ڕیفراندۆم؛ لە نێوان وەهمی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان و واقعبینیی بارزانیدا

تا ئێستا لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستان، "بارزانی"، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە ڕیفراندۆمی بۆ مانەوەی لە پۆستەکەی بەکار دەهێنێت، نەک گەیشتن بە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان. بە واتایەکی تر، بارزانی ڕیفراندۆمی بۆ موزایەدەیە و دەیخاتە خزمەت هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێمی کوردستانەوە، بۆ ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو شکستانە ڕزگار بکات کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا تێی کەوتووە، بەتایبەتی لە بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و دارایییەوە. بەڵام بارزانی بە شێوەیەکی واقعی وەڵامی سەرجەم ئەو تۆمەتانەی دایەوە، ئه‌ویش لە ڕێگەی ئەو سەردانه‌یەوە له‌ ڕۆژی ١١/٧/٢٠١٧ بۆ برۆکسل و یەکێتیی ئەوروپا، لەگەڵ شاندی باڵای ڕیفراندۆم. بەکورتی، بارزانی بەبێ ترس و بەشانازییەوە بە سەرجەم وڵاتانی جیهانی گوت: "یان دەبێت لەگەڵمان ڕاستگۆ بن و پشتگیریی نەتەوەکەمان بکەن لە کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، یان ئەوەتا چاوەڕوانی شه‌ڕێکی گەورەتر بکەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ کە لەو شەڕەیشدا ئیمە خۆمان و میللەتەکەمان ناکەین بە قوربانیی پره‌نسیپەکانی دیموکراتی و مافی مرۆڤ.

سەبارەت بە ململانێکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش با قسەیەک بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکەین، چونکە وا دیارە حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستان لەبەر خەمی زیادکردنی دەنگدەرەکانیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان، دەیانەوێت زۆر بە شێوەیەکی ناتەندروست ململانێ لەگەڵ بارزانیدا بکەن. تەنانەت ململانێ سیاسییەکانیان گەیشتۆتە ئاستێک، کە مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کوردستانیش، کە ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستانە، لەبەر چاوی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی جیهانیش ناشرین بکەن. بۆیە وەک وەڵامێک بۆ ئەو هەوڵانە، وا باشترە حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان، باش لە بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان تێ بگەن، کە بارزانی و حزبەکەی، هیچ شکستێکی وایان نه‌هێناوه‌؛ نە بەرامبەر حزبە سیاسییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، نە بەرامبەر بەغدا و وڵاتانی ناوچەکە. بەپێچەوانەوە، بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتی ئێستادا یەکێکن لە بەهێزترین کارەکتەرەکان، نەک لەسەر ئاستی ناوخۆ، بەڵکوو لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش.

 ڕاستە قەیرانی دارایی بە هۆی چەندین هۆکار و لاوازیی کارگێڕی و سیاسی، بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرت، کە حکوومەتی هەرێم و سەرجەم لایەنەکانی هەرێمی کوردستان لێی بەرپرسیارن، هەروەها جه‌نگی داعش و هاتنی ڕێژەیەکی زۆری پەنابەرانی عەرەبی عێراقی و سووری بۆ هەرێمی کوردستان، لە پاڵ بڕینی بوودجەی هەرێم لە لایەن بەغداوە هۆکارێکی تری ئەو قەیرانانە بوون. بەڵام لە بەرامبەردا بارزانی، بە هاوکاریی بەشێک لە حزبە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان و هێزی هاوپەیمانان، توانیی گەورەترین سەرکەوتن بۆ خەڵکی کوردستان مسۆگەر بکات؛ بەوەی نەیهێشت خاکی هەرێمی کوردستان، ببێت بە شانۆی یەکلاکردنەوەی بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێز و ناوچەکە.  هەروەها هەرێمی کوردستانی لە دووبارە وێرانکاری و ئەنفالی هێزە تیرۆریستییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان ڕزگار کرد.

بۆیە بە ڕای ئێمە، بەرژەوەندی و ترسەکانی دوای جه‌نگی داعش، زۆر مەترسیدارترن لەو وەهمەی كه‌ حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە ڕووی دیموکراتی و وابەستەیییان بە عێراقێکی عەرەبی باسی لێوە دەکەن، چونکە ئاخھەڵکێشانەکانی حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان بۆ عێراقی عەرەبی، ڕاکردنە لە بەرپرسیارێتی؛ چونکە شارەکانی عێراقی عەرەبی تا ئێستا بە دەست نەبوونی ئاسایش و خزمەتگوزاری و ململانێی شیعە و سوننە و تیرۆر و گەندەڵییەوە دەناڵێنن. بەڵام حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستان، لەبەر ئەوەی لە ڕووی سیاسی و دارایییەوە تا ئێستا هیچیان پێشکەش بە دەنگەرەکانیان و خەڵکی کوردستان نه‌كردووە، بۆیە لە پێناوی شاردەنەوەی شکستەکانیان و خۆدزینەوە لەو هەموو بەڵێنانەی کە بە دەنگدەرەکانیان دایان و، هیچیان نەهێنایە دی، ئامادەن بەو عێراقە شکستخواردووە بڵێن "بەهەشت" و، هەرێمی کوردستانیش وەک "دۆزەخ"ێک وێنا بکەن.

لەوەیش زیاتر، حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان کاتێک لە ڕووی واقعییەوە ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی دەبنەوە، ڕاستەوخۆ ترس دایان دەگرێت. بۆ نموونە، سەرەڕای ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کاراکردنەوەی په‌رلەمان و هاتنەوەی سەرۆکی پەرلەمان ڕازی بووە، بەڵام ئەوان بیانووی بابەتی "یاسای سەرۆکی هەرێم" دەهێننەوە. دڵنیام، پارتی بە بابەتی "یاسای سەرۆک"یش ڕازی بێت، ئەوان بیانوویەکی تر دروست دەکەن. کەواتە کێشەی حزبە دژەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ٢٥/٩دا، ئەو وەهمەیە کە یەکەم، پێیان وایە تەنیا ئەوان ڕاستن و، ئەوەی لەگەڵ ئەوانیشدا نەبێت ئەوا جێگەی متمانە نییە. لە لایەکی تریش، حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە بەرژەوەندیی خۆیان پەرلەمانیان وا تەقدیس (پیرۆز) کردووە؛ بڕوایان بە ڕای ڕاستەوخۆی گەلی کوردستان نەماوە. وەهمی تەقدیسکردنی پەرلەمان، لە لایەک بەوەی دەتوانێت هەموو کارێک بکات و، لە لایەکی تریشه‌وه‌ بەوەی پەرلەمان دەتوانێت لە جیاتی هەموو گەلی کوردستان لە سەرجەم پرسه‌ چارەنووسسازەکاندا بڕیار بدات. ئەم بیرکردنەوانە وای لە حزبە ئۆپۆسزێۆنەکان کردووە، لە کاتی ئێستایشدا ببنە ڕێگر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی گەلی کوردستان؛ کە ئەمەیش گەورەترین هەڵە دەبێت کە لە ئاییندەدا بەسەر ئەو ڕەوت و بزووتنەوەیەدا دەشکێتەوە، کە ببنە بەربەست بۆ ئەوەی ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان دەنگێکی زۆر بەدەست بهێنێت.

بەڵام لە بەرامبەردا واقعیبوونی (ڕیاڵیستبوونی) بارزانی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەبینین، کە بەشێکی لە ڕووداوە ترسناک و خەمناکەکانی مێژووەوە سەرچاوەی گرتووە کە گەلی کوردستان بە درێژاییی سەد ساڵی ڕابردوو پێیدا تێ پەڕیوە، بەشەکەی تری ڕیاڵیستبوونی بارزانی لە ڕووداوەکانی دوای عێراقی ساڵی ٢٠٠٣وە سەرچاوەی گرتووە؛ کە عەقڵییەتی عەرەبی لە بەغدا، چیتر بە شێوەیەکی ئاسان گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت، چونکە دەریان خست، یان دەبێت گەلی کورد لە باشووری کوردستان ژێردەستە  بێت، یان دەبێت نانبڕاو بێت. لەوەیش گرنگتر ئەو گۆڕانکارییە ترسناکانەن کە لە جیهان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی ڕوو دەدەن. هەموو ئەوانە وا لە بارزانی دەکات هەرچی زووە کێشەی نەتەوەی کورد و گەلی باشووی کوردستان یەکلایی بکاتەوە، چونکە باش دەزانێت جه‌نگێکی مەترسیدار لە پێش گەلی کوردستانە، بەتایبەتی لەگەڵ گرووپە شیعەکانی حەشدی شەعبی. بۆیە دەیەوێت ئەگەر جه‌نگیش بەرۆکی گەلی کوردی گرت، با لە پێناوی سەربەخۆیی و دەوڵەت و خاکی کوردستاندا بێت، نەک لە پێناوی وەزیرێک و ململانێیەکی بچووکی نێوان هەرێم و بەغدا.

لە کۆتاییدا ئەوەی گرنگە بگوترێت ئەوەیە، كه‌ سەرجەم حزبە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی کەسانی ئەکادیمی و ناوەندەکانی بیرکردنەوە، وا باشترە هەرچی زووە هەوڵ بدەن ڕێگەچارەی گونجاو لە نێوان سەرجەم لایەنەکاندا بدۆزنەوە: لە لایەک بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆم و کۆکردنەوەی پشگیری بۆ ئەو پرۆسەیە، لە لایەکی تریش بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستاندا هەن. سەرجەم حزبە سیاسییەکانیش، دەبێت بگەنە ئەو بڕوایەی، کە ناکرێت لە پێناوی وەهمی کۆکردنەوەی دەنگی زیاتر بۆ هەڵبژاردنەکان، بابەتێکی گرنگی وەک ڕیفراندۆم لەبەر چاوی گەلی کوردستان بێنرخ بکرێت. بۆ گەیشتنی گەلی کوردستان بە مافە ڕەواکانی، کە سەربەخۆیی و دامەزراندنی ده‌وڵەتی کوردستانه‌ لە ئاییندەدا، پێویسته‌ لە پاڵ تواناکانی سەرجەم حزبە کوردستانییەکاندا، سوود لە تواناکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەربگرن. لە پاڵ ئەوەیشدا بێ گومان بە شێوەیەکی هاوتەریب، کاری جددی بکەن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و باشترکردنی ژیانی ئابووری و سیاسیی خەڵکی کوردستان.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples