سه‌ره‌تا:
له فه‌رهه‌نگی "لسان العرب"دا "ئیبن مه‌نزوور" ده‌ڵێت كه ئازادی واته دژ به كۆیلایه‌تی و، ده‌ڵێت: "مرۆڤ كه ئازاده، پاشایه؛ به‌بێ ئازادی، پاشكۆیه، ئه‌گه‌ر خاوه‌نی هه‌موو شتێكیش بێت." نووسه‌ر "كه‌مال جونبه‌لات" ده‌ڵێت: "هۆشیاری و ئازادی، یه‌ك شتن؛ واته كه‌سی هۆشیار و دانا هه‌میشه بیری لای ئازادی و سه‌ربه‌خۆیییه، نه‌ك كۆیلایه‌تی و پاشكۆبوون." هه‌روه‌ها فه‌یله‌سووف "سینیكا" ده‌ڵێت: "ئازا، ئه‌و كه‌سه‌یه كه ئازاده." به‌پێی تێگه‌یشتن له‌و گوته و مانایانه‌ی ئازادی، ده‌توانین بڵێین خه‌باتی چه‌ندین ساڵه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كوردی، ته‌نیا بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌م به‌ها گرنگه بووه كه تاكی كوردی له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه ئازاد بێت، چ وه‌ك تاك و چ وه‌ك نه‌ته‌وه؛ كه‌واته ده‌توانین بڵێین بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد، ئازادی گرنگترین به‌هایه بۆ ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی. زۆرێك له هزرڤان و لێكۆڵه‌ران به شێوه‌یه‌كی ورد باسیان له ئازادی و چه‌مكی ئازادی كردووه، به‌ڵام لێره‌دا ئاماژه‌یه‌كی گشتی به چه‌مكی ئازادی ده‌كه‌ین كه خۆی له چوارچێوه‌ی دوو شت‌دا ده‌بینێته‌وه،: ئازادیی سروشتی و ئازادیی كۆمه‌ڵایه‌تی.
ته‌وه‌ری یه‌كه‌م: ئازادیی سروشتی و ئازادیی كۆمه‌ڵایه‌تی:
ئازادیی سروشتی بریتییه له‌و ئازادییه‌ی كه له خودی سروشته‌وه به‌ده‌ست دێت، به‌ڵام ئازادیی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌و ئازادییه‌یه كه سیسته‌می سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌یبه‌خشێت، كه له‌سه‌ر بیر و هزر و فه‌لسه‌فه‌ی كۆمه‌ڵگه و سیسته‌می سیاسی ڕاوه‌ستاوه. هه‌موو دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه، بەشدارن له به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌م ئازادییه بۆ تاكه‌كان، له ئازادیی فكری و ئازادیی ده‌ربڕین و ئازادیی ڕه‌خنه‌ی زانستی و هه‌موو بواره‌كانی تری ئازادى. هه‌ردوو ئازادیی سروشتی و ئازادیی كۆمه‌ڵایه‌تی، ڕه‌هه‌ندی تایبه‌تیان هه‌یه. سه‌باره‌ت به ئازادیی سروشتی: ڕه‌گه‌زێكی گرنگ و جه‌وهه‌ری له‌ناو كیان و خودی مرۆڤدا پێك ده‌هێنێت؛ بۆیه ده‌بینرێت مرۆڤ له هه‌موو بوونه‌وه‌رێكی تر زیاتر خولیای ئازادییه و مه‌یلی بۆ ئازادی هه‌یه. ئه‌م ئازادییه سروشتییه، بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه‌وا مرۆڤ بكاته باڵاترین بوونه‌وه‌ر، به شێوه‌یه‌ك كه به‌بێ ئازادی، مرۆڤ هیچ به‌هایه‌كی نامێنێت؛ ئه‌مه‌یش گرنگترین خاڵی به‌هێزی مرۆڤایه‌تییه، كه خه‌بات و قوربانیی زۆری بۆ دراوه.
ئازادیی سروشتی، له‌گه‌ڵ فیتره‌تی مرۆڤایه‌تیدا یه‌ك ده‌گرێته‌وه و، ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه ده‌بێت زۆر به‌وریایی و هۆشیارییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م ئازادییه بكه‌ن، چونكه هه‌ر پێشێلكارییه‌كی ئه‌م ئازادییانه، ده‌كرێت كۆمه‌ڵگه بكاته دۆزه‌خ و، فاكته‌رێكی به‌رده‌وامی ناسه‌قامگیری و نه‌بوونی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێت له كۆمه‌ڵگه‌دا. بۆیه هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی مۆدێرنیته و چه‌رخی ڕۆشنگه‌ری، كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی، له مه‌رجی ڕه‌ها و هه‌موو شێوازه‌كانی بیركردنه‌وه‌ی حه‌تمی و یه‌كلایه‌نانه ڕزگاری بوو. عه‌قڵ، بووه سه‌نته‌ری هه‌موو شته‌كان، بیركردنه‌وه‌ی ئازاد جێگه‌ی بیركردنه‌وه‌ی تری كرده‌وه و ئازادی وه‌ك تایبه‌تمه‌ندییه‌كی گرنگی بزوتنه‌وه‌ی ڕۆشنگه‌ری و مۆدێرنێته‌ی زانستی ده‌ركه‌وت. عه‌قڵ په‌یوه‌ست كرا به عه‌قڵانییه‌ت، ئازادی، دادپه‌روه‌ریی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی.
ئازادی، بووه بنه‌ما و به‌هایه‌كی گرنگ بۆ سیسته‌می حكومڕانیی باش، بووه هۆی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه وگه‌لان و، به‌ها و نرخی بۆ مرۆڤایه‌تی گه‌ڕانده‌وه. به هیچ شێوه‌یه‌ك، نابێت ده‌ست وه‌ربدرێته نێو ئازادیی تاكه‌وه، چ ئازادیی سروشتی چ ئازادیی كۆمه‌ڵایه‌تی بێت. ئه‌مه‌یش كارێكی ئاسان نییه، به‌ڵكوو ده‌بێت به شێوه‌یه‌كی دامه‌زراوه‌یی ئه‌م شته ڕێك بخرێت، كه هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی كۆمه‌ڵگه تێیدا به‌شدار بن و سنوورداركردنی ئازادییه‌كان به تاوان بزانن. بێ گومان ئازادی، ده‌بێت به یاسا ڕێك بخرێت. بوونی ئازادی و یه‌كسانی به مانای فه‌وزا نایه‌ت، بۆیه ده‌بێت هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه هه‌ست به‌وه بكه‌ن، كه تا ئه‌و كاته ئازاده كه سنووری ئازادیی ئه‌وانی تر پێشێل نه‌كات. واته ده‌بێت له پراكتیزكردنی ئازادییه‌كانی تاكدا هه‌ست به به‌رپرسیارێتی بكات. ئازادی و فه‌وزا دوو شتی لێك جیاوازن، هه‌روه‌ك چۆن ئازادی و سته‌مكاری دوو شتی لێك جیاوازن.
ته‌وه‌ری دووه‌م: ئازادی وه‌ك به‌هایه‌ك بۆ ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی
پاش ئه‌وه‌ی ڕۆژی 25/09/2017 وه‌ك ڕۆژی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم دیاری كرا، لێكدانه‌وه‌ی جیاواز جیاوازی له ناوه‌نده نێوخۆیی و جیهانییه‌كانه‌وه بۆ كرا. هه‌روه‌ها له ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان دوو به‌ره‌ی جیاواز ده‌ركه‌وتوون: یه‌كێكیان له‌گه‌ڵیه‌تی و ئه‌وه‌ی تریان دژ. به‌ڵام ئێمه ناچینه نێو ئه‌و ورده‌كارییانه‌وه؛ ئێمه له ڕوانگه‌ی به‌های ئازادی و سه‌ربه‌خۆبوونه‌وه شیكردنه‌وه بۆ ڕیفراندۆم ده‌كه‌ین. بۆیه ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆم بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك ماف بێت، ئه‌وا بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد هه‌م ماف و هه‌م ئه‌رك و هه‌م به‌هایه. په‌یوه‌ندیی به دیاریكردنی چاره‌نووس و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌وه هه‌یه كه به درێژاییی مێژووی، هه‌وڵ و خه‌بات و قوربانیی زۆری بۆ ئه‌و به‌ها گرنگه داوه. ڕیفراندۆم بۆ تاكی كوردی واته: ئازادی، پلۆرالیزم، یه‌كترقبووڵكردن، دیاریكردنی مافی بڕیاردانی چاره‌نووس، دروستكردنی ده‌وڵه‌ت و بنیاتنانی دامه‌زراوه‌كان. ئێستا پرسیار ئه‌وه‌یه: چ په‌یوه‌ندییه‌ك هه‌یه له نێوان ئازادیی سروشتی و ئازادیی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ ڕیفراندۆم له هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی؟
كورد به درێژاییی مێژوو هه‌وڵی داوه كه به شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و ئازادانه بژیت و، موماره‌سه‌ی هه‌ر دوو ئازادیی سروشتی و كۆمه‌ڵایه‌تیی خۆی بكات. له‌م قۆناغه‌یشدا مه‌سه‌له‌ی ئازادی، دوچاری كێشه‌ی گه‌وره بۆته‌وه و، ڕه‌خنه‌ی جددی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی كوردی هه‌یه بۆ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادییه‌كان. بێ گومان ئه‌مه‌یش خزمه‌ت به واقعی هه‌رێمی كوردستان ناكات و، هۆكارێكه بۆ پاشكه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان له هه‌موو بواره‌كانه‌وه. به‌ڵام لێردا ئه‌وه پرسیاره‌كه‌یه: ئایا بێجگه له حكوومه‌ت، هاووڵاتی و تاك به‌هۆشیارییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ به‌های ئازادی ده‌كه‌ن؟ بێ گومان ده‌توانین بڵین نه‌خێر، چونكه ڕۆژانه هاووڵاتیان خودی خۆیان ده‌ستدرێژی ده‌كه‌نه سه‌ر مافی كه‌سانی تر. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر چاوێك له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بكه‌ین، زۆر به‌ئاسانی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر تایبه‌تمه‌ندی و ئازادیی كه‌سانی تر ئێستا چه‌ند شتێكی باوه. بۆ وێنه ئه‌وانه‌ی هه‌وڵ ده‌ده‌ن كه‌مپین بۆ "نه‌خێر" به‌رامبه‌ر ڕیفراندۆم دروست بكه‌ن، به بیانووی هه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتێكی گه‌نده‌ڵ كه ڕێز له ئازادیی تاكه‌كان ناگرێت، هه‌ر خۆیان ئه‌و كه‌سانه به كۆیله و خۆفرۆش داده‌نێن كه به ده‌نگێكی "ئازاد"ه‌وه بڵێن "به‌ڵێ بۆ ڕیفراندۆم".
كه‌واته له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، هیچ لایه‌نێك، چ له‌سه‌ر ئاستی ده‌سه‌ڵات و حزبه سیاسییه‌كان و چ له‌سه‌ر ئاستی تاك و گرووپه جیاوازه‌كان، به به‌رپرسیارێتییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ به‌های ئازادی و ڕێزگرتنی ئازادی نه‌كردووه. كه‌واته ئێستا كۆكین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تاكیش به ئه‌ندازه‌ی خۆی، به‌شداره له پێشێلكارییه‌كان ده‌رباره‌ی ئازادی؛ كه ئه‌مه‌یش زه‌نگێكی مه‌ترسیداره. ئێستا وای لێ هاتووه بڵیین له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ڕیفراندۆم ئازا ئه‌و كه‌سه‌یه له "سلێمانی" بڵێ "به‌ڵێ بۆ ڕیفراندۆم" و له "دهۆك" بڵێ "نه‌خێر". كه‌واته پێویسته لێ بگه‌ڕێن تاكه‌كان له‌سه‌ر هه‌موو مه‌سه‌له‌كان بڕیاری خۆیان هه‌بێت و به‌ئازادانه ده‌نگ بده‌ن و ڕای خۆیان ده‌رببڕن.
سه‌باره‌ت به ڕیفراندۆم پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه: ئایا له ڕووی لۆژیكی و واقعییه‌وه ده‌نگی "به‌ڵێ" له به‌های ئازادی نزیكتره، یان "نه‌خێر"؟ بێ گومان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره، پێویستیی به خۆیندنه‌وه‌ی مێژوویی و ڕه‌هه‌نده جیاوازه‌كانی خه‌باتی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌وه هه‌یه. بۆ نموونه ده‌توانین بڵێین ئێمه وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی كورد به درێژاییی مێژوو هه‌ر پاشكۆ بووینه و ده‌نگی ئازاد و دلێری كوردایه‌تیمان له لایه‌ن نه‌یاره‌كانمانه‌وه كپ كراوه‌ته‌وه؛ كه‌واته ده‌وڵه‌تی عێراق فاكته‌رێكی سه‌ركوتكردن و زوڵملێكردن بووه به‌نسبه‌ت نه‌ته‌وه‌ی كورده‌وه. هه‌روه‌ها هه‌روه‌ك پێشووتر باسمان كرد، پاش 25 ساڵ له حوكمی خۆماڵیی كوردی، پرسیاری زۆر گه‌وره له‌سه‌ر ئازادیی تاك و ئازادیی ڕاده‌ربڕین دروست بووه. سه‌ر‌نج و تێبینییه‌كان نه‌ك ته‌نیا له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و حكوومه‌تن، به‌ڵكوو له‌سه‌ر تاك به تاكی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ن. كه‌واته ئازادییه‌كانی ئێمه له نێوان دوو بازنه‌دا قه‌تیس كراون: یه‌كێكیان بازنه‌ی ده‌ره‌كییه، كه به هیچ شێوه‌یه‌ك پێی خۆش نییه و لێ ناگه‌ڕێت ئێمه وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی كورد خاوه‌ن كیان و ده‌وڵه‌ت و به‌ڕێوه‌بردنی سه‌ربه‌خۆی خۆمان بین، كه پاش نه‌مانی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی و بگره له په‌یماننامه‌ی وێستفاڵیاوه له ساڵی 1648ز دروستكردنی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه، بووه به مافێكی سروشتی و ئاسایی بۆ هه‌موو گه‌لان. بۆیه ئه‌گه‌ر پێشتر "سایكس پیكۆ"، ڕێگر بووه له دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردی، ئێستا كاتی شكاندنی ئه‌و كۆتوبه‌ندانه‌یه.
سه‌باره‌ت به بازنه‌ی دووه‌می به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادییه‌كان، بریتیپه له بازنه‌ی ناوخۆیی، كه ده‌سه‌ڵات و حزبه سیاسییه‌كان و خودی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه ده‌گرێته‌وه. بۆیه، ده‌نگی "به‌ڵێ بۆ ڕیفراندۆم" به لایه‌نی كه‌م ده‌بێته هۆی تێكشانی بازنه‌ی یه‌كه‌م و، زیاتر له ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی نزیكترمان ده‌كاته‌وه. ده‌كرێت پاش سه‌ربه‌خۆیی و ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی، زۆر به‌ئاسانتر بتوانرێت ڕووبه‌ڕووی ئه‌و ئاڵه‌نگارییانه ببینه‌وه كه له ناوخۆدا له دژی ئازادی و ئازادیی ڕاده‌ربڕین ده‌وستنه‌وه، به‌ڵام به‌دڵنیایییه‌وه ده‌نگی "نه‌خێر" هۆكارێكه بۆ ئه‌وه‌ی كه به هیچ شێوه‌یه‌ك تاكی كوردی نه‌توانێت له نێوان ئه‌و دوو بازنه‌یه‌دا ده‌ربچێت و بۆ هه‌تاهه‌تایه هه‌ڵبژاردنی پاشكۆیه‌تییه به‌سه‌ر ئازادی‌دا.
كۆبه‌ند: