خستنەڕووی پرس
چەند ڕۆژێکە لە چەند دەزگهیەکی میدیایی (بینراو، بیسترا و ئەلەکترۆنی)یهوه، باسوخواسی پەیوەندیدار بە کێشە و گرفتەکانی نێوان کۆمپانیای دانا گاز و حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەری هەڵداوەتەوە. ناتەندروستیی ئەم بابەتە لەوەدایە کە، ئەو کەسانەی کە باس لەو بابەتە دەکەن، بەبێ تێگەیشتن لە بابەتەکە و بێ ئەوەی بزانن ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان کۆمپانیای ناوبراو و حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە چ ئاستێک، ڕاستەوخۆ شیکردنەوەی جۆربەجۆری بۆ دەکەن.
هۆکاری ئەم ناتێگەیشتنەیش، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کێشە و گرفتە ئابووری و سیاسییەکان زۆر جار بە شێوەیەک تێکەڵ بەیەکتر دەبن، کە هاووڵاتیی ئاسایی و، زۆر کات بەشی زۆری چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، دەگەنە ئاستێک کە سەرلێشێوانێکیان لا دروست بێت و بەتەواوەتی لە ڕاستیی بابەتەکە تێ نەگەن.
لێرەوە بەپێویستی دەزانین بە شێوازێکی نوێ، خوێندنەوە بۆ کێشەی نێوان دانا گاز و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەین؛ بەو هیوایەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەو بیروبۆچوونانە دوور خەینەوە کە تەنیا بە شێوازێکی ناتەندروستی پڕ لە توندوتیژی، دەیانەوێت ڕەخنەکانیان ئاراستەی حکوومەت، یان کۆمپانیای ناوبراو بکەن. کەواتە لێرەدا دوو پرسیاری گرنگ دێتە ئاراوە: ئایە چۆن دەکرێت لە سروشتی ململانێ و پەیوەندییەکانی نێوان کۆمپانیای دانا گاز و حکوومەتی هەرێمی کوردستان تێ بگەین؟ لەوەیش گرنگتر، ئایە هیچ کێشەیەکی نوێ لە نێوان دانا گاز و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە؟ بە واتایەکی تر، ئایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بڕە پارەیەکی تری قەرزارە، جگە لەو بڕە پارەیەی لە ماوەی ڕابردوودا باسی لێوە دەکرا؟
ناوەرۆک
سەرەتا وا باشترە لە ڕووی مێژوویییەوە دووبارە باس لە پەیوەندییەکانی نێوان کۆمپانیای دانا گاز و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەینەوە؛ کە دەتوانین بڵێین بەپێی داتا و زانیارییەکان، مێژووی کارکردنی دانا گاز لە هەرێمی کوردستان، بۆ ساڵی ٢٠٠٧ دەگەڕێتەوە، کە ئەو کاتە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای نەفت هیلالی ئیماراتی، بۆ پێشخستن و ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە کێڵگەی گازی خۆرمۆر و چەمچەماڵ، گرێبەستێکی ٢٥ ساڵەیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژوو کرد؛ پاشان هەر دوو کۆمپانیایOMVی نەمساوی و MOLی هەنگاری، هەر یەکە بە ڕێژەی %١٠ لەو پرۆژەیەدا، بوون بە هاوبەش.
پاشان لە ماوەی نێوان ٢٠٠٧ تا ٢٠١٤، چەندین جۆری مامەڵە لەناو گرێبەستەکەی دانا گاز و هاوبەشەکانی کراوە و، چەند کۆمپانیایەک ئەو گرێبەستەی فرۆشتەوە و، چەند کۆمپانیایەکی تر بەشێک لە پشکەکانیان کڕییەوە، لەوانە: کۆمپانیاکانی "پيرل پترۆلێۆم" و "هیلال بۆ پتڕۆڵ". هەموو ئەو ئاڵوگۆڕی پشکانە و چەند مامەڵەیەکی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی گازی سروشتی لەو دوو کێڵگەیە و، هەروەها بوونی چەند جۆرێک لە پسووڵەی فرۆشتنی گاز، بووە هۆی سەرهەڵدانی چەند کێشەیەک لە نێوان حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیای دانا گاز؛ کە لە دەرەنجامدا کۆمپانیای دانا گاز بە هۆی زیادبوونی ڕێژە و جۆری کێشەکانی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەر دوو لا کێشەکانیان بە ڕەزامەندیی خۆیان بردە بەردەم دادگە.
کۆمپانیای دانا گاز لە نێوان بەبازاڕکردنی ئابووری و سیاسیدا
وەک هەر کۆمپانیایەکی تری بواری وزە، کۆمپانیای دانا گازیش زۆر بەزیرەکانە توانیوێتی قازانجێکی گەورە بکات، چ لەناو بازاڕی نێودەوڵەتیی وزە، چ لەناو بۆرسەکانی ئاڵوگۆڕی پشکەکان، بە هۆی ئەوەی لە لایەک بە چەندین شێواز بەبازاڕکردنێکی ئابووری (Economic Marketing)ی زیرەکانە دەکات، کە بەشێک لەو بەبازاڕکردنە لە ڕێگەی ئەو داواکارییە یاسایییانەوەیە کە پێشکەشی دادگه جۆربەجۆرەکانی بواری بازرگانیی نێودەوڵەتی دەکات، لە دژی ئەو حکوومەتانەی وەبەرهێنان لە وڵاتەکەیدا ئەنجام دەدات؛ لە لایەکی تریشهوه گوشاری حزبە ئۆپۆسزیۆن و دەزگه میدیایییەکان کە دژی حکوومەتەکان ئەنجام دەدرێت، وەک بەبازاڕکردنێکی سیاسی (Political Marketing) بە قازانجی ماددیی کۆمپانیای ناوبراودا دەشکێتەوە. لە نموونەی ئەو حکوومەتانەی کە کۆمپانیای دانا گاز داواکاریی بۆ وەرگرتنەوەی قەرز و شایستە دارایییەکانی، پێشکەش بە دادگهکان کردووە و، لە هەمان کاتدا نائارامیی سیاسی لە وڵاتەکەیاندا بووە، بریتین لە: حکوومەتی ئێران و میسر و، دواتریش دانا گاز هەمان ستراتیژی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرتە بەر.
لەو داواکارییانەی کە دانا گاز دژی ئەو وڵاتانە پێشکەشی کردوون، ڕاستە بەشێکیان مافی خۆی بوون، بەڵام بەشێکی، تەنیا بۆ بەبازاڕکردنی ئابووری و سیاسی بووە، لە پێناوی بەرزکردنەوەی پشکەکانی کۆمپانیاکە. بەڵام بەداخەوە یەکێک لە هەڵە گەورەکانی حزبە سیاسییە کوردییەکان، ئەوەیە کە بێ ئەوەی خۆیان لە ڕووی واقعی و تەکنیکی و یاسایییەوە لەناو کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بن، ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندیی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، دژی حکوومەتی هەرێم هەڵمەتی ڕاگەیاندن دەست پێ دەکەن. ڕاستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێویستیی بە ڕاوێژی زیاترە لەگەڵ ناوەندەکانی بیرکردنەوە و کهسانی پسپۆری تایبەت لە بواری پیشەسازی و بازرگانیی نەوت و گازدا، بەڵام ئەو ڕەخنانە، دەبێت بە شێوەی ئهکادیمی و زانستی بن و، نابێت لەگەڵ ململانێ سیاسییە نێوخۆیییەکاندا تێهەڵکێش بکرێن. چونکە دووبارە بڵاوکردنەوەی ئەو بڕیارانە و پرۆپاگەندەکردن لە بەرژەوەندیی دانا گاز، جگە لەوەی ئەو کۆمپانیایە قازانجی لێ دەکات و نرخی پشکەکانی لەناو بازاڕی نێودەوڵەتیی وزەدا بەرز دەبێتەوە، هیچی تری بۆ حکوومەتی هەرێم و کوردستانیان لێ سەوز نابێت؛ کە ئەمەیش دەکەوێتە چوارچێوەی بەبازاڕکردنی ئابووری و سیاسی(Economic & Political Marketing) کە یەکێکە لە زانستە نوێیە ئاڵۆزەکانی ئەم سەدەیە، کە زۆر جار لەبەر کەمشارەزایی، حزب و کەسایەتیبە سیاسییەکان بەهەڵە دەکەونە خزمەتی کۆمپانیا گەورەکانەوە، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان.
سروشتی پەیوەندییەکانی کۆمپانیای دانا گاز و حکوومەتی هەرێمی کوردستان
دەتوانین بڵێین سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان دانا گاز و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییە یاسایی و ئابوورییانە شی بکەینەوە، کە وەبەرهێنەری بیانی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەگەڵ حکوومەتی ئەو وڵاتانەدا دروستی دەکەن کە کاری بازرگانیی لەگەڵدا دەکەن، یان وەبەرهێنانی تێدا ئەنجام دەدەن. بەڵام پێشکەوتنەکانی بواری زانست و تەکنەلۆژی و بابەتەکانی بهجیهانیبوون (Globalization) و نەمانی سەروەریی ڕەها (Full sovereignty)ی حکوومەتەکان بەسەر بوارە جیاجیاکانی ناو وڵاتەکانیاندا، وای کردووە کە زۆر جار هەم وەبەرهێنەری بیانی، کاریگەریی لەسەر بابەتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ناو وڵاتەکان هەبێت و، لە بەرامبەریشدا، کێشە کۆمەڵایەتی و نائارامییە سیاسییەکانیش کاریگەرییان لەسەر وەبەرهێنەری بیانی هەبێت. ئەم بابەتەیش دەکەوێتە چوارچێوەی زانست و ستراتیژیی بەبازاڕکردنی ئابووری و سیاسیی کۆمپانیا و دەوڵەتەکان بۆ ساخکردنەوەی کاڵاکانیان، یان گەیشتن بە ئامانجەکانیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی؛ بە شێوەیەک کە زۆرترین قازانج بۆ خۆیان و وڵاتەکانیان مسۆگەر بکەن.
کۆمپانیای دانا گازیش یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی بواری وزە، کە وەک وەبەرهێنەرێکی بیانی لەناو هەرێمی کوردستان کار دەکات و بەپێی ماددەکانی ١١، ١١٢ی دەستووری عێراقی و یاسای ژمارە (٢٢)ی ساڵی ٢٠٠٧ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تایبەت بە نەوت و گاز و، هەروەها یاسای وەبەرهێنانی ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٠٦، مامەڵە و گرێبەستەکانی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێک خستووە و، سەرەڕای هەبوونی کێشەی دارایی و یاسایی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لە نێوان کۆمپانیای دانا گاز و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە کاتی ئێستادا ئەو کێشانە تا ڕاددەیەک بەرەو چارەسەر چوونە و، پەیوەندییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ، زیاتر بەرەو پێش دەچێت.
سەبارەت بەوەی ئایە حکوومەتی هەرێم هیچ بڕە پارەیەکی تازەی وەک قەرز هاتۆتە سەر؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، بەپێی بەدواچوونمان و وەرگرتنی داتا و زانیارییەکان، نەخێر، حکوومەتی هەرێمی کوردستان نە هیچ بڕە پارەیەکی تری دۆڕاندووە، نە قەرزی زیاتریشی هاتۆتە سەر. تەنیا ئەوەی کە هەبووە و تا ئێستایش ماوەتەوە، پەیوەنددارە بە شایستە دارایییەکانی دانا گازەوە، کە نزیکەی ١،٩٨١ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و، دەبێت لە ماوەیەکی دوورودرێژدا لە چوارچێوەی گرێبەستی بەرهەمی هاوبەش بدرێتەوە (کە ئەوەیش سەرجەم شایستە دارایییەکانی دانا گاز دەگرێتەوە کە لە وەبەرهێنانی کێڵگەکانی خۆرمۆر و چەمچەماڵ و ڕاکێشانی گازی سروشتی بۆ هەر دوو وێستگەی کارەبای بازیان و هەولێر خەرجی کردووە). بێ گومان حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، تێبینیی خۆی هەیە لەسەر سەرجەم ئەو بڕە پارانەی کە دانا گاز و هاوبەشەکانی لە ڕێگەی دادگەوە داوایان کردووە؛ بۆ نموونە، بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان "دادگە داوایەکی دانا گاز و هاوبەشەکانی ڕەت کردووەتەوە، کە داوای پێدانی ١،٧ ملیار دۆلاریان کردبوو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بری ئەو گازە زیادەیەی کە بەرهەم دەهێنرێت بەتایبەتی لە کێڵگەکانی خۆرمۆر". هەروەها سەبارەت بە دانەوەی قەرزەکانیش، بەپێی دواین زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشێک لەو شایستە دارایییانەی داوەتەوە کە وەک قەرزی ئەو کۆمپانیایانە لەسەری کەلەکە ببوون.
بەڵام سەبارەت بەو ١٩ ملیار دۆلارەی کە دانا گاز داوای دەکات و، یان زۆر جار باس لە ٢٦ ملیار دۆلار لە میدیاکانەوە دەکرێت و، میدیاکاران و کەسایەتییە سیاسییەکانیش لێکدانەوەی جۆربەجۆری بۆ دەکەن، دەتوانین بڵێین لە ڕووی پیشەسازیی پترۆلیۆمهوە ڕێژەی قازانجی حکوومەتی هەرێم لەو بڕە گازەی کە لە کێڵگەکانی ژێردەسەڵاتی کۆمپانیای دانا گازدایە و وەبەرهێنانی تێدا دەکات، نالۆژیکییە كه دادگه، وا بەئاسانی لە بەرژەوەندیی کۆمپانیای دانا گاز بڕیار لەسەر بڕە پارەیەکی وا زۆر بدات. بۆیە جگە لە قسە و هەواڵی میدیایی، کە بەشێکی لەلایەن کۆمپانیاکان خۆیان و بەشەکەی تریشی لەلایەن میدیاکارانەوە ىڵاوکراونەتەوە، هیچی تر نییە.
دەرەنجام
ئەو دەنگۆیانەی کە دروست بوون سەبارەت بەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان قەرزی نوێی کۆمپانیای دانا گازی هاتۆتە سەر، یان بڕە پارەیەکی نوێی لە دادگه نێودەوڵەتییەکانی بواری بازرگانی دۆڕاندووە، جگە لە پرۆپاگەندەیەک کە دەکەوێتە چوارچێوەی بەبازاڕکردنی ئابووری و سیاسییەوە، هیچی تر نییە. بڕە پارەکانیش که کۆمپانیای دانا گاز و هاوبەشەکانی داوای دەکەنەوە، جگە لە شایستە دارایییەکانی خۆی و مافی دواکەوتنی پارەکەی، دادگه بڕیاری هیچی تری لە بەرژەوەندیی دانا گاز نەداوە و، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش تا ئێستا تێبینی و داواکاریی خۆی هەیە دژی کۆمپانیای ناوبراو. لە کۆتایدا واباشترە حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیای دانا گاز لە بەرژەوەندیی هەر دوو لا لە ئاییندەدا ئەو کێشە و گیروگرفتانە بە ڕێکاری ئابووری چارەسەر بکەن نەک لە ڕێگەی بەکارهێنانی سیاسەتی بەبازاڕکردنی ئاببوری و سیاسی هەروەک بەشێک لە کۆمپانیاکان ئەنجامی دەدەن. بەڵام گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە خەڵکی هەرێمی کوردستان و کەسایەتی و ڕۆژنامەنووسەکان وا بەئاسانی نەکەونە ژێر هێژموونیی ئەو بەبازاڕکردنە سیاسی و ئابوورییەی کە کۆمپانیاکان و حزبە سیاسییەکان کاری لەسەر دەکەن، چونکە جگە لە دڵەڕاوکێ و سەرلێشێوان ناگەنە هیچ دەرەنجامێک.