فەیسبووک، وه‌ک یه‌کێک له به‌رفراوانترین تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، که ئەمڕۆ هه‌موو که‌س ده‌توانێت به‌خۆڕایی و بێ تێچوون، به‌ئاسانی به‌کاری بهێنێت و سوودی لێ وه‌ربگرێت، له لایه‌ن کۆمپانیای فەیسبووکه‌وه، به مه‌به‌ستی په‌یوه‌ندیکردن به که‌سانی تره‌وه و کارلێککردنیان به‌ڕێوه ده‌بردرێت. ئه‌مڕۆ فەیسبووک بووەته یه‌کێک له که‌ناڵه به‌هێزه‌کانی په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، به شێوه‌یه‌ک که ژیان و دنیای له به‌رده‌م مرۆڤه‌کاندا بچووک کردووەته‌وه و کارئاسانیی بۆ کردوون و، له لایه‌ن توێژ و چێنێکی زۆر و هه‌مه‌ڕه‌نگی کۆمه‌ڵگه‌ه‌وه به‌کار ده‌هێنرێت، بێ جیاوازیی ڕه‌گه‌زی، جوگرافی، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ئابووری و هتد. به شێوه‌یه‌ک، کە بووەته مینبه‌ر و هاوڕێ بۆ زۆرێک له‌و مرۆڤانەی په‌یجی فەیسبووکی تایبه‌ت به خۆیان هه‌بێت؛ به‌تایبه‌تی بۆ گه‌نجان و ژنان. له هه‌مان کاتدا، بووەتە ده‌روازه‌یه‌ک بۆ ده‌ربڕینی ڕا و دید و چالاکی و بیروبۆچوونه‌کانیان. هه‌روه‌ها له هه‌ندێ کاتیش‌دا هێنده تێیدا قووڵ بوونه‌ته‌وه، که وه‌ک ده‌روازه‌یه‌ک بۆ به‌تاڵکردنه‌وه‌ی کێشه و خه‌م و بێزاری و گرفتەکانیان به‌کاری ده‌هێنن؛ جا له ئاستی شه‌خسیدا بێت، یان لە بواری کار، یان هه‌ر لایه‌نێکی دیکه‌ی ژیان.
له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، به‌گشتی ده‌روازه‌ی کێشه‌کانیش ڕووی له ئاواڵەبوون کردووه و، ژنان به هۆیه‌وه دوچاری چه‌ندین گرفتی کۆمه‌ڵایه‌تی بوونه‌ته‌وه، که وا ده‌کات هه‌ڵوه‌سته و پێداچوونه‌وه‌یه‌کی نوێی له لایه‌ن مرۆڤه‌کانه‌وه پێدا بکرێته‌وه، بۆ چۆنێتیی به‌کارهێنانی فەیسبووک؛ به شێوه‌یه‌ک که که‌مترین کێشه‌ی بۆ مرۆڤه‌کان لێ بکه‌وێته‌وه و، له هه‌مان کاتدا زۆرترین سوود و قازانجیشی هه‌بێت.
چۆنێتیی به‌کارهێنانی فەیسبووک:
به‌کارهێنانی فەیسبووک له لایه‌ن مرۆڤه‌کانه‌وه، وه‌ک چۆن لایه‌نی باشی هه‌یه، لایه‌نی خراپیشی هه‌یه، که ده‌توانێت ڕۆڵی باش، یان خراپ له په‌یوه‌ندییه‌کان و به‌یەکگه‌یشتنی مرۆڤه‌کاندا بگێڕێت؛ به‌ڵام دواجار ئه‌وه مرۆڤه‌کانن بڕیاری لێ ده‌ده‌ن. ئاماره‌کان به‌گشتی ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن، که به‌کارهێنه‌رانی فەیسبووک به خێرایییه‌کی زۆر له زیادبووندان، که ده‌گاته ڕێژه‌ی 70% و زۆربه‌ی به‌کارهێنه‌رانیش له توێژی گه‌نجانن.
دراوی دوودیو:
فەیسبووک له ڕووی به‌کارهێنانییه‌وه، وه‌ک دراوێکی دوودیو، یان وه‌ک چه‌کێکی دووجه‌مسه‌ر وایه، که ده‌توانێت له کۆمه‌ڵگه‌دا ڕۆڵی کاریگه‌ر و گرنگ بگێڕێت. بێ گومان خودی به‌کارهێنان و ئاراسته‌کردنی بۆ هه‌ر یه‌ک له‌و دوو دیوه، گرێدراوی چۆنێتیی به‌کارهێنانێتی له لایه‌ن مرۆڤه‌کانه‌وه، که خودی ئه‌و به‌کارهێنانانه په‌یوه‌سته به ڕادده و ئاستی هۆشیاریی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگەوە، که له ئاراسته‌کردن و بڕیاردانیاندا ڕۆڵ ده‌گێڕن. بۆیه له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، ده‌کرێ زیانه‌کانی فەیسبووک له چه‌ند خاڵێکدا کورت بکرێنه‌وه:
1. زیانه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان: ده‌شێ له فەیسبووکدا هه‌ر ناوێکی خوازراو به‌کار بێت، بێ ئه‌وه‌ی که‌سە ڕاسته‌قینه‌که دیار بێت و بەئاشکرا بزانرێت کێیه. ئه‌وه‌یش به مه‌به‌ستی ناوزڕاندنی که‌سێک، یان دامه‌زراوه‌یه‌ک، شێواندن، سووکایه‌تی، هه‌ڕه‌شه‌کردن، خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان، به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی، توند‌وتیژیی دژ به هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت له ڕێی بلۆککردنی په‌یج و فه‌یسبووکه‌وه بیکه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنان و به‌کارهێنانی زانیاری، یان به‌هۆی وێنه‌ی نه‌گونجاو و نه‌شیاوه‌وه زیان به که‌سی به‌رامبه‌ر بگه‌یه‌نن، له ڕێی ته‌له‌فۆن و کامێرا و میکرۆفۆنی تایبه‌ت به ئامێری ته‌له‌فۆنه‌که‌وه؛ هه‌روه‌ها ڕووخاندن، تێک‌شکاندن، لاوازکردنی په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ئاڵوگۆڕکردنی به جۆری په‌یوه‌ندییه‌کان له‌ڕێی ئامێره ئه‌لکترۆنییه‌کانه‌وه، به‌ده‌ر له دزه‌کردن به زانیاری و وێنه‌ی که‌سه‌کان و به‌کارهێنانی به شێوه‌ی نه‌شیاو و ناوزڕاندنیان بێ ئاگاداربوونی خۆیان، نه‌بوون، یان پێوار (غیاب)ی چاودێری و ئاڕاستە‌کردن بۆ په‌یج، ڕێگه‌یه‌که بۆ به‌هه‌ده‌ردانی کات و زۆرێک له کاره‌کان و، ده‌بێته هۆی که‌مکردنه‌وه و سنووردارکردنی په‌یوه‌ندیی نێوان مرۆڤه‌کان له‌گه‌ڵ خزم و که‌سوکار و ته‌نانه‌ت ئه‌ندامانی خێزان و، پچڕانی هه‌ست و سۆز و که‌مکردنه‌وه‌ی لایه‌نی سۆزداری له نێوان مرۆڤه‌کاندا.
2. زیانه ده‌روونییه‌کان: ئه‌وه‌یش له ده‌ره‌نجامی ئه‌و حاڵه‌تانه‌وه دروست ده‌بێت، که هه‌ندێ که‌س به هۆی هه‌ژاندن و ورووژاندنی ئه‌وانی دیکه‌وه ده‌یکه‌ن، له ڕێی بڵاوکردنه‌وه‌ی وێنه‌ی که‌سێک، یان دزینی ژماره‌ی بانکی، یان بڵاوکردنه‌وه‌ی درۆ و ناڕاستی له‌سه‌ر زاری ئه‌وانه‌وه و، چه‌ندین کاری نه‌شیاو‌ی تر؛ که زۆر جار ململانێ، یان دۆخه سیاسییه‌کانیش وا ده‌کات، زیاتر ئه‌م جه‌نگه ده‌روونییه بۆ که‌سی به‌رامبه‌ر به‌رپا بکه‌ن، که به‌گشتی ده‌شێ زیاتر کاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر لایه‌ن و که‌سایه‌تیی هه‌رزه‌کاران هه‌بێت، به‌پێی هه‌ستیاریی ته‌مه‌نیان. هه‌روه‌ها دەشێ ئاسه‌واری خراپی بۆ ژنان هه‌بێت، به‌تایبه‌تی که زۆر جار به هۆی ئه‌و کار و تۆمه‌ت و ناوزڕاندنانه‌وه دوچاری جۆره‌کانی کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌بن، وه‌ک: جۆره‌کانی توندوتیژی، له لێدان و ئه‌شکه‌نجه و جیابوونه‌وه و ته‌ڵاقەوە، تا کوشتن و خۆکوشتن.
لایه‌نه باشه‌کانی فەیسبووک:
کرانه‌وه‌یه‌کی ڕۆشنبیریی زانیاریبه‌خشی فراوانه له نێوان وڵاتاندا و سه‌رچاوه‌یه‌کی یارمه‌تیده‌ره بۆ خێراییی به‌یه‌کگه‌یشتن و یه‌کترناسینی مرۆڤه‌کان و، زانینی گرنگترین هه‌واڵ و ڕووداوه‌کان له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵایه‌تی، وه‌رزشی، ته‌کنیکی، ئایینی، سیاسی و گشت بواره‌کانی دیکه؛ ئه‌وه‌ش یارمه‌تیده‌ره بۆ پێکهێنان و دروستبوونی په‌یوه‌ندییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیی نوێ، به‌دوور له هه‌موو شوێنێکی کارکردن و خوێندن و خێزان. به‌ده‌ر له به‌یه‌کگه‌یشتن و به شێوه‌یه‌کی ئاسان نزیککردنه‌وه‌ی ئه‌و هاوڕێیانه‌ی لێک نزیکن، یان له ڕووی جوگرافییه‌وه مه‌ودایه‌کی دووریان لەگەڵ یەکتردا هه‌یه، ده‌روازه‌یه‌کیشه بۆ گوزارشتکردنی مرۆڤه‌کان له خۆیان و به‌شداربوونی ڕا و تێڕوانینه‌کانیان له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیکه‌دا. گواستنه‌وه و ئاڵوگۆڕی وێنه‌ی فۆتۆیی، یان ڤیدیۆیی، به شێوه‌یه‌کی واقعی و وه‌ک خۆی، ئامرازێکه بۆ خۆشی و، ڕۆڵی گرنگ ده‌گێڕێت بۆ نزیککردنه‌وه‌ی که‌سه‌کان له یه‌کتری بۆ به‌ئاگابوون له روداو و بۆنه‌کانیان. جگه له‌وه‌ی به شێوه‌یه‌کی ئاره‌زوومه‌ندانه، هه‌موو که‌سێک به‌ئاسانی ده‌توانێت بابه‌ت، زانیاری، وێنه و ڤیدیۆی خۆی بڵاو بکاته‌وه و، به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌توانێت سوود له بینینی چالاکی و زانیاریی که‌سانی تریش وه‌ربگرێت؛ به‌ده‌ر له‌وه‌ی ڕێگه‌یه‌کیشه بۆ گوزارشتکردن له ڕا و بۆچوونه‌کانی مرۆڤ سه‌باره‌ت بەو ڕووداوانەی له سه‌رتاسه‌ری دنیادا ڕوو ده‌ده‌ن.
مێژووی دامه‌زراندنی فەیسبووک:
دامه‌زراندنی فەیسبووک ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی ٢٠٠٤ و له لایه‌ن "مارک زوکێربێرگ"ەوە دامه‌زرا. ئه‌و کاته‌ی "مارک" له زانکۆی هارڤاردی ئه‌مریکا خوێندکار بوو، ئامانجێکی ڕوونی له دامه‌زراندنیدا هه‌بوو، ئه‌ویش بریتی بوو له: کارکردن له دانانی نه‌خشه‌ی په‌یجێکدا، به مه‌به‌ستی کۆکردنه‌وه‌ی هاوڕێکانی؛ تا لەو ڕێگه‌یه‌وه بتوانن په‌یوه‌ندی و به‌یەکگه‌یشتنی به‌رده‌وامیان هه‌بێت، به مه‌به‌ستی گه‌یاندنی هه‌واڵ و زانیاری و وێنه‌کانیان؛ که توانیی له ماوه‌یه‌کی که‌مدا ئا‌مانجه‌که بپێکێت.
بیرۆکه‌که له لایه‌ن خوێندکارانی زانکۆی هارڤارده‌وه کۆده‌نگی و خواستێکی زۆری له‌سه‌ر بوو؛ بۆیە بوو به مه‌سه‌له‌یه‌ک، که جێی بایه‌خی زۆربه‌ی خوێندکاران بوو. دواتریش، بوو به هانده‌رێک بۆ فراوانکردنی بازنه‌ی هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی مافی به‌شداربوونیان تێیدا هه‌بوو؛ بۆ ئه‌وه‌ی خوێندکارانی زانکۆکانی دیکه‌یش بگرێته‌وه، یان ئه‌و خوێندکارانه‌ی پێش هاتنه زانکۆ، هه‌وڵ ده‌ده‌ن به ژیانی زانکۆ ئاشنا بن. بۆیه له ساڵی ٢٠٠٦دا، "مارک" بڕیاری دا په‌یجه‌که‌ی خۆی له به‌رده‌م هه‌ر که‌سێکدا که بیه‌وێت به‌کاری بهێنێت، بکاته‌وه. له ماوه‌ی نێوان مانگی ٩ی 2016 بۆ مانگی 9ی 2017دا، په‌یجه‌که 64 ملیۆن به‌شداربووی هه‌بوو. له ساڵی 2007دا کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بانگه‌وازی کرد که له فەیسبووکدا به‌شێکی به نرخی 240$ کڕیوه‌ته‌وه، که گه‌یشته 1.6%؛ به شێوه‌یه‌ک کە دواتر نرخی کۆی گشتیی په‌یجه‌که گه‌یشته 15 ملیار$.
فەیسبووک و په‌یوه‌ندییه خێزانییه‌کان:
زۆرێک له چاودێران وای ده‌بینن، که زیاده‌ڕۆییکردن له زۆر به‌کارهێنانی فەیسبووکدا به‌گشتی له لایه‌ن خه‌ڵک و خێزانه‌کانه‌وه، شێوه‌یه‌کی خراپی لێ که‌وتووەته‌وه و کاریگه‌ری و ئاسه‌واری زۆریشی له‌سه‌ر جۆری په‌یوه‌ندیی ئه‌ندامانی خێزانه‌کان به یه‌کترییه‌وه جێ هێشتووه. ئه‌مڕۆ له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا، مرۆڤێکی زۆر، له خوێنده‌وار و نه‌خوێنده‌وار، خاوه‌نی ئاستی جیاواز له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ڕۆشنبیری، ئابووری و ده‌روونییه‌وه، جیاواز له لایەنی جوگرافی، ئایینی، ڕه‌گه‌زی، نه‌ته‌وه‌یی و ئایدیۆلۆژی، خاوه‌نی په‌یجی فەیسبووکی تایبه‌ت به خۆیانن.
به هۆی زۆریی کاتی زۆربه‌ی ژنان و ده‌ستبه‌تاڵی و قه‌تیسکردنیان له ماڵه‌وه، ژنانیش به ئاستی جیاواز، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی هاوسه‌ریان هەیە، چوونه‌ته نێو ئه‌و بواره‌وه و زۆربه‌ی کاتیان بۆ ته‌رخان کردووه و، سه‌رقاڵن به به‌کارهێنانی فەیسبووکه‌وه؛ به ئه‌ندازه‌یه‌ک، جاری وایە کە ڕوو له خێزانێک، سه‌نته‌رێک، یان ته‌نانه‌ت دامه‌زراوه‌کان و شوێنه گشتییه‌کان و شوێنەکانی کارکردنیش ده‌کرێت، زۆربه‌ی تا‌که‌کان سه‌رقاڵی به‌کارهێنانی فەیسبووکن، که زۆر جار، ته‌نیا وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌ک بۆ قسه‌کردنێکی ڕۆژانه‌ی ڕۆتین له‌گه‌ڵ هاوڕێ و خزم و که‌سوکاردا به‌کاری ده‌هێنن؛ ئەوەیش له سنووری هه‌واڵپرسین، یان گه‌ڕان به‌دوای مۆدیل و کڕینی که‌لوپه‌ل، یان ئاڵوگۆڕی وێنه و سه‌یرکردنی زیاتر نییە. له کاتێکدا سه‌رچاوه‌کانی به‌کارهێنانی فەیسبووک، ده‌شێ سنووری زۆرێک له‌و ڕۆتینانه بۆ وه‌ر‌گرتنی زانیارییه‌کان ببه‌زێنێت و ببێته لینکی په‌یوه‌ندی و ئاگاداربوون له هه‌واڵه‌کان له ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا. هاوکات سه‌رچاوه‌یه‌کیش بێت بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی نووسین و بابه‌تی هه‌مه‌ڕه‌نگ بۆ به‌هێزکردنی لینکی په‌یوه‌ندییه‌کان له ڕووی چالاکییه هه‌مه‌ڕه‌نگه‌کانەوە له بواره جیاوازه‌کاندا.
له زۆرێک له خێزانه‌کاندا سه‌رقاڵبوونی دایک و باوک به ئه‌نته‌رنێت و فەیسبووکه‌وه، هه‌ر یه‌کەیان به ئامانجی خۆی، بووەته هۆکاری فه‌رامۆشکردن و لە ئەنجامدا بێزاربوونی منداڵه‌کانیان و، له هه‌مان کاتدا خوڵقاندنی ژینگه‌یه‌کی نائارام و ناخۆش بۆ تاکه‌کانی خێزان. به‌پێچه‌وانە‌وه سه‌رقاڵیی منداڵه‌کانیش به‌و مه‌سه‌له‌یه‌وە، به ڕادده‌ی گیرۆده‌بوون به فەیسبووکه‌وه، بووەته دیارده‌یه‌کی دیار و باوی خێزانه‌کان؛ به ڕادده‌یه‌ک کە له کاتی میوانداریکردنی که‌سانێکدا، یان به‌پێچه‌وانه‌یشەوه، ناتوانن خۆیانی لێ قوتار بکه‌ن.
وێڕای ئه‌وه‌ی زۆرێک له‌و هه‌ڵوێستانه به‌دوورن له ئه‌ته‌کێت و ڕێز و سوودوه‌رگرتن له کات و خۆشگوزه‌رانیی خێزانه‌کانه‌وه، کەچی هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌کی بۆ خێزان نه‌هێشتووەته‌وه و، په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌ندامانی خێزانی گه‌یاندووەته ئه‌وپه‌ڕی لاوازی. ویڕای ئه‌وه‌ی سه‌رلێشێواوی، نائارامی، ناجێگیری و په‌رته‌وازه‌ییی خێزانه‌کانیش ده‌بێته به‌شێکی تری ده‌ره‌نجامه‌کانی، هه‌روه‌ها ده‌بێته هۆی لاوازیی لایه‌نی سۆزداری و خۆشه‌ویستی له نێوان ئه‌ندامانی خێزاندا و، زیادبوونی ڕێژه‌ی تووڕه‌بوون له چۆنێتیی مامه‌ڵه‌کردنیان له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا و قووڵبوونه‌وه‌ی ناکۆکییه‌کان، گۆشه‌گیری و په‌راوێزی و تاکڕه‌وی و ... له نێوان تاکه‌کاندا ده‌خوڵقێنێت.
چی بکرێت له پێناو باش به‌کارهێنانی فه‌یسبووک؟
به هۆی گرنگی و به‌رده‌وامی و پێویستیی فه‌یسبووک له ڕووی به‌کارهێنانی لە لایەن مرۆڤه‌کانه‌وه، گرنگه بۆ چۆنێتیی به‌کارهێنانی له ڕووه ڕاستییه‌که‌یه‌وه، کار له‌سه‌ر به‌رنامه و پلان و ستراتیژێک بکرێت. ئه‌وه‌یش له ڕێی هۆشیارکردنه‌وه‌ی تاکه‌کانه‌وه ده‌بێت، که بێ گومان ئه‌و کارکردنه‌یش پرۆسه‌یه‌کی درێژخایه‌نه و مه‌ودایه‌کی فراوانی هه‌یه، که پێویسته نه‌ک خودی مرۆڤه‌کان به‌گشتی کاری بۆ بکه‌ن، به‌ڵکوو گرنگه که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنیش پلانیان هه‌بێت له ڕێی به‌رنامه و ڕیکلامی هه‌مه‌ڕه‌نگه‌وه سه‌باره‌ت به زه‌ره‌ر و قازانجه‌کانی فەیسبووک و تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌لکترۆنییه‌کان؛ به‌ده‌ر له چالاکبوونی ڕۆڵی یاسا و جێبه‌جێکردنی له به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌دا کە فەیسبووک و که‌ناڵه ئه‌لکترۆنییه‌کانی تر ده‌که‌نه ده‌روازه‌یه‌ک بۆ هه‌ڕه‌شه‌کردن و سووکایه‌تی و ناوزڕاندنی که‌سانی به‌رامبه‌ر، که ئاقار و ئاسه‌واری توندڕه‌ویی تری بۆ مرۆڤه‌کان لێ ده‌که‌وێته‌وه.
بێ گومان کارکردنی ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ڕێکخراوه‌کانی ژنان به‌تایبه‌تی، ده‌توانن ڕۆڵی کاریگه‌ر و به‌رجه‌سته بگێڕن به ئاراستە‌ی هۆشیارکردنه‌وه‌ی ژنان به‌گشتی و گوشارخستنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کانی حکوومه‌ت بۆ جێبه‌جێکردنی یاسا و سزادانی ئه‌نجامده‌رانی تاوانه‌کان و خراپ به‌کارهێنانی فەیسبووک؛ چونکه قوربانیی یه‌که‌م و کۆتاییی پرۆسه‌که، به پله‌ی یه‌که‌م، خودی ژنانن. بۆیه ئه‌رکی لایه‌نه جۆربه‌جۆره‌کانه پێکه‌وه یارمه‌تیده‌ر بن له پێش‌گرتن و ڕێگری‌کردن له‌و تاوانانه‌ی له‌و که‌ناڵه‌وه ده‌کرێن؛ که دواجار خودی ئه‌و که‌ناڵانه‌ی وه‌ک فەیسبووک، تویته‌ر، ڤایبه‌ر، یوتیوب، سکایپ و...، له خودی عه‌قڵییه‌تی مرۆڤه‌کانه‌وه هه‌ڵقووڵاون و بوونەته واقع و، له هه‌مان کاتدا بۆ خزمه‌تی مرۆڤه‌کانیش هاتوونەته بوون، نه‌ک بۆ ڕووخاندن و داڕمان و تێکشکانی په‌یوه‌ندییه مرۆیییه‌کان و ئازاردان و زیانگه‌یاندن به مرۆڤه‌کان، که ده‌ره‌نجام، نه‌ک ده‌بێته مایه‌ی زیان و زه‌ره‌رگەیاندن به مرۆڤه‌کان، به‌ڵکوو کۆی گشتیی بواره جیاجیاکانی کۆمه‌ڵگه، له پرۆسه‌ی پێشکه‌وتن، گه‌شه‌کردن و بنیادنان ده‌وه‌ستێنن.
بێ گومان باشترین ڕێ بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و ژینگه‌یه، پێداچوونه‌وه و داڕشتنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی خێزانییه بۆ چۆنێتیی به‌کارهێنانی فەیسبووک، له ڕێی به‌رنامه‌ی دیاریکراوی ڕێکخراوه‌وه و، چۆنێتیی دابه‌شبوونی کاته‌کان له لایه‌ن سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی خێزانه‌وه بۆ باشتر به‌کارهێنانی. چونکه وه‌ک باس کرا، ده‌کرێت به دوو جۆری پێچه‌وانه‌ی یه‌کتر به‌کار بهێنرێت؛ که یه‌کێکیان له خزمه‌تی مرۆڤه‌کاندا بێت و، ئه‌وی تریان بۆ تێکشکانی مرۆڤ و خێزانه‌کان بێت.
سه‌رچاوه: حياة النساء على صفحات الفيس بوك، آلاء هاشم القطب.