دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە هاوکێشەی ڕێکخراوی ئۆپێکدا

 

خستنەڕووی پرس

ئەگەرچی ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)، لە چەند سەدەی ڕابردوودا لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر وڵاتانی جیهان هەبوو، بەڵام لە ئێستادا ئەم ڕێکخراوە ئەو توانایەی جارانی نەماوە تا بتوانێت ململانێ ئابووری و سیاسییەکان لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلایی بکاتەوە. بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە ئایە هۆکاری کەمبوونەوەی هێزی ڕێکخراوی ئۆپێک لەناو بازاڕی نێودەوڵەتیی وزەدا چییە؟ ئایە لاوازیی ئەو ڕێکخراوە لە قازانجی هەرێمی کوردستانە لە کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ئەگەری بوونی بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە ئاییندەدا، یان نا؟

ناوەڕۆک

ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)، یەکێکە لەو دامەزراوە نێودەوڵەتییانەی کە تەنیا کاریگەریی نییە لەسەر بازاڕی نێودەوڵەتیی وزە، بەڵکوو کاریگەریی بەهێزیشی لەسەر گۆڕانکارییە سیاسی و گەشەسەندنە ئابوورییەکان لە سەرانسەری جیهاندا هەبووە. ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی ١٩٦٠ لە بەغدا، بە دەستپێشخەریی پێنج وڵاتی وەبەرهێنەری نەوت کە ئەوانیش بریتی بوون لە: عێراق، ئێران، سعوودیای عەرەبی، کوێت، ڤەنزوێلا، بڕیاری دامەزراندنی درا.

هۆکاری دامەزراندنی ڕێکخراوی ئۆپێک لەخۆوە نەبووە، بەڵکوو یەکەم هۆکاری گرنگ کە ئامانجی ئەو وڵاتانە بوو کە ئۆپێکیان دامەزراند، بریتی بوو لە دەرهێنانی نەوتی ئەو وڵاتانە لە ژێر دەسەڵاتی کۆمپانیا زەبەلاحە بیانییە فرەڕەگەزەکان. ئەو کۆمپانیایانەی کە لە سەدەی ڕابردوودا کۆنتڕۆڵی زۆربەی نەوتی وڵاتانی جیهانیان کردبوو. لە نموونەی ئەو کۆمپانیایانەیش، کۆمپانیای حەوت خوشکەکە بوو، کە بە گەڕانەوە بۆ مێژووی کۆنتڕۆڵکردنی وزە لە جیهاندا، دەتوانین بڵێین کۆمپانیاکانی حەوت خوشکه‌کە، توانیبوویان لەناوەڕاستی ساڵەکانی ١٩٤٠ەوە تا ساڵی ١٩٦٠، ٨٥٪ی نەوتی هەموو جیهان کۆنترۆڵ بکەن. دیارترین ئەو کۆمپانیایانەی کە بە حەوت خوشکەکە ناسرابوون بریتی بوون له‌: کۆمپانیای ئەنگلۆ فارسی کە ئێستا بە "بریتیش پترۆلیۆم" (Bp) ناسراوە، کۆمپانیای کەنداو، کۆمپانیای نەوتی ستاندەری کالیفۆرنیا، کە ئێستا بە "شڤرۆن" ناسراوە، کۆمپانیای تەکساس کە دواتر لکێنرا بە شڤرۆنەوە، ڕۆیاڵ دەچ شێڵ و کۆمپانیای نەوتی ستاندەری نیوجێرسی، لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی ستاندەری نیویۆرک، کە دواتر بوو بە بەشێک لە "ئێکسۆن مۆبیل".

لەوەیش زیاتر، ئۆپێک بۆ ڕێکخستنی سیاسەتێکی هاوبەش لە نێوان وڵاتە ئەندامەکانیدا دامەزرا، بەتایبەتی لە ڕووی ئاستی وەبەرهێنان و هەناردەکردن و چۆنێتیی هێنانەئارای نرخێکی هاوسەنگ لەناو بازاڕی نێودەوڵەتیی وزەدا و، پاشانیش دروستکردنی جۆرێک لە هاوکاری لە نێوان وڵاتانی ئەندامی ئەو ڕێکخراوە لە ڕووی پیشەسازیی وزەوە. بەپێی مادده‌ی (١٠٢)ی ڕێکكەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئۆپێک ڕێکخراوێکی حکوومییە و  خودی خۆی وەک ڕێکخراوەکە بەشداریی بازرگانیی نەوت ناکات؛ فەرمانبەرەکانیشی وەک فەرمانبەرێکی مەدەنیی نێودەوڵەتی ناسراون [i]. هەروەها ئەم ڕێکخراوە، پێکهاتەی کارگێڕیی تایبەت بە خۆی هەیە و، بەپێی ئەو دەستوورەی كه‌ وڵاتانی ئەندامی ئەم ڕێکخراوە لەسەری ڕێک کەوتوون، کار و کۆبوونەوەکانی بەڕێوە دەبردرێت. لە ساڵی ١٩٦٥ه‌وە تا ئێستا بنکەی سەرەکیی ڕێکخراوی ئۆپێک لە "ڤییه‌ننا"ی پایتەختی دەوڵەتی نەمسایە و، لە کاتی ئێستایشدا ئەو ڕێکخراوە لە ١٤ ئەندام پێک هاتووە.

ئۆپێک لە ئامانجی ئابوورییەوە بۆ ململانێی سیاسی

ئامانجی دامەزراندنی ئۆپێک، جگە لە ڕووە تەکنیکییەکەی، ڕزگارکردنی وڵاتانی وەبەرهێنەری نەوت بوو لە دەست هێژموونیی سیاسی و ئابووریی کۆمپانیای وڵاتە زلهێزەکانی سەدەی بیستەم، بەڵام پاش ١٣ ساڵ لە دامەزراندنی ئەو ڕێکخراوە، ئامانجەکەی پێچەوانە بووەوە. ئەوە بوو لە ساڵی ١٩٧٣دا وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک بە سەرکردایەتیی وڵاتە عەرەبییەکان، نەوتیان لە ڕێگەیەکی ئابوورییەوە  خستە خزمەت ئامانجه‌ سیاسییەکانیان، بەتایبەتی لە جه‌نگی عەرەب- ئیسرائیلدا. ئەوە بوو ئەو ڕێکخراوە نەوتی بە دوو شێواز لە دژی وڵاتانی ڕۆژاوا بەکار هێنا:

  • یەکەم: نەفرۆشتنی نەوت بەو وڵاتانەی هاوکاریی ئیسڕائیلیان کردووە دژی وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەتی میسر.
  •  دووەم: بەرزکردنەوەی نرخەکەی، بە کەمکردنەوەی ڕێژەی بەرهەم و ئاستی هەناردەکردنی.

ئەگەرچی لەو کاتەدا، ئۆپێک توانیی تا ڕاددەیەکی زۆر گوشار بخاتە سەر وڵاتانی ڕۆژاوا، بەتایبەتی لە ڕووە ئابوورییەکەیەوە، بەڵام پلانە ستراتیژییەکانی وڵاتانی ڕۆژاوا، بەتایبەتی ئەوروپا و ئەمریکا، بۆ چۆنێتیی گەیشتن بە وزەی پێویست لە نەوت و گاز لەناوچە جیاجیاکانی جیهاندا، وای کرد ئەو چەکە ئابووری و سیاسییەی کە عەرەبەکان شانازییان پێوە دەکرد کە "نەوت" بوو، لاوازی بکەن.

کەواتە ئەگەر بگەڕێینەوە سەر پرسیارە سەرەکییەکە: ئایە هۆکاری کەمبوونەوەی هێزی وڵاتانی ڕێکخراوی ئۆپێک چییە لەناو بازاڕی نێودەوڵەتیی وزەدا؟ دەتوانین بڵێین، وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ چەند هۆکارێکی سیاسی و ئابووری دەگەڕێتەوە کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر پیشەسازیی وزە. گرنگترین هۆکارەکانیش بریتین لە:

  • یەکەم: ڕێژەی بەرهەم و ئاستی هەناردەکردنی نەوت لە وڵاتانی ئەندامی ئۆپێکەوە، کاریگەرییەکه‌ی جارانی نەماوە. واتا لە ڕووی هێزی دابینکردنی وزەوە، هێزی نەوتی وڵاتانی ئۆپێک لە ڕێژەی یەدەگ و بەرهەم و ئاستی هەناردەی نەوتی وڵاتانی ئەندامەوە سەرچاوەی گرتبوو؛ کە دەتوانین بڵێین تا ساڵی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠١٣یش، ئۆپێک تا ڕاددەیەک هێز و دەسەڵاتی لەناو بازاڕی نێودەوڵەتیی وزەدا زۆر بوو، بەڵام پاش پێشکەوتنی تەكنه‌لۆژی و دۆزینەوەی سەکۆی نوێی نەوتی خاو لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا، نەوتی وڵاتانی ئۆپێک ئەو گرنگییە گەورەیەی جارانی نەما. چونکە لە کاتی ئێستادا بەپێی داتاکانی ئاژانسی وزەی جیهانی، پێداویستیی ڕۆژانەی وڵاتانی جیهان بۆ نەوتی خاو لە نێوان ٩٤ بۆ ٩٦ ملێۆن بەرمیلدایە. ئەوەی جێگەی ئاماژەپێدانە وڵاتانی ڕێکخراوی ئۆپێک، لەو ڕێژەیە تەنیا بە ٣٢.٤٣ ملێۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەشداری دەکەن. واتا ئۆپێک نزیکەی یەک لەسەر سێی پێداویستیی جیهان دابین دەکات؛ دوو بەشەکەی تری، وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێک دابینی دەکەن. ئەوەیش بەو مانایە نایەت کە وڵاتانی ڕێکخراوی ئۆپێک ڕۆڵیان نەماوە، بەڵام دەتوانین بڵێین لە ڕووی دابینکردنی نەوت بۆ وڵاتانی بەکارهێنەری نەوت، ڕۆڵیان لاواز بووە.
  • دووەم: لە ڕووی بازرگانیی نەوتەوە، ململانێی وڵاتانی ئۆپێک تەنیا لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێکدا نییە، بەڵکوو ململانێکان لەسەر زیاتر فرۆشتنی پشکەکانیان لەناو بازاڕی نێودەوڵەتیی وزەدا، گەیشتۆتە ئاستێک کە وڵاتانی ئۆپێک بۆ دۆزینەوەی زۆرترین کڕیار، پێشبڕکێ لەگەڵ یەکتریشدا دەکەن. کە ئەمەیش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ هەر وڵاتێک بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی ئەوی تر، ڕێژەیەکی نەوتی زۆر بخاتە بازاڕەوە. لە دەرەنجامدا، ئەو ململانێ و جۆری بازرگانییە، وای کردووە هێزی ڕێکخراوی ئۆپێک لەسەر بازاڕی نیودەوڵەتیی وزە کەم ببێتەوە.
  • سێیەم: ململانێی سیاسیی نێوان ئەندامانی ڕێکخراوی ئۆپێک، وای کردووە سیاسەتی ڕێکخراوەکە، لە ڕووی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت و ئاستی هەناردەکردنەوە بەتەواوەتی جێبەجێ نەکرێت. بۆ نموونە، تا دوو ساڵ پێش ئێستایش سعوودیا بە هەموو شێوەیەک دژی ئەوە بوو کە گوشاری ئابووری لەسەر ئێران هەڵبگیرێت، تاکوو ئێران نەتوانێت ئاستی بەرهەم و هەناردەکردنی نەوتەکەی بەرز بکاتەوە. لە کاتی ئێستایشدا ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیا لە ئاستێکی باشدا نییە و، زۆر جار ئەو ململانێیەی لە نێوان سوننە و شیعەدا هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کار دەکاتە سەر هەڵوێستی ئەو دوو وڵاتە لەناو کۆبوونەوەکانی ڕێکخراوی ئۆپێکدا.

دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ لە هاوکێشەی ڕێکخراوی ئۆپێکدا

هاوکێشە ئابووری و سیاسییەکانی ڕێکخراوی ئۆپێک، بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە. ئەو دوو بەرەیەیش لە ڕووی نەتەوەیی و ئایینییەوە، بە هەمان شێوە دابەش بووە بەسەر وڵاتانی عەرەبی - ئیسلامی و ئەو وڵاتانەی نە عەرەبن و نە ئیسلامیشن. لە ڕووی جوگرافییشەوە وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی ئۆپێک، بەسەر سێ ناوچەی جوگرافی دابەش بوون کە بریتین لە: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا و ئەمریکای باشوور. ئەو دابەشبوونە جوگرافییەیش کار دەکاتە سەر بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانیان لە سەرانسەری جیهاندا.

 سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، دەتوانین بڵێین لە ڕووی بەرژەوەندیی ئابوورییەوە، هەر دوو بەرەکە وا بەئاسانی بە دروستبوونی وڵاتێکی وەبەرهێنەری نوێ بە ناوی "دەوڵەتی کوردستان"، خۆشحاڵی دەرنابڕن، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان واقعێکی سیاسیی وای دروست کردووە، کە لە کاتی سەربەخۆبوونی دەوڵەتی کوردستانیشدا، وڵاتانی ئۆپێک کێشەیەکی گەورەیان بۆ دروست نه‌كه‌ن؛ چونکە نەوتی هەرێمی کوردستان، ئێستا لەناو بازاڕەکانی جیهاندا دەفرۆشرێت و جێگە و کڕیاری خۆی دۆزیوەتەوە. واتا لە ئێستادا ئەو ڕێژە نەوتەی کە هەرێمی کوردستان بەرهەمی دەهێنێت و هەناردەی دەکات، لە چوارچێوەی ئەو ڕێژەیەدایە کە ڕێکخراوی ئۆپێک بۆ عێراقی دیاری کردووە. کەواتە لە ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆیشدا، هیچ زیانێک بەو وڵاتانە ناکەوێت، چونکە نەوتێکی تازە ناچێتە بازاڕەوە تا کارێکی ئەوتۆ لەو وڵاتانە بكات. لەوەیش زیاتر، ڕۆژانە چەندین سەکۆ و ناوچەی نەوتیی نوێ لە سەرانسەی جیهاندا دەدۆزرێتەوە، کە ئەوە وا دەکات ئەو وڵاتانە کێشە بۆ نەوتی دەوڵەتی کوردستانیش دروست نەکەن.

ئەوەی دەمێنێتەوە، لایەنی بیرکردنەوە و بەرژەوەندیی سیاسیی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی ئۆپێکە، کە بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین جگە لە ئێران و عێراقی عەرەبی و قەتەر، هیچ ئەندامێکی تری ئەو ڕێکخراوە کێشەی نە لەگەڵ دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستاندا هەیە و، نە لەگەڵ نەوتی کوردستانیشدا هەیە کە دەچێتە بازاڕەکانی جیهانەوە؛ بەتایبەتی دەوڵەتێکی وەک "سعوودیا" بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆیش خۆشحاڵیی دەربڕیوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستان، کە ڕێگە لە هێژموونیی ئێرانی شیعە لە ناوچەکەدا بگرێت. ڕاستە لە ڕووە ئابوورییەکەیەوە وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک بەرامبەر دەوڵەتی کوردستاندا کێبڕکێیان لەسەر ڕاکێشانی کڕیاری نەوتی خاو بۆ دروست دەبێت، بەڵام وەک باسمان کرد ئەوەیش شتێکی ئاسایییە و، دەکرێت وەک هەر دەوڵەتێکی بەرهەمێنەری نەوت مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.  

بەڵام ئەوەی شایەنی ئاماژەپێدانە، لە ئێستادا لە ڕووی تێگەیشتنە ئابووری و سیاسییەکانەوە، ململانێیەکی زۆر لە نێوان ئەندامەکانی ئەو ڕێکخراوەدا هەیە. دەتوانین بڵێین بوونی ململانێ سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان وڵاتانی ئۆپێک لەلایەک و، بەهێزبوونی وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێک لە ڕووی یەدەگ و بەرهەمی نەوتی خاوەوە لەلایەکی ترەوە، وای کردووە ئەو ڕێکخراوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەوە لاوازی بڕوات. ئەم لاوازییەیش لە قازانجی هەرێمی کوردستانە، تا بتوانێت لە ڕووی پیشەسازیی وزەوە زیاتر جێگەی خۆی لەناو بازاڕی نێودەوڵەتیی وزەدا بکاتەوه‌ و، هەروەها لە ڕووە سیاسییەکەیشەوە خاڵی بەرژەوەندیی بەهێز ئەو وڵاتانە کۆ ناکاتەوە، تا دژی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بن.

کۆبەند

هەرچەندە ڕێکخراوی ئۆپێک، لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە ڕێکخراوێکی کاریگەر بوو، نەک تەنیا لەسەر بازاڕەکانی وزەی جیهانی، بەڵکوو لەسەر گۆڕانکارییە سیاسییەکانیش، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام لە کاتی ئێستادا ئەو ڕێکخراوە بە شێوەیەک لاواز بووە، کە دەتوانێت تەنیا بە شێوەیەکی زۆر سنووردار، کار بکاتە سەر نرخی نەوت و هەڵوێستە سیاسییەکان. لێرەدا، دەسەڵاتی سیاسی کوردستان و شاندی باڵای ڕیفراندۆم، دەکرێت سوود لەو لاوازی و ململانێیانە وەربگرن کە لە نێوان ئەندامەکانی ئەم ڕێکخراوەدا هەیە، بەتایبەتی ئێران و سعوودیا؛ بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە سوود لە لاوازیی ئۆپێک وەربگرن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە ئاییندەدا، بەبێ بوونی ترس و دوودڵییەکی زۆر لەو وڵاتانەی لە ڕێکخراوی ئۆپێکدا ئەندامن.

 

[i] فەرمانبەری مەدەنیی نێودەوڵەتی (International Civil Employment) بەو فەرمانبەرانە دەوترێت، کە لە ناو ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیدا کاری تەکنیکی و ئابووری، کۆمەڵایەتی یان مرۆڤدۆستی ئەنجام دەدەن، و کارەکانیشیان دوورە لە ململانێی سیاسیی نێوان وڵاتانی ئەندامی ناو ئەو ڕێکخراوە و دەرەوەی ڕێکخراوەکە. سەبارەت بە فەرمانبەرانی ناو ڕێکخراوی "ئۆپێک"، لە کاتی ڕوودانی هەر ململانێ و ناکۆکییەکی سیاسی، جا لە نێوان وڵاتانی ئەندامی ئۆپێکدا بێت یان لە دەرەوەی ئۆپێک، ئەوا فەرمانبەرانی ناو ڕێکخراوی ئۆپێک لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە لە هەر مەترسییەک کە بە هۆی کارکردن لە ناو ڕێکخراوەکەدا ڕووبەڕوویان ببێتەوە، پارێزراون.

 

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples