سەرکەوتن و شەرعییەتی دیکتاتۆر "عەبادی و وەهمی سەرکەوتن بەسەر داعشدا"

پێشەکی

هەمیشە گوتراوە دەسەڵاتی بێبەرهەم و دوور لە کۆمەڵگە، دەسەڵاتێکە کێشەى شەرعییەتی هەیە؛ بەو واتایەی دەسەڵات و حوکمڕانی، بەشێکی دانەبڕاوی کۆمەڵگەیە. بۆیە هەر کاتێک دەسەڵات وەک جەستەیەکی نامۆ بە کۆمەڵگە دەرکەوێت، یەکەمین شت بیری لێ بکرێتەوە نەبوونی شەرعییەتی ئەو دەسەڵاتەیە. یەکێک لەو فاکتەرانەی كه‌ سیستەمە سیاسییەکانیش لێک دەکاتەوە، هەر بابەتی شەرعیبوونی دەسەڵاتە؛ بۆیە دەشێ بڵێین شەرعییەت سروشتی سیستەمی حوکمڕانی دەستنیشان دەکات. ئەو کۆمەڵگەیانەی جۆرێک لە فرەیییان پێوە دیارە، گەر دەسەڵاتێکی شەرعییان نەبێت هەمیشە چوون بەرەو دیکتاتۆرییەت سەرەکیترین سیناریۆ دەبێت، بەڵام لە پاڵ ئەوەیشدا دیکتاتۆر هەمیشە بەدواى سەرچاوەیەک دەگەڕێت، بۆ ئه‌وه‌ی شەرعییەت بە دەسەڵاتەکانی خۆی بدات. لێرەدا گرنگە بپرسین، مەبەست لە شەرعییەتی دەسەڵات چییە؟ بنەما و سەرچاوەکانى ئەو شەرعییەتە چین؟ سەرچاوەکانی شەرعییەتی دیکتاتۆر چین؟ گەر ئەو تێزە لەسەر نموونەی عێراق خوێندنەوەی بۆ بکرێت، ئایا سەرچاوەکانی شەرعییەت چی بوونە؟ ئایا دەسەڵاتی داهاتووی عێراق لە کوێوە شەرعییەت وەردەگرێت؟

شەرعییەتی دەسەڵاتی سیاسی

شەرعییەت هەمیشە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا گفتوگۆی بەردەوامی لەسەرە، بە شێوەیەک کە قوتابخانە جیاوازەکانى زانستی سیاسی، دید و تێڕوانینی جیاوازیان بۆ بابەتی شەرعییەت هەیە. شەرعییەت لە سادەترین دەربڕینیدا، بریتییە لە "مافی حوکمڕانی"، یان "مافی پیادەکردنی دەسەڵات"، بە واتای مافی دەسەڵاتداران لە دەرکردنی بڕیار و یاسادانان و سەپاندنی بەسەر هاووڵاتیاندا. بەڵام لێرەدا پێویستە، جیاوازییەک لە نێوان "شەرعییەت" و "مەشرووعییەت"دا بکەین. ئەگەر شەرعییەت بریتی بێت لە ڕەزامەندیی هاووڵاتیان لەسەر مافی پیادەکردنی دەسەڵات لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە، ئەوا مەشرووعییەت واتا پێویستیی پابەندبوونی دەسەڵاتداران بە دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان. بەشێک لە زانایان سەرچاوەی شەرعییەت دەگەڕێننەوە بۆ خەڵک، بەو مانایەى خەڵک خۆی خاوەنی دەسەڵاتە؛ بەم جۆرە شەرعییەتە دەگوترێت "شەرعییەتی دیموکراسی" (democratic legitimacy). ئەم جۆرە شەرعییەتە، میکانیزمی تایبەتی خۆی هەیە بۆ بەدیهێنانی؛ دیارترین و سەرەکیترین میکانیزمیش، لە هەڵبژاردنێکی بەردەوامدا کورت دەکرێتەوە. بەڵام بەشێک لە بیرمەندان پێیان وایە ئەم بنەمایە بۆ شەرعییەت کەموکورتیی تێدایە. بەو مانایەی شەرعییەتی دەسەڵات، ناکرێت تەنیا لە پرۆسەی هەڵبژاردندا کورت بکرێتەوە، چونکە زۆر جار لە سیستەمە دیموکراسییەکاندا کەسانێک دەگەنە لووتکەى دەسەڵات، کە توانستی ئەوەیان نییە بە شێوەیەکی تەندروست حوکمڕانی بگرنە دەست. بە شێوەیەکی گشتی، گەر بمانەوێت بنەماکانی شەرعییەتی دەسەڵات دیاری بکەین، دەبێ جۆرێک لە کۆکردنەوە لە تێزە سەرەکییەکانى قوتابخانە جیاوازەکان بکەین. بەم شێوەیە، دەکرێت بنەماکانی شەرعییەتی دەسەڵات لە چەند خاڵێکدا پوخت بکەینەوە:

/ هەڵبژاردنی بەردەوام: بەو پێیەی خەڵک خاوەنی دەسەڵاتە، بۆیە سەرچاوەی شەرعییەتیشە لە ڕێگەى هەڵبژاردنی بەردەوامەوە. بەو مانایەی هەر کاتێک دەسەڵاتێک نەیتوانی ڕەنگدانەوەی ئارەزووەکانی خەڵک بێت، بەشێکی گەورەی شەرعییەتی لەدەست دەدات. لە ڕێگەى هەڵبژاردنەوە، خەڵک بەردەوام دەرفەتی گۆڕینی دەسەڵاتی هەیە بەو شێوەیەی خۆی ئارەزووی دەکات. بۆیە هەر کاتێک هەڵبژاردنەکان نەیانتوانی ببنە ئامرازێک بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات، چیتر ناتوانن ببنە ئامرازێکیش بۆ شەرعییەتدان بە دەسەڵات.

/ حوکمڕانیی باش: بەشێکی زۆری شەرعییەتی هەر دەسەڵاتێک دەوەستێتە سەر ئەو ڕوخسارەى، دەسەڵات بە کۆمەڵگەکەی نیشان دەدات. ئەگەر دەسەڵاتێک نەیتوانی ببێتە هۆکارێک بۆ دەستەبەرکردنی حوکمڕانیی باش لە کۆمەڵگەدا، ئەوا شەرعییەتی ناتەواوی هەیە، چونکە لە دەوڵەتی مۆدێرندا عیبرەت لە دروستکردنی حکوومەت، هێنانەدیی حوکمڕانیی باشە؛ دوور لەوە، حکوومەت دەبێتە جەستەیەکی زیاد بەسەر شانی کۆمەڵگەوە.

/ خزمەتگوزاری و چاکسازی: ئامانجی سەرەکیی گواستنەوەی دەسەڵات لە مەحکوومەوە بۆ حاکم، بەڕێوەبردنێکی تەندروستی کاروباری کۆمەڵگەیە؛ بە شێوەیەک بتوانێ پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بۆ سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگە دابین بکات. لە پاڵ ئەمەیشدا، ده‌بێ بەردەوام چاکسازی لە بواری کارگێڕی و یاسادا بکات بۆ ئەوەی هەمیشە خۆی لەگەڵ پێشکەوتنە بەردەوامەکانى کۆمەڵگەدا بگونجێنێ.

دەشێ لە ڕووی تیۆرییەوە حکوومەتێک خاوەنی شەرعییەت بێت، ئەگەر لە لایەن هاووڵاتیانەوە هەڵبژێردرابێت، هەروەها ڕەنگە کارەکانی لەگەڵ بنەما یاسایی و دەستوورییەکان گونجاویش بێت. بەڵام لە ڕووی پراکتیکییەوە ڕەنگە لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی سەرکەوتوو نەبێت، چونکە هەندێک حکوومەت هەن بە شێوەیەکی مەشرووع دەسەڵات دەگرنە دەست، بەڵام ناتوانن ببنە شوێنی ڕەزامەندیی بەشێکی زۆری کۆمەڵگە. کەواتە هەڵبژاردن و ڕێکارە یاسایییەکان، ناتوانن بەتەنیا ببنە بنەمایەکی تەواو بۆ شەرعییەتی دەسەڵات.

سەرچاوەکانى شەرعییەتی دەسەڵات

وەک چۆن چەمکی شەرعییەت ناکۆکیی زۆری لەسەرە، بە هەمان شێوە سەرچاوەکانی شەرعییەتیش ناکۆکیی زۆریان لەسەرە. دەسەڵاتی سیاسی بۆ ئەوەی پیادەى دەسەڵاتی خۆی بکات، هێز لە چەندین سەرچاوەوە وەردەگرێت. ڕاستە شەرعییەتی دیموکراسی باشترین جۆری شەرعییەتە، بەڵام لە پاڵ ئەوەیشدا لە نموونە جیاوازەکانی سیستەمی سیاسیدا شەرعییەتی دەسەڵات سەرچاوەى جۆراوجۆری هەبووە، بۆ ئەوەی بتوانێ ئەو مافە بە خۆی بدات کە دەسەڵاتی خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا پیادە بکات:

/ سەرچاوە کلاسیکییەکان: وەکوو: ئایین، هۆز، عەشیرەت و خێزان. ئەمانە لە هەندێ کۆمەڵگەدا سەرچاوەی ئەو مافەن کە دەسەڵات بە هۆیەوە حوکمڕانى بەسەر کۆمەڵگەدا دەکات. نموونەی ئەو شەرعییەتە لەو وڵاتانەدا دەبینین، کە پاشایەتیی ڕەهایان هەیە یان دەسەڵات تەنیا لەدەستی خێزانێکە. وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و بەشێکی زۆری وڵاتە ئیسلامییەکان لەو نموونەیه‌ن.

/ کاریزما: دەسەڵاتی سیاسی، شەرعییەتی خۆی لە کاریزمابوونی سەرکردە وەردەگرێت؛ جا ئەم سەرکردەیە، یان پاڵەوانی جەنگە، یان شۆڕشگێرێکی کۆنە، یان وتاربێژێکی باشە و، دەتوانێ کۆنترۆڵی هەست و سۆزی خەڵک بکات. کارەساتی گەورە ئەو کاتە دەست پێ دەکات، ئەگەر ئەم سەرکردەیە کەفائەتی حوکمڕانیی نەبێت.

/ سەرچاوە عەقڵانی و بیرۆکراسییەکان: لێرەدا شەرعییەت زیاتر لە چەمکی مەشرووعییەت نزیک دەبێتەوە؛ بەوەی شەرعییەتی دەسەڵات، بە سیستەمی یاساییی دەوڵەتەوه‌ دەبەسترێتەوە. بۆیە دەسەڵاتی سیاسی، زیاتر پابەندی بنەما دەستوورییەکان دەبێت لە بری ئەوەی پەیوەست بێت بە خواستی هاووڵاتیانەوە؛ چونکە دەستوور و یاساکان خۆیان سەرچاوەیەکن بۆ دروستبوونی دەسەڵاتێکی زۆردار.

/ سەرچاوەی دەستکەوتی ده‌سەڵات: ئەمەیان بە گرنگترین جۆری شەرعییەت دادەنرێت، بەوەی شەرعییەتی دەسەڵات، بە ئاستی وەڵامدانەوەی دەسەڵات بۆ داواکاریی هاووڵاتیان دەبەستێتەوە. لێرەدا داواکاری و داخوازی و ئارەزووەکانی هاووڵاتیان، دەبنە سەرچاوەی شەرعییەت. داواکاریی هاووڵاتیان هەمیشە داواکاریی ئابووری نین بۆ زیادکردنی ئاستی بژێوی و خۆشگوزەرانی، بەڵکوو هەندێ جار داواکاریی هاووڵاتیان داواکاریی سیاسین و، خۆیان لە ئازادی و دیموکراسی و کەرامەتی مرۆڤدا دەبیننەوە. بۆیە بەدەنگەوەچوونی سەرجەم داواکارییەکانی هاووڵاتیان باشترین سەرچاوەى شەرعییەتە.

دیکتاتۆر و قەیرانی شەرعییەت

قەیرانی شەرعییەت زۆر فراوانترە لەوەی تەنیا قەیرانێکی سیاسی بێت، بەڵکوو قەیرانی ناسنامە و کۆمەڵگەیشە لە هەمان کاتدا. واتە پەیوەندیی نێوان هاووڵاتی و دەسەڵات بە شێوەیەک تێک چووە، کە ناسنامە و وجوودی تاک لەژێر هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەدا بێت. یەکێک لە فاکتەرەکانی قەیرانی شەرعییەت ئەدای دەسەڵاتی جێبەجێکارە؛ کاتێک حکوومەت نەتوانێت بەشێک بێت لە داخوازیی هاووڵاتیان، لە دواجاردا متمانەی نێوان تاک و دەسەڵات زۆر لاواز دەبێت. قەیرانی شەرعییەت لە ئێستادا قەیرانێکی جیهانییە، بەڵام هەر وڵاتێک بە شێوەیه‌ك ڕووبەڕووی دەبێتەوە کە لەگەڵ سروشتی سیستەمە سیاسییەکەی بگونجێ. بۆیە ڕێگەچارەى سیستەمە دیموکراسییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی شەرعییەت، زۆر جیاوازە لەو ڕێگەچارەیەی سیستەمە نادیموکراسییەکان دەیگرنە بەر. ئەوەی لێرەدا بۆ ئێمە گرنگە لێی تێ بگەین ئەوەیە، کە چۆن سیستەمە نادیموکراسییەکان (دیکتاتۆرییەکان) ڕووبەڕووی قەیرانی شەرعییەت دەوەستنەوە. بە شێوەیەکی گشتی سیستەمە دیکتاتۆرییەکان لە کاتی قەیرانی شەرعییەتدا ئەم ڕێگه‌یانە دەگرنە بەر:

/ پشتگوێخستن: بەو مانایەی وا نیشانی دەدات کە قەیرانەکە بوونی نەبێت و، شایەنی ئەوە نەبێت باسی بکرێت. لێرەدا دەسەڵاتدار وشەی "گێرەشێوێن"، "تێکدەر" و "دەستی بێگانە" بەرامبەر ناڕەزاییی خەڵک بەکار دێنێت. بەڵام ئەم دۆخە بەردەوام بێت، شۆڕش و ڕاپەڕینی سەرتاسەریی لێ دروست دەبێت. "بەهاری عەرەبی" دیارترین نموونەی ئەو ڕێگەچارەیەی دەسەڵاتی عەرەبی بوو، بەرامبەر قەیرانی شەرعییەت گرتیانە بەر.

/ سەرکوتکردن: لەم دۆخەدا دەسەڵاتی دیکتاتۆر پەنا بۆ بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکان دەبات و دەیانخاتە زیندانەوە. ڕەنگە بەم هەنگاوە ماوەى دەسەڵاتەکەی درێژ بکاتەوە، بەڵام دواجار ڕێگە بۆ شۆڕشێکی خوێناوی خۆش دەکات کە کاریگەرییەکانی ماوەیەکی درێژتر دەمێنێتەوە.

/ پەنابردنە بەر جەنگ: بەشێکی زۆری دەسەڵاتدارە نادیموکراسییەکان لە کاتى قەیرانی شەرعییەتدا، پەنا دەبەنە بەر سەرقاڵکردنی هاووڵاتی و کۆمەڵگە بە جەنگێکی بێدەرباز؛ وێنایەک دروست دەکەن کە وڵات لە بەردەم پارچەبوون و هەڕەشەی داگیرکردندایە. لێرەدا دیکتاتۆر دوو ئامانج دەپێکێ: یەکەمیان سەرنجی هاووڵاتیان لەسەر قەیرانەکە لا دەبات؛ دووەمیان بردنەوە لە جەنگ وەک سەرچاوەیەکی نوێی شەرعییەت دەناسێنێت.

/ وێنەیەکی شێواوی دیموکراسی: دەسەڵاتی سیاسی، ده‌ست به‌ هەندێ چاکسازیی کاتى ده‌كات، حزبی کارتۆنی دروست دەکا، هەڵبژاردنی ساختە ئەنجام دەدات و، خۆی براوەی یەکەم و کۆتا دەبێت. لە بەرامبەردا دەرگه‌ بەسەر ئازادیی ڕاستەقینە دادەخات و پرەنسیپە دیموکراسییەکانیش لە بەردەم هاووڵاتیان ناشرین دەکات؛ وەک ئەوەی ئێستا دەسەڵاتدارانى تورکیا و ئیران ئەنجامی دەدەن.

مێژووی عێراق: قەیرانی شەرعییەت

هه‌ندێ له‌ وڵاتان لە ئاکامی ڕێککەوتنێکی بەرژەوەندیخوازی نێودەوڵەتییه‌وه‌ بە جۆرێک لە جۆرەکان دەسەڵاتێکی ناشەرعییان هەیە و بە کۆمەڵگەکەی خۆیان نامۆن؛ عێراقیش یەکێکه‌ لەو وڵاتانەی کە بەرژەوەندیی نێوان وڵاتان ئەو وڵاتەی بۆ دروست کردووە. بۆیە لە هەموو وێستگە و قۆناغە جیاوازەکان سەرەڕای جیاوازی لە سروشتی سیستەمە سیاسییەکەی، کەچی دەسەڵاتی سیاسی بۆ حوکمڕانیی کۆمەڵگە فرەیییەکەی عێراق، بنەمایەکی تەندروستی نەبووە. هەر لە سەرەتاوە پێدانی ناسنامەیەکی عەرەبی و ئیسلامی، قەیرانێکی بنەڕەتیی لە شەرعییەتی دەسەڵات و سەروەریی عێراق دروست کرد. شۆڕش و ڕاپەڕین و بەرخودانە بەردەوامەکانی پێکهاتە جیاوازەکان، باشترین بەڵگەى ئەو قەیرانەن. بەڵام بۆ تێگەیشتن لە سەرچاوە و بنەماکانى شەرعییەتی دەسەڵاتی سیاسی لە قۆناغە جیاوازەکانى عێراق، پێویستە جۆرێک لە ڕیزبەندی بۆ ئەو قۆناغانە بکەین:

/ سەردەمی پاشایەتی: ئەو کاتەى عێراق دروست کرا و هەر سێ ویلایەتی بەسرا و بەغدا و مووسڵ بەیەکەوە لکێنران، کەسێکیان لە دەرەوەی عێراق هێنا کە لە بنەڕەتەوە خەڵکی ناوچەکەیش نەبوو و، کردیان بە پاشای عێراق. کەواتە لەو قۆناغەدا دەسەڵاتی سیاسی، شەرعییەتی خۆی لە پاشایەتیی دەسەڵاتەوە وەرگرتبوو. ڕاستە ئەنجومەنێک لەسەر شێوەی پەرلەمان بۆ نوێنەرانی پێکهاتە جیاوازەکان هەبوو، بەڵام بەڵگەنامەکان پێمان دەڵێن کە ئەوانە جگە لە نوێنەرایەتیی خۆیان، نوێنەرایەتیی هیچ کەسێکیان نەکردووە. هەر لەو قۆناغەدا دواى ئەوەی دەسەڵات لە کوڕەوە بۆ باوک گواسترایەوە، شەرعییەتی دەسەڵات ڕەهەندێکی دیکەی وەرگرت، ئەویش بنەمای خێزانییە بۆ شەرعییەت. بەڵام ئەو گواستنەوە خێزانییەی دەسەڵات قەیرانێکی بنەڕەتیی لە شەرعییەت دروست کرد؛ بە شێوەیەک کە ناڕەزایییەکانی خەڵک گەیشتە لووتکە و، دواى چەندین شۆڕش دواجار پاشا و خانەوادەکەی لە عێراق ڕیشەکێش کران. بەڵام هەرگیز ئەمە مانای ئەوە نییە کە قەیرانی دەسەڵات و شەرعییەت لە عێراق کۆتاییی پێ هاتبێت.

/ لە قۆناغی یەکەمی کۆماریدا، کە عەبدولکەریم قاسم سەرۆکایەتیی دەکرد، شەرعییەتی دەسەڵات لەو شۆڕشەوە هاتبوو کە لە دژی پاشایەتی و دەرەبەگی بەرپا کرا. یەکەمین کار ئەو تاقمە نوێیە ئەنجامی دا، بریتی بوو لە هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنە خۆجێیییە هەڵبژێردراوەکان. دەتوانین بڵێین ئەمە سەرەتایەکی ترسناک بوو بۆ حوکمڕانیی سەربازی لە سەرانسه‌ری عێراق، کە دواتر ئەوە بووە عورفێک بۆ هەموو حوکمڕانە یەک لە دوای یەکەکان. هەرچەندە سەرەتا جۆرێک لە کرانەوە بەرامبەر پرسی کورد هەبوو بەڵام دواتر هاوکێشەکان بە شێوەیەک گۆڕان کە شۆڕشی ئەیلوول، بووە کارێکی پێویست. شۆڕش و بزووتنە پارتیزانەکان لە ئاکامی ئەو قەیرانەوه‌ دروست بوون کە دەسەڵاتی سیاسیی عێراقی لە ڕووی شەرعییەتەوە دوچاری بوو.

/ شۆڕش بەسەر شۆڕشدا، یان کودەتا بەسەر کودەتادا، نیشانەی ئەو قۆناغە بوو کە تێیدا بەعسییەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست و هەموو جۆرە ستەمکارییەکیان بەسەر کۆمەڵگەی عێراقیدا تاقی کردەوە. هاتنی بەعس سایکۆلۆژیی کۆمەڵگەى عێراقیی بە شێوەیەک گۆڕی کە متمانەی نێوان خەڵک و دەسەڵات بەتەواوی لەناو بچێت. بۆیە قەیرانی شەرعییەت گەیشتە ئەو ئاستەی کە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش خۆی بخاتە سەرووی ئیرادەى خەڵکەوە و ببێتە سەرچاوەی بڕیار و یاساکان. سەددام حسێن نموونەی ئەو دیکتاتۆرەیە کە شەرعییەتی خۆی لەو وەهمە وەرگرتبوو کە پێی وابوو کە ئەو ڕزگارکەر و پارێزەری کۆمەڵگەی عێراقییە؛ بۆیە دەبێت تا کۆتاییی ژیانی، هەر خۆی حوکمڕانی بکات. دیکتاتۆر بۆ ئەوەی خۆی لە قەیرانی شەرعییەت دەرباز بکات، کۆمەڵگە و دەوڵەت دەخاتە جەنگێکی بێدرەبازەوە. جەنگی عێراق و ئیران، ئەوەندەى جەنگی دەربازبوون بوو لە قەیرانی شەرعییەت، ئەوەندە جەنگی سەرکەوتن و شکست نەبوو. هەشت ساڵی ئەو جەنگە جگە لەوەی پایەکانى دیکتاتۆرییەتی قایم کرد، لە هەمان کاتدا دەرفەتی چاکسازیی لە ڕێگەى دیموکراسییەوە زۆر لاواز کرد. دواى کۆتاییهاتنی ئەو جەنگەیش، دۆخی حوکمڕانی لە عێراق ئاڵۆزتر بوو و، جه‌نگی کەنداو و داڕمانى ئابووریی لێ کەوتەوە.

/ دواى پرۆسەی ئازادی، عێراق بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاوی نا: قۆناغی کرانەوەی دیموکراسی و شەرعییەتی دیموکراسی بۆ دەسەڵاتی سیاسی. هەوڵ درا بناغەکانى ئەو کەلتوورە لە دەستووری عێراقدا جێگەى بکرێتەوە، بەڵام لە واقعدا تەواو پێچەوانەی ئەوە بینرا. لە بری ئەوەی قەیرانی شەرعییەت کۆتاییی پێ بێت، دەرگه‌ى ناکۆکییەکی دیکە بە ڕووی کۆمەڵگەى عێراقیدا کرایەوە، ئەویش ململانێ و ناکۆکیی تائیفی و نەتەوەییی نێوان پێکهاتەکان بوو. ئەو ململانێ نوێیە واى کرد، دەسەڵاتی سیاسی، شەرعییەتی خۆی لە هاوسەنگیی نێوان ئەو پێکهاتانە وەربگرێت، نەوەک لە خزمەتکردن و خۆشگوزەرانیدا؛ ئەمەیش سەرەتایەکی نوێ بوو بۆ دروستبوونی عێراقێکی تائیفی و خاوەن دەسەڵاتی ستەمکار بە فۆرمێکی نوێ. هیچ یەکێک لەو کابینە حکوومییانەی دواى پرۆسەی ئازادی دروست بوونە، شوێنی ڕەزامەندیی خەڵک نەبوونە، بەڵکوو سیاسەتە دوژمنکارییەکانى حکوومەتی تائیفی، ناڕەزایییەکانی خەڵکی ناوچە سوننییەکانی بە شێوەیەک بەرز کردەوە، کە دواجار "داعش"ی لێ دروست بوو. کابینەکەی جەعفەری و کابینەکەی مالیکی، سەرەتایەکی ترسناک بوو بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوەی قەیرانی شەرعییەتی دەسەڵات. ڕێگەچارەکانی ئەو حکوومەتانەیش بەرامبەر ناڕەزاییی خەڵکی کوردستان، دووبارە سەلمێنەری ئەو ڕاستییە تاڵە بوون، کە ستەمکاری بووەتە بەشێک لە زیهنییەتی دەسەڵاتداریی عێراقی عەرەبی.

عەبادی و گەڕانەوە بۆ شەرعییەتی سەرکەوتن

کاتێک عەبادی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی لە حکوومەتی عێراقی فیدراڵیدا وەرگرت، کابینەکەی پێش ئەو، بەشێکی زۆری خاکەکەی لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا بەرامبەر دەوڵەتی ئیسلامی لەدەست دابوو. کەواتە عەبادی هاتە سەر قۆناغێک کە تێیدا وڵات لە جەنگێکی بێناسنامەدا بوو؛ جگە لەوەی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی گەیشتبووە قۆناغێکی مەترسیدار، بە شێوەیەک کە بوودجەى کوردستان لە لایەن حکوومەتی ناوەندییەوە بڕابوو. کەواتە کاری سەرەکیی ئەو کابینە نوێیە، بریتی بوو لە شەڕکردن لەگەڵ داعش. لە پێناو ئەمەدا، پێویست بوو پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێم کەمێک ئاسایی بکاتەوە. دەتوانین بڵێین جه‌نگی داعش سروشتێکی تایبەتی هەبوو و، لە توانای حکوومەتی عێراقیدا نەبوو بەسەریدا زاڵ بێت؛ بۆیە هاوپەیمانێتییه‌كی نێودەوڵەتی بۆ یارمەتیدانی عێراق بۆ سەرکەوتن لەو جه‌نگەدا دروست بوو. لە بەرامبەردا پێکهاتەی شیعە ئەو جه‌نگەی قۆستەوە و، چەندین میلیشیای لەژێر ناونیشانی "حەشدی شەعبی" دروست کرد. جه‌نگەکە زیاتر لە دوو ساڵی خایاند و کوشتن و ئاواره‌بوونی بەشێکی زۆری عێراقییەکانى لێ کەوتەوە. ئەوەی لە سەرەوە باس کرا، دیمەنێکی سەربازی بوو بۆ ئەو چەند ساڵەی تێیدا عەبادی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بووە. بەڵام ئەگەر لە پاڵ ئەمەیشدا بڕوانینە دیمەنە سیاسییەکەى ئەو ماوەیە، دەبینین ململانێی نێوان پێکهاتەکان بەتەواوی پەرەی سەند؛ بە شێوەیەک کە زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەى ڕیفراندۆمێکی دیموکراسییەوە، بڕیاری جیابوونەوەیان لەو عێراقە دا. کەواتە جگە لە جه‌نگی داعش، ئەو کابینەیەی عەبادی بە هیچ شێوەیەک شوێنی ڕەزامەندیی کوردستانیان نەبووە، بەتایبەت دواى ئەوەی بە فەرمانی عەبادی هەموو جۆرە گەمارۆیەک خرایە سەر هەرێمی کوردستان.

دەتوانین بڵێین سەردەمی کابینەی یەکەمی عەبادی، سەردەمی شکستی کرانەوەی دیموکراسییە لە عێراقی نوێدا، بەتایبەت لە ڕووی قووڵبوونەوەی قەیرانی شەرعییەتی دەسەڵاتەوە. دەسەڵاتێک کە بەشێکی زۆری خەڵکەکەی لێی ڕازی نەبێت، شەرعییەتەکەی دەکەوێتە ژێر پرسیاری جددییەوە. کاتێک زیاتر لە سێ ملیۆن مرۆڤ ئارەزووی نەبێت لەژێر دەسەڵاتی تۆدا بمێنێتەوە، لە بەرامبەر ئەوەدا لەژێر پەردەی یاسا و دەستووردا، ئارەزووی ئەو خەڵکە پشتگوێ بخرێت، ئەوە فۆرمی دەسەڵات گۆرانکارییەکی ڕیشەییی بەسەردا دێت؛ بە شێوەیەک کە ناتوانرێت بە دەسەڵاتێک بگوترێت خاوەن شەرعییەتی دیموکراسی، لە کاتێکدا دژی خواستە دیموکراسییەکانی خەڵکەکەی بێت. بۆیە قەیرانێکی نوێی شەرعییەت لە دەسەڵاتی سیاسی دروست بووە. بەڵام ئەم جارە قەیرانەکە بە پەردەیەکی وەهمیی دیموکراسییەکی تائیفی داپۆشراوە، بۆیە هەموو ئەو ڕێگەچارانەى خراونەتە ڕوو بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە، لە بری ئەوەی ببنە بەشێک لە چارەسەر، بوونەتە بەشێک لە قووڵبوونەوەى قەیرانەکە.

عەبادی لە کۆتاییی ماوەی کابینەکەیدا، وەک دەستکەوتێکی سیاسی و مێژوویی، سەرکەوتنی بەسەر داعشدا ڕاگەیاند؛ له‌ كاتێكدا كه‌ هێشتا هزری داعشبوون لە عێراقدا کۆتایی نەهاتووە. ئەوەی لەو ڕاگەیاندنی سەرکەوتنەدا ئامانجە سەرەکییە بوو، بریتی بوو لە پێدانی شەرعییەتی سەرکەوتن بۆ مانەوە لە دەسەڵات. بۆیە دەبینین هەموو هەنگاوەکانى دواى ئەو ڕاگەیاندنە، ئاماژەیەکن بۆ ڕاستییەکی تاڵ، ئەویش گەڕانەوەی سەرکردەیەکه‌ کە خۆی بە فریادڕەسی عێراقییەکان بزانێت و، لەو ڕێگەیەوە حوکمێکی سەربازی بە فۆرمێکی نوێ دروست بکاتەوە. ترسناکترین شەرعییەت بەدەست دیکتاتۆری نوێوە ئەوەیە، هەمیشە شانازی بکات کە وڵاتی لە جەنگێکی ترسناک پاراستووە. بەپوختی گەر بمانەوێت ئەو فاکتەرانە دەستنیشان بکەین کە عەبادی وەک سەرکەوتن دەیانناسێنێت و، لە هەمان کاتدا وەک سەرچاوەیەکیش بۆ شەرعییەتی دەسەڵاتەکەی وێنای دەکات، بریتین لە:

/ سەرکەوتن بەسەر دەوڵەتی ئیسلامی: لە کاتێکدا گەر هیزو توانا سەربازییەکانی هاوپەیمانان و بوێری و ئازایەتیی پێشمەرگە نەبووایە، سەرکەوتن بەسەر داعشدا کارێکی ئەستەم بوو. بەڵام دواجار عەبادی خۆی وەک پاڵەوانی ئەو جەنگە ناساند؛ لەوەیشدا ئەمریکییەکان بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتییان کرد. ئەم سەرکەوتنە سەربازییەی عەبادی، لە داهاتوویەکی نزیکدا عێراق دەگەڕێنێتەوە بۆ حوکمڕانیی سەربازی، تەنانەت لە بچووکترین کێشە و ململانێی سیاسییشدا حکوومەتی ناوەندی شەرعییەت بە خۆی دەدات سوپا بجووڵێنێت. بانگەشەکردن بۆ جووڵاندنی سوپا بۆ پاراستنی خۆپێشاندەرانی سنووری سلێمانى، سەرەتایەکی ترسناکی دەرکەوتنی حکوومەتی سەربازییە لە عێراقی عەبادیدا.

2/ ڕێگەگرتن لە هەڵوەشانەوەی عێراق: لەشکرکێشیی عەبادی بۆ سەر خاکی کوردستان و ئاوارەکردنی خەڵکەکەی بە بیانووی پاراستنی یەکپارچەییی خاکی عێراق، ترسناکترین هەنگاو بوو بۆ گەڕانەوەی حوکمی دیکتاتۆری بۆ عێراقی نوێ. بەکارهێنانی ئامرازی سەربازی بۆ ڕێگەگرتن لە پرۆسەیەکی دیموکراسی، هەر لێکدانەوەیەکی بۆ بکرێت، دواجار بەشێکە لە ڕوخسارەکانی حوکمڕانی دیکتاتۆر. عەبادی لەو هەنگاوەدا، توانیی سۆزی عەرەبەکان بۆ خۆی ڕابکێشێ، کە هەموویان لەناخەوە دژی داواکارییە ڕەواکانی کوردن. لەو سۆزەوە سەرچاوەیەکی نوێی بۆ شەرعییەتی دەسەڵاتەکەی دۆزیوەتەوە؛ تەنانەت وڵاتانی دراوسێ و ئەمریکایش لەم کارەدا پاڵپشتیی دەکەن. لەم دۆخەدا عەبادی واى نیشان دەدات کە مانەوەی ئەو لە لووتکەی دەسەڵات، گه‌رەنتییەکە بۆ پاراستنی یەکپارچەییی خاکی عێراق.

/ بانگەشە بۆ چاکسازی: عەبادی لە هەموو ئەو وتارانەی هەفتانە بۆ دەزگه‌کانی ڕاگەیاندن دەیدا، باس لەوە دەکات کە پێویستە گەندەڵکاران بە هەموو شێوەیەک لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت و ڕووبەڕووی دادگه‌یەکی دادپەروەرانە ببنەوە. بەڵام ئەم هەنگاوەی عەبادی، تا ئێستا لە ئاستی بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردن ماوەتەوە؛ لە پاڵ ئەوەیشدا دەیەوێت بە عێراقییەکان بڵێت من پاکترین سەرکردەی هاوچەرخی عێراقم و دەتوانم لە گەندەڵکاران ڕزگارتان بکەم. بەڵام لە ماوەی کابینەکەی عەبادیدا، عێراق چەند پلەیەک لە ڕیزبەندی شەفافییەتی جیهانی چۆتە پاشەوە و، ئێستا نزیکە لەوەی ببێتە یەکێک لەو پێنج وڵاتەى کە لە دواوەی ئەو ڕیزبەندییەوه‌ن. نمایشی ئەنجامدانی چاکسازی بۆ شەرعییەتی دەسەڵات، نمایشی هەموو ئەو سەرکردانەیە کە دەیانەوێت پەردەیەکی مەدەنی بەسەر کارە سەربازییەکاندا بدەن.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples