سه‌ره‌تا:
ئاشكرایه له قۆناغێك له قۆناغه‌كانی مێژوو هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك تووشی قه‌یران و كێشه‌ی گه‌وره بۆته‌وه. ئه‌م قه‌یران و كێشانه، پێویستی به چاره‌سه‌ركردن و گۆڕانكاریی كه‌لتووری و بونیادی و دامه‌زراوه‌یی هه‌بووه. زۆربه‌ی ئه‌و وڵاته به‌هێز و دیموكراسییانه‌ی كه ئێستا ڕۆڵی گه‌وره‌یان له داڕشتنی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا هه‌یه، له قۆناغێك له قۆناغه‌كان كێشه و قه‌یرانی گه‌وره ڕووی له‌و وڵاتانه كردبوو، به‌ڵام ئه‌وانیش له خاڵێك و نوقته‌یه‌كه‌وه گۆڕانكاریی گه‌وره‌یان كرد و كۆمه‌ڵگه‌یان له قۆناغی جه‌نگ و ململانێوه، گواسته‌وه بۆ قۆناغی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان و سه‌ركه‌وتن و دروستكردنی دامه‌زراوه و بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه.
له هه‌رێمی كوردستانیش پاش ئه‌وه‌ی كه كۆمه‌ڵگه تووشی كۆمه‌ڵێك قه‌یران و نه‌هامه‌تی و له‌ده‌ستدانی به‌شێكی زۆر له خاكی كوردستان و كێشه‌ی نه‌بوونی حوكمڕانیی باش و هه‌بوونی گه‌نده‌ڵی و غیابی دامه‌زراوه‌كان له داڕشتنی سیاسه‌تی گشتی و به‌حزبیكردنی حكوومه‌ت و كۆنترۆڵكردنی هه‌موو جومگه‌كانی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری له لایه‌ن حزبه‌كانه‌وه بووه‌وه، ئێستا پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه: ئایا چۆن له‌م كێشه و قه‌یرانانه ڕزگارمان ده‌بێت؟ چۆن و له چ شتێكه‌وه گۆڕانكاری ده‌ست پێ بكه‌ین؟ له‌م وتاره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین باس له خاڵی گۆڕانكاری و وه‌رچه‌رخان له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین.
گۆڕانكاری له كوێوه ده‌ست پێ بكه‌ین؟
به شێوه‌یه‌كی گشتی به ڕوانین له ئه‌ده‌بیاته جیاوازه‌كان و واقعی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگه‌كانه‌وه، ئه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه دوو شێواز یاخود دوو ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی هه‌یه بۆ گۆڕانكاری و پێشكه‌وتن و چاكسازی، ئه‌وانیش بریتین له:
ڕێگه‌ی یه‌كه‌م: گۆڕانكاری له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه:
مه‌به‌ست له‌م ڕێگه‌یه بریتییه له گۆڕانكاری له ده‌سه‌ڵات و شێوازی سیسته‌می حوكمڕانی. هه‌ندێك جار خودی ده‌سه‌ڵات، هه‌وڵ ده‌دات بۆ ڕازیكردنی خه‌ڵكی خۆی چه‌ند هه‌نگاوێك بۆ چاكسازی و ڕیفۆرم بنێت، یان زۆر جار ئه‌م گۆڕانكارییه له ڕێگه‌ی شۆڕش و كوده‌تاوه ده‌كرێت، به‌ڵام ناتوانرێت بگوترێت ئه‌م گۆڕانكارییه به شێوه‌یه‌كی سه‌د له سه‌د كۆمه‌ڵگه به‌ره‌و حاڵه‌تێك و قۆناغێكی باشتر ده‌بات؛ چونكه زۆر جار ئه‌وانه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتیان وه‌رگرتووه خۆیان به هه‌مان عه‌قڵ و كه‌لتووری كه‌سانی پێش خۆیان بیر ده‌كه‌نه‌وه. كه‌واته ئه‌م گۆڕانكارییه به مانای گۆڕانكاری نایه‌ت به‌و شێوه‌یه‌ی كۆمه‌ڵگه له قۆناغێكه‌وه بگوازێته‌وه بۆ قۆناغێكی باشتر و چاكتر.
به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌م ڕێگه‌یه بۆ گۆڕانكاری، ڕێگه‌یه‌كی سه‌لامه‌ت و سه‌ركه‌وتوو نییه، به‌ڵكوو زۆر جار تووشی شكستی گه‌وره ده‌بێته‌وه. ئه‌م ڕێگه‌یه بۆ گۆڕانكاریی ڕیشه‌یی سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، له كاتێكدا كه گۆڕانكاری به‌سه‌ر عه‌قڵ و شێوازی بیركردنه‌وه‌ی تاك و كه‌لتووری سیاسی كۆمه‌ڵگه‌دا بهێنێت، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه، زۆر جار كاره‌ساتی گه‌وره‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه،. بۆیه ده‌بینین ئه‌م گۆڕانكارییانه كه‌سانێك به‌رهه‌م ده‌هێنن كه له كۆتاییدا ده‌بنه كه‌سێكی مه‌ترسیدار بۆ كۆمه‌ڵگه‌كانیان. نموونه‌یشمان زۆره، كه دیاریترینیان "مۆگابێ"یه، كه پێشتر وه‌ك كه‌سێكی شۆڕشگێر چاوی لێ ده‌كرا و به فریادڕه‌سی زیمبابۆی ناوی ده‌ركردبوو، به‌ڵام پاشان به كوده‌تا له‌سه‌ر ته‌ختی ده‌سه‌ڵات لایان دا. هه‌روه‌ها جگه له‌مه‌یش، نموونه‌یه‌كی واقعی و زیندوو، شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بییه. زۆرجار پرسیاری ئه‌وه ده‌كرێت كه ئایا به‌هاری عه‌ره‌بی چ پێشڤه‌چوونێكی له‌گه‌ڵ خوی‌دا هێناوه بۆ ئه‌و كۆمه‌ڵگەیانه‌ی كه شۆڕش و ڕاپه‌ڕینیان تێدا ئه‌نجام دراوه؟ وه‌ڵامێكی ساده و پوخت ئه‌وه‌یه كه نه‌ك هه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه به‌ره‌و پێشه‌وه نه‌چوون، به‌ڵكوو زۆریش به‌پاش كه‌وتن. بۆ نموونه له سووریا و لیبیا و یه‌مه‌ن و میسر هه‌موومان ده‌زانین چ كاره‌ساتێكی گه‌وره تووشی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه بۆته‌وه. به ڕادده‌یه‌ك ئه‌و كه‌سانه‌ی كه هه‌وڵیان ده‌دا ڕژێمه‌كانیان گۆڕانكاریی تێدا بكرێت، ئێستا خوازیارن كه ئه‌و گۆڕانكارییانه هه‌ر ڕوویان نه‌دابایه. هه‌روه‌ها عێراق له سه‌رده‌می به‌عس و دوای به‌عس هیچ گۆڕانكارییه‌كی تێدا به‌دی نه‌كرا، ته‌نیا چه‌ند گۆڕانكارییه‌كی ڕووكه‌شی نه‌بێت.
كه‌واته ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕێگه‌یه، بێ گۆڕانكاریی گرنگیش بێت، ئه‌وا په‌یوه‌سته به ڕێگه‌ی دووه‌م یاخود شێوازی دووه‌می گۆڕانكاری و ڕیفۆرم؛ واته ناكرێت به‌بێ ڕێگه‌ی دووه‌م ئه‌م هه‌نگاوه سه‌ركه‌وتوو بێت.
ڕێگه‌ی دووه‌م: گۆڕانكاری له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه:
فه‌یله‌سووفی گه‌وره‌ی ئه‌ڵمانی، ئیمانوێل كانت ده‌ڵێت: بۆ گۆڕانكاریی ڕیشه‌یی له كۆمه‌ڵگه‌دا، سه‌ره‌تا پێویسته كه‌لتووری باوی كۆمه‌ڵگه بگۆڕدرێت؛ بۆ ئه‌مه‌یش یه‌ك ڕێگه‌مان هه‌یه ئه‌ویش په‌روه‌رده و پێگه‌یاندنه. هه‌روه‌ها "نێلسۆن ماندێللا" باس له‌وه ده‌كات كه په‌روه‌رده‌كردنی تاك به شێوه‌یه‌كی باش، چه‌كێكی گرنگی گۆڕانكاری و پێشكه‌وتنه له كۆمه‌ڵگه‌دا.
له كاتێكدا فه‌یله‌سووف "كۆنفۆشیوس"یش تیشكی خستۆته سه‌ر ڕۆڵی په‌روه‌رده و پێگه‌یاندن له گۆڕانكاریی كه‌لتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له كۆمه‌ڵگه به شێوه‌یه‌كی ڕیشه‌یی. بۆ ئه‌مه‌یش باس له گرنگیی دوو كه‌ناڵی سه‌ره‌كی ده‌كات، ئه‌وانیش "خێزان" و "قوتابخانه"ن. هه‌روه‌ها جگه له‌مانه به‌شێكی زۆر له فه‌یله‌سووف و بیرمه‌ندانی تریش باسیان له گرنگی و ڕۆڵی په‌روه‌رده و پێگه‌یاندن كردووه له گۆڕانكاریی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتووری و سیاسی‌دا، وه‌ك: دۆركهایم، ئه‌نتۆنی گیدنز، هێربێرت سپێنسه‌ر، هابه‌رماس، هێربێرت ماركیۆز و به‌شێكی دیكه‌ی بیرمه‌ند و هزروانه‌كان.
هه‌موو ئه‌و نووسین و چالاكییانه‌ی هزروانه‌كان، جه‌خت له گۆڕانكاری ده‌كه‌نه‌وه له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه. گۆڕانكاری له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه، بریتییه له گۆڕانكارییه‌ك كه له‌سه‌ر خودی تاك ڕاده‌وستێت، گۆڕانكاریی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتووری و عه‌قڵی و فه‌رهه‌نگی ده‌گرێته‌وه؛ واته ئاماده‌كردنی تاكه بۆ قۆناغێكی نوێ له ڕێگه‌ی وه‌رگرتنی به‌ها و بیركردنه‌وه‌ی نوێ. نامه‌وێت به شێوه‌یه‌كی ورد بچمه نێو ئه‌و ئه‌رگیۆمێنته فه‌لسه‌فییانه‌ی كه ده‌رباره‌ی تاكگه‌رایی باس كراوه، به‌ڵام له یه‌ك دێردا ده‌توانین ئه‌وه بڵێین كه كاركردن و گۆڕانكاریكردن له سه‌ر خودی تاك و عه‌قڵی تاك و بیركردنه‌وه‌ی تاك له ئه‌وروپا له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌م و نۆزده‌یه‌مدا، بووه هۆی باكگراوندێكی باش بۆ گۆڕانكاریی ڕیشه‌یی و پێشكه‌وتنی ئه‌وروپا و وڵاتانی ڕۆژاوا تا ده‌گاته ڕۆژگاری ئه‌مڕۆیان. هه‌موو خه‌ڵكی له ئه‌وروپا له ئێستادا خۆیان به قه‌رزاری ڕۆشنبیر و هزروانه‌كانی خۆیان ده‌زانن له ڕابردوودا؛ كه هه‌میشه هه‌وڵیان داوه گۆڕانكاری و پێشڤه‌چوون له ناخی تاكه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ن تا ده‌گاته كۆمه‌ڵگه و سیسته‌می سیاسی.
كه‌واته ئه‌م جۆره له گۆڕانكارییه، بریتییه له ئاماده‌كردنی هاووڵاتیی باش. ئه‌مه‌یش به ڕێگه‌یه‌كی سه‌لامه‌ت و سه‌ركه‌وتوو داده‌نرێت بۆ گۆڕانكاریی ڕیشه‌یی و ڕیفۆرمی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتووری؛ به شێوه‌یه‌ك كه هه‌موو دامه‌زراوه و كه‌ناڵه‌كانی كۆمه‌ڵگه له‌م پرۆسه‌یه به‌شدار ده‌بن، وه‌ك: خێزان، دامه‌زراوه‌كانی فێركردن و دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی.
سه‌باره‌ت به هه‌رێمی كوردستانیش پاش ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، قسه و باسی زۆر له‌سه‌ر گۆڕانكاری و دروستكردنی حكوومه‌تێكی نوێ به ناوی "ڕزگاریی نیشتمانی" و نه‌هێشتنی ده‌موچاوه كۆنه‌كان و هێنانی كه‌سانی نوێ ده‌كرێت بۆ سه‌ر شانۆی سیاسی؛ یاخود باس له‌وه ده‌كرێت كه ده‌بێت هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته ئه‌نجام بدرێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش چه‌ند لیستێكی نوێ، بڕیاره له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو به‌شدار بن. به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه: ئایا ده‌كرێت ئه‌و میكانیزمانه بكرێنه خاڵی وه‌رچه‌رخان و گۆڕانكاریی ڕیشه‌یی؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره، ده‌توانین بڵێین، ده‌كرێت ئه‌م هه‌نگاوانه خاڵی باش بن بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م بارودۆخه له كاتێكی دیاریكراو، به‌ڵام هیچ خزمه‌تێك به پرۆژه‌ی گۆڕانكاری و ڕیفۆرمی ڕیشه‌یی ناكات، چونكه ئێمه پێویسته كار له‌سه‌ر گۆڕانكاری بكه‌ین له عه‌قڵ و كه‌لتووری سیاسیی تاكی كوردی له هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی نیگه‌رانییه له هه‌رێمی كوردستان، كه‌س بیر له گۆڕانكاری له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه ناكاته‌وه. هه‌موو پێیان وایه كه ده‌بێت گۆڕانكاری له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه ده‌ست پێ بكرێـت، به به‌شێكی زۆر له ڕۆشبیره‌كانیشه‌وه. به‌ڵام ئه‌مه بیركردنه‌وه‌یه‌كی خراپه، چونكه پێش هه‌موو شتێك ئێمه قه‌یرانی هاووڵاتیی باشمان هه‌یه. هه‌تا نه‌توانین هاووڵاتیی باش ئاماده بكه‌ین، ناتوانین حوكمڕانی باش به‌رهه‌م بهێنین، چونكه هه‌موو حزبه‌كان بیركردنه‌وه‌یان له چوارچێوه‌ی یه‌ك كه‌لتووری سیاسییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. ته‌نانه‌ت كاتێك ته‌ماشای گوتار و به‌رنامه‌ی ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌یت كه ده‌یانه‌وێت له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی سیاسیی نوێ به‌شدار بن، ده‌رده‌كه‌وێت كه هیچ گۆڕانكارییه‌كی ڕیشه‌یی له داهاتوودا دروست نابێت. چونكه ئه‌گه‌ر ڕێژه‌ی سه‌د له سه‌دی ده‌نگه‌كانیش به‌ده‌ست بهێنن، به هه‌مان شێوه‌ی لایه‌نه‌كانی تر، په‌نا ده‌به‌نه به‌ر كه‌سانی ئایینی یاخود كه‌سانێك كه پێگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌یه، كه به‌شێكیان شاره‌زایییان له بواره‌كانی خۆیاندا نییه، چ جای ئه‌وه‌ی شاره‌زایییان له زانستی سیاسی و هونه‌ری به‌ڕێوه‌بردندا هه‌بێت. هه‌روه‌ها هیچ حزبێك له هه‌رێمی كوردستان پرۆژه‌یه‌كی ڕوون و ئاشكرای سه‌باره‌ت به په‌روه‌رده و پێگه‌یاندنی تاك نییه.
خاڵێكی تر كه جێگه‌ی نیگه‌رانییه ئه‌وه‌یه، ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی ڕۆڵیان له پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌كردن و بنیاتنانی تاك هه‌یه، خودی خۆیان بوونه‌ته به‌شێك له گرفت و كێشه؛ بۆ نموونه خێزان. ئێستا خێزانه‌كان له هه‌رێمی كوردستان به‌رمه‌بنای بیركردنه‌وه‌ی حزبی په‌روه‌رده‌ی منداڵه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن، نه‌ك به‌رمه‌بنای بیركردنه‌وه‌یه‌كی نیشتمانی و مه‌ده‌نی. هه‌روه‌ها دامه‌زراوه‌كانی فێركردنیش له پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ی تاك به مانایه‌كی مه‌ده‌نی و نیشتمانی شكستیان هێناوه. سه‌باره‌ت به ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیش، دیسانه‌وه نه‌یانتوانیوه كار له‌سه‌ر گۆڕانكاریی عه‌قڵی و كه‌لتووریی تاك بكه‌ن و، نه‌یانتوانیوه به شێوه‌یه‌كی باش پرۆژه‌یان بۆ په‌روه‌رده‌كردنی تاك هه‌بێت. بۆ ئه‌مه‌یش چه‌ند هۆكارێك هه‌ن، ئه‌وانیش ئه‌وه‌ن كه: یان كه‌سانی ناشاره‌زا و ناپسپۆر ئه‌م ڕێكخراوانه به‌ڕێوه ده‌به‌ن، یاخود به‌شێكی زۆری ڕێكخراوه‌كان سه‌ر به حزبه‌كانن.
له كۆتاییدا، جگه له‌وه‌ی بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌كان پێویستمان به میكانیزمی هه‌نووكه‌یی و جددی هه‌یه، به‌ڵام به‌بێ هه‌وڵدان بۆ جێبه‌جێكردنی ڕێگه‌ی دووه‌م، كه ئه‌ویش گۆڕانكارییه له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه، پرۆژه‌ی چاكسازی و ڕیفۆرمی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری شكست ده‌هێنێت. كه‌واته خاڵی وه‌رچه‌رخان و گۆڕانكاری، خودی تاك و په‌روه‌رده‌كردنی تاك و پێگه‌یاندنی تاكه.