گەمەی زۆرینە و مەرگی تەوافقی سیاسی

پێشەکی

هەمیشە ئەو کۆمەڵگەیانەی فرەیییەکی ناهاوسەنگیان هەیە، گەر کەلتوورێکی سیاسیی باڵایان نەبێت، لەبەردەم دوو سیناریۆی مەترسیداردا گیریان خواردووە: یان ئەوەتا بەرەو ستەمکاریی کەمینەیەکی قۆرخکاری دەسەڵات دەچن، یانیش بەرەو دیکتاتۆرییەتی زۆرینە دەچن؛ لە هەردوو سیناریۆکەیشدا زۆرداری و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات دیارترین سیمای ئەو کۆمەڵگەیانە دەبن. ئەزموونی ئەو دەوڵەتانەی کۆمەڵگەیەکی فرەییی ناهاوسەنگیان هەیە، پڕە لەو ڕووداوانەی مرۆڤایەتی لە بەردەمیدا پێویستی بە هەڵوەستەیەکی جددی هەیە. لەبەرامبەر ئەمەدا، ئەمە مانای ئەوەنییە کە هیچ ڕێگەچارەیەک بۆ پرسی فرەییی کۆمەڵگە نەبێت، بەڵکوو یەکێک لەو چارەسەرییانەى تا ئێستا بەشێکی زۆری کۆمەڵگەکانی لە ستەمکاریی کەمینەو دیکتاتۆرییەتی زۆرینەوە پاراستووە، بریتییە لە تەوافقی سیاسیی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی ئەو دەوڵەتانەی سروشتێکی لێکدراویان هەیە؛ کە بەشێک لە زانایانی بواری زانستی سیاسی، هەنگاوێکی زیاتر لەمە چوونەتە پێشەوە و ناویان ناوە "دیموکراسیی تەوافقی". بەڵام دەستبردن بۆ ئەو ڕێکارە گرنگە، پێویستی بە ئاستێکی باڵا لە کەلتووری سیاسی و پێگەیشتووییی دیموکراسی هەیە، ئەگینا دەرەنجامی پێچەوانەی دەبێت و ئاکامی ترسناکی لێ دەکەوێتەوە؛ بەشێوەیەک کە پرسی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە دەخاتە بەردەم هەڕەشەی جددی. لێرەوە گرنگە بپرسین تەوافقی سیاسی چییە؟ دیموکراسیی تەوافقی چۆنەو، چ پلەیەکی دیموکراسیی هەیە؟

خستنەڕووی پرس

لەسەرووبەندی تێکچوونی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا، کۆمەڵێک بەهاو پرەنسیپی پەیوەست بە بابەتی حوکمڕانی، لەژێر بەهانەی جیاوازدا، کەوتوونەتە ژێر پرسیارەوە. یەکێک لەو پرەنسیپە هەستیارانەى کە هەوڵ درا عێراقی دوای ڕووخانى سەددامی لەسەر بنیات بنرێ، پرەنسیپی تەوافقی سیاسی یان "دیموکراسیی تەوافقی" بوو؛ ئامانجی سەرەکییش لەم کارە، ڕێگرتن بوو لەوەی جارێکی تر عێراقییەکان بەرەو خراپ بەکارهێنانى دەسەڵات بڕۆن. بۆیە هاوپەیمانان لەماوەی قۆناغی گواستنەوەدا هەموو هەوڵێکی خۆیان لەوەدا چڕکردەوە، کە عێراقی نوێ، عێراقی هەموو پێکهاتەکان بێت؛ عێراقێک بێت کە چیتر هیچ یەکێک لەپێکهاتە سەرەکییەکانى خۆی بە جەستەیەکی نامۆ لەچوارچێوەی ئەو عێراقەدا نەبینێت. هاوپەیمانان ئەو ڕاستییەیان دەزانی ئەگەر بەڕێوەبردنێکی دروست بۆ کاروباری حوکمڕانی لە عێراقدا نەبێت، ئەوە کۆمەڵگەی عێراقی ئەگەری هەڵوەشانەوەی جددیی هەیە. لێرەوە گرنگە بپرسین ئایا پرەنسیپە سەرەکییەکانی حوکمڕانی لەعێراقی نوێدا بەرەو چ ئاراستەیەک دەڕۆن؟ ئایا لە عێراقدا دەتوانرێ لە کاروباری حوکمڕانیدا کار بەپرەنسیپی زۆرینە و کەمینە بکرێت؟ ئایا مەترسییەکانی گەمەی زۆرینە چییە لەسەر ئاییندەی عێراق وەک دەوڵەت؟ ئایا تەوافقی سیاسیی نێوان پێکهاتەکان و دیموکراسیی تەوافقی، بەرەو چ ئاسۆیەک دەڕۆن؟

دیموکراسیی تەوافقی لە کۆمەڵگە فرەیییەکاندا

ئەو کۆمەڵگەیانەى سروشتێکی فرەییی ئاڵۆزیان هەیە، ئەگەری کۆبوونەوە لەسەر گوتارێکی یەکگرتوو ئاسان نییە. کۆمەڵگە فرەیییەکان ئەو کۆمەڵگەیەن کە لە ناوەوە دوچاری دابەشبوونێکی قووڵ بوونەتەوە لەڕووی ئایین و ڕەگەز، زمان و شوێنی نیشتەجێبوون، ئایدیۆلۆژی، هەروەها کەلتووری جیاوازەوە. کۆمەڵگەی فرەیی، کۆمەڵگەیەکە کۆمەڵێک پارچەی جیاواز لەیەک چوارچێوەدا کۆکراوەتەوە. هەمیشە ئەو جۆرە کۆمەڵگەیانە ڕووبەڕووی کێشەیەکی بنەڕەتی دەبنەوە، ئەویش دیکتاتۆرییەتی زۆرینە، یان ستەمکاریی زۆرینەیه‌؛ ئەویش لە ڕێگەى پەراوێزخستنی پارچە بچووکەکان لەلای پارچە گەورەکەوە. کێشەی ئەوەی کێ دەبێ حوکمی ئەو کۆمەڵگەیانە بکات، کێشەیەکی جەوهەرییە. زۆرینەو کەمینە هەمیشە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە لە ململانێی توندان. بۆ ڕزگاربوون لەو کێشەیە و چارەسەرەکردنی ململانێکان، زۆربەی کۆمەڵگە فرەیییەکان پەنایان بردۆتە بەر چەندین چارەسەری. دەکرێ ئەم چارەسەرییانە بەم شێوەیە ڕیزبکەین: فیدراڵی- حوکمی زاتی- دیموکراسیی تەوافقی. ئەم سێ چارەسەرییەیش لەپێناو چالاککردنی بەهایەک هاتوونەتە پێشەوە، ئەویش دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و سەرچاوەکانى داهات و بەڕێوەبردنی هاوبەشە لەنێوان پارچەو پێکهاتە جیاوازەکانەوە.

بەڕوانین لە دەوڵەتی فیدراڵی دەڵێین، فیدراڵیزم بریتییە لەدابەشکردنی دەسەڵات و کارگێڕی؛ بەڵام ئەمە مانای دابەشکردنی یەکجارەکیی دەوڵەت نییە. بۆیە فیدراڵیزم ئەوەندە گوزارشتە لە یەکگرتنی پارچەکان، ئەوەندە گوزارشت نییە لە لێکترازانى پارچەکان. لەگەڵ ئەوەیشدا، دەبێ پارچەکان جۆرێک لە حوکمی زاتییان هەبێت تا هەستی ئەوەیان لادروست ببێت کەبەشێکی سەروەریی دەوڵەتیان وەرگرتووە. لەدەرەوەی ئەم بازنەیە، فیدراڵیزم دەروازەیەکە بۆ لێکترازانی یەکجارەکیی نێوان پارچەو پێکهاتە جیاوازەکانى دەوڵەت. لەم چوارچێوەیەدا بیرۆکەی دیموکراسیی تەوافقی دێتە پێشەوە. زانای هۆڵەندی "ئارنت لیبهارت"، پێناسەی دەکات بە "ستراتیژییەتی بەڕێوەبردنی ململانێ لە ڕێگەى هاوکاری و پێکهاتن لە نێوان نوخبەی پێکهاتە جیاوازەکانی دەوڵەت؛ لەبڕی ئەوەی بڕیارەکان بە شێوەیەکی زۆرینە دەربچن، پەنا دەربردرێتە بەر کۆڵەکەی سەرەکی: 1/ پێکهێنانی حکوومەتی هاوپەیمانی لە نێوان زۆرینەو کەمینە. 2/ پرەنسیپی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی لەبەڕێوەبردن و دابەشکردنی وەزارەت و دامەزراوە فەرمییەکاندا. 3/ هەر یەکە لە پێکهاتەی زۆرینە و پێکهاتەی کەمینە مافی ڤیتۆی هەبێت، بەشێوەیەک کە مافی ڕەتکردنەوەی بڕیارەکانی هەبێت. بەبێ بوونی مافی ڤیتۆکردنی پێکهاتەکان بۆ بڕیارەکان، ئەستەمە دیموکراسیی تەوافقی بەرهەم بێت. 4/ بەڕێوەبردنی خۆیی (زاتی) بۆ پرسە تایبەتییەکانی وەک ئەنجومەنە خۆجێیەکان و لامەرکەزییەتی کارگێڕی.

ڕەنگە کەسانێک هەبن پێیان وابێت، سیستەمی تەوافقی، سیستەمێکی دیموکراسی نەبێت و پێویستە ئەو پاشگرە دیموکراسییەی لێ بکرێتەوە؛ لەبەر ئەوەی لەچوارچێوەی ئەو سیستەمەدا ئینتیماى تاک بۆ کۆمەڵە و پارچەی بچووکە، لەبری ئەوەی ئینتیما بۆ نەتەوە و نیشتمان بێت. بەڵام ئەم ئەرگیۆمێنتە جۆرێک لە نادروستیی تێدایە، چونکە سیستەمی تەوافقی لەسەر بنەمای ڕەزامەندی (هەڵبژاردن) بنیات دەنرێت و تێیدا یەکسانی لە نێوان هاوڵاتیان دابین دەکات لەسەر بنەمای گرێبەستی نێوان حکوومەت و هاوڵاتیان. بەڵام بەهۆی جیاوازیی کەلتووری لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیانەی دیموکراسیی ڕەسەنی لێ بەرهەم هاتووە، لە ڕووی ڕوخسار و میکانیزمەوە لە سیستەمە دیموکراسییە ڕەسەنەکان جیاوازە. لەدیموکراسیی تەوافقیدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: "کێ حوکم دەکات؟" ئەمە خاڵی یەکلاکەرەوە دەبێت بەوەی هەموو بەشداربووانی کاروباری حوکمڕانی مافی تانەدانیان هەبێت لەو بڕیارانەى بە زۆرینەى پێکهاتەیی ده‌رچوونە. دواتر کاتێک ئینتیما بۆ گرووپی بچووکتر هەبێت، ئەوە خۆی ماناى دابەشبوونی کۆمەڵگەیە بەسەر نەتەوە و گەلی جیاوازدا. ئەم هەموو جیاوازییانە ئەگەر لەژێر چەتری تەوافقی سیاسیدا کۆ نەبنەوە، ڕەنگە کۆمەڵگە بەرەو هەڵوەشانەوەی یەکجاری ببەن.

دیموکراسیی تەوافقی لەو کۆمەڵگە پڕکێشانە، باشترین چارەسەرە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادییەکان و پێدانی مافی دەستەو کۆمەڵە جیاوازەکانی نێو یەک دەوڵەت، چونکە بەپرەنسیپی یەکسانیی سیاسی و فرەییی بژاردەکان کار دەکات؛ بە شێوەیەک کە لایەنگیری نەبێت بۆ هیچ یەکێک لەو پێکهاتانە. بڕیار، یان بەڕەزامەندیی هەموو لایەک دەردەچێت یان نابێ بڕیارەکە دەربچێ ئەگەر یەکێک لەپێکهاتەکان ئەمەی بەدژی بەرژەوەندییەکانی خۆی بینی. هەروەها پرەنسیپی لایەنگیرینەکردن و سەرنەخستنی هیچ پێکهاتەیەک بەسەر ئەوەی دیکەدا، وا لەدەستەی حوکمڕانان دەکات نەفەسێکی درێژیان بۆ ژینگەخۆشکردن بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە هەبێت. بەم شێوەیە گرنگترین بەرهەمی دیموکراسیی تەوافقی، دروستبوونی سەقامگیریی سیاسییە، کە ئەمەی دوایییان بنەمایەکە بۆ خۆشگوزەرانی و، چارەسەری ڕیشەییی هەموو کێشەکانه‌.

عێراق لەستەمکاریی کەمینەوە بۆ دیکتاتۆرییەتی زۆرینە

عێراق لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بەبەردەوام کێشەی حوکمڕانی و قەیرانی ناسنامەی هەبووە. ئەمەیش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شێوازه‌ی عێراقی بە هۆیەوە دروست کراوە و، بەشەکەی تریشی پەیوەستە بەو شێوازەی، عێراقی لە قۆناغە جیاوازەکانى مێژووی ئەو وڵاتەدا، پێ بەڕێوە چووە. بە تێڕوانین لە کۆی شێوازی حوکمڕانی و سیستەمی سیاسی لە دەوڵەتی عێراق، سەرەڕای جیاوازیی نێوان قۆناغ و دەسەڵاتداران، خاڵێکی هاوبەش لەو مێژووەدا دەدۆزرێتەوە، ئەویش ناتەندروستیی پرسی حوکمڕانییە؛ بە شێوەیەک کە زۆرداری بەپێی قۆناغەکان لە چەند فۆرمێکی جیاوازدا دەرکەوتووە؛ هەر لە موڵکداریی دەوڵەت لەلایەن بنەماڵەیەکەوە، تا چەوساندنەوەی چینایەتی و، دواتریش ستەمکارییەکی ڕاستەقینە لە لایەن کەمینەیەکی دەسەڵاتدارەوە. گەورەترین قوربانیی هەموو فۆرمەکانى ستەمکاری لە دەوڵەتی عێراقیدا، کورد بووە، کە لەهەر قۆناغێک بە شێوەیەک و لەژێر بەهانەیەک هەوڵی بێدەنگکردنی داوە. لەچوارچێوەی ئەم سەرکوتکردن و بێدەنگکردنەدا، ئەگەر شۆڕش و بەرخودانی بەردەوام هەبووە، هەمیشە ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی، ڕۆڵی خراپی لە ڕێگەخۆشکردن بۆ ئەم ستەمکارییەو بەرجەستەبوونی ئەو زۆردارییە دژی بوونی نەتەوەییی کورد، گێڕاوە. ئەگەر لەسەردەمی مەلەکیدا بە هۆی ناڕەزامەندییان لەسەر شێوازی دروستبوونی دەوڵەت، ڕووبەڕووی چەوسانەوەو پێشێلکردنی مافەکانیان بووبن، ئەوا لەسەردەمی یەکەمی قۆناغی کۆماریدا، کورد بە هۆی جیاوازی لەشێوازی تێڕوانینیان بۆ فەلسەفەی حوکمڕانی و پێنەدانی دەسەڵاتی تەواو و دابیننەکردنی مافە بنەڕەتییەکانی، وەک نەتەوەیەکی زیندوو، ڕووبەڕووی پەراوێزخستنی تەواو بووەوە. لەقۆناغی دووەمی کۆماریدا ئەم ستەمکارییە لەسەر دەستی حزبی بەعس و خودی سەددام حوسێن گەیشتە لووتکە، بەشێوەیەک کە پرسی کورد لەم قۆناغەدا لەپەراوێزخستنەوە گواسترایەوە بۆ سڕینەوە؛ بۆ ئەمەیش ئەنفال و کیمیاباران باشترین نموونەن بۆ سەلماندن.

لەچوارچێوەی ئەم دۆخە ناتەندروستەی حوکمڕانیدا، ستەمکاریی کەمینە، بووە عورفێکی سیاسیی باو لە هەشتا ساڵی یەکەمی تەمەنی دەوڵەتی عێراقدا. بنەماڵه‌ی مەلیک کەمینەیەک بوون و ویستی قۆرخکاریی دەسەڵاتیان هەبوو، عەبدولکەریم و هاوبیرەکانی ئەوانیش کەمینەیەک بوون و ئارەزووی ئەوەیان لادروست بوو تێروانین و ئایدیۆلۆژیی خۆیان بەسەر کۆی عێراقییەکاندا بسەپێنن. هەروەها کاتێک سەددام جلەوی دەسەڵاتی وەرگرت، جگە لەدیدو ئایدیۆلۆژیى خۆی، هەوڵی دا دەوڵەتەکە بکاتە موڵکێکی تایبەتی خۆی و، ناسنامەی پێکهاتە جیاوازەکان بەتەواوی بسڕێتەوە. خەبات بەرامبەر ستەمکاری لە عێراق، هەمان تەمەنی پیادەکردنی ستەمکاریی هەیە؛بە شێوەیەک کە چەند ساڵێکی کەم دواى دامەزراندنی دەوڵەت، خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی و پێکهاتەیی دەستی پێ کرد. کەواتە لە خوارەوە، کۆمەڵگەی عێراقی،ستەمکاریی کەمینەیەکی دەسەڵاتداری ڕەت دەکردەوەو هەموو ئامانجی ئەوەبوو ڕۆژگارێک بێت عێراقییەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە لەگەڵ یەک بژین. بۆ ئەم خەونەی عێراقییەکانیش باشترین بژاردە، هێنانەکایەی کەشێکی دیموکراسی بوو لەسەر بنەماى تەوافقی سیاسیی نێوان پێکهاتەکان.

یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە، دواى ئەویش دەستووری هەمیشەییی عێراق لە ساڵی 2005، کاتێک سیستەمی سیاسی دەکەنە سیستەمێکی فیدراڵی، هەوڵدراوە هەردووکی لەسەر پرەنسیپێکی بنەڕەتی بنیات بنرێت، ئەویش دیموکراسیی تەوافقییه‌؛ بەو پێیەی سروشتی کۆمەڵگەی عێراقی سروشتێکی فرەییی ئاڵۆزی هەیە، بۆیە سیستەمە فیدراڵییەکەیش هەمان تایبەتمەندی و سروشتی وەرگرتۆتەوە. ڕازیکردنی کورد بەمانەوە لەچوارچێوەی عێراقدا، لەو بەڵێنانە سەرچاوەی گرتبوو کە سەرەڕای ئەوەی کورد لە ڕووی ڕێژەوە بەراورد بەپێکهاتە سەرەکییەکانی دیکە، کەمینەیە، بە شێوەیەک وێنای دەوڵەتی عێراقیان بۆ کورد دەکرد کە ئیتر دەوڵەتێکە لەسەر بنەمای دیموکراسیی تەوافقی بەڕێوە دەچێت و چیتر کورد لەبابەتی حوکمڕانیدا پەراوێز ناخرێ. بەڵام تەنیا یەک کابینەی حکوومەتی فیدراڵی بەس بوو بۆ ئەوەی لایەنی کوردی تێبگات کە ئەم بەڵێنانە جگە لەبەهانەیەکی پووچ هیچی تر نەبوون. کارکردن بەپرەنسیپی زۆرینە لە دەوڵەتە فیدراڵییەکاندا، هەمیشە دۆخێکی بارگاوی بە کێشەو ململانێ دروست دەکات، بەتایبەت ئەگەر دەوڵەتە فیدراڵییەکە لەململانێی نێوخۆیی لە نێوان یەکە پێکهێنەرەکانی سیستەمە فیدراڵییەکەدا مێژوویەکی دوورودرێژی هەبێت. لەدواى ساڵی 2005ەوە هەموو ئەو یاسا و بڕیارانەی لە بەغدا هەوڵدراوە لە ڕێگەى گەمەى زۆرینەوە دەربچێت، درزێکی خستۆتە نێو پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا؛ بەمەیش کێشەکانی عێراق قووڵتر دەبنەوەو لێکترازانى یەکجارەکیی کۆمەڵگەی عێراقی، دەبێتە بابەتی کات. لێرەدا هاوکێشەکە بەم شێوەیە: هەر هەنگاوێک بەرەو پەیڕەوکردنی پرەنسیپی زۆرینە لەعێراقدا، بەهەمان ئاست و قەبارە هەنگاوێکیشە بۆ درووکەوتنەوە لە دیموکراسیی تەوافقی. بە نەمانی تەوافقی سیاسیی نێوان پێکهاتە سەرەکییەکان، سیستەمە فیدراڵییەکەی عێراقگرنگترین پایەی خۆی لەدەست دەدات. بەلاوازبوون و نەمانی ئەم سیستەمە فیدراڵییەیش، کورد هیچ بەهانەیەکی نامێنێ بۆ مانەوە لەچوارچێوەی عێراقدا. بەمانایەکی دیکە، لە کۆمەڵگەی عێراقیدا، پرەنسیپی زۆرینە لە بڕیار و یاسا فیدراڵییەکان، لە بری ئەوەی بەرهەمێکی دیموکراسیی هەبێت، دەبێتە دەروازەیەک بۆ دروستبوونی دیکتاتۆرییەتی زۆرینە.

پاشەکشەی کورد لە نێوان ئامراز و ئامانج

سەرکردایەتیی کورد بەهەموو ڕەنگەکانییەوە، بەتایبەت ئەوانەی دواى پرۆسەی ئازادیی عێراقبڕیاربەدەست بوون، ئەوەیان نەشاردۆتەوە کە مانەوەیان لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدراڵدا بژاردەیەکی ئارەزوومەندانە بوو؛ بەو هیوایەی بتوانن عێراقێکی نوێ بە ڕەنگ و شێوازێکی نوێوە بنیات بنێنەوە. لایەنە عێراقییەکانیش کاتێک لە پێگەى لاوازیدا بوونە، درکیان بەو ڕاستییە کردووە کە بەهانەی مانەوەی کورد لەعێراق سیستەمێکی فیدراڵیی ڕاستەقینەیە لەسەر بنەماى دیموکراسیی تەوافقی. ئەم ڕاستییە زیاتر لەوە دەردەکەوێت، کە هەرکاتێک کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گەورەبوونە، یەکێک لەو بژاردانەی کورد لەپاڵ جیابوونەوە خستویەتییە سەر مێزی دانوستاندنەکان، بابەتی پاشەکشەبووە لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا. ئێستا دوای ئەوەی حکوومەتەکەی عەبادی پرۆژەی بوودجەیان بۆ پەرلەمان نارد بۆ پەسەندکردن، بە هۆی ئەوەی کۆی پرۆژەکە بۆ لێدانە لە پێگەى سیاسیی هەرێم، لایەنه‌ کوردییەکان بەهەموویان لە دژی وەستانەوە. بەڵام دواجار بێ گوێدانە خواست و داواکاریی کورد، یاساکە لە پەرلەمانى فیدراڵیدا لەژێر چەتری پرەنسیپی زۆرینەدا پەسەند کرا. یەکێک لەو بژاردانەی کورد وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو کارەى بەغدا باسی لێوە دەکات، بژاردەی کشانەوەیە لەپرۆسەی سیاسیی عێراق. بەڵام ئەمە بابەتێکی هەستیارە و، دەبێ هەڵوەستەی جددیی لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی جۆرێک لە بەرچاوڕوونی بۆ تاووتوێکردنی ئەو بژاردەیە دروست بێت. لێرەدا گرنگە بپرسین: ئایا کشانەوەی کورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا ئامانجە، یان ئامرازە بۆ ئامانجێکی دیکە؟ ئایا کشانەوەی کورد لە پرۆسەی سیاسیدا چ بۆشایییەک لەبابەتی حوکمڕانیدا دروست دەکات؟ ئایا فاکتەری دەرەکی، چەندە ڕێخۆشکەرە بۆ ئەوەی ئەم کشانەوەیە بە ئامانجەکانی بگات؟ ئایا هەموو لایەنە کوردییەکان بەیەک ئاست لەو کشانەوەیە بەشدار دەبن؟

گەر نەتوانین وەڵامی ئەم پرسیارانەمان دەست بکەوێت، ئەوا دەستبردن بۆ ئەو بژاردەیە، سووتاندنی کارتێکی گوشاری گەورەیە، بەتایبەت دوای ئەوەی حکوومەتەکەی عەبادی تووشی غرورێکی سیاسی بووە و، دواى ڕووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر هەستی ئەوەی بۆ دروست بووە کە پاڵپشتییەکی نێودەوڵەتی لە بەرنامە و ئەجێندا سیاسییەکەی دەکرێت. کەواتە پرسی کشانەوە، یان نەکشانەوە، بۆ ئێستای هەرێمی کوردستان پرسێکی ستراتیژییە. دەبێ بڕیاربەدەستان ئەوەیان لا ڕوون بێت کە پرسی کشانەوە ئامانجی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەى چەندین ساڵە خەباتی بەردەوامی بۆ دەکرێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples