خستنەڕووی پرس
ڕێژەی دەنگی "بەڵێ" بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆم و گەیشتنی گەلی کوردستان بە مافە ڕەواکانی، تەنیا کاریگەریی لەسەر بارودۆخ و ئارامیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی باشووری کوردستان نابێت، بەڵکوو ڕاستەوخۆیش کار دەکاتە سەر بارودۆخی ئابووری بەگشتی و، چۆنێتیی فرۆشتنی نەوت و گازی کوردستان لە بازاڕە نێودەوڵەتیەکانی وزدا بەتایبەتی. بۆیە لێرەدە بە پێویستی دەزانین وەڵامی ئەو پرسیارە سادە و گرنگە بدەینەوە کە لە ئێستادا بۆتە جێگەی گفتوگۆی بەشێکی زۆری چین و توێژەکانی ناو هەرێمی کوردستان کە دەپرسن: ئایە چۆن ڕێژەی دەنگی "بەڵێ" بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆم, گرنگە بۆ سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا لە ئێستادا هەرێمی کوردستان، بەبێ گەڕانەوە بۆ عێراقی عەرەبی، خۆی ڕاستەوخۆ نەوتەکەی دەفرۆشێت؟
ناوەڕۆک
هەروەک ڕوون و ئاشکرایە مامەڵەکردن و فرۆشتنی نەوت و گاز لە ڕێگەی دەوڵەتێکی سەربەخۆی خاوەن سەروەریی یاسایی و سیاسی و ئابوورییەوە، زۆر باشتر و بەهێزترە و قازانجیشی زیاترە، وەک لەوەی لە ڕێگەی هەرێمێکەوە نەوت هەناردە بکرێت کە کێشەی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندییهكەی هەبێت، لە نموونەی هەرێمی کوردستان و بەغدا. دەتوانین بڵێین زۆربەی کات، فرۆشتنی نەوت و گاز بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە لایەن هەرێمەکانەوە بەبێ ڕەزامەندیی حکوومهتی ناوەندی، کارێکی ئەستەمە، بەڵام ئەوەی وای لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت و گازی باشووری کوردستان بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا سەرکەوتوو بێت، لە لایەک بوونی چەندین ماددەی دەستووری و نەبوونی یاسای نەوت و گازی عێراقی بوو؛ لە لایەکی تریش، بارودۆخی شێواو و نەبوونی ئارامیی سیاسی لە عێراقی عەرەبی بەگشتی و، مامەڵە نایاسایییەکانی حکوومەتی بەغدا بوو بەرامبەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی بڕینی بوودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان. هەموو ئەمانە وایان کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر ئەو ململانێ سیاسی و ئابوورییە نادادپەروەرانەی حکوومەتی ناوەندیی عێراق دژی گەلی کوردستان گرتبوویە بەر، دەستەوەستان نەوەستێت، بەڵکوو بەپێچەوانەوە حکوومەت و دەسەڵاتدارانی سیاسیی هەرێمی کوردستان بە شێوازێکی زیرەکانە هەوڵی دا بۆ سەرخستنی پڕۆسەی سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتی کوردستان و، توانیی سەرکەوتوو بێت؛ سەرەڕای ئەو بەربەست و کێشانەی کە حکوومەتی ناوەندی لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دروست دەکرد.
ئەوەی گرنگە لە ئێستادا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیهکی سەربەخۆ و پاڵپشت بە ماددەکانی ١١١، ١١٢ی دەستووری نوێی عێراق و یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان ساڵی ٢٠٠٧، گرێبەست و مامەڵەی هەناردە و فرۆشتن بە نەوتی باشووری کوردستانەوە دەکات؛ بەڵام ئەم مامەڵەکردنە کاتەکەی دیاری کراوە و، نابێت شێوازی گرێبەست و فرۆشتنی نەوتی خاکی کوردستان هەر بەم شێوەیە لە نێوان کێشە و ململانێکانی نێوان بەغدا و هەولێردا بمێنێتەوە، بەڵکوو دەبێت ڕۆژێک بێت ئەم نەوتە چارەنووسی یاسایی و سیاسی و ئابوورییەکەی دیارتر و بێکێشەتر بێت؛ نەک وەک بەشێک لەو کۆمەڵە کێشەیەی لە نێوان باشووری کوردستان و عێراقی عەرەبیدا دروست بووە و بە درێژاییی هەشتا ساڵی ڕابردوو هەر بەردەوامیی هەیە.
دەتوانین بڵێین ئەو ڕۆژەی کە چارەنووسی ئەو کێشانەی نێوان هەرێم و بەغدا یەکلایی دەکاتەوە، بە کێشەی نەوت و گازیشەوە، ڕۆژی ٢٥/٩/٢٠١٧یە، چونکە ڕۆژی ٢٥/٩ تەنیا گەلی کوردستان دەنگ هەڵنابڕێت بۆ سەربەخۆبوونی خاک و خەڵکی کوردستان لە دەست ئەو زوڵم و زۆرداری و چەوسانەوەیەی بە درێژاییی هەشتا ساڵی ڕابردوو گەلی کوردستان لەم ناوچەیە ڕووبەڕووی بووەوە، بەڵکوو ڕۆژی ٢٥/٩ ڕۆژی پیشاندانی ئیرادەی گەلی کوردستانە بە ڕەتکردنەوە، یان ڕازیبوونی بەو کێشە و ململانێ سیاسی و ئابوورییانەی لە لایەن حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقەوە دوچاری بووەتەوە، بە کێشەی نەوت و گازیشەوە. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین ڕێژە و کاریگەریی دەنگی "بەڵێ" لەسەر دوو ئاست، کاریگەریی لەسەر فرۆشتنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دەبێت:
یەکەم: ئاستی مەشروعییەتی ئەو پرۆسەیە (Legitimacy): واتە پرۆسەی فرۆشتنی نەوت و ئەنجامدانی گرێبەستەکانی تایبەت بەو بوارە لە لایەن گەلی کوردستانەوە ڕێگەپێدراوە. هەروەها ڕەتکردنەوەی ئەو مامەڵە ناتەندروستە سیاسی و ئابوورییەی کە حکوومەتی بەغدا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەیکات لە نموونەی بڕینی بوودجەی کوردستان، بە بیانووی فرۆشتنی نەوت لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە. واتە چەند ڕێژەی دەنگی بەڵێ زیاتر بێت، ئەوەندە کاریگەریی زیاتری دەبێت لەسەر بەخشینی متمانە بەو لایەن و کۆمپانیایانەی کە نەوتی کوردستان دەکڕن، یان گرێبەستی جۆراوجۆریان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری نەوت و گازدا واژوو کردووە؛ چونکە دەنگی بەڵێ هەموو ئەو دەنگۆ و پڕوپاگەندانەی عێراقی عەرەبی بەدرۆ دەخاتەوە کە دەڵێن، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەک هەر لەخۆوە و بەبێ ڕەزامەندیی حکوومەتی بهغدا نەو دەفرۆشێت، لە لایەکی تریش ئەو مامەڵەیەی، حکوومەتی هەرێم بە نەوتی کوردستانییەوە دەکات، نایاسایییە."
دووەم: ئاییندەی ئارامیی سیاسی بۆ پرۆسەکە: واتا دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم تا چ ڕاددەیەک ئارامیی سیاسی بۆ پرۆسەی نەوتی کوردستان دێتە ئاراوە، کە دەتوانین بڵێین بەرزیی ڕێژەی دەنگی بەڵێ، بەخشینی متمانە و دڵنیاییی سیاسییە بە وڵاتانی دەرەوە و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بەوەی ئاییندەی کار و داهاتەکانیان لە کوردستان بە هۆی کێشە ناوخۆیییەکانەوە دوچاری مەترسی نابێتەوە. ئەمەیش خاڵێکی گرنگ و سەرەکییە بۆ ئەوەی لە لایەک نەوتی کوردستان خێراتر و زیاتر کڕیاری بۆ پەیدا ببێت، لە لایەکی تریش کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان زیاتر وەبەرهێنان لە نەوت و گازی هەرێمی کوردستاندا بکەن. دەتوانین بڵێین ڕێژەی دەنگی بەڵێ، ئەو دڵنیایییە سیاسییە بە کۆمپانیاکانی بواری وزە دەبەخشێت، تا تێ بگەن تا چ ڕاددەیەک ئارامییەکی سیاسی هەیە لەناو ئەو حکوومەت و دەوڵەتەی ئەوان لە ئاییندەدا کاری لەگەڵدا دەکەن. بێ گومان سەرەڕای ئارامیی سیاسی و ئابووریی ناوخۆ، ئارامیی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بۆ سەرجەم کۆمپانیاکانی بواری وزە، دیسانەوە خاڵیکی گرنگە کە دەبێت حکوومەتی ئاییندەی دەوڵەتی کوردستان لە داهاتوودا کاری لەسەر بکات.
دەرەنجام
کاریگەریی ڕێژەی دەنگی بەڵێ، هەروەک چۆن لە ڕووی سیاسی و گەیشتنی گەلی کوردستان بە مافە ڕەواکانی گرنگە، لە هەمان کاتیشدا پەیامێکە بۆ عێراقی عەرەبی و جیهانی دەرەوە، کە گەلی کوردستان سەرەتا ناڕازییە بەو مامەڵە ناتەندروستەی کە حکوومەتی بەغدا بەرامبەر گەلی کوردستان ئەنجامی دەدات، پاشان نیشاندانی ڕەزامەندیی گەلی کوردستانە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکلاییکردنەوەی سەرجەم ئەو کێشە و گرفت و ناخۆشییانەی کە دانیشتووانی باشووری کوردستان بە هۆی سیاسەتی ناتەندروستی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی بەغداوە دوچاری بوونەتەوە. لەویش گرنگتر، بەخشینی متمانەیەکە بە وڵات و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، کە وا ئەم گەلە ڕازییە و خۆشحاڵە بە ئەنجامدانی هەر مامەڵهیەکی سیاسی و ئابووریی ڕاستەوخۆ لەگەڵ جیهانی دەرەوە لە ڕێگەی حکوومەت و دەسەڵاتی سیاسیی باشووری کوردستانەوە و، هەر کۆمپانیایەکی بواری نەوت و گاز لە دواڕۆژدا کار لە کوردستاندا بکات، ئەوا لە هەر جۆرە نائارامییەکی سیاسییهوه دوور دەبێت.
ئەمەیش بەو مانایە نایەت کەوا دەنگی "بەڵێ"، ڕەخنە و تێبینیی لە چۆنێتیی مامەڵەکردن و فرۆشتنی نەوتی باشووری کوردستان نییە، بەڵکوو دەنگی بەڵێ، دەیەوێت سەرجەم ڕەخنەکان بخاتە چوارچێوەیەکی نیشتمانییەوە و دواجار لە سایەی دەوڵەتێکی کوردستانی دامەزراوەییدا، کاری لەسەر بکات و هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکانیش بدات. هەروەها دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە حاڵهتی سەرکەوتنی ڕیفراندۆمدا، زۆر ڕێز لە سەرجەم ئەو دەنگە "بەڵێ"یانە بگرێت، لە ڕێگەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر و باشکردنی باری داراییی سەرجەم دانیشتووانی هەرێمی کوردستانەوە، کە تێکەڵەیهکە لە دەنگی سەرجەم "بەڵێ" و "نەخێر"ەکان، تا بتوانێت مەشروعییەت و ئارامیی سیاسی بە شێوەیەکی بەردەوام، بە پاڵپشتیی بەردەوامی گەلی کوردستان بە سەرجەم پێکهاتە و ئایین و چین و توێژەکانەوە مسۆگەر بکات، چونکە ئەو دوو خاڵە ڕاستەوخۆ کار دەکەنە سەر سەرکەوتنی فرۆشتنی نەوتی کوردستان. هەروەها سەرکەوتنی فرۆشتنی نەوتی کوردستانیش لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و بەهێزبوونی ئەو دەوڵەتە لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە.