دوا پیلانی مەترسیداری ئێرانییەکان بۆ پارچەپارچەکردنی خاک و نەوتی کەرکووک

خستنەڕووی پرس

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراقی، وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر دروستکردنی لیژنەی هاوبەش بۆ لێکۆڵینەوە دەربارەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی بەشێک لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک بۆ ئێران، ڕێک کەوتوون. لەوەیش زیاتر، وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەیش کردووە کە لێکتێگەیشتنی سەرەتایی بۆ وەرهێنان و پەرەپێدانی هاوبەش لە کێڵگە نەوتییەکانی نەفتخانە لە پارێزگه‌ی دیالە و، سندیباد لە پارێزگه‌ی بەسرە واژوو کراوە؛ بەو هیوایەی لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨دا، بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی. پرسیاری هەستیار ئەوەیە: ئایە ئەمە دەکەوێتە چوارچێوەی هەنگاوە ستراتیژییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی عێراق بە شێواز و ڕێگه‌یەکی تر؟ بۆچی لە ئێستادا خاک و نەوتی کەرکووک، کراوە بە ئامانجی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی حکوومەتی ئێران و عێراقی عەرەبی؟ ئایە ئەو یاداشتنامەیە ئەگەر ببێتە ڕێککەوتننامەی کۆتایی و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر باشووری کوردستان و پرۆسەی سەربەخۆیییەکەی لە ئاییندەدا دەبێت؟

ناوەڕۆک

ئێرانییەکان لە ڕووی سیاسی و سەربازی و تەنانەت کارگێڕییشەوە، هێژموونی خۆیان بەسەر زۆربەی خاکی عێراقی عەرەبیدا سەپاندووە. بەڵام لە ڕووی ئابوورییەوە، تا ئێستا ململانێیەکی زۆر لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی ئابووری و بازاڕی وزەی عێراق، لە نێوان بەشێکی زۆری هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکاندا هەیە. بەڵام ئێرانییەکان زۆر لەسەرخۆ و بەنهێنی، بە چەندین پیلان و هەنگاو بە هەنگاو، هەوڵیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خاک و گەلی عێراق داوە. لە ئێستایشدا، حکوومەتی ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی چەند گرێبەستێکی نەوتییەوە، لە لایەک خاک و نەوتی کەرکووک و ناوچە جێناكۆكه‌كان پارچەپارچە بکات و بیخاتە ژێر هێژموونیی سیاسی و ئابووریی خۆیەوە و، لە لایەکی تریشه‌وه‌ دەیەوێت گوشارێکی سیاسی بخاتە سەر  حکوومەت و گەلی باشووری کوردستان، تا لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دوور بکەونەوە. دەتوانین پیلانە ستراتیژییەکانی حکوومەتی ئێرانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی عێراق، بکەین بە چوار بەشەوە:

پیلانی یەکەم: ئەم پیلانە لە سەرەتای ڕوۆخانی ڕژێمی سەددام و سەرەتای دامەزرانی حکوومەتی نوێی عێراقەوە دەست پێ دەکات. لەم هەنگاوەدا ئێرانییەکان بەربەستیان بۆ دامەزراندنی دامەزراوە کارگێڕی و سیاسی و یاسایییەکانی دەوڵەتی نوێی عێراقی دروست کرد، کە لەناو دەستووری نوێی عێراقدا ئاماژەیان پێ درابوو. بۆ نموونە، بەپێی دەستووری نوێی عێراقی، عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵی-دیموکراتی-کۆماری-پەرلەمانییە. کەواتە پەرلەمانی عێراق، دەبێت لە دوو ژوور، یان ئەنجومەن پێک بێت: یەکەمیان ئەنجومەنی نوێنەران، کە نوێنەرایەتیی سەرجەم گەلی عێراق بکات؛ ئەوی تریان ئەنجومەنی هەرێمەکان، کە نوێنەرایەتیی بەرژەوەندیی هەرێمەکان بکات؛ کە ئەوەیش دەبوایە هەرێمی تر دروست بكرایە لە شێوەی هەرێمی کوردستان، بەڵام نەکرا. هەروەها حکوومەتی ناوەندی، ناکرێت ئەوەندە وەزارەتی هەبێت و زۆربەی دەسەڵاتەکان لای خۆی کۆ بکاتەوە، بەڵکوو دەبێت بەشێکی زۆر لەو دەسەڵاتانە بە هەرێم و پارێزگه‌کان ببەخشێت؛ بەڵام دەبینین تا ئێستایش حکوومەتی ناوەندی زۆربەی دەسەڵاتەکانی لای خۆی کۆ کردۆتەوە. کەواتە تا ئێستا عێراق لە ڕووی سیسستەمه‌ سیاسییەکەیەوە، هەر بەناو دەوڵەتێکی فیدڕاڵییە؛ کە دەتوانین بڵێین، ئێرانییەکان لە نەگۆڕینی سیستەمی سیاسیی عێراق بۆ سیستەمێکی فیدڕاڵی- دیموکراتی، ڕۆڵیان هەبوو.

پیلانی دووەمی ئێرانییەکان: لە ماوەی دوو ساڵی دووەمی حوکمڕانیی هەشت ساڵەی نووری مالکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، دەست پێ دەکات؛ ئەویش کارکردن بۆ لاوازکردنی سەرکردە و پێکهاتەی سوننەکان بوو. هەر بۆیەیش بەشێکی زۆری سەرکردەی هێزە سوننەکان لە ڕێگەی حکوومەتی مالکییەوە خرانە ناو بازنەی تیرۆرەوە، تا لە حوکمڕانیی عێراق بە شێوەیه‌کی پراکتیکی دووریان بخەنەوە.

پیلانی سێیەم: ئەم پیلانە ڕەگوڕیشەیەکی مێژووییی هەیە، چونکە ئێرانییەکان بە درێژاییی چەندین ساڵە، گرووپ و هێزی سەربازیی جیاجیا بۆ عەرەبی شیعەی عێراق دروست دەکەن؛ تا کار گەیشتە ئەوەی، لە عێراقی نوێدا هێزی سەربازیی عێراق لە بەردەم ئەو گرووپە چەکدارە شیعانەدا زۆر لاواز بوو. لە کاتی سەرهەڵدانی جه‌نگی داعشدا، کار گەیشتە ئەوەی هێزی عێراقی، پێویستیی بە تواناکانی هێزی چەکداری گرووپە شیعەکان بێت؛ کە دەرەنجامەکەیشی ئەوە بوو هێزی حەشدی شەعبی لە ڕێگەی پەرلەمانەوە بەیاسایی بکرێت. لە کاتی ئێستادا، هێزی سەربازیی حەشدی شەعبی لە ڕووی دەسەڵات و هێز و پارەوە، لە هێزی سەربازیی عێراقی بەهێزترە. هەرچەندە، حکوومەتی ناوەندی دەڵێت حەشدی شەعبی سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراقە، بەڵام ئەو قسەیە ڕاست نییە، بەڵکوو زیاتر لەژێر هێژموونی ئێرانییەکاندایە.

پیلانی چوارەم: کەرکووک و هەرێمی کوردستان

دوای کۆنتڕۆڵکردنی بەشی زۆری خاکی عێراق، پیلانە مەترسیدارەکەی ئێرانییەکان، تایبەتە بە هەرێمی کوردستان. لە سەرەتاوە لە خاک و نەوتی پارێزگه‌ی کەرکووکەوە بە شێوەیەکی پراکتیکی دەست پێ دەکات. ڕاستە ئێرانییەکان بە درێژاییی ٢٥ ساڵی ڕابردوو، هەوڵیان داوە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر هێزە سیاسییە کوردستانییەکانی باشووری کوردستان هەبێت، بەڵام زیاتر بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و ژێربەژێر بووە. بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٩وە پلانێکی تۆکمە دادەڕێژێت کە چۆن لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە، کار لەسەر وزە و ئابووریی عێراق بکات؛ لەو ڕێگەیەیشەوە گوشارەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان زیاتر بکات.

بۆیە حکوومەتی ئێران جگە لە هەناردەکردنی کەلوپەل و ئۆتۆمبێل و ئامێری جۆراوجۆر بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠٠٩دا یاداشتێکی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ عێراق واژوو کرد. ئه‌م یاداشته‌، تایبەت بوو بە بواری وزە؛ کە لە سەرەتاوە کاری کرد بۆ هەناردەکردنی ٢٠-٤٠ ملیۆن مه‌تر سێجا/ گازی ئێرانی لە ڕۆژێکدا بۆ شارەکانی باشووری عێراق، بەتایبەتی بەغدا و بەسرە. پاشان ئەو لێکتێگەیشتنە، بوو بە ڕێککەوتن. دواتر لە ساڵی ٢٠١٢دا، لێکتێگەیشتنێکی تریان لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراقی و ئێرانیدا واژوو کرد، بۆ مەبەستی چۆنێتیی ئەنجامدانی وەبەرهێنان لەو کێڵگە هاوبەشانەی کە دەکەونە نێوان عێراق و ئێرانەوە، کە دیارترینیان "مەجنون"، "ئەبوغرێب"، "بزرکان"، "فەکە" و "نەفتخانە"ن.

بەڵام ئەو پرۆژەیە بەتەواوەتی کاری لەسەر نەکرا، تا لە مانگی ٧ی ٢٠١٧دا یاداشتنامەیەکی لێكتێگەیشتنی نوێ لە نێوان وەزیری وزەی ئێرانی، "بیژەن زەنگەنە" و، وەزیری نەوتی عێراقی،  "جەبار لعێبی" واژوو کرا؛ کە بەشێک لەو یاداشتنامەیە، پەیوەندیدارە بە هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق لە ڕێگەی هێڵی بۆڕیی بەسرە لە چەند مانگی داهاتوودا. بەشەکەی تری، پەیوەندیدارە بە وەرهێنان و پەرەپێدانی هاوبەش لە کێڵگە نەوتییەکانی نەفتخانە لە پارێزگه‌ی دیالە و، سندیباد لە پارێزگه‌ی بەسرە، تا چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨. بەشی سێیەمی یاداشتنامەکە، پەیوەندیی بە هەناردەکردنی بەشێک لە نەوتی کەرکووکەوەیە لە ڕێگەی بۆڕییەوە بۆ ئێران، بەتایبەتی نەوتی کێڵگەکانی "جەمبور"، "خەباز"، "بابەگوڕگوڕ"؛ تا لەوێ، یان بپاڵێورێت و بگەڕێنرێتەوە بۆ عێراق، یان لە ڕێگەی بەندەر عەباسەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکرێت.

کێشە یاسایی و ئابووری و سیاسییەکانی ئەو یاداشتنامەیە

لە ڕووی یاسایییەوە:

ڕاستە عێراق مافی خۆیەتی ڕێکكەوتنامەی بواری وزە لەگەڵ حکوومەت و کۆمپانیا جۆراوجۆرەکان بکات، بەڵام نابێت ئەو ڕێکكەوتننامانە دژی دەستووری نوێی عێراقی بن. سەرەتا بەشی گەورەی ئەو ڕێکكەوتننامەیە پەیوەندیی بە نەوتی کێڵگەکانی نەفتخانەوە هەیە لە پارێزگه‌ی دیالە، لەگەڵ هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی جەمبور، خەباز، بابەگوڕگوڕ لە ڕێگەی بۆریەوە بۆ ئێران. ئەو کێڵگانە لە ڕووی جوگرافییەوە، یەکەم دەکەونە ناوچە جێناکۆکەکانەوە، دووەم، بەپێی ماددەی ١١٢ی دەستووری عێراقی، حکوومەتی عێراقی بە تەنیا مافی نییە مامەڵە و گرێبەست لەسەر ئەو کێڵگانە بکات، بەڵکوو دەبێت ڕەزامەندیی حکوومەتی لۆکاڵی و ئەنجومەنی هەڵبژێردراوی ئەو پارێزگه‌یەی لەسەر بێت. وەک لە گوتاری فەرمیی "ڕێبوار تاڵەبانی"، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگه‌ی کەرکووکه‌وه دەردەکەوێت‌، ئەوان هیچ ئاگاداری ئەو گرێبەستە نین. کەواتە کاری حکوومەت و وەزارەتی نەوتی عێراقی، نادەستوورییە. دووەم، ئەو کێڵگانەی لە یاداشتنامەکەی نێوان ئێران و عێراقدا هاتووە، دەکەونە ناوچە جێناکۆکەکانەوە؛ ئەو ناوچانەیش، ناکرێت بە تەنیا کار و گرێبەستی لەسەر بکرێت بەتایبەتی بیرە نەوتییەکانی ناوچەی نەفتخانە لە دیالە. ئەو بیرە نەوتییانە لە ساڵی ٢٠٠٣وە لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا کێشەیان لەسەرە؛ بۆیە تا ئێستا کاری وەبەرهێنانی تیادا نەکراوە.

ئەوەی شایەنی باسە کێڵگەی نەفتخانە لە ٤٢ بیرە نەوت پێک دێت، کە بەشێکن لە بیرە نەوتییەکانی نێوان ئێران و عێراق؛ لەبەر ئەوەی حکوومەتی ناوەندیی بەغدا و حکوومەتی هەرێم لەسەر چۆنێتیی بەڕێوەبردنی ڕێک نەکەوتن، بۆیە حکوومەتی ئێرانی ئەمەی بە هەل زانیوە تا بتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات. لە ئێستایشدا حکوومەتی ئێران، دەیەوێت بە شێوەیەکی نادەستووری و نایاسایی، لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە ئەو کێڵگە نەوتییانە کۆنتڕۆڵ بکات. بەو پێیەیش بێت، حکوومەتی هەرێم دەچێتە دەرەوەی ئەو ڕێکكەتننامەیە؛ کە ئەمەیش لە ڕووی یاسایییەوە خاڵێكی مەترسیدارە.

لە ڕووی ئابووری و پیشەسازیی نەوتەوە

لە ڕووی پیشەسازیی وزە و ئابووریی نەوتەوە، ئەوەی بە شێوەیه‌کی سەرەتایی لە یاداشتنامەکە دەرکەوتووە، قازانجی ستراتیژیی بۆ عێراق نابێت، بەڵکوو گەورەترین قازانج حکوومەتی ئێرانی دەیکات. چونکە بە دوو شێواز دەیانەوێت مامەڵە و بازرگانی بە نەوتی ئەو کێڵگانەی کەرکووک و نەفتخانەی دیالەوە بکەن: یەکەمیان، هەناردەکردنی نەوتی ئەو کێڵگانە بۆ پاڵاوگەکانی شارەکانی ئێرانی نزیک لەو ناوچەیە بەتایبەتی کرماشان و، پاش پاڵاوتنی دووبارە، بە قازانجەوە بدرێتەوە بە عێراق؛ کە لێرەدا وا باشترە حکوومەتی عێراقی پاڵاوگەیەک لە کەرکووک دابمەزرێنێت نەک هەناردەی پاڵاوگەکانی ئێرانی بکات. دووەم، هەناردەکردنی بۆ بازاڕە جیهانییەکان لە ڕێگەی بەندەر عەباسەوە؛ کە ئەمەیش قازانجێکی زۆری نییە چونکە بۆ ماوەی چەندین ساڵ تێچووی بۆڕییەکە لەسەر قازانجی فرۆشتنی ئەو نەوتە دەبێت لە لایەک، لە لایەکی تریش، دەبێت عێراق بە پارەیەکی کەم ڕازی بێت ڕێژەیەکی نەوتی زۆر بدات بە ئێران، تا ئێران لە بەندەر عەباس ڕێژەیەکی کەمی نەوتی بۆ ڕەوانە بکات. لە هەر دوو بارەکەیشدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ سوودێکی دارایی ناکات، چونکە ناوی لەو یاداشت و ڕێکكەتننامانەدا نییە.

لە ڕووی سیاسییەوە

مەترسیی ئەم یاداشتنامەیە، ئەگەر ببێت بە ڕێکكەوتننامە و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، زۆر گەورەیە. چونکە لە لایەک ئێرانییەکان لە ڕێگەی گرێبەستێکی ئابوورییەوە، بە شێوەیه‌کی سیاسی کۆنتڕۆڵی بەشێکی خاکی کەرکووک و دیالە دەکەن، لە لایەکی تریش هەوڵ دەدەن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەو ناوچەیە لە ڕووی دارایییەوە هاوکاریی هێزە عێراقییە شیعەکان بکەن. ئەویش بە دامەزراندنی کۆمەڵێک کۆمپانیای نەوتی عێراقی- ئێرانی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو نەوتەی لەو شوێنانە هەیە؛ کە دەتوانین بڵێین لە ئێستایشدا بە هۆی بڵاوبوونەوەی هێزی حەشدی شەعبی لەو ناوچانە، ئەو پیلانەی حکوومەتی ئێرانی، بەئاسانی سەر دەکەوێت. سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، لەم بارودۆخەدا دروستکردنی کێشەیەکی سیاسی و ئابووری و یاسایی، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ململانێیەکی نوێ، کە کاریگەریی لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان دەبێت، بەتایبەتی لە ناوچە جێناکۆکەکانی وەکوو کەرکووک و خانەقین؛ کە ئەمەیش ئەگەر ڕوو بدات و ئێران ئەو یاداشتنامەیە بگەیەنێتە قۆناغی ڕێکكەوتن و  بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوە جگە لە دابەشبوونی خاک و نەوتی کەرکووک، هیچی تری لێ چاوەڕوان ناکرێت؛ کە بێ گومان ئەو بەرژەوەندییانەی لەو ناوچانە دروست دەبن، لە دەرەنجامدا کار دەکاتە سەر پارچەپارچەکردنی هیز و لایەنه‌ سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستانیش.

کۆبەند

ئێرانییەکان سەرەڕای ئەوەی لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە کۆنتڕۆڵی بەشێکی زۆری عێراقی عەرەبییان کردووە، ئەوە بۆ ماوەی چەند ساڵێکە بە شێوەیەکی زۆر هێمنانە و نهێنی، کار بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خاک و وزەی عێراق دەکەن. ئەوەی جێگەی مەترسییە و دەبێت  دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان باشتر ئاگاداری بێت، کارکردنی ئێرانییەکانە بۆ پارچەپارچەکردنی خاک و وزەی کەرکووک لە ڕێگەی چەند گرێبەستێکی بواری وزەوە؛ کە حکوومەتی ئێرانی لە ئێستادا لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا هەنگاو بە هەنگاو، دەیەوێت بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەو ڕێکكەوتنە ئەگەر لە ئێستادا لە ڕووی جیۆپۆلیتیکی و جیۆئیکۆنۆمییەوە کاریگەریی لەسەر کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرە پڕ لە نەوتەکان هەبێت، ئەوا لە ڕووە سیاسییەکەیەوە کاریگەریی بەهێزی لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان دەبێت. بۆیە وا باشترە، تەنیا حکوومەت و ئەنجومەنی پارێزگه‌ی کەرکووک دەنگ هەڵنەبڕن لە دژی ئەو هەنگاوە مەترسیدارە، بەڵکوو سەرجەم خەڵک و دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، پێویستە ڕێگر بن لە جێبەجێکردنی ئەو پیلانەی دەوڵەتی ئێران و عێراقی عەرەبی، دایان ڕشتووە و کاری بۆ دەکەن.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples