نەوت و ڕیفراندۆم؛ کاروانی سەربەخۆییی دەوڵەتی کوردستان

بەشی یەکەم

خستنەڕووی پرس

دروستبوون یان دامەزراندنی دەوڵەت، کارێکی سادە و ساکار نییە، لە هەمان کاتیشدا پرۆسەیەک نییە کە زۆر مەترسیدار بێت؛ هەروەک بەشێک لە میدیاکاران و بەشێک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستان باسی لێوە دەکەن، چونکە ئەگەر زۆر پرۆسەیەکی مەترسیدار بووایە، ئەوە هیچ نەتەوە و گەلێک هەوڵی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی نەدەدا. بەپێچەوانەوە، زۆربەی گەل و نەتەوە جیاوازەکان، گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی کە ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییان لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ و تایبەت بە خۆیان بەبەراورد بە کاتی ژێردەستەیی، باشترە. لە بەرامبەریشدا، بەو شێوەیە ئاسان نییە کە بەبێ گیروگرفت و زەحمەتی سیاسی و ئابووری، نەتەوەکان بگەن بە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان.

بێ گومان خوێندنەوەکان دەربارەی دروستبوون و دامەزراندنی دەوڵەتەکان، بە درێژاییی مێژوو جوراوجۆر بووە. واتا، هەر دەوڵەتێک بەپێی کات و شوێنی جوگرافیی خۆی لە لایەک و، بارودۆخی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی گەل و نەتەوەكه‌ی لە لایەکی تره‌وه‌، لە شێوازی دامەزراندن و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی تایبەت بە خۆیاندا جیاوازییان هەبووە. گەلی کوردستانیش سەرەڕای ئەوەی بە درێژاییی سەد ساڵی ڕابردوو، بەپێی چەندین ڕێکكەوتننامەی نێودەوڵەتی بەسەر چوار وڵاتدا (عێراق، ئێران، سووریا، تورکیا) دابەش کراوە، بەڵام بە شێوازی ئاشتی بێت یان چەکداری، هەوڵی داوە کیانێکی سیاسی و یاسایی بۆ خۆی دابمەزرێنێت.

ئەوەی بۆ ئێستا گرنگە و باسی هەنووکەیییە، ئایا کوردستانیانی باشووری کوردستان پاش بڕیاردانی دەسەڵاتدارانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ٢٥/٩/٢٠١٧، هەنگاوێکی گەورە بەرەو ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان دەهاوێژن؟ بۆ ئەم مەبەستە لە چەندین ڕوانگەوە کوردستانیان و بڕیاربەدەستانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، پێویستیان بە خوێندنەوەی ئەکادیمی، سیاسی و ئابووری هەیە. لێرەدا ئێمە هەوڵ دەدەین لە چوارچێوەی کاریگەریی نەوت و گازەوە، وەڵامی چەند پرسیارێکی گرنگ بدەینەوە تا بەرچاوڕوونییەک لەسەر چۆنێتیی کایگەریی هێزی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆم، دروست بکەین. هەوڵیش دەدەین ئەوە ڕوون بکەینەوە، کە چۆن نەوت و گاز کار دەکاتە سەر کاروانی سەربەخۆییی کوردستانیان لە کوردستانی عێراق. بەڵام سەرەتا وەڵامی پرسیارێکی گرنگ و سەرەکی دەدەینەوە، کە ئەویش ئەوەیە: ڕیفراندۆم چییە؟ ئەگەر دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ڕابگەیەنرێت، لە ڕوانگەی نەوت و گازەوە چ جۆرە دەوڵەتێکی لێ چاوەڕوان دەکرێت (شکستخواردوو، یان پێشکەوتوو)؟

ناوەڕۆک

بۆ تێگەیشتن لە کاریگەریی نەوت و گاز لەسەر بابەتی ڕێفراندۆم و کاروانی سەربەخۆییی دەوڵەتی کوردستان، دەبێت لەوە تێ بگەین کە ڕیفراندۆم خۆی وەک هەنگاوێکی سەرەتایی، دەکەوێتە ناو پرۆسە گشتییەکەوە، کە کاروانی سەربەخۆبوونی هەرێمی کوردستانە. بە واتایەکی تر، ئامانجی ڕیفراندۆم پیشاندان و دەرخستنی وێنە گەورەکەی خواستی هاووڵاتیانی کوردستانە، چونکە ڕیفراندۆم (Referendum) دەنگدانێکی گشتییە، کە بە شێوەیەکی فەرمی لە لایەن دامەزراوەیەکی فەرمی، "جا نێودەوڵەتی بێت یان نێوخۆیی"، داوا لە سەرجەم هاووڵاتیانی ناوچەیەکی دیاریکراو دەکرێت کە ڕای خۆیان لەسەر پرسێکی سیاسی، یان کۆمەڵایەتی، یان ئابووریی چارەنووسساز بدەن، یان بڕیاری له‌سه‌ر بدەن.

کەواتە لە ٢٥/٩/٢٠١٧، هاووڵاتیانی کوردستان خواستی خۆیان بە شێوەیەکی فەرمی وەک وێنەیەکی سیاسیی ئامانجدار، لە ڕێگەی ڕیفراندۆمیان بۆ مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق، بە شانۆی نێودەوڵەتیدا هەڵدەواسن. هه‌روه‌ها بە شێوەیەکی ئاشکرا و فەرمی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەڵێن: ئێمەیش وەک هەر نەتەوەیەک، سەرەتا مافی خۆمانە، پاشان کاتی گەیشتنمانە بە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان. بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە باسی لێوە بکەین، ئەوەیە کە لە ڕووی سامانە سروشتییەکانی نەوت و گازەوە، دوو جۆر دەوڵەتی نەوتیمان هەیە:

یەکەم: ئەو دەوڵەتانەی کە پێش دۆزینەوەی نەوت و گاز لە خاکەکەیاندا دامەزراون

ئەو دەوڵەتانەن کە بە شێوەیەکی گشتی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵگە و سیستەمی ئابووریی حکوومەتەکانیان لەسەر کەرتەکانی تری بواری ئابووری ڕێک خستووە، نەک تەنها داهاتی نەوت و گاز؛ هەروەها وڵاتانێکن دامەزراوەی بەهێز و دیموکراتییان تێدایە، سەرەڕای بوونی کۆمەڵگه‌ و ڕێکخراوی مەدەنیی پێشکەوتوو؛ هەروەها یاسا سەروەرە و دادگه‌کانیش باڵادەستن. بە واتایەکی دیاریکراو، دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بە شێوەیەکی واقعی لە نێوان دامەزراوە شەرعییەکان (پەرلەمان) و جێبەجێکردن (حکوومەت) و دادوەری (دادگه‌کان) ڕێک خراوە، تا بتوانێت زۆرترین ئاستی یەکسانی و دادوەری لە نێوان سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە فەراهەم بکات. لە پاڵ ئەمانەیشدا، چەندین دەزگه‌ی ڕاگەیاندنی ئازاد لەو وڵاتانەدا سەریان هەڵداوە، بەڵام ئازادیی میدیایییان بۆ مەبەستی شێواندنی ڕاستییەکان نەقۆستۆتەوە (ئیستغلال نەکردووە).

بۆیە لەو وڵاتە نەوتییانەی کە کاتی دامەزراندنەکەیان کەوتۆتە پێش دۆزینەوەی سامانە سروشتییەکانی نەوت و گازەوە، ڕێژەی هاووڵاتیی هۆشیار و دەسەڵاتداریی بەرپرسی زیاترە لە هاووڵاتیی ناهۆشیار و دەسەڵاتداری گەندەڵ و نابەرپرس. هەر بۆیەیش لە کاتی دۆزینەوەی سامانە سروشتییەکانی نەوت و گاز، سەرەڕای دروستبوونی گیروگرفتی ئابووری و سیاسی، بەڵام هاووڵاتیان و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە، لە ماوەیەکی کورتدا توانیویانە بەسەر ئەو کێشە و گرفتانەدا زاڵ بن، لە نموونەی ئەو وڵاتانەیش: نەرویج، هۆڵەندا و ئەمریکا.

بۆ  نموونە، ئەگەر باسی هۆڵەندا بکەین، ئه‌و وڵاته‌ لە کۆتاییی پەنجاکاندا دوچاری "نەخۆشیی هۆڵەندی" بووە، بە هۆی زیاتر پشتبەستن بە داهاتی ئەو غازەی کە لە ساڵی ١٩٥٩ لە ناوچەکانی گرۆنینجن دۆزرایەوە. نەخۆشیی هۆڵەندیش[i]، یەکێکە لەو نەخۆشییە ئابوورییانەی دوچاری ئەو وڵاتانە دەبێتەوە کە داهاتەکەیان تەنیا پشت بە یەک سەرچاوە دەبەستێت، بەتایبەتی داهاتی سەرچاوە سروشتییەکانی نەوت و گاز. گرفتی سەرەکیی ئەم نەخۆشییە ئابوورییە، دروستبوونی هەڵاوسانە لە داراییی ئەو وڵاتانەی بە هۆی بوونی پارەیەکی زۆری بیانی و وەلانانی بەرهەمی ناوخۆوه‌ دوچاری دەبن. لە هەموویشی ترسناکتر ئەوەیە، کاتێک ئەو وڵاتانەی تەنیا پشت بە داهاتی نەوت و گاز دەبەستن، تەنیا سێکتەری سامانە سروشتییەکانیان تووشی قەیران نابێت، بەڵکوو کۆی ژیانی سیاسی و ئابووریی دەوڵەت تووشی قەیران دەبێتەوە. ئەوەی شایەنی باسە، دوای دەستنیشانکردنی قەیرانە ئابوورییەکانیان، هۆڵەندییەکان توانییان لەو نەخۆشییە ڕزگار بن؛ زیاتر پشت بە کەرتەکانی تری ئابووری ببەستن. ئێستایش هۆڵەندا یەکێکە لە وڵاتە دامەزراوە پیشکەوتووەکانی ئەوروپا. بۆیە بە نموونەی ئەم وڵاتانە، دەگوترێت "دەوڵەتی تەندروست" یان "سەرکەوتوو".

سەبارەت بە خاوەندارێتیی نەوت و گاز لەم وڵاتانەدا، بە شێوەیەکی گشتی لە لایەن حکوومەتێکی ناوەندی بەڕێوە دەبردرێت، یان بە هاوبەشی لە لایەن حکوومەتی ناوەندی و هەرێمەکانەوە، یان لە لایەن کۆمپانیای نیشتمانی و کەرتی تایبەتەوە بەڕێوە دەبردرێت. بۆ نموونە، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سێ جۆر خاوەندارێتی هەن:

  • خاوەندارێتیی حکوومەتی ناوەندی: خاوەندارێتییەکە بۆ ئەو نەوت و گازانەی کە دەکەونە خاک و سنووری دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندییەوە لە واشنتۆن دیسی.
  • خاوەندارێتیی ویلایەتەکان: خاوەندارێتییەکە بۆ ئەو نەوت و گازەی کە دەکەونە خاک و سنووری دەسەڵاتی حکوومەتی ویلایەتەکانەوە.
  • خاوەندارێتیی تایبەت: خاوەندارێتییەکە بۆ ئەو نەوت و گازەی کە دەکەونە خاک و سنووری دەسەڵاتی تاکەکەسەکان و  ئەو خێزانانەی بۆ زیاتر لە چەند سەدەیەک لەسەر ئەو خاکە ژیاون؛ واتە خاکەکە موڵکی شەخسیی خۆیانە.

لە هەر سێ بارودۆخدا حکوومەتی ئەمریکی لە ڕێگەی سیستەمێکی باجی تۆکمە و پێشکەوتوو،  هەروەها چەندین دامەزراوەی فەرمی و باوەڕپێکراو و شەفاف، کاری وەبەرهێنانی لە نەوت و گازی ئەو ناوچانە ڕێک خستووە.

دووەم: ئەو دەوڵەتانەی دوای دۆزینەوەی نەوت و گاز لە خاکەکەیاندا دامەزراون  

ئەم وڵاتانە، بەشی زۆری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (بەتایبەتی وڵاتە عەرەبییەکان) و ئەمریکای لاتینی و  ڕۆژاوای ئەفریقا دەگرێتەوە. ئەم وڵاتانە بە شێوەیەکی گشتی لە ڕووی دامەزراوەیییەوە زۆر لاوازن و، بابەتەکانی سەروەریی یاسا و دیموکراتییەت و ئازادییە گشتییەکان گرنگیی ئەوتۆیان پێ نادرێت، لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی بە دەست کۆمەڵێک کەس و گرووپی سیاسییەوەیە، هەر ئەوانیش کۆنتڕۆڵی زۆربەی نەوت و گازەکانیان کردووە؛ کە ئەمەیش بۆتە هۆکاری سەرەکی بۆ سەرهەڵدانی نادادپەروەریی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لەناو دەوڵەتەکانیاندا. لەم وڵاتانەدا، بە شێوەیەکی گشتی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە هەژارن و  بێبەرهەمن، چونکە هەمیشە چاوەڕوانی حکوومەتەکانیان دەکەن کە لە ڕێگەی مووچەوە خۆشگوزەرانییان بۆ دابین بکات. هەروەها نائارامیی سیاسی و ئابووری، باڵی بەسەر کۆی دەوڵەتەکەدا کێشاوە. سەبارەت بە خاوەندارێتیی نەوت و گاز لەم وڵاتانە، زیاتر لە لایەن حکوومەتێکی ناوەندیی بەهێزه‌وە بەڕێوە دەبردرێت.

لێرەدا پرسیارێکی گرنگ سەبارەت بە وڵاتانی کەنداو دێتە پێشەوە: ئایە ئەو وڵاتانەی کە زۆربەیان لە شێوەی ئه‌مارات (میرنشین) و نیمچەدوورگەدان، چۆن گەیشتنه‌ ئەم ئاستی خۆشگوزەرانییە؟ سەرەتا بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، یەکەم دەبێت بزانین کە ئەو وڵاتانە ڕێژەی دانیشتووانیان زۆر کەمە و زۆربەیشیان خزموكه‌سی یەکترین. بە واتایەکی تر، تەنیا عەشیرەتێک، یان خێزانێکی گەورە، هەم هاووڵاتین هەم دەسەڵاتدارن. دووەم، مێژوو و تەمەنی ئەو وڵاتانە زۆر نییە تا هەڵسەنگاندێکی ئابووری-سیاسیی باشیان بۆ بکرێت. سێیەم، لە ڕووی دیموکراتی و مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان و دەستاودەستکردنی دەسەڵات و ئازادیی میدیاوە، بە بەراورد بە وڵاتە لیبڕاڵ و دیموکراتەکانی ئەوروپا و ئەمریکا، نیشانەی پرسیاری زۆریان لەسەرە.

هەرێمی کوردستان وەک دەرەنجام

ئایە هەرێمی کوردستان دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، بەرەو کام جۆرە مۆدێلی دەوڵەتداری دەڕوات؟ دەتوانین بڵێین هەرێمی کوردستان لە ڕووی ماف و چوارچێوەی کاروانی گەیشتن بە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، باشووری کوردستان، دەکەوێتە چوارچێوەی وڵاتانی مۆدێلی یەکەمەوە، بەڵام لە ڕووی ململانێکان لەناو هەرێمێکی پەیوەندیدار بە سیستەمی ئابووری و سیاسیی عێراقەوە، دەکەوێتە ناو مۆدێلی دووەمەوە؛ کە ئەمەیش دوو جۆر هاووڵاتی و بەرپرس و دەسەڵاتداری سیاسیی بەرهەم هێناوە:

 یەکەمیان: ئەو هاووڵاتی و بەرپرسە سیاسی و کارگێڕییانەی، کە تەنیا پشت بە مووچە و داهاتی نەوت دەبەستن بە شێوەیەکی گشتی. لێرەدا مەبەستمان فەرمانبەر و مامۆستای کەرتی گشتی نییە، چونکە ئەوانە کار دەکەن و خزمەتی کەرتی گشتی دەکەن و بەرامبەر بەوە مووچە و پارەی خۆیان وەردەگرن، بەڵکوو مەبەستمان فەرمانبەری بێکار، خانەنشینی ناشایستە، ئەفسەری بێ جێگه‌ و ڕێگە و بازرگانی نەوتی نابەرپرسە.

دووەم: ئەو هاووڵاتی و بەرپرسە سیاسی و کارگێڕییانەی، کە بە ڕەنج و ماندووبوونی خۆیان پارە و ژیان بۆ خۆیان پەیدا دەکه‌ن؛ کە هەم هاووڵاتییە سادەکە دەگرێتەوە و، هەروەها ئەو بەرپرسە سیاسی  و کارگێڕییانه‌ دەگرێتەوە کە بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن و، دڵسۆزن بۆ ئێستا و ئاییندەی نیشتمانەکەیان. بێ گومان پێشمەرگە و مامۆستا و فەرمانبەرە دڵسۆز و ماندووەکانیش دەگرێتەوە، کە ئەگەر ماندووبوونی ئەوان نەبووایە ئەوا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی تووشی داڕووخان دەبوو.

کەواتە لە دوای ئەنجامدانی ڕێفراندۆم، هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی سیاسی، لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدان: کام جۆرە هاووڵاتی و بەرپرس دەکەنە پێشڕەوی خۆیان؟ چونکە هەڵبژاردنی بەرپرسی باش، مۆدێلی فەرمانڕەوای باشت بۆ دروست دەکات؛ کە دەتوانین بڵێین ئەو کاتە زیاتر دەردەکەوێت کە ئایە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە ڕووی خۆشگوزەرانی و دامەزراوەیییەوە بە شوێنپێی ئەو وڵاتانەدا دەڕوات کە پێش دۆزینەوەی نەوت و گاز دامەزراون، یان ئەو وڵاتانەی کە دوای دۆزینەوەی نەوت و گاز لەناو خاکەکەیاندا دامەزراون.

 

 

 

[i] - لە ڕووی مێژوویییەوە بۆ یەکەمجار چەمکی نەخۆشیی هۆڵەندی لە لایەن گۆڤاری "ئیکۆنۆمیست"ی بریتانییەوە  لە ساڵی ١٩٧٧ بەکار هێنرا، پاش ئەوەی وڵاتی هۆڵەندا تووشی پاشەکشێیەکی ئابووری لە ڕووی پیشەسازییەوە بووه‌وە، بە هۆی زیاتر پشتبەستن بە داهاتی ئەو غازەی کە لە ساڵی ١٩٥٩ لە ناوچەکانی گرۆنینجن دۆزرایەوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples