خستنەڕووی پرس
عێراقییەکان بە بەشدارییەکی کەمەوە پرۆسەی هەڵبژاردنیان ئەنجام دا بۆ دەستنیشانکردنی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق؛ هاوکات بەشێکی زۆری لایەنەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان ناڕەزاییی خۆیان بەرامبەر دەرەنجامەکان دەربڕیوە. نیگەرانییەکان لە ئاستی نێوخۆیی دەرچووە؛ تەنانەت بەشێک لەو وڵاتانەی دەستکاریی کاروباری عێراقیش دەکەن، نیگەرانییان بۆ دروست بووە بەرامبەر ئەوەی دەرەنجامی هەڵبژاردن بە دڵی ئەوان نەبووە. دەرەنجامەکانی ئەم خولەی هەڵبژاردن هاوکێشەکانی دەسەڵات لەسەر ئاستی عێراق دەگۆڕێت، بە شێوەیەک کەوا چاوەڕوان دەکرێ لە کۆی سەکتەرەکانى حوکمڕانیدا ئەو گۆڕانکارییانە ڕەنگدانەوەی هەبێت، بەتایبەت کە عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە و، لە ڕووی ڕێکخستنەوە پێکهاتەیەکی ئاڵۆزی هەیە. لێرەوە ئێمە دەکەوینە بەردەم چەند پرسیارێک: ئایا هەڵبژاردن دەتوانێ لە چوارچێوەی دەوڵەتە فیدراڵییەکاندا چ ڕۆڵێک ببینێت؟ ئایا هاوکێشەکانی دەسەڵات لە دەوڵەتی فیدراڵیدا چین؟ ئایا هەڵبژاردن دەتوانێ دەستکاریی ئهو هاوکێشانە بکات، بەتایبەت لە دەوڵەتێکی وەکوو عێراقدا، کە بۆتە گۆڕەپانی ململانێی نێودەوڵەتی؟ ئایا دەرەنجامەکانی ئەو خولەی هەڵبژاردن چ واقعێک بۆ عێراقییەکان دروست دەکات؟
هەڵبژاردن و ڕەگەزەکانی لە چوارچێوەی سیستەمی سیاسیدا
سیستەمە سیاسییەکان گەیشتووینەتە قۆناغێک کە چیتر هەڵبژاردن بەتەنیا ئامرازێک و میکانیزمێک نییە بۆ دەرخستنی سروشتی دیموکراسیەکەی، بەڵکوو هەڵبژاردن ئەو کاتە مانا وەردەگرێت ئەگەر ببەسترێتەوە بە ئەکتەرە نێوخۆیییەکانی دەوڵەت، بەتایبەت ئەوانەی بەشداری لەو پرۆسەیەدا دەکەن. هەڵبژاردن لە هەمان کاتدا، بووەتە ئامرازێک بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو ململانێیەی کە لە نێوان ئەکتەرە سیاسییەکاندا لەسەر خواستیان بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات، دروست دەبێت. کاتێک کۆمەڵێک دەستە و تاقمی جیاواز هەبن و هەموویان بانگەشە بکەن بۆ ئەوەی شایستەترینن بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات، لەو کاتەدا دەسەڵات دەبێتە چەقی ململانێی ناوخۆییی دەوڵەت. بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو ململانێ ناتەندروسته، هەڵبژاردن باشترین ئامرازە. هەر کاتێک هەڵبژاردن نەیتوانی ئەم ئامانجەی خۆی بپێکێت، یەکێک لە سەرەکیترین پایەکانى خۆی لەدەست دەدات. هەڵبژاردن وەک یەکێک لەو ئامرازانە ناسراوە کە هاووڵاتیان بە هۆیەوە بەپێی ئاستێکی دیاریکراو گۆڕانکاری لە دەسەڵاتەکانی کۆمەڵگە دەکەن. بە مانایەکی دیکە، هەڵبژاردن پرۆسەیەکە کە دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە پشت پەردە شاراوەکان دێنێتە پێش پەردە و، خەڵک بە چاوی خۆی ئەو پرۆسەیە دەبینێت. بەپێی خواستی جەماوەر هەر هێزێکی سیاسی، چانسی بەشداربوونی دەبێت لە دەسەڵات بۆ ئەوەی بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەشداری لە کاروباری حوکمڕانیدا بکات. کەواتە هەڵبژاردن بە پلەی یەکەم بەستراوەتەوە بە دەسەڵاتەوە، چونکە ئامانجی سەرەتا و کۆتاییی هەر پرۆسەیەکی هەڵبژاردن، پەیوەستە بە خواستی هاووڵاتیان بۆ گۆڕانکاری لە دەسەڵات و ئەکتەرەکانی ناو دەستەی حوکمڕانی.
هەڵبژاردن وەک پرۆسەیەکی سیاسی، ڕێگە دەگرێ لەوەی حکوومەتەکان بە شێوەیەکی ناسروشتی بگۆڕدرێن. بەو مانایەی هەڵبژاردن گرێنتییەکە بۆ ئەوەی توندوتیژی لەو پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵاتە ڕوو نەدات، هەروەها بەربەستێکیشە لە بەردەم کودەتاى سەربازی و شۆڕشی چەکداریی توندوتیژ؛ چونکە شۆڕش و کودەتای سەربازی لە دۆخێک دروست دەبێت، کە یان هەڵبژاردن نییە، یانیش هەڵبژاردنەکان ڕاستەقینە نین و ئامانجی تەواوی خۆیان ناپێکن. بە شێوەیەکی گشتی پرۆسەی هەڵبژاردن لە چوارچێوەی سیستەمە هاوچەرخەکاندا لە چەند ڕەگەزێک پێک هاتووە، لەوانە:
1/ ڕەگەزی یەکەم: دەنگدەر: ئەو کەسەیە کە مافی بەشداریکردنی هەیە لەو پرۆسەیە؛ ئەمەیش چەند مەرج و تایبەتمەندییەکی هەیە کە بەپێی جیاوازیی وڵاتان ئەو مەرجانە دەگۆڕێت. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، دەنگدەر دەبێ لە ڕووی عەقڵییەوە توانای هەڵبژاردنی نوێنەری خۆی هەبێت.
2/ ڕەگەزی دووەم: پاڵێوراو: ئەو کەسەی خۆی بە شایستە دەزانێت کە بەشدار بێت لە کاروباری حوکمڕانی و ببێتە نوێنەری خەڵک بۆ ڕاپەراندنی کارە گشتییەکانی کۆمەڵگە. چەقی ململانێی ناوخۆیی، لەو خواستەی ئەم ڕەگەزەوە دەست پێ دەکات.
3/ ڕەگەزی سێیەم: دەنگدان: ئەمەیشیان پرۆسەی دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەیە کە خەڵک متمانەیان پێ دەکات بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی دیاریکراودا ئەرکە گشتییەکان لە ئەستۆ بگرن. لێرەدا ئیرادەی هاووڵاتی کۆتایی دێت و ئەرکی ڕەگەزی تەواو دەبێت. لە چوارچێوەی ئەم ڕەگەزەدا خواستی کۆمەڵگە بۆ چۆنێتیی یەکلاییکردنەوەی ململانێی دەسەڵات ڕوون دەبێتەوە.
4/ ڕەگەزی چوارەم: دەستاودەستکردنی دەسەڵات: بەبێ ئەم ڕەگەزە هەڵبژاردن نابێتە پرۆسەیەکی سیاسیی تەندروست، چونکە ئەگەر پرۆسەی هەڵبژاردن نەگاتە ئەم قۆناغە، لە بری ئەوەی ململانێی دەسەڵات چارەسەر بکات، کێشە و ناکۆکییەکان قووڵتر دەكاتهوه.
هاوکێشەکانى دەسەڵات لە دەوڵەتە فیدراڵییەکاندا
وەک چۆن هیچ سیستەمێکی دیموکراسی بەبێ هەڵبژاردن مانایەکی تەواوی نییە، بە هەمان شێوەیش هەر هەڵبژاردنێک نەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە هاوکێشەکانی دەسەڵات، بەشێکی زۆری ماناكەی خۆی لەدەست دەدا. بەڵام لێرەدا پێویستە بزانین هاوکێشەکانی دەسەڵات چین و چۆن بە هۆی هەڵبژاردنەوە گۆڕانکارییان بەسەردا دێت. وەک چۆن دەسەڵات لە هەر وڵاتێک فۆرمێکی تایبەتی خۆی هەیە، هاوکێشەکانی دەسەڵاتیش سروشتی جیاوازیان دەبێت، بەتایبەت لەو وڵاتانەی سیستەمێکی فیدراڵییان هەیە. لە دەوڵەتە فیدراڵییەکاندا دەسەڵات جگە لەوەی فرەڕەهەندە، لە هەمان کاتدا هاوکێشەکانیشی ئاڵۆز و پڕکێشەن؛ بە شێوەیەک کە فاکتەری سیاسی و کەلتووری و جوگرافی، ڕۆڵی گەورەیان لە چۆنێتیی وێناکردنی ئەو هاوکێشانەدا دەبێ. دەکرێ بڵێین لە دەوڵەتی فیدراڵی، هاوکێشەکانی دەسەڵات بریتین لە:
1/ ستراکچەری دەسەڵاتی فیدراڵی: کە خۆی لە هەر سێ دەسەڵاتە گشتییەکانی "جێبەجێکردن"، "یاسادانان" و "دادوەری" لەسەر ئاستی فیدراڵیدا دەبینێتەوە. ئەو دەسەڵاتانە ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لە یەکلاکردنەوەی پرسە هەڵواسراوەکان دەبینن، بەتایبەت ئەو کێشانەی بەردەوام لە نێوان دەسەڵاتی ناوەندی و حکوومەتە خۆجێیەکان دروست دەبێت. هەڵبژاردن بە شێوەیەکی سەرەتایی بەشدار دەبێ لە پێکهێنانی بەشێک لەو دەسەڵاتانە، بە شێوەیەک کە ڕاستەوخۆ دەسەڵاتی یاسادان و ناراستەوخۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردن دروست دەکات. لێرەوە ڕۆڵی هەڵبژاردن دەردەکەوێت؛ ئەگەر بە شێوەیەکی ڕاستەقینە ببێتە هۆی پێکهێنانى ئەم دەسەڵاتانە، ئەوا ئاسان دەتوانێ لەم گۆشەیەوە هاوکێشەی دەسەڵات بەپێی خواستی هاووڵاتیان بگۆڕێت. بەڵام ئەگەر هەڵبژاردن لە گۆشەیەکی بچووکدا قەتیس بکرێت، ئەوا سەرەڕای دەرەنجامەکانی، ناتوانێ لە گۆڕینی هاوکێشەکە ڕۆڵی هەبێت؛ ئەگەرچی هاووڵاتیانیش خواستیان لەسەر ئەو گۆڕانکارییە هەبێت. لەو وڵاتە فیدراڵییانەی بەشەکانی بەزۆر بەیەکەوە لکێنراون و دیمۆگرافیایەکی شێواویان هەیە، هەڵبژاردن ناتوانێ ببێتە فاکتەر گۆڕانکاری، چونکە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن ناتوانێ ستراکچەری دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن بگۆڕێت.
2/ دابەشبوون بەسەر بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن: لەو دەوڵەتە فیدراڵییانەى حکوومەتی ناوەندی بەهێزە و دەسەڵاتی زۆری هەیە، هەمیشە کێبڕکێ لەسەر ئەو دەسەڵاتە لە ئاستێکی باڵادایە؛ بە شێوەیەک کە هەموویان هەوڵی بەدەستهێنانى دەدەن. لەم چوارچێوەیەدا هەندێک ئەم دەسەڵاتە دەگرنە دەست، هەروەها بەشێکی دیکەیش دەکەونە دەرەوەی ئەو دەسەڵاتە؛ بەو مانایەی بەشێک حکوومەت پێک دێنن و بەشەکەی دیکە دەبنە ئۆپۆزیسیۆنی ئەو حکوومەتە. ئەوەی هاوکێشەی دەسەڵات بەسەر حکوومەت و ئۆپۆزیسیۆندا دابەش دەکات، هەڵبژاردنە، بەتایبەت دواى ئەوەی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن سەنگی هەر یەکێک لەو هێزانە دیاری دەکات. هەڵبژاردن فاکتەری سەرەکیی ئەو هاوکێشەیە؛ بۆیە هەر کاتێک دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن نەیتوانی ئەو هاوکێشەیە بگۆڕێت، ئەوە هەڵبژاردن لە دەرەوەی بازنەى دیموکراسییە، بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە حکوومەتی ناوەندی حکوومەتێکی ناهەوسەنگ بێت و نەبێتە حکوومەتی هەموو پێکهاتەکان.
3/ ستراکچەری دەسەڵاتی پێکهاتەکان: بەشێکی زۆری دەوڵەتە فیدراڵییەکان لەسەر بنەمای جیاوازیی پێکهاتەیییە؛ بە شێوەیەک کە یەکە پێکهێنەرەکانی ئەو فیدراڵیزمە، تایبەتمەندیی خۆیان هەیە و هەموویان لە یەک جیاوازن. کۆکردنەوەى ئەو هەموو جیاوازییە لە چوارچێوەی سیستەمێکی فیدراڵیدا کارێکی ئاسان نییە، ئەگەر هەر یەکێک لەو پێکهاتانە هەست بە دەسەڵاتی جیاوازبوونیان نەکەن. لێرەوە پێکهاتەکانی نێو سیستەمێکی فیدراڵیدا لە دەرەوەی دەسەڵاتە گشتییەکانی دەوڵەت، خاوەنی دەسەڵاتی تایبەتی خۆیانن وەک گرێنتییەک بۆ مانەوەی لە چوارچێوەی سیستەمە فیدراڵییەکەدا. بۆ ئەوەی دەسەڵاتی پێکهاتەکان نەبێتە هەڕەشەیەک لەسەر سەروەریی دەوڵەت، سیستەمی فیدراڵی ئەم دەسەڵاتانەى لە چوارچێوەی ئەنجومەنێکدا ڕێک خستووە، کە بە شێوەیەکی گشتی بە ئەنجومەنی هەرێمەکان ناسراوە. پارسەنگی هاوسەنگی لە وڵاتە فیدراڵییە فرەپێکهاتەکاندا، ئەم ئەنجومەنەیە؛ بۆ ئەوەی ڕێگە بگرێت لەوەی لە ڕێگەى پرەنسیپی زۆرینەوە مافی ئەو پێکهاتانە پێشێل بکرێ کە قەبارەیەکی بچووکیان هەیە. هەرچەندە هەڵبژاردن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕۆڵی نییە لە وێناکردنی ئەو هاوکێشەیەی دەسەڵات، بەڵام دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن لە ئاستەکانی دیکەى هاوکێشەی دەسەڵات، وای کردووە ئەم هاوسەنگییە ببێتە پێویستییەکی بنەڕەتی بۆ پاراستنی سیستەمی فیدراڵی. بێ گومان ئەوەیش پەیوەستە بە بوونی پرەنسیپێکی گرنگ کە بریتییە لە پرەنسیپی تەوافق لەسەر ئاستی حوکمڕانیدا.
4/ سەنگ و پێگەى دەسەڵات: ئەوەی دەسەڵات دەکاتە چەقی ململانێی نێوان لایەنەکان، پێگەى دەسەڵاتە لە ستراکچەری حوکمڕانیدا، بەتایبەت دەسەڵاتی جێبەجێکردن. هەوڵی هەموو لایەنەکان بۆ گرتنەدەستی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، تەنیا لەو وڵاتانە بەدی دەکرێت کە تێیدا دەسەڵات بە خراپ بەکار دەهێنرێت؛ هەروەها ئەو دەوڵەتە فیدراڵییانەی حکوومەتی ناوەندی تێیدا سنوورێکی بەرفراوانی هەیە، ململانێ لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەچێتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە. لە بنەڕەتدا هەڵبژاردن بۆ دەستنیشانکردنی دەسەڵاتی یاسادانانە، بەڵام کاتێک لایەنە کێبرکێکەرەکان ئامانجی گەورەیان دەسەڵاتی جێبەجێکردن بێت، لە گرنگی و پێگەى یاسادانان کەم دەکەنەوە. تاوەکوو هاوسەنگی لە نێوان هەموو دەسەڵاتە گشتییەکان ڕانەگیرێت، هەڵبژاردن ناتوانێ ببێتە فاکتەری سەقامگیری و هۆکاری دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات. کەواتە هەڵبژاردن لە دەوڵەتە فیدراڵییە دواکەوتووەکان ئەرکێکی زیاتری لەسەر شانە، ئەویش ڕاگرتنی بەڵانسی دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردنه. هەر کاتێک هەڵبژاردن هاوکێشەکەى بەرەو لاوازکردنی دەسەڵاتی یاسادانان بوو، ئەوا چیتر هەڵبژاردن پێویست نابێ.
5/ دەسەڵاتە حزبییەکان: هەموو سیستەمە هاوچەرخەکان، ئەگەر فیدراڵی بێت یان نا، حزبە سیاسییەکان بەشێکی زیندووی ژیانی سیاسییە تێیدا؛ بە شێوەیەک کە حزبە سیاسییەکان بە شێوەیەکی ئاسۆیی باڵیان بەسەر کۆی کایەکانی کۆمەڵگەدا گرتووە. لەم چوارچێوەیەدا حزبە سیاسییەکان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، ڕۆڵی بزوێنەر دەبینن. بەڵام لە دەوڵەتی فیدراڵیدا، بە هۆی جیاوازیی زۆری نێوان هەرێم و کیانە پێکهێنەرەکانی دەوڵەتەوه، هەمیشە سیستەمی سیاسی هاوتایە لەگەڵ سیستەمی فرەحزبیی سیاسی. ئەم شێوازەیش لە سیستەمی حزبی، هەمیشە لە چەندین ئاستی جیاوازەوە ژینگەی سیاسی بە کۆمەڵێک ململانێ بارگاوی دەکات. ململانێ حزبییەکان لە سیستەمە فیدراڵییە ئاڵۆزەکاندا، لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەگاتە ئاستێکی باڵا؛ بە جۆرێک کە هەموویان هەوڵی گرتنەدەستی دەسەڵات دەدەن. ئیتر بەم جۆرە، هەڵبژاردن سەنگ و پێگەی هەر یەکێک لەو حزبانە دەستنیشان دەکات. کەواتە هەڵبژاردن لەم ڕەهەندەیدا، لە هاوکێشەیەکی دیکەى دەسەڵاتدا ڕۆڵی دەبێت؛ ئەویش دەسەڵاتی حزبەکانە بەسەر ژیانى سیاسیدا.
پرۆسەی هەڵبژاردن و هاوکێشەکانی دەسەڵات لە عێراق
ئەگەر سەیری هەموو قۆناغەکانی ژیانی سیاسیی دەوڵەتی عێراقی بکەین، هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاوەکوو پرۆسەی ئازادی و دروستکردنی سیستەمێکی فیدراڵی، دەبینین بە شێوەیەک لە شێوەکان هەڵبژاردن بوونی هەبووە؛ تەنانەت لە سەردەمی پاشایەتییشدا لە عێراقدا ئەو پرۆسەیە هەبووە، دواتر لە سەردەمی کۆمارییشدا هەر هەبووە. بەڵام ئەوەی شوێنی تێڕامان بووە ئەوەیە، هەموو هەڵبژاردنەکان جگە لە نمایشێکی ساختە هیچی تر نەبوونە، بە هۆی ئەوەی هەڵبژاردنەکان پرۆسەیەکی شکڵی بوونە و هیچ پەیوەندییەکیان بە دەسەڵاتەوە نەبووە. هەر کاتێکیش هەڵبژاردن پەیوەندیی بە دەسەڵات و هاوکێشەکانیەوە نەبێ، ماناکەى خۆی لەدەست دەدا. بۆیە دەبینین هەڵبژاردنەکانی قۆناغەکانی پێشووتری عێراق بە هیچ شێوەیەک گۆڕانکارییان نەکردووە، تەنانەت لەسەر ئاستی خۆجێ و ئاستی شارەوانییە بچووکەکانیش هەست بە بوونی پێگەى هەڵبژاردن نەکراوە؛ ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا هەڵبژاردنەکان ئەنجام دەدران.
لە دواى پرۆسەی ئازادی و ڕووخانى ڕژێمی پێشوو، عێراق لە ڕووی هەڵبژاردنەوە پێی نایە قۆناغێکی نوێوە، ئەویش دروستکردنی دەسەڵاتی یاسادانانه لە ڕێگەی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە. هاوپەیمانان بە هەموو شێوەیەک کاریان لەسەر ئەوە دەکرد هەڵبژاردن بکرێتە کەلتوورێک لە چوارچێوەی سیستەمی نوێی عێراقیدا، بۆیە لە خولەکانی پێشوودا چاودێرییەکی چڕی ئەم پرۆسەیان دەکرد. لە پاڵ ئەمەیشدا بە هۆی خواستی کوردەکانەوە، سیستەمە سیاسییەکە کرایە سیستەمێکی فیدراڵی، بەڵام بە هۆی ئەوەی ستراکچەری دەوڵەتی عێراقی ستراکچەری دەوڵەتێکی فیدراڵی نەبوو، بۆیە بۆ چەسپاندنی ئەم فیدراڵیزمە، هاوپەیمانان کاریان لەسەر هێنانەپێشەوەی پرەنسیپێک کرد بۆ ئەوەی سیستەمە فیدراڵییەکە قۆناغەکانی گەشەی خۆی تەواو بکات، ئەویش پرەنسیپی تەوافقی سیاسی بوو، بە واتای هاوبەشیکردنی پێکهاتەکان لە حوکمڕانیدا. ئەم پرەنسیپە ئەگەر بۆ عێراق گرنگ بوو، بەڵام بە جۆرێک لە جۆرەکان پێگەى هەڵبژاردنی لە سیستەمی سیاسیدا لاواز کردبوو. بەڵام دواجار هەڵبژاردن خواستێکی بۆ شیعەکان دروست کرد کە لە ڕێگەى هەڵبژاردنەوە دەسەڵاتداریی خۆیان بەسەر عێراقدا بکەنە واقع. خولە یەک لە دوای یەکەکانی هەڵبژاردنیش ئەمەى بۆ ئاسان کردن، تا گەیشتە ئەوەی بەتەنیا حوکمی دەوڵەتی عێراقی بکەن و پرەنسیپی تەوافق وەلاوە بنێن.
ئەگەر لە ڕوانگەی هاوکێشەکانی دەسەڵاتەوە، لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراقی فیدراڵیدا بڕوانین، دەکرێ بڵێین هەڵبژاردنەکان لە بەشێک لە هاوکێشەکان توانیویەتی گۆڕانکاری بکات و، لە بەشێک لە هاوکێشەکانیش ناتوانێ گۆڕانکاری بکات؛ بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە، بزانین گۆڕانکارییەکان لە چ ئاستێک بوونە؟ ئایا ئەو گۆڕانکارییانە گۆڕانکاریی تەندروست بوونە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەمە دەکرێ باس لە یەکە بە یەکی هاوکێشەکانی دەسەڵات بکەین:
1/ هەڵبژاردنەکانی عێراق لەسەر ئاستی فیدراڵیدا لە خولەکانی سەرەتادا بە هۆی ئامادەبوونی پرەنسیپی تەوافقی سیاسی، نەیتوانیوە گۆڕانکاریی ڕیشەیی بکات، بەڵام لە خولەکانی سێیەم و چوارەمدا، توانیی ئەم گۆڕانکارییانە بکات. هەڵبژاردن بووە هۆی ئەوەی سیستەمی فیدراڵی لە عێراقدا بناغەیەکی پتەوی نەبێت، هەر بۆیە خول دواى خول سیماکانی سیستەمی فیدراڵی بە ڕوخساری دەوڵەتی عێراقیدا کاڵتر دەبێتەوە. بۆیە دەبینین کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە بری ئەوەی چارەسەر ببن، گەورەتر دەبن، تا دەگاتە ئەو ئاستەی هەرێم جیابوونەوە بە باشترین چارەسەر دەزانێ. کەواتە هەڵبژاردنەکانی عێراق بوونە هۆی تێکدانی هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵاتی ناوەندی و دەسەڵاتی هەرێمەکاندا؛ ئەمەیش بە هۆی گۆڕانکاری لە هاوکێشەیەکی دەسەڵات کە پەیوەستە بە ستراکچەری دەوڵەتی فیدراڵییەوە.
2/ لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا هاوکێشەیەک دروست بوو، کە هەموو پێکهاتە و لایەنە جیاوازەکان بەیەکەوە حکوومەتیان پێک هێنا؛ بۆیە لەو قۆناغە هیچ هێزێک نەبوو بەناوی ئۆپۆزیسیۆنەوە. بەڵام بە هۆی خواستی گرتنەدەستی دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە، ململانێکان دروست بوون. لەگەڵ ئەوەیشدا شیعەکان ماڵێکی یەکگرتوویان هەبوو بۆیە لە خولی دووەمی پەرلەماندا زۆرینەی کورسییەکانیان بەدەست هێنا. ئەم هەنگاوە واى لە بەشێک لە لایەنە سوننییەکان کرد، کە ماڵێکی یەکگرتوویان نەبوو، بچنە دەرەوەی دەسەڵات و، ئۆپۆزیسیۆنبوونی خۆیان ڕابگەیهنن؛ بەڵام بە هۆی بەشداریی کوردەکانەوە لە حکوومەت و سەرۆکایەتیی کۆماردا، پێگەى ئۆپۆزیسیۆن لاواز بوو. دواتر لە خولی سێیەمدا، هاوکێشەکە بەیەکجاری گۆڕانکاریی بەسەردا هات؛ پێکهاتەی شیعەکان و سوننەکان و کوردەکانیش درزی تێ کەوت و، هەموو پێکهاتەکان لە ناوخۆی خۆیاندا دابەش بوونە سەر چەند هێزێکی جیاواز. بەم شێوەیە ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕاستەقینە دروست بوو کە قەبارەیەکی نزیکی هەبوو لەو لایەنەی حکوومەتی پێک هێنا؛ بە جۆرێک بەشێک لە سوننەکان و بەشێک لە شیعەکان بوونه ئۆپۆزیسیۆن. هەروەها کوردەکانیش لەگەڵ ئەوەی سەرۆکی کۆماریان بەدەست بوو، بەڵام پەراوێزخستنیان واى لێ کردبوون، بەشێکیان خۆیان وەک ئۆپۆزیسیۆن دەرخەن و بەشێکیشیان خۆیان وەک بەشدار لە دەسەڵات دەربخەن.
3/ هەڵبژاردن و دەرەنجامەکانی، لە گۆڕانکاری لە هاوکێشەیەکی دیکەی دەسەڵاتدا ڕۆڵی هەبوو، كه ئەویش سەنگ و دەسەڵاتی پێکهاتەکانه. بە هۆی پرەنسیپی تەوافقی سیاسییەوە، پێکهاتەکان سەنگێکی تایبەتیان هەبوو، بەڵام کاڵبوونەوەی ئەم پرەنسیپیە، جگە لەوەی هاوسەنگیی لە نێوان پێکهاتەکان نەهێشت، لە هەمان کات پێکهاتەکانیشی لە نێوخۆی خۆیاندا بە شێوەیەکی ڕیشەیی دابەش کرد؛ بە شێوەیەک کە بەشێک لە پێکهاتەی شیعە لەگەڵ بەشێک لە پێکهاتەی سوننە کوتلەیەکی دەسەڵات لە دژی پێکهاتەی کوردی پێک بهێنن، یان بەشێک لە پێکهاتەی کوردی لەگەڵ بەشێک لە پێکهاتەی شیعە کوتلەیەکی دەسەڵات دژی سیستەمی فیدراڵی پێک بهێنن. ئەم دابەشکارییە نوێیەی ئێستا لە نێوان لیست و قەوارە جیاوازەکان هەیە، بەرهەمی هەڵبژاردنە؛ وەک چۆن فرەلیستی و پەرتەوازەییی نێو ماڵی هەر یەکێک لە پێکهاتەکان بەرهەمێکی دیکەى هەڵبژاردنە. یەکێک لە دەرەنجامە ترسناکەکانی هەڵبژاردن لە کۆمەڵگە پێنەگەیشتووەکان ئەوەیە، گرووپی بچووک، وەهمی ئەوەی بۆ دروست دەبێت کە بە قەبارەیەکی بچووکەوە دەتوانێ لە ڕێگەی قۆستنەوەی جیاوازییە کەلتووریەکانی نێوان پێکهاتەکانەوە دەسەڵاتێکی گەورەی دەست بکەوێت. بۆ نموونە لیستێکی خاوەن 10 کورسی لە کۆی 329 کورسیی پەرلەمانی، بانگەشەی ئەوە دەکات کە گۆڕانکاریی گەورە دەکات و کۆمەڵگە لەدەست حکوومەتی گەندەڵ ڕزگار دەکات! بۆ ئەو خەونەیشی، ناچار دەبێت باز بەسەر پێکهاتەکەیدا بدات و ببێتە بەشێک لە هاوپەیمانێتییهكی دیکە؛ ئەگەرچی ئەو هاوپەیمانێتییه دژی پێکهاتەکەى خۆیشی بێت.
دەرەنجامەکانى هەڵبژاردنی 2018 چ واقعێکی دروست کردووە؟
ئەوەی ئەم خولەی هەڵبژاردن لە سێ خولەکەی پێشتر جیا دەکاتەوە، ئەو ڕووداوانەیە کە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو ڕۆڵی گەورەیان هەبوو لەسەر داهاتووی عێراق وەک دەوڵەت، لەوانە: هاتنی داعش و دروستکردنی دەوڵەتی ئیسلامی لەسەر خاکی عێراق. هەروەها کوردستانیان لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ڕیفراندۆمێکی دیموکراسیدا دەنگیان بە جیابوونەوە دا. ئەم دوو ڕووداوە لە پێکهاتەی عێراقدا وەک دەوڵەت، گۆڕانکاریی ڕیشەییی دروست کرد؛ بە جۆرێک کە بۆ مانەوەی عێراق وەک دەوڵەت، وڵاتانی دراوسی ناکۆکییەکانی خۆیان بەلاوە نا، هەروەها وڵاتە زلهێزەکان بە هەموو شێوەیەک پارێزگارییان لە یەکپارچەییی خاکی عێراقێک کرد کە لە ناوەوە تەواو دابەش بووە. هەڵبژاردنی خولی چوارەم، چڕترین هەڵبژاردنە لە عێراقی نوێدا؛ بەوەی وڵاتانی ئیقلیمی لە لایەک هەوڵیان بۆ ئەمە دا لە بەرژەوەندیی خۆیان یەکلاییی بکەنەوە، لە لایەکی دیکەوە ئەمریکییەکانیش هەموو هەوڵێکیان تاقی کردەوە بۆ مانەوەی تاقمێکی تایبەت لەسەر دەسەڵات. بەڵام دواى دەرچوونی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن دۆخێکی نوێ لە عێراق دروست بوو: ئایا ئەم هەڵبژاردنە و دەرەنجامەکانی چ واقعێکیان دروست کردووە؟ هاوکێشەکانی دەسەڵاتی چۆن گۆرێوە؟ دەکرێ بڵێین واقعی نوێی عێراق لە ڕووی هاوکێشەکانی دەسەڵاتەوە بەم شێوەیەیە:
1/ ئەو لایەنەی لە دوو خولی ڕابردوودا زیاتر خۆی وەک ئۆپۆزیسیۆن دەردەخست، ئێستا زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست هێنانەوە؛ بۆیە بەپێی ڕێکارە یاسایییەکان، دەبێ ئەوان بۆ پێکهێنانی حکوومەت ڕابسپێردرێن. کەواتە ئەگەر ئەم دەرەنجامانە بەپێی ڕێکارە یاسایییەکان بڕۆن، هاوکێشەی حکوومەت و ئۆپۆزیسیۆن گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. لەم دۆخەیشدا عێراقێکی دوای پێکهێنانی حکوومەت، عێراقێکی ئارام نابێ؛ بە هۆی ئەوەی لایەنی دەسەڵاتدار لە خولی سێییەم بە شێوەیەکی ناتەندروست کۆنترۆڵی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانى کردبوو. بۆیە گواستنەوەی ئەم هێزانە بۆ ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی نوێ کارێکی ئاسان نابێت. لە لایەکی دیکەوە ئەگەر ئەمریکییەکان و ئێرانییەکان، کۆک بن لەسەر ئەوەی لیستی سائیرون حکوومەت پێک نەهێنێت، ئەوا ئۆپۆزیسیۆن قەبارەیەکی گەورەتری دەبێت لە حکوومەت. بەم شێوەیە حکوومەت ناتوانێ بەئاسانی کار بکات؛ لەم دۆخەیشدا پشێوی و ناسەقامگیری نزیکترین سیناریۆ دەبێت.
2/ لە هەموو سیناریۆکانی دواى دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن، خاڵێکی هاوبەش هەیە، ئەویش پاشەکشەی تەواوەتیی پرەنسیپی تەوافقی سیاسییه؛ بە شێوەیەک کە هەموو لیستە براوەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە حکوومەتی نوێ، پێویستە لەسەر بنەمای زۆرینە پێک بهێنرێت. کەواتە پرەنسیپی زۆرینە لە دواى ئەم هەڵبژاردنە، بۆ عێراقییەکان دەبێتە واقع. بەم شێوەیە کاریگەریی لەسەر کاریگەرترین هاوکێشەی دەسەڵات دەبێ لە عێراق، ئەویش هاوکێشەی ستراکچەری دەسەڵاتی فیدراڵییە. لە هەر یەکێک لە سیناریۆکانی چەسپاندنی پرەنسیپی زۆرینە، بەشێک لە لایەنە کوردییەکان لە حکوومەت بەشدار دەبن و، بەشەکەی دیکە دەبنە ئۆپۆزیسیۆن بۆ حکوومەتە نوێیەکە. بەم شێوەیەیش هەرێمی کوردستان لە ناوەوە زیاتر لاواز دەبێت؛ دواجار هاوسەنگی لە نێوان حکوومەتی ناوەندی و حکوومەتی هەرێم لە بەرژەوەندیی حکوومەتی ناوەندیدا لاسەنگ دەبێت. پێکهێنانی هاوپەیمانێتییهكی کوردی، ڕێگە لە سیناریۆی لاوازکردنی کیانی هەرێمی کوردستان دەگرێت.
3/ دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن بە شێوەیەک لە شێوەکان شکستی ئەجێندای ئەمریکییەکان و ئێرانییەکانی دەرخست؛ بە شێوەیەک کە پاڵێوڕاوی هیچ یەکێک لەوان نەیانتوانی پلەی یەکەم بەدەست بێنن. بۆیە ناچار دەبن لە دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکوومەتدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشدار بن. بۆ نموونە ئەمریکییەکان بۆ سەرخستنی عەبادی لەم خولەدا، ئامادە بوون لە پرسی ڕیفراندۆمدا پشت لە کوردەکان بکەن. هەروەها ئێرانییەکان بۆ جێگیرکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی، هەموو هاوکارییەکیان پێشکەشی هادی عامری کرد؛ بەڵام ئەم دووانە نەیانتوانی ببنە هێزی یەکەم. بەم شێوەیە هاوکێشەی ناوخۆیی، چۆنێتیی دابەشکردنی دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن گۆڕانکاریی بەسەردا دێت.