پێشەکی
مێژووی دەیان ساڵی ڕابردوو، مێژووی ململانێی دیموکراسی بووە بەرامبەر سیستەمە ستەمکار و تاکڕەوەکان. هەموو ئەو گۆڕانکارییانەى لەو ماوەیەدا ڕوویان داوە، بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەست بووە بەو ململانێیەوە؛ بەتایبەت لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئەم ململانێیە تا ئێستایش هەر بەردەوامە. لە ناوەڕاست و ڕۆژاوای ئەوروپا، ئەم ململانێیە زووتر بە سەرکەوتنی دیموکراسی تەواو بوو، بە شێوەیەک کەوا هەندێ گەشتنە ئەو بڕوایەى بڵێن "سەدەی دیموکراسی"؛ وەک گوزارشتێک بۆ ئەو سەرکەوتنەی، بەهاى دیموکراسی بەخۆیەوە بینی. تەنانەت ئەوانەى نوێنەرایەتیی بەرەى دژە-دیموکراسییشیان دەکرد، دواجار ناچار بوون بێنە سەر ئەو بڕوایەی کە دیموکراسی وەک سیستەم و بەها، باشترینە. ئەوەی لێرەدا مەبەستە بگوترێ، ئەوەیە کە دیموکراسی ڕۆژ دواى ڕۆژ، بووە بەهایەکی جیهانى؛ تەنانەت بووەتە یەکێک لە پێوەرەکانی جیاکردنەوەی دەوڵەتی سەرکەوتوو لە دەوڵەتی شکستخواردوو.
دیموکراسی، وەک بەهایەکی گەردوونی
بە هۆی ئەو سەرکەوتنەی كه دیموکراسی لە حوکمڕانیدا بەخۆیەوە بینیوه، ئێستا دیموکراسی بووهتە نموونەی باڵا کە هەموو جیهان دانى پێدا ناوە؛ هەروەک چۆن یەکێک لە بەها سەرەکییەکانى نەتەوە یەکگرتووەکانە، کە خۆی وەک حکوومەتێکی جیهانى دەناسێنێت. ئەرگیومێنتی ئەوەی دیموکراسی نموونەى باڵایە، لەوەوه سەرچاوەی گرتووە کە دیموکراسی ژینگەیەکی گونجاوە بۆ پاراستنی ماف و کەرامەتی مرۆڤ و نەتەوەکان. ئەو بەهایەیش لە جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤدا جێگەى کراوەتەوە، هەروەک چۆن لە ڕێکكەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافە مەدەنی و شارستانییەکان بەتەواوى جەختی لەسەر کراوەتەوە. کۆمەڵگەى جیهانى، چالاکییە دیموکراتییەکانى خۆی، لە کار و بەرنامەکەی پرۆگرامی UNDP و سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دیموکراسی و کۆمیسیۆنی مافەکانى مرۆڤدا چڕ کردۆتەوە. ئەو ئەرکانەى نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕووی دیموکراسییەوە، دەبێ پابەند بێت پێیەوە بریتین لە: 1- یارمەتیدانی پەرلەمان و دەزگەکانى حوکمڕانی؛ بە شێوەیەک کە گەشە بە بەهاى دیموکراسی بدەن 2- هاندانى دەوڵەتان بۆ ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و سەروەریی یاسا و بنەماى گەلسالاری 3- پشتگیریکردن لە ئازادیی ڕادەربڕین.4- دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و وەرگرتنی بۆچوونی خەڵک لە پێناو پاکڕاگرتنی پرەنسیپی هەڵبژاردن و پارێزگاریکردن لە دیموکراسی.
کەواتە کاری سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پلەی یەکەم، پاراستنی دیموکراسییە. هەر ئەمەیشە واى لە ڕێکخراوەکانى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دهكات، کە بوودجەیەکی گەورە بۆ ئەم مەبەستە تەرخان بکەن. بۆ نموونە UNDP ساڵانە نزیکەى 1.5 ملیار دۆلار بۆ پشتگیریکردنی پرۆسەی دیموکراسی لەسەر ئاستی جیهان خەرج دەکات. کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1988ەوە تا ئێستا، بە لایەنی کەمەوە هەموو ساڵێک یەکێک لە بڕیارەکانی، پەیوەست بووە بە پتەوکردنی بەهاى دیموکراسی. ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تا ئێستا لە پێناو گەشەپێدانى دیموکراسیدا سەرپەرشتیی هەزاران کۆنگرە و کۆڕبەندیان کردووە، تەنانەت وڵاتی ئەندامانى کۆمەڵەى گشتی لە لووتکەى 2005، بە تێکڕای دەنگ ڕایان گەیاند: "دیموکراسی بەهایەکی گشتییە، پشت بە ئیرادەى گەلان دەبهستێت کە بە شێوەیەکی ئازاد گوزارشتیان لێ کردبێت." کەواتە، دەبێ نەتەوە یەکگرتووەکان پابەند بێت بە پرەنسیپی ئیرادەى گەل، گەر بیەوێت گەشە بە بەهاى دیموکراسی لەسەر ئاستی جیهان بدات. لە ماوەى ڕابردوودا، لە چەند وێستگەیەک هەوڵ دراوە پاڵپشتی لە ئیرادەى گەل بکرێت، بۆ نموونە لەو ڕیفراندۆمهی عێراقییەکان بۆ دەستووری 2005 کردیان، نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتیی تەواویان کرد. هەروەها شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕیفراندۆمی باشووری سوودان، 64 ملیۆن دۆلاری خەرج کرد تەنیا بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەسەرکەوتوویی بەڕێوە بچێت.
لە ڕیفراندۆمی سکۆتلەندییەکان لە سێپتەمبەری 2015 بۆ جیابوونەوە لە بریتانیا، نەتەوە یەکگرتووەکان بەتەواوى ئامادە بوو. هەروەها لە شوباتی هەمان ساڵدا، یۆنان بۆ جێبەجێکردنی پلانی نێودەوڵەتی بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانی ئابووری، ڕای هاوڵاتیانى خۆی وەرگرت؛ نەتەوە یەکگرتووەکان ئەرکی داراییی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمهکەی لە ئەستۆ گرت. ئێستایش کوردستانیان لە 25ی ئەیلوولی ئەمساڵ هەوڵ دەدەن لە ڕێگەى ڕیفراندۆمەوە، لە گەلی کوردستان بپرسن: ئایا سەربەخۆییتان دەوێ یان نا؟ ئەم هەوڵە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی نوێ بۆ ئەوەی تاچەندە ئامادەیە پارێزگاری لەو پەیمانەى خۆی بکات کە دەیەوێ پرەنسیپی ئیرادەی گەل سەر بخات. دەبێ ئەوەیش بڵیین، 8ی ئەیلوول ڕۆژی جیهانیى دیموکراسییە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستنیشانی کردووە.
ئەو وڵاتە زلهێزانەى ئێستا کاروباری سیاسی و ئابووری و کەلتووریی جیهان بەڕێوە دەبەن، جگە لە چین، ئەوانى تر هەموویان شانازی بە دیموکراسیبوونی خۆیان دەکەن. هەندێ لەو وڵاتانە لە هەندێ قۆناغ، بۆ لەناوبردنی ستەمکاری و چەسپاندنی دیموکراسی، ئامادە بوونە هێزی چەکداری بەکار بهێنن. لەسەر ئەو بنەمایەى کە وڵاتێک پرەنسیپی دیموکراسی پەیڕەو بکات وڵاتێکی ئاشتیخواز دەبێت و نابێتە هەرەشە بۆ سەر جیهان، بۆیە زلهێزەکان وەک ئەرکێکی نێودەوڵەتیی خۆیان، جێگرکردنی دیموکراسییان خستۆتە نێو ئەجێندا سیاسییەکانی خۆیانهوه. ئەگەر ئەمریکا و بریتانیا بە نموونە وەربگرین، ئەرگیومێنتەکەمان بەتەواوی دەردەکەوێت. کەواتە جگە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە جیهانییەکانی دیکەیش، ئەرکی وڵاتە زلهێزەکانیشە لە هەر کونجێکی ئەو جیهانە، گەلان پێویستییان بەوە بێت بە شێوەیەکی دیموکراسی ئیرادەى خۆیان دەربڕن، دەبێ پشتگیرییان لێ بکرێت.
کورد و کۆمەڵگەی جیهانى
کۆمەڵگەی جیهانى، دەربڕینێکی زۆر دێرین نییە؛ دواى ڕووخانى ئیمپراتۆرییەتەکان هاتۆتە ئاراوە، بەتایبەت دواى ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانى. لێرەدا پێویستمان بە هەڵوەستەیەکە بۆ ئەوەى بزانین کارلێکی کۆمەڵگەی جیهانى لەگەڵ کورد و پرسی کوردستانیان چۆن بووە. دەکرێ ئێمە چەند وێستگەیەک دەستنیشان بکەین بۆ ئەوەی بزانین کۆمەڵگەی جیهانى، چۆن مامەڵەى لەگەڵ دۆزی کورد کردووە؛ بۆ ئەوەی دواجار تێ بگەین کە ئەو بانگەشەیەى بۆ دیموکراسیی جیهان دەکرێت بۆ هەموو گلانی جیهان وەکوو یەکە. ئەو وێستگانەى کۆمەڵگەی جیهانى کارلێکی لەگەڵ کورد و کوردستانیان کردووە لە مێژووی نوێدا، بریتین لە:
1- دواى ڕووخانى ئیمپراتۆرییەتی عوسمانى، جیهان لە گفتوگۆیەکی قووڵدا بوو بۆ چۆنێتیی دابەشکردنی میراتی عوسمانییەکان. یەکێک لەو تەوەرانەى ئەو کاتە پەیوەست بوو بە کورد، کە لە کۆنگرەی لەندەن و دواتر لە کۆنگرەى قاهیرە پێشنیارێک هەبوو بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردی، بەڵام دواجار کۆمەڵگەی جیهانى لەسەر بنەماى بەرژەوەندی مافی ڕەوای کوردەکانى پشتگوێ خست.
2- دواى کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیى دووەم، کاتێک کۆماری کوردستان لە مەهاباد دامەزرا، جارێکی تر پرسی کوردەکان کەوتە نێو پرسە جیهانییەکان. ئەم جارەیشیان ئەو ئەرگیومێنتە سەر کەوت، کە پێویستە ڕێ لە ئیرادەی گەلی کوردستان بگیرێت. ڕووخانى ئەو کۆمارە کوردییە، لە ئەنجامى ڕێکكەوتنێکی بەرژەوەندخوازانەی زلهێزەکان بوو.
3- کوردستانیانی باشوور شۆڕشێکی فراوانیان ڕاگەیاندبوو و، نزیک بوون لە مافی بڕیاردانی چارهنووس؛ دیسان جارێکی تر کۆمەڵگەی جیهانى لە ڕێگەی ڕێککەوتننامەی جەزائیرهوه، ئیرادەى ئەو گەلە ستەملێکراوەی لەبەرچاو نەگرت.
4- دواى ئەوەى چەوساندنەوەی کوردەکان گەیشتە لووتکە و، ناچار کران شار و دێهاتەکانیان جێ بهێڵن، بۆ یەکەمین جار کۆمەڵگەی جیهانى، پشتگیریی لە مافی کوردەکان کرد. دانانى هێڵی دژەفرین، بە خاڵی وەچەرخان لە مامەڵەکردنی کۆمەڵگەی جیهانى لەگەڵ کوردستانیان دادەنرێت. لەو کاتەوە کوردەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەیەکی نیمچەفەرمییەوە دەتوانن کۆمەڵگەى جیهانی بدوێنن.
5- جهنگی ناوخۆ، یەکێک لەو قۆناغانەیە کە كهس ئارەزووی دووبارەبوونەوەی ناکات، بەڵام ئەوە یەکێکە لەو وێستگانەى، کۆمەڵگەی جیهانى بە هۆیەوە کارلێکی لەگەڵ کوردستان کردووە. ئەمریکا وەک تاکە زلهێزی ئەو سەردەمە، بۆ پارێزگاریکردن لە ئەزموونی کوردستان لە ڕێگەى ڕێککەوتننامەى واشنتۆنهوه لایەنە ناکۆکەکانی بەیەک گەیاند و کۆتاییی بە جهنگی ناوخۆیی هێنا.
6- کاتێک کۆمەڵگەی جیهانى بڕیاری دا بە لابردنی ڕژێمی سەددام حوسێن، کوردەکان وەک بەشێکی گەورەی ئەو پرسە بەشدارییان پێ کرا. دواتر لە بنیاتنانەوەی عێراقدا ڕۆڵی سەرەکییان بە کوردەکان دا. جێگیرکردنی سیستەمی فیدراڵی لە دەستووری عێراق، بەشێکی گەورەی ئەو هەوڵە بوو کە چیتر ناتوانرێت پرسی کوردستانیان نادیدە بگیرێت. بۆیە لە هەموو وێستگەکانى بنیاتنانەوەی عێراقدا کورد بەشدار بوو.
7- لەگەڵ هاتنی داعش و دەرکەوتنی تیرۆر بە فۆرمێکی نوێ، جیهانیان زیاتر لە ڕۆڵ و پێگەى گرنگی کورد تێ گەیشتن. بۆیە کاتێک کوردستانیان بە سنووری 1050 کیلۆمەتر شەڕی دەوڵەتی ئیسلامییان کرد، کۆمەڵگەی جیهانى بۆی ڕوون بووەوە کە کوردستان گەورەترین فاکتەری سەقامگیرییە لە ناوچەکە. بۆیە لە پێناو نەکەوتنی ئەو ئەزموونە نوێیە لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وڵاتانی زلهێز لە ڕووی سەربازییەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هاوکارییەکی زۆری کوردستانیان کرد. ئەم بەشدارییە کارایەى کورد لە جهنگی تیرۆردا پێگەى دیپلۆماسیی کوردی لەسەر ئاستی جیهان زۆر بەهێز کرد.
8- دواى شکستی فیدراڵیزم لە عێراق و پابەندنەبوونی حکوومەتی ناوەندی بە بەڵێنەکانى، کوردستانیان بیریان لە سەربەخۆیی کردەوە؛ بۆ ئەو مەبەستە 25ی ئەیلوول بۆ ڕیفراندۆم دەستنیشان کراوە. ئەم هەوڵەی کوردستانیان، جارێکی تر کۆمەڵگەی جیهانیى خستۆتەوه نێو گفتوگۆ. بۆیە نوێترین کارلێکی کۆمەڵگەی جیهانی لەگەڵ پرسی کورد، لەسەر ڕیفراندۆم و سەربەخۆیییە، کە بەشێک لە ناوەندە ئەکادیمییەکان پێیان وایە ئەمە پرسێکی یەکلاکەرەوە دەبێت.
ریفراندۆم و تاقیکردنەوەی دیموکراسیی جیهان
گەر ئیرادەى گەل گوزارشتێکی ڕاستەقینە بێت لەو پرەنسیپە دیموکراسییەی کە جیهان بانگەشەی بۆ دەکات، ئەوە ڕیفراندۆم باشترین ئامرازە بۆ گوزارشتکردن لەو ئیرادەیە. تەنانەت هەندێ لە زانایانی سیاسی پێیان وایە، ڕیفراندۆم و ڕاپرسیی سەرتاسەری، سیمایەکی هاوچەرخی دیموکراسیی نیمچەڕاستەوخۆیە. گەر کۆمەڵگەی جیهانى بڕیاری داوە پشتگیری لە دیموکراسی بکات، کەواتە دەبێ پشتگیری لە ئیرادەى گەلان بکات. کەواتە پشتگیریکردن لە ڕیفراندۆم، ئەرکێکی بنەڕەتیی کۆمەڵگەی جیهانییە.
لە شەستەکانى سەدەى ڕابردوو، بەتایبەت دواى ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی 1960ی بە ساڵی سەربەخۆیی ناساند، لەو کاتەوە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، بووەتە کەلتوورێکی سیاسی بۆ گەلە داگیرکراوەکان. لەوەتەى نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزراوە تا ئێستا، دژایەتیی هیچ ڕاپرسی و ڕیفراندۆمێکی بۆ سەربەخۆیی نەکردووە، بەڵکوو دواى هەموو ڕیفراندۆمەکان لە ڕێگەى بڕیاری کۆمەڵەی گشتییەوە پشتگیریی لە دەرەنجامەکەى کردووە؛ سەرەڕاى ئەوەی ئەگەر هەندێ وڵات بۆچوونی جیاوازیشیان هەبووبێت. ئێستا کوردستانیان لە ئاڵۆزترین ناوچەى جیهان ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەکەن، کە هەموو لایەک کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئەمە مافێکی ڕاستەقینەى کوردەکانە. لێرەدا دیموکراسیی کۆمەڵگەی جیهانى، دەکەوێتە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەوە.
لە ژینگەى نێودەوڵەتیدا دوو بەها هەمیشە لە ململانێدان: مافی مرۆڤ و دیموکراسی لە لایەک و، بەرژەوەندی لە لایەکی دیکە. بۆیە لە هەموو پرسە جیهانییەکان، ئەو ململانێیە ڕەنگدانەوەى خۆی دەبێت. لە بەشێکیدا بەرژەوەندی پێش دیموکراسی دەکەوێت و، لە بەشێکی دیکهیدا دیموکراسی دێتە پێشەوە. تا ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دیموکراسی نەیتوانیوە پێش بەرژەوەندی بکەوێت. بۆیە ڕیفراندۆمی کوردستانیان خاڵی وەچەرخان دەبێت، ئەگەر کۆمەڵگەی جیهانى بە گیانێکی دیموکراسییانەوە پشتگیریی لێ کرد. ئەو وڵاتانەى خۆیان بە پارێزەری بەهاى دیموکراسی لەسەر ئاستی جیهان دەزانن، لەپێشی هەموویانەوە ئەمریکا، ئەگەر بیەوێت دیموکراسی لەو تاقیکردنەوە نوێیە سەرکەوتوو بێت، دەبێت پشتگیریی خۆی بۆ ڕیفراندۆم و تەنانەت سەربەخۆییش ڕابگەیهنێت. گەر وڵاتێکی وەک تورکیا و ئێران و عێراق دژایەتیی ڕیفراندۆم بکەن ئاسایییە، چونکە ئەزموونی ئەوان لە بواری دیموکراسی ئەوەندە هەژارە، کە چاوەڕوان ناکرێ پشتگیری لە ئیرادەى گەلان بکەن. بەڵام ئەم وڵاتانەى خۆیان بەخاوەنی ڕاستەقینەى بەهاى دیموکراسی دەزانن، پێویستە نەهێڵن جارێكی تر ئەرگیومێنتی بەرژەوەندی، بەسەر ئەرگیومێنتی دیموکراسیدا سەر کەوێت. بە سەرخستنی ڕیفراندۆم، دەرگهى کرانەوە بە ڕووی دیموکراسی لە ناوچەکە بە ئاراستەی سەقامگیری دەکرێتەوە.
ئەوەی لەم ڕووەوە تا ئێستا شوێنی تێبینیکردنە، هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا و وڵاتە زلهێزەکانه. هەرچەندە تا ئێستا دژایەتیی خۆیان بۆ ڕانەگەیاندووە، بەڵام لە پشتگیریکردنی ڕیفراندۆمدا بە شێوەیەکی ڕاستەقینە، کەمتەرخەم بوونە. ئەرکی سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکانە پاڵپشتیی خۆی بۆ هەر پرۆسەیەک ڕابگەیهنێت کە گوزارشت لە ئیرادەی گەلان بکات، بۆیە نابێ لە ڕیفراندۆمی کوردستانیان بێدەنگی هەڵبژێرێت؛ بە لایەنی کەمەوە، دەبێت بەشێک لە ئەرکەکانی بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیە لە ئەستۆ بگرێت. ئەمە بۆ ئەمریکا و هەموو ئەو وڵاتانەیش ڕاستە کە سەدان ساڵە بانگەشەی دیموکراسی دەکەن. بۆیە دواجار، دەتوانین بڵێین ڕیفراندۆمی کوردستانیان باشترین تاقیکردنەوەیە بۆ کۆمەڵگەی جیهانى، تا بە هۆیەوە دیموکراسی بەسەر بەرژەوەندیدا سەر بخات.