سه‌ره‌تا:
یەكێك لە بنچینە گرنگەكانی بنیاتنانی هاووڵاتیی باش، پەروەردە و پێگەیاندنه. لە قۆناغی بنیاتنانی نەتەوە و دامەزراوەكانی دەوڵەت لە كۆمەڵگه‌دا، پێشمەرجی سەرەكی بریتی دەبێت لە هاووڵاتیی چاك؛ هاووڵاتییەك كە لە پێناو ئاسایش و پاراستنی ناسنامەی نیشتمانیدا، توانای ناسینی بەها سەرەكییە بەنرخە نەتەوەیییەكانی هەبێت. به‌م شێوه‌یه له‌م وتاره‌دا هه‌وڵ دراوه باس له گرنگیی په‌روه‌رده و پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌یی بكرێت و، شیكردنه‌وه بۆ كه‌ناڵه‌كانی په‌روه‌رده و پێگه‌یاندن له هه‌رێمی كوردستان كراوه.
ته‌وه‌ری یه‌كه‌م: په‌روه‌رده:
"كۆنفۆشیۆس" ده‌ڵێت: "په‌روه‌رده بریتییه له پرۆسه‌ی ڕاهێنان و فێركردن؛ ئاماده‌كاری و سازكردنی تاكه بۆ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی ده‌ورووبه‌ری." هه‌روه‌ها "ئه‌رستۆ" ده‌ڵێت: "په‌روه‌رده پرۆسه‌ی ئاماده‌كردنی بیر و هزره؛ پرۆسه‌ی پێگه‌یاندن و خوپێگرتن و په‌ره‌پێدانه." له لایه‌كی تره‌وه "ژان ژاك ڕۆسۆ" پێی وایه: "په‌روه‌رده، واته ئاماده‌كردن و ڕه‌خساندنی هه‌له مرۆیییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه‌یه‌كی ته‌واو به تاكه‌كان ببه‌خشێت؛ ئه‌م پرۆسه‌یه‌یش تا كۆتاییی ژیانی تاك به‌رده‌وام ده‌بێت."
هه‌روه‌ها په‌روه‌رده له ڕوانگه‌ی "دۆركهایم" بریتییه له: پێكهاتنی كۆمه‌ڵایه‌تیی تاكه‌كان؛ ئه‌م كاره‌یش له ڕێگه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌وه ده‌بێت كه چینه په‌روه‌رده‌كراوه‌كانی پێشوو بۆ ئه‌و چینانه‌ی كه له ئاستێكی باشی پێگه‌یشتوویدا نین به‌ئه‌نجامیان گه‌یاندووه. بۆیه ئه‌و مرۆڤه‌ی كه په‌روه‌رده كراوه، هه‌میشه له خزمه‌ت ئامانج و به‌ها باڵاكانی كۆمەڵگه‌كه‌ی خۆیه‌تی. "جۆن دێوی" پێناسه‌ی په‌روه‌رده ده‌كات به‌وه‌ی كه: "په‌روه‌رده كۆمه‌ڵێك پرۆسێسه، به‌ها و ئامانجه باڵاكان له نه‌وه‌یه‌كه‌وه ده‌گوازێته‌وه بۆ نه‌وه‌یه‌كی تر." هه‌روه‌ها په‌روه‌رده‌ناس "ساتیع حه‌سری" (ساطع الحصری) ده‌ڵێت: "په‌روه‌رده بریتییه له گه‌شه‌پێدانی تاكێكی جه‌سته‌به‌هێز، ڕه‌فتار و ئاكارجوان، هۆشمه‌ند و هۆشیار، نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی؛ شانازی به گه‌ل و نه‌ته‌وه و مێژووه باشه‌كانی خۆیه‌وه ده‌كات، ئه‌رك و مافه‌كانی خۆی ده‌زانێت، خاوه‌ن مه‌عریفه و زانیاریی گرنگ و پێویسته." كه‌واته په‌روه‌رده، ئامانجی ئاماده‌كردنی تاكێكی كامڵ و هۆشیاره له بواره‌كانی كه‌سی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و نیشتمانی. به‌م شێوه‌یه په‌روه‌رده پرۆسه‌یه‌كه گرنگیی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه؛ فاكته‌رێكی به‌هێزی گه‌شه‌سه‌ندن و پێشكه‌وتنی كۆمەڵگه‌كانه.
ته‌وه‌ری دووه‌م: گرنگیی په‌روه‌رده:
په‌روه‌رده پرۆسه‌یه‌كی گرنگه بۆ مرۆڤ، چونكه هه‌ر له قۆناغی منداڵییه‌وه له‌سه‌ر ڕێگه‌كانی ژیان ڕای ده‌هێنێ و، بۆ پارێزگاریكردن له مانه‌وه‌ی خۆی و ئامانجه‌كانی ژیانی، تواناداری ده‌كات. تاك هه‌ر له سه‌ره‌تای ژیانییه‌وه هه‌وڵی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌درێت لایه‌نی جه‌سته‌ییی به‌هێز بێت. منداڵ له سه‌ره‌تای ژیانی پێویستی به‌وه‌یه كه كه‌سێك، یان چه‌ند كه‌سێك هه‌بێت كه ڕێنماییی بكه‌ن و، شته باش و خراپه‌كانی پێ بناسێنن. ئا لێره‌وه پرۆسه‌ی خۆگونجاندن و كارلێككردن له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی ده‌وروبه‌ر و كه‌سانی تردا دروست ده‌بێت. له‌م ڕوانگه‌یه‌یشه‌وه زۆر جار به په‌روه‌رده ده‌گوترێت "پێگه‌یاندنی كۆمه‌ڵایه‌تی و سياسى" و، به فاكته‌رێكی سه‌ره‌كییش بۆ به‌رده‌وامیدان و گۆڕانكاری له كولتووری سیاسیی باوی كۆمەڵگه داده‌نرێت.
په‌روه‌رده پرۆسه‌یه‌كی گرنگه بۆ ڕووبه‌ووبوونه‌وه‌ی ژیان و به‌ده‌ستهێنانی پێداویستییه‌كانی ژیان. په‌روه‌رده ده‌بێته هۆی ڕێكخستنی ڕه‌فتاره‌كانی تاك له كۆمەڵگه. به شێوه‌یه‌كی گشتی په‌روه‌رده بریتییه له پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی كه‌له‌پووری و كه‌لتووری و، پارێزگاریكردن و پاككردنه‌وه‌ی له‌و لادان و گۆڕانكارییه خراپانه‌ی كه دێته به‌رده‌می؛ پاشان گه‌شه‌پێدان و هێشتنه‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی بیر و هزر و ڕه‌فتاری تاكدا.
ته‌وه‌ری سێیه‌م: ئه‌ركی په‌روه‌رده:
په‌روه‌رده چه‌ندین ئه‌رك و وه‌زیفه‌ی هه‌یه. ئه‌م ئه‌رك و وه‌زیفانه، له كۆمەڵگه‌یه‌كه‌وه بۆ كۆمەڵگه‌یه‌كی تر ده‌گۆڕێت؛ به‌پێی كه‌لتووری سیاسی و جۆر‌ی سیسته‌می سیاسیی كۆمەڵگه‌كان. به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌توانین ئه‌ركه‌كانی په‌روه‌رده له‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌دا كورت بكه‌ینه‌وه:
• بەرزكردنەوەی ڕێژەی مەعریفە و ڕۆشنبیری لای تاك، لە هەر دوو بواری سیاسی و كۆمەڵایەتی.
• جەختكردنەوە لەسەر نوێكردنەوەی شێوازەكانی پەیوەندییەكان و كارلێككردنە لۆكاڵی و نێۆدەوڵەتییه‌كان.
• ئامادەكردنی هاووڵاتییەكی هۆشیار لە دەوڵەتی دیموكراتی، له ئه‌ركه هه‌ره گرنگه‌كانی په‌روه‌رده‌یه. ئاماده‌كردنی هاووڵاتییەكی هۆشیار و كارا كه توانای دەربڕینی ڕای خۆی هەبێت و، هەروەها ئینتیمای بۆ نیشتمان و نەتەوەكەی هەبێت. لە هەمان كاتدا هاووڵاتی، هەموو كاتێك ڕەخنەگرێكی هۆشیاریش بێت كە كاریگەریی لە گۆڕانكاری لە واقعدا هەبێت.
• ئاشناكردنی تاك بە ئەرك و مافەكان، ئه‌ركێكی گرنگی په‌روه‌رده و سیسته‌می په‌روه‌رده‌یییه.
• ئه‌ركێكی سه‌ره‌كیی سیسته‌می په‌روه‌رده‌یی، بریتییه له دابینكردنی ئاسایش و كەمكردنەوەی توندوتیژی، لە ڕه‌وتی دروستكردنی ناسنامەیەكی بەكۆمەڵی نیشتمانی و مەدەنیدا.
ته‌وه‌ری چواره‌م: په‌روه‌رده له هه‌رێمی كوردستان:
پێش ئه‌وه‌ی باس له واقعی په‌روه‌رده به‌گشتی و سیسته‌می په‌روه‌رده‌یی بكه‌ین له هه‌رێمی كوردستان، ده‌مه‌وێت باس له گوته به‌ناوبانگه‌كه‌ی فه‌یله‌سووف "كۆنفۆشیۆس" بكه‌م، كه ده‌ڵێت: "گه‌نده‌ڵی له سیسته‌می سیاسی، به‌ره‌نجامی نه‌بوونی هاووڵاتیی باشه." ئه‌مه‌یش له كاتێكدا ده‌بێت كه خێزان و دامه‌زراوه‌كانی تر، له په‌روه‌رده‌كردنی باشی هاووڵاتیاندا شكست ده‌هێنن. بۆیه له‌م كاته‌دا، پێویسته سیسته‌می سیاسی، سیسته‌مێكی په‌روه‌رده‌ییی باش و گونجاو دابنێت بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له به‌ها و بنه‌ماكانی خۆی بكات و، گه‌شه‌پێدان و به‌رده‌وامییش به كۆمەڵگه ببه‌خشێت.
هه‌روه‌ك ئاشكرایه سه‌رچاوه‌كان و كه‌ناڵه‌كانی په‌روه‌رده و پێگه‌یاندن زۆرن، كه بریتین له: خێزان، دامه‌زراوه‌كانی فێركردن (قوتابخانه، زانكۆ و په‌یمانگه‌كان)، حزبه سیاسییه‌كان، سیسته‌می سیاسی، ئامرازه‌كانی ڕاگه‌یاندن، دامه‌زراوه ئایینییه‌كان و هتد. ئێستا پرسیارێكی گرنگ و جه‌وهه‌ری ئه‌وه‌یه كه به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و ئه‌ركانه‌ی په‌روه‌رده كه پێشووتر باسمان كرد، ئه‌م كه‌ناڵانه‌ی په‌روه‌رده و پێگه‌یاندن له هه‌رێمی كوردستان تا چ ڕادده‌یه‌ك توانیویانه ئه‌ركی سه‌ره‌كیی خۆیان له په‌روه‌رده‌كردنێكی ڕاست و دروستی تاكه‌كاندا به‌جێ بگه‌یه‌نن؟
كه‌س ناتوانێت نكۆڵی له هه‌بوونی گه‌نده‌ڵییه‌كی زۆری سیاسی و كارگێڕی و ئابووری له هه‌رێمی كوردستان بكات. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر گوته‌كه‌ی كۆنفۆشیۆس، ئه‌وا به‌ره‌نجامی ئه‌م هه‌موو گه‌نده‌ڵییه، نه‌بوونی هاووڵاتیی باشه، چونكه ئه‌گه‌ر هاووڵاتیی باش ئاماده‌ییی هه‌بوو، گه‌نده‌ڵی نابێته دیارده‌یه‌كی باوی گشتگیر له كۆمەڵگه‌دا. كه‌واته بۆ ئاماده‌كردن و دروستكردنی هاووڵاتیی باش، پێویستمان به پرۆسێسێكه كه ئه‌ویش پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌كردن و پێگه‌یاندنه. بۆ ئه‌مه‌یش، پێویسته بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر كه‌ناڵه‌كانی په‌روه‌رده‌كردن له هه‌رێمی كوردستان. له چوارچێوه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌و كه‌ناڵانه، ده‌توانین بگه‌ینه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی كه پێشووتر ئاماژه‌مان پێ دابوو.
بۆ نموونه خێزان، وه‌ك یه‌كه‌م دامه‌زراوه له كۆمەڵگه‌دا، كه به‌رپرسه له په‌روه‌رده‌كردنی تاك. له هه‌رێمی كوردستان ڕوئیا و دونیابینیی ته‌واو و گرنگیان بۆ په‌روه‌رده‌كردن نییه به شێوه‌یه‌كی گشتی، چونكه زۆر جار دایكان و باوكان خۆیان باوه‌ریان به هه‌ر به‌ها و بنه‌مایه‌ك هه‌بێت، جا باش بێت یان خراپ، ئه‌وا ده‌یانه‌وێت منداڵه‌كانیشیان له‌سه‌ر هه‌مان بیروباوه‌ڕ و به‌ها و پره‌نسیپ په‌روه‌رده بكه‌ن. بۆ نموونه خێزانه‌كان له چوارچێوه‌یه‌كی ته‌سكی حزبایه‌تییه‌وه، ده‌یانه‌وێت هه‌مان ئه‌و په‌روه‌رده خراپه‌ی نه‌وه‌كانیان بكه‌ن، نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی.
مادام خێزانه‌كان ناتوانن ئه‌و ئه‌ركه‌ی خۆیان به‌جێ بگه‌یه‌نن، ئه‌وا ده‌بێت دامه‌زراوه‌كانی فێركردن و سیسته‌می په‌روه‌رده‌یی ئه‌و بۆشایییه پڕ بكه‌نه‌وه. پێویسته دامه‌زراوه‌كانی فێركردن، هه‌وڵ بده‌ن كه‌لتوورێكی مه‌ده‌نی و نیشتمانی بۆ تاكه‌كان دروست بكه‌ن، كه ببێته هۆی دروستكردنی سه‌قامگیری و یه‌كگرتووییی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی. به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێستا هیچ كه‌س به‌ڕوونی ناتوانێت وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بداته‌وه كه ئایا سیسته‌می په‌روه‌رده‌یی له هه‌رێمی كوردستان، ده‌یه‌وێت له ڕووی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه چ تاكێك پێ بگه‌یه‌نێت؟ ئه‌مه‌یش هۆكاری ئه‌وه‌یه، له هه‌رێمی كوردستان شتێك نییه به ناوی فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌یی، یان سیاسه‌تی په‌روه‌رده‌یی. بۆیه به‌داخه‌وه دامه‌زراوه‌كانی فێركردن نه‌یانتوانیوه ببنه ئه‌لته‌رناتیڤ بۆ دروستكردنی هاووڵاتیی چاك له هه‌رێمی كوردستان.
سه‌باره‌ت به ڕوئیا و پێگه‌یاندنی تاك له ڕوانگه‌ی حزبه سیاسییه‌كانه‌وه له هه‌رێمی كوردستان، به شێوه‌یه‌كی كورت و پوخت ئه‌م حزبانه تاك به شێوه‌یه‌ك په‌روه‌رده ده‌كه‌ن كه پێش به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی، بیر له به‌رژه‌وه‌ندیی حزبی و كه‌سی بكه‌نه‌وه. ئه‌مه واقعی كاری ئه‌و حزبانه‌یه، ئه‌گه‌رچی له په‌یڕه و پرۆگرامیان شتێكی تر نووسرابێت. هه‌روه‌ها له هه‌رێمی كوردستان چونكه حزب هه‌موو جومگه سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی گرتووه و حزب و حكوومه‌ت دوو شتی لێكجیاواز نین، ناتوانین بڵێین سیسته‌می سیاسی بوونی هه‌یه، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی هه‌مانه سیسته‌مێكی حزبیی ته‌واوه. سه‌باره‌ت به كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنیش، چونكه كه‌ناڵێكی پرۆفیشناڵی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییمان نییه، به‌ڵكوو هه‌موو كه‌ناڵه‌كان حزبین و ئه‌جێندای سیاسیی حزب و لایه‌نێكی دیاریكراو جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌نده‌ی ڕۆڵیان له په‌روه‌رده و پێگه‌یاندنێكی نادروستی تاكه‌كان هه‌بووه، ئه‌وه‌نده نه‌بوونه‌ته ناوه‌ندێك بۆ هۆشیاری و گه‌شه‌پێدانی لایه‌نی مه‌عریفی و عه‌قڵیی تاكه‌كان.
هه‌روه‌ها دامه‌زراوه ئایینییه‌كانیش نه‌یانتوانیوه شان بده‌نه به‌ر ئه‌ركی سه‌ره‌كیی خۆیان له په‌روه‌رده‌كردنێكی دروستی تاكه‌كان، چونكه زۆر جار به‌شێك له‌م ناوه‌نده ئایینییانه، بۆ جێبه‌جێكردنی به‌رژه‌وه‌ندیی حزبی و كه‌سی به‌كار هێنراون؛ ته‌نیا به‌شێكی كه‌می ئه‌م دامه‌زراوانه نه‌بێت كه هه‌وڵ ده‌ده‌ن تاكێكی ڕه‌فتارجوان و نیشتمانویست دروست بكه‌ن، ئه‌مانه‌یش ئه‌و ناوه‌نده ئایینییانه‌ن كه دوورن له ئه‌جێندای سیاسی و حزبی. هه‌میشه ئه‌وانه‌ی به‌م شێوه‌یه موماره‌سه‌ی كاری خۆیان ده‌كه‌ن، هه‌وڵی ئه‌وه‌یان داوه تاك له گێره‌شێوێنی و تێكدانی ئه‌من و ئاسایش وریا بكه‌نه‌وه و، هه‌وڵیان داوه زامنی پاراستنی یه‌كگرتوویی و سه‌قامگیریی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی بن له كۆمەڵگه. كه‌واته به شێوه‌یه‌كی گشتی كه‌ناڵه‌كانی په‌روه‌رده و پێگه‌یاندن له هه‌رێمی كوردستان نه‌یانتوانیوه ئه‌ركی سه‌رشانی خۆیان له بواری په‌روه‌رده و پێگه‌یاندن ئه‌نجام بده‌ن. بۆیه تاكێك كه به شێوه‌یه‌كی ناته‌ندروست له‌م كه‌ناڵانه‌وه په‌روه‌رده ده‌كرێت، له دواجاردا به‌م شێوازه ده‌چێته نێو كاری سیاسی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئیدارییه‌وه. بێ گومان گه‌نده‌ڵی و خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات، ده‌بێته فۆرمێكی دانه‌بڕاو له‌م سیسته‌مه سیاسییه.
له كۆتاییدا، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی نیگه‌رانییه، زۆرێك له خه‌ڵك، به‌تایبه‌ت زۆرێك له نووسه‌ر و ئه‌كادیمیسته‌كان، له ئێستادا فۆكه‌سی سه‌ره‌كییان له‌سه‌ر گۆڕانكاریكردنه له حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی؛ به‌بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه بكه‌نه‌وه كه چه‌ق و كرۆكی گۆڕانكاری بریتییه له عه‌قڵ و ناخی تاك. بۆیه هه‌ر تاكێك ئه‌گه‌ر له خۆیه‌وه ده‌ست پێ نه‌كات، ناتوانین پرۆژه‌ی گۆڕانكاریی ڕیشه‌یی له كۆمەڵگه‌دا ده‌ست پێ بكه‌ین. ئه‌مه‌یش پرۆسه‌یه‌كه پێویستی به هه‌وڵ و ماندووبوون هه‌یه. هه‌روه‌ك "هابه‌رماس" ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی ئه‌وروپا پێی گه‌یشتووه له ئێستادا، به‌ره‌نجامی هه‌وڵ و ماندووبوونی هه‌زاران بیرمه‌ند و نووسه‌ر و زانا بووه، كه هه‌وڵیان داوه گۆڕانكاری له هزر و ناخی تاك به تاكی كۆمەڵگه‌ی ڕۆژاوایی دروست بكه‌ن له ڕابردوودا." به بۆچوونی من، هیچ كه‌س و لایه‌نێك له كوردستان به‌دیل و ئه‌لته‌رناتیڤی ئه‌وی تر نییه، هه‌تا فۆكه‌سی سه‌ره‌كیمان نه‌كه‌ینه سه‌ر په‌روه‌رده. بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی قسه‌كانیشم، به‌ڕوونی ده‌توانم باس له پشێوییه‌كانی ئه‌م دوایییه بكه‌م كه له هه‌رێمی كوردستان ده‌گوزه‌رێت. ئه‌مه ئه‌گه‌ر قه‌یرانی په‌روه‌رده‌یی نه‌بێت، ناوی چ شتێكی تری لێ ده‌نرێت؟ بۆ ده‌بێت هه‌موو خۆپیشاندان و ناڕازیبوونێك گرژی و ئاڵۆزی و ده‌مشڕی و جنێودان و یه‌كترتۆمه‌تباركردن و كوشتن و تاڵان و سووتاندنی باره‌گای حزبی و حكوومی به دوای خۆیدا بهێنێت؟ خۆ به‌شێك له‌و حزبانه‌ی كه له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدان له پشته‌وه‌ی ئه‌م كارانه‌وه‌ن، به‌ڵام پرسیاره گرنگه‌كه ئه‌وه‌یه: به‌م شێواز و كار و ڕه‌فتارانه، ده‌توانرێت چ شتێك بگۆڕدرێت؟ كه‌واته گۆڕانكارییه‌كه به ڕووخانی ده‌سه‌ڵات و گۆڕینی ده‌موچاوه‌كان، نه دروست ده‌بێت نه ته‌واو ده‌بێت.