێکه‌وه ده‌بنه ته‌واوکه‌ر و کۆڵه‌که‌ی بنه‌ڕه‌تی له کرداری په‌روه‌رده‌دا. دامه‌زراوه‌ی خێزان، به یه‌که‌م جیهانی کۆمه‌ڵایه‌تی داده‌نرێت که ڕووبه‌ڕووی مرۆڤ ده‌بێته‌وه و، تاکه‌کانی خێزان ئاوێنه‌ی هه‌موو منداڵێکن بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان تێدا ببینن.
بێ گومان خێزان ڕۆڵی گه‌وره‌ی هه‌یه له پێگه و پێگه‌یشتنی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، به‌ڵام تاکە ناوه‌ند نییه که له‌و لایه‌نه‌وه ڕۆڵ دەگێڕێت. باخچه‌ی ساوایان، دایه‌نگه، خوێندنگه، ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، ئامرازه‌کانی ڕاگه‌یاندن و دامه‌زراوه جیاوازه‌کانی دیکه‌یش ڕۆڵی گرنگ و کاریگه‌ر و جیاوازیان له‌و ئه‌رکه‌دا هه‌یه. بۆیه ڕۆڵبینینی فاکته‌ره‌کان له پێگه‌یاندنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا جیاوازن؛ ئەگه‌ر فاکته‌ره‌کان ناوخۆیی بن، یان ده‌ره‌کی. به دیوێکی دیکه‌دا، په‌روه‌رده و هونه‌ر و زانست به گرنگترینی ئه‌و ئه‌رکانه داده‌نرێن که ده‌که‌ونه‌وه سەر ئه‌ستۆی دایک و باوک، جگه له‌وه‌ی مه‌ترسیدارترینیشیانن. بۆیه به‌رپرسیارێتییه‌کی گه‌وره‌یه و چه‌ندین قورسایی و ئاڵۆزی و کێشه‌ی جۆراوجۆری خۆی هه‌یه. هاوکات چێژێکی زۆریشی بۆ مرۆڤه‌کان هه‌یه، به جۆرێک که وایان لێ ده‌کات له ژیاندا متمانه و خۆڕاگری و ئیراده‌یان تێدا به‌هێز بکات؛ ئه‌گه‌رچی ئه‌و کۆمه‌ڵه فاکته‌رانه‌ی له ده‌وروبه‌ری مرۆڤدان، به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ، یان ناڕاسته‌وخۆ کاریگه‌رییان له په‌روه‌رده‌کردنی مرۆڤدا هه‌یه.
گرنگترینی ئه‌و فاکته‌رانه بریتین له:
فاکته‌ره ناوخۆیییه‌کان:
1. خێزان: بریتییه له یه‌که‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی، که ئامانجی پاراستنی جۆری مرۆڤه‌کانه و، یه‌که‌م شوێنه که مرۆڤ ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه و، به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی یارمه‌تیده‌ره له بونیادنانی که‌سایه‌تیی مرۆڤدا له ڕێی کارلێک و په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان مرۆڤه‌کانەوە. بۆیه یه‌که‌م فاکته‌ری سه‌ره‌کی و کاریگه‌ره له پێگه‌یاندنی کۆمه‌ڵایه‌تیدا؛ جگه له‌وه‌ی خێزان دامه‌زراوه و سه‌رچاوه‌ی وه‌رگرتنی یه‌که‌مه له ژیانی مرۆڤه‌کاندا و به هۆیه‌وه مرۆڤ له ڕووی ئاراستە و ڕه‌فتار و داب و نه‌ریت و به‌هاکانییه‌وه تێڕوانینی یه‌که‌می بۆ ژیان دروست ده‌بێت.
په‌یوه‌ستبوونی یه‌که‌می دایک و باوک به منداڵه‌وه له چوارچێوه‌ی خێزاندا، تەنیا په‌یوه‌ندیدار نییه به جۆری خواردن و خواردنه‌وه و پۆشینی جلوبه‌رگ و نووستن و هه‌ڵسان و دانیشتنه‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی خودی په‌روه‌رده‌کردن له ڕووی عه‌قڵی و فکری و هزرییه‌وه قورسایی و ئه‌رکێکی به‌رپرسیارانه‌یه و ده‌که‌وێته ئه‌ستۆیان. بۆیه که‌مته‌رخه‌میی دایک بێت یان باوک، به‌پێی قۆناغه‌کانی ژیانی مرۆڤ، به‌تایبه‌ت له پێنج ساڵی یه‌که‌می ته‌مه‌نی منداڵدا که یارمه‌تیده‌ره بۆ بونیادنانی که‌سایه‌تیی منداڵه‌که، ڕۆڵی گرنگ و کاریگه‌ری هه‌یه بۆ دیاریکردنی جۆری که‌سایه‌تییه‌که‌ی؛ که ده‌ره‌نجام چ منداڵه‌که و چ دایک و باوکه‌که باجی یه‌که‌می په‌روه‌رده‌کردنه‌که‌یان ده‌ده‌نه‌وه، به باش بێت، یان بە خراپ.
2. ئایین: به‌گشتی، ئایینه جیاوازه‌کان ڕۆڵ و کاریگه‌رییان ده‌بێت له ڕووی ئاڕاسته‌کردنی تاکه‌کان له‌سه‌ر ڕه‌فتار و هزر و بیری تاکه‌کاندا؛ هه‌ریه‌ک به‌پێی ئه‌و باوه‌ڕه‌ی هه‌ڵگرێتی و کاری پێ ده‌کات. وێڕای ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌کی گشتی له ڕووی ڕۆحییه‌وه ده‌روازه و ئامرازێکی کاریگه‌ر و گرنگ ده‌بێت بۆ که‌سانێک که هه‌ڵگری ئایینێکی دیاریکراو ده‌بن، ڕووه‌و په‌روه‌رده‌یه‌کی گشتگیر و یه‌کگرتوو.
3. جۆری په‌یوه‌ندیییه خێزانییه‌کان: کاریگه‌رییان له کرداری پێگه‌یاندنی کۆمه‌ڵایه‌تیدا هه‌یه؛ به شێوه‌یه‌ک، به‌خته‌وه‌ری و خۆشبه‌ختییه که ده‌بێته هۆی یه‌کگرتنی خێزانه‌کان و، ژینگه‌یه‌ک ده‌خوڵقێنێت که یارمه‌تیده‌ر بێت له‌سه‌ر گه‌شه‌سه‌ندنی منداڵ به شێوه‌یه‌کی ته‌واوکه‌ر.
فاکته‌ره ده‌ره‌کییه‌کان:
خوێندنگه، وه‌ک خێزان وایه و فاکته‌رێکی گرنگه له‌سه‌ر ئاستی په‌روه‌رده‌کردنی مرۆڤ له ڕووی جه‌سته‌یی و ڕۆحییه‌وه. هه‌روه‌ها ژینگه‌ی خوێندنگه‌یی له کۆڵه‌که‌ی جیاواز پێک دێت: وه‌ک مامۆستا، به‌ڕێوه‌به‌ر، سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی، فه‌رمانبه‌ران و هاوڕێ و براده‌رانی پۆل؛ به شێوه‌یه‌ک که ده‌کرێت هه‌موویان، یان هه‌ندێکیان، له پێکهێنانی که‌سایه‌تیی مرۆڤ و له وێنه‌کردنی دید و تێڕوانینه‌کانیدا له ڕووی فکری و ڕه‌فتارییه‌وه به‌شدار بن. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی ڕۆڵی مامۆستا له بونیادنانی مه‌ودای ئاکارییه‌وه کاریگه‌ریی زۆری هه‌یه له‌سه‌ر که‌سایه‌تیی مرۆڤ، جا به باش بێت، یان خراپ؛ چونکه هه‌میشه خوێندکار، مامۆستا به نوێنه‌ر و پێشڕه‌وی خۆی ده‌زانێت.
2. براده‌ر و هاوڕێ: که‌ناڵێکی تری کاریگه‌ره، که به هۆی دراوسێ، خوێندنگه، یان یانه و زانکۆکانه‌وه تووشی ده‌بێت و به هۆی تێکه‌ڵبوونییه‌وه کاریگه‌ریی به‌سه‌ر شێوازی بیرکردنه‌وه و ڕه‌فتاره‌کانییه‌وه ده‌بێت.
3. ڕۆڵی په‌رستن: مزگه‌وت و که‌نیسه و ژینگه‌ی تایبه‌ت به ئایین کاریگه‌رییان هه‌یه لەسەر چاندنی تۆوی سه‌ره‌تایی ڕووه‌و ئاراستە‌کردن به باوه‌ڕمەندی و ئیمانداری له ڕێی که‌ناڵه جۆربه‌جۆره‌کانیانەوە، وه‌ک: مه‌راسیمه ئایینییه تایبه‌ته‌کان، بانگ و نوێژی به‌کۆمه‌ڵ و هاوشێوه‌کانیان؛ چونکه ئایینه‌کان و خواپه‌رستی له ڕووی ڕۆحییه‌وه له پێگه‌یاندن و ڕاهێنانی نه‌وه‌کاندا ڕۆڵێکی کاریگه‌ریان هه‌یه، به‌تایبه‌ت له بابه‌تی نێوان خێر و شه‌ڕ و ته‌رکیزخستنه سه‌ر کاری باش و ڕه‌فتار و ئاکاری باشتر، زیاتر له زانیاری و زانست و زانین و ته‌کنه‌لۆژییه پێشکه‌وتووه‌کان.
4. ڕۆشنبیریی کۆمه‌ڵ: هه‌ر کۆمه‌ڵێک ڕۆشنبیرییه‌کی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، که په‌یوه‌ندییه‌کی به‌هێزی به که‌سایه‌تییه‌کانی تاکه جۆربه‌جۆره‌کانه‌وه هه‌یه. بۆیه ڕۆشنبیریی کۆمه‌ڵ به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی، له پێگه‌یاندن و دروستکردنی که‌سایه‌تیدا کاریگه‌ریی هه‌یه.
5. دۆخی سیاسی و ئابووریی کۆمه‌ڵ: هه‌تا کۆمه‌ڵ له دۆخێكی ئارام و جێگیری سیاسی و ئابووریدا ژیان بگوزه‌رێنێت، له پێگه‌یاندنی کۆمه‌ڵایه‌تیدا یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت؛ به پێچه‌وانه‌که‌یشییه‌وه ده‌بێته هۆی فه‌وزا و بشێوی و ناجێگیری و نائارامی و شێواندنی دۆخه‌که.
6. ئامرازه‌کانی ڕاگه‌یاندن: ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی و بەربڵاو کاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر شێواندنی پێگه‌یاندن له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، ئه‌و جه‌نگه ڕۆشنبیرییه‌یه، که له ڕێی ئامرازه‌کانی ڕاگه‌یا‌ندنه‌وه ده‌گیرێته به‌ر، به‌تایبه‌ت ته‌له‌ڤزیۆن؛ به شێوه‌یه‌ک کە زۆرێک له به‌هاکان ده‌شێوێنێت، وه‌ک له‌وه‌ی په‌روه‌رده‌یان بکات. بۆیه ئامرازه‌کانی ڕاگه‌یاندن به‌گشتی ڕۆڵێکی گه‌وره و کاریگه‌ر ده‌گێڕن له بواری په‌روه‌رده و له ئاراستە‌کردنی تاکه‌کان و کۆمه‌ڵدا، ڕووه‌و سیاسه‌تێکی دیاریکراو و گشتی.
مامۆستای ئه‌مریکی، ''جۆرج فوس''، له زانکۆی کالیفۆرنیا، که ماوه‌ی 22 ساڵ شارستانییه‌تی ژاپۆنیی ده‌خوێند، به‌م شێوه‌یه له ڕووی په‌روه‌رده‌وه ڕای خۆی ده‌ڵێت: ''دایکی ژاپۆنی، کۆڵه‌که‌یه‌کی گه‌وره‌ی گرنگ و کاریگه‌ره له په‌روه‌رده‌کردنی منداڵه‌کانیدا، چونکه وا له خۆی ده‌کات که به‌رپرسی یه‌که‌م بێت له فێرکردنی منداڵه‌که‌یدا؛ هه‌روه‌ها پشتگیریی به‌هێزی خوێندنگه‌که‌ی ده‌کات و، پێی وایه که په‌روه‌رده‌ی منداڵ له کاتی له‌دایکبوونییه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات.'' وێڕای ئه‌وه‌ی زانایان و پسپۆڕان جه‌خت له‌وه ده‌که‌نه‌وه، که منداڵ ده‌توانێت ڕۆشنبیریی هه‌ر کۆمه‌ڵێک وه‌ربگرێت، ئەگه‌ر بۆ ماوه‌یه‌کی دیاریکراو تێیدا ژیانی به‌سه‌ر بردبێت. هه‌روه‌ها لێکۆڵینه‌وه‌کان جه‌خت له‌وه ده‌که‌نه‌وه که په‌روه‌رده مه‌یدانێکه، كه به هۆیه‌وه ده‌توانرێت داڕشتنه‌وه‌ی که‌سایه‌تیی مرۆڤه‌کان بکرێت به هه‌موو بنه‌ما ڕه‌فتاری و ئه‌خلاقییه‌کانەوە، که کاریگه‌ریی له‌سەر مرۆڤ ده‌بێت و، وای لێ ده‌کات توانای دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندییه گرنگه‌کانی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌کانیدا له ڕووی ماددی و کۆمه‌ڵایه‌تی و فکرییه‌وه هه‌بێت؛ هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا، جگه له دیاریکردنی ژینگه‌که‌ی و چوارده‌وره‌کانی.
هۆکاری سه‌ره‌کی له داڕووخانی ئاستی فێربوونی گه‌نجان به شێوه‌یه‌کی گشتی له وڵاته پیشه‌سازییه‌کاندا، بریتییه له به‌شدارنه‌بوونی دایکان و باوکان له ڕه‌وڕه‌وه‌ی فێربووندا؛ چونکه خوێندنگه درێژه‌پێده‌ری خێزانه‌کانه و فاکته‌ری ته‌واوکه‌ره بۆ ڕۆڵی ماڵ و خێزان، له‌و ڕوانگه‌یه‌ی خێزان کۆڵه‌که‌یه‌کی سه‌ره‌کییه بۆ خوێندکار که له نێو خوێندنگه‌کاندا پیاده‌ی هه‌مان ئه‌و په‌روه‌رده‌یه ده‌کاته‌وه که له ژینگه و چوارچێوه‌ی خێزانه‌که‌یدا فێری بووه؛ هه‌روه‌ها به مه‌به‌ستی زیادبوونی شاره‌زایییه‌کانی و فێربوونی شتی نوێ، فێرخواز ده‌توانێت له ڕێی هاوکار و براده‌ر و هاوڕێکانییه‌وه له خوێندنگه‌که‌یدا وه‌ری بگرێت و ببێته ته‌واوکه‌ری په‌روه‌رده‌ی خێزانه‌که‌ی. نێوه‌ندی خوێندنگه، یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت له نه‌خشاندن و تێکه‌ڵبوونی کارلێکه ده‌روونی و مرۆیییه‌کانی تر له ژیانی مرۆڤه‌کاندا. هه‌روه‌ها شێوه‌ی ڕه‌فتاری کۆمه‌ڵایه‌تی به شێوه‌یه‌کی فراوانتر له‌وه‌ی که له ماڵه‌که‌ی وه‌ری گرتووه، ده‌چێنێت. بۆیه خوێندنگه به شانۆیه‌کی کراوه و دیار داده‌نرێت، که به‌هۆیه‌وه کاریگه‌ری و ئاسه‌واری له‌سه‌ر ڕه‌فتاری مرۆڤه‌کان ده‌نه‌خشێنێت و، به یه‌که‌م مه‌یدان و گۆڕه‌پانی تاقیکردنه‌وه و جێبه‌جێکردن داده‌نرێت که تاکه‌کان به دوور له خێزانه‌کانیان موماره‌سه‌ی ڕه‌فتاره‌کانیانی تێدا ده‌که‌ن. لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک ده‌ری خستووه، که به‌شی کارگێڕیی خوێندنگه‌کان ڕۆڵێکی گه‌وره له پاراستنی خوێندکاران له لادان، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ بوونی که‌ناڵه‌کانی په‌یوه‌ندیکردنی نوێ له نێوان خوێندنگه و خێزاندا، ده‌گێڕن. بۆیه ڕۆڵی هه‌ردووکیان ته‌واوکەری یه‌کترە له ڕووی زیندووێتی و گرنگییه‌وه، به شێوه‌یه‌ک کە خوێندکار ناتوانێت به شێوه‌یه‌کی ڕاست و هاوسه‌نگ گه‌شه بکات، تەنیا له ڕێی ئه‌و ته‌واوکارییه‌وه نه‌بێت؛ چونکه ده‌شێت ئه‌وه‌ی که خوێندنگه بونیادی ناوه، ماڵ بیڕووخێنێت و به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه. ئه‌وکات خوێندکار له دووفاقیدا ژیان ده‌گوزه‌رێنێت، یان متمانه‌ی پێیان نامێنێت؛ بۆیه به‌ناچاری به دوای سه‌رچاوه‌یه‌کی تردا، ڕووه‌و کۆمه‌ڵێک هاوڕێی دیکه ده‌گه‌ڕێت. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی خوێندنگه نێوه‌ندێکه بۆ به‌یه‌کگه‌یشتن له‌گه‌ڵ خێزانی خوێندکاره‌کاندا، به چەشنێک که ده‌بێ مامۆستاکان سه‌ردانی ماڵی خوێندکاره‌کانیان بکه‌ن، به شێوه‌یه‌ک که که‌متر نه‌بێت له دوو جار له ساڵێکی خوێندندا. ئه‌وه‌یش به مه‌به‌ستی هێنانه‌دیی به‌یه‌کگه‌یشتن و مانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خێزانه‌کاندا و ناسینی ژینگه‌ی خێزانییان که تێیدا ده‌ژین و، ئەمە مه‌سه‌له‌یه‌که یارمه‌تیده‌ری مامۆستا ده‌بێت بۆ تێگه‌یشتنی زیاتر له که‌سایه‌تیی خوێندکاره‌کانی، پاشان توانای ئاراستە‌کردنیان به شێوەیه‌کی باش.
له نێوان په‌روه‌رده‌ی خێزان و خوێندنگه‌دا:
وێڕای گرنگیی ته‌واوکاری له نێوان خێزان و خوێندنگه‌دا بۆ سه‌رکه‌وتنی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و فێربوون، به‌گشتی له کۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتیدا به‌شداریی دایک و باوک له چالاکیی خوێندنگه‌دا له ئاستێکی لاوازدایه، یان ده‌توانم بڵێم به‌گشتی هیچ بەشدارییەکیان نییه. ئه‌وه‌یش به هۆی چه‌ند فاکته‌رێکه‌وه‌یه، له‌وانه:
پێواری ڕۆشنبیریی ته‌واوکاری له نێوان خوێندنگه و خێزاندا: پلاندانه‌رانی خوێندنگه‌کان و سه‌رپه‌رشتیارانی خوێندن به‌گشتی به شێوه‌یه‌کی ته‌واو له‌مباره‌یه‌وه بایه‌خ به پلانه‌کانیان ناده‌ن، به مه‌به‌ستی درێژکردنه‌وه‌ی پردی په‌یوه‌ندی و هاوکاریی نێوان خێزان و دامه‌زراوه‌کانی فێربوون. ته‌نانه‌ت له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌دا، به دامه‌زراوه‌کانی ڕاگه‌یاندن و کۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یییه‌وه، به‌که‌می بایه‌خی پێ ده‌ده‌ن، یان له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه قسه ده‌كه‌ن؛ ئه‌مه وێڕای گرنگییه‌که‌ی و، هاوکات مه‌ترسیدارییه‌که‌یشی. هه‌روه‌ها متمانه‌نه‌بوونی دایکان و باوکان به تواناکانیان، به‌مه‌به‌ستی به‌شداربوونیان لە چوارچێوه‌ی فه‌زا و ژینگه‌ی خوێندنگه‌کاندا، به‌هۆی لاوازیی ئاستی توانایان له ڕووی زانیاریی ته‌واو و پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و فێربوونه‌وه، تا بتوانرێت کارلێکی ته‌واو پێک بێت له نێوان خێزانی خوێندکاره‌کان و خوێندنگه‌کاندا، لایه‌نێکی تری بابه‌ته‌که‌یه. به‌پێچه‌وانه‌یشەوە، هه‌میشه به‌رگریکردن هه‌بووه له لایه‌ن مامۆستایان و ڕاهێنه‌رانه‌وه بۆ هه‌ر به‌شدارییه‌کی خێزان له چالاکیی خوێندنگه‌کاندا، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه له ڕووی بێسوودیی هه‌وڵه‌کانیان له ڕووی کارلێککردنه‌وه، یان به‌شداربوونیان له‌گه‌ڵ خوێندنگه‌کاندا، تێڕوانینێکی خراپی له ده‌روونی باوانه‌کاندا به‌دی هێنا. هه‌روه‌ها لاوازیی ڕۆحی هاوکاری له‌ناو به‌ڕێوه‌بردنی خوێندنگه‌دا، به شێوه‌یه‌ک تا ئێستا زۆربه‌ی به‌رێوه‌به‌ره‌کان وای ده‌بینن که باوان ئاره‌زووی هاوکاریکردنیان له‌گه‌ڵ خوێندنگه‌دا هه‌یه، وه‌ک کێبڕکێیه‌ک بۆ کاره‌که‌یان، که ڕێگری له ڕه‌وڕه‌وه‌ی کرداری فێربوون ده‌کات. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌ت بۆ به‌شداریی باوان له کاری خوێندنگه‌که‌دا ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه؛ به ڕادده‌یه‌ک کە تا ئێستا هاوشێوه‌ی به‌ندیخانه‌کان، ده‌وروبه‌ری زۆرێک له خوێندنگه‌کان به ته‌لبه‌ندی و دیوار و ڕا‌یه‌ڵه گه‌مارۆ دراون له کۆمه‌ڵگه‌که‌ماندا، که به‌گشتی له چوارچێوه‌ی فه‌زاکانی ده‌ره‌وه دایان ده‌بڕێت.
ئامرازه‌کانی به‌شداربوون:
به‌هێزکردنی به‌شداری، له چه‌ند مه‌ودا و ئامراز و لایه‌نێکه‌وه ده‌بێت. تەنیا ڕێگه‌یه‌ک نییه بۆ به‌شداریی باوان له کاری خوێندنگه‌کاندا، به‌ڵکوو باشتره به‌شداربوونیان له کۆمه‌ڵه ڕۆڵێکی جیاوازدا خۆی ببینێته‌وه. گرنگ شێوه‌ی به‌شدارییه‌که نییه، به‌ڵکوو پلان و به‌رده‌وامبوونیانە، ئه‌وه‌یش وه‌ک: به‌شداربوونیان له ئه‌نجومه‌نی باوکان و دایکاندا، چاوپێکه‌وتن به شێوه‌ی خول، که دایکان و باوکان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ر و مامۆستایان‌دا کۆ بکاته‌وه و، ڕێکخستنی خولی جیاجیا بۆ دایکان و باوکان له خوێندنگه‌کاندا به مه‌به‌ستی ڕۆشنبیرکردن و به‌رزکردنه‌وی ئاستی هۆشیارییان و ئه‌نجامدانی چالاکیی جۆراوجۆر، که ببێته هۆی کۆبوونه‌وه و کۆکردنه‌وه‌ی باوان و مامۆستایان. هه‌روه‌ها پێشکه‌شکردنی هه‌ندێ لەو خزمه‌تگوزارییانەی دایکان پێی ئاشنان، وه‌ک: به‌شداربوونیان له ڕۆژێکی کراوه‌دا بۆ منداڵان، یان نمایش‌کردنی هه‌ندێ لەو خزمه‌تگوزارییانەی، که ده‌کرێت سوودمه‌ند بن بۆ خوێندنگه و، هه‌وڵدان بۆ به‌ستنه‌وه‌ی خوێندنگه به ژینگه‌ی ده‌ورو‌به‌رەوە، یان پێشکه‌شکردنی هه‌ندێ له خزمه‌تگوزارییه‌کانی وه‌ک نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری، هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌رده‌وام سه‌باره‌ت بە پله و ڕادده‌ی به‌یه‌کگه‌یشتنی خوێندنگه و خێزانی خوێندکاران.
فه‌لسەفه‌ی په‌روه‌رده‌ی نێوان مرۆڤه‌کان:
به‌گشتی، له ڕووی ڕه‌گه‌زییه‌وه بوونی جیاوازی له فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌ییدا به‌دی ده‌کرێت، به‌تایبه‌ت له کۆمه‌ڵگه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کاندا. بوونی ئه‌و جیاوازییانه‌یش وا ده‌کات مرۆڤه‌کان پۆلێن بکرێن؛ به ڕادده‌یه‌ک، کە ژنان به پله دووی مرۆڤایه‌تی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کرێت و، هه‌میشه به هۆی ژنبوونیانه‌وه جیاکاری و جیاوازی ده‌بێته بناغه‌ی نێوه‌نده‌کان له ڕووی ئه‌رک و مافه‌کانیانه‌وه. هه‌ر له قۆناغی له‌دایکبوونه‌وه ئه‌و جیاکارییه ده‌رده‌که‌وێت، که هه‌میشه ده‌ره‌نجامه‌کان به‌سه‌ر که‌سایه‌تیی مرۆڤه‌کانه‌وه به شێوه‌یه‌ک ده‌رده‌که‌وێت که بێهێزی، بێتوانایی، بێمتمانه‌یی و بێئیراده‌یی به ژنان ده‌به‌خشێت و پێچه‌وانه‌که‌یشی به پیاوان. نابێت و بڤه‌یە و عه‌یبه و مه‌که ده‌خرێته پاڵ کچان و، کوڕانیش پێچه‌وانه‌که‌ی، که ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له په‌روه‌رده‌کردنی هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌که‌دا ده‌بێت؛ به ڕادده‌یه‌ک، وای له هه‌ندێ ژن کردووه کە ئەو توندوتیژییانەی له لایه‌ن پیاوانه‌وه ڕووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه، به مافێکی پیاوانی بزانن، یان به هه‌ندێ له بێمافییه‌کانیان ڕازی بن، له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌ی به ئه‌رکێکی پیاوه‌که‌ی داده‌نێن. بێ گومان هه‌مووی ئه‌وانه‌یش له دید و بۆچوونی عه‌قڵییه‌تی پیاوسالاری و جیاکارییه‌که‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه.
بوونی ئه‌و جیاوازییانه ئه‌گه‌رچی پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماکانی مافی مرۆڤه، هاوکات ده‌بێته هۆکاری پاشه‌کشه‌کردن به ڕه‌وتی پێشکه‌وتن و گه‌شه‌کردنه‌کانی کۆمه‌ڵگه له گشت بواره‌کانی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و فه‌رهه‌نگیدا. بۆیه به مه‌به‌ستی خۆلادان له دواکه‌وتوویی و په‌راوێزی و پاشه‌کشه‌ی کۆمه‌ڵگه له ئاست تاک و کۆدا، پێویسته ده‌سه‌ڵاتی هه‌ر وڵاتێک به پلانی تۆکمه و ستراتیژیی ڕوون و دیاره‌وه هه‌نگاو بنێت، به مه‌به‌ستی ڕاکێشان و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌رنامه‌کانی بۆ نێو فه‌لسه‌فه‌ی جومگه سه‌ره‌کییه‌کانی حوکمڕانی به‌گشتی و فه‌لسه‌فه‌ی قۆناغه‌کانی خوێندن به‌تایبه‌تی، تا وه‌ک ستراتیژ و به‌رنامه، ڕۆ بچێته‌وه نێو خێزانه‌کان و، دواتر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بێت له هزر و فکر و ڕه‌فتار و هه‌ڵسوکه‌وتی تاکه‌کاندا و، ببێته ته‌واوکه‌ری سه‌رجه‌م نێوه‌ند و دامه‌زراوه‌کانی تری په‌روه‌رده‌کردن، وه‌ک خێزان و ڕاگه‌یاندن و ...، به مه‌به‌ستی پێگه‌یاندنی مرۆڤێکی ته‌ندروست و مرۆڤدۆست و کارامه، که به هۆی پێکهێنانی بناغه‌یه‌کی تۆکمه‌ی په‌روه‌رده‌یییه‌وه دروست ده‌بێت، که بێ گومان به پێگه‌یاندنی مرۆڤه‌کان، وه‌ک ئه‌وه وایه شارستانییه‌ت بۆ هه‌ر کۆمه‌ڵگه و وڵاتێک بونیاد و به‌ردەوامیی هه‌بێت. چونکه په‌روه‌رده کۆڵه‌که‌یه‌کی سه‌ره‌کی و چالاکه، چ له‌سه‌ر ئاستی تاک و چ له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵ، که یارمه‌تیده‌ری نه‌وه دوای نه‌وه ده‌بێت له پێگه‌یاندنی نه‌وه‌یه‌کدا که توانای هه‌وڵ و یارمه‌تیدان و به‌خشینی هه‌بێت، که‌رامه‌تی پارێزراو بێت و هه‌ست به به‌رپرسیارێتیی زیاتر بکات و له‌سه‌ر بنه‌مای مرۆڤبوون مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و‌ی دی‌دا بکات؛ دوور له هه‌موو بنه‌ما‌یه‌کی تری جیاوازی‌دانان له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌گه‌ز بێت، یان ئایین، یان مه‌زهه‌ب و ڕه‌نگ و شوێنی جوگرافی. چونکه تا ئاستی په‌روه‌رده‌ی کۆمه‌ڵگه له به‌رزبوونه‌وه و ئاستێکی باڵادا بێت، ئاستی ئه‌خلاق و به‌هاکان له هه‌ڵکشاندا ده‌بێت، که دواتر به شێوه‌یه‌کی باشتر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت له‌سه‌ر که‌مبوونه‌وه‌ی تاوانه‌کان و ڕووداو و جۆره‌کانی توندوتیژییه‌کان به شێوه‌یه‌کی گشتی، که ئه‌وه‌یش ئه‌رکی هه‌مه‌لایه‌نی پێویسته.
سه‌رچاوه:
1. اهمیة التربیة للفرد و المجتمع، محمد مروان، 2015
2. دور التربية في بنا‌ء المجتمع وتنظيمه وقيادته، صبري المقدسي، 2013