ڕۆڵی وزەی کوردستان لە تێکشکاندنی هیلالی شیعەدا

خستنەڕووی پرس

هەرچەندە پلان و ستراتیژییەتی ئێرانییەکان بۆ زیادبوونی باڵادەستیی شیعەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە. بەڵام ستراتیژییەتی دابەشبوونی تائیفی (هیلالی شیعی)، وەک ڕەنگدانەوەیەک بۆ فراوانبوونی هێژموونیی ئێرانییەکان لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە (١٩٧٩)، بۆ نزیکەی ٣٨ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە؛ بەتایبەتی دوای هەڵگیرسانی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران-عێراق لە ساڵی ١٩٨٠دا. بەڵام لەناو ستراتیژییەتی ڕۆژاوایەکاندا بیرۆکەی دابەشبوونی تایفیی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ "بێرنارد لويس" دەگەڕێتەوە، کە ڕۆژهەڵاتناس و ئەکادیمیستێکی بریتانی ـــ ئەمریکییە. لویس لە ساڵی ١٩٨٣دا باس لە دابەشبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات بۆ ٣٠ دەوڵەتی بچووک؛ بە هۆی بوونی ئەو کێشە تائیفی و ئابووری و کۆمەڵایەتییانەی لەو ناوچەیەدا هەن.

بەڵام وەکوو زاراوە و چەمکێکی سیاسی و ئابووری، بۆ یەکەم جار لە لایەن شا عەبدوڵڵا، کوڕی مەلیک حوسێنی پاشای ئۆردن، لە ساڵی ٢٠٠٤دا بەکار هێنرا. شا عەبدوڵڵا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام حوسێن لە ساڵی ٢٠٠٣دا، وەک ترسێک لە فراوانبوونی هێژموونیی ئێرانییەکان پاش نەمانی دەسەڵاتی سوننی لە بەغدا، بۆ یەکەم جار لە نێوه‌ندی سەردانێکی لە ساڵی ٢٠٠٤دا بۆ واشنتۆن، چەمکی "هیلالی شیعی"ی بەکار هێنا. بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ئایە هیلالی شیعی چییە و  لە ڕووی جیۆپۆلیتیکەوە کوێ دەگرێتەوە؟ ئایە چۆن هەولێر و وزەی کوردستان گەورەترین و بەهێزترین هۆکارن بۆ تێکشکاندنی ئەو سێگۆشە ئابووری و سیاسییەی کە ئێرانییەکان کار بۆ دروستبوونی دەکەن؟

هیلالی شیعی و جیۆپۆلیتیکییەتی ئەو ناوچەیە

هیلالی شیعی، چەمکێکی سیاسی و ئابوورییە، کە مەبەست لێی ئەو سێگۆشە جیۆپۆلیتیکییەیە کە دەسەڵاتی سیاسیی ئێرانی، دەیەوێت بە هاوکاریی شیعەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێژموونیی سیاسی و ئابووری و تائیفیی خۆیانی بەسەر جوگرافیایەکی فراوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بسەپێنن. لە ڕووی جێۆپۆلیتیکەوە هیلالی شیعی ئەم ناوچانە لەخۆ دەگرێت:

١- عێراق: پارێزگه‌کانی (كەربەلا، بابل، واست، قادسيە، مثنى، زى قار، ميسان، بەسرە).

٢- سووریا: پارێزگه‌کانی( ئەدلیب، حەلەب، حمس، حەما، دیمەشق، حوران).

٣- سعوودیا: ناوچە جوگرافییەکانی ڕۆژهەڵاتی سعوودیا و پارێزگه‌کانی(قەتیف و حەساء).

٤- لوبنان: ئەو ناوچە جوگرافییانەی کە "حزبوڵڵای لوبنانی" کۆنتڕۆڵی کردوون.

٥- باشووری یەمەن: ئەو ناوچە جوگرافییانەی کە گرووپی حوسیی شیعە کۆنتڕۆڵی کردوون.

٦- بەحرێن: هەبوونی چەندین عەشیرەت و خێزانی شیعی.

٧- چەند ناوچەیەکی بچووکی خاکی ئۆردن؛ بەتایبەتی ئەو ناوچانەی لە ڕووی جوگرافیاوە دەکەونە نزیک سنوورەکانی سووریا و عێراق و دەریای ناوەڕاست.

حکوومەتی ئێرانی بە سەرپەرشتیی ئیتلاعات و سوپای پاسەوانانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران (سپاە پاسداران انقلاب اسلامی ایران) و دەزگه‌ موخابەراتییەکانی، ماوەیەکی دوورودرێژە هەوڵی دروستکردن و پڕچەکردنی هێز و گرووپە شیعەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات. بۆ نموونە، لە ووڵاتانی وەک: عێراق (حزبە شیعییەکان و هێزی سەربازیی حەشدی شەعبی)؛ لوبنان (لە ڕێگەی حزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکانی حەسه‌ن نه‌سروڵڵا)؛ یەمەن و  سووریا ( هێزە سەربازییەکەی). هەروەها ئێران لە فەلەستینیش هاوکاریی دارایی و سەربازیی حزبی حەماس و گرووپە چەکدارەکەی، بە ناوی "عزەددین قەسام" (كتائب عزالدين القسام) دەکات. ئەمە جگە لەوەی کە بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا، هانی شیعەکانی سعوودیا و بەحرێن و کوێت دەدات کە دژی حکوومەتەکانیان کار و چالاکیی سیاسی و ئایینی ئەنجام بدەن.

هەروەها ئێرانییەکان، تەنیا لە ڕێگەی گرووپە چەکدارە شیعەکانەوە نایانەوێت هێژموونیی خۆیان بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بسەپێنن، بەڵکوو ڕێگەی جیاوازی ڕۆشنبیری و که‌لتووریش بەکار دەهێنن؛ تا بتواننن بیر و هۆشی گەل و نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە لای خۆیاندا ڕابکێشن. بۆ نموونە، ئێران پاڵپشتیی ماددی و لۆجستیی سەدان کەناڵی میدیاییی جیاواز دەکات؛ هەر لە تەلەفزیۆن و ڕادیۆوە بگرە، تا پێگەی ئەلکترۆنی. ئەو دەزگه‌ جۆربەجۆرە میدیایییانە، بەشێکی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بیری هاووڵاتیانی ئێرانییە لەسەر ئاستی نیوخۆی ئێران، بەڵام بەشە زۆرەکەی لە پێناوی بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسیی خۆیاندا لەسەر ئاستی دەرەکی، بە چەندین زمانی جیاجیا، بەتایبەتی بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی بڵاو دەکرێنەوە.

ئەو کەناڵە ئاسمانی و دامەزراوە میدیایییانەی کە ئێران لەسەر ئاستی دەرەوەی ئێران سەرپەرشتییان دەکات، لە زیاتر لە ٣٥ وڵات بە شێوەیەکی ئاشکرا و فەرمی، پەیام و ستراتیژییەتی ئێرانییەکان بڵاو دەکەنەوە. هەروەها پرۆگرامەکانی ناو کەناڵەکان لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئایینی و سیاسی و که‌لتوورییەوە، بۆ گەیاندنی ئامانجی ئێرانییەکان کاری جددی دەکەن. لە دیارترین کەناڵە ئاسمانییەکانیش بریتین لە: عالەم، سەحەر، پرێس تیفی، جامێ جه‌م، کەوسەر، منار (لوبنان –شیعە) و هتد.

بێ گومان دروستکردن و پڕچەکردنی گرووپە شیعییەکان و بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی شیعەکان لە ڕێگه‌ی دامەزراوە میدیایییەکانی ئێرانەوە، تەنیا مەبەستێکی تائیفی و سیاسی نییە، بەڵکوو لە پاڵ ئەوانەدا، ئێرانییەکان دەیانەوێت کونتڕۆڵی بەشێکی زۆری بازاڕ و ئابووریی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن؛ بەتایبەتی ڕێڕەو و گەرووە ئاوییەکان و کێڵگەكانی نەوت و گاز.

جەنگی وزەی ئێران بۆ دروستبوونی هیلالی شیعی

سەرەڕای ئەوەی ئێرانییەکان خاوەنی نەوت و گازێکی زۆرن لەسەر ئاستی جیهان[i]، بەڵام ململانێ و پێویستیی وڵاتانی زلهێز و پێشکەوتوو بۆ نەوت و گازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وای لە ئێرانییەکانیش کردووە لە لایەک هەوڵ بدەن ئەوانیش زۆرترین ڕێژەی نەوت و گازی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست کۆنتڕۆڵ بکەن، لە لایەکی تریش ڕێڕەوە ئاوییه‌كان و بۆڕییە گازییەکانیش هەر لەژێر هێژموونیی خۆیاندا بێت. ئامانجی دەسەڵاتی سیاسیی ئێران لەم کارە، ئەوەیە تا بەئاسانی بەشێکی زۆری نەوت و گازی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەکەوێته‌ ژێر هێژموونیی ئەوروپی و ئەمریکییەکان. هەروەها وڵاتە زلهێزەکانیش بەئاسانی نەتوانن گوشاری ئابووری و سیاسی بەسەریاندا بسەپێنن.

ئێران بەشێکی زۆری نەوتەکەی بۆ وڵاتانی ئاسیا و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا دەنێرێت، لەوانە: هندۆستان، چین، کۆریای باشوور و یابان. لە ڕووی گازی سروشتییشەوە، ئێران توانیویه‌تی بەشێکی زۆری پێداویستییەکانی وڵاتانی تورکیا، پاکستان، ئەرمینیا، هندۆستان، قه‌زاقستان و ئازه‌ربایجان پڕ بکاتەوە. ئەمە جگە لەوەی بە هۆکارێکی سیاسی لە دوو ساڵی ڕابردوودا، ئێران لە ڕێگەی ڕێکكەوتننامەیەکەوە، توانیی گازە سروشتییەکای خۆی بە عێراق بفرۆشێت، بۆ ئەوەی عێراق کێشەی کارەبای پێ چارەسەر بکات. بێ گومان گەیاندنی گاز و وزەی ئێرانیش بۆ ئەو وڵاتانە، لە ڕێگەی چەندین بۆڕییەوە دەبێت، کە گرنگترینیان بریتین لە:

  • بۆڕیی گازی ئێران-تورکیا
  • بۆڕیی گازی ئێران-پاکستان
  • بۆڕیی گازی ئێران-ئەرمینیا-تورکیا
  • بۆڕیی گازی ئێران-عێراق
  • بۆڕیی گازی ئێران-عمان- هندوستان (بەشێک لەم بۆڕییەش بە دەریای عماندا تێ دەپەڕێت لەوێشەوە بەژێر بەشێک لە زەریای هندیدا دەڕوات تا دەگاتە هندوستان)، ئەم بۆڕییە بەشێکی پڕۆژیە و بەشێکی کاری لەسەر دەکرێت.

لە سەرجەم ئەو بۆڕییانەیش گرنگتر، بۆڕیی گازی ئێران-عێراق-سووریا-دەریای ناوەڕاست بوو، کە ئێران دەیویست لە ڕێگەی ئەو بۆڕییەوە کە خاکی دوو وڵاتی دراوسێی دەبڕی، گاز بگەیەنێتە وڵاتانی ئەوروپا. ئەم بۆڕییە، یەکێکە لە هۆکارەکانی کارکردنی ئێران بۆ دروستکردنی هیلالی شیعی، تا بتوانێت لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە، پێگەی وڵاتەکەی لەسەر ئاستی جیهان زیاتر بەهێز بکات؛ کە بێ گومان شه‌ڕی ئێرانییەکان تەنیا لەسەر بۆڕیی و لوولە گازییەکان نییە، بەڵکوو لەسەر ڕێڕەوەکانی گواستنەوە و گەرووە ئاوییەکان و ئەو بیرەنەوت و گازییه‌کانیشە کە دەکەونە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. بۆیە ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوو دەدات، بەشێکی جەنگێکی وڵاتانی عەرەبی سوننە و تورکیا و ئیسڕائیل و ئەمریکییەکانە بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی ئەو هیلالە شیعییە، کە بەڕاستی سێگۆشەیەکی جیۆپۆلیتیکی ئابووری و سیاسییە؛ کە لە ئەگەری دروستبوونیدا، خاک و دەسەڵاتی ئێرانییەکان بەئاسانی دەگەیەنێتە سەر دەریای ناوەڕاست و، لەوێیشەوە بۆ ئەوروپا.

ڕۆڵی هەولێر و وزەی کوردستان لە تێکشکاندنی هیلالی شیعیدا

هەڵکەوتەی جیۆپۆلیتیکی و جیۆئیکۆنۆمیی هەرێمی کوردستان، لەنێو ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر گرنگ و بەرچاوە؛ چونکە لە لایەک خاکەکەی بە ئێرانی شیعەوە بەستراوەتەوە، لە لایەکی تره‌وه‌ بە وڵاتانی سوننە و عەرەبی سوننەوە بەستراوەتەوە. لە کاتی ئێستایشدا گەورەترین بەربەست لە بەردەمی ئێرانییەکاندا بۆ دروستبوونی هیلالی شیعی، خاکی کوردستانی باشوور و ئەو دەسەڵاتە سیاسییەیە کە لە هەولێر حکومڕانی دەکات، بەتایبەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، "مەسعوود بارزانی"؛ چونکە تا ئێستا نەچۆتە ژێر هێژموونیی سیاسی و ئابووریی ئێرانییەکانەوە. لە ڕووی ململانێ و جەنگی وزەیشەوە، تاکە فاکتەرێك کە هێژموونیی وزەی ئێرانییەکان تا ڕاددەیەک کەم بکاتەوە، نەوت و گازی هەرێمی کوردستانە؛ کە لە لایەک بۆ ماوەیەکی کاتی ئەڵتەرناتیڤێکی باشە بۆ نەوت و گازی ئێرانی لای ڕۆژاوایییەکان، لە لای تریشه‌وه‌ هەولێر و هاوپەیمانە ڕۆژاوایییەکان، وا بەئاسانی نایەڵن لوولە و بۆڕیی گازی ئێرانی بە خاکی عێڕاقی عەرەبیدا بەرەو سووریا و دەریای ناوەڕاست، تێپەڕ بێت. کە لەم ڕووانگەیەیشەوە ڕووسەکانیش تا ڕاددەیەک لەگەڵ هەولێردا هاوبەرژەوەندن.

هەرچەندە حکوومەتی ئێرانی تا ئێستا دوو ڕێکكەوتننامەی لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا بۆ هەناردەکردنی گازی ئێرانی لە باشووری عێراقەوە بەرەو و سووریا واژوو کردووە، تا بتوانێت لەوێیشەوە بیگەیەنێتە بازاڕەکانی ئەوروپا، بەڵام جه‌نگە یەک لە دوای یەکەکانی ناوخۆی سووریا و عێراق، بەتایبەتی جه‌نگی دژی داعش، گەورەترین ڕێگری و نامەی سیاسی و ئابووری بوون بۆ سەرنەکەوتنی ئەو پڕۆژەیە. بۆیە دەتوانین بڵێین هەولێر و وزەی کوردستان، بوونەتە گەورەترین چەکی ئابووری و سیاسی بۆ تێکشکاندنی ئەو هیلالە شیعییە، چونکە چ لە ڕووی هێژموونیی سیاسی و تائیفییەوە بێت، چ لە ڕووی هێژموونیی وزەوە بێت، توانیویانە ڕێگر بن لە فراوانبوون و بەهێزبوونی ئەو هیلالی شیعییە. بێ گومان هێزی هەرێمی کوردستان، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ هاوکاری و پاڵپشتیی هاوپەیمانەکانی هەرێمی کوردستان.

دەرەنجام

ڕۆڵی نەوت و گاز لە فراوانبوون، یان سنوورداربوونی هیلالی شیعی، یان سێگۆشەی هێژموونیی سیاسی و ئابووریی شیعەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، زۆر بەهێزە. لەوەیش گرنگتر ئەوەیە، هەولێر و هێزی وزەی کوردستان دەبنە چەقی تێکشکاندن، یان فراوانبوونی ئەو سێگۆشە ئابووری و سیاسییەی کە ئێرانییەکان ماوەی چەندین ساڵە پلانی ستراتیژی بۆ دروستبوونی دادەڕێژن. بۆیە دەسەڵاتی سیاسیی کوردی لە باشووری کوردستان، دەتوانن بە هاوکاریی هاوپەیمانەکانیان، بە ستراتیژییه‌تێكی وا سیاسەت لەگەڵ ئێرانییەکاندا بکەن کە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان لە مەترسی بپارێزن. چونکە لە کاتی ئێستادا دەسەڵاتی سیاسی لە هەولێر لە پاڵ هێزی وزەکەیدا، بەهێزترین پێگەی سیاسی و ئابوورییان بۆ ڕێگریکردن و تێکشکاندنی ئەو هیلالە شیعییە هەیە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples