دیموکراسی بەرەو چ ئاسۆیەک دەڕوات؟ "هەڵوەستەیەک لە یادی ڕۆژی جیهانیى دیموکراسیدا"

پێشەکی

15ی ئەیلوول "ڕۆژی جیهانیی دیموکراسی"یە، کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانه‌وه‌ دەستنیشان کراوە. لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوو نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی، لەژێر چەندین دروشمی جیاواز ئەم یادەیان کردۆتەوە. پێویستیی جێگیرکردنی پرەنسیپی دیموکراسی، یەکێک لە ئامانجە لەپێشینەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. بەڵام لێرەدا، پێویستە هەڵوەستەیەکی جددی لەسەر پرسی دیموکراسی لەسەر وڵاتانى جیهان بکەین، بۆ ئەوەی لە ڕەوشی ئێستا و داهاتووی دیموکراسی تێ بگەین. بۆ ئەم مەبەستەیش، گرنگە بپرسین ئایا دیموکراسی هێشتا بەهایەکی جیهانییە و، پێویستە وڵاتان لە بواری حوکمڕانیدا جێبەجێی بکەن؟ ئایا ئامانجی ئێستای دیموکراسی بۆ باشکردنی ڕەوشی جیهان چییە؟ ئایا هەموو وڵاتان ئارەزووی گواستنەوە بەرەو دیموکراسی دەکەن؟

گەشەکردنی دیموکراسی

دیموکراسی لە کاروانى بوون بە بەهایەکی گەردوونی، چەند قۆناغێکی بڕیوە؛ هەروەک ساموێل هانتینگتۆن بەم قۆناغانە دەڵێت "شەپۆڵەکانى دیموکراسی". بەپێی بۆچوونی ئەو زانایە، دیموکراسی سێ شەپۆڵی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە:

شەپۆڵی یەکەم: دەتوانین بڵێین سەدەى بیستەم سەدەى گواستنەوەیە لە ئیمپراتۆرییەت و ستەمکارییەوە بۆ سیستەمی دیموکراسی. ئەم شەپۆڵە بەراورد بەوانى تر درێژترین شەپۆڵە و، ڕیشەکەى بۆ شۆڕشی فەڕه‌نسی و ئەمریکی دەگەڕێتەوە. "ڕۆبەرت داڵ" پێی وایە گرنگترین کارێک ئەو شەپۆڵە کردبێتی، هێنانەپێشەوەی ڕێکارە دیموکراسییەکان بوو ئەگەرچی بە شێوەیەکی ڕواڵەتیش بوو. گەورەترین بەربەست لە بەردەم ئەو شەپۆڵە "مۆسۆلینی" بوو، کە بە هەموو هێزێکەوە ڕێگریی لە بەدیموکراسیبوونی وڵاتان دەکرد.

شەپۆڵی دووەم: دواى جەنگی جیهانیی دووەم دەستی پێ کرد، بە چەسپاندنی سیستەمی دیموکراسی لەو دەوڵەتانەى لە جەنگ شکستیان هێنابوو (ئەڵمانیای ڕۆژاوا، ئیتاڵیا ژاپۆن). ئەم شەپۆڵە بۆ شەستەکانى هەمان سەدە درێژ بووەوە؛ وڵاتانی ئەمریکاى لاتینی و بەشێک لە وڵاتانی ئەفریقا و ئاسیایشی گرتەوە. شۆڕشەکانى ئەو ماوەیە بەشێکی پەیوەندیی بەو شەپۆڵی بەدیموکراسیبوونەوە هەبوو.

شەپۆڵی سێیەم: سەرەتاکانى ئەو شەپۆڵە بۆ کۆتاییی حەفتاکانى سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، بەتایبەت دواى کودەتا سەربازییەکەی پۆرتوگال. پاشان ئەم شەپۆڵە بۆ یۆنان و ئیسپانیا درێژ بووەوە، تەنانەت بۆ ئەمریکای لاتینیش پەڕییەوە. پاشان ئەم شەپۆڵە بۆ وڵاتانی ئاسیایش درێژ بووەوە، بەتایبەت دواى کۆتاییهاتنی حوکمی دیکتاتۆرەکەى فیلیپین "فێردینارد مارکوس". بە ماوەیەکی کەم دواى ئەوە، حوکمی سەربازی لە پاکستان هێنرایە خوارەوە. ئەمە واى لە سەرکردە دیکتاتۆرەکانى هەر یەک لە تایوان و کۆریای باشوور كرد، خۆیان کورسیی حوکمڕانی چۆڵ بکەن. لێرەدا شۆڕشی ئێران بە بەشێک لە شەپۆڵی دیموکراسی هەژمار ناکرێ، بە هۆی ئەوەی نەیتوانى دیموکراسی بینێتە وڵاتەکە. لەگەڵ کۆتاییی هەشتاکان و کەوتنەخوارەوەی دیکتاتۆرەکانی وەک "دۆمینۆ"، دیموکراسی برەوێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی؛ بە شێوەیەک کە لە ماوەی پازدە ساڵ، زیاتر لە (30) سی دەوڵەت بوونە دەوڵەتی دیموکراسی؛ بەتایبەت دواى ڕووخانى یەکێتیی سۆڤیەت و دروستبوونی چەندین دەوڵەتی نوێ.

جێکەوتەکانی شەپۆڵی سێیەم تا ئێستایش بەردەوامە، تەنانەت ئەو شەپۆڵە فراوانەى دیموکراسی، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی لەسەر ئاستی چەمک و بەها جیهانییەکان لە ژینگەى جیهانى کرد. ئەم جێکەوتانە ڕەنگدانەوەی زیاتری لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی بەشێکی زۆری وڵاتە زلهێزەکان هەبوو. بە شێوەیەک کە بیرمەندە کۆنزەرڤاتیڤە نوێیەکان پێیان وایە ئەوەندە بەس نییە کە ڕێگە بدەین دیموکراسی بە شێوەیەکی خۆڕسکانە لە ناوخۆی وڵاتان خۆیانەوە هەڵقووڵێ، بەڵکوو ئەوە ئەرکێکی ئەخلاقیی وڵاتە زلهێزەکانە کە دیموکراسی بڵاو بکەنەوە، تەنانەت ئەگەر ئەو بڵاوکردنەوەیه‌ پێویستیی بە بەکارهێنانی هێزیش هەبێت. ئەم تێڕوانینە، یەکێک لە بنەڕەتیترن پرەنسیپەکانى یاسای نێودەوڵەتییشی دەستکاری کرد: پرەنسپی سەروەریی خاکی وڵاتان. گەر پێشتر وڵاتان ئازاد بوونایە لەوەی بە  هەر شێوەیەک خۆیان بیانەوێ خاکەکەیان بپارێزن، ئەوا دوای شەپۆڵی سێیەم لە حاڵەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ئەوا وڵاتان مافی دەستتێوەردانیان هەبوو. بەهاناوه‌هاتنی کۆمەڵگەى جیهانى بە دەنگی کوردان لە ساڵی 1991، باشترین نموونەیە.

ڕەوشی ئێستای دیموکراسی

لە سەدەى بیست و یەکەوە دیموکراسی پێی ناوەتەوە قۆناغێکی نوێوە، کە بەشێک لە زانایان پێیان وایە جێکەوتەکانی ئەو قۆناغە، ئاماژەیەکن بۆ بەرەوهەڵدێرچوونی دیموکراسی وەک بەهایەکی جیهانى و پرەنسیپێکی باڵای حوکمڕانى. بەشێکیش لە بیرمەندان و تیۆرزانان لەو باوەڕەدان ئەم قۆناغە بریتییە لە قۆناغی پێگەیشتووی دیموکراسی و، ئیتر هەموو وڵاتانی جیهان ناچارن کە لە چۆنێتیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا کار بەو پرەنسیپە بکەن. هەر دوو تێڕوانینەکە پشتیان بە چەندین بەڵگە بەستووە و ڕەوشی ناوچە جیاوازەکانى جیهانیان بە نموونە هێناوەتەوە. بەڵام ئەوەی لێرەدا بۆ ئێمە گرنگە، ئەوەیە بزانین کە ئێستا دیموکراسی لەسەر ئاستی جیهان لە چ دۆخێکدایە. بۆ ئەم مەبەستە چەندین دامەزراوەی توێژینەوە و چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، ساڵانە ڕاپۆرتی تایبەت بە ڕەوشی دیموکراسی ئامادە دەکەن. هەر یەکێک لەو دامەزراوانە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوشی دیموکراسی لەسەر ئاستی وڵاتان و ناوچە جیاوازەکان، پشت بە چەندین پێوەر و بەها دەبەستن. یەکێک لە به‌ناوبانگترین ئەو دامەزراوانەی بەردەوام پۆڵینی دیموکراسی دەکات، گۆڤاری "ئیکۆنۆمیست"ە. ئێمە لێرەدا پشت بەو زانیارییانە دەبەستین کە لە ڕاپۆرتەکانی ئەو گۆڤارەوە دەردەچێت بە هۆی ئەوەی جیاواز لە هەموو هەڵسەنگاندنەکانی دیکە، ئەم گۆڤارە هەوڵی داوە هەموو پێوەر و مەرج و پێداویستییەکانى دیموکراسی، وەک یەکەیەکی هەڵسانگاندنی دیموکراسی، وەربگرێت.

بەپێی دوایەمین ڕاپۆرتی گۆڤاری ئیکۆنۆمیست، کە بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەی "ئینتیڵیگێنس" کردوویەتی، دەردەکەوێت کە ڕەوشی ئێستای دیموکراسی بە قۆناغێکی ناسەقامگیر تێ دەپەڕێت. بە شێوەیەک لە کۆی وڵاتانی جیهان، تەنیا 19 وڵات دیموکراسییەکی تەواو بێخەوشیان هەیە کە پێیان دەگوترێت دیموکراسیی تەواو (Full Democracy)؛ بەو مانایەی کە تەنیا (%4،5)ی دانیشتووانی جیهان لە کەشێکی تەواو دیموکراسیدا دەژین. بەڵام بەپێی هەمان پۆلینکاری، هەندێ وڵات لە قۆناغی گەشەکردنی دیموکراسیدا دەژین، کە پێیان دەگوترێت Flawed Democracy. ژمارەى ئەو وڵاتانە 57 وڵاتە، کە ڕێژەی (%44،8)ی دانیشتووانى زەوی پێک دێنن؛ ئەم وڵاتانە ئاستی دیموکراسییەکەیان بەتەواوی نەگەیشتۆتە پلەیەکی تەواو. لە پلەى سێیەمی ئەو ڕێزبەندییە، ئەو وڵاتانە دەبینرێت کە سیستەمێکی تێکەڵیان هەیە؛ بەو واتایەی هەندێ پرەنسیپی دیموکراسییان هێناوەتەوە بواری حوکمڕانی، بەڵام لە بەرامبەردا هەندێ پرەنسیپیان هەیە کە بەتەواوی حوکمڕانیی تاکڕەو و ستەمکار بەرهەم دێنێت. ئەو وڵاتانە پێیان دەگوترێت ڕژیمە تێکەڵەکان (Hybrid Regimes) کە (%18)ی دانیشتووانى جیهان پێک دێنن.

لەو وڵاتانەدا پرەنسپیە دیموکراسییەکان زیاتر هەڕەشەی لەناوچوونیان هەیە. لە دوا پلەى ڕێزبەندیی ئەو پۆلینکارییە، ئەو وڵاتانە هەن کە بەتەواوی پشتیان لە بەها دیموکراسییەکان کردووە و سیستەمێکی حوکمڕانیی پاوانخوازییان هەیە. ئەمانە پێیان دەگوترێت Authoritarian Regimes، کە ڕێژەى (%32،7)ی دانیشتووانی جیهان لەژێر سایەی ئەو سیستەمە دەچەوسێنرێنەوە. ئەوەی بۆ ئێمە شوێنی سەرنجە، ئەو وڵاتانەی کوردیان تێدایە ڕەوشی دیموکراسی تێیدا باش نییە. بۆ نموونە تورکیا لە پلەى 97ی ئەو ڕیزبەندییە دەبینرێت کە ئاستی دیموکراسییەکەی 5،54) له‌ (10)[1]ە، واتا بە وڵاتیکی سیستەم تێکەڵاو هەژمار کراوە؛ بەتایبەت دواى گۆڕینی سیستەمی سیاسی، ئەگەری پاشەکشەی پرۆسەی دیموکراسی زۆر بووە. هەروەها عێراق لە پلەى 114ی ڕێزبەندییەکەیە، ئەویش بە هەمان شێوە سیستەمێکی تێکەڵی هەیە و ئاستی دیموکراسییەکەی (4،08)ە. ئەوەی لە ڕاپۆرتەکەدا شوێنی سەرنجە، شی نەکراوەتەوە کە بۆچی عێراق لەو پلەیه‌دایە. هەروەها ئێران لە پلەی 154ی ڕیزبەندییەکەیە، کە بە وڵاتێکی دیکتاتۆر هەژمار کراوە. ئەگەری پێشکەوتنی ڕەوشی دیموکراسی لە ئێران زۆر لاوازە، بە هۆی ئەو حوکمڕانییە ئایینییە تائیفییە توندەى هەیە؛ بەتایبەت ئەو ڕێوشوێنانەی ڕژێمی ئێرانی بۆ کپکردنەوەی دەنگە ناڕازییەکان گرتوویەتییە بەر، خاڵێکی ڕەشە بە ڕوخساری ئەو وڵاتەوە و، واى کردووە بە یەکێک لەو وڵاتانە هەژمار بکرێن کە هەڕەشەن بۆ سەر دیموکراسی.

ئەوەی لەو پۆڵینکارییە بۆ هەڵسانگاندنی ڕەوشی دیموکراسی لەسەر ئاستی وڵاتان پشتی پێ بەستراوە چەند پێوەرێکە، لەوانە: 1/ پرۆسەی هەڵبژاردن و فرەیی (electoral process and pluralism): بەستنەوەی هەڵبژاردن بە فرەیییەوە بۆ ئەوەیە کەوا پەیامی ڕاستەقینەى هەڵبژاردن دەربخات، لەبەر ئەوەی ئێستا بەشێکی زۆری وڵاتان کار بە پرەنسیپی هەڵبژاردن دەکەن بێ ئەوەی ئەو هەڵبژاردنە ببێتە هۆی پتەوکردنی سیستەمی دیموکراسی. 2/ ئەرکی حکوومەت (Function of Government): بەرهەمی دەزگه‌کانى حکوومەت و نزیکییان لە هاووڵاتییەوە، یەکێک لە نوێترین ئەو پێوەرانەن کە ئاستی دیموکراسیبوونی وڵاتانی پێ هەڵدەسەنگێنرێت؛ بەو مانایەى هەرچەندە ئەگەر حکوومەت بە ڕێگه‌یەکی شەرعی، دروست بووبێت، بەڵام ئەگەر نەیتوانی ئەرکی خۆی به‌جێ بگه‌یه‌نێ، ئەوا دەبێتە ئاستەنگ لە بەردەم پرۆسەی دیموکراسی. 3/ بەشداریی سیاسی (political participation): ئاستی بەشداریی هاووڵاتیان لە پرۆسەی سیاسیدا یەکێک لە پێوەرە گرنگەکانە؛ بەوەی نابێ ئەرکی هاووڵاتی، تەنیا لە پرۆسەی هەڵبژاردن کورت بکرێتەوە. 4/ کەلتووری سیاسی (political culture): بەشێکی زۆری هۆکارەکانى جێگیرنەبوونی ئاستی دیموکراسی، بۆ نەبوونی کەلتووری سیاسیی دیموکراسی دەگەڕێتەوە. گەر سەرنجی وڵاتە دیکتاتۆرەکان بدەین، دەبینین کە کەلتووری سیاسی چ ئاستەنگییەکی گەورەیە لە بەردەم گەشەی دیموکراسی. 5/ ئازادیی هاووڵاتیان (civil liberties): بناغەی سەقامگیربوونی هەر سیستەمێکی دیموکراسی، پەیوەستە بە دابینکردنی ئازادییە گشتییەکانی هاووڵاتی، پرسی ئازادی و دیموکراسی؛ بە شێوەیەک تێکەڵن کە زۆر جار بەیەک وشەى لێکدراو بەکار دێن.

دیموکراسی لەپێناو کەمکردنەوەی ململانێ

لە 15/9ی ئەمساڵ لەژێر دروشمی بەرگریکردن لە دیموکراسی، یەکێتیی پەرلەمنتارانی نێودەوڵەتی (دامه‌زراوه‌كه‌ سه‌ر به‌ رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌ و نوێنه‌ری په‌رله‌مانی وڵاتانی تێدایه‌ و، له ‌ساڵی 1997دا دامه‌زراوه‌)، یادی بیست ساڵەی دامەزراندنی خۆی دەکاتەوە، کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانیى دیموکراسی. ئەم یادە کۆمەڵێک چالاکی لەسەر پرسی دیموکراسی لە جیهان لەخۆ دەگرێت، بەو پێیەی دیموکراسی پێوەرێکی نێودەوڵەتییە بۆ ئاراستەکردنی حکوومەت و پەرلەمانى وڵاتان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو ئاستەنگانەى ڕووبەڕووی ئێستای دیموکراسی بوونەتەوە. ئامانجی سەرەکیی ئەم یادکردنەوەیه‌ دووبارە داڕشتنەوەی ئەو چەمکانەیە کە وەک پرەنسیپی دیموکراسی دەردەکەون. ئەمەیش لە پێناو ئەوەی هەموو مرۆڤێکی ئەم جیهانە، دیموکراسی بە پێویستییەکی خۆی بزانێت.

یەکێک لەو بابەتە گرنگانەى، ئێستا ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە نێوانیان بۆتە پرسی هاوبەش، پرسی بەستنەوەی دیموکراسییە بە ئاشتی و ئاسایشی جیهانەوە؛ بەو مانایەی کەوا سیستەمی دیموکراسی باشترین گه‌رەنتییە بۆ کەمکردنەوەی ململانێ و ناکۆکیی نێوان وڵاتان. بابەتی دیموکراسی و ڕێگەگرتن لە ململانێ، جەخت لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی دامەزراوە دیموکراسییەکان دەکات لە پێناو پتەوکردنی ئاشتی و سەقامگیریی نێودەوڵەتی. لێرەدا ئەرگیۆمێنتەکە لەسەر ئەوە داڕێژراوە كە ئەو کۆمەڵگه‌یانەی دامەزراوەی دیموکراسییان تێدا بەهێزە، لە سیاسەتی دەرەوەیاندا ڕەوتێکی میانڕەو و ئاشتیخوازیان هەیە و خۆیان لە ململانێ و ناکۆکی و پێکدادان بەدوور دەگرن. ئەو (10) وڵاتەی یەکەمی ڕێزبەندی دیموکراسی، ماوەی زیاتر لە سی ساڵە لە هیچ جەنگێک لایەن نەبوونە، تەنانەت بەشێک لەو وڵاتانە سوپایان نییە. هەموو ئەو چالاکی و خوێندنەوە نوێیانه‌ى بۆ دیموکراسی دەکرێن، ئامانجیانە وڵاتان بە ئاراستەیەکی دیموکراسی جووڵە بکەن لە پێناو جێهانێکی دوور لە جه‌نگ و ململانێ. بەو واتایەی کە دیموکراسی یەکێک لە چارەسەرە بنەڕەتییەکانی کۆتاییهێنانە بە ناکۆکی.

کۆمەڵگە دیموکراسییە میانڕەوەکان دەتوانن ئاستی ململانێکان بە چەند ڕێگه‌یەکی دیموکراسی کەم بکەنەوە، لەوانە: گفتوگۆی نەرم لە نێوان لایەنە جیاوازەکان، بەهێزکردنی دامەزراوە شەرعییەکان و دانانی میکانیزم و ژێرخانى گونجاو بۆ ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانى ململانێ، چارەسەرێکی گونجاوە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی ئەو هەڕەشانەی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان دروست بووە؛ بەتایبەت ئێستا کە هەندێ ناوەندی ئەکادیمی، گریمانەی جەنگێکی نوێی جیهانیان باس کردووە. بۆیە بۆ ڕێگەگرتن لەو جەنگە، یەکێک لە میکانیزمەکان پتەوکردنی سیستەمی دیموکراسییە. بۆ ئەمەیش پێویستە سەرکردایەتییەکی بەهێز پاڵپشتی لە دیموکراسی بکات. لە پاڵ ئەمەیشدا، پێویستە کۆمەڵگەی مەدەنی بەهێز بکرێت و مافی ئافرەت بەتەواوی دەستەبەر بکرێت. هەروەها پێویستە سەروەری بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی لێوە بکرێت، بەو مانایەى سەروەریی یاسا دۆخێک لە سەقامگیری دروست دەکات کە لە ئاستی ناوخۆیی و ئاستی دەرەوەدا ڕەنگدانەوەی دەبێت.

قۆناغی دواى دیموکراسی

کاتێک فۆکۆیاما باسی لە "کۆتاییی مێژوو" کرد، مەبەستی گەیشتن بوو بە خاڵێک کە هەموو وڵاتان بەرەو دیموکراسی دەچن و مێژوو لەو خاڵەوە ئیتر دەوەستێت، بەڵام ئەم تێزەی فۆکۆیاما دوای چەند ساڵێک ڕەخنەى زۆری لێ گیرا؛ لە بەرامبەردا ئێستا باس لە قۆناغی دواى دیموکراسی دەکرێت. هەرچەندە قۆناغی دواى دیموکراسی (Post-democracy)، زیاتر دیدێکی فکری و فەلسەفییە، بەڵام ئاماژەکانى خەریکە لەسەر ئەرزی واقع درکی پێ دەکرێت، بە هۆی ئەوەی دیموکراسی نەیتوانى بەشێکی زۆری کێشە بنەڕەتییەکانى جیهان چارەسەر بکات. ئەم قۆناغە ئەگەرچی لە ئێستادا بە گریمانەیەکی دووری دادەنێن، بەڵام هەندێ ئاراستەی نوێ دروست بوون، کە ڕەخنەی جددی لە کرۆکی دیموکراسی و لێکەوتەکانی دەگرن؛ بە شێوەیەک کە دیموکراسییان خستۆتە بەردەم پرسیاری جددی، تەنانەت هەندێ لە زانایانیش پێویستیان بە فراوانکردنی سنووری چەمکەکانە بۆ ئەوەی وەڵامێکیان بۆ ئەو ڕەخنانە هەبێت. گرنگترین ئەو ئاراستانەى ڕەخنەى جددییان لە دیموکراسی گرتووە بریتین لە:

١- زانای بەناوبانگی بواری ئابووریی سیاسی "کۆلن کراوچ"، لە تێزێکی نوێدا باسی لە چەمکی Post-democracy کرد. یەکەمین ئاماژەکانى هاتنەوەخوارەوەی دیموکراسی لە لووتکەوە لەو په‌رتووكه‌دا بەدی دەکرێت. ئەگەرچی کۆی بیرۆکەکانى، زیاتر ڕەهەندێکی ئابوورییان وەرگرتووە، بەڵام ڕووداوەکانی دواى ئەو په‌رتووكه‌، تێزەکانی کراوچ دەسەلمێنن. کراوچ جەخت لەسەر هێژموونیی کۆمپانیاکان دەکات لەسەر دەوڵەت، بە شێوەیەک کە دەوڵەت پیشەسازیی کەم دەبێت و ژمارەى کرێکار کەم دەبێتەوە. بەم شێوەیە حزبە سیاسییەکان لاواز دەبن و دەبنە حزبی لیستی هەڵبژاردن، نوخبەی سیاسی بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت، ڕاگەیاندنەکانیش تەنیا بۆ ڕیکلامی ئەو کۆمپانیایانە تەرخان دەکرێن و چیتر توانای دروستکردنی ڕای گشتییان نامێنێ، هەروەها خزمەتگوزارییە گشتییەکان دەکەونە دەستی کۆمەڵێک کەسی بەرژەوەندیخواز. کۆڵن کراوچ ناڵێت ئێستا دیموکراسی بەتەواوی نەماوە، بەڵام ئەو دیموکراسییەی ئێستا، چیتر پاڵنەری جووڵەى سیاسی و ئابووریی وڵات نییە. هەرچەندە لە ساڵی 2004 ئەو تێزە نووسراوە، بەڵام هەڵبژاردنی دۆناڵد ترامپ، باشترین نموونەیە بۆ ئەو قۆناغەی، کراوچ بە دیموکراسییەتی کۆمپانیاکان ناوی دەهێنێت.

٢- پێش بەهاری عەرەبی، کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان هیوایەکی زۆریان بە دیموکراسی هەبوو و، بە ڕێگەچارەی دەربازبوونیان دەزانی بۆ ڕزگاربوون لە ستەمکاری. بەڵام لەگەڵ هاتنی بەهاری عەرەبی و نەپێکانی ئەو ئامانجە دیموکراسییە، ئێستا بیرمەندە عەرەبەکان خەریکی دروستکردنی تێڕوانینێکی دیکەن بۆ بابەتی دیموکراسی. هەوڵ دەدەن بیرۆکەکانیان لەسەر ئەو بنەمایە دابرێژن کە دیموکراسی جلێکە، بە باڵای کۆمەڵگە ڕۆژاوایییەکان دووراوە؛ ئێمە گەر بمانەوێت دەرباز بین، پێویستە فۆرمێکی نوێ لە حوکمڕانی دروست بکەین کە لەگەڵ پێکهاتە و سروشتی ئاڵۆزی ئەو کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییانە بگونجێت. بۆیە هەمیشە ئەوە دووپات دەکەنەوە کە دیموکراسی کاڵایەک نییە بتوانین لە ڕۆژاواوە بیهێنین و لێرە پیادەی بکەین. کەواتە ئەو ئاراستە هزرییەی ئێستا لە وڵاتە عەرەبییەکان هەیە، لەسەر ڕەخنەگرتن و نەگونجانی دیموکراسی بنیات نراوە. پاشەکشەى پرۆسەی دیموکراسی لە وڵاتانی بەهاری عەرەبی، بەتایبەت تونس و میسر، نموونەیەکی زیندووی ئەو دیدە نوێیەن بەرامبەر دیموکراسی.

٣- وڵاتە دیموکراسییەکان لە ڕووی تەکنەلۆژیی جەنگییەوە بەراورد بە وڵاتە دیکتاتۆرییەکان لە پاشەکشەدان، کە بوودجەیەکی زۆریان بۆ بواری سەربازی تەرخان کردووە. نەبوونی ئەو هاوسەنگییە واى لە هەندێ وڵاتی دیموکراسی کردووە کە هەندێ لە پرەنسیپیە دیموکراسییەکانیان پشتگوێ بخەن لە پێناو دووبارە ڕاگرتنی هاوسەنگییەوە. ترسی زیاتر بەهێزبوونی وڵاتە دیکتاتۆرەکان بەرامبەر وڵاتە دیموکراسییە میانڕەوەکان، ترسێکە کە وڵاتانی دیموکراسیی ناچاری وەرگرتنی هەندێ هەڵوێست کردووە کە دوورە لەو میانڕەوییەی سیستەمی دیموکراسی دەیخوازێت. هەرچەندە هەندێ زانا ئەمە وەک هەوڵێک دەبینن بۆ پارێزگاریکردن لە دیموکراسی، بەڵام دواجار هەر ڕەخنەیە ڕووبەڕووی سیستەمی دیموکراسی دەکرێتەوە.

 

[1] یه‌كه‌ی پێوان له‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ له‌سه‌ر (10) هه‌ژمار كراوه‌، توركیا له‌ 10 پله‌ 5،54 نمره‌ی هێناوه‌.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples