هێزی ئابووری و نەوتی کوردستان: لە قۆناغی دوای ڕیفراندۆم و پێش دانپێدانانی نێودەوڵەتیدا

خستنەڕووی پرس

دانپێدانانی نێودەوڵەتی، یەکێکە لە خەسڵەتە گرنگەکانی دامەزراندنی دەوڵەت، بەتایبەتی لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە. دانپێدانانی نێودەوڵەتییش پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە سەروەریی ئەو هەرێم و خاکەی، کە دەیەوێت ببێت بە دەوڵەتێکی نوێ لەناو کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتیدا؛ کە دەتوانین بڵێین بوونی دانپێدانانی نێودەڵەتی و بوونی سەروەریی سیاسی و یاساییی دەوڵەت، لە ڕووی سیاسی و ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە، دەوڵەتە تازە دامەزراوەکان دەگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی باڵاتر، کە بتوانێت بە شێوەیەکی ئاسانتر و، بێ کێشە و گرفت کارەکانی لەناو کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتیدا جێبەجێ بکات. لە ئێستادا پرسیاری بەشێکی زۆری هاووڵاتیان و چین و توێژە جیاجیاکان لە باشووری کوردستان ئەوەیە: پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، حکوومەت و دانیشتووانی باشووری کوردستان چۆن دەتوانن مامەڵە و بەرژەوەندییەکانیان، بەتایبەتی لە ڕووی ئابووری و بازرگانیی نەوتەوە، بخه‌نە بواری جێبەجێکردنەوە؟ بە واتایەکی تر، ئایە ئەگەر باشووری کوردستان لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن کەسایەتیی سیاسی و یاسایی، دانی پێدا نەنرا و نەبوو بە ئەندام لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، چۆن دەتوانێ لە لایەک خۆی بگوازێتەوە بۆ قۆناغی دەوڵەتی خاوەن سەروەری و، لە لایەکیشه‌وه‌ پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا چۆن ڕێک دەخات؟

ناوەڕۆک

لە ئێستادا بە هۆی بوونی چەندین گوشاری نێودەوڵەتی و هەرێمی و ناوخۆیی، بۆ بابەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ لە باشووری کوردستان، دڵەڕاوکێیەکی زۆر کەوتۆتە ناو بەشێک لە هاووڵاتیان و سیاسەتوانانی ناو هەرێمی کوردستانەوە؛ ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەم ترسە، بەشێکی پەیوەندیدارە بە بەشێک لە خاوەن بەرژەوەندییەکانی ناوخۆ و دەرەوە، هەروەها بەشێک لە میدیاکانی ناو هەرێمی کوردستانیش بە شێوەیەکی ناتەندروست مامەڵە دەکەن. سەرەڕای ئەوەی بەشێک لەو ترسە، ترسێکی پەیوەندیدارە بەو گوشارە یەک لە دوای یەکانەی وڵاتانی زلهێز و نێودەوڵەتی، کە دەیکەنە سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی حکوومەتەکانی عێراقی عەرەبی و ئێران و تورکیا.

بەڵام ئەوەی لە ئێستادا گرنگە کە هاووڵاتیان لە باشووری کوردستان لێی تێ بگەن ئەوەیە، کە لە لایەک ناکرێت کوردستانیان هەتا لە ژیاندا ماون ژێردەستە بن و، نەبن بە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان، لە لایەکی تریشه‌وه‌ نابێت ئەوەندە خۆیان لە بەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بە بێهێز و بێتوانا نمایش بکەن؛ چونکە تەنیا سەرچاوەکانی هێزی باشووری کوردستانە، وا دەکات ڕا و هەڵوێستی سیاسی و یاساییی وڵاتان لەناو کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتیدا بەرامبەر باشووری کوردستان بگۆڕدرێت.

کەواتە بۆ ئەوەی بەشێک لە کوردستانیان لە وەهمی ئەو گوشارە نێودەوڵەتی و هەرێمییانە بێنە دەرەوە کە دەخرێتە سەر باشووری کوردستان، دەبێت سەرەتا ئەوەیان بۆ ڕوون بکرێتەوە کە ئایە دانپێدانانی نێودەوڵەتی گرنگە، یان سەرچاوەکانی هێزی نەتەوە، یان دەوڵەت؟ لەوەیش گرنگتر ئەوەیە، کە ڕاستە کوردستانیان ئامادەن گیانیان بکەن بە قوربانی دەوڵه‌تی سەربەخۆی کوردستان، بەڵام لە لایەکی تریشه‌وه‌، بە مافی خۆیانی دەزانن کە لەوە تێ بگەن کە پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیە، ژیان و گوزەرانیان لە ڕووی ئابوورییەوە بەرەوە چ ئاراستەیەک دەڕوات، بەتایبەتی لە ڕووی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانیی نەوتەوە.

بۆ تێگەیشتن لەو پرسیارانەی سەرەوە، سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین کە بنەما سەرەتایییەکانی دروستبوونی دەوڵەت لە شێوە کلاسیکییەکەیدا بریتین لە خاک، گەل و حکوومەت، بەڵام لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە سێ چەمک بۆ دروستبوون و لەدایکبوونی دەوڵەتە نوێیەکان زۆر گرنگن، کە ئەوانیش بریتین لە: سەروەری، دانپێدانانی نێودەوڵەتی و سەرچاوەکانی هێزی دەوڵەتن. دەتوانین بڵێین تێگەیشتنی ئەو سێ چەمکە بۆ بارودۆخی باشووری کوردستان لە کاتی ئێستادا زۆر گرنگە، تا بتوانێت بە کەمترین مەترسی و زەرەری ئابووری و سیاسی، بە ئاراستەی دروستبوونی دەوڵەتدا بڕوات.

سەروەری (Sovereignty) چییە؟

سەروەری لە ڕووی چەمکەوە بە مانای باڵاترین دەسەڵاتی دەوڵەت  دێت، کە دەوڵەت لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە فەرمانڕەواییی پێ دەکات. بۆ یەکەم جار لە لایەن فەیلەسووفی فەڕەنسی "جان بۆدان" لە پەرتووکی کۆمار لە ساڵی ١٥٧١دا بەکار هاتووە. یاساناسە گەورەکان، لە ڕووی ڕووکەشەوە بابەتی سەروەرییان بە چەندین شێوە دابەش کردووە، لەوانە: سەروەریی یاسایی و سیاسی، سەروەریی ناوەوە و دەرەوە، سەروەریی هەرێمی و کەسی، هەروەها سەروەریی باش (Positive) و خراپ(Negative) و هتد. بەڵام ئەوەی بەڵای ئێمەوە گرنگە، سەروەریی دەرەوەیە، کە بە مانای ملکەچنەبوونی دەوڵەت دێت بۆ هەر دەوڵەتێک، یان حکوومەتێکی دەرەکی.

واتا کاتێک باشووری کوردستان دەبێت بە کیانێکی سیاسی و یاساییی خاوەن سەروەری، کە ئەو بڕیار و مامەڵە سیاسی و یاسایی و ئابوورییانەی کە ئەنجامی دەدات، ملکەچ، یان بەتەواوەتی نەکەوێتە ژێر هێژموونیی هیچ وڵاتێکی بیانییەوە. دەبێت ئەوەیشمان لەبیر بێت کە هیچ وڵاتێک خاوەن سەروەریی سیاسی و یاسایی و ئابووریی ڕەها نییە، بەڵکوو لە لایەک بەرژەوەندییە جۆراوجۆرەکان و، لە لایەکی تریش یاسا نێودەوڵەتییەکان ئاستی سەروەریی وڵاتانیان کەم کردۆتەوە. لەوەیش زیاتر، لە سەردەمی جیهانگیری و پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و بوارەکانی پەیوەندیکردندا، بابەتی سەروەری، زۆر پرسیاری گەورەی لەسەر دروست بووە و دەتوانین بڵێین تا ڕاددەیەکی زۆر سەروەریی وڵاتان بە شێوەیەکی گشتی لاواز بووە.

دانپێدانانی نێودەوڵەتی چییە؟

پرۆسەیەکە، لە ڕێگەیەوە لە لایەن کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتییەوە دان بە کەسایەتی سیاسی و سیاسی یەکەیەکی سیاسی دەنرێت، ئەو دانپێدانانەش وا دەکات ئەو دەوڵەتە نوێیە مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتەکانی تری جیهاندا بکات، بەپێی ئەو یاسا و ڕێسایانەی کە یاسای نێودەوڵەتیدا دیاریکراون. دەتوانین بڵێن ئەو یاسا نێودەوڵەتیانەیش وا دەکات دەوڵەتە نوێیەکە پابەندبێت بە سەرجەم ئەو ماف و ئەرکانەی کە لەناو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بۆی دەستنیشان کراوە.

بەڵام گرنگترین و سەرەتاییترین خاڵ بۆ باشووری کوردستان و سەرجەم دەوڵەتە نوێیەکان، خودی دانپێدانانە، کە مەرج نییە لە دانپێدانانی نێودەوڵەتی، لە سەرەتاوە لە لایەن سەرجەم وڵاتانی دنیاوە دەستەبەر بکرێت، هەروەک لە ئێستادا کۆمەڵێک نووسەر بانگەشەی بۆ دەکەن؛ بەڵکوو سەرەتا دەکرێت بە دژایەتی دەست پێ بکات و پاشان چەند دەوڵەتێک دان بەو سەربەخۆبوونەدا بنێن و، دوای چەندین ساڵ لە ڕێگه‌ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بێت، یان وڵاتە زلهێزەکان، دانپێدانانی تەواوەتی بە سەروەریی یاسایی و سیاسیی باشووری کوردستاندا بنرێت.

سەرچاوەکانی هێزی دەوڵەت، یان نەتەوە، بریتین لە سەرجەم سەرچاوە مرۆیی و سروشتییەکانی دەوڵەت، یان هەرێم، کە لە ژێرخان و سەرخانی ئەو خاکەدا کۆ بۆتەوە کە گەلێک، یان نەتەوەیەکی تیادا دەژی، لەوانە: سنووری جوگرافی، ژمارەی دانیشتووان، توانای ئابووری، توانای سەربازی، سەرچاوە و کانزا سروشتییەکان، دامەزراوە سیاسییەکان، که‌لتوور و چالاکییە ڕۆشنبیرییەکان و، هەروەها ژێرخانی تەکنەلۆژی.

کەواتە کاتێک هەرێمێکی گرنگی وەک باشووری کوردستان، دەیەوێت ببێت بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، دەبێت بزانێت سەرچاوەکانی هێزی گەلی کوردستان لە باشووری کوردستان لە چ ئاستێکدایە. ڕاستە سێ کۆلەکە سەرەکییەکەی دروستبوونی دەوڵەت بریتین لە خاک، گەل و حکوومەت و، لە سەدەی بیست و بیست و یەکیشدا، بابەتی دانپێدانانی نێودەوڵەتی و سەروەریی سیاسی و یاسایی، گرنگترین بابەتەکانی دروستبوونی دەوڵەتە نوێیەکان بوون لەسەر ئاستی جیهان، چونکە دانپێدانانی نێودەوڵەتی و بوونی سەروەری، دوو بابەتی سەرەکین کە نیشانەی نێودەوڵەتیبوون بە یەکە سیاسییەکان دەبەخشن. بەڵام لە ئێستادا، بابەتی سەرچاوەکانی هێزی دەوڵەت لە ڕووی مرۆیی و سروشتییەوە، بە گرنگترین خاڵ بۆ دروستبوونی دەوڵەتە نوێیەکان و بەردەوامبوونیان دادەنرێن.

سەرچاوەکانی هێزی باشووری کوردستان

باشووری کوردستان لە ڕووی سەرچاوەی هێزەوە زۆر دەوڵەمەندە، کە دەتوانین پۆلێنیان بکەین بۆ سێ بەش:

سەرچاوە سروشتییەکان: سەرجەم ئەو سەرچاوانە دەگرێتەوە کە لە ئاو و هەوا و خاک و ئاسمانی ناوچەیەکدا هەیە و دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی گەلێک، یان دەسەڵاتێکی دیاریکراوەوە. خاکی کوردستانیش لە ڕووی ئاو  و خاک و کانزاکانەوە زۆر دەوڵەمەند و پڕبەرهەمە، کە ئەگەر باشووری کوردستان لە ڕووی ڕووبەرەوە وەربگرین بە سەرجەم ئەو بەرهەمانەی لە ژێر زەوی هەیەتی لە نەوت، گاز، ئاو، ئاسن، خەڵوز و... و، ئەو بەرهەمانەی لەسەر زەوی هەیەتی و دەتوانێت بەکاری بهێنێت و بەرهەمی بهێنێت، بەتایبەتی لە ڕووی گەشتوگوزار و کشتوکاڵەوه‌ و، بەراوردی بکەین لەگەڵ ژمارەی دانیشتووانەکەی، کە بە نزیکەی پێنج ملیۆن و نیو هاووڵاتی دەخەمڵێنرێت، بۆمان دەردەکەوێت کە  باشووری کوردستان  یەکێکە لە هەرێمە دەوڵەمەندەکان.

سەرچاوە مرۆیییەکان: سەرچاوە مرۆیییەکانی دەوڵەت، سەرجەم هێزی گەل و نەتەوە دەگرێتەوە له‌ ڕووی توانای عەقڵ، دەستی کار و تەنانەت هێزە سەربازییه‌کەیشییەوە، هەروەها چۆنێتیی بەکارهێنانی ئەو هێزە بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە، دەبێتە خاڵی بنەمای سەرکەوتنی دەوڵەت. لە باشووری کوردستانیشدا سەرچاوە مرۆیییەکان لە ڕووە جۆراوجۆرەکانەوە، لە ئاستێکی خراپدا نییە. بۆ نموونە: هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی چەندین وەزارەتەوە لە نموونەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و، هەروەها لە ڕێگەی کەرتی گشتی و تایبەت و ڕێکخراوە مەدەنییەکانەوە، ئەندامانی ئەم کۆمەڵگەیە لە ڕێگەی بەرنامە و خولی جۆربەجۆرەوە پێ گەیه‌نراون و، هەوڵ دراوە دەستی کاریان بە بازاڕی کارەوە گرێ بدرێت؛ کە دەتوانین بڵێین ئەو سەرچاوە مرۆیییەی لە باشووری کوردستاندا هەیە، توانای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی هەیە. ڕاستە بابەتی دەوڵەتداری کارێکی ئاسان نییە، بەڵام بەپێی ئەو ئەزموونەی ئەم هەرێمە هەیەتی، دەتوانین بڵێین باشە.

سەرچاوەی هێزی دامەزراوەیی: ئەم سەرچاوەیە هێزەکەی پەیوەندیدارە بە ڕێژەی بەدامەزراوەییبوونی سیاسی و یاساییی دەوڵەتەوە. هەروەها هەر دوو سەرچاوە سروشتی و مرۆیییەکانی دەوڵەتیش چۆنێتی و ئاستی بەهێزیی دامەزراوەکان دیاری دەکات. بە واتایەکی دیكه‌، بەهێزی دامەزراوەکان لە دەوڵەتدا، کە حکوومەت و پەرلەمان و دادگه‌کانن، بە هاوکاریی سەرچاوە مرۆیی و سروشتییەکان، وادەکات کاروباری سیاسی، ئابووری و یاساییی ئەو دەوڵەتە بە شێوەیەکی سەرکەوتووتر بەڕێوە ببرێن. لەم ڕوانگەیەوە، ئەگەر تەماشای باشووری کوردستان بکەین، خۆشبەختانە سەرەتا ئەو دامەزراوانە بوونیان هەیە، دواجار لە ئاستێکدان دەتوانن دانیشتووانی ئەم ناوچەیە بەڕێوە بەرن، هەرچەندە کەموکوڕیی زۆریشیان هەیە. بەڵام لە ڕووی ئابوورییەوە، پێویستی بە ڕیفۆرمێکی تەواو هەیە، تا بتوانێت بەپێی سیستەمێکی ئابووریی نوێ، بابەتی داراییی ئەم وڵاتە ڕێک بخات، بەتایبەتی لە ڕووی خەرجی و باج و داهاتەوە و هتد. بۆیە دەتوانین بڵێین بۆ دروستبوونی دەوڵەتی باشووری کوردستانیش، سەرچاوەکایی هێزی گەل و خاکی باشووری کوردستان زۆر گرنگە بۆ دوو قۆناغ:

  • یەکەم: قۆناغی گواستنەوەی کوردستان لە دوای ڕیفراندۆمەوە بۆ قۆناغی دەوڵەتی سەربەخۆ: ئەویش بە سوودوەرگرتن لەو سەرچاوانە، بۆ ئەوەی لە لایەک لە لایەن حکوومەت و دەسەڵاتی سیاسیی باشووری کوردستانەوە بەکار بهێنرێن، تا سەروەریی ناوخۆ و دەرەوەی ئەم هەرێمەی پێ بەهێز بکات؛ لە لایەکی تریش، سوودوەرگرتن لەو سەرچاوانە بۆ دابینکردنی بەرژەوەندیی کۆمەڵێک دەوڵەت بۆ ئەوەی دان بە سەربەخۆییی باشووری کوردستاندا بنێن، بۆ نموونە: ئەگەر هێزی وزەی نەوتی باشووری کوردستان وەربگرین لە سەرجەم ئەو ناوچانەی کە ڕیفراندۆمی تیادا ئەنجام دراوە، تەنیا لە هەرێمی کوردستانی بێ ناوچە دابڕاوەکان، یەدەگی نەوتی خاو بە ٤٥-٥٠ ملیار بەرمیل دەخەمڵێنرا؛ تەنیا پارێزگه‌ی کەرکووکیش خاوەنی ١٣ ملیار بەرمیل نەوتی خاوە، جگە لە ناوچەکانی تر کە ڕیفراندۆمی تێدا کراوە. بەو پێیە بێت، باشووری کوردستان پێشبینی دەکرێت ببێت بە خاوەنی زیاتر لە ٧٠ ملیار بەرمیل نەوتی خاو، بە سەرجەم ناوچە جێناکۆکەکانەوە. دەتوانین بڵێین، ئەو یەدەگە گەورەیەی نەوتی خاو، وا لە باشووری کوردستان دەکات بێتە ڕیزبەندی هەشتەم لە ئاستی جیهان بۆ بوونی نەوتی خاو.

سەبارەت بە دانپێدانانی نێودەوڵەتی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیی لە ماوەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی زیرەکانە لە ڕێگه‌ی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانەوە ئەو هێزە بەکار بهێنێت، بۆ ئەوەی وا لە وڵاتان بکات ئەگەر ڕاستەوخۆ دان بە ڕیفراندۆم و جیابوونەوەی نەنێن لە عێراقی عەرەبی، ئەوا دژیشی نەبن. لە کاتی هەبوونی هەر گوشارێک لەسەر ئەو کەرتە، هەروەک سەرۆککۆماری تورکیا، هەڕەشەی گرتنەوەی ئەو بۆڕییە نەوتەی دەکرد کە نەوتی کوردستان دەگوازێتەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، ئەوا ئەو گوشارانە سەرەتا کاتی دەبێت، دواتر زەرەرمەندی لەو بڕیارانە تەنیا باشووری کوردستان نابێت، بەڵکوو خۆیشیان و کۆمپانیا تورکییەکانیش زەرەرمەند دەبن.

سەبارەت بە بارودۆخە ئابوورییەکەی دوای ڕیفراندۆم، هەرچۆنێک وڵاتانی دراوسێ و عێراقی عەرەبی گوشار بخه‌نه‌ سەر هەرێمی کوردستان، ئەوا خۆیان زەرەرمەندی یەکەم دەبن، چونکە تا ئێستا هەر ئێران و تورکیا کەلوپەلی جۆراوجۆر هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکەن و بە ملیاران دۆلار قازانج دەکەن. کاتێک ئاستی گوشارە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتانە، بەتایبەتی تورکیا و ئێران و عێراقی عەرەبی، زۆر گەورە بووه‌وە، ئەوا لە خراپترین باردا بارودۆخی ئابووریی هاووڵاتیانی باشووری کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بارودۆخەی کە پێش ساڵی ٢٠٠٣ تیایدا دەژیان. لەو کاتەیشدا بەپێی چەند ڕێکكەتننامەیەکی نێودەوڵەتی و پەیوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤەوە، بابەتی ئابووریی باشووری کوردستان ڕێک دەخرێت، کە بە ڕای ئێمە ئەم بارودۆخە زۆر دوورە لە واقعی ئێستاوە، چونکە هێز و کارتەکانی بەردەست دەسەڵاتی سیاسی لە باشووری کوردستان زۆر لە ساڵەکانی پێش ٢٠٠٣ بەهێزترن.

بۆیە دەتوانین بڵێین كه‌ ڕێژەی پێویستیی وڵاتان بۆ نەوت و گازی کوردستان و ئابوورییەکەی، کە یەکێکن لە سەرچاوەکانی هێزی باشووری کوردستان، لە دوای ڕیفراندۆمیش گرنگییەکەی خۆی لە دەست نادات. ئەگەر چی لە دوای ڕیفراندۆمەوە تا پاش ماوەیەک، گوشارە ئابووری و سیاسییەکان لەسەر باشووری کوردستان ڕوو لە زیادبوون دەکەن؛ هەروەک ئەوەی کە لە ئێستادا دەیبینین لەلایەن تورکیا و ئیران و عێڕاقی عەرەبیەوە چەندین جۆری فشار خراوەتە سەر باشووری کوردستان. بەڵام هەرچۆنێک بێت هێزی سەرچاوەکانی باشووری کوردستان، بەتایبەتی ئابووری و نەوت و گازەکەی، ئەگەر باش لە ململانێ سیاسی و ئابووریەکاندا بەکار بهێنرێت، ئەوا هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە لە قۆناغی دوای ڕیفراندۆمەوە، دەگوازێتەوە بۆ قۆناغی دانپێدانانی نێودەوڵەتی و سەربەخۆییی یەکجارەکی.

  • دووەم: بەهێزکردنی دەوڵەتی باشووری کوردستان و بەردەوامبوونی: لەم قۆناغەدا، بابەتی چۆنێتیی بەکارخستنی سەرچاوەکانی هێزی کوردستان، پێویستە زیاتر لە ڕێگەی دامەزراوەی بەهێزی ئابووری و سیاسی و یاسایییەوە ئاراستە بکرێن. ئەو دامەزراوانەیش، دەبێت بەپێی سیستەمی تایبەت و پلانی جۆراوجۆری نوێ و شەفاف بەڕێوە ببردرێن. لێرەیشدا ناوەندەکانی بیرکردنەوە و ڕاوێژکارە تایبەتمەندەکان، ڕۆڵی گەورە دەگێڕن بۆ چۆنێتیی بەکارهێنانی سەرچاوەکانی هێزی دەوڵەتی باشووری کوردستان لە ڕووی کەرتەکانی ئابووری بەگشتی و  ژێرخانی نەوت و گاز بەتایبەتی. لەو کاتەدا ئەو دەوڵەتەی لە باشووری کوردستان ڕادەگەیەنرێت، دەوڵەتێکی بەهێز دەبێت و ئەگەری لەناوبردنیشی زۆر کەم دەبێت.
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples