ڕاگرتنی نەوتی کوردستان و خۆکوژیی عێراقی عەرەبی

ڕاگرتنی نەوتی کوردستان بەپێی پیلانی تورکیا و ئێران و عێراقی عەرەبی، سەرەتا خۆکوژییەکی سیاسی و ئابووری و دارایییە بۆ عێراقی عەرەبی، پاشان سەرهەڵدانی جه‌نگێکی مەترسیدارە کە پێدەچێت بۆ چەندین ساڵ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام بێت، کە دەرەنجامەکەیشی تەنیا هەڵوەشانەوەی عێراقی لێ ناکەوێتەوە، بەڵکوو سنوورەکانی تورکیا و ئێرانیش پارچەپارچە دەبن.

هەرچەندە لە کاتی ئێستادا، دەسەڵاتی سیاسی لە باشووری کوردستان و بەشێک لە باڵادەستانی سیاسیی عێراقی عەرەبی، لە کۆبوونەوەدان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ چارەسەرکردنی ململانێ سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، ئەڵتەرناتیڤی کۆنفیدراڵییشیان کردووە بە یەکێک لە چارەسەرەکان. بەڵام لە دوای هەڕەشە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا و عێراقی عەرەبی بۆ ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان، بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و میدیاکاران، پرسیاری ئەوە دەکەن ئاخۆ بە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان چی ڕوو دەدات؟

ناوەڕۆک

سەرەتا بۆ ئەوەی لەو هەنگاوە نایاسایی و نادەستوورییانەی حکوومەت و پەرلەمانی عێراقی عەرەبی تێ بگەین کە بەرامبەر خەڵکی کوردستان، لە ڕووی ئابووری و دارایی بەگشتی و کەرتی نەوت و گازەکەی بەتایبەتی، گرتوویەتییە بەر، وا باشترە وەڵامی چەند پرسیارێکی یاسایی و دارایی و سیاسیی پەیوەندیدار بە ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی باشووری کوردستانەوە بدەینەوە، چونکە ئەو هەنگاوانە نەک تەنیا مەترسی و گوشار بۆ سەر باشووری کوردستان دروست دەکات، بەڵکوو گۆڕانکاری لە نەخشەی جیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا دروست دەکات. گرنگترین پرسیارەکانیش بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە پێویستیان بە وەڵامی بەپەلە و جددی هەیە ئەمانەن:

یەکەم: ئایە بڕیاری ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان یاسایییە، یان سیاسییە؟

سەرەتا لە ڕووی یاسایییەوە، بەپێی ماددەکانی١١١، ١١٢ی دەستووری نوێی عێراقی، حکوومەتی عێراقی بە شێوەیەکی ڕەها، مافی نییە بە تەنیا لەسەر ڕاگرتن و مامەڵەکردن بە نەوتی باشووری کوردستانەوە بڕیار بدات. هەر بڕیارێکی تاکلایەنانەیش لەسەر ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بە هاوکاریی دەوڵەتی تورکیا، ئەوەندەی بە بڕیارێکی سیاسی دادەنرێت، ئەوەندە بە بڕیارێکی  دەستووری و یاسایی دانانرێت. هەروەها ئەوەی پەیوەندیدارە بە دەروازە سنووری و گومرگییەکانەوە، دیسان هه‌ر نایاسایین، چونکە دژی ماددەی ١١٤، بڕگە یەک و، ماددەی ١٢١ بڕگە دووە.

دووەم: بۆچی هەڵوەشانەوەی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان ئاسان نییە، وەک ئەوەی حکوومەتی تورکیا و عێراقی عەرەبی، لە ڕێگەی ڕاگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەوڵی بۆ دەدەن؟

بە شێوەیه‌کی گشتی ئەو گرێبەستانه‌ی نەوت و گاز کە لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکاندا ئەنجام دراون و خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، گرێبەستێکی سادەی کڕین و فرۆشتن نین تا بەئاسانی حکوومەتی ناوەندیی بەغدا بتوانێت بڕیاری لەبارەوە بدات و، تورکیا بە هاوكاریی دەوڵەتی، هەناردەکردنی نەوتی کوردستان ڕابگرێت، بەڵکوو ئەم گرێبەستانە لە ڕووی یاسایی، سیاسی، ئابووری و پیشەسازیی پتڕۆلیۆمەوە گرێبەستی ئاڵۆزن و، لەبەر دوو هۆکاری سەرەکی هەڵوەشانەوەیان زۆر قورسە:

  • ١- ئەم گرێبەستانە کاری چەندین قۆناغی پەیوەندیدار بە پیشەسازیی وزەوە لەخۆ دەگرێت، لەوانە: بەدواگەڕان و دەرهێنان و پاڵاوتن و تا دەگاتە هەناردەکردن. ئەمەیش ماوەیەکی دووروودرێژە، کە بەپێی جۆری گرێبەستەکان زۆر جار ماوەی کارکردن لە نێوان ٥ تا ٢٠ ساڵ دەخایەنێت.
  • ٢- ئەم گرێبەستە، قازانجەکەی و سەرپەرشتیکردنی کارەکەی، تەنیا لە نێوان دوو کۆمپانیا کورت نابێتەوە، بەڵکوو چەندین کۆمپانیا و لایەنی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی دەبنه‌ هاوکار و شەریک؛ کەواتە هەڵوەشانەی لە ڕووی سیاسی و ئابووری و یاسایییەوە هەروا ئاسان نییە.

سێیەم: ئایە پابەندبوونی داراییی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان چۆن دەبێت؟

لە کاتی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، پابەندبوونی دارایییەکەی پەیوەندیدارە بەو پابەندبوونە یاسایییانەی کە لەو گرێبەستانەدا هاتووە کە لە نێوان حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیا و لایەنەکانی گرێبەستەکەدا واژوو کراوە. دەتوانین بڵێین گرێبەستەکانی جۆری بەرهەمی هاوبەش، لایەنەکانی پابەند کردووە بۆ جێبەجیکردنی سەرجەم داواکارییە دارایی و یاسایییەکان، بەتایبەتی لە کاتی ڕوودانی هەر گۆڕانکارییەک کە کار بکاتە سەر گۆڕینی ڕێڕەی کار، یان قازانجی کۆمپانیا و لایەنەکانی ناو گرێبەستەکە، چونکە مافی بە کۆمپانیا و لایەنه‌کانی ناو گرێبەستەکە داوە، کە پەنا بۆ دادگە نێودەوڵەتییە پەیوەنددارەکان بەرن، لەوانە: دادگەی ناوبژیوانی لە لەنده‌ن، یان ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی، کە زۆر جار دەستەیەکی دادوەری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی پەنابردن بۆ دادگه‌ی دادی نێودەوڵەتییەوە پێک دەهێنێت. واتا لە ئەگەری ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان لە لایەن تورکیاوە و لەسەر داواکاریی حکوومەتی عێراقی عەرەبی، کاتێک بڕیارەکان لە لایەن دادگە نێودەوڵەتییەکانەوە یەکلایی بکرێتەوە، ئەوا بە ڕای ئێمە زۆربەی پابەندبوونە دارایییەکان و سەرجەم زەرەر و دانەوەی قەرزەکان، دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، کە ڕێژەی ئەو پارانەیش کەم نین بەڵکوو بە سەدان ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێن.

کاریگەریی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لەسەر هێژموونیی سیاسی و جیۆپۆلیتیکی وزەوە

لە هەر دوو ڕووی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە، نەوت و گازی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە جوگرافیای وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانەوە هەیە و، بەرژەوەندی و هێژموونیی چەندین وڵاتی بەخۆیەوە گرێ داوە. دەستکاریکردنی جوگرافیای وزەی ناوچەکە بەو سادەیییە نییە کە سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق باسی لێوە دەکات، چونکە لە ئێستادا ململانێیەکی زۆر هەیە لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی وزەی ناوچە جیاجیاکانی جیهان و چۆنێتیی ئاراستەکردنی وزە؛ ئەو ململانێیانەیش زیاتر لە نێوان ڕووسیا و ئەمریکا و سعوودیا و ئێرانییەکاندا چڕ بۆتەوە. لە ئێستایشدا بەبازاڕکردنی وزەی کوردستان لە ڕووی نەوت و گازەوە، تا ڕاددەیەکی زۆر پەیوەندیدارە بە ڕووسیاوە. ڕووسیایش لە لایەک دەیەوێت بەسەر ھەناردەی وزەی ئازەربایجان و کوردستاندا زاڵ بێت، بۆ ئەوەی وڵاتانی ئەوروپا لە نەوت و گازی ڕووسی بێمنەت نەبن، لە لایەکی تریشه‌وه‌ ڕووسیا، لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕە نێودەوڵەتییه‌كانی وزە، ململانێیەکی توند لەگەڵ ئێران و سعوودییەکان دەکات. بۆ ئەم مەبەستەیش لە ڕێگەی کۆمپانیاکانییەوە، هەوڵ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کێڵگە نەوتی و گازییەکان لە سەرانسەری جیهاندا دەدات. لەم ڕوانگەیەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە بۆچی ڕووسەکان لە سەرەتاوە هەوڵیان دا پشک و هێژموونیی خۆیان لە نەوت و گازی باشووری کوردستان مسۆگەر بکەن و، ئێستایش وا بەئاسانی ڕێگە نادەن کە نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دووبارە لە لایەن عێراقی عەرەبی شیعەوە کۆنتڕۆڵ بکرێتەوە.

ڕاگرتنی نەوتی کوردستان و خۆکوژیی سیاسی و داراییی عێراقی عەرەبی

کۆنتڕۆڵکردنی نەوت و گازی کوردستان لە لایەن عێراقی عەرەبی شیعەوە، زەرەرمەندی یەکەم تێیدا، تەنیا هەرێمی کوردستان نابێت، بەڵکوو ڕووسیا و تورکیا و ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپایش زەرەرمەند دەبن، چونکە دوای ڕێکكەوتنی وڵاتانی ٥+١ لەگەڵ ئێراندا، بۆ لابردنی ئەو گەمارۆ ئابوورییانەی خرابوونە سەری، دووبارە ئێران لە ڕێگەی وزەکەیەوە هاتە ناو بازاڕی نێودەوڵەتیی وزەوە. لەو کاتەوە ئێران تەنیا هەوڵی زیادکردنی پشکەکانی نەدا لەناو بازاڕی نێودەوڵەتیی وزەدا، بەڵکوو هەوڵی دا لەسەر بازاڕی وزەی ئەوروپا، ململانێ لەگەڵ ڕووسیا و سعوودییەکاندا بکات. بۆیە لەم ڕوانگەیەوە ڕووسەکان باش دەزانن کاتێک نەوت و گازی باشووری کوردستان بکەوێتەوە ژێر دەسەڵاتی عێراقی عەرەبی، واتا کەوتۆتەوە ژێر دەسەڵاتی ئێرانییەکان؛ کە ئەمەیش نە لە بەرژەوەندیی ڕووسیایە، نە لە بەرژەوەندیی ئەمریکا و تورکیا و ئەوروپایشدایە. ئەو سەرکێشییەی تورکیایش بۆ ڕاگرتنی نەوتی کوردستان دەیکات، ئەگەر حکوومەتی بەغدا بەفەرمی لێیان داوا بکات، بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی تورکەکان نییە: چاوەڕوان دەکرێت لە بەرامبەردا، حکوومەتی تورکیا داوای نەوت و گاز و قەرەبووی دارایی لە حکوومەتی عێراقی عەرەبی بکاتەوە، ئەگەر نا، ئەوا دەبێت خۆی باجی ڕاگرتنی نەوتی باشووری کوردستان لە ڕووی سیاسی و دارایییەوە، بداتەوە بەو لایەنانەی کە لەو نەوتە بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە.

هەروەها ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان، واتە تێکدانی نەخشەی بەرژەوەندیی وزەی وڵاتانی زلهێز. دەتوانین بڵێین ڕاگرتنی ئەو نەوتە، پێش تێکدانی بەرژەوەندیی خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لێدانە لە بەرژەوەندیی سەرجەم ئەو لایەنانەی کە هاوبەش و شەریکن لە نەوت و گازی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی گرێبەستی بەرهەمی هاوبەشەوە. لە ئەگەری ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستانیشدا، عێراقی عەرەبی و ئەو وڵاتەی دەستی لە ڕاگرتنیدا هەیە، دەبێت سەرجەم ئەو زیانانە دارایییانەی کە وه‌به‌ر کۆمپانیاکان و دەوڵەتەکانی ناو گرێبەستەکە دەکەوێت، بگرنە ئەستۆ. لە ڕووی سیاسی و مەترسیی جیۆپۆلیتیکییەوە، ڕاگرتنی نەوتی کوردستان تەنیا بەپێی بەرژەوەندیی عێراقی عەرەبی، دەبێتە هۆکاری دروستبوونی گرژی و ململانێی سەربازی و سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە پێدەچێت جه‌نگێکی نوێی مەترسیدار بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لەم ناوچەیەدا سەر هەڵبدات؛ کە دەرەنجامەکەیشی تەنیا هەڵوەشانەوەی عێراقی لێ ناکەوێتەوە بەڵکوو سنوورەکانی تورکیا و ئێرانیش پارچەپارچە دەبن.

دەرەنجام و ئەڵتەرناتیڤەکانی باشووری کوردستان

لە ئەگەری ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان لە لایەن تورکیاوە، لەسەر داواکاریی عێراقی عەرەبی، ئەوا هەرێمی کوردستان لە ڕووی ستراتیژییەتی پیشەسازیی بازرگانیی وزەوە ئەوەندە بێدەسەڵات و بێتوانا نییە، بەڵکوو چەندین ڕێگەی هەیە کە بۆ قەرەبووکردنەوەی ڕاگرتنی نەوتی کوردستان سوودی لێ وەربگرێت. گرنگترین ئەو ئەڵتەرناتیڤانەیش بریتین لە:

یەکەم: دۆزینەوەی ڕێگه‌ی نوێ بۆ هەناردەکردنی نەوتی کوردستان

هەرێمی کوردستان، هەروەک تورکیا و عێراقی عەرەبی بانگەشەی بۆ دەکەن، تەنیا یەک ڕێڕەوی نییە بۆ هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، کە ئەویش بەندەری جیهانە، بەڵکوو باشووری کوردستان دەتوانێت لە سەرەتاوە بە شێوەیەکی سادە لە ڕێگەی تەنکەرەوە نەوت بە ڕێگه‌ی کوردستانی ڕۆژاوادا هەناردەی دەرەوەی بکات؛ تا ئەو کاتەی کە بە شێوەیەکی ستراتیژی لە ڕێگەی سووریا-دەریای ناوەڕاست، یاخود ئۆردن-ئیسڕائیل، نەوتەکەی هەناردە بکات. بێ گومان ئەم هەنگاوانە، دەبێت بە پاڵپشتیی وڵاتانێکی وەک ڕووسیا و پێکهاتەیەکی وەک سوننەکان بێت تا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.

دووەم: سوودوەرگرتن لەو نەوتەی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرێت

حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت سوود لەو ٦٥٠ هەزار بەرمیل نەوتە بکات کە ڕۆژانە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانه‌وه‌ هەناردەی دەرەوەی دەکات، چونکە ماوەی ساڵێکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لایەک دابەشکردنی نەوتی بەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا بە شێوەیەکی گشتی ڕاگرتووە، لە لایەکی تریش بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی وزە، بەتایبەتی بەنزین، هەرێمی کوردستان ڕێگەی بە بازرگانان داوە کە بەنزین و نەوت هاوردەی کوردستان بکەن. لە کاتی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی باشووری کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت ئەو ٦٥٠ هەزار بەرمیلە بپاڵێوێت و لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا بیفرۆشێت. لەم کاتەدا دوو سوود وەردەگرێت: لە لایەک پێداویستیی نەوت و بەنزین و بەرهەمەکانی تری وزە بۆ هەرێمی کوردستان پڕ دەکاتەوە، لە لایەکی تریش، لە ڕووی دارایییەوە دەتوانێت تا ڕاددەیەکی باش بوودجە و مووچە بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دابین بکات؛ لە پاڵ سەرچاوەکانی تری داراییی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، کە باج یەکێکە لەوانە.

لە دەرەنجامدا بۆمان دەردەکەوێت کە باشووری کوردستان ئەوەندە پاروویەکی ئاسان نییە کە وڵاتانی دراوسێ و عێراقی عەرەبی قووتی بدەن. بۆیەیش دەبینین کە لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ئەوە باشووری کوردستان نییە دوچاری شڵەژانی سیاسی و ئابووری بۆتەوە، بەڵکوو ئەوە تورکیا و ئێران و عێراقی عەرەبین دوچاری ئەو شڵەژانە سیاسی و سەربازی و ئابوورییە بوونەتەوە، کە هەر ڕۆژەو لێدوانێک و بڕیارێک دژی هەرێمی کوردستان دەدەن. بۆیە ئەوەی پێشبینی دەکرێت ئەوەیە، ئەو وڵاتانه‌ و عێراقی عەرەبی هەوڵ دەدەن بە زووترین کات ڕێگەچارەیەک لەگەڵ باشووری کوردستان بدۆزنەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانەی کە خۆیان دروستیان کردووە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples