خستنەڕووی پرس
دەبێت کارتی نەوت لە دانوستانەکانی پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، یەکێک بێت لە کارتە بەهێزەکانی سەرکردایەتیی سیاسی و لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان. بە واتایەکی تر، لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم کاتێک لەگەڵ لایەنە عێراقی و هەرێمی و نێودەوڵهتییەکاندا دەست بە ئەنجامدانی دانوستانەکان دەکات، وا باشترە پرسی نەوت، بخاتە ئەجێندای بەرنامە ستراتیژییەکانی خۆیەوە. بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئایە چۆن شاندی دانوستاندنی ڕیفراندۆم، دەتوانێت کارتی وزەی کوردستان بۆ سەرخستنی پرۆسەی نەوت بەکار بهێنێت؟
ناوەڕۆک
بەکارهێنانی کارتی وزە و هێزی وزە لە لایەن سەرکردایەتیی کوردستان و لیژنەی باڵای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، کارێکی پێویست و ئەنجامدارە. بۆ ئەم مەبەستەیش، پێویستە لەسەر دوو ئاست لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم لە دانوستانەکانیدا، گفتوگۆ لەگەڵ لایەنه نێوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا بکات، کە ئەوانەیش بریتین لە یهكهم: ئاستی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و جۆری گرێبەستەکانی پەیوەندیدار بە بواری نەوت و گازەوە؛ دووەمیان: ئەو خاکە جێناکۆکانەی کە نەوت و گازێکی زۆری تێدایە و، کەوتوونەتە سنووری جوگرافیی نێوان دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێی کوردستان و حکوومەتی عێراقی عەرەبی لە بەغدا.
ئاستی ناوخۆ: عێراق و هەرێمی کوردستان
کارتی وزە
لە ڕووی ستراتیژییەوە، ناکرێت جارێکی تر هەرێمی کوردستان نەوت و گازەکەی دووبارە بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی کارگێڕی و سیاسیی حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا. حکوومەتی بەغدایش وا بەئاسانی دەستبەرداری ئەو دەسەڵاتانە نابێت کە دەستووری عێراقی پێی بەخشیوه. تازەترین پێشنیاری حکوومەتی عێراقی و لایەنە شیعە باڵادەستەکانیش، دەرکردنی یاسایەکی نوێی نەوت و گازە، کە خۆیان تا ئێستا ڕێگر بوون لە دەرکردنی ئەو یاسایە لە پەرلەمانی عێراقەوە؛ کە بەڕای ئێمە، دەرکردنی یاسای نەوت و گاز لەسەر بنەمای ماددەکانی ١١١، ١١٢ی دەستووری نوێی عێراقی کارێکی باش بوو، کاتێک کە تازە حکوومەتی نوێی عێراقی لە ساڵی ٢٠٠٦دا دامەزرابوو، بەڵام لە کاتی ئێستادا پاش ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر پشتی بە گرێبەستی جۆری بەرهەمی هاوبەش بەستووە بۆ پێشخستنی کەرتی نەوت وگاز لە هەرێمی کوردستاندا و، لە بەرامبەردا حکوومەتی بەغدا زیاتر کار بە گرێبەستی جۆری خزمەتگوزاری دەکات، هەروەها جۆر و ڕێگای بەبازاڕکرنی نەوت لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێڕاقی زۆر جیاوازە، بۆیە زۆر ئەستەمە وا بە ئاسانی لە ڕێگای یاسایەکەوە کە پەرلەمانی عێڕاق تازە بە نیازە دەری بکات، کێشەکانی تایبەت بە نەوت و گاز لە نیوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا چارەسەر ببێت.
بەڵام دەکریت بابەتی ڕیفراندۆم، ئەو پێشنیارەی حکوومەتی عێراقی عەرەبی بۆ دەرکردنی یاسایەکی نوێی تایبەت بە نەوت و گاز لە بەرژەوەندی هەرێمی نوردستان بگۆڕێت و دەرگهیەکی نوێ بۆ دانوستاندنێکی جددی لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا بکاتەوە؛ کە لێرەدا وا باشترە حکوومەتی هەرێم و لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم، ئەوە بکەنە دەرفەتێک بۆ یەکلاییکردنەوەی چۆنێتیی بەڕێوەبردنی نەوت و گازی کێڵگەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. چونکە ڕاستە لە ئێستادا سەرجەم کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە کێڵگەکانی پارێزگهی کەرکووک لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبردرێت، بەڵام حکوومەتی ناوەندی لە دژایەتیکردنی ئەو پرۆسەیە نەوەستاوە و، بەتایبەتی کاتێک دەچێتە بواری بازرگانیپێکردنەوە، حکوومەتی بەغدا تا پێی بکرێت لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکانی وزەدا دژایەتیی فرۆشتنی نەوتی کوردستان دەکات. بۆیە دەکرێت سەرەتا داوا لە حکوومەتی بەغدا بکرێت کە ئەو بەربەستانەی بەردەمی فرۆشتنی نەوتی کوردستان کەم بکاتەوە، دواتر ناوەڕۆکی دەرکردنی ئەو یاسایە لە لایەن لیژنەی دانوستاندنی ڕیفراندۆمەوە بەجددی لەگەڵ لایەنەکان و دەسەڵاتدارانی بەغدا تاووتوێ بکرێت.
کارتی پارێزگهی کەرکووک و خاکە جێناکۆکەکان
سەبارەت بە گەڕانەوەی پارێزگهی کەرکووک و خاکە کێشەلەسەرەکانی دەرەوەی ژێر دەسەڵاتی کارگێڕیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەیش دەبێت بابەتێکی ڕوونی لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم بێت کە لەگەڵ حکوومەت و دەسەڵاتی سیاسی لە بەغدا تاووتوێی بکات. چونکە ئەو خاکانە بە پارێزگهی کەرکووکەوە نەوت و گازێکی زۆری تیادا کۆ بۆتەوە. ناکرێت تەنیا بگوترێت ئەو ناوچانە تەنیا بە بابەتی ڕیفراندۆم یەکلایی دەکەینەوە و، دەیگێڕینەوە بۆ ناو باوەشی هەرێمی کوردستان؛ ئەگەرچی ئێستا لە ڕووی واقعی و هێزەوە، بەشێکی زۆری ئەو پارێزگه و خاکانە لەژێر کۆنتڕۆڵی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەدایە، بەڵام تەنیا ئەوەندە بەس نییە. بۆیە وا باشترە شاندی باڵای ڕیفراندۆم، ئەوە بکات بە کارتێکی تری دانوستاندنەکانی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا، تا بتوانێت بە شێوەیەکی یاسایی خاکە جێناكۆكهكان و پارێزگهی کەرکووک لە ڕووی دارایی و ئیدارییشەوە بەتەواوەتی بگەڕێنێتەوە سەر هەرێمی کوردستان. لێرەدا پێویستە شاندی ڕیفراندۆم ئەوە ڕوون بکاتەوە، کە بە پشتبەستن بە ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقی، کە تایبەتە بە چارەسەرکردنی خاکە کێشەلەسەرەکان، ئەو کێشەیە چارەسەر نەکراوە. کەواتە یان ئەوەتا بە ڕێکكەوتنێکی سیاسی لە نێوان هەرێم و حکوومەتی ناوەندیی بەغدا بە شێوەیەکی خێرا چارەسەری کێشەی کەرکووک و خاکە جێناکۆکەکان بکرێت، یان لە ڕێگەی پرۆسەی ڕاپرسی و ڕیفراندۆمەوە، ئەو کێشەیە یەکلایی بکرێتەوە؛ بێ گومان بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی عەرەبە ڕەسەنەکان و تورکمانەکان.
لە هەردوو بارەکەدا، پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیاییی ماددی و مەعنەوی بداتە عەرەب و تورکمانە ڕەسەنەکان، بۆ ئەوەی ڕازییان بکات کە به گەڕانەوەیان بۆ ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە ڕووی دارایی و کارگێڕی و سیاسی و کهلتوورییەوە، مافەکانیان پارێزراو دەبێت؛ بەتایبەتی لە ڕووی داهات و ئەو بەرژەوەندییانەی کە بە نەوت و گازەوە پەیوەستن. بۆ نموونە، لە کاتی دامەزراندنی هەر کۆمپانیایەکی نەوتی، ئەوا دەکرێت پشکی عەرەبە ڕەسەنەکان و تورکمانەکان دیاری بکرێت؛ هەروەها لە ڕووی ئیدارییشەوە، مافی دامەزراندنیان لەناو دامەزراوە فەرمییەکانی کەرکووک و سەرجەم پارێزگهکانی ژێردەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبێت.
ئاستی هەرێمی: تورکیا و ئێران
ڕا و هەڵوێستی وڵاتانی هەرێمی، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کە سنووریان بە خاکی هەرێمی کوردستانەوەیە، لە نموونەی ئێران و تورکیا، گرنگ و کاریگەرە. بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت کە ئیرادەی گەلی کوردستان وابەستەی هێز و هێژموونیی ئەوان بکرێت، بەڵکوو دەبێت هەوڵ بدرێت لە ڕێگەی سیاسەتێکی هاوسەنگ و دەرخستنی ئاستی بەرژەوەندییەکان، لە لایەک هێژموونیی سیاسیی ئێران و تورکەکان کەم بکرێتەوە، لە لایەکی تریش ئەو بەرژەوەندییە هاوبەشانەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتەکانی دراوسێ، بکرێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی ئاستی دژایەتیکردنی ئەو دەوڵەتانە بۆ بابەتی ڕیفراندۆم کەم بکرێتەوە. لێرەدا بابەتی گەورەترین بەرژەوەندی دێتە پێشەوە، کە یەکەمیان وزەیە و دووەمیان هاوردەکردنی کاڵای ئەو دوو وڵاتەیە بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان. تورکەکان لە هەردوو بوارەکەدا- وزە و هەناردەکردنی شمەکە جۆربەجۆرەکان- بۆ هەرێمی کوردستان، بەرژەوەندییەکەیان گەیشتووەتە ئاستێک، کە وا بەئاسانی لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە دەستبەرداری هەرێمی کوردستان نابن. بەڵام سەبارەت بە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ڕووی وزەوە ڕای لە پاڵ حکوومەتی عێراقی عەرەبیدایە، كهچی لە ڕووی بەرژەوەندیی هەناردەکردنی کاڵا جۆربهجۆرەکانهوه، بەرژەوەندییەکی زۆری لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە؛ کە دەکرێت لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم، ڕێژەی بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا و ئێران لە پاڵ پاراستنی ئارامیی سیاسیی سنوورەکانیان، بکات بە کارتێکی بەهێز بۆ کەمکردنەوەی ئاستی دژایەتیکردنی ئەو وڵاتانە بۆ پرسی ڕیفراندۆم.
ئاستی نێودەوڵەتی و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان
مامەڵەکردنی لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، کارێکی قورسە. بۆیە، دەبێت دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پشت بەو دۆستانەی ببەستێت کە تا ئێستا پەیوەندیی باشی لەگەڵیاندا بنیات ناوە؛ کە بێ گومان دڵسۆزترین دۆستی سیاسی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان، ئەو دەوڵەتانەن کە زۆرترین بەرژەوەندییان لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی کوردستاندا هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دەکرێت ئەو دەوڵەتانەیش پۆلێن بکەین بۆ دوو بەش:
یەکەم: ئەو دەوڵەتانهی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەرژەوەندیی ماددییان لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیدا هەیە، کە گەورەترین بەرژەوەندیی ماددیش، بەرژەوەندیی وزەیە بۆ زۆربەی وڵاتە زلهێزەکان. لێرەوە دەسەڵاتی سیاسی و لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم، دەبێت داوای هاوکاری و گوشاری ئەو گەورە کۆمپانیانەی کەرتی نەوت و گاز بکات، کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکەن؛ بەو هیوایەی بتوانن گوشارێک لەسەر حکوومەتەکانیان بکەن، کە ئەگەر پشتگیریی ڕیفراندۆمیش نەکەن، ئەوا دژی نەوەستنەوە. نموونەی ئەو دەوڵەتانەیش، بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپی، بەشێک لە وڵاتە عەرەبییەکان، ڕووسیا و چینە.
دووەم: ئەو دەوڵەتانەی لە ڕووی مەعنەوی و هێژموونیی سیاسییەوە، لە بەرژەوەندییاندایە کە دەوڵەتێکی کوردی دابمەزرێت. ئەو دەوڵەتانەیش دەکرێن بە دوو بەشەوە: بەشێک لەو دەوڵەتانە لە ڕوانگەی دیموکراتی و مافەکانی مرۆڤەوە، بەتایبەتی مافی کەمە نەتەوەکان، لەنێویاندا مەسیحییەکان، لە بەرژەوەندییاندایە پشتگیری لە سەربەخۆبوونی کوردستان بکەن. بەشەکەی تری دەوڵەتانی دنیا، لە ڕووی هێژموونیی سیاسی و گۆڕانکاریی جیۆپۆلیتیکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە بەرژەوەندییاندایە کە کوردستانێکی سەربەخۆ لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی دامەزراوەییدا لەدایک ببێت. لە گرنگترین ئەو دەوڵەتانەیش کە کار بۆ ئەو گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییە دەکەن و، چاوەڕوانی پشتگیریی ڕاستەوخۆیان لێ دەکرێت بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ، بریتین له دەوڵەتانێکی وەکوو: ئیسڕائیل، سعوودیا، ئەمریکا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، و بەلجیکا.
کۆبەند
کوردستانیان و لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆم و کاروانی سەربەخۆییی کوردستان، پێویستیی بە کۆمەڵێک ستراتیژ و تهکتیکی سیاسی و ئابووری هەیە. یەکێک لەو کارتە بەهێزانەی کە لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم دەتوانێت بیخاتە خزمەت ستراتیژییەتی سەرخستنی ڕیفراندۆم و کاروانی سەربەخۆییی دەوڵەتی کوردستانەوە، کارتی نەوت و گازە؛ کە دەتوانین بڵێین بەرژەوەندییەکانی پشت کارتی وزە، بە شێوەیەک ڕا و هەڵوێستی وڵاتانی جیهانی لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە دابەش کردووە، کە هەرێمی کوردستان بتوانێت سوود لەو دابەشبوونە وەربگرێت. بۆیە دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستانیش، لە پێناوی سەرخستنی پرسی ڕیفراندۆم، پێویستە لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق و هەرێمی و نێودەوڵەتی، کارتی وزە بۆ ڕازیکردنی هێزە نێوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بەکار بهێنێت، تا بتوانێت ڕیفراندۆم بە شێوەیەک ئەنجام بدات، تا بتوانێت ئەو گۆڕانکارییە ئابووری و سیاسییانەی کە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەسەر ئاستی نێوخۆی عێراق و هەرێمی و نێودەوڵەتی دێنە ئاراوە، لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندا بن.