بەشی دووەم
خستنەڕووی پرس
ئایا پەیوەندیی نێوان نەوت و ڕیفراندۆم لەناو گەل و نەتەوەکانی تردا چۆن بووە. بە واتایەکی تر، ئایە هیچ هەرێمێک، یان ناوچەیەکی تری نەوت و گازی هەیە سەر بە دەوڵەتێک بووبێت و لە ڕێگەی ڕیفراندۆمەوە داوای جیابوونەوە، یان سەربەخۆییی کردبێت؟ بۆ ئەم مەبەستە ئێمە پشت بە زانستی سیاسەتی بەراوردکاری(Comparative Politics) دەبەستین، تا لە لایەک بگەینە دەرەنجامێکی زانستی و ئەکادیمیی دوور لە شیکردنەوەی کەسی و دەمارگیریی حزبی، لە لایەکی تریش هەرێمێک، یان دەوڵەتێکی وا بدۆزینەوە کە لە ڕووی واقعییەوە بتوانین لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا بەراوردی پێ بکەین، تا بە شێوەیەکی کرداری، سوودی لێ وەربگرین.
ناوەڕۆک
یەکێک لە ڕێگهکانی دانانی پلانی ستراتیژی و هەڵسەنگاندنی بڕیارەکان لە بواری زانستی سیاسیدا، لە ڕێگەی سیاسەتی بەراوردکاری (Comparative Politics)هوه ئەنجام دەدرێت. ئەم زانستە، هاوکاریی بڕیاربەدەستانی سیاسی دەکات کە بەرچاوڕوونییەکیان سەبارەت بە ئەنجامی ئەو بڕیارانەی کە وەری دەگرن هەبێت؛ ئەویش لە ڕێگەی لە بەرچاوگرتن و بەراوردکردنی ئەو ڕووداو و بڕیارانەی کە خۆیان و گەلەکەیان پیایدا تێ دەپەڕن، بە بەراورد لەگەڵ ئەو ڕووداو و بڕیارانەی کە گەلانی تر لەناوچە جوگرافییە جیاوازەکاندا پیایدا تێ پەڕیون. لە هەرێمی کوردستانیش، گەل و بڕیاربەدەستانی سیاسی، پێویستە سوود لە چۆنێتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و دەرەنجامی ئەو ڕیفراندۆمانەی کە لەناو ئەو گەل و نەتەوانەدا کراون کە خاوەنی نەوت و گازن لە ناوچە جوگرافییە جیاجیاکانی جیهاندا، وەربگرن.
بۆ ئەم مەبەستە، ئێمە هەوڵ دەدەین سوود لە ناوچە و هەرێمێک وەربگرین کە دەوڵەمەندە بە نەوت و گاز و، لە ڕێگەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە، ئێستا بووە بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ. لەم ڕێگەیەوە هەوڵ دەدەین بەراوردکارییەک لە نێوان ئەو دەوڵەتە نەوتییە و هەرێمی کوردستاندا بکەین. باشترین و زیندووترین نموونەیش کە لە ڕووی سیاسی و ئابووری و ئیتنیکی و دروستبوونەوە بە عێراق و هەرێمی کوردستان بەراورد بکرێت، سوودان و باشووری سوودانە.
خاڵە لێکچوو و جیاوازەکانی باشووری سوودان و هەرێمی کوردستان
وا باشترە لە چەند ڕوویەکەوە بەراوردێک لە نێوان خاڵە هاوبەش و جیاوازەکانی وێنە گەورەکەی عێراق-هەرێمی کوردستان لەگەڵ سوودان- باشووری سووداندا بکەین، تا تێ بگەین باشووری سوودان کاتێک ڕیفراندۆمی ئەنجام دا بارودۆخەکەی چۆن بووە. ئەگەر خاڵی لێکچوون لە نێوان هەرێمی کوردستان و باشووری کوردستان زۆرتر بوو، کەواتە دەکرێت هەرێمی کوردستانیش لە ڕێگەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە لە خاڵی سەربەخۆیی نزیک بێتەوە. گرنگترین خاڵە لێکچووەکانی نێوان عێراق-هەرێمی کوردستان لەگەڵ سوودان- باشووری سووداندا بریتین لە:
یەکەم: مێژووی دامەزرانی عێراق و سوودان
ئەوەی جێگەی ئاماژەپێدانە لە ڕووی مێژوویییەوە، چۆن بریتانییەکان ڕۆڵیان هەبووە لە پێکەوەگرێدانی خاکی باشووری کوردستان (باکووری عێراق - هەرێمی کوردستانی ئێستا) بە ناوچەکانی تری عێراقی ئێستاوە پاش ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، بەتایبەتی لە ساڵی ١٩١٦دا پاش ئەوەی بریتانییەکان لە ڕێگەی پێکەوەلکاندنی هەر سێ ویلایەتی "مووسڵ"، "بەغدا" و "بەسرە"، شێوەی جیۆپۆلیتیکی دەوڵەتی عێراقیان کێشا، توانییان لە ساڵی ١٩٢١ بە هاوکاریی هاوپەیمانەکانیان، بەتایبەتی فەڕەنسییەکان، عێراق دابمەزرێنن، پاشان لە ساڵی ١٩٣٢دا عێراق بوو بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ؛ دەبینین بە هەمان شێوەی عێراق، بریتانییەکان ڕۆڵیان هەبوو لە پێکەوەلکاندنی بەشی دارفۆر لە ساڵی ١٩١٦ بۆ هەر دوو ناوچە جوگرافییەکانی سوودان کە ئەوانیش "باشوور" و "باکوور"ی سوودان بوون؛ کە ئەو دوو ناوچەیەیش دوو هەرێمی جیاواز بوون. ئەمەش دوای ئەوە هات کە لە ساڵی ١٨٩٨دا هەردوو ناوچەی باشوور و باکووری سوودان لەژێر هێژموونیی عوسمانییەکاندا لە ڕووی سیاسی و دارایییەوە ببوون بە یەکەیهكی کارگێڕی. بەڵام دوای دەسەڵاتی عوسمانییەکان هەر دوو ناوچەی باشوور و باکووری سوودان بوو بە یەک دەوڵەتی ژێردەستەی بریتانیا، بە هاوکاریی هێزی سەربازیی میسرییەکان بەپێی ڕێککەوتننامەی ساڵی ١٨٩٩ کە لە نێوان بەریتانیا و میسرییەکاندا ئەنجامدرابوو. واتە بریتانییەکان ڕۆڵیان هەبوو لە دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی جێۆپۆلیتیکی دەوڵەتی سوودان لە دوای دەسەڵاتی عوسمانییەکانەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩١٦ ناوچەی دارفۆریشیان لکاند بە باشوور و باکووری سوودانەوە. بەم شێوەیە سوودانیش بوو بە یەکێک لە موستەعمەرەکانی (colony) بریتانیا وەکو عێڕاق، تا لە ساڵی ١٩٥٦ سوودانییەکان توانییان سەربەخۆییی خۆیان لەژێر دەسەڵاتی میسر و بریتانییەکان ڕابگەیەنن.
دووەم: لە ڕووی پێکهاتەی نەتەوەیی و ئیتنیکی و ئایینییەوە
عێراق بە شێوەیەکی گشتی لە ڕووی تائیفی و ئایینییەوە لە سوننە و شیعە پێک هاتووە و، هەروەها له چەندین ئایینی تری وەک مەسیحی، جوو، ئێزیدی و کاکەیی پێک هاتووە. لە ڕووی نەتەوەییشەوە زۆرینەی لە کورد و عەرەب پێک هاتووە، سەرەڕای بوونی کەمینەیەکی تورکمان و ئاشوورییەکان. بەڵام هەرێمی کوردستان بەشی هەرە زۆری کوردە، لەگەڵ بوونی چەند کەمە نەتەوایەتییەکی تر. بە هەمان شێوە لە سوودان بە شێوەیەکی گشتی لە ئیسلام و مەسیحییەکان پێک هاتووە، لەگەڵ چەند ئایینێکی سهر بە خێڵە ئەفریقییەکان، لە پاڵ بوونی ڕێژەیەک له وەسەنییەکان. بەڵام باشووری سوودان بە شێوەیەکی گشتی دانیشتووانەکەی مەسیحین، کە (٨٠٪)ی پێک دەهێنێت، لەگەڵ بوونی ڕێژەیەکی کەمی ئیسلام کە (٪١٨)ی پێک دەهێنێت و، لە (٢٪)یشی لە وەسەنییەکان پێک هاتووە کە بڕوایان بە هیچ ئایینێک نییە.
سێیەم: بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و باشووری سوودان
بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و باشووری سوودان زۆر لە یەک دەچێت. هەرێمی کوردستان کەوتۆتە ناو دەوڵەتێکەوە (عێراق) کە نە سیستەمە سیاسییەکەی، نە گرووپە سیاسییەکانیان بە شێوەیەکی تەندروست سیاسەت ناکەن. چونکە هەر لە سەرەتاوە، نەتوانرا هاوڵاتیی عێراقی لە دەوڵەتی عێراقدا دروست بکرێت، بەڵکوو هاوڵاتیی شیعە و سوننە و کورد دروست بوو. ئەوانیش جۆرە حزبێکی سیاسییان دامەزراند کە زیاتر ئینتیما و دڵسۆزییان بۆ دەوڵەتێک نەبوو بەناوی عێراقەوە، بەڵکوو هەر حزبێکی سیاسی بەگوێرەی تائیفەی ئایینی و نەتەوەکەی، دڵسۆزییان بۆ پارچە جوگرافییە جیاوازەکانی عێراق دابەش کرد؛ چونکە هەر لە سەرەتاوە خۆیان بە خاوەنی دەوڵەتێک بە ناوی عێراقی یەکگرتوو نەدەزانی.
بۆیە دەبینین لە ڕووی سیاسییەوە، هەر لە سەرەتای دروستبوون و سەربەخۆبوونی عێراقەوە بە شێوەیەکی فەرمی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی لە ساڵی ١٩٣٢وە تا ئێستا، ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا زیاتر لە ڕێگەی کودەتای سەربازییەوە ئەنجام دراوە؛ تا دوای ساڵی ٢٠٠٣ حکوومەتێکی زۆرینەی شیعە دروست بوو، کە زۆربەی پێکهاتەکانی عێراقی لە بەڕێوەبردنی سیاسی و ئابووری و دەوڵەتی عێراق دوور خستۆتەوە. سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، هەوڵیان داوە کەمترین ماف بە گەلی کوردستان ببەخشن و، بە شێوازی جۆراوجۆر دوژمنایەتیی گەلی کوردیان کردووە، لە نموونەی: کیمیاباران، ئەنفال، وێرانکردنی پێنج هەزار گوندی کوردستان و ڕاگواستن و تەعریبکردنی ناوچە کوردییەکان، بەتایبەتی پارێزگهی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکانی ئێستا. لەوەیش زیاتر، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣یشهوه، ملاملانێی حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی پێشمەرگە و بوودجە و ناوچە کێشەلەسەرەکان و نەوت و گاز، کێشە و ململانێ سیاسی و ئابوورییەکانی زیاتر قووڵ کردەوە.
بە هەمان شێوە باشووری سوودانیش، هەر لە دوای سەربەخۆبوونی سوودانەوە لە ساڵی ١٩٥٦هوە، لەگەڵ حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی سوودان و باکووری سوودان و خەرتوومیش دوچاری چەندین جهنگی ناوخۆیی بۆتەوە. سەرەڕای بوونی کێشەی سوننە و شیعە لەناو موسڵمانەکانی سووداندا، بەڵام لەبەر ئەوەی زۆرینەی دانیشتووانی باکووری سوودان، عەرەبی موسڵمان بوون، بە هەمان شێوەی عەرەبە موسڵمانەکانی عێراق، پڕۆسەی بەعەرەبکردن و بەموسڵمانکردنی بەزۆریان بەرامبەر کەمە نەتەوایەتییەکانی سوودان بەکار هێناوە؛ کە دەتوانین بڵێین دانیشتووانی باشووری سوودان لە دەرەنجامدا وەك گەلی باشووری كوردستان بۆ گەیشتن بە مافی سیاسی و ئابووری و نەتەوەییی خۆیان خەباتی چەكدارییان كردووە؛ تا دواجار لە ساڵی ٢٠٠٢دا، باشووری سوودان لهگهڵ حكوومەتی خەرتووم دەستی کرد بە دانوستاندن و، توانییان ڕێككەوتننامەی "نیڤاشا" لە كینیا واژوو بکەن. بەپێی ڕێككەوتننامەكە دەسەڵاتدارانی سیاسی لە باشوور و باكووری سوودان لە ساڵی ٢٠٠٥دا، سیستەمێكی كۆنفیدڕاڵییان بەپێی دەستوورێكی نوێ بۆ سوودان دامەزراند. ئەگەر لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا بەراوردی بکەین، دەبینین هەرێمی کوردستانیش لە ساڵی ٢٠٠٥دا، پاش مێژوویەکی تاڵ لەگەڵ حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، بەپێی دەستووری نوێی عێراق، بووە بە هەرێمێكی فیدڕاڵ لە دەوڵەتی عێراقی پاش سەددام حوسێندا.
چوارەم: ئابووری و نەوت
باشووری سوودان ناوچەیەكی بەپیتە و سەرچاوەی ئاوی سوودانە؛ بە هەمان شێوەیشی هەرێمی کوردستان خاکەکەی بەپیتە و، بەشی زۆری ئاوی شیرین لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارچەکانی تری عێراقی عەرەبی دەچێت. لە ڕووی نەوت و سامانە سروشتییەکانیشەوە، سوودانیش بە هەمان شێوەی عێراق نەوتێکی زۆری هەیە، بەڵام زۆرینەی نەوتی سوودان دەكەوێتە باشووری سوودانەوە. حکوومەتی ناوەندی لە خەرتووم، بە هەمان شێوەی حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا، ڕەتی دەکردەوە کە دەسەڵاتدارانی سیاسی لە باشووری سوودان، نەوت و گازی کێڵگەکانی سنووری ژێردەسەڵاتی خۆیان بەڕێوە بەرن و بازرگانیی پێوە بکەن. هەروەها حکوومەتی ناوەندیی سوودان، ململانێکانی لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی سەرجەم کێڵگە نەوتییەکانی باشووری سوودان، گەیاندە ئاستی جەنگی سەربازی. تا کار گەیشتە ئەوەی ماوەی چەندین ساڵ شەڕ و ململانێ لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی نەوت، کێشەکانی باشووری سوودانی لەگەڵ باکوور و حکوومەتی ناوەندی لە خەرتووم قووڵتر کردەوە؛ سەرەڕای دامەزراندنی سیستەمێکی کۆنفیدراڵی لە سوودان.
بەڵام ئەوەی جێگەی ئاماژەپێدانە، سیستەمی کۆنفیدڕاڵی نەیتوانی هەر دوو پارچەکەی سوودان بەتەواوەتی بەیەکەوە گرێ بدات، لەبەر ئەوەی دووبارە کێشە سیاسی و ئابووری و نەتەوایەتییەکان دووبارە سەری هەڵدایەوە بە هۆی ململانێی هەر دوو حکوومەتی باشوور و باکووری سوودانەوە لەسەر پرسی نەوت و گازی باشووری سوودان. ئەوە بوو لە ساڵی ٢٠١١دا باشووری سوودان پڕۆسەی ڕیفراندۆمی لەژێر سەرپەرشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و بە ڕەزامەندیی باكوور و باشووری سوودان ئەنجام دا. ئەنجامی ڕیفراندۆمەكەیش دەنگی (٩٣٪)ی "بەڵێ"ی بەدەست هێنا و، لە ١١/٧/٢٠١١دا بە ئامادەبوونی سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان و دەیان سەرۆك وڵات و سەرۆكی سوودان، باشووری سوودان سەربەخۆییی خۆی ڕاگەیاند. ئەگەر بە عێراق و هەرێمی کوردستان بەراوردی بکەین، بۆمان دەردەکەوێت سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٥هوە سیستەمی فیدڕاڵی لە عێراق بە شێوەیهکی ناسیستەماتیکی بنیات نراوە، بەڵام بە هەمان شێوە سیستەمی فیدڕاڵی نەیتوانی سەرجەم کێشەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی لە عێراق چارەسەر بکات. بۆیە لە ئێستادا هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە ٢٥/٩/٢٠١٧دا، لە ڕێگەی ئەنجامدانی ڕێفراندۆمەوە لە خاڵی سەربەخۆبوون نزیک بێتەوە.
خاڵە جیاوازەکانی نێوان باشووری سوودان و هەرێمی کوردستان
دەرەنجام و ڕۆڵی بەرژەوەندیی وزە لە سەرخستنی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان
باشووری سوودان و هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و ئابووری و تەنانهت کێشەی کەمە نەتەوایەتییەکانیشەوە، لێکچوونەکانیان زۆر زیاترە لە جیاوازییەکانیان. بەڵام ئەوەی جێگەی هەڵوەستەکردنە، ڕۆڵی بەرژەوەندیی وزەی نەوت و گازە، کە زۆر لە هەر دوو ناوچەکەدا بەهێزە. واتا لە باشووری سووداندا سەرەڕای ئەوەی کێشەیەکی زۆری نێوان باشوور و باکوور لەسەر داهاتی ئەو نەوتە بوو کە دەکەوتە کێڵگەکانی باشووری سوودانەوە، بەڵام هەر ئەو نەوتەیش بوو کە دواتر بەرژەوەندییەکی گەورەی بۆ باشووری سوودان دروست کرد، تا بتوانێت بیکات بە هێزێک و بیخاتە خزمەت کۆکردنەوەی پاڵپشتی بۆ سەربەخۆبوونی باشووری سوودانەوە. بە هەمان شێوەیش، سەرەڕای ململانێکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی عەرەبی لەسەر چەندین کێشەی ئابووری و سیاسی و نەتەوەیی، بەڵام واقعیترین ململانێ، ململانێی هەرێمی کوردستان بوو لەسەر بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆی، بەتایبەتی مافی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبردن و بازرگانیپێکردنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان؛ چونکە ئەو ڕێککەوتننامە ستراتیژییە ئابوورییانەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت و گازی واژۆ کردووە، پێشبینی دەکرێت لە ئاییندەدا ببێتە گەورەترین پشگیری بۆ سەرخستنی پرۆسەی ڕیفراندۆم و کاروانی سەربەخۆییی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ؛ چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیوێتی بە شێوەیەک بەرژەوەندیی وڵاتانی جیهان بە نەوت و گازی هەرێمی کوردستانەوە ببەستێتەوە، کە وا بەئاسانی لە ئایندەدا نەتوانن دەستبەرداری خاک و گەلی باشووری کوردستان بن.