نەتەوەسازی لە چوارچێوەی دەوڵەتسازیدا

دەستپێک

یەکێک لە بابەتە نوێیه‌کان، بریتییە لە کاریگەرییەکانى پرۆسەی نەتەوەسازی لەسەر پرۆسەی دەوڵەتسازی. بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە لەم پەیوەندییە تێ بگەین کە نەتەوە بە دەوڵەتەوە گرێ دەدات و، چۆن ئەو پەیوەندییەى نێوانیان گەشەی بەخۆیەوە بینیوە. دەبێ لەوە تێ بگەین کە پەیوەندیی دەوڵەتسازی بە نەتەوەسازی، چۆن لە حاڵەتی پێکدادان و دژایەتییەوە، دەگۆڕێت بۆ حاڵەتی کارلێککردن و یەکترتەواوکردن و گەیشتن بە سەقامگیریی تەواو. یەکێک لە پێداویستییە سەردەمییەکان ئەوەیە کە پێویستە سنووری جوگرافیی دەوڵەت، لەگەڵ ئاستی پێگەیشتووییی نەتەوەدا هاوشان و هاوتەریب بێت. گومان لەوەدا نییە کە دەوڵەت و نەتەوە دەشێ پرۆژەی جیاوازیان هەبێت، هەروەک چۆن دەشێ جۆرێک لە پێکدادان لە نێوان پرۆژەکانیان هەبێت؛ بەڵام ئەم پێکدادانە گەورەترین کاریگەری لەسەر پێشکەوتنی کۆمەڵگە دروست دەکات.

لە حاڵەتێکی لەم شێوەیەدا هێز و تواناکان لە بری بەکارهێنانیان لە پرۆسەی گەشەسەندن، لە پرۆسەی دواکەوتن بەکار دێن. کارکردن بە ئاراستەی یەکخستنی پرۆژەکانى دەوڵەت و نەتەوە، کۆمەڵگە بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتنی وا دەبات کە زەمینەی حوکمڕانییه‌کی باش و سەقامگیری تێدا دروست دەبێت. پرسیاری سەرەکی لێرەدا بریتییە لەوەی، ئایا نەتەوە و نەتەوەسازی چۆن دەتوانن لە پرۆسەی دەوڵەتسازیدا بەشدار بن؟ یەکگرتووییی نەتەوە و لێکترازانى نەتەوەیی، چ کاریگەرییەکیان لەسەر پرۆسەی دەوڵەتسازی دەبێت؟ هاوکات لەگەڵ ئەمەدا، گرنگە بپرسین نەتەوە چۆن دەتوانێ سەربەخۆ بێت؟ دەوڵەت و نەتەوە بە چ شێوەیەک دەتوانن لە هاوکێشەی سەربەخۆیییەکی تەواوکەردا بەیەکەوە بن؟

نەتەوە و نەتەوەسازی

نەتەوە لە ڕووی چەمک و زاراوەوه‌ چەندین مانا و گوزارشتی هەیە. سەرەتاییترین تێگەیشتن لەسەر نەتەوە، بریتییە لەوەی كه‌ نەتەوە لە کۆمەڵێک کەس كه‌ لە ڕووی مێژوویییەوە پێكه‌وه‌گرێدراون، نەوەک لە ڕووی ڕەگەزی و ئایینییەوە. ئەم کۆمەڵە کەسە چەند شتێکی هاوبەش لە نێوانیان هەیە کە بریتین لە: زمانى هاوبەش، خاکێکی هاوبەش، ژیانێکی ئابووریی هاوبەش و پێکهاتەی دەروونیی هاوبەش؛ ئەم خاڵە هاوبەشانە ڕۆڵیان لە دروستکردنی کەلتوورێکی هاوبەشدا هەیە. بەڵام ئەم تێگەیشتنە سەرەتایییە لە نەتەوە، گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە؛ لە کۆمەڵگە و دەوڵەتە هاوچەرخەکاندا شتێک نەماوە بە ناوى هاوبەشی لە زمان و مێژوو و ڕەگەز و ئایین. پێكهاته‌ی زۆربەی وڵاتانی ئێستا کۆمەڵێک کەمینەی زۆر جیاواز لەخۆ ده‌گرێت، کە ئه‌و كه‌مینانه‌ هیچ پەیوەندییەکیان بە مێژوو و خاکی ئەو وڵاتەوە نییە. کەواتە تێگەیشتن لە نەتەوە، پێویستیی بە فراوانکردنی سنووری ئەو تێگەیشتنە کلاسیکییە هەیە کە نەتەوە بە کۆمەڵێک شتی هاوبەش گرێ دەدات.

لە دواى پەیماننامەی وێستفالیا و دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی، نەتەوەیش گۆڕانکاریی بەسەر ستراکچەرەکەیدا هاتووە و ڕەهەندی نوێی بۆ زیاد بوو، کە گرینگترینیان ڕەهەندی دامەزراوەیییە. نەتەوە بە مانا نوێیەکەى، پێویستیی بە سروشتێکی دامەزراوەیی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێ لەگەڵ نەتەوەکانى دیکە هاوشان بێت. ئەم تێزە بۆ نەتەوە بێدەوڵەتەکان زۆر بەڕوونی دەردەکەوێت. ئەو نەتەوانەی دواى دروستبوونی دەوڵەت دروست بوونە، یان ئەو نەتەوانەی دەوڵەتێکیان هەیە، بەشێک لە سروشتی دامەزراوەییی دەوڵەت وەردەگرن و جۆرێک لە ڕێکخستنیان دەبێت کە یارمەتییان دەدات گەشە بکەن و، خۆیان بەئاسانی لەگەڵ قۆناغە جیاوازەکان بگونجێنن. بەڵام ئەو نەتەوانەی نەبوونە خاوەن دەوڵەتێک و، ئەو نەتەوانەی خرانه‌ چوارچێوەی دەوڵەتێک کە نەتەوەیەکی نامۆ و دژی تێدا باڵادەستە، بۆ مانەوە بەگشتی و پەیداکردنی سروشتی دامەزراوەیی بەتایبەتی، ئەرکی قورستریان لەسەر شان دەبێت. نەتەوە بێدەوڵەتەکان پێویستییان بە ڕێکخستن هەیە، بۆ ئەوەی بتوانن بەرگەی ئەو شەپۆڵانە بگرن کە بە ئاراستەى لاوازکردنیان دەجووڵێنەوە.

نەتەوە لە هەر بارێک و لە هەر قۆناغێکدا بێت، پێویستیی بە پرۆسەیەکی بنەڕەتی و بنیاتنەرە، کە پێی دەگوترێت نەتەوەسازی. ئەم پرۆسەیە هاوکاریی نەتەوە دەکات بۆ ئەوەی هەمیشە خۆی نوێ بکاتەوە و، لەگەڵ سەردەم و قۆناغە جیاوازەکاندا خۆی بگونجێنێ. بەڵام دەبێ ئەوەیشمان لەبەرچاو بێت کە پرۆسەی نەتەوەسازی، تەنیا پەیوەست نییە  بەو نەتەوانەی هێشتا نەبوونەتە خاوەن دەوڵەت، بەڵکوو پرۆسەیەکی درێژخایەن و بەردەوامە؛ بەر لە دروستکردنی دەوڵەت دەست پێ دەکات و، بە دامەزراندنی دەوڵەتیش دەچێتە قۆناغێکی هەستیار و، لە فۆرمێکی ڕێکخراوتردا دەردەکەوێت. گەر بەخێرایی سەیری وڵاتە بەهێزەکانى دونیا بکەین، دەبینین زۆرترین بایەخیان بە بابەتی نەتەوەسازی داوە و هەمیشە بەشێکی زۆری ستراتیژییەتەکانیان بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کردووە؛ پەرەپێدانى ئاسایشی نەتەوەیی، بەشێکی دانەبڕاوی پرۆسەی نەتەوەسازییە. کەواتە ئەم پرۆسەیە جگە لەوەی گرەنتییەکە بۆ مانەوە و بەردەوامبوونی نەتەوە، لە هەمان کاتدا کاریگەرترین فاکتەرە بۆ سەقامگیربوونی دەوڵەت و بەهێزبوونی دەوڵەت؛ هەروەها بۆ هێنانەکایەی کەشێکی دیموکراسییش گرنگە. تەنانەت هەندێ بیرمەند پێیان وایە دیموکراسی ناتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێ بەبێ نەتەوە. بۆ نموونە "ئالان تۆرێن" دەڵێت: "دیموکراسی، بەبێ ئینتما بۆ گرووپێکی سیاسی و نەتەوەیەکی بەهێز، بوونی نابێ". تۆرێن دەگاتە ئەو دەرەنجامەى کە ئینتما بۆ نەتەوە، کە بەشێکی گەورەی پرۆسەی نەتەوەسازییە، یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی هاتنەکایەی دیموکراسی. هەر لەم چوارچێوەیەدا مافی بڕیادانی چاره‌نووس بە شێوەیەکی دیموکراسییانە بەرهەم نایەت، ئەگەر خەڵکی دەوڵەتێک نەبنە یەک نەتەوەی بەهێز کە توانای ئەوەیان هەبێـت داهاتووی خۆیان دەستنیشان بکەن. ئەم بەهێزبوونی نەتەوەیش تەنیا لە ڕێگەى پرۆسەی بەردەوامى نەتەوەسازییەوە دەبێت. کەواتە ئینتیما بۆ نەتەوە کە خۆی لە یەکگرتنی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا دەبینێتەوە، سیستەمێکی دیموکراسیی هاوچەرخ بەرهەم دینێت، کە توانای سەربەخۆییی هەبێت.

پرەنسیپەکانی پرۆسەی نەتەوەسازی

پرۆسەی نەتەوەسازی بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت، پێویستە پێنج پرەنسیپ لەخۆ بگرێت:

١- هاوبەشی (Partners): نەتەوەسازی، پێویستیی بە هاوبەشیی هەموو لایەک هەیە. پێویستە پەیوەندییەکی بەردەوام لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی کۆمەڵگە هەبێت و بە هیچ جۆرێک دابڕان و پەراوێزخستنی بەشێک لە کۆمەڵگەى تێدا نەبێت. ئەم پرەنسیپە ڕەهەندە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانى نەتەوەسازی دەردەخات.

٢- بەردەوامی: کۆمەڵگەى مرۆیی، سروشتێکی هەیە کە ناتوانێ هەمیشە لەسەر فۆرمێکی جێگیر بمێنێتەوە. بۆیە پێویستە نەتەوەسازی لەگەڵ گۆڕانی فۆرمی کۆمەڵگە بەردەوام بێـت و، لە پرۆسەی پێشکەوتن دانەبڕێت.

٣- چارەسەرکردنی کێشەکان (Problem solving): سەرکردایەتیی سیاسی، پێویستە حەکیمانە دەست بخاتە سەر کیشە بنەڕەتییەکان بۆ ئەوەی چارەسەری بنەڕەتییان بۆ بدۆزێتەوە. لەم کارەدا متمانەی گشتی (Public trust) دێتە ئاراوە، کە یەکێکە لە کۆڵەکەکانى نەتەوەسازی.

٤- ئامانج (Purpose): هەموو کارێکی بچووک، پێویستە خزمەت بە ئامانجێکی گەورەتر بکات. هەر کاتێک ئامانجەکان بچووک کرانەوە، پرۆسەی نەتەوەسازی لەبار دەچێت. هاووڵاتیان پێویستە بەهاى ئەو شتە بزانن کە ئەنجامی دەدەن. نەتەوەی گەورە هەمیشە ئامانجی گەورەی هەیە، کە هەموو کارێک لە پێناو ئەو ئامانجە گەورەیه‌دا ئەنجام دەدرێت.

٥- خەڵک (People): نەتەوەسازی، پرۆسەیەکە تایبەتە بە خەڵک. هێزی گەورە مێژوو ناگۆڕێت بەقەدەر ئەوەی خەڵک مێژوو دەگۆڕێت؛ کەواتە خەڵک بزوێنەر و پێکهێنەری نەتەوەسازییە.

ڕەگەزەکانی نەتەوەسازی

بەپێی ئەوەی نەتەوەسازی پرۆسەیەکی فرەڕەهەندە، بۆیە بەپێی ئەو ڕەهەندە جیاوازانەى، چەندین ڕەگەزی هەیە. ڕەگەزەکانى نەتەوەسازی بریتین لە:

١- هێزی شەڕکەر (جه‌نگاوه‌ر): کۆڵەکەی پشتی هەر نەتەوەیەک لە هەموو قۆناغەکان، بریتییە لە بوونی هێزێکی شەرکەر (جه‌نگاوه‌ر) کە بە ئینتیمایەکی بەهێزەوە بە نەتەوەوە گرێ درابێت؛ باوەڕی ئەم هێزە و متمانەى ئەم هێزە، گرەنتیی مانەوەى نەتەوە دەکەن. نەتەوە بێدەوڵەتەکان گەر بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی نەتەوەیییان نەبێت، تەمەنی نەتەوەکە کورت دەبێت. ئەم هێزانە دواى دامەزراندنی دەوڵەت، ڕۆڵیان لە بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازەوە، دەگۆڕێت بۆ هێزێکی سەربازیی بەرگریکار لە بەها نەتەوەیییەکان.

٢- هێزی پۆلیس: ئاسایشی گشتی، یەکەمین بەرپرسیارێتیی مەدەنییانەى هەر نەتەوەیەکە. گەر هێزی شەڕکەر نەتەوە لە هەڕەشەکانى نەتەوەکانى دیکە بپارێزێت، پۆلیس وەک هێزێکی مەدەنی کاریگەرترین ڕەگەزە بۆ ڕاگرتنی سەقامگیریی ناوخۆییی هەر نەتەوەیەک. هەر نەتەوەیەک نەتوانێ گیانی مەدەنییانەی خۆی بپارێزێت، ناتوانێ ببێتە خاوەن دەوڵەتێکی هاوچەرخ. لە قۆناغی گواستنەوەى نەتەوەدا لە حاڵەتی بێدەوڵەتییەوە بۆ حاڵەتی دەوڵەتداری، پۆلیس دەتوانێ ڕێگری لە سەرهەڵدانى گرووپی توندڕەو و کۆمەڵەى سیاسیی قۆرخکار بکات.

٣- یاساسەروەری: لە زۆربەی قۆناغەکانى نەتەوەسازیدا چەندین پرەنسیپ و ڕێسا هەن كه‌ نەتەوە ناچاری باپەندبوون دەکەن. لە حاڵەتی بوون بە دەوڵەت، ئەم پرەنسیپانە دەبنە یاسا و دەستوور؛ ڕێزگرتن لەو یاسایانە و ڕاگرتنی سەروەریی یاسایی، سەرەکیترین ڕەگەزی نەتەوەسازییە. یەکەمین ئەرک لەم سۆنگەیەوە بریتی دەبێت له‌ داڕشتنی یاسایەک کە نەتەوە بەڕەزامەندییەوە پابەندی بێت. ئەم پابەندبوونە بە یاسا، سروشتی دامەزراوەییی نەتەوە بەهێز دەکات.

٤- ئاسوودەییی مرۆیی: شانازیکردنی تاک بە ئەندامبوون لە نەتەوەیەک، یەکێک لە ڕەگەزە زیندووەکانى پرۆسەی نەتەوەسازییە. تاوەکوو مرۆڤ هەست بە ئاسوودەیی و ئازادی نەکات، ناتوانێت ئینتیماى بۆ نەتەوە هەبێت. بەرهەمی ئاسوودەییی مرۆڤ، ئینتیمایەکی بەهێزە. لێرەوە نەتەوەسازی کار لەسەر دروستکردنی دۆخێک دەکات کە تێیدا مرۆڤ ئاسوودە دەبێت؛ ئەم ئاسوودەیییە، لە ئامانجەوە دەبێتە ئامرازێک بۆ بەهێزبوونی نەتەوە.

٥- سەقامگیریی ئابووری: نەتەوەسازی، بەر لە هەر شتێک بریتییە لە مێنتاڵێتیی چۆنێتیی بەڕێوەبردنی کاروبارەکان بەتایبەت لە قۆناغی دەوڵەتداریدا. ئەو نەتەوانەی بە شێوەیەکی تەندروست بەڕێوە دەچن، بەئاسانی دوچاری قەیران نابنەوە. ئامادەباشبی نەتەوەیی بۆ چۆنێتیی ڕووبەڕووبونەوەی قەیران، یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانى پرۆسەکە. دروستکردنی سەقامگیریی ئابووری، زەمینەیەکی لەبار دروست دەکات بۆ ئەوەی نەتەوە بەئاسانی کار لەسەر ڕەگەزەکانى دیکەیش بکات. هەموو وڵاتان سیستەمی ئابوورییان ڕووبەڕووی قەیران دەبێتەوە، بەڵام تەنیا ئەوانە دەتوانن قەیرانەکە تێ پەڕێنن کە نەتەوەیەکی بەهێز و سەربەخۆیان هەیە.

٦- دیموکراتیزەکردن: دیموکراتیزەکردن پرۆسەی هاوتاکردنی نەتەوەیە لەگەڵ بەها سیاسییە سەردەمییەکان. ناتوانین پێشبینیی سەقامگیری و بەهێزبوونی دەوڵەتێک بکەین گەر نەتەوەیەکی دیموکراتیخوازی نەبێت. بۆیە لە پرۆسەی نەتەوەسازیدا دیموکراتیزەکردن وەک پرەنسیپێکی سەردەمی دەردەکەوێت؛ بە شێوەیەک کە دیموکراتیزەکردن بە لایەنی کەمەوە ئینتیمای تاک و بەرپرسیارێتییه‌کەى زیاد دەکات.

نەتەوەوە و دەوڵەتسازی

ئاشکرایە دەوڵەت بەرهەمی پێگەیشتووییی دیوە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکەی کۆمەڵگه‌یە. ئەوانەى دەوڵەت دروست دەکەن، لە ناوخۆی خۆیاندا لە گفتوگۆیەکی قووڵدان سەبارەت بەو بەهایانەی کە پێویستە دەوڵەت هەڵگری بێت. بەشێکی کۆمەڵگە جەخت لەسەر پرەنسیپی ئاسایش و هێز و سەقامگیری و سەروەری دەکەنەوە؛ لە بەرامبەردا بەشەکەی دیکە جەخت لەسەر بەهاى دادپەروەری و یەکسانی و ئازادی دەکەنەوە. سەرەڕای ئەوەی ئاراستە نەتەوەیییەکە پشتگیری لە بەشی یەکەم دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا لە پرۆسەی دەوڵەتسازیدا ناتوانین دەستبەرداری بەشی دووەمی بەهاکانى دەوڵەت بین. دەوڵەت بۆ ئەوەی دروست بێت، پێویستیی بە گرووپی یەکەمی بەهاکانە، بەڵام بۆ ئەوەی شەرعییەت پەیدا بکات و بەردەوام بێت، پێویستیی بەو بەهایانەیە کە پەیوەستن بە حوکمڕانیی باشه‌وه‌. ئەو دەوڵەتانەى تایبەتن بە نەتەوەیەکی دیاریکراو، بۆ ئەوەی بتوانن جۆرێک لە هاوسەنگی لە نێوان بەهاکانى دەوڵەت ڕابگرن، پێویستییان بە ئەنجامدانى چەندین ئەرکی بنەڕەتی هەیە. ئەم ئەرکانە بریتین لە:

١- پێویستە دەسەڵات لەسەر بنەمایەکی دادپەروەر بنیات بنرێ و شەرعییەتی لەو بنەمایەوە وەرگرتبێت.

٢- هێزی دەوڵەت، دەبێ بە شێوەیەک بەسەر کۆمەڵگە بەرجەستە بکرێت کە نەچێتە ململانێ نێوخۆیییەکان و، لە چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆی کۆمەڵگەدا لایەنگری نەکات؛ بەتایبەت ئەو ململانێیانەی سروشتێکی ئایینی و مەزهەبییان هەیە.

٣- پێویستە دەوڵەت کار بکات بۆ ئەوەی جیاوازییە چینایەتییەکانی کۆمەڵگە کاڵ بکاتەوە، چونکە دواجار گەر ئەو جیاوازیانە زیاتر گەورە ببن، سروشتێکی سیاسی وەردەگرن و ناکۆکییەکی ناتەندروست لە نێوان چینەکانى کۆمەڵگە دروست دەبێت کە کار ده‌كاته‌ سه‌ر سەقامگیریی دەوڵەتی نەتەوەیی.

٤- پێویستە دەوڵەت چوارچێوەیەکی دەستووری و یاسایی بە ماف و ئازادییەکان ببەخشێ. یاسا باشترین گرەنتییە بۆ پاراستنی مافی ئەو کەمینە نەتەوەیییانەی لە پاڵ نەتەوەیەکی گەورەدا لە سنووری دەوڵەتێکی نەتەوەییدا کۆ بوونەتەوە. هەموو دەوڵەت نەتەوەکان (nation states) بۆ ئەوەی پابەند بن بە بنەما نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤه‌وه‌، لە ڕێگەى بنەما دەستوورییەکانه‌وه‌ مافی کەمینەکانیان پاراستووه‌.

کەواتە پێویستە بپرسین دەوڵەتی نەتەوەیی لە چ کاتێک بەهێز دەبێ و لە چ کاتێک لاواز دەبێت. هەندێک پێوەر هەن بەهێزیی دەوڵەتی نەتەوەیی دەردەخەن. ئەم پێوەرانە بریتین لە: ١- هاوئاراستەییی دەوڵەت لەگەڵ کۆمەڵگە؛ واتا دەوڵەت لە ئاقارێک و کۆمەڵگە لە ئاقارێکی دیکە نین و، هەردووکیان یەک ئاراستەی هزرییان هەیە.٢- هەموو بەها سیاسی و ئابوورییەکانی دەوڵەت لە بەرژەوەندیی کۆی کۆمەڵگەدا بێ. گەر کۆمەڵگە خۆی بە سوودمەند نەزانێ لە جووڵەکانی دەوڵەت، ئەوا کۆمەڵگە لە دەوڵەت یاخی دەبێت. ٣- بەهاکانی هاووڵاتیبوون و متمانە لە نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگە، لە سەرووی هەموو بەهاکانی دیکەى کۆمەڵگەوه‌ن. ٤- دەوڵەتی نەتەوەییی بەهێز، کار لەسەر گەورەکردنی خاڵە هاوبەشەکان دەکات، بەتایبەت لە ڕووی هزرییەوە. سەرەڕای زۆریی حزبە سیاسیبە جیاوازەکان، دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش لە نێوانیان لە ئەرکە سەرەکییەکانی دەوڵەتە. ٥- ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەى مەدەنی، هاوشان لەگەڵ دەزگه‌کانى دەوڵەت، کار لەسەر بەدیهێنانی ئامانجی باڵای کۆمەڵگە دەکەن. لەو پرسانەى پەیوەستن بە بەرژەوەندیی باڵای کۆمەڵگە، ڕێکخراوەکانی وەک ئۆپۆزیسیۆن لە بەرامبەر دەوڵەتدا ڕۆڵ ناگێڕن؛ لە بەرامبەردا دەوڵەت ژینگەیەکی دیموکراسییان بۆ دروست دەکات.

لە بەرامبەر هەموو ئەمانەدا، دەوڵەتی نەتەوەیی لاواز دەبێت، گەر هەندێ ئاماژەى تێدا دەرکەون، لەوانە: ١- دەوڵەت کە نەتوانێ کۆمەڵگە بەرەو پێشەوە ببات و بەرژەوەندییەکانی بەدەست بینێ. ٢- گەر دەوڵەت ئاراستەیەکی پێچەوانەى لەگەڵ پێکهاتەکانی کۆمەڵگە هەبوو، ئەوا لاواز دەبێت؛ بەتایبەت ئەگەر دەوڵەت هەڵوێستێکی دوژمنکارانەی بەرامبەر بەشێک لە حزب و گرووپە سیاسییەکان هەبێت. ٣- ئەو کاتەى دەوڵەت متمانەى خۆی لەدەست دەدات و چیتر شوێنی هیوای تاکەکانی کۆمەڵگە نابێت، ئەوە گەورەترین نیشانەى لاوازیی دەوڵەتە. ٤- هەر کاتێک دەوڵەت لە دابەشکردنی کۆمەڵگەدا لەسەر بنەمای ئایینی و مەزهەبی و عەشایەری، ڕۆڵی هەبوو، ئەوا دەوڵەت دەبێتە خاوەن کۆمەڵگەیەک کە ئینتیماى بۆی نییە. ئینتیما بۆ دامەزراوەیەکی بچووکتر لە دەوڵەت، بە لاوازبوونی دەوڵەت کۆتایی دێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples