کوردستان لە بەردەم بۆمبە چێنراوەکانى دەستووری عێراق

پێشەکی

گەر بگەڕێینەوە سەر ڕاستیی دروستبوونی دەستوور لە کۆمەڵگە مرۆیییەکان، دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە دەستوور و یاسا بنەڕەتییەکان یەک ئامانجی باڵایان هەیە، ئەویش دروستبوونی ژینگەیەکی لەباره‌ بۆ پێکەوەژیانى مرۆیی و هێنانەکایەی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی لە نێوان پێکهاتەکانى کۆمەڵگە. لە پاڵ ئەمەدا، دەستوور بەپێی پێشکەوتنی کۆمەڵگە و ئاڵۆزبوونی پرۆسەی بەڕێوەبردن ناچار بە فراوانکردن کراوە، بەڵام لە دواجاردا هەمیشە چاوەڕوانی فەراهەمکردنی کەشێکی تەندروستی بۆ کۆمەڵگە، لە سەرجەم بوارە جیاجیاکاندا لێ دەکرێت. کەواتە دەتوانین بڵێین دەستوور بۆ سەقامگیربوونی دۆخی کۆمەڵگە (دەوڵەت) دروست دەبێت، سەرەڕای جیاوازیی کۆمەڵگەکان لە ڕووی پێکهاتە و ئاڵۆزییەوە. لە دەرەوەی ئەو بازنەیە، هەر دەستوورێک نەتوانێ ئەو ئامانجە بپێکێ، لە بری سەقامگیری، ناسەقامگیری دروست دەکات. بە مانایەکی دیکە، کاتێک دەستوور نەتوانێ هاوسەنگیی نێوان حاکم و مەحکووم ڕابگرێت و هەموو دەق و بەندەکانی تەنیا لە خزمەتی حاکمدا بێت، لەو دۆخەدا دەستوور دەبێتە بارگرانی بەسەر کۆمەڵگەوه‌؛ تەنانەت ئارەزووی دۆخی بێدەستووری لە کۆمەڵگه‌دا‌ سەر هەڵدەدات.

ناوەڕۆک

لە دواى پرۆسەی ئازادکردنی عێراق، هەموو لایەنە عێراقییەکان بە هاوکاریی چەندین شارەزای بیانی، دانیشتنی دوورودرێژیان لەسەر دەستوور کرد، دواجار دەستوورێکی هەمیشەیییان داڕشت کە بووە شوێنی مشتومڕی بەشێکی زۆری خەڵکە ئەکادیمی و یاسایییەکان. هەرچەندە لە ڕواڵەتدا دەستووری هەمیشەییی عێراق لە دەستوورێکی هاوچەرخ دەچێت و ڕوخساری سیستەمێکی فیدراڵی لەسەر بنەمای بەها دیموکراسییەکان بە عێراق دەبەخشتێت، بەڵام لە ناواخندا دەستوورێکی پڕە لە بۆمبی چێنراو؛ دەستوورێکە، پڕە لە پێچوپەنا و دەقی ناڕوون و گوزارشتی لاستیکی کە لەگەڵ بەسەرچوونی زیاتر کات، خزمەتی زیاتر بە لایەنی دەسەڵاتدار دەکات؛ ئەو لایەنەی کە هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی خۆیدایە. لە وێنە گشتییەکەدا دەستووری عێراق، کە ئێستا هێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان وەک دەقێکی "موقەدەس" بەسەر عێراقییەکانی دەسەپێینن، وێنەی ده‌ستوورێکی مۆدێرن و بێکێشە دەدات، بەڵام کاتێک وێنەکە نزیک دەکرێتەوە، دەردەکەوێت کە ئەم دەستوورە پڕە لە دەلاقەی شاراوە کە کۆی عێراقییەکان بەرەو ئاسۆیەکی ناڕوون دەبەن. کەواتە پێویستە هەڵوەستەیەک لەسەر ئەو داخوازییە بکەین کە عێراقییەکان ناچار بە پابەندبوون دەکات، لە کاتێکدا دەستوورەکە خۆی پڕە لە بۆمبی چێنراو؛ ئەو بۆمبانەیش لە سەرجەم ڕەهەندە پێکهێنەرەکانی دەستوورەوە هەستی پێ دەکرێت؛ هەر لە سیستەمی سیاسییەوە تا ماف و ئازادییەکان و کەلتووری حوکمڕانی.

دەستووری عێراق وەک ڕێگەیەکی نادیار

ڕۆژ دوای ڕۆژ بانگەشەکارانی پابەندبوون بە دەقە دەستوورییەکان ڕوو لە زیادبوونە. تەنانەت هێزە دەرەکییەکانیش مەرجی هاوکاریکردنی لایەنە ناکۆکەکانی عێراقیان کردۆتە پابەندبوون بە دەستوور، بەڵام ئاسۆی پابەندبوونی ڕەها بە دەستوور ڕوون نییە، بەتایبەت بۆ هەرێمی کوردستان کە جگە لە قەیرانی دارایی، قەیرانی سیاسی و سیستەمی حوکمڕانییشی هەیە. جگە لەوەیش لایەنی بەرامبەر هەرێمیش، کە بریتین لە عێراقییە مەرکەزیخوازەکان، خواست و خەونە ڕاستەقینەکانی خۆیان لە جێبەجێکردنی ڕەهای دەستوور نابیننەوە؛ سەرەڕای ئەوەی دەهۆڵی سەروەریی دەستوور لێ دەدەن، بەڵام لە پەناوە تەنیا دەستیان بەو ماددانەی دەستوور گرتووە کە خواستە مەرکەزییەکەیان تێر دەکات. کەواتە دەتوانین بڵێین دەستوور وەک دەقێکی یاساییی باڵا بۆ هیچ یەکێک لە لایەنەکان ڕێگه‌یەکی ڕۆشن نییە، بەتایبەت کاتێک لایەنەکانی عێراق دیدگه‌یەکی قووڵی ستراتیژی و دونیابینییەکی دوورمەودایان نییە؛ بۆیە هەمیشە بە گومانەوە دەست بۆ دەستوور دەبه‌ن. ئەو گومانە زۆرەی لە دەستوور هەیە، لایەنەکانی ناچار کردووە کە دادگه‌ی فیدراڵی بکەنە دیوەخانی بەرژەوەندییەکانیان. لە سەرووی هەموو ئەمانەیشەوە هەر دوو لا (هەرێم و حکوومەتی ناوەندی) لیستێکی درێژیان ئامادە کردووە لەو ماددە دەستوورییانەی کە هەر یەکەو ئەوەی تر بە پێشێلکردنی تۆمەتبار دەکات. بەڵام لە دەرەوەی ئەو بازنەیە، گەر بپرسین ئایا دەستووری عێراقی دەتوانێ کێشەکانی عێراق چارەسەر بکات؟ ئایا ئەگەر هەموو لایەک لەسەر پیادەکردنی دەستوور ڕێک كەوتن، چ دۆخێک لە عێراق دێتە ئاراوە؟

بۆمبە چێنراوەکانی دەستوور

 دەتوانین بڵێین دەستووری عێراقی، هەندێ ماددە و دەقی تێدایە کە وەک بۆمبی چێنراوە؛ ڕوون نییە کە بە قاچی هەرێمی کوردستاندا دەتەقێتەوە، یان بە قاچی حکوومەتی ناوەندیدا. دەشێ گرنکترین ئەو بۆمبانە لە چەند خاڵێکدا پوخت بکەینەوە:

/ دیباجە، کە فەلسەفەی هەر دەستوورێک لە خۆی دەگرێت: دیباجەکەی دەستووری عێراق سەرەڕای ئەوەی داڕشتنێکی ناهاوسەنگی تێدایە، لەگەڵ ئەوەیشدا کۆمەڵێک بەها لەخۆ دەگرێت کە لەگەڵ خەونی سەدان ساڵەی میللەتێکی وەک کورد ناگونجێ. ئەو بەهایانە عێراق ناچار بە یەکپارچەیی و سەروەرییەکی دابەشنەکراو دەکات. بۆیە دروستکردنی دەوڵەتێک لە هەناوی ئەو عێراقە لە ڕێگەى ئەو دیباجەوە کارێکی نەکردەیە. جگە لەوە، لە دیباجەدا دەسەڵات جۆرێک لە شەرعییەت وەردەگرێت کە لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی تائیفی و ڕەگەزپەرستیی نەتەوەیی، دەستکراوە دەبێت؛ ئەگەرچی ئەمە لەسەر حسابی خەونی پێکهاتەیەک و نەتەوەیەکی جیاوازیش بێت.

/ هاووڵاتیبوون و هێزی چەکداری: بڕگەی یەکەمی ماددەی (9)ی دەستوور، بۆمبێکی ترسناک لەخۆ دەگرێت کاتێک ئاماژە بەوە دەکات کە هێزە چەکدارەکان و دەزگه‌ی ئەمنی لە پێکهاتەکانی گەلی عێراق دروست دەکرێن. ئەمە خۆی بۆمبێکی ئامادەیە بۆ تەقینەوە، چونکە دەشێ بە هۆی ئەو ماددەیەوه‌ لە یەک کاتدا ژمارەى پێشمەرگەی پێ کەم بکرێتەوە و، هەروەها دەشێ حەشدی شەعبی و میلیشیاتی تائیفییشی پێ دروست بکرێت؛ تەنانەت دەتوانێ عەشایه‌رەکانیش بکاتە خاوەن هێزی تایبەتی، بەوەی ئەوانیش پێکهاتەیەکن. کەواتە بنەمای هاووڵاتیبوون و هێزی نیشتمانى لەسەر بنەمای پێکهاتەیییە، کە ئەمە دەشێ هێزی باڵادەست لە بەرژەوەندیی خۆی تەفسیری بکات.

/ بۆمبی هاوتاکردنی دامەزراوە عەشایه‌رییەکان لەگەڵ دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی: بەتایبەت لە ماددەی (45)ی دەستوور زۆر بەڕوونی باسی پێداگیریی دەوڵەت دەکات لە پشتگیریکردنی دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەڵساندنەوەی قەبیلە و عەشایه‌رە عێراقییەکان. ئەو هاوتاکردنە خزمەت بە گیانی پارچەپارچەبوونی کۆمەڵگە دەکات و لە دواجاردا عەشایه‌رەکان شەرعییەتی دەستوورییان دەبێت بۆ ئەوەی بەسەر پرەنسیپە دیموکراسییەکان باز بدەن و دەستکەوتی سیاسی و کارگێڕی بەدەست بێنن. ئەمەیش لە ئەسڵدا بۆ بەهێزکردنی پێگەى مەرکەزییەتی دەوڵەتە لە پێناو لاوازکردنی هەرێمی کوردستان لە لایەک و، نەتەوە جیاوازەکان لە لایەکی تر، کە کورد دووەمین گەورەترین نەتەوەیە لەسەر ئاستی عێراق.

/ بۆمبی دادگه‌ی فیدراڵی: لە وڵاتە فیدراڵییەکاندا کاتێک دادگه‌ی فیدراڵی دروست دەکرێت، ڕەچاوی ئەو سروشتە دەکرێت کە سیستەمە فیدراڵییەتەکەی لەسەر بنیات نراوە؛ بەڵام لە دەستووری هەمیشەییی عێراقی فیدراڵدا ئەمە نابینرێت. بۆ نموونە لە بڕگەی دووی ماددەی 92، کاتێک باسی دادگه‌ی فیدراڵی دەکرێت، دەڵێت دادگه‌ی فیدراڵی لە کۆمەڵێک دادوەر و شارەزای فیقهی ئیسلامی پێک دێت. ئەمە جگە لەوەی ڕەهەندێکی ئایینی و تائیفی بەو دادگه‌یە دەبەخشێت، لە هەمان کاتدا دەروازەیەکیشە بۆ لاوازکردنی سروشتی سیستەمی فیدراڵی لە عێراقدا. ئەم بۆمبە چەندین جار بە قاچی هەرێمی کوردستاندا تەقیوەتەوە و برینی قووڵی لە جەستەی کوردستاندا دروست کردووە؛ دیارترینیان ڕەتکردنەوەی دەرەنجامی ڕیفراندۆمی کوردستانیان و پاشانیش شەرعییەتدان بە پرۆسەی تەعریبکردنی خاکی کوردستان لە ڕێگەی دەرهێنانی کەرکووک لەژێر حوکمی ناوچە کێشەلەسەرەکان (ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم). دەتوانین بڵێین دادگه‌ی فیدراڵی بەو شێوە دەستوورییەی ئێستایەوە، هێشتا هەر بۆمبێکی ترسناکە بەڕووی هەرێمی کوردستاندا، بەتایبەت دواى ئەوەی هەرێم پابەندبوونی ڕەهاى خۆی بۆ دەستووری عێراق دووپات کردەوە.

/ بۆمبی نەوت و گاز: نەوت و گاز یەکێکە لە کێشە هەرە گەورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا؛ تەنانەت ئەم که‌یسە ڕێگر بووە لەوەی هەر دوو لا بگەنە ڕێککەوتنێکی هاوبەش. بەشێک لە هۆکارەکانی بەردەوامبوونی کێشەی نەوت و گاز ئەوەیە کە، لە دەستوور چارەسەرێکی ڕاستەقینە بۆ کێشەکە نییە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە هەندێ ماددەی دەستوور خۆیان سەرچاوەی قووڵبوونەوەی ئەو کێشانەن. بۆ نموونە لە ماددەی 111ی دەستووردا هاتووە کە نەوت و گاز موڵکی هەموو عێراقییەکە لە هەر هەرێم و پارێزگه‌یەک بێت. ئەم ماددەیە دوو کێشە بە دوای خۆیدا دینێت: یەکەمیان ئەی ئەو سامانە سروشتییانەی جگە لە نەوت و گاز کە لە داهاتوودا دەدۆزرێنەوە موڵکی کێیە؟ دووەمیش، ماددەکە ڕوون نییە کە مەبەست لە هەر هەرێم و پارێزگه‌یەک چییە. هاوتاکردنی هەرێم کە تەنیا هەرێمی کوردستان هەیە لەگەڵ پارێزگه‌کانى تری عێراق، نیازێکی پاکی لێ ناخوێندرێتەوە. هەروەها لە ماددەی 112یشدا کاتێک باسی نەوت و گازی دەرهێنراو دەکات، دەڵێت ئەرکی حکوومەتی عێراقییە کە ئەو کێڵگە نەوتییانە بەڕێوە ببات کە تا کاتی نووسینی دەستوور هەبوون. لێرەدا پرسیار دروست دەبێت: ئەی ئەو کێڵگانەی لە داهاتوودا نەوت و گازیان تێدا دەدۆزرێتەوە کێ بەڕێوەی دەبات؟ ئەم ماددەیە کە وەک بۆمبێکە جارێک بە قاچی حکوومەتی فیدراڵیدا تەقیوەتەوە، بەوەی مافی بە هەرێمی کوردستان دا، خۆی کێڵگە نەوتییە نوێیەکان بەڕێوە ببات. بەڵام ئەمە کۆتاییی بۆمبەکە نییە، چونکە دواجار تەفسیری دادگه‌ی فیدراڵی، خاڵی یەکلاکەرەوە دەبێت کە ئێستا ئەو دادگه‌یە لە لایەن شیعەکانەوە بەتەواوی کۆنترۆڵ کراوە. لە کۆی گشتیی ماددە پەیوەندیدارەکان بە نەوت و گاز دەردەکەوێت، کە دەستوور سەرچاوەی کێشەکەیە لە بری ئەوەی دەروازەیەک بێت بۆ چارەسەر.

/ بۆمبی تێکهەڵکێشانی یاسا فیدراڵییەکان لەگەڵ یاسای هەرێم و پارێزگه‌کان: لە ماددەی 115ی دەستووردا هاتووە، کاتێک ناکۆکی لە نێوان حکوومەتی ناوەندی و حکوومەتی هەرێم، یان پارێزگه‌کان لەسەر پسپۆرییە هاوبەشەکان دروست دەبێت، ئەولەوییەت بۆ یاسای هەرێم و پارێزگه‌کان دەبێت. هەرچەندە لە هەندێ بواردا هەرێمی کوردستان سوودی لەم ماددەیە وەرگرتووە، بەڵام تەفسیری ماددەکە پەیوەستە بە هاوسەنگیی هێزەوە، بەتایبەت ئەو لایەنەی هێزی زیاتری هەیە تەفسیرەکە بە لای خۆیدا دەشکێنێتەوە. بۆ نموونە لە پرسی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکاندا، هەرچەندە ئەم دوو پرسە لە چوارچێوەی پسپۆرییە هاوبەشەکانە، بەڵام لەبەر ئەوەی بەغدا لە پێگەی بەهێزیدا بوو، بۆیە تەفسیری ماددەکەى لە بەرژەوەندیی خۆیدا شکاندەوە. جگە لەمانەیش هاوتاکردنی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارێزگه‌کان، دەروازەیەکە بۆ لاوازکردنی پێگەى سیاسیی هەرێمی کوردستان و لێدانە لە سیستەمی فیدراڵی و هەوڵێکیشە بۆ گەڕانەوە دەوڵەتی مەرکەزی. لەم چوارچێوەیەدا هەرێمی کوردستان هەمیشە پێویستە کار لەسەر ئەو پرسانە بکات کە ناکۆکیی زۆریان لەسەرە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی پەرلەمانی کوردستانەوە بەرگێکی یاسایی بەبەر بەرژەوەندییەکانى هەرێمدا بکات، تاوەکوو لە داهاتوودا ببێتە پاڵپشتێکی یاسایی و دەستووری بۆ خۆلادان لەو بۆمبە، بەڵام دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ڕەوشی مامەڵەکردن لەگەڵ پەرلەمان، لەم ڕووەوە خاڵێکی لاواز دەبێت.

/ بۆمبی پێکهێنانی هەرێمی نوێ: لە ماددەی 118ی دەستووردا هاتووە، کە بە زۆرینەی سادە، واتە (50+1)، لە پەرلەمانی عێراقەوە ڕەزامەندی لەسەر پێکهێنانی هەرێمی نوێ دەدرێت و ڕەوانەی ڕێکارە پێویستەکانی دەکرێت کە بریتییە لە ئەنجامدانی ڕاپرسی لەو ناوچەیەی هەرێمە نوێیه‌کەی لێ دروست دەکرێت. وەک تەواوکارییەکیش بۆ ئەو ماددەیە، لە ماددەی 131دا هاتووە هەر ڕاپرسییەک کە لەو دەستوورەدا ئاماژەی پێ کراوە، بە زۆرینەی سادەی دەنگدەرانەوە پەسەند دەکرێت. کەواتە پرسی پێکهێنانی هەرێمی نوێ لە ڕووی ڕێکارەوە پرسێکی ئاسانە، بەڵام ئەم دۆخەی ئێستا لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم هەیە، ئەم پرسە دەکاتە بۆمبێک بەرامبەر گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان. لە چوارچێوەی ئەو تەعریب و ڕاگواستن و داگیرکارییەی ئێستا ئەو ناوچانە ڕووبەڕووی بوونەتەوە، پێکهێنانی هەرێمی نوێ بەتەواوی ئەو ناوچانە لە هەرێمی کوردستان دادەبڕێت.

جگە لەمانە، دەستووری عێراق لەبەر ئەوەی بەرهەمی عەقڵییەتی عێراقی نەبووە، بۆیە ڕۆژ دوای ڕۆژ ماددەکانی وەک بۆمبی ترسناکیان لێ دێت و ئەگەری تەقینەوەی زیاتری دەبێت بە ڕووی مرۆڤ و تاک بە تاکی ئەم کۆمەڵگە دروستکراوەی ناو نراوە عێراق. بۆمبەکان جگە لەوەی مەترسییان لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، لە هەمان کاتدا هەندێ ماددەی تریش مەترسین لەسەر داهاتووی پرسی دیموکراسی، مافی مرۆڤ، هاووڵاتیبوون و دروستبوونی حوکمڕانیی باش لەسەر ئاستی عێراق. کەواتە گوتاری پابەندبوونی ڕەها بەو دەستوورەوە گوتارێکی کورتبینە، بەوەی دەکرێ لە ڕێگەی ئەو دەستوورەوە ئاییندەی پێگەی هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە بکەوێتە ژێر مەترسیی لاوازبوونی تەواوەتی.

کورد لە عێراقێکی نوێی ناڕووندا

هەموو ئاماژەکان ئەوەمان پێ دەڵێن، عێراقی دواى شازدەى ئۆکتۆبەر عێراقێکی جیاوازە لەو عێراقەی لە ماوەى پازدە ساڵی ڕابردوو ماسکێکی دیموکراسی و فیدراڵیی بەستبوو. بێ گومان هەڵبژاردنی ئەم جارەى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، یەکێک لە دەرەنجامەکانى بریتی دەبێت له‌وه‌ی ئەو دۆخە ده‌بێتە ئەمری واقع. ترسناکترین سیناریۆ ئەوەیە دۆخی دواى شازدەى ئۆکتۆبەر بە هۆی دەرەنجامی هەڵبژاردنەوە بەرگێکی یاسایی و دەستووریی بەبەردا بکرێت. بەڵام لەناو ئەم سیناریۆیەیشدا هێشتا دەرفەتی جووڵەی کورد ماوە، بەو پێیەی کورد پێکهاتەیەکی تەواو جیاوازە لە کۆی پێکهاتەکانى دیکە و زیاتر لە سێ ملیۆن ئینسانی کورد بڕیاری جیابوونەوەیان داوە. خۆئامادەکردنی هێزە عێراقییەکان بۆ هەڵبژاردن و ئەجێندای وڵاتانی دەرەکی، هۆکارێکن کە بڵێین عێراقی دواى هەڵبژاردنەکان عێراقێکی ناڕوون دەبێت و ئەستەم دەبێت گوتاری یەکگرتوو لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکان و تەنانەت لەنێو خودی پێکهاتەیەکیش دروست بکرێت. گەورەترین دەرفەتی گەمەکردنیش لە ڕێگه‌ی ئەم دەستوورە ناڕوونەوە دەبێت، کە پڕە لە بۆمبی چینراو و ئامادەکراو بۆ تەقینەوە. لێرەدا ووردبینیەکی زۆر پێویستە بۆ ئەوەی لە یەک کاتدا هەرێمی کوردستان لە بۆمبەکان بپارێزرێت و پێگە سیاسییەکەی دووبارە بەهێز ببێتەوە.

هەرچەندە ئەستەمە لە ئێستادا باس لە گوتارێکی یەکگرتووی نێوان لایەنە کوردستانییەکان بکرێت بۆ ئەوەی بکرێتە ئەجێندای هەرێمی کوردستان لەو قۆناغە نوێیه‌ى عێراقدا، بەڵام کارکردن بە ئاراستەى کەمکردنەوەی دەستێوەردانی زیاتری دەرەکی لە گوتاری حزبە کوردستانییەکان، دەرفەتی یەکڕیزیی هێزە کوردستانییەکان لە دوای دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە دروست دەكات. نەبوونی یەکڕیزیی ئەو حزبانە، ئەگەرچی کاریگەریی زۆری لەسەر دەنگ و سەنگی کورد دەبێت لە بەغدا، وەک چۆن لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو بینیمان کە ئەو دژایەتیکردنەی نێوان حزبەکان، چۆن بووە هۆی لەدەستدانى بەشێکی زۆری کورسییەکانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، بەڵام کارەساتەکە دووهێنده‌ دەبێتەوە ئەگەر دوای هەڵبژاردن نەچنە یەک بەرەوە؛ ئەمە جگە لەوەی ماڵی کورد بەیەکجاری پەرش و بڵاو دەکات، لە هەمان کات پێگەی کوردیش زۆر لاوازتر دەکات. کەواتە لێرەدا پرسیاری ئەوە دروست دەبێت: ئایا لەو لاوازییەی پێگە سیاسییەدا چی بکرێت بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لەو قەبارەى ئێستای بچووکتر نەکرێتەوە و عێراقیش نەبێتەوە بە دەوڵەتە مەرکەزییەکەی جاران؟ 

وەک وەڵامێک، دەتوانین بڵێین کارکردن لەسەر دەستوور ئەو دەرفەتە دروست دەکات، بەتایبەت دوای ئەوەی هەموو لایەک بانگەشەی پابەندبوون بە دەستوور دەکەن. بێ گومان ئێستا لایەنە عێراقییەکان پلانی تایبەتیان هەیە بۆ چۆنێتیی هەموارکردنەوەی دەستوور، بۆیە باشترین کارێک کە ئێستا بکرێت ئامادەکردنی ڕەشنووسێکە بۆ هەموارکردنەوەی ئەو ماددانەی کە لە داهاتوودا زۆرترین هەڕەشە لەسەر هەرێمی کوردستان دەکات. هەرچەندە هەموارکردنەوەی دەستوور کارێکی زۆر قورسە، بەڵام خودی داواکاری بە هەموارکردنەوەی دەستوور گەمەیەکی گەورەیە و، دەشێ دەستکەوتی باشی پێ بەدەست بهێنین. بە لایەنی کەمەوە، دەبێت لە هەمواری ئەم جارەى دەستووردا جۆرێک لە گرەنتیی تێدا بێت بۆ کورد لە حاڵەتی دووبارە پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی، هەروەها ئەو پرسانەى بەناڕوونی ماونەتەوە بخرێنە دۆخێکەوە کە جۆرێک لە ڕۆشنیی پێوە دیار بێت. بە مانایەکی تر، دەشێ بڵێین چوار ساڵی داهاتووی سیاسەتکردنی کورد لە بەغدا، پێویستە چوار ساڵی کارکردن بێت بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور و هەڵکێشانی بۆمبەکانی.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples