هاووڵاتی لە نێوان دەوڵەتى دایک و باوکایەتیی حکوومەتدا

پێشەکی

هەموو تیۆرییەکانى دروستبوونی دەوڵەت و پاشانیش گەشەسەندنی دامەزراوەکانی، جەخت لە خاڵێکی جەوهەری دەکەنەوە، ئەویش سەنتەربوونی مرۆڤە لە کۆی پرسەکەدا. بەو مانایەی دەوڵەت و دامەزراوەکانی لە دەوری تاکدا دەسووڕێنەوە، بەو پێیەی تاک (هاووڵاتی) چەقی هەموو یەکەیەکی سیاسییە، جا ئەم یەکە سیاسییە لە هەر فۆرم و ستراکچەرێکدا بێت. بە گەشەکردنی بیرۆکەی دەوڵەت و پەرەسەندنی دامەزراوەکانی، هاووڵاتی پێگە بنەڕەتییەکانی خۆی لەدەست نەدا، بە شێوەیەک کە سەرەڕای دروستبوونی حکوومەت و دەزگه‌ حوکمڕانییەکان لە چوارچێوەی دەوڵەتدا، هێشتا چەقی تەرکیزکردنی دەوڵەت هەر لەسەر هاووڵاتییە؛ بەو مانایەی حکوومەت و دامەزراوەکانی دیکەیش هەموویان کاتین و، وابەستەی قۆناغێکی دیاریکراون لە ژیانی هاووڵاتیان، ئەگەرچی خودی دەوڵەت خۆی، بوونێکی بنەڕەتیی هەبێت. لەم چوارچێوەیەدا، پێویستە کار لەسەر ئەرک و مافی تاک بە شێوەیەکی بنەڕەتی بکرێت، ئینجا دەوڵەت مانای خۆی تەواو دەکات. لە دەرەوەی ئەم هاوکێشەیە دامەزراوەکان گەر نەچنە خزمەتی هاووڵاتییەوە، بوونێکی بەتاڵیان لە چوارچێوەی دەوڵەتدا دەبێت. لێرەوە گرنگە بپرسین، ئایا ئەرکی بنەڕەتیی دەوڵەت بەرامبەر هاووڵاتی وەک تاک، چییە؟ ئایا لە چوارچێوەی دەوڵەتدا ئەرک و ڕۆڵی حکوومەت چییە؟ لە دابەشکردنی ڕۆڵەکاندا لە نێوان دەوڵەت و حکوومەتەکان، هاووڵاتی دەکەوێتە کوێی هاوکێشەکانەوە؟

خستنەڕووی پرس

پرۆسەی ئازادکردنی عێراق وەک پرۆسەی هەڵوەشانەوە و دووبارە بنیاتنانەوەی دەوڵەتە لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا، بە هۆی ئەوەی سەرلەبەری دامەزراوەکانی دەوڵەت هەڵوەشانەوە و خودی دەوڵەتەکەیش بەرگێکی نوێی بەبەردا کرا. لە نێوەندی ئەو گۆڕانکارییە ڕیشەیییەدا ئەگەرچی ڕەهەندی دەستووری و یاساییشی پێ بەخشرا، بەڵام دواجار ئیشکالییەتێکی بنەڕەتی لەو پرۆسەی بنیاتنانەدا هەستی پێ کرا، ئەویش سەنتەرنەبوونی هاووڵاتیانە لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتە نوێیەدا. ئەمە بووە سەرچاوەی بەشێکی زۆری ئەو کێشانەی لە بواری حوکمڕانی، ڕووی لە عێراقی نوێ کرد بە هەموو پارچەکانییەوە؛ ئەگینا لە کوێی دونیا هەیە کۆمەڵگەیەک دواى ڕزگاربوونی لە دڕندەترین دیکتاتۆر، بە چەند ساڵێکی کەمەوە دووبارە بێنەوە سەر شەقام و دەنگی ناڕەزایی بەرامبەر حکوومەت و دەوڵەتی نوێ بەرز بکەنەوە؟ دۆخی ناڕازیبوونی هاووڵاتی لە دەوڵەت و حکوومەت ئەگەرچی ڕیشەیەکی کۆمەڵایەتی و کەلتووریی هەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام بەشێکی زۆری پەیوەستە بەو شێوازەی، عێراقی نوێی لەسەر بنیات نرایەوە وەک دەوڵەت، بەتایبەت لە ڕووی پەیوەندیی هاووڵاتی بە دەوڵەت وەک دایک و، حکوومەت وەک باوکەوە. لێرەوە دووبارە دەکەوینە بەردەم هەندێ پرسی جەوهەرییەوە: ئایا ئیشکالییەتی دووبارە بنیاتنانەوەی عێراق لە کوێدایە؟ ئایا عێراق وەک دەوڵەت، توانیویەتی ببێتە دەوڵەتی دایک بۆ هەموو تاکەکانی لە سەرتاپای عێراقدا؟ ئایا حکوومەتەکانی عێراق، بە حکوومەتی ناوەندی و حکوومەتی خۆجێی هەرێم و پارێزگه‌کانیشەوە، دەتوانن لە ئاستی چەمکی حکوومەتی باوکدا بن؟ ئایا هاووڵاتیان بە چ شێوەیەک لە دەوڵەت و حکوومەت دەڕوانن و چاوەرێی چ ڕۆڵێکی لێ دەکەن؟

باوکایەتیی حکوومەت لە چوارچێوەی دەوڵەتی دایکدا

لە ئەدەبیاتی سیاسیدا هەندێک چەمک ڕەهەندێکی ئەدەبییان وەرگرتووە، بۆ ئەوەی تەعبیرێکی مەجازی لە دۆخێکی دیاریکراو بکەن بە مەبەستی تێگەیشتنی ڕوونتر. یەکێک لەو چەمکانەى لە هەندێ بواردا دێنە بەردەممان، چەمکی دەوڵەتی دایک و چەمکی باوکایەتیی حکوومەتە. لەو دەوڵەتانەی سروشتێکی فیدراڵیان هەیە و یەکە پێکهێنەرەکانی ئەو فیدراڵییەتە زیاتر یەکەی سیاسین و، خۆی لەسەر شێوەی کیانی سەربەخۆدا دەردەخەن، بە دەوڵەتەکە دەگوترێت دەوڵەتی دایک(mother state) ؛ بەو مانایەی وەک کیانێکی گەورە، باوەشی بۆ هەموو یەکە سیاسییەکانی دیکە کردۆتەوە و لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا کۆی کردوونەتەوە. لە بارودۆخێکی لەو شێوەیەدا دەوڵەتی دایک جگە لەوەی وەک دەوڵەت کۆمەڵێک ئەرکی بنەڕەتیی هەیە، ئەم دایکایەتییەیشی کۆمەڵێک ئەرکی دیکەى بۆ زیاد کردووە، کە وای لێ کردووە ئەرکی لە دەوڵەتانی دیکە قورستر بێت؛ لەبەر ئەوەی لە ئەگەری لاوازبوونی ڕۆڵی دایکانەی ئەم جۆرە دەوڵەتە، جیابوونەوەی یەکەکان و هەڵوەشانەی دەوڵەت دەبێتە سەرەکیترین سیناریۆ. لێرەدا چەمکی دەوڵەتی دایک لە بەرامبەر زۆریی حکوومەتەکانی ناو ئەو دەوڵەتە  دروست دەبێت، کە هەر یەکەیان خۆیان لەسەر شێوەی باوکێک بۆ کۆمەڵگە خۆجێیەکە دەردەخەن؛ لێرەوە چەمکی باوکایەتیی حکوومەتمان دێتە بەردەم. بەو پێیەی ئەم جۆرە دەوڵەتانە سروشتێکی پەرتەوازەى هەیە و زیاد لە کۆمەڵگەیەکی خۆجێی تێدایە، هەر یەکێ لەو کۆمەڵگە خۆجێیانەیش پێویستی بە حکوومەتێکە بۆ ئەوەی کارەکانی بەڕێوە ببات، لەم نێوەندەدا حکوومەتەکان لە بەڕێوەبردنی کاروباری هاووڵاتیان لە کۆمەڵگە خۆجێیەکاندا، ڕۆڵی باوکانە دەبینن. زۆریی حکوومەتەکان لە چوارچێوەی یەک دەوڵەتدا، وا دەکات بەشێکی زۆری ئەرکە بنەڕەتییەکانی دەوڵەت و حکوومەت تێکەڵ بە یەک ببن. لە درەنجامدا هاووڵاتیان لە بەشێکی زۆری ئەو خزمەتگوزارییانە بێبەش دەبن كه‌ لە وجوودی دەوڵەت و حکوومەتدا بەدەستی دەهێنن. لێرەوە کاتێک لە چوارچێوەی دەوڵەتی دایکدا جۆرێک لە فرەحکوومەتی هەبوو، پێویستە هاووڵاتیان بکرێنە چەقی پەیوەندییەکان، بۆ ئەوەی لە نێوان ڕۆڵی دایکانەی دەوڵەت و ئەرکی باوکانەی حکوومەتدا مافەکانی لەدەست نەدا.

بەرپرسیارێتیی دەوڵەت بەرامبەر مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیان

ئەگەر لە تیۆرییە سۆسیۆلۆژییەکانی دەوڵەت بڕوانین، دەبینین دەوڵەت لە پاڵ ئەرکە بنەڕەتییەکانی، کۆمەڵێک ئەرک و ڕۆڵی شاراوەی بەرامبەر تاکەکانی هەیە. بە مانایەکی فراوانتر، دەتوانین بڵێین دەوڵەت لە ئاست تاکەکانیدا ڕۆڵی دایکێکی میهرەبان دەگێڕێت، لە ڕووی دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی ژیانی، بۆ ئەوەی بە ئاراستەیەکی تەندروست گەشە بکات و ببێتە هاووڵاتییەکی تەواو. لەو کۆمەڵگەیانەی چەمکی هاووڵاتیبوون لە ڕووی ماف و ئەرک و بەرپرسیارێتییه‌وە کێشەی بۆ دروست بووە، هەمیشە دەوڵەت وەک یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکانی ئەم تێکچوونە دادەنرێت؛ بەو هۆیەی دەوڵەت بە پلەی یەکەم، بەرپرسیارە لە دروستکردنی هاووڵاتیان، بۆ ئەوەی دواتر لە ڕێگەى ئەو پەروەردە تەندروستەی هاووڵاتیانەوە بتوانرێت زەمینەیەکی لەبار بۆ حوکمڕانیی باش بهێنرێتە کایەوە. هەر کاتێک دەوڵەت لە ئاستی ئەم ڕۆڵە بنەڕەتییە نەبوو، نیشانەکانی نەخۆشبوونی دەوڵەت دەردەکەون؛ هەروەها بە تێپەربوونی کات، دەوڵەت زیاتر لە بیر و هۆشی هاووڵاتیان وێنەی ئەژدیهایەکی ترسناک وەردەگرێت. لەم ڕووەوە ئەگەر بەراوردی نێوان کۆمەڵگە پێشکەوتوو و دواکەوتووەکان بکەین، دەبینین تاک لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان، دەوڵەت وەک فاکتەری چاکە سەیر دەکات و شانازیی پێیەوە دەکات. لە بەرامبەردا، هاووڵاتی لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکان، بەتایبەتی ئەو کۆمەڵگەیانەی دەوڵەت نەیتوانیوە ئەرکە بنەڕەتییەکانی خۆی جێبه‌جێ بكات، وەها سەیری دەوڵەت دەکات کە جەستەیەکی نامۆیە بەو هاووڵاتییە و، هەمیشە ترسێکی گەورەی لە ناوی دەوڵەت هەیە؛ لەم دۆخەدا ڕاکردن لە دەوڵەت دەبێتە ئەرکی سەرەکیی ئەم هاووڵاتییە.

بە درێژاییی مێژووی عێراق وەک دەوڵەت، هەمیشە چەمکی هاووڵاتی لە هەموو ڕەهەندەکانییەوە کەموکورتیی زۆری تێدا بووە. هیچ قۆناغێک لە قۆناغەکانی گەشەی ئەم دەوڵەتە نییە، تێیدا هاووڵاتی شانازی بە عێراقیبوونی خۆیەوە بکات؛ ئەمەیش تەنیا لەبەر یەک هۆکار، ئەویش بێتواناییی دەوڵەت لە گێڕانی ڕۆڵی دایکانەی خۆی. شۆڕش و ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان بەرامبەر دەوڵەت، باشترین بەڵگەن کە عێراق وەک دەوڵەت مانایەکی تەواوی نییە. سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، هەر لە ڕاپەڕینی ئاداری 1991ەوە، هەوڵ دراوە ئەم تێگەیشتنە لە هزری هاووڵاتیانی هەرێم بسڕدرێتەوە. بەڵام لە غیابی هەقیقیی دەوڵەت لەو کۆمەڵگە خۆجێیە، ئەم تێگەیشتنە زیاتر قووڵ بووەوە، بە شێوەیەک کە گەیشتە ئەو ئاستەی، جۆرێک لە فۆبیا بەرامبەر دەوڵەت دروست بێت. ئەگەرچی هیچ کاتێک نەبووە، هاووڵاتیی کورد دەوڵەتی عێراق بە دەوڵەتی دایک بزانێت، بەڵام پێشهاتە سیاسییەکان ئەوەیشی بۆ نەڕەخساندووە ئەم هەستەی بە ئاراستەیەکی باش گەشە پێ بدات و بیری ئازادی خۆی پێ کامڵ بکات.

دوای گۆڕانی فۆرمی دەوڵەت لە عێراق بۆ دەوڵەتی فیدراڵی، هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان جۆرێک لە هیوایان بەرامبەر دەوڵەتی عێراق دروست کرد، بۆ ئەوەی ڕۆڵی دایکانەی بۆ بگێڕێت، بەڵام کاتێک دەوڵەتی عێراق پێچەوانەى ئەمەی سەلماند و هەموو جۆرە سزایەکی بەسەر هاووڵاتیانی ئەم دەڤەرە تاقی کردەوە، ئەم هیوایەی هاووڵاتیان، گۆڕدرا بۆ ڕقێکی ڕاستەقینە لە دەوڵەت. هەرچەندە هەندێک لایەن بە ئەجێندای جیاوازەوە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە عێراق وەک دەوڵەت دەبێتە دایکێکی میهرەبان و، هەمیشە داوای گەڕانەوەیان دەکرد بۆ ئەو باوەشە، بەڵام ئەم داواکارییانە، لە ئاستی ئەم ڕقەی هاووڵاتیی کورد کەم ناکاتەوە کە بەرامبەر دەوڵەت هەیەتی. بە هۆی ئەوەی هیچ کاتێک شک نابات کە وەک تاک لە لایەن ئەم دەوڵەتەوە مافە بنەڕەتییەکانی دابین کرابێ. ئەگەرچی لە دەستووریش بەشێکی زۆری بەند و ماددە و بڕگەکانی تەرخان کردووە بە مافی هاووڵاتیانەوە، بەڵام مامەڵەی دەوڵەت لە ئاست هاووڵاتیان، ئەم تێگەیشتنەی دروست کردووە کە دەستووریش ناتوانێ ڕووخساری ناشرینی ئەم دەوڵەتە لای هاووڵاتیان جوان بکات.

باوکایەتیی حکوومەت و بژێوی مووچەخۆران

حکوومەتی باوک ئەو حکوومەتەیە، کە سەرجەم کاروبارە تایبەتی و گشتییەکانی تاک و کۆمەڵگە لە ئەستۆ دەگرێت. ئەم جۆرە حکوومەتە، بەرپرسە لە کاروبارەکانی نیشتەجێبوون و تەندروستی و پەروەردە و خزمەتگوزاری و هەموو ئەو شتانەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ژیانی هاووڵاتیانەوە هەیە. هەمیشە وا باو بووە باوکایەتیی حکوومەت لە قۆناغی بنیانتان زۆر بەهێز بێت، پاشان ئەم ڕۆڵی باوکایەتییەی حکوومەت لەگەڵ بەهێزبوونی ڕەهەندە یاسایییەکانى دەوڵەت و ڕێکخستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت بەرەو لاوازبوون بچێت. لە قۆناغی سەرەتایی، حکوومەت پارەیەکی زۆری لەبەر دەست دەبێت و "کۆمەڵگەی مەدەنی"یش لاواز دەبێت. دابینکردنی پارە و سامان، ئەم تێگەیشتنە لای هاووڵاتی دروست دەکات کە تەنیا حکوومەت دەتوانێت سامانی نیشتمانی بەڕێوە ببات و، تاک ناتوانێ کاروباری خۆی لە دەرەوەی ئەرکی ئەم حکوومەتە باوکە ڕایی بکات. لەم دۆخەدا تاک وا هەست دەکات، هەمیشە پێویستی بە حکوومەت هەیە بۆ ئەوەی ڕێگەی بۆ ڕوون بکاتەوە و ژیانی بۆ دابین بکات. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات دۆخەکە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت؛ ئەم باوکایەتییە ئەرکی حکوومەت لە ڕووی ئابوورییەوە قورستر دەکات، ئەم بارگرانییەیش لەسەر حکوومەت زیاد دەبێت بە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و مووچەخۆرانی کەرتی گشتی، سەرەڕای بوونی قەیرانی دارایی. ئەمەیش ڕۆڵی باوکانەی حکوومەت لاواز ده‌كات و هەنگاو بە هەنگاو لەم ڕۆڵەی دوور دەکەوێتەوە. لێرەوە ناڕەزایی بەرامبەر بە حکوومەت ڕووی لە زیادبوون دەکات. هەرچەندە حکوومەتی باوک بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام سەرکەوتوو نابێت چونکە لە هەموو سێکتەرەکانەوە تەوژمی ناڕەزاییی بۆ دێت. لەم دۆخەیشدا حکوومەت ڕووبەڕووی قەیرانێک دەبێتەوە: قەیرانی پاڵەپەستۆی کۆمەڵگە بۆ هەڵوەشانەوەی حکوومەت.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتاوە کاری بەو فۆرمە لە حوکمڕانی کردووە؛ بە شێوەیەک کە وای نیشانی هاووڵاتیانی خۆی داوە کە حکوومەت ئەو باوکەیە کە سەرجەم کاروبارەکانی ژیانی بەدەستە. هەر ئەم فەلسەفەی کارکردنی حکوومەت بووە، کە وای کردووە یەک لەسەر سێی هاووڵاتیانی هەرێم مووچەخۆری حکوومەت بن. دوای ڕاپەڕین کاتێک یەکەم کابینەی حکوومەتی هەرێم دامەزرا، بەتایبەت دوای ئەوەی دەوڵەتی عێراق دەزگه‌ کارگێڕییەکانی لەو ناوچەیە کشاندەوە، حکوومەت ڕۆڵی باوکانەی بینی لەبەر ئەوەی قۆناغی دووبارە بنیاتنانەوە بوو. بەڵام لە بری ئەوەی ئەو ڕۆڵە بکرێتە ڕۆڵیکی ڕاگوزەر، کرایە  ڕۆڵێکی بنەڕەتیی حکوومەت. هەموو کابینەکانی دوای ئەوەیش پێوەری سەرکەوتنی خۆیان لەوەدا دەبینییەوە کە وەک باوکێک بەسەر کۆمەڵگەوە خۆیان نمایش بکەن. ئەم جۆرە لە کارکردنی حکوومەت، جۆرێک لە هاووڵاتی دروست دەکات کە جگە لە باوکەیەتییەکی ڕاستەقینە، هیچی تر لە حکوومەت قبووڵ ناکات؛ کاتێکیش کێشە و قەیرانەکان کەڵەکە دەبن و حکوومەت دوچاری قەیرانی باوکایەتی دەبێتەوە، لێرەوە باشتر لە ناخی ناڕەزایییەکانی خەڵک و مووچەخۆران تێ دەگەین. چونکە مووچەخۆران هەموو سەرچاوەکانی بژێوی خۆیان بەو حکوومەتەوە بەستۆتەوە، بۆیە هەر لاوازبوونێک لە ڕۆڵی باوکانەی حکوومەت، ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بژێوی  ژیانیان دەبێت. ئەم ناڕەزایەتییەی، ئێستا بەشێکی زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، بەتایبەت لە لایەن مامۆستا و مووچەخۆرانەوە، سەرەڕای ئەوەی ڕەهەندی سیاسیی هەیە، لەگەڵ ئەوەیشدا بەشێکی زۆری پەیوەستە بە قەیرانی باوکایەتیی حکوومەت. هەڵە ناکەین گەر بڵێین حکوومەتی هەرێم وەک حکوومەت ستراکچەرێکی پێشکەوتووی نییە، بۆیە بەئاسانی ناتوانێ ڕووبەڕووی قەیرانی باوکایەتیی حکوومەت ببێتەوە.

ئەگەر سەیری ئەزموونی وڵاتان بکەین کە چۆن ڕووبەڕووی قەیرانی باوکایەتیی حکوومەت بوونەتەوە، دەبینین کە کۆمەڵێک ڕێگەچارەیان گرتۆتە بەر. بەڵام بەشی زۆر ئەم ڕێگەچارانە ناتوانن چارەسەری تەواوی قەیرانەکە بکەن، بەڵکوو تەنیا کاریگەرییەکانی هەندێک کەم دەکەنەوە. هەروەها بەشێک لەو چارەسەرییانە، خۆیان دەبنەوە بەشێک لە قەیرانەکە، چونکە کاتێک بتەوێ کار لەسەر دەربازبوون لە قەیرانی باوکایەتیی حکوومەت بکەی، پێویستە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە زەمینەیەکی لەبار دروست بکەی و هاووڵاتیان لە هۆشیارییەکی تەواودا بن. بۆ نموونە هەندێ وڵات بە فرەڕەنگکردنی سەرچاوەکانی ئابووری، دەستکاریی سیستەمی ئابوورییان دەکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەمە کاتێکی زۆری دەوێ بۆیە هاووڵاتیان کەمتر هەستی پێ دەکەن. هەندێ وڵاتی تریش پەنا دەبەنە بەر دەرکردنی یاسا و بڕیاری تایبەت بۆ دەربازبوون، بەڵام ئەگەر زەمینەی جێبەجێکردنی بڕیار و یاساکان نەبێت، دووبارە قەیرانەکە قووڵتر دەبێتەوە. ئێستایش کاتێک حکوومەتی هەرێم چیتر توانای نەماوە ڕۆڵی باوکانەی بۆ مووچەخۆران و هاووڵاتیان بگێڕێت، هەندێ ڕێگەچارەی لە بەردەمدایە، بەڵام بەر لەوەی ڕێگەچارەکان بخاتە ڕوو، پێویستە زەمینەیەکی لەبار بۆ جێبەجێکردنی بڕیار و ڕاسپاردە نوێیەکانی فه‌راهه‌م بکات، ئەگینا قەیرانی باوکایەتیی حکوومەت دەچێتە قۆناغی نامتمانەییی هاووڵاتی بە حکوومەت؛ بەمەیش هەوڵی هەڵوەشانەوە و ڕووخانی حكوومەت دەدرێت. لە پاڵ ئەم ڕێگەچارانەیش، پێویستە لە کابینەی داهاتووەوە کار بۆ گۆڕینی فەلسەفەی حوکمڕانی بکرێت و ده‌ستکاریی ستراکچەری حکوومەت بکرێت بۆ ئەوەی هەنگاو بە هەنگاو لە قەیرانی باوکایەتی ڕزگاری ببێت. بۆ ئەمەیش، پێویستە کار لەسەر هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان بکرێت.

کۆبەند

هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و مووچەخۆران بەتایبەتی، لە نێوان ئەرکی دایکانەی دەوڵەتی عێراق و ڕۆڵی باوکانەی حکوومەتی هەرێمدا تووشی جۆرێک لە سەرگەردانی بوونە. بەتایبەت دواى بڕینی بوودجەی هەرێمی کوردستان و هەموو ڕووداوەکانى دوای ئەوە، هاووڵاتی خۆی لە دۆخێک دەبینێتەوە کە تێیدا بێهیوابوون لە عێراق وەک دەوڵەت و، بێمتمانەیی بە حکوومەتی هەرێم وەک باوک، دیارترین سیمایەتی. بەداخەوە ڕاگەیاندنی بارگاوی بە ئەجێندای دەرەکی، لە هەوڵدانی بەردەوامه‌ بۆ ئەوەی ئەم سەرگەردانییەی هاووڵاتیان بە ئاراستەی هەڵوەشانەوه‌ی کیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان ببەن و، دۆخی نائارامی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دروست بکەن. پێویستە حکوومەتی هەرێمیش ئەمەی لەبیر بێت کە وەک حکوومەت سێ ئەرکی بنەڕەتیی هەیە بۆ ئەوەی کار لەسەر ڕاستکردنەوەی تێگەیشتنی هاووڵاتیان بکات: 1/ دابینکردنی بژێوی هاووڵاتیان و کارکردن لەسەر پاراستنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە. 2/ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان و ڕاستکردنەوەی وێنەى شێواوی دەزگه‌ ئەمنییەکان. 3/ سەروەرکردنی یاسا لە هەموو ئاستەکان و دابینکردنی دادپەروەری لە گشت سێکتەرەکان.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples