پێشەکی
پرۆسەی سیاسی لە سیستەمهسیاسییە ناکاملەکان لە ڕووی دیموکراسییەوە، هەمیشە پرۆسەیەکی ناسەقامگیرە؛ بچووکترین فاکتەر، دەشێ کاریگەریی گەورەی تێدا دروست بکات. یەکێک لەو فاکتەرانەی کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەو جۆرە سیستەمانە دروست دەکات، پرسی فرەییی سیاسییە؛ بەشێوەیەک کەوا لەبری ئەوەی فرەییی سیاسی ببێتە فاکتەرێک بۆ بەهێزبوونی سیستەمی حوکمڕانی، دەبێتە هۆکارێک بۆ نەبوونی ئاشتەوایی لەنێوان لایەنە سیاسییە جیاوازەکان. لە سیستەمی دیموکراسییە پێنەگەیشتووەکان، هەڵبژاردنەکان ژینگەیەکی قەیراناویی ئەوتۆ دروست دەکات کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئاستی متمانەی لایەنەکان بەیەکتری هەبێت، ئەمیش بەهۆی ئەو بانگەشە ناتەندروستەی کە لایەن و حزبە سیاسییەکان بۆ کۆکردنەوەی دەنگ دەیکەن. لێرەدا گرنگە بپرسین ئایا بانگەشەی پێشوەخت لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکان چۆنە؟ ئایا بە چ شێوەیەک کاریگەریی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن و، چۆنێتیی پێکهێنانى کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت؟ ئایا ڕۆڵی فاکتەرە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لە بانگەشەی پێشوەختی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا چییه؟
بانگەشەی هەڵبژاردن و پرۆسەی دیموکراسی
دەبێت ئەوە بڵێین دیموکراسی بەر لەوەی هەر شتێک بێت، جۆرێکە لە بیروباوەڕ، بەتایبەت لەلایەن ئەوانەى کە پیادەی دەکەن، چونکە یەکێک لە پایە سەردەمییەکانی هەر سیستەمێکی دیموکراسی، بریتییە لە فرەییی سیاسی؛فرەییی سیاسییش ناتوانێ ببێتە بناغەیەکی تەندروست بۆ ئەو سیستەمە، ئەگەر بە متمانەی سیاسیی نێوان لایەنەکان لە هەموو وێستگە سەرەکییەکانى ناو پرۆسەی سیاسی، پشتئەستوور نەبێت. دەتوانین بڵێین پرۆسەی دیموکراسی پرۆسەیەکی درێژخایەنە؛ تەنیا لە هەڵبژاردن کورت ناکرێتەوە، بەڵکوو کۆمەڵێک وێستگەی یەک لە دواى یەکە. بەبوونی کێشە لە یەکێک لەو وێستگانە، کۆی پرۆسەکە دەکەوێتە کێشەیەکی سیاسییەوە، بە شێوەیەک کە کاریگەریی ڕاستەوخۆ دهكاته سەر تەندروستبوونی ئەو پرۆسە دیموکراسییە. گەر ئاماژەیەکی کورت بۆ هەندێک لە وێستگەکانی پرۆسەی دیموکراسی بکەین، دەکرێ ڕێزبەندییەکە بەو شێوەیە بێت:
بوونی حزب و لایەنی سیاسیی جیاواز، ئامادەکردنی سیستەمێکی هەڵبژاردنی تەندروست کە دەرفەتی بەشداربوونی کەمینە سیاسییەکانی تێدا بێت، بانگەشەیەکی تەندروستی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە بەرامبەر، بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، ڕێزگرتن لە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن، گفتوگۆ بۆ چۆنێتیی پێکهێنانی کابینەی نوێ بۆ حکوومەت، پێکهێنانی کابینەی نوێ و کارکردن بەئەجێندای لایەنە بەشدارەکان،بوونی ئۆپۆزیسیۆن و چاودێریکردنی کاروباری حکوومی، هەڵسەنگاندنی کارەکانی کابینەی حکوومەت و، دووبارە پرۆسەی هەڵبژاردن و سازکردنی زەمینەیەکی لەبار بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە نێوان کابینە یەک لە دوای یەکەکان. هەموو ئەو وێستگانە، گوزارشتن لە کۆمەڵێک هەنگاوی تەواوکار. هەر جێگۆڕکێیەک لەو وێستگانە گەر بەهەستیارییەوە ئەنجام نەدرێت، کۆی پرۆسەکە دەخاتە قەیرانی بەردەوامبوونەوە. تەنانەت لە هەندێ سیستەمی دیموکراسییە تازەگەشەسەندووەکانیش ئەو قەیرانە هەستی پێدەکرێت و، کاریگەریی زۆری لەسەر سەقامگیریی سیستەمەكه دروست کردووە.
کەواتە دەتوانین بڵێین بانگەشەی هەڵبژاردن یەکێک لە هەستیارترین وێستگەگانى پرۆسەی دیموکراسییە، بەوەی بە هۆی ئەو بانگەشەیەوە ئاراستە فکرییەکانی هەر یەکێک لە لایەنە بەشداربووەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن دەردەکەوێت. لەهەمان کاتدا ئەو بانگەشەیە گرنگترین خاڵ لە خۆ دەگرێت، ئەویش بریتییەلە ئەجێندای لایەنەکان بۆ چۆنێتییحوکمڕانی. دیدی ئەو لایەنانە جۆرێک لەبەرچاوڕوونی بۆ دەنگدەر دروست دەکات بۆ ئەوەی بڕیار بدات شێوازی کابینەی داهاتووی حکوومەت چۆن بێت. لەدەرەوەی ئەو چوارچێوەیە، گەر بانگەشەی هەڵبژاردنەکان هەر ئامانجێکی دیکەى هەبێت، ناچێتە خزمەتی پرۆسەکەوە، بەڵکوو دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ نەبوونی سەقامگیری لەکاروباری حوکمڕانیدا. یەکێک لەو دیاردانەی کەلەزۆربەی ئەو وڵاتانەی کەسیستەمێکی دیموکراسیی ناکامڵیان هەیە دووبارە دەبێتەوە، دیاردەی بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردنە، کە هەندێک جار لە ئەدەبیاتی سیاسیدا پێی دەگوترێت "تاى هەڵبژاردن". ناونانی ئەو دیاردەیە بە تاى هەڵبژاردن، خۆی ئاماژەیەکە بۆ ناتەندروستبوونی دیاردەکە. ئامانجەکانى ئەو تای هەڵبژاردنە ئەوەندەی لە کودەتایەکی نەرم نزیکە، ئەوەندە لە دەستاودەستکردنی دەسەڵات نزیک نییە. کاریگەریی تاى هەڵبژاردن لەسەر چەند ئاستێکدا دەردەکەوێت:
1/ شێوازی بەڕێوەچوونی حکوومەت، بەوەی هێشتا کابینەکە ماوەی یاساییی خۆی ماوە، ڕووبەڕووی لێشاوێکی ناڕەزایی دەکرێتەوە کە ئاستەنگی بۆ بەڕێوەچوونی کارەکانی دروست دەبێت. کاریگەرییەکانی ئەو ئاستەنگانە، لەسەر ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریدا ڕەنگدانەوەی زۆری دەبێت. 2/ لەدەستدانی متمانەی سیاسی لە نێوان لایەنە بەشدارەکانی پرۆسەی سیاسی، بە شێوەیەک کە جۆرێک لە ململانێی سیاسیی ناتەندروست لە نێوانیان دروست دەبێت. 3/ چۆنێتیی پێکهێنانی کابینەی نوێ، بە هۆی ئەو هەموو تۆمەتخستنە پاڵ یەکتر و بارگاویکردنی جەماوەری دەنگدەری خۆیان، ناتوانن لەسەر ئەجێندایەکی یەکگرتوو بۆ کاری کابینەی داهاتوو ڕێکبکەون. بۆیە هەمیشە ئەو کابینانەی دواى دیاردەی تاى هەڵبژاردن دروست دەبن، بنکەیەکی ناسەقامگیریان هەیە.
تای هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان
هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان چەند قۆناغێکی جیاوازی بەخۆیەوە بینیوە. دەکرێ لە نێوانئەو هەڵبژاردنانەی پێش دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆن ئەنجام دراون، لەگەڵ ئەو هەڵبژاردنانەی دواى هاتنی ئۆپۆزیسیۆن ئەنجام دراون، جۆرێک لە دابەشکاری بکەین. پرۆسەی سیاسی لە هەرێم لەو کاتەوەی لە سیستەمی دووحزبییەوە گۆڕاوە بۆ سیستەمی فرەحزبی، هەمیشە کێشەی سەقامگیریی هەبووە. ئەو ناسەقامگیرییە کاریگەرییەکی ڕاستەخۆی لەسەر هەموو کارێکی سیاسی هەبووە، لەوانە:هەڵبژاردن و دەرەنجامەکانی. سەرەڕای بوونی تێبینیی زۆر لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی پێش قۆناغی ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام لەگەڵ هاتنی ئۆپۆزیسیۆن، پرۆسەی هەڵبژاردن و دیموکراسی دوچاری کێشەیەکی دیکەیش بوو: ئەوەی تای هەڵبژاردن؛بە شێوەیەک کە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان بەدرێژاییی ماوەى دروستبوونیان ئەو تایە بەرینەداون. یەکێک لەو فاکتەرانەی ڕۆڵی لە درێژبوونەوەی ماوەى ئەو نەخۆشییە هەبووە، فراوانبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە بە شێوەیەکی ناتەندروست؛ بەجۆرێک کە هەندێ لایەنی سیاسی، کردە سیاسییەکانی خۆیان لە ڕێگەى ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانەوە هەڵدەسەنگێنن، تەنانەت لە هەندێ قۆناغی هەستیاردا پێچەوانەی بەرنامەی کاری خۆیشیان هەنگاویان هاوێشتووە بۆ ڕازیکردنی ئەو کەسانەی لەپشت شاشەی کۆمپیوتەرەوە سەنگەریان لە حکوومەت گرتووە.
کارکردنی بەردەوام بە ئاراستەى کۆکردنەی دەنگ، کاریگەریی نەرێنی لەسەر کوالێتیی ئەو کارانەی کە لایەنە سیاسییەکان نمایشی دەکەن دروست دەکات. لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر ئامانجی کارەکان تەنیا بۆ کۆکردنەوەی دەنگەکان بێت، ئەوا بابەتی حوکمڕانیی باش دەچێتە پەراوێزی پرۆسەی سیاسییەوە. لێرەوە لایەنەکان لەبری ئەوەی بیر لە مۆدێلێکی نوێی چاکسازی بکەنەوە بۆ ئەوەی حوکمڕانییەکی باش بۆ هەرێم دابین بکەن، تەنیا بیر لەوە دەکەنەوە کە چۆن لایەنی بەرامبەر تێک بشکێنن و دەنگی زیاتر بەدەست بێنن. گەر سەیری گوتاری هەر یەکێک لەو هێزە سیاسییانە بکەین کە ئێستا لەپرۆسەی سیاسیدا بەشدارن، دەبینین هەموویان بە شێوەیەک لەشێوەکان سیاسەت تەنیا بۆ کۆکردنەوەی دەنگ دەکەن. لەپێناو ئەمەیشدا سڵ لە هیچ شتێک ناکەنەوە، تەنانەت ئەگەر کۆکردنەوەی دەنگ پێویستیی بە خیانەتیش بێت لە نیشتمان، ئەوا سڵی لێ ناکەنەوە. کەواتە دەتوانین بڵێین بەشێکی زۆری ئەو کێشەو قەیرانانەی ئێستا بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە، دەگەڕێتەوه بۆ ئەو تایە بەردەوامەى، لایەنە سیاسییەکان بە هۆی هەڵبژاردنەوە گرتوویانە. ئەم دۆخە ناتەندروستە دەروازەیەکی نەشیاوی بە ڕووی هێزە دەرەکییەکاندا کردۆتەوە بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆیان کاریگەری بخەنە سەر یەکڕێزیی حزبە کوردییەکان لەپرسە نیشتمانییەکان، ئەویش لە ڕێگەى دابینکردنی چەندین جۆر لەپشتگیریی حزبی بۆ کۆکردنەوەی دەنگی زیاتر. بۆ نموونە لەکاتی قەیرانی لەدەستدانی بەشێکی زۆری خاکی کوردستان، هەندێ لە حزبە کوردییەکان ئەوەیان بەدەستکەوتێک دەزانی بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێ حزبییەکان.
چەند ئاماژەیەکی ناتەندروست هەیە بۆ بوونی تاى پێشوەختی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، کە هەر لایەنێکی سیاسی بەپێی پێگەى خۆی کەوتۆتە ژێر کاریگەرییان، لەوانە:
1 / دروستبوونی حزبی نوێ: هەرچەندە ئەو حزب و ڕەوتە نوێیانە بانگەشەی جیاوازبوونی خۆیان دەکەن، بەڵام بە ڕوانین لە ستراکچەر و ئاستی گوتاری سیاسییان، تێدەگەین کە ئەو هێزانە بەرهەمی ناکۆکیی ناوخۆییی حزبەکانی دیکەن. بەڵام ئەوەی لێرەدا شوێنی تێبینییە، ئەو هێزە نوێیانهن کە هێشتا هیچ سەنگێکی هەڵبژاردنیان نییە، تای هەڵبژاردنیان گرتووە و گوتارێکیان داڕشتووە کە جگە لە گۆڕینی حکوومەت، ئارەزووی گۆڕینی ستراکچەری سیاسیی هەرێمیش دەکەن. هەرچەندە بەشێک لەهێزە نوێیهکان بەشێک بوونە لە ستراکچەری حوكمڕانیی هەرێم، بەڵام ئێستا خۆیان خستۆتە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە؛ لەمەدا کورتبینیی هاووڵاتیان هاوکارییەکی زۆری کردوون.
2 / دروستبوونی هاوپەیمانێتیینوێ: هێشتا سیستەمەکانى ڕێکخستنی هەڵبژاردن ئامادە نەکراوە، گەمەی هاوپەیمانێتی و لێکنزیکبوونەوە دەستی پێ کردووە؛ تەنانەت ئەوانەی لە ڕووی پاشخانى هزرییەوە زۆر لێک دوورن ئێستا لەژێر چەتری هاوپەیمانێتییهكینوێدا کۆبوونەتەوە. دروستبوونی هاوپەیمانێتی، کارێکی ئاسایییە تا ئەو کاتەى نەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی ئەو دوژمنکارییەی خەریکە لە نێوان حزب و لایەنە سیاسییە جیاوازەکان دروست دەبێت. بەشێکی ئەو هاوپەیمانێتییه نوێیانە پەیوەستن بە هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەشێکیشی پەیوەستن بە هەڵبژاردنەکانی هەرێم. لە نێوان ئەو دوو هەڵبژاردنەدا لایەنە پێکهێنەرەکانی ئەو هاوپەیمانێتییانە زۆر جیاوازن؛ ئەمەیش دۆخی ناتەندروستی هاوپەیمانێتییه پێشوەختەکان دەردەخات.
3 / نەمانی متمانەی سیاسی لە نێوان لایەنەکان: سەرەڕای ئەوەی هەموو لایەک کۆکن لەسەر ئەوەی باشترین بژاردە یەکڕیزیی نێوان لایەنەکانە، لەگەڵ ئەوەیشدا هەنگاوەکانی هەموویان بەئاراستەی تێکدانی ئەو یەکڕیزییەیه، بەتایبەت لەسەر ئاستی گوتاری ڕاگەیاندنی هەر یەکێک لەو لایەنانە. یەکێک لە ئاکامە ترسناکەکانی نەبوونی یەکڕیزی، لەدەستدانی متمانەی سیاسییە. ئەمەیش وا دەکات دوای هەڵبژاردنەکان بەئاسانی نەتوانن لەسەر مێزی گفتوگۆ لەسەر بچووکترین خاڵی هاوبش ڕێکبکەون. کاتێک لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان بە گومانەوە سەیری هەموو کارەکانی دەسەڵات بکەن و، لەبەرامبەریشدا دەسەڵات گومان بخاتە سەر کۆی ڕەخنەکانی ئۆپۆزیسیۆن، لێرەدا دەرفەتی کارکردنی بەیەکەوە لەناو دەچێت. بێگومان هۆکاری سەرەکیی نەشاردنەوەی ئەو گومانە، بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردنە.
حکوومەتی بنگەفراوان، ئەزموونێکی سەرنەکەوتوو
لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2013، لایەنە سیاسییەکان خراپترین جۆری بانگەشەیان کرد، بە شێوەیەک کە هەموو جۆرە تاوانێک و هەموو شێوازێکی یەکترناشیرینکردنیان گرتەبەر. لەدواجاردا دوای دەرچوونی دەرەنجامی هەڵبژاردن، ماوەیەکی زۆری ویست بۆ ئەوەی بتوانن لەسەر مێزی گفتوگۆ لەسەر شێوازی پێکهێنانی کابینەی هەشتی حکوومەتی هەرێم ڕێکبکەون. لەدەرەنجامی ئەو بانگەشە ناتەندروستەدا مۆدێلێک لە کابینەی حکوومی دروست بوو، کە پێی دەگوترا "حکوومەتی بنکەفراوان"؛ هەرچەندە ڕۆشنبیران و ئەکادیمییەکان ڕای جیاوازیان لەسەر ئاستی سەرکەوتنی ئەو شێوازەی حکوومەت هەبوو. بەشێک لەسەر ئەو بڕوایەبوون کە ناکرێ حکوومەتێک کاری کۆمەڵگە بەڕێوەببات و هیچ هێزێکیش نەبێت ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆنبوون ببینێت کەیەکێکە لەپایەکانی سیستەمی دیموکراسی. لەبەرامبەردا بەشێک پێیان وابوو هەرێمی کوردستان لەقۆناغی ڕاگوزەردا تێ دەپەڕێت، بۆیە پێویستە حکوومەتێک دروست بکرێت کە هەموو لایەنەکان تێیدا بەشدار بن، بۆ ئەوەی کابینەی نوێ لە ئەنجامدانی چاکسازیدا دەستکراوە بێت. تەنانەت بەشێک لە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان لەژێر دروشمی "چوار ساڵ ئارامی"، بانگەشەیەکی تەواویان بۆ ئەو جۆرە حکوومەتە دەکرد.
حکوومەتی بنکەفراوان لەدۆخی نەبوونی متمانەدا دروست بوو، بۆیە تەنیا دوو ساڵ بەس بوو بۆ ئەوەی تێبگەین کە ئەو شێوازەی حکوومەت ناتوانێ بەتەواوی ئەجێندای خۆی جێبەجێ بکات. بێگومان چەندین هۆکار بۆ سەرنەکەوتنی ئەو ئەزموونە هەن، بەڵام دەکرێ بڵێین دوو هۆکار لەپێش هەموویانەوە بوون: 1/ هەندێ لایەنی بەشدار لە حکوومەت تاى هەڵبژاردنیان بەرنەدا؛ دواى چەند مانگێک لەبەشداربوون لە حکوومەت، دووبارە مەکینەی ڕاگەیاندنەکانیان بەئاراستەى شکستهێنان بەحکوومەت خستەکار. لە نێوانئۆپۆزیسیۆنبوون و بەشداربوونی ڕاستەقینە لە حکوومەت گیریان خواردبوو، کە دواجار بەدەرچوونیان لە حکوومەت کۆتاییی پێهات. 2/ ئەنجامنەدانی چاکسازی لە لایەنی حکوومەتەوە، سەرەڕای ئەوەی لەسەرەتادا نییەتێکی تەواو هەبوو بۆ ئەو چاکسازییە، بەڵام ئیرادەی چاکسازی، نەیتوانی بەسەر سیستەمی حزبیدا سەرکەوێت و، لەدەرەنجامدا ئەو ڕاستییە دروست بوو کە بۆ چاکسازیی ڕاستەقینە لە حکوومەت، پێویستە چاکسازی لەو حزبانەدا بکرێت کەبە شێوەیەکی بەردەوام لەحکوومەتدا بەشدارن.
کۆبەند
لەکۆتاییدا هەڵە ناکەین گەر بڵێین ئەو بانگەشە پێشوەختەی ئێستا بۆ هەڵبژاردنەکان دەستی پێ کراوە، کاریگەریی خراپی بەسەر شێوازی پێکهێنانی کابینەى نوێ دەبێت، بەتایبەت دواى ئەوەی هێزی نوێ هاتوونەتە نێو پرۆسەی سیاسییەوە کە ڕوون نییە ئامانجی سەرەکییان بەشداربوونە لە حکوومەت، یان بوونە بە ئۆپۆزیسیۆنێکی کارا. بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە حکوومەتی بنکەفراوان ئەزموونێک نییە شایەنی ئەوەبێت دووبارە بکرێتەوە، بۆیە ئەو تایە پێشوەختەی هێزە سیاسییەکان بەر لە هەڵبژاردن گرتوویانە، لەسەر ئاستی چۆنێتیی پێکهێنان و ئەجێندای کاکردنی کابینەی نوێ، زیانێکی زۆر بە کابینەی نوێ دەگەیهنێت. پێویستە لە ئێستادا لایەنەکان خۆیان لە ڕەتکردنەوەی یەکتر بەدووربگرن و لەچوارچێوەی بەها دیموکراسییەکان گوتاری بانگەشەی خۆیان دابڕێژن بۆئەوەی لە داهاتوودا دەرفەتی دروستبوونی یەکڕیزی بێتە ئاراوە.