گەمەی ئابووریی سعوودییەکان لە بەرامبەر سیاسەتی پراگماتیکیی ئەمریکییەکاندا

خستنەڕووی پرس

ئابووری به‌بێ پلانی سیاسی، تێکشکاندنی توانای دەوڵەتە و، سیاسەتیش بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییه‌ ئابوورییەکان ئایدیاڵبوونێکی بێمانایە. ئەو پەیوەندییە سیاسییانەی لە نێوان ئەمریکا و دەوڵەتی عەرەبیی سعوودیادا دروست بووە، بە درێژاییی مێژوو، پەیوەندییەک بووە لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە لە نێوان دوو هێزی هاوسەنگ و هاوبیر و بۆچووندا نەبووە. بۆیە هەمیشە ئەوه‌ندەی ڕێکكەوتننامە ئابووری و سیاسییەکان لە بەرژەوەندیی ئەمریکییەکاندا بووە، ئەوەندە لە ڕووی ستراتیژییەوە سعوودییەکان قازانجیان لێ نەکردووە. بە واتایەکی تر، کاتێک ڕێکكەوتننامەکان لە نێوان لایەنێکی بەهێز و لایەنێکی لاوازدا ئەنجام دەدرێت، لایەنی لاواز هەمیشە لە پێناوی مانەوەیدا، بە کەمترین قازانج لێی دەردەچێ.

سەبارەت بە پەیوەندییه‌کانی نێوان ئەمریکا و سعوودیا، چەند پرسیارێکی گرنگ دێتە ئاراوە: ئایە سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و دەوڵەتی عەرەبیی سعوودیا چۆنە؟ هێزی دۆناڵد ترامپ‌ لە ئەنجامدانی دوا ڕێکكەوتننامەی کە لە نێوان هەر دوو وڵاتدا بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترامپ و شا سەلمانی کوڕی عه‌بدولعەزیز واژوو کرا، کە بە "ڕێکكەوتنی نەوەکان" ناوبانگی دەرکرد، چه‌نده؟ لەوەیش گرنگتر، ئایە ئەو ڕێکكەوتننامانە بۆ کام وڵات ستراتیژیتره‌؟

سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و سعوودیا

سروشتی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی نێوان ئەمریکا و سعوودیا، سروشتێکی ستراتیژیی تۆکمەی نییە وەک ئەوەی زۆرێک لە شیکەرەوەکان باسی لێوە دەکەن، بەڵکوو سروشتێکی پراگماتیکیی ناچۆنیەکی هەیە، کە لەسەر بنەمای قازانجی ڕوون و پارەی کاش بنیاد نراوە.

 واتە پەیوەندییەکانی سعوودیا و ئەمریکا، لە نێوان بەرژەوەندییە هاوبەش و ناکۆکەکاندا بەردەوامییەکی بێنەوبەردەی هەیە. بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە، دەکرێت بگەڕێینەوە بۆ بیرۆکەکانی زانا و فەیلەسووفی سەدەی بیستەم "جۆن ڕاوڵز"، کە باس لە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی لیبراڵ دیموکراتەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەکات. هەروەها ڕاوڵز لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی باس لەو گرێبەست و پەیماننامانە دەکات کە لە نێوان کاره‌کتەرە نێودەوڵەتییەکاندا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش  (هاوبەشی قازانجەکان) و بەرژەوەندیی دژبەیه‌کدا (ناکۆکیی قازانجەکان) دروست دەبێت.

بەو پێیە بێت، ئەوەی لە نێوان ئەمریکا و سعوودیادا ڕوو دەدات، لە بنەمای ناکۆکیی قازانجەکانه‌وه سەرچاوەی گرتووە‌، چونکە زۆرترین قازانج ئەمریکییەکان دەیکەن، لە بەرامبەر پێشکەوتنێکی کەم و بەردەوامی سیستەمی سیاسیی پاشایەتیی سعوودییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆ و، مانەوە و پاراستی دەسەڵاتیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەمریکییەکان ستراتیژییەتی ڕێکكەوتننامەکانیان لەسەر بنەمای بەکارهێنانی هێزی ڕەق لە پێناوی کۆنتڕۆڵکردن و سەپاندنی هێژموونیی خۆیان بەسەر بازاڕە جۆربەجۆرەکان و ڕێڕەوە بازرگانییه‌كان و ناوچە دەوڵەمەندەکانی وزەوه‌ بنیات ناوه‌. بەڵام سعوودییەکان ڕێکكەوتننامەکانیان لەسەر بنەمای بەهێزکردنی سیستەمی وڵاتەکەیان لەسەر بنەمای کۆکردنەوەی دۆست لە ڕێگەی پێشکەشکردنی بەرژەوەندی و دروستکردنی کڕیار بۆ وزەکەیان بنیات ناوە؛ کە لێرەیشەوە پێشەکەوتنێکی کەمی پترۆکیمیایی و ئابووری و تەکنەلۆژی دەکەن، لە پاڵ دابینکردنی ئاسایش بۆ وڵاتەکەیان.

ستراتیژییەتی ڕێکكەوتنی نێوان ئەمریکا و سعوودیا

ستراتیژییەتی ڕێکكەوتننامەکانی نێوان ئەمریکا و سعوودییەکان بە درێژاییی مێژوو، بەتایبەتی دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە، زۆر بەرژەوەندیخوازانەی ناچاری بووە. واتا سعوودییەکان گەمەیەکی ناچاریی ئابوورییان بەرامبەر سیاسەتی پراگماتیکی و گوشاری هێزی ڕەقی ئەمریکییەکاندا کردووە. ڕاستە بەرژەوەندییە ئابوورییەکان بەشێکن لە سیاسەتی پراگماتیکی، بەڵام نەک بەرژەوەندیی ئابووریی ناچاری، یان بەخشینی سەرچاوە سروشتییەکان لە پێناوی مانەوەدا. ڕێکكەوتننامەکانیش کاتێک بۆ هەر دوولا بە ستراتیژی دادەنرێن، کە چەند مەرجێکیان تێدا بێت، لەوانە:

١- دادپەروەری،

٢- ڕوون و ئاشکرایی بۆ هەر دوو وڵات،

٣- توانای جێبەجێکردن لە هەر دوو لاوە،

٤- هاوسەنگیی هێز لە نێوان هەر دوو لا.

لە ڕووی مێژووییشەوە، سعوودییەکان بەتەواوەتی لەژێر هێژموونیی ئەمریکییەکاندا، جووڵانەوە سیاسی و ئابوورییەکانیان ڕێک خستووە، بەتایبەتی لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا. ئەگەر کەرتی نەوت و وزەیش بە نموونە وەربگرین، دیارترین کۆمپانیای سعوودییەکان کۆمپانیای "ئارامکۆ"ی نیشتمانییە، کە بە بەراورد بە کۆمپانیاکانی تری نەوت لە جیهاندا، خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوت و زۆرترین سەرمایەیە. سەرەتای دروستبوونی ئەم کۆمپانیایە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٣٣، کە لە ڕێگەی کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکاوە بناغەی بۆ دانرا. واتە سەرەتا کۆمپانیا گەورە ئەمریکییەکانی ئەمریکا، هەم لە ڕووی هێژموونیی پیشەسازی، هەم لە ڕووی ئابووری و بازرگانییه‌وه‌، نەوتی سعوودییەکانیان بەدەستەوە بوو. لە دیارترین کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش کە لە ساڵی ١٩٣٣وە تا ساڵی ١٩٨٨ جڵەوی نەوتی سعوودیایان بەدەستەوە بوو، بریتین لە:

  • SOCAL - Standard Oil of California Co
  • CASOC - California Arabian Standard Oil Co
  • Chevron
  • Texaco - Texas Oil
  • ESSO - Standard Oil New Jersey
  • Exxon Mobil
  • Aramco - Arabian American Oil Co
  • Socony Vacuum

ئەم کۆمپانیا ئەمریکییانە سەرجەمیان لە بواری وزەدا بازرگانی و وەبەرهێنانیان دەکرد، دەتوانین بڵێن لە سەرەتاوە کۆنتڕۆڵی بەشی زۆری پشک و بیرە نەوت و گازییەکانی وڵاتی سعوودیەیان کردبوو. بەڵام لە ساڵی ١٩٨٨ تەنها کۆمپانیای Arabian American Oil Co، مایەوە کە "کۆمپانیایەکی سعوودی ئەمریکی" بوو، دواتر ئەم کۆمپانیایەش پشکەکانی لە لایەن سعوودیاوە بەتەواوەتی (بەخۆماڵی) بەنیشتمانی کرا و، ناوەکەیشی گۆڕدرا بۆ کۆمپانیای "ئارامکۆی سعوودی". لێرەوە بەدواوە نەوت و گازی سعوودیە بەتەواوەتی کەوتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سعوودیە لە ڕووی بازرگانی و وەبەرهێنانەوە.

بە واتایەکی تر، زۆر جار سعوودییەکان، ڕاستە لە بەرژەوەندییاندایە ڕێکكەوتننامە ئابوورییە سیاسییەکان واژوو بکەن، بەڵام بەو مەرجەی کە دوور لە گوشاری سیاسی و ترس، قازانجێکی هاوسەنگ بکەن. بەڵام بە درێژاییی مێژوو، سعوودییەکان لەژێر ترسی مانەوە و قازانجی کۆمەڵێک خێزانی نزیک لە پاشاکانی سعوودیا، ڕێکكەوتننامەکانیان واژوو کردووە. واتە ئەو گەمەیەی کە سعوودییەکان دەیکەن، گەمەیەکی ئابووریی ناچارییە؛ لە لایەک بۆ دوورخستنەوەی مەترسیی ئەمریکا و، لە لایەکی تریش بەدەستهێنانی پشتگیریی ئەمریکییەکان بۆ دژایەتیکردنی ئێران و شیعەکان.  لە بەرامبەریشدا، گوشار و  هێز، بۆ ئەمریکییەکان باشترین ڕێگه‌ بووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕە جۆربەجۆرەکان و ساغکردنەوەی کەلوپەلەکانیان، بەتایبەتی چەک و ئامێرە سەربازییەکان. جەنگیش یەکێک بووە لە ڕێگه‌کان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی ئەمریکییەکان، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

هێزی دۆناڵد ترامپ لە دوا ڕێکكەوتننامەی سعوودیا و ئەمریکادا

لە ڕووی ستراتیژییەوە ئەمریکییه‌کان گەورەترین قازانجیان لەو ڕێکكەوتننامەیە کرد، کە بە سەرپەرشتی ترامپ و مەلیک سەلمانی کوڕی عبدولعەزیز واژوو کرا. ئەمەیش بەو مانایە نایەت کە سعوودییەکان قازانج ناکەن، بەپێچەوانەوە بەو ڕێکكەوتننامەیە کە نرخەکەی بە زیاتر لە ٤٦٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، لە ڕووی سیاسییەوە قازانجێکی گەورەی بۆ فراوانبوونی هێژموونیی سعوودیا و سوننەکان هەیە؛ لە بەرامبەردا ڕێگرییەکی باش دەبێت لە هێژموونیی ئێران و شیعەکان، بەتایبەتی  دوای جه‌نگێکی درێژخایەن، کە پێدەچێت دوای کۆتاییی جەنگی داعش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوو بدات.

هەروەها وەرگرتنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە لایەن دۆناڵد ترامپەوە، کە خۆی بازرگانێکی گەورەیە، بابەتی پراگماتیکیبوونی، زیاتر فراوان کرد. هەروەک لە سه‌روبه‌ندی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا ترامپ بەئاشکرا ئاماژەی بەوە دا کە: "سعوودیا لە پێناوی مانەوە و پاراستنی ئاسایشی خۆیدا، پێویستە پارە و نەوت ببەخشێت." لەوەیش زیاتر، داوای وەرگرتنی دەسەڵات و پێش سەردانەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوڵەتی سعوودیا، دۆناڵد ترامپ لە یەکێک لە دیدارەکانیدا گوتی: "ئەمریکا قەرزارە و، منیش دەچم پارەی بۆ پەیدا دەکەم." بەڵام با برانین ئەو ڕێکكەوتننامانەی کە لە نێوان ئەمریکا و سعوودییەکان واژوو کراون لە چەند بەش پێک دێن. بەگشتی کۆی سەرجەم ڕێکكەوتننامەکان لە ڕووی پارەوە، بە نزیکەی زیاتر لە ٤٠٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت کە سێ بەش لەخۆ دەگرێت:  

یەکەم: سەربازی

نزیکەی ١١٠ ملیار دۆلاری ئەو بڕە پارەیەی لە ڕێکكەوتننامەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، بۆ لایەنی سەربازی و بەرگری تەرخان کراوە. گرنگترین پرۆژە سەربازییەکانیش کە ئەمریکا پێشکەش بە دەوڵەتی سعوودیای دەکات، بریتین لە:

  • واژووکردنی گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیای "لوكهيد مارتن"  بۆ پشتگیریی پرۆژەیەک، کە بەستنی ١٥٠ هێلیکۆپتەری لە جۆری Black Hawk S-70 لەخۆ دەگرێت.
  • واژووکردنی گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیای بواری بەرگری “Raytheon" بۆ دامەزراندنی لقێکی ئەو کۆمپانیایە لەناو دەوڵەتی سعوودیا، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی تواناکانی هێزی سەربازی و ئاسایشیی سعوودییەکان.
  • واژووکردنی گرێبەستێک لەگەڵ بەڵێندەرێکی کۆمپانیایەکی سەربازی بە ناوی جەنەراڵ دايناميكس بۆ دامەزراندنی شێوه‌یه‌كی ئه‌ندازه‌یی (هەندەسی) بۆ تانک و سەیارەی سەربازی و خەندەقی تایبەت بە شوێنە سەربازییەکان و هتد.

دووەم: وزە و نەوت و کەرتەکانی پیشەسازی

بەشی زۆری پارەی تەرخانکراوی ناو ڕێکكەوتننامەکە، پەیوەندیدارە بە پرۆژەکانی نەوت و وزە و ئەو کەرتانەی پیشەسازییه‌وه‌ کە بە پرۆژە پترۆکیمیایییەکانەوە بەستراوە؛ جگە لە پڕۆژەی پەیوەندیدار بە پاكکردنەوەی ئاو و ڕاکێشانی، کە لە لایەن داو كيميكالی ئەمریکییەوە ئەنجام دەدرێت و، تێچووی ئەم پرۆژەیە بە نزیکەی ١٠٠ ملێۆن دۆلار  دەخەمڵێنرێت. هەروەها چەند پرۆژەیەکی تری ستراتیژیش لە لایەن کۆمپانیای جەنەڕاڵ ئەلەکتریک ئەنجام دەدرێت، بە نزیکەی ١٥ ملیار دۆلار. سەرجەم پرۆژەکانی تری تایبەت بە وزە، لەگەڵ کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی و کۆمپانیا ئەمریکییە جۆربەجۆرەکانی تایبەت بە وزە ڕێک خراون، کە تێچووی سەرجەم ڕێکكەوتننامەکانی تایبەت بە وزەیش، بە نزیکەی ٥٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.

سێیەم: پڕۆژەکانی تر:

کۆمپانیای بلاكستۆن بۆ وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سندوقی وەبەرهێنانی گشتی لە سعوودیا، پڕۆژەیەکیان بە نرخی ٤٠ ملیار دۆلار واژوو کردووە، بە پەرەپێدانی ژێرخانی سعوودیا لە چەند ڕوویەکەوە. هەروەها کۆمپانیای "ئیکسۆن مۆبیل"، کە پێشتر "ريكس تیلیرسۆن" (کە ئێستا وەزیری ده‌ره‌وه‌ی ئەمریکایە سەرپەرشتیی ئەو کۆمپانیایەی دەکرد)، ڕێکكەوتنێکی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیای سعوودیا بۆ پیشەسازییە سەرەکییەکان، بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی واژوو کردووە. لە ڕووی ستراتیژییشەوە ئەم پرۆژانەی لە ڕێگەی ئەو ڕێکكەوتننامانەوە واژوو کراون، چەندە لە بەرژەوەندیی سعوودییەکاندا بێت، دوو ئەوەندە و سێ ئەوەندە لە بەرژەوەندیی کۆمپانیاکانی ئەمریکا و خەڵک و حکوومەتی ئەمریکیدایە.

بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە سعوودییەکان هیچ قازانجێک ناکەن، بەڵکوو لە ڕووی ئابوورییەوە، هەروەها لە ڕووی سیاسییەوە قازانجێکی باش دەکەن؛ کە ئەمە مەبەستی سەرەکیی سعوودییەکانە، قازانجە گەورە و دیارەکە دەکەن، کە ئەویش ئەوەیە هێز و هێژموونیی خۆیان و سوننە هاوپەیمانەکانیان لە بەرامبەر ئێران و شیعەدا فراوان و بەهێزتر دەکەن؛ ئەمەیش بە پاڵپشتیی سەرەکیی هێزی سەربازیی ئەمریکییەکان. دەتوانین بڵێین هەرێمی کوردستانیش لەناو ئەو ستراتیژییەتەدا قازانجی خۆی دەکات و، کەمێک لە هێژموونیی ئێرانییەکان دوور دەکەوێتەوە.

دەرەنجام

گەمەی ئابووریی سعوودییەکان زۆر جار گەمەیەکی ناچاری بووە، کە بەرامبەر بە سیاسەتی پراگماتیکیی ئەمریکادا دەیگرێتە بەر. هەروەها، ڕێکكەتننامەکانی نێوان ئەمریکا و سعوودیایش کە بە سەرپەرشتیی دۆناڵد ترامپ و شا سەلمانی کوڕی عبدولعەزیز ئەنجام دران، ئەگەرچی لە ڕووی ستراتیژییەوە لە بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسیی ئەمریکادایە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت کە سعوودییەکان قازانج لەو ڕێکكەتننامانە ناکەن، بەڵکوو لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە، سعوودییەکان درێژە بە پێشکەوتنە لەسەرخۆکانی خۆیان دەدەن لە ڕووی ئابوورییەوە و، لە ڕووی سیاسییشەوە گه‌ره‌نتیی پاراستنی دەسەڵاتە سیاسییەکانی خۆیان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەکی دەکەن، بەتایبەتی بەرامبەر هێزی ئێران و شیعەی ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دەتوانین بڵێین هەرێمی کوردستانیش لە ڕووە سیاسییەکەیەوە قازانجێکی ناڕاستەوخۆ لەو ڕێکكەوتننامانە دەکات، تا بتوانێت زیاتر و سەربەخۆتر کار بکات و، لە هێژموونیی سیاسیی ئێرانییەکان دوور بکەوێتەوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples