قۆناغی دواى ڕیفراندۆم لە گۆشەنیگای پەیوەندیی سیاسەت بە ئەخلاقەوە

پێشەکی

ئەخلاق و سیاسەت وەک دووانەیەک لە فکرو فەلسەفەی سیاسی، گفتوگۆی زۆری لەسەر دەکرێت، بەشێوەیەک کە ئەخلاق وەک بەهایەکی باڵای سیاسەت سەیر دەکرێ. بەڵام لە بواری پراکتیکیدا ئەو دوو چەمکە کاتێک دەکەونە پاڵ یەک، زۆرترین تێبینی لەسەریان دروست دەبێت، بەتایبەت کاتێک لە چۆنێتیی بەڕێوەچوونی کۆمەڵگە دوواکەوتووەکان ئاماژەى پێ دەکرێت. ئەخلاق لە دونیای سیاسەتی هاوچەرخدا بە شێوەیەکی سەرەکی بەبەها دیموکراسییەکان و سیستەمی دیموکراسیی بێخەوشدا بەستراوەتەوە؛ بەو واتایەی ئەگەری پارێزگاریکردن لەبەها ئەخلاقییەکانی سیاسەت لە سیستەمە دیموکراسییەکاندا زیاترە. بەڵام ئەو تێگەیشتنەیش جۆرێک لە کورتبینیی پێوەدیارە، بەهۆی ئەوەی هەندێ جار لە سیستەمە دیموکراسییەکاندا لە پەنای بەها دیموکراسییەکانەوە ئەخلاق لە سیاسەت دادەبڕێنرێت. هەروەها ئەگەر سەیری سیاسەتی دەرەوەی وڵاتە دیموکراسییە پێشکەوتووەکانیش بکەین، ئەو ئەرگیۆمێنتە بەتەواوی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. کەواتە (سیاسەت – ئەخلاق – دیموکراسی) لە هاوکێشەیەکی تەواوکەردان؛ بە تەواونەبوونی یەکێکیان ئەوانی تریش دەکەونە کێشەوە. ئەگەر لە چوارچێوەی هاوکێشەی سیاسەت و ئەخلاقەوە سەیری ڕووداوەکانی دواى ڕیفراندۆم و کارەساتی شازدەی ئۆکتۆبەر بکەین، دەبینین لە زۆربەی وێستگە وردەکانى ئەو قۆناغە بەرتەسکەدا ئەو هاوکێشەیە بە شێوەیەکی ناتەندروست تەواوکراوە. لێرەدا پێویستە بپرسین پەیوەندیی سیاسەت بە ئەخلاقەوە چییە؟ ئایا ئەو هاوکێشەیە لەسەر ئاستی ناوخۆ چۆن کێشەی تێکەوتووەو کێشەکان چ ڕەنگدانەوەیەکیان هەبووە؟ ئایا لە ئاستی دەرەوەدا کێشەی تەواونەبوونی ئەو هاوکێشەیە لەچیدا بوو تا گەیشتە ئەوەی قەیرانێکی بێدەربازمان بۆ دروست بێت؟

پەیوەندیی ئەخلاق و سیاسەت

ئەگەر سیاسەت لەپێناسە سادەکەیدا بریتی بێت لە کۆمەڵێک ڕێگە بۆبەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی مرۆیی و دابینکردنی ڕێکاری تایبەت بۆ بەڕێوەبردنی،بە شێوەیەک کە خێری گشت لایەکی تێدا بێت، ئەوا ئەخلاقیش بریتییە لە کۆمەڵێک بەهاو ئاکاری ئاراستەکراو بۆ ڕەفتاری مرۆیی بە ئاراستەى گەیاندنی چاکە بەکۆمەڵگەی مرۆیی، بۆ ئەوەی لە شەڕانگێزی دووری بخاتەوە. دەوڵەت لە بنەڕەتەوە بۆ هەندێ ئامانج دروست بووە کە سروشتێکی ئەخلاقییان هەیە، کە ئەمە واى کردووە لە پەیڕەوکردنی سیاسەتدا ڕەهەندی ئەخلاقی ڕەچاو بکرێت، بەڵام لە واقعدا تەواو پێچەوانەی ئەو بەها باڵایەى دەوڵەت دەبینین؛ جا لەسەر ئاستی پەیڕەوکردنی سیاسەت بێت، لەسەر ئاستی ناوخۆیی، یان لەسەر ئاستی پەیوەندیی نێوان دەوڵەتان و کیانە سیاسییەکان بێت. لە ئێستا لۆژیکی هێز و فریودان و بنپێخستنی مافەکان شوێنی بەها ئەخلاقییەکانى دەوڵەتی گرتۆتەوە، بە شێوەیەک کە تێگەیشتنێک بۆ سەردارانی دەوڵەت دروست کراوە کە پرۆسەی سیاسی ناگاتە ئامانج، ئەگەر بە ئەخلاقەوە ببەسترێتەوە. بەڵام لێرەدا ئێمە گرنگە بپرسین: ئایا دەکرێ بەها ئەخلاقییەکان لە پرۆسەی سیاسی و پرسی حوکمڕانی دوور بخەینەوە؟ بە شێوەیەکی گشتی دوو ئاراستە هەن بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە:

ئاراستەی یەکەم

هەندێ بیرمەندی سیاسی، پێیان وایە پەیوەندی نییە لەنێوان ئەخلاق و سیاسەت، بۆیە دەبێ بەها ئەخلاقییەکان لەکاری سیاسی دوور بخرێتەوە. ئەم تێزە زۆر بەڕوونی لە هزری مه‌کیاڤێللیدا لە کتێبی "میر" دەردەکەوێت، بە شێوەیەک کەپێی وایە پرەنسیپی سەرەکیی کارکردنی سیاسەت بریتییە لە "ئامانج، ئامراز دەستنیشان دەکا." سەرکەوتنی کاری سیاسی لەڕێگەى ئەو دەرەنجامانەی کە خۆی لە سەقامگیریی دەوڵەت و پاراستنی ئاسایش و گرەنتیکردنی بەرژەوەندییەکاندا دەبینێتەوە بەدەست دێت. تەنانەت مه‌کیاڤێللی لەو بڕوایەدایە ئەو دەوڵەتەی کەسیاسەتی خۆی لەسەر ئەخلاق بنیات دەنێ، بە شێوەیەکی خێرا لەناودەچێت. فەیلەسووفی ئەڵمانی "نیچە"، لەوەدا لەگەڵ مه‌کیاڤێللی هاوڕایە. نیچە واى دەبینێ کەسیاسەت لەگەڵ ئەخلاقدا یەک ناگرێتەوە. ئەو حاکمەى خۆی بەبەها ئەخلاقییەکان دەبەستێتەوە سیاسەتمەدارێکی سەرکەوتوو نییە. حاکم پێویستە کەسێکی بەهێزبێت، لە کاتێکدا ئەخلاق چەکی بێهێزەکانە.

ئەم ئاراستەیە ئەرگیۆمێنتی لەسەر ئەوە داڕشتووە کە مرۆڤ بەسروشتی خۆی کائینێکی توندڕەوە؛ زیاتر ئارەزووی کۆنترۆڵکردن و قۆستنەوەو یاخیبوون و ملکەچنەبوونی سیستەم دەکات. ئەگەر مرۆڤ کۆنترۆڵ نەکرێت ئەوە ئارەزووی گەڕانەوەی هەیە بۆ دۆخی سروشتیی پێش پەیمانی کۆمەڵایەتی. بۆیە پێویستە بۆ ڕێگریکردن لەو ئارەزووەی مرۆڤ هێز بەکار بێت، بۆ ئەوەی دەوڵەت سەقامگیربێت. هەروەها ئەو پەیوەندییە سیاسییەی لە نێوان دەوڵەتەکان هەیە، لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان بنیات نراوە. دەبینین دەوڵەت کەوتۆتە نێوان دوو بژاردە: یان ئەوەتا کار بۆ بەرژەوەندییەکانی بکات بەبێ ڕەچاوکردنی بەها ئەخلاقییەکان، یانیش ڕەچاوی بەها ئەخلاقییه‌كان بکات کەبەرژەوەندییەکانی دەخاتە مەترسییەوە و دوچاری لاوازی و ناسەقامگیری دەکاتەوە.

ئاراستەی دووەم:

بەپێچەوانەی ئاراستەی یەکەم، ئەو ئاراستەیە پێیوایە لە پەیڕەوکردنی سیاسەتدا پێویستە ڕەچاوی بەها ئەخلاقییەکان بکرێت. ئەو ڕەچاوکردنەیش پێویستە لەسەر دوو ئاست بێت: ئاستی یەکەم، پەیوەستە بەو پەیوەندییەی، دەسەڵات بەکۆمەڵگەوە دەبەستێتەوە؛ ئەوەی لەئەدەبیاتی سیاسیدا پێیدەگوترێت پەیوەندیی حاکم و مەحکووم. ئاستی دووەمیش پەیوەستە بەپەیوەندیی نێوان دوو دەوڵەت. لێرەدا پێویست دەکات سیاسەتمەدار هەموو بەها نائەخلاقییەکان لەپرۆسەی سیاسی دووربخاتەوەو کار بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و مافی مرۆڤ بکات. ئەم تێزە لەلایەن زۆربەی فەیلەسووفە سیاسییەکانەوە بانگەشەی بۆدەکرێت. بۆ نموونە ئەرستۆ پێی وایە سیاسەت لقێکە لە ئەخلاق؛ هەروەها ئەرکی بنەڕەتیی دەوڵەت بڵاوکردنەوەی زانست و دەستەبەرکردنی ئەخلاقە. هەروەها فەیلەسووفی ئەڵمانی "کانت" داوای ئەوە دەکات کە مامەڵە لەگەڵ خودی مرۆڤ بکرێت وەک ئامانجێک، نەوەکوو وەک ئامرازێک. هەروەک لەکتێبی "پرۆژەى ئاستی بەردەوام" داوای دروستکردنی دەستەیەکی نێودەوڵەتی دەکات کەکار بکات بۆ پاراستنی ئاشتی و نەهێشتنی ململانێ،بە شێوەیەک کە ئەخلاق بەسەر سیاسەتدا سەربخرێت. دەتوانین بڵێین گوتاری بنیاتنانی سیستەمێکی نێودەوڵەتی لەسەر بنه‌مای دیموکراسی، لێبووردەیی، دادپەروەری و یەکسانی لە نێوان نەتەوەکان، گوتارێکە کە هەڵگری بەها ئەخلاقییەکانە. فەیلەسووفە هاوچەرخەکانیش جەختیان لەسەر بەئەخلاقیکردنی پرۆسەی سیاسی کردۆتەوە؛ دیارترین ئەو بیرمەندانە "هنری برگسون" و "برتراند ڕاسل"ە.

ئەرگیۆمێنتی ئەو ئاراستەیش لەسەر ئەوە بنیاتنراوە، سیاسەت بەگشتی و دەوڵەت بەتایبەت بۆ ئامانجێکی باڵا کار دەکەن، ئەویش نەگەڕانەوەی کۆمەڵگەی مرۆیییە بۆ قۆناغی سروشتی، کە "بەهێز" بەسەر "بێهێز"دا زاڵبێت. ئەمەیشە ئامانجێکی باڵای سیاسەتە لەسەر بنەمای بەهای ئەخلاقی. بەئامانجبوونی ئەخلاق وادەکات، ئامرازەکانیش ئەخلاقی بکرێن. هەروەها بەستنەوەی سیاسەت بە ئەخڵاق دەبێتەهۆی گەشەسەندن بە هۆی ئەو متمانەیه‌یلە نێوان حاکم و مەحکووم دروست دەبێت. هەستی بەرپرسیاری لای تاک بەرامبەر کۆمەڵگە لەو بارەدا گەشە دەکات. هەروەها غیابی ئەخلاق لەبواری سیاسیدا، بێمتمانەیی لەسەر ئاستی ناوخۆییی دەوڵەت دروست دەکات و، هەستی شۆڕش بەرامبەر دەسەڵات دەبزوێنێ. لەسەر ئاستی دەرەکییشدا دەبێتە هۆی دروستبوونی جه‌نگ، کە لەدواجاردا زیانێکی زۆر بەئاسایشی مرۆیی و مافەکانى مرۆڤ دەگات. بەمانایەکی دیکە، دوورخستنەوەی ئەخلاق لەسیاسەت، دەوڵەت دەکاتە ئەمرازێک بۆ چەوساندنەوەو ستەمکاری.

ئەخلاق و کاری سیاسی

هەر کردەیەکی سیاسی، خوێندنەوەیەکی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام ئەگەر لەگۆشەنیگای ئەخلاقەوە لە کردە سیاسییەکان بڕوانین، دوو شێوەى جیاوازی کردەی سیاسی دەبینین:

یەکەم: کردەی سیاسیی خاوێن؛ کە پشت بە پاراستنی بەها ئەخلاقییەکان دەبەستێت، هەرچەندە ئەگەر بە هۆیەوە گەیشتن بەئامانج قورستر بێت. بۆنموونە بزوتنەوەکەی "مهاتما گاندی" کەبە ڕووی بریتانییەکان وەستایەوە، لەدواجاردا گەیشتە ئامانج. هیندستان سەربەخۆییی خۆی لە ڕێگەی بزووتنەوەیەکی ئاشتیخوازی بچووکەوە وەرگرت کە دواتر سەرتاپای هیندی گرتەوە؛ بە شێوەیەک کە برتیانییەکانی ناچار کرد بەدەم داواکارییەکانی هیندییەکانەوە بچن.

دووەم: کردەی سیاسیی ناپاک؛ کە پشت لەبەها ئەخلاقییەکان دەکات و لەپرۆسەی سیاسی دووریان دەخاتەوە. لێرەدا تەنیا سەیری ئامانجەکە دەکرێت، بێ گوێدانە ئەوەی ئامرازەکانى گەیشتن بەو ئامانجە، چەندە ئامرازی ئەخلاقین. ئەو کردە سیاسییانە کورتترین ڕێگە بۆ گەیشتن بەئامانج هەڵدەبژێرن، هەرچەندە ئەگەر ئەو ڕێگە کورتەیش کۆمەڵگە بەرەو کاوڵکارییش ببات. بۆنموونە جووڵە بەردەوامەکانی ئەدۆلف هیتلەر (کە سەرسام بوو بەکتێبی "میر"ی مه‌کیاڤێللی)، جیهانى خستە جەنگێکی خوێناویی گەورەوه‌، کە بووە هۆی کوشتنی ملیۆنان کەسی بێتاوان و، شێوەی جیهانى دەستکاری کرد.

بۆ دەربازکردنی کاری سیاسی لەو دۆخی دوورکەوتنەوەیە لە بەها ئەخلاقییەکان، یەکێک لە ڕێگه‌چارەکان کەباسکراوە، پشتبەستنە بە سیستەمی دیموکراسی. بەو پێیەی لە سیستەمی دیموکراسی، ئازادییەکان گرەنتی کراون و لە ڕێگەی ئەو ئازادییانەوە مرۆڤ جووڵە دەکات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانى بە ڕێگەیەکی ئاشتیخوازانە؛ بە شێوەیەک کە گەیشتن بەو ئامانجانە نابێتە هۆی دروستبوونی دەسەڵاتێکی ستەمکار. بەڵام کاتێک سەیری ئەو سیستەمە دیموکراسییە دەکەین کە ئێستا کاری پێ دەکرێت، دەبینین ئەو وڵاتە زلهێزانەی زۆرترین بانگەشەیان بۆ دیموکراسی کردووە (وەکوو ئەمریکا، بریتانیا، فەڕەنسا و وڵاتە ئەوروپییەکان) هێژموونییه‌کی زۆر ناتەندروستیان خستۆتە سەر زۆربەی وڵاتانی جیهان، بەتایبەتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و وڵاتانی ئەمریکای باشوور. کارکردنی ئەو وڵاتە دیموکراسییانە لەو ناوچانە، هیچ جیاوازیەکی نییە لەگەڵ کردارەکانی ئەو وڵاتانەی سروشتێکی ستەمکارییان هەیە و کۆمەڵگەو نەتەوە جیاوازەکان دەچەوسێننەوە.

هاوکێشە ناوخۆیییەکانى دواى ڕیفراندۆم لە ڕوانگەی پەیوەندیی سیاسەت بە ئەخلاقەوە

دەتوانین بڵێین ڕیفراندۆمی کوردستانیان ئەو چرکەساتەیە کە تێیدا هاوکێشەی سیاسەت و ئەخلاق و دیموکراسی لە باشترین حاڵەتی خۆیدا دەردەکەوێت، بەڵام بۆ بەردەوامیدان بەو دۆخە، پێویست بوو لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت لایەنە ناوخۆیییەکان، لە بنەڕەتەوە بڕوایان بە پرۆسەکە هەبووایە. هەر کردەیەکی سیاسی لە سۆنگەی بڕوانەبوون بە ئەخلاقیبوونی سیاسەتەوە سەرچاوەی گرتبێ، لەدواجاردا بە تێکچوونی ئەو هاوکێشە بنەڕەتییە کۆتایی دێت؛ بە شێوەیەک کەوا ئاستی کێشە چارەسەرنەکراوەکان فراوانتر دەکات. بەمانایەکی دیکە ڕەچاونەکردنی ئەو هاوکێشانە لە لایەن لایەنە ناوخۆیییەکانەوە، بەشی گەورەی هۆکاری کارەساتەکە پێک دێنن. دەتوانین بڵێین سیاسەت، بینینی هەندێ لایەنی ناوخۆیییه‌بە شێوەیەک کە پێیان وایە بۆ گەیشتن بە ئامانجە تایبەتییەکانی خۆیان ئاسایییە بەها ئەخلاقییەکان لە سیاسەت داببڕن. ئەو دەربڕینە بۆ ئەو لایەنانە ڕاستە، کە بەرژەوەندیخوازن و ئەو خواستەی خۆیان نەشاردۆتەوە. بەڵام کێشەی سەرەکی لە تێگەیشتنی ئەو لایەنانەیە کە لەپەنای بەها دیموکراسییەکانەوە ئەخلاق لە سیاسەتدا دووردەخەنەوە، بۆ نموونە هەندێ لایەن تێگەیشتنێکی وایان بۆخۆیان دروست کردووە کە لەپێناو چەسپاندنی پرەنسیپە دیموکراسییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆ، ئاسایییە ئەگەر پەنا ببەیتە بەر لایەنە دەرەکییە داگیرکەرەکانەوە، تەنانەت ڕادەستکردنی خاکی وڵاتەکەیشیان پێ ئاسایییە. دەتوانین ئاماژەکانى تێکچوونی هاوکێشەی (سیاسەت – ئەخلاق – دیموکراسی) لەسەر ئاستی ناوخۆیی لە چەند خاڵیکدا کورت بکەینەوە:

یەکەم: دەرکەوتنی سیاسەتی ڕق و تۆڵەکردنەوە: بەو واتایەی لەناوخۆدا بەشێکی لایەنە سیاسییەکان سیاسەتی خۆیان لەسەر بنەمای دۆزینەوەی دەرفەت بۆ تۆڵەکردنەوە داڕشتووە؛ بە شێوەیەک لەپێناو گەیشتن بەو ئامانجەی کە خۆیان مەبەستیانە، بازیان بەسەر هەموو بنەما ئەخلاقییەکان داوە. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیه‌ جگە لەوەی کارەسات بۆ کۆی نیشتمان دروست دەکات، لەهەمان کاتدا نەوەیەکی نانیشتمانى ئامادەدەکات بۆ ئەوەی لە قۆناغەکانى داهاتوو، تەنانەت لە وێستگە زۆر هەستیارەکانیش ئامانجی بەرتەسکی خۆیان بخەنە پێش ئامانجە نیشتمانییە گەورەکان؛ بە شێوەیەک کە نەوەیەک دروست دەبێت، لەبری کارکردن بۆ خەونی سەدان ساڵەی نەتەوەیەک، کار بۆ لەباربردنی خەون دەکات و تۆڵەی خۆی لەنەیارە سیاسییەکان دەکاتەوە. بێ گومان کارکردن بەو مێنتاڵێتییەوە، ئەخلاق لەکاری سیاسی و پرۆسەی دیموکراسی دادەبڕێت.

دووەم: دروستبوونی دۆخی بێمتمانەییی سیاسی: یەکێک لەکێشە جەوهەرییەکانى سیستەمە دیموکراسییە تازەگەشەسەندووەکان، نەبوونی متمانەیە لە نێوان لایەنە سیاسییەکان. ئەو بێمتمانەیییەی ئێستا لەکوردستان هەیە، چەندین سەرچاوەی هەیە، لەوانە:جه‌نگی ناوخۆ لە هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، دروستبوونی ناتەندروستانەی ئۆپۆزیسیۆن، دەستێوەردانی دەرەکی لەکاروباری ناوخۆی حزبە سیاسییەکان. سەرەڕای ئەوەی جۆرێک لەکۆدەنگیی نیشتمانى هەبوو بەرامبەر ڕیفراندۆم، بەڵام ئاستی بێمتمانەیییەکە بەشێوه‌یەک بوو کەوای لەهەندێ لایەن کرد جۆرێک لە سیاسەت بگرنە بەر، کە خاڵی بێت لەهەر بنەمایەکی ئەخلاقی. پێویستە ئەوەیش بگوترێت ڕووداوەکانی دواى ڕیفراندوم ئاستی ئەو بێمتمانەیییەی قووڵتر کردەوە.

سێیەم: خیانەتی نیشتمانى: هەرچەندە ئەگەر سەیری وێستگە جیاوازەکانى مێژووی خەباتی کورد بۆ سەربەخۆیی بکەین، تێدەگەین کە خیانەت بەرامبەر نیشتمان لەزۆربەی وێستگەکان دووبارەبۆتەوە. دەتوانین بڵێین خیانەتی نیشتمانى باڵاترین جۆری دابڕانی نێوان سیاسەت و ئەخلاقە. جگە لەوەی خۆی کارەساتێکی گەوەرەیە، لەهەمان کاتدا کارەساتی گەورەتر بەدوای خۆیدا دینێت و وڵات دوچاری ململانێی ناوخۆییی قووڵ دەکاتەوە. بەشێک لەتوێژه‌ره‌ بیانییەکان لەو بڕوایەدان، گەر خیانەتی نیشتمانى نەبووایە پرسی سەربەخۆییی کوردستان ئێستا لەقۆناغێکی پێشکەوتووتردا بوو. ئەوەی لە خیانەتەکە کارەساتبارترە، ڕەوایەتیدانە بەو خیانەتە؛ بە شێوەیەک کە ڕای گشتی بەئاراستەیەک بارگاوی دەکەن، ئەم خیانەتە بەدەسپێکی قۆناغی خۆشگوزەرانی وەسف دەکەن. بەڵام ئەم تێڕوانینە زۆر کورتبینانەیە، چونکە ئاسان نییه‌ ئەوەی بەچاوی دوژمن سەیرت دەکات، خۆشگوزەرانیت بۆ بێنێ.

چوارەم: خاکفرۆشتن لە پەنای بانگەشەی دیموکراسیدا: هیچ کیانێکی سیاسی نییە لەناوخۆی خۆیدا جۆرێک لە ململانێی دیموکراسی لە نێوان لایەنەکان نەبێت، بەڵام کەمن ئەو کیانە سیاسییانەی بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە ناوخۆیییەکان پەنا بۆ هێزی دەرەکی دەبەن، بەتایبەت ئەو هێزانەی ئارەزووی داگیرکارییان هەیە. پەنابردنە بەر حکوومەتەکەی عەبادی کە سروشتێکی تائیفیی توندی هەیە، لە پێناو یەکلاییکردنەوەی کێشە ناوخۆیییەکان، بە ئاستێک کە نزیکەی نیوەی خاکی وڵاتی پێببەخشی، تەنیا لەپێناو ئەوەی ئاریشە ناوخۆیییەکان لەبەرژەوەندیی خۆت چارەسەر بکەی، هیچ مانایەک هەڵناگرێ جگە لە دابڕانی سیاسەتکردن لەبەها ئەخلاقییەکان. کێشەى ئەو پەنابردنە بەر هێزی داگیرکەر لەوەدایە، خراوەتە پاڵ بانگەشەی چەسپاندنی پرەنسیپە دیموکراسییەکان و گەڕانەوە بۆ دەستوورو یاسا، بە شێوەیەک کەهەندێ لایەن بەئاشکرا بوونەتە ڕێگەنیشاندەری هێزی داگیرکەر بۆ قووڵکردنەوەی قەیرانەکانی کوردستان. لێرەدا هاوکێشەی سیاسەت و دیموکراسی و ئەخلاق لەخراپترین دۆخی خۆیدا دەبێت.

مامەڵەی لایەنە دەرەکییەکان لەگەڵ کوردستان لەچوارچێوەی پەیوەندیی ئەخلاق و سیاسەت

لێرەدا مەبەست لە لایەنە دەرەکییەکان، لایەنەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە؛ ئەوانەی لەناوخۆی عێراقن و ئەوانەیش کەلەدەرەوەی عێراقن، واتە هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان. بەر لە ڕیفراندۆم و دواى ڕیفراندۆمیش، مامەڵەی ئەو لایەنانە بەجۆرێک بوو کە بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەهەموو شێوەیەک خستبووە پێش بەها ئەخلاقییەکانی سیاسەت؛ تەنانەت بەشێک لەو وڵاتانەی بەباوکی دیموکراسی و ئازادی دادەنران، نەیانتوانی بەرگری لەو بەهایەی خۆیان بکەن و، دژایەتیی گەورەترین کردەی دیموکراسییان کرد کە خواستی گەلێکە بۆ ئازادبوون و سەربەخۆبوون. بەر لە ڕیفراندۆم پرسیاری ئەوە دەکرا ئایا وڵاتە زلهێزە دیموکراتیخوازەکان، دەتوانن پرەنسیپ و بەهاکانی دیموکراسی بخەنە پێش پرسی بەرژەوەندی و ئاسایشەوە؟ دواى ڕیفراندۆم شێوازی پرسیارەکە گۆڕاوە: ئایا ئەو وڵاتانەى بانگەشەی بەدیموکراسیکردنی جیهان دەکەن، بۆچی بەرژەوەندییە ناتەندروستەکانیان خستە پێش پرسی سەربەخۆبوون و ئازادیی گەلان؟ هەروەها لەسەر ئاستی عێراقیش بە شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ کوردستان کراوە کە بەتەواوی سیاسەتیان لە ئەخلاق دابڕیوە. لێرەدا پێویستە بەدیاریکراوتر خاڵ بخەینە سەر پیتەکان و دەست بخەینە شوێنی برینەکە. بۆ ئەمە دەشێ دوورکەوتنەوەی ئەخلاق و سیاسەت لەیەکتر لەچوارچێوەی مامەڵەی هێزە دەرەکییەکان لەگەڵ کوردستانیان لە چەند خاڵێکدا پوخت بکەینەوە، بۆ ئەوەی باشتر لە هۆکار و دەرەنجامەکانی تێکچوونی ئەو هاوکێشەیە تێبگەین:

یەکەم: مامەڵەی پێکهاتەی شیعە: ئاشکرایە پێش 2003، پێکهاتەی شیعەکان هاوشانى کوردستانیان خەباتیان بۆ لەناوبردنی سیستەمی دیکتاتۆری و حوکمی ستەمکاری کردووە، هەروەها پاش 2003 ئەو پێکهاتەی شیعەیە نەیدەتوانی بەتەنیاعێراق بنیات بنێتەوە ئەگەر هاوکاریی کوردستانیان لەپشت نەبووایە، بەڵام لە ماوەی دوو ساڵ ئەم هەموو هاوخەباتی و دۆستایەتییە بگۆڕێت بۆ دوژمنکارییەکی ڕاستەقینە بەرامبەر خەونی نەتەوەیەک، بێگومان ناتوانرێت بەو ئاراستەی کارکردنە بگوترێت سیاسەتێکی بارگاوی بەبەهای ئەخلاقی. لادان لە بەڵێن، هەوڵدان بۆ گێڕانەوەی حوکمێکی ستەمکار لە ڕێگەى هێزی سەربازییەوە لەپەنای جێگیرکردنی یاساو دەستوور، سەردێری ئەو سیاسەتەیە کە پێکهاتەی شیعە بەپاڵپشتیی "کۆماری ئیسلامیی ئێران" ئەنجامی داوە. بێدەنگکردنی خواستی سێ ملیۆن مرۆڤ کە بەوپەڕی ئازادییەوە داوای سەربەخۆیییان کردووە، بەبیانووی ئەوەی دەستووری نییە، ترسناکترین ئاماژەیە بۆ تێکچوونی هاوکێشەی ئەخلاق و سیاسەت. دەرهاوێشتەکانى ئەو سیاسەتەی شیعەکان دەبێتە سەرەتایەکی نوێ لە گەڕانەوەی عێراق بۆ قۆناغی ستەمکاریی پێکهاتەیەک بەرامبەر پێکهاتەیەکی دیکە.

دووەم: ڕێککەوتنی ناتەندروستانەی تورکیا و ئێران: ئەم دوو وڵاتە وەک دوو هێزی هەرێمیی کێبڕکێکەر، لەسەرجەم پرسەکانی ئەو ناوچەیەدا تێڕوانینی جیاوازیان هەیەو، هەمیشە جۆرێک لە ململانێ لە نێوانیان هەیە، كه‌چی بۆ بێدەنگیکردنی نەتەوەیەکی چل ملیۆنی دەچنە نێو هاوپەمانێتییه‌ نوێوه‌. تورکیا کەخۆی وەک دۆستێکی هەرێمی کوردستان نیشاندەدا، دەستبەرداری بەشێکی زۆری بەها ئەخلاقییەکانى بوو تەنیا بۆ ئەوەی کوردەکان نەبنە خاوەن دەوڵەتێکی سەربەخۆ و، دۆخی ناوخۆی ئەو وڵاتە تێک نەچێ. بەشداریکردنی تورکیا لەو پلانەی دژی ئازادیی کوردستان گیرایە بەر، تێبینیی لەسەر ئەو میانڕەوی و دیموکراسییە دروست کردووە کە تورکیا بانگەشەی بۆ دەکات بۆ چوونە نێو جەستەی یەکێتیی ئەوروپا. ئاشکرایە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیان ساڵە هیچ یەکێک لەسیاسەتەکانی لەسەر بنەمای پەیوەندیی ئەخلاق بە سیاسەتەوە دانەڕشتووە؛ بۆیە پێش ڕیفراندۆم و دواى ڕیفراندۆمیش هەڕەشەکانی خۆی نەشاردۆتەوە. تەنانەت ئێرانییەکان ئێستا سەرپەرشتیی پرۆژەیەک دەکەن کەبە هۆیەوه‌ خەونی سەدان ساڵەی نەتەوەیەک بۆ سەربەخۆیی لەناو دەبەن. دەگوترا دوایەمین ڕێگری لەبەردەم "هیلالی شیعی" کە پرۆژەی ئێرانییەکانە، هەرێمی کوردستانە. ئێستایش کە ئەو هیلالە تەواو کراوە. دەتوانین بڵێین باشترین پێگە بۆ تێکشکاندنی ئەو هیلالە خاکی کوردستانە، بە شێوەیەک کە سەربەخۆییی کوردستان سەرەتای ئەو تێکشکاندنە دەبێت. دەکرێ بگوترێ ڕێککەوتنی سێقۆڵی (ئێران-تورکیا-عێراق) بۆ ڕێگریگرتن لە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان، ترسناکترین ئاماژەیە بۆ تێکچوونێکی تری هاوکیشەی پەیوەندیی ئەخلاق و سیاسەت.

سێیەم: هەڵوێستی ناڕوونی وڵاتە دیموکراسییەکان: ئەگەر ڕیفراندۆم باڵاترین کردەى دیموکراسی بێت، ئەوا بەرگریکردن لەو کردەیە، ئەرکی لەپێشینەى هەموو ئەو هێزانەیە کەبانگەشەی دیموکراسی دەکەن. پێچەوانەی ئەمە، هەر دژایەتییەکی کردەی دیموکراسی، هەقیقەتی دیموکراسیبوونی ئەو هێزانە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەو وڵاتانەی هەمیشە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سیاسەتی دەرەوەیان لەسەر بنەمای بڵاوکردنەوەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ داڕشتووە، لە ڕیفراندۆمی کوردستانیان، نەوەک تەنیا پشتگیرییان نەکرد، بەڵکوو بێدەنگی و بێهەڵوێستییان، چووە خانەى دژایەتیکردنەوە. تەنانەت وڵاتێکی وەک ئەمریکا، دژایەتیی خۆی بۆ باڵاترین کردەی دیموکراسی نەشاردەوەو، سیاسەتەکانی بە ئاراستەیەک بوو کە بەچەکی ئەمریکی میلیشیا تائیفییەکانی نزیک ئێران خاکی کوردستانیان داگیر کرد بەرامبەر ئەوەی خەڵکەکەی داوای ئازادی و سەربەخۆیییان کردبوو. گەر مامەڵەو هەڵوێستی ئەو وڵاتانە بخەینە چوارچێوەی هاوکێشەی پەیوەندیی نێوان سیاسەت و ئەخلاق، ئەوە پێویستت بەقووڵبوونەوەیەکی زۆر نییە بۆ ئەوەی بگەیتە ئەو دەرەنجامەی، کە هەڵوێستی سیاسییانەی ئەو وڵاتە، دووربووە لەو بەها ئەخلاقییانەى لەناوخۆی خۆیاندا بانگەشەی بۆ دەکەن. جگە لەمانە، وەستانەوە بەرامبەر خواستی ملیۆنان مرۆڤ کەداوای سەربەخۆیی دەکەن، دەچێتە خانەی دژایەتیکردنی ئازادی و پرەنسیپە دیموکراسییەکان.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples