قۆناغ و پێشكەوتنەكان لە كۆمەڵگه‌ی كوردیدا لە ڕووی زانست و تەكنەلۆژییه‌وە بە شێوەیەك گەشەی كردووە، كە ڕۆ چووەتە نێو وردەكاری و درێژەی ژیانەوە، تا ئەو ئەندازەیەی بونیادنان و ڕەوڕەوەی ئابووری بەبێ بوونی توانای شارەزایان تێ ناپەڕێت؛ جگە لەوەی بەڕێوەبردنی یەكەكانی بەرهەمە گشتی و تایبەتەكان بە گشت جۆرەكانیانەوە، بەبێ بوونی پسۆڕییەكان، هەر تەنیا بە هەڵگری خاوەن بڕوانامەی زانستی بەڕێوە ناچن، بەڵكوو مەرجدار دەكرێت بە زانین و شارەزایییەوە. بۆیە لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا سەركردەكان تەنیا كاریزمای سیاسی نین، بەڵكوو بوونەتە سەركردەكانی بەڕێوەبردنی زانین و نوێبوونەوە، كە بۆ بەڕێوەبردنی ڕەوڕەوەكە و ئاراستەكردنی، پشت بەو عەقڵە زانستییە شارەزایانە دەبەستێت. بۆیە بەڕێوەبردنی ئەو سیسته‌مە، كەسانی تەكنۆكرات دەخوازێت، بۆ ئەوەی لە پێناو داخوازییەكانی سەردەمدا لە لووتكەی بەڕێوەبردندا بن. لێرەدا چه‌ند پرسیارێک دێنە ئاراوە، كە ئاخۆ ته‌کنۆکرات چییه؟ حکوومەتی تەكنۆكرات چۆنه؟ چۆن ده‌توانن له فه‌رمانڕه‌وایه‌تی و گه‌شه‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵگه‌دا ڕۆڵ بگێڕن و، ئایا ته‌کنۆکراته‌کان ده‌توانن چارەسەری دۆخی ئێستای باشووری كوردستان بكه‌ن؟
تەكنۆكرات چییه؟
تەكنۆكرات، وشەیەكی لێکدراوە، سه‌رچاوه‌که‌ی یۆنانییە، بە مانای پیشەساز، "تەكنیكی" یان هونەری دێت و، لە دوو وشەی یۆنانی پێك هاتووە: ''تەكنەلۆژی'، بە مانای زانین، یان زانست و، ''کرات''، بە مانای دەسەڵات، کە مەبەست لێی حوكمكردنی كەسانێكی خاوەن شارەزایی و پسپۆڕیی زانستی و تەنكنیكییە؛ واتە دەسەڵاتی چینی زانستیی تەكنیكیی پسپۆڕیی ڕۆشنبیر.
فەلسەفە ماددەی سەرەكیی تەكنۆكراتە و، پشتگیرییەكەی بنەما زانستییەكەی و كەڵەكەبوونی شارەزایییە لە بڕیارسازیدا و تواناسازییە بەسەر پلانداناندا. بەو واتایەی، دەتوانرێت ڕۆڵی تەكنۆكرات بەوە شی بكرێتەوە کە گوتراوە: ''مرۆڤی شیاو بۆ شوێنی شیاو''. واتە تەكنۆكراتی، عەقڵێكی دامەزراوەیییە، نەك كەسێك، كە سەنتەرێك، یان وەزیفەیەك داگیر بكات و بە هۆی عەقڵەكەیەوە شەرعییەتی دەستووری و یاسایی وەربگرێت، بۆ ئەوەی باڵادەست بێت. چونكە بوونی عەقڵییەتی ئەزموونداری و مومارەسەكردنی مەیدانییە، كە دەبێتە هۆی پەیدابوونی شارەزایی و، ئەمانە وەك دوو مەرجی سەرەكین لە كەسایەتیی تەكنۆكراتەكاندا.
خه‌سڵه‌ته‌کانی حکوومەتی تەكنۆكرات:
حکوومەتی تەكنۆكرات، حکوومەتێكی پسپۆڕی ناحزبییە، كە لایەنگری لە هەڵویستی هیچ حزبێك ناكات. ئەم جۆرە حوكمڕانییە لە كاتی ناكۆكییە سیاسییەكاندا بەكار دەهێنرێت، بۆ نموونە: پسپۆڕێک لە بواری ئابووریدا، دەكرێت ببێته وه‌زیری بواری ئابووری، ئەوی تری پسپۆڕ لە بواری تەكنەلۆژیدا، ببێته وه‌زیری وەزارەتی گەیاندن و، که‌سێکی دیی شارەزا و دیار لە بواری پزیشكیدا، دەكرێ به‌رپرسیارێتیی وەزارەتی تەندروستی بگرێته ئه‌ستۆ.
لە ڕووی بیروباوەڕەوە حکوومەتی تەكنۆكراتی پشتئەستوورە بە كەسانی خاوەن توانا و شارەزا و بەئەزموونی زانستی لە بڕیاردان و سەركردایەتیكردندا، كە ئەوە یەكێكە لە ئامرازەكانی دەربازبوون لە تەنگانە و، بێ گومان هەر دەوڵەتێك لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەكانی و چارەكردنی كێشە هەڵپەسێردراو و ئاڵۆزەكانیدا، ڕێ بە تەكنۆكراتەكان دەدات بۆ توانای بڕیاردانی دروست. ئەمە وای له دەوڵەتی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی کرد که پشتی پێ بەست و، ئێستا لە بواری ئاوەدانكردنەوە و گەشەكردنی شارستانیدا بازدانێكی زۆری بەخۆوە دیوه؛ له کاتێکدا لە سەرەتای حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا بیابان بوو. شاری "دوبەی"یش، وەك لادێیەكی بچووك وا بوو، بەڵام بە زیرەكی و لێزانین و خه‌مخۆریییەوە، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لە كۆتاییی حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا، بۆ هاوكاریكردن لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیاندا پشتیان بە شارەزایانی تەكنۆكراتی بێگانە و ڕێكخراوە نیودەوڵەتییەكان بەست.
حکوومەتی تەکنۆکراتی لە دوخێكدا دێتە كایەوە، كە دەوڵەت پێویستیی بە حکوومەتێكی زانستی- تەكنیكی هەبێت و، هەر لە سەرەتاوە كار لەسەر لێكۆڵینەوەی دۆخی دەوڵەت لە ڕووی ئابووری و پیشەسازی و كشتوكاڵییەوە دەكات، بۆ دۆزینەوەی چارەی خێرا و زانستییانە بۆ كێشە و قەیرانەكان. زۆربەی ئەو حکوومه‌تانەیش ناحزبی دەبن و، بەرنامەكانیان پەیوەست دەبێت بە چارەکردنی كێشەكان و باشترکردنی دۆخه‌که‌وە لە سه‌رجه‌م بوارە جیاجیاكانی کۆمه‌ڵگه‌دا؛ بە جۆرێك لە جۆرەكانیش، بەدوور دەبن لە تەركیزخستنە سەر سیاسەتی گشتیی باو. بەگشتی ڕۆڵیان لە گۆڕینی ئاراستەی میللەت و دانیشتووانەكەیدا هەیە و، دەوڵەت لە دۆخی خراپەوە بۆ دۆخی باشتر ده‌بات. بۆ نموونە، ''وڵاتی چین''، كە گەورەترین وڵاتی جیهانە و زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی دنیای لەخۆ گرتووە و لە سەردەمی ''ماوتسی تونگ''ه‌وه، دوای شۆڕشی چین، کە خۆی و كۆمەڵێك لە سەركردە شۆڕشگێڕ و سەربازییەكان حوكمیان كرد و پشتیان بە تەکنۆکراتەكان نەبەست و، ئەو هه‌ڵوێسته‌یان بووه هۆی پاشەكشەكردنێکی زۆر لە ڕووی ئابووری و پیشەسازییەوە و بە هۆی لاوازیی سیاسی و كەمیی شارەزاییی زانستییانه‌وە تا سەردەمی ''دینج شیاو بینج''، كە لە كۆتایییەكانی حەفتاكاندا سەردەمەكەی دەستی پێ كرد و بەرنامەیەكی نوێی پیادە كرد و دەستی كرد بە ڕه‌وانه‌کردنی نوێنه‌ر بۆ خوێندن له زانكۆكانی ڕۆژاوادا به مه‌به‌ستی فێربوونی زانستە جیاوازەكان و، له كاتی گەڕانەوەیشیاندا بۆ بونیادنانی حکوومەت و چارەکردنی كێشەكان و قه‌یرانه‌کان پشتی پێیان بەست. ئەوەیش لە ساڵەكانی هەشتاوە تا ئێستا، بووە هۆکاری پێشكەوتنی بەرچاو و دیار لە گشت بوارەكانی پیشەسازی، ئابووری و كشتوكاڵیی چیندا.
ئەركی حکوومەتی تەکنۆکراتی، خۆی لە پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان و بەدیهێنانی بەرنامەكانیدا دەبینێتەوە و لە ڕووی بیروباوەڕ و سەركردایەتیكردن و دیاریكردنی چارەنووسەوە توانای هەیە و، ئەو توانایە لە ڕێی كەسایەتیی شارەزا و ئەكادیمی و زانستییەوە بەکار دێنێت. هەروەها، پشت بە سەنتەرەكانی لێكۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی و دامەزراوەكانی ڕاگەیاندن و ئامار و داتاكان دەبەستێت؛ جگە لەوەی لە بڕیارەكانیشیدا مەركەزییەت بەكار ناهێنێت و، هه‌روه‌ها لە ڕێی بڕیارێكی باڵا و سەرووه‌وە بڕیار لە چارەنووسی میللەتەكەی نا‌دات. بۆیه ئەم جۆره حوكمڕانییە لە دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستاندا، تاكە چارەیە بۆ دەرچوون لە قەیران و كێشەكانی نێوان حزبە سیاسییەكانی ئەمڕۆی گۆڕەپانی هەرێم، که حکوومه‌ت و په‌رله‌مانیان پێک هێناوه.
هەموو ئەو بنەمایانەیش، بوونه هۆی ئه‌وه‌ی که دەوڵەتی ئیمارات كاری لەسەر كرد و، ئێستا بووەته دەوڵەتێكی زۆر پێشكەوتوو لە ڕووی ئاوەدانكردنەوە و پێشكەوتنی شارستانەتییەوە. لە ئەوروپا، دوای نیوەی سەدەی بیستەم، تەكنۆكراتی، وەك کۆمه‌ڵه‌یه‌کی فكری و دامەزراوەیەكی زانستی هاتە كایەوە. لەو ڕوانگەیەوە کە تەنكنۆكراتی فەلسەفەیەكە، ماددە سەرەكییەكەی و پشتیوانییەكەی، ڕێسا زانستییەكەیەتی و كەڵەكەبوونی شارەزایییە لە وەرگرتنی بڕیارە گەورەكان و تواسازی لە پلانداناندا؛ واتە زاڵێتیی دەسەڵاتی زانست و تواناسازی.
كەسانی تەكنۆكرات:
تەكنۆكراتەكان لە ڕووی زانست و پسپۆڕییانەوە لە بواری خۆیاندا دەستەبژێرێكی ڕۆشنبیرترن و، دەتوانن لە ڕێی لێكۆڵینەوەوە بارودۆخ بخوێننەوە و، پاشان پلانی گشتی بۆ چارەی ئامرازەكانی ڕەوڕەوەی پێشكەوتن دابنێن. ئەوانەن كە خاوەن عەقڵە زانستییەكەن. نەك تەنیا خاوەنی بڕوانامە، بەڵكوو شارەزان و توانای داهێنانیان هەیە و، بە زۆری كەسانێكن کە ئینتمایان بۆ حزبی سیاسی نییە، یان كەمتر پێوەی سەرقاڵن. جیاوازیی نێوان ته‌کنۆکراتی و دیموکراسی له‌وه‌دا به‌دی ده‌کرێت که که‌سه هه‌ڵبژێردراوه‌کان بۆ شوێنی سه‌رکردایه‌تی، له ڕێی پرۆسه‌یه‌که‌وه ده‌بێت که توانا و پسپۆڕی و کارامه‌یییان په‌یوه‌ندیداره به‌و پۆسته‌وە کە پێیان ده‌درێت. ئه‌وەیش سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کیی بابه‌ته‌که‌یه، که وا ده‌کات کاره‌کان زیاتر له به‌رژه‌وه‌ندیی دانیشتوواندا خۆیان ببیننه‌وه و، بێ گومان بڕیاره‌کانیشیان که له ڕێی حکوومه‌ته‌وه وه‌ری ده‌گرن، پشت به‌و زانیارییانه‌وه ده‌به‌ستێت كه له ڕێی به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌ت و ڕوونه‌وه وه‌ری ده‌گرن، به‌ده‌ر له ڕا و بۆچوونه‌کان.
مێژووی وشه‌ی ته‌کنۆکرات:
داهێنانی وشه‌ی ته‌کنۆکرات، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ فکری ئه‌ندازیارێک له کالیفۆرنیا، به ناوی ''ویلیا‌م هێنری سمیت'' له ساڵی 1919دا بۆ وه‌سفی ''حوکمی میلله‌تی چالاک'' و، له ساڵی 1930دا و به هۆی کاریگه‌ریی ئه‌ندازیار ''هاوارد سکوت'' و بزووتنه‌وه‌ی ته‌کنۆکراتییەوە، که دایمه‌زراند، وای لێ هات مه‌به‌ست لێی بریتی بێت له ''حکوومه‌تێک، که بڕیاری زانستی و ته‌کنیکی ده‌دات''. ته‌کنۆکراتی، بوو به بزووتنه‌وه‌یه‌کی میللی له ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، ئه‌و کاته‌ی خه‌ڵک پێیان وا بوو که پسپۆڕان و ته‌کنیکییه‌کانی وەک ئه‌ندازیاران و زانایان، باشترن له سیاسییه‌کان.
تەکنۆکراتی، بزووتنەوەیەكە، ساڵی 1932 لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەستی پێ كرد و، تەکنۆکراتەكان لە ئەندازیار و ئابووریناسانی سەرقاڵ بە زانستەكان و بیناسازییەكان پێك هاتن؛ لەو ڕوانگەیەوە کە لایەنە ئابوورییەكانی سیسته‌می كۆمەڵایەتی، هێنده‌ی ئاڵۆزییەكە كە سیاسەتمەداران ناتوانن لێی تێ بگەن، یان بەسەریدا زاڵ بن. بۆیە پێویستی دەكرد بەڕێوەبردنی كاروباری ئابووری بچێتە ژێر ڕكێفی زانایان و ئەندازیاران و پسپۆڕانەوە.
نووسەری فەڕەنسی، ''ژان ویلیا‌م لاپییه‌ر''، لە كتێبی ''الثورە والتكنوقراطیة''دا باس لە ڕۆڵی تەكنۆكراتەكان دەكات لە داڕشتنی ناسنامەی كۆمەڵگەی فەڕەنسی لە ماوەی سێ كۆمارە یەك لە دوای یەكەکانی حوكمڕانیدا، كە تیایدا باسی له چۆنێتیی بەشداربوون ده‌كرد لە داڕشتنی ئه‌و بڕیارانه‌ی ده‌بنه هۆکاری سوودمەندبوون لە پیادەكردنی دەسەڵاتی ڕاستەقینەی حوکمڕانیدا. بەڵام ئەو عەقڵییەتەی كە لە دەستكەوتەكانی تەكنۆكراتدا هه‌یە، مەرجی بنەڕەتییە كە هەر وێنایەكی لەسەر بونیاد دەنرێت بۆ نوێبونەوەی كۆمەڵگە؛ لەو ڕوانگەیەوە کە تەكنۆكراتی بریتییە لە عەقڵێكی بونیادنەر، نەك كەسێك، کە شوێنێك، دامه‌زراوه‌یه‌ک، یان وەزیفەیەك داگیر بکات.
گرنگیی ته‌کنۆکرات له باشووری کوردستان:
واقع و پێكهاتەی كۆمەڵگەی كورد لە ڕووی شڵەژان و ناسەقامگیریی ئەمن و ئاسایش، گەندەڵیی كارگێڕی و بەڕێوەبردن، نەبوونی دەستوور، پەرتەوازەییی كۆمەڵایەتی، نەبوونی سیسته‌م، زاڵێتیی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و خێڵەكی و ئایینی و ناوچەگەرێتییه‌وه و، هەموو ئەوانە وا دەكەن کە بیر لە گۆڕانكاری و ئەلتەرناتیڤی تر بكرێتەوە بۆ حوكمڕانی. لەبەر ئەوەی چەندین ساڵە عەقڵییەتی سیاسی و حزبیی خاوەن ئەزموونێكی كەموكورتی پیشەیی و باکگراو‌ندێكی زانیاری و زانستیی ئاسایی بەڕێوەی دەبات و، پێویستیی زۆری بە خوێندنەوەی بابەتییانە و توێژینەوەی جددی هەیە، تا له قەبارەی زیان و کێشه‌کان و هۆكارەكانی ورد ببێتەوە و، پاشان لەو ڕوانگەیەوە ئەولەوییاتەکان و خاڵی دەستپێكردن دیاری بکات و، هەنگاوی چارەكان ڕووه‌و گەشە و بونیادنانی ژێرخانی ئابووری و مرۆیی بنێت. بەڵام بێ گومان، بوونی ململانێی حزبەكان و تەكەتولاتی نێوان خۆیان، بووە هۆی ڕوونەدانی ئەو واقعە و، بەوەش پێشكەوتنەكانی دوا خست و وەزیفە و پۆستەكانیش بە شێوەیەك دابەش بوون، كە هەندێ جار دەگاتە ئەو ڕاددەیەی هەڵگری خاوەن بڕوانامەیەكی دیاریكراو، لە بەڕێوەبردنی پسپۆڕییەكی جیاوازتر لە پسپۆڕییەکەی خۆی كار بكات و، لە هاوشێوەی ئەو نموونانه‌یشەوە پرسیارێك دێتە ئاراوە، کە چۆن نەخوێندەوارێكی نەزان، یان نیمچەخوێندەوارێك دەتوانێت دامەزراوەیەكی نوێ بەڕێوە ببات؟
بۆیە بۆ ئەوەی بتوانین هەموو که‌سانی بەتوانا و پسپۆڕییەك لە كاری شیاودا بەکار بێنین، پێویستە لە لووتكەی هەڕەمەكەوە ڕەوایەتیی پێ بدرێت و، بۆ فەرمانڕەواییكردنی وڵات ڕێ بە كەسانی تەكنۆكرات بدرێت؛ چونكە بوونی ژێرخانی عەقڵی و مومارەسەكردنی، مەیدانێكە شارەزایی بەرهەم ده‌هێنێت و دوو مەرجی سەرەكین بۆ نه‌خشاندنی ئەركی تەكنۆكرات.
بۆیە هەوڵدان بۆ هاتنەكایەوەی حکوومەتی تەكنۆكرات، كاری جددی و عەقڵییەتی دەسەڵاتدارانی پێویستە، بەتایبەت لە لایەن سەركردایەتیی حزبەكانەوە، چونكە بوونی ئەم جۆرە ئاراستەیە، دەبێتە فاكتەرێكی چارەکردن بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و خزمخزمێنە و ناسیاریگەری بە گشت شێوەكانییەوە؛ جگە لەوەی هەنگاوێكی كاریگەر و فیعلییە بۆ بەگەڕخستنی کار و بەرپرسیارێتی لە لایەك و، كاركردنی كەسانی خاوەن توانا و شارەزایان لە بوارە جیاجیاكاندا له لایه‌کی دیکه‌وه. بەوەیش، دۆخی كوردستان لە حاڵەتی دواكەوتوویییەوە دەگۆڕێت بۆ گەشەسەندن و، دەرفەت بۆ بەگەڕخستنی كرداریی وەبەرهێنانێكی فیعلیی دروست لە كوردستاندا واڵاتر دەبێت.
گەیشتنی هەرێمی كوردستان لە دوای ساڵی 1991ەوە به‌تایبه‌تی و، وڵاتی عێراق دوای ساڵی 2003 بەم دۆخەی ئێستا، بە درێژاییی مێژووی حوكمڕانی، بەڵگەی ئەو ڕاستییه‌ن کە پێكهاتەی سیاسی بە گشت هاوپەیمانێتییەكانیانەوە و لە ئاستی گشت حزبە سیاسییەكاندا، ناتوانێت سەركردایەتیی وڵات بەڕێوە ببات؛ چ لە ئاستی عێراق بە گشت پێکهاتە نەتەوەیی، مەزهەبی، حزبی و خێڵەكییەكەیه‌وە و، چ لە ئاستی واقعی هەرێمی كوردستاندا بە گشت پێكهاتە جیاجیاكانی حزبە سیاسییەكانەوە، كە ئێستا پێكهاتەی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمیان پێك هێناوه و دۆخه‌که‌یان گه‌یاندووەته دۆخی پاشه‌کشه‌کردن له گشت ئاسته ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی، ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌یییەکاندا،؛ تا ئه‌ندازه‌ی قووڵبونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌کان له سه‌رجه‌م ئه‌و بوارانه‌دا و لێکه‌وتنه‌وه‌ی چه‌ندین کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی و ته‌ندروستی و هتد.
بێ گومان هه‌مووی ئه‌وانه‌یش له ئه‌نجامی که‌ڵه‌که‌بوونی کێشه‌کان، په‌ککه‌وتنی په‌رله‌مان، زاڵێتیی هه‌یمه‌نه‌ی حزب له گشت نێوه‌ند و بواره جۆربه‌جۆره‌کاندا، کارنه‌کردن به دامه‌زراوه‌ی سه‌ربه‌خۆ، ناسه‌روه‌ریی یاسا و قووڵبوونه‌وه‌ی له‌ڕادده‌به‌ده‌ری گه‌نده‌ڵی، وەدی هاتوون. بۆیه هه‌مووی ئه‌م دۆخه له واقعی باشووری کوردستاندا وا ده‌خوازێت، کە سه‌رله‌نوێ به بونیادنانه‌وه‌یه‌کی نوێ و به حکوومه‌تێکی ته‌کنۆکراته‌وه ڕووبه‌ڕووی سه‌رجه‌م ئه‌و کێشانه ببێته‌وه و، نیشتمان و هاووڵاتیان له‌و قه‌یران و قورسایییانه‌وه، بۆ دۆخێکی ئارام و جێگیر و گه‌شه‌کردوو ده‌رباز بکات.
سه‌رچاوه‌کان: