سه‌ره‌تا:
كۆمەڵگه‌ی مەدەنی گرنگترین ئامراز و هۆكارە بۆ ڕێكخستنی نێوان دەوڵەت و كۆمەڵگه، بەپێی فۆرمی دیموكراسی كە ڕادەوستێت لەسەر ڕێزگرتن و لێبووردەیی و هاوكاری و دووركەوتنەوە لە توندوتیژی و پەراوێزخستنی سیاسی و كۆمەڵایەتی بۆ گەیشتن بە شێوازێك لە ئاشتی كۆمەڵگه‌یی و، لە سەردەمی ئێستایش حكوومەتە دیموكراتییە هاوچەرخەكان چەندین ڕێگه و ئامراز دەگرنە بەر بۆ پێكهێنانی كۆمەڵگه‌ی مەدەنی. بە شێوەیەكی گشتی چەمكی كۆمەڵگه‌ی مەدەنی بەرهەمی فكری ڕۆژاوایییە و دەرەنجامی بیر و هزری فەیلەسووفە ڕۆژاوایییەكان بوو لە سەدەی حەڤدە و هەژدەدا. كەواتە پێویستە بزانین پێناسەی كۆمەڵگه‌ی مەدەنی چییە؟
ته‌وه‌ری یه‌كه‌م: پێناسه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی
بەپێی هزر و قۆناغە جیاوازەكان پێناسەی جۆراوجۆر و جیاواز بۆ كۆمەڵگەی مەدەنی كراوە، بۆیە ئاماژە بە هەندێكیان دەكەین. بۆ نموونە كۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕوانگەی هەندێك لە لێكۆڵەران "بریتییە لەو كۆمەڵگه‌یەی كە لەسەر بنەمای دامەزراوەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كه‌لتووری و ئابووری ڕاوەستاوە، كە لە بوارە جیاجیاكاندا بە شێوەی سەربەخۆیییەكی ڕێژەیی لە دەسەڵاتی دەوڵەت، بۆ بەرجەستەكردنی چەند ئامانج و مەبەستێكی جیاواز كار دەكەن."
لە ڕوانگەی "سه‌عده‌دین ئیبراهیم" كۆمەڵگەی مەدەنی بریتییە لە: "كۆمەڵێك لە ڕێكخراوی خۆبەخش و ئازاد كە پانتای گشتیی نێوان خێزان و دەوڵەت پڕ دەكەنەوە بۆ بەرجەستەكردنی بەرژەوەندیی تاكەكانی، كە ملكەچی و گوێرایه‌ڵیی یاسا و بەهاكان و ڕێزگرتن و لێبووردەیی و بەڕێوەبردنی ئاشتییانە بۆ جیاوازی و ناكۆكییەكان، گرنگترین تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی پێك ده‌هێنن." "ئەنتۆنی گیدنز" بەم شێوەیە پێناسەی كۆمەڵگه‌ی مەدەنی دەكات. "كۆمەڵگه‌ی مەدەنی كۆمەڵێ بزاوت و چالاكییە، كە بۆشاییی نێوان دەوڵەت و بازاڕ داگیر دەكات و، هەر یەكە لە خێزان و قوتابخانە و گرووپ و دامودەزگه نائابوورییەكان دەگرێتە خۆی و، كۆمەڵگه‌ی مەدەنی و كه‌لتووری مەدەنی سیفەتێكی جەوهەریی كۆمەڵگه دیموكراسییەكانن." له ڕوانگەی "مایكل والزر" (Michal Walzer) كۆمەڵگەی مەدەنی بریتییە لەو فەزایەی كە گه‌رەنتیی هەموو ئەو بارودۆخانە دەكات كەوا دەبێتە هۆی پاراستنی ژیانی كۆمەڵایەتیی نوێ، كە شێوازیكی كۆمەڵایەتیی مرۆڤانە لەخۆ دەگرێت و، دەبێتە هۆی ئەوەی كەوا تاكەكان پەیوەندییان لەگەڵ یەكتردا هەبێت."
هەروەها یەكێكی تر لە پێناسە هاوچەرخەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ئاماژە بەوە دەكات كە "كۆمەڵگه‌ی مەدەنی گوزارشتە لە فەزایەك بۆ كارلێككردنی پۆزەتیڤ لە نێوان دەوڵەت لە لایەك و كۆمەڵگه لە لایەكی تر، بە لەخۆگرتنی ڕێكخراوە خۆبەخشەكان و ڕێكخراوەكانی بازاڕ و كۆمپانیاكان و یەكێتییە جەماوەرییەكان و، هەموو ئەو ڕێكخراوانەی كە دەكەونە نێوان خێزان و دەوڵەت". كه‌واته كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی چه‌ند ڕه‌گه‌زێكی گرنگی هه‌یه كه له خواره‌وه ئاماژه‌یان پێ ده‌كه‌ین:
ڕەگەزەکانى کۆمەڵگه‌ى مەدەنى:
یەکەم - کارى ئیرادەیى و ئازاد و خۆبەخش:
ئەم ڕەگەزە پەیوەندیى بە ویست و ئارەزووى یان ئازادی تاکه‌وه هەیە، بۆ ئینتمابوون بۆ یەکێک لە دامەزراوەکانى کۆمەڵگه‌ى مەدەنى، بۆ بەرجەستەکردنى بەرژەوەندیى گشتى، یان بەرجەستەکردنى بەرژەوەندیى چین و گرووپێکى دیاریکراو لە کۆمەڵگه.
دووەم - ڕێکخستنى بەکۆمەڵ و دامەزراوەیى:
لەبەر ئەوەى کۆمەڵگه‌ى مەدەنى، کۆمەڵگه‌یەکى ڕێکخراوە، هاوکارە بۆ دروستکردنى دامەزراوەکان و یەکێتییە جەماوەرییەکان، کە بە شێوەیەکى مەنهەجى (مێتۆدیك) کار دەکەن، که ملکەچی بەها و پێوەر و بنەما ناوچەیییەکانن.
سێیەم – ڕەگەزى ئەخلاقى و ڕەفتارى:
ئەم ڕەگەزە لەسەر قبووڵکردنى جیاوازییەکان و فرەییى نێوان خود و ئەوانى تر ڕادەوستێت و، دەبێت ڕازی بێت لەسەر ئەوەى کەوا مافی ئەوانى دیكه‌یە کە ڕێکخراوى مەدەنیى تایبەت بە خۆیان هەبێت بۆ پاراستن و بەرجەستەکردنى مافەکانى خۆیان بە شێوەیەکى ماددى و مەعنەوى و، ملکەچبوونە بۆ بەڕێوەبردنى ناکۆکییەکان لە نێوان تاک و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى بە شێوەیەکى ئاشتییانە لە ڕوانگەى بەهاکانى ڕێزگرتن و لێبووردەیی و هاوکارى و ململانێى ئاشتییانە.
چوارەم– فرەییى ڕێکخراوەیى و فیکرى:
بەو پێیەى کەوا کۆمەڵگه‌ى مەدەنى، دەرهاوێشتەى فیکرى لیبراڵییە، کەواتە ئەم کۆمەڵگه‌یە، دەبێت لەسەر بنەماى فرەیى و ئازادى و بیروڕاى تاک و ڕێکخراوەیى بۆ جێبەجێکردنى بەرژەوەندیى گشتیى کۆمەڵگه، لە ڕێگەى لێبووردەیى و کارى بەکۆمەڵ و هاوکاریکردن لە نێوان تاک و ڕێکخراوەکانه‌وه، بنیات بنرێت.
ته‌وه‌ری دووه‌م: پێناسه‌ی په‌روه‌رده‌ی مه‌ده‌نی:
ئەدەبیاتە جیاوازەکان پێناسەى جیاوازیان بۆ چەمکی "پەروەردەى مەدەنى" کردووە. ناتوانین لە "پەروەردەى مەدەنى" تێ بگەین هەتاکوو نەزانرێت چۆن پێناسە کراوە. بۆیە هەوڵ دراوە لەم تەوەرەدا لایەنە جیاوازەکانى ئەو پێناسانە بخرێنە ڕوو، کە ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین : ئیڤانز (Evans Beyond) پەروەردەى مەدەنى بەم شێوەیەیە پێناسە دەکات: "پەروەردەى مەدەنى، پەروەردەیەکە بۆ هاونیشتمانیبوون. ئەو پەروەردەیەیە کەوا مەعریفەى هاووڵاتى دەربارەى بنەما دامەزراوەیییەکان (القواعد المؤسسیە)، ماف و ئەرکەکان زیاد دەکات و، لەم چوارچێوەیەدا ئەم پەروەردەیە بۆ بەشداریى کاراى کۆمەڵایەتى و سیاسی، گەشە بە توانا بنەڕەتییەکان دەدات."
بەم پێیە پەروەردەى مەدەنى، لە کایە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، لە ڕێگه‌ى ناسینى دامەزراوەکان و تیشکخستنە سەر ماف و ئەرکەکانه‌وه کار بۆ بەشداریى هاووڵاتیان دەکات. لە لایەکى تریشەوە سەنتەرى ئەمریکى بۆ پەروەردەى مەدەنى (Centre For Civic Education) پێناسەى پەروەردەى مەدەنى دەکات بەوەى کە: "پەروەردەى مەدەنى لە دەوڵەتى دیموکراتیدا، ئامادەکارییە بۆ حوکمى خود و زات، کە بە شێوەیەکى بەردەوام ڕۆڵێکى بەهێزی لە چەسپاندنی بەهاکانى دیموکراسیدا هەبێت." کەواتە پەیوەندییەکى زۆر توند لە نێوان بەرجەسته‌کردنى دیموکراسى و پەروەردەى مەدەنیدا هەیە.
به شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌توانرێت بگوترێت: پەروەردەى مەدەنى پرۆسەیەکى پەروەردەییى مەبەستدارە و بەرنامەڕێژكراوه و، بە شێوەیەکى مێتۆدی لە لایەن سیستەمی سیاسییەوە ئاراستە دەکرێت. بە شێوەیەکى گشتی، ئامانجی ئامادەکردنى مرۆڤ و گەشەکردنى کەسایەتیى مرۆڤە بە هەموو لایەنەکانییەوە. ئامادەکردنى مرۆڤ بۆ هاووڵاتیبوونێکى دیموکراسیی کارا و بەشدار لە لایەنى کۆمەڵایەتى و سیاسییه‌وه، کارامەیى و سلوکیاتەکانى تاكه‌كان ڕێك ده‌خات و گه‌شه‌ی پێ ده‌دات، کە لەسەر بنەمای ماف و ئەرکەکان ڕادەوەستێت و هەستى بەرپرسیارێتیى تاک و کۆمەڵەکان زیاد دەکات.
ئامانجى پەروەردەى مەدەنى :
پەروەردەى مەدەنى، چەندین ئامانج و مه‌به‌ستی هه‌یه،گرنگترینیان ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ن:
١- بەرزکردنەوەى ڕێژەى مەعریفە و ڕ‌ۆشنبیرى لاى تاک، لە هەر دوو بوارى سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.
٢- پەروەردەکردنى تاک لەسەر ڕێزگرتنى یاسا و سەروەریی یاسا و مافەکانى تاکەکان.
٣- کەمکردنەوەى بیرى توندوتیژى لەسەر بنەمای دەمارگیریى ناسنامەیى و ئایینى و که‌لتوورى و، گرنگیدان بە پرەنسیپى هاووڵاتیبوون لەسەر بنەمای مافەکانى مرۆڤ و بەرپرسیارێتى.
٤- چارەسەرکردنى کێشەى کەمینەکان و ڕێزگرتنى کەمینە ئایینى و نەتەوەیى و ناسنامەیییه‌كان لە کۆمەڵگه‌دا.
٥- ئاشنابوون بە ئەرک و مافەکان و، گەشەکردنى کارامەیی و ئەنجامدانى چالاکیی بەرپرسیارانە و پۆزەتیڤ و، هاندانى قوتابیان لەسەر گێڕانى ڕۆڵی پۆزەتیڤ لە قوتابخانە و کۆمەڵگه‌دا.
٦- دابینکردنى ئاسایش و کەمکردنەوەى توندوتیژى، له ڕه‌وتی دروستکردنى ناسنامەیەکى بەکۆمەڵى مەدەنیدا.
ته‌وه‌ری سێیه‌م : ڕۆڵی دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له په‌روه‌رده‌ی مه‌ده‌نیی تاكدا:
له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا ڕۆڵی دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له په‌روه‌رده‌كردن و بنیاتنانی هاووڵاتیی باش له كۆمه‌ڵگه دیموكراسییه‌كاندا به‌ڕوونی ده‌بینرێت. ئه‌م دامه‌زراوانه هه‌وڵ ده‌ده‌ن له ڕێگه‌ی كار و چالاكییه‌كانیانه‌وه كه‌لتوورێكی مه‌ده‌نی بۆ تاكه‌كان بنیات بنێن، كه به شێوه‌یه‌كی گشتی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م كه‌لتووره مه‌ده‌نییه بریتییه له‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه:
- كاری گرووپی
- یه‌كسانی
- دادپه‌روه‌ری
- ئازادی
- ڕێزگرتنی به‌رامبه‌ر
- پێكه‌وه‌ژیان
- ڕێزگرتنی یاسا
- فره‌ییی ئینتمای سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی
- چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كان به ڕێگەی ئاشتییانه
- دووركه‌وتنه‌وه له توندوتیژی
- دووركه‌وتنه‌وه له ڕه‌گه‌زپه‌رستیی ئایینی و نه‌ژادی و نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی
- پاراستنی مافی ئافره‌تان
- ڕێزگرتن له بۆچوونی كه‌مینه‌كان.
بۆیه ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه بكه‌ین كه ستوونی سه‌ره‌كین بۆ كه‌لتووری مه‌ده‌نی له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك، ده‌بینین ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه هه‌مان ئه‌و ڕه‌هه‌ندانه‌ن كه په‌روه‌رده‌ی مه‌ده‌نی جه‌ختیان له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه. كه‌واته له كۆمه‌ڵگه دیموكراسییه‌كاندا دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ڕێكخراوه ناحكوومییه‌كان له نێوه‌ند‌ی جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر به‌هاكانی كه‌لتووری مه‌ده‌نی، یارمه‌تیده‌رێكی باشی په‌روه‌رده‌كردنی تاك ده‌بن به شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نییانه. به‌ڵام لێره‌دا سه‌باره‌ت به هه‌رێمی كوردستان پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه كه ئایا دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ڕۆڵیان له په‌روه‌رده‌ی مه‌ده‌نیی تاكدا هه‌بووه؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره، ده‌كرێت به شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی بێت، نه‌ك ڕه‌ها؛ ئه‌ویش ده‌توانین بڵێین ڕۆڵی ئه‌م دامه‌زراوه‌نه به شێوه‌یه‌كی گشتی له په‌روه‌رده‌كردنی مه‌ده‌نییانه‌ی تاكدا زۆر لاوازه، ئه‌گه‌رچی كاریگه‌رییه‌كی كه‌میشیان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته هه‌بووه. ئه‌رگیۆمێنتی سه‌ره‌كیی ئه‌م وه‌ڵامه‌یش، ده‌كرێت له چه‌ند هۆكارێك پوخت بكرێته‌وه:
١- فه‌زای گشتی و فه‌زای تایبه‌تی له هه‌رێمی كوردستاندا دیار نییه و تێكه‌ڵه. كه‌واته خودی چه‌مكی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له هه‌رێمی كوردستان ڕوون نییه؛ له ڕووی واقعییه‌وه نازانرێت كار و وه‌زیفه‌ی دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی چییه.
٢- ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی هه‌وڵیان نه‌داوه له ڕێگه‌ی كار و چالاكییه‌كانیانه‌وه، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و به‌هایانه‌ی كه له سه‌ره‌وه باس كران، كه‌لتوورێكی مه‌ده‌نی بنیات بنێن.
٣- زۆرینه‌ی ڕێكخراوه‌كان سه‌ر به حزبه‌كانن و، هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌جێندای حزبێكی دیایكراو جێبه‌جێ بكه‌ن، نه‌ك وه‌كوو دامه‌زراوه‌یه‌كی مه‌ده‌نی، كاری سه‌ربه‌خۆی خۆیان له هۆشیاركردنه‌وه‌ی تاك بكه‌ن.
٤- زۆرینه‌ی ڕێكخراوه‌كان له لایه‌ن كه‌سانی ناپسپۆره‌وه به‌ڕێوه ده‌چێت، كه ئامانجی له هه‌بوونی خودی ڕێكخراوه‌كه خزمه‌ت نییه، به‌ڵكوو به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سییه.
٥- زۆرینه‌ی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی له‌نێو ڕێكخراوه‌كان كار ده‌كه‌ن، خودی خۆیان باوه‌ڕیان به به‌ها مه‌ده‌نییه‌كان نییه.
٦- زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌وا له ڕیكخراوه‌كاندا كار ده‌كه‌ن، هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا نازانن په‌روه‌رده‌ی مه‌ده‌نی چییه.
٧- هه‌ندێك له‌و ڕێكخراوانه به‌ده‌ر له‌وه‌ی هه‌وڵی په‌روه‌رده‌كردن و پێگه‌یاندنی مه‌ده‌نییانه‌ی تاك بده‌ن، هه‌موو قسه و باسوخواسه‌كانیان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و حكوومه‌ت چڕ كردۆته‌وه؛ به‌ده‌ر له‌وه‌ی كه بزانن ئه‌و هه‌وڵانه سوودێكی وای نییه، مه‌گه‌ر له سه‌ره‌تاوه له په‌روه‌رده‌كردنی تاكه‌وه ده‌ست پێ نه‌كرێت.
كۆبه‌ند:
١- كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و كه‌لتووری مه‌ده‌نی، سیفه‌تێكی جه‌وهه‌رین له كۆمه‌ڵگه دیموكراسییه‌كاندا.
٢- په‌روه‌رده‌ی مه‌ده‌نی، هه‌وڵی پێگه‌یاندنی تاك ده‌دات به شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نییانه، كه پشت به به‌ها مه‌ده‌نی و دیموكراسییه‌كان ده‌به‌ستێت.
٣- ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له وڵاته دیموكراسییه‌كان، له ڕێگه‌ی تیشكخستنه سه‌ر به‌هاكانی كه‌لتووری مه‌ده‌نی، هه‌وڵی دروستكردن و بنیاتنانی كه‌لتووری مه‌ده‌نی ده‌ده‌ن بۆ تاكه‌كان؛ ئه‌مه‌یش له ڕێگه‌ی كار و چالاكییه‌كانیان و په‌روه‌رده‌كردنی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگه به شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نییانه.
٤- له هه‌رێمی كوردستان ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ڕۆڵێكی ئه‌وتۆیان له بنیاتنانی كه‌لتووری مه‌ده‌نی و په‌روه‌رده‌ی مه‌ده‌نیی تاكدا نه‌بووه.