سه‌ره‌تا:
هه‌روه‌ك ئاشكرایه له ئێستادا و به‌دیاریكراویش پاش 16/10/2017، هه‌رێمی كوردستان به قۆناغێكی سه‌خت و دژوار‌دا تێ ده‌په‌ڕێت. قۆناغێكی زۆر هه‌ستیار و ناسكه، پێویستی به خوێندنه‌وه‌ی ورد و مامه‌ڵه‌یه‌كی به‌رپرسیارانه هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی دووباره بتوانین ڕۆڵ و پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان بگه‌ڕێنینه‌وه پێش 16ی ئۆكتۆبه‌ر. بۆیه له‌م وتاره‌دا زۆر تیشك ناخه‌ینه سه‌ر خودی ڕووداوه‌كانی 16/10/2017، به‌ڵكوو ده‌مانه‌وێت خوێندنه‌وه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه بۆ ڕووداوه‌كان و داهاتووی هه‌رێمی كوردستان و پاراستنی ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌ك له ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر تێ بگه‌ین كه بیكه‌ینه وێستگه‌یه‌ك بۆ پێشكه‌وتن و گۆڕانكاری، نه‌ك ببێته خاڵێك بۆ نائومێدی و كشانه‌وه. چونكه ئێمه ده‌بێت ئه‌وه بزانین كه كورد خاوه‌نی دۆزێكی ڕه‌وایه؛ ئێمه ئه‌و كاته شكست ده‌هێنن و ده‌دۆڕێین كه خه‌ونی به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌كانمان له‌ده‌ست بده‌ین.
تێڕامانێك له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ر
سه‌ره‌تا بۆ خوێندنه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی 16/10/2017 و جووڵاندنی هێزی عێراقی و حه‌شدی شه‌عبی، به‌ره‌و كه‌ركووك و ناوچه جێناكۆكه‌كان و پاشه‌كشه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، ده‌بێت جه‌خت له‌سه‌ر سێ ئاستی سه‌ره‌كی بكه‌ینه‌وه:
یه‌كه‌م : ئاستی نێوده‌وڵه‌تی
له‌م خاڵه‌یشدا تیشك ده‌خه‌ینه سه‌ر دوو لایه‌ن، ئه‌وانیش ئه‌مریكا و ڕووسیایه، وه‌ك دوو هێزی كاریگه‌ر له‌سه‌ر ئاستی سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی. بۆیه ناكرێت بۆ خوێندنه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان، به‌تایبه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ڕۆڵ و پێگه‌ی ئه‌م دوو زلهێزه نادیده بگیرێت.
سه‌باره‌ت به ئه‌مریكا، ئاشكرایه له‌م ئیداره‌یه‌ی ترا‌مپ، جۆرێك له ناڕوونی له سیاسه‌ت و بڕیاردان ده‌بینرێت. هه‌تا ئێستا دید و سیاسه‌تێكی زۆر یه‌كگرتوو له ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا نابینرێت هه‌تا ده‌وڵه‌تان بتوانن مامه‌ڵه‌یه‌كی ڕوون و ئاشكرایان له‌گه‌ڵ بكه‌ن، چونكه زۆر جار بابه‌تێك چه‌ندان بیروبۆچوونی جیاوازی له‌سه‌ر دروست بووه؛ بۆ نموونه جیاوازیی ڕوئیای ترا‌مپ وه‌ك سه‌رۆك و، تیله‌رسۆن وه‌ك وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنی 5+1، هه‌روه‌ها ڕوئیای زۆر جیاواز له نێوان سه‌نته‌ره‌كانی دروستكردنی بڕیار له ئه‌مریكا هه‌یه سه‌باره‌ت به كێشه هه‌نووكه‌یییه‌كان و، تایبه‌ت به عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌و جیاوازییه ده‌بینرێ.
سه‌باره‌ت به عێراق و هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت هاوسه‌نگییه‌ك دروست بكات له نێوان ئه‌و بۆچوونه جیاوازانه‌ی كه هه‌یه. هه‌ر زوو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕای گه‌یاند كه: "ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ هه‌رێمێكی كوردستانی به‌هێزه له چوارچێوه‌ی یه‌كپارچه‌ییی خاكی عێراق"؛ كه‌واته ئه‌گه‌رچی ئه‌مریكا له ئێستادا له‌گه‌ڵ یه‌كپارچه‌ییی خاكی عێراقه، به‌ڵام پێگه و ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان به‌هه‌ند وه‌رگیراوه. له سه‌ره‌تای جه‌نگی داعش و لابردنی مالكی و پشتگیریكردنی كورد له‌وه‌ی كه مالكی عێراق به‌ره‌و ئاقارێكی خراپ ده‌بات، ئه‌مریكا ئه‌و خه‌ونه‌ی هه‌بوو كه بتوانێت له ڕێگه‌ی "حه‌یده‌ر عه‌بادی"یه‌وه، عێراق له‌ژێر هێژموونیی ئێران ده‌ربهێنێت و عێراقێكی عه‌لمانی-عه‌ره‌بی دروست بكات؛ به‌ڵام زۆربه‌ی چاودێره سیاسییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه پێگه و ڕۆڵ و كه‌سایه‌تیی حه‌یده‌ر عه‌بادی ئه‌و كاراكته‌ره سیاسییه به‌هێزه نییه، كه بتوانێت هێژموونیی ئێران له عێراق بنه‌بڕ بكات. له سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ سعوودیا‌ی عه‌ره‌بی، به ئاماده‌بوونی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، داوا له عه‌بادی كراوه كه هێزه میلیشیا شیعه‌كان له عێراق ده‌ربكرێن و سوپایه‌كی یه‌كگرتووی نیشتمانی بۆ عێراق دروست بكرێت؛ هه‌ر زوو له‌وێ توانای عه‌بادی ده‌ركه‌وت كه له ئاست ئه‌م داواكارییه‌دا نییه.
ئه‌م وه‌همه‌ی ئه‌مریكا، بووه هۆی به‌رهه‌مهێنانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، چونكه ئه‌مریكییه‌كان پێیان وابوو كه ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم له ناوچه جێناكۆكه‌كان له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و ئامانجه نییه كه ئه‌مریكا هه‌وڵی بۆ ده‌دا، به‌ڵكوو ده‌بێته هۆی لاوازكردنی پێگه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی و، به شێوه‌یه‌ك كه بگاته ئه‌و ئاسته كه نه‌توانـێت له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بهێنێته‌وه و متمانه‌ی شه‌قامی عێراقی له‌ده‌ست بدات. بۆیه ئه‌مه‌یش وای له ئه‌مریكا كرد كه گڵۆپی سه‌وز بۆ هێزه‌كانی عێراقی پێ بكات بۆ ئه‌وه‌ی دووباره ئه‌و ناوچانه له ده‌ست كورد وه‌ربگرنه‌وه.
لێره‌یشدا، نابێت باس له ڕۆڵه نیگه‌تیڤه‌كه‌ی "بریت مه‌كگۆرك" نه‌كه‌ین، چونكه ئه‌و به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ له ڕۆژی ڕووداوه‌كه به به‌ڵگه‌وه، په‌یوه‌ندی به به‌شێك له‌و سه‌ركرده سه‌ربازییانه‌ی ناو یه‌كێتیی نیشتمانییه‌وه هه‌بووه و، داوای له‌وان كردووه كه له شاری كه‌ركووك پاشه‌كشه بكه‌ن. هه‌روه‌ها كۆنگرێسمانی دیاری ئه‌مریكا "ترێنت فرانكس" ڕه‌خنه‌ی توند له مه‌كگۆرك ده‌گرێت و به دوژمنی سه‌رسه‌ختی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆییی كورد ناوی ده‌بات، كه ئه‌و پێی وایه پێویسته برێت مه‌كگۆرك بگۆڕێت به كه‌سێكی تر، چونكه هه‌تا ئێستا مه‌كگۆرك به سیاسه‌ته كۆنه‌كه‌ی ئۆباماوه پابه‌نده، نه‌ك نوێنه‌رایه‌تیی سیاسه‌تی سه‌رۆك ترا‌مپ بكات.
سه‌باره‌ت به ڕۆڵی ڕووسیا وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی زلهێز، ڕووسیا له‌گه‌ڵ یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراقه و، به‌ڵام پێویستی به پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان. هه‌رچه‌نده ڕۆڵی ڕووسیا پۆزه‌تیڤتر بوو وه‌ك له ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر ڕیفراندۆم، به‌ڵام ڕووسیا ناتوانێت پشتگیریی هه‌رێم بكات بۆ سه‌ربه‌خۆیی، چونكه له كاتێكدا ڕووسيا له زۆربه‌ی ئه‌و سزایانه‌ی كه هه‌وڵ دراوه به‌سه‌ر كۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا بچه‌سپێنرێت مافی ڤیتۆی به‌كار هێناوه، هه‌روه‌ها له سووریایش پشتگیری له سیاسه‌تی كۆماری ئیسلامیی ئێران كردووه بۆ مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د له پۆسته‌كه‌یدا، كه‌واته ڕووسیا ناتوانێت به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ دژ به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كۆماری ئیسلامی له ناوچه‌كه‌دا بوه‌ستێته‌وه، بۆیه ڕۆڵی ڕووسیا له‌و كێشانه‌دا كه ڕوویان دا زۆر كه‌م ده‌رده‌كه‌وت، به‌ڵام سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا له‌گه‌ڵ پاراستنی مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بووه وه‌ك ئه‌وه‌ی له ده‌ستووری عێراقدا هاتووه.
دووه‌م: ئاستی هه‌رێمایه‌تی
پاش ئه‌وه‌ی كورد بڕیاری ڕیفراندۆمی دا بۆ سه‌ربه‌خۆیی، كۆمه‌ڵێك ئاڵه‌نگار (ته‌حه‌ددا)ی گه‌وره ڕووبه‌ڕووی كوردستان بوونه‌وه، به‌ڵام له دواجاردا ڕیفراندۆمه‌كه هه‌ر ئه‌نجام درا. ئه‌مه ترسێكی گه‌وره‌ی لای ده‌وڵه‌تانی هه‌رێمی دروست كرد، به‌تایبه‌ت توركیا و ئێران، كه به درێژاییی مێژوو دژایه‌تیی مافه‌كانی گه‌لی كوردیان كردووه و له‌سه‌ر هیچ شتێك ئه‌وه‌نده ته‌با و كۆك نین، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی له دژایه‌تیی مافه‌كانی كورد كۆكن. ڕیفراندۆم بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌م ده‌وڵه‌تانه له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و دژایه‌تیی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی بكه‌ن، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵیك مه‌سه‌له‌ی گه‌وره دژایه‌تی له نێوانیاندا هه‌بووه. ڕێككه‌وتنی توركیا و ئێران ته‌نیا له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان نه‌بووه، به‌ڵكوو له‌سه‌ر كۆنترۆڵكردنی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان بووه؛ واته پلانه‌كه لێدانی په‌كه‌كه و كوردانی ڕۆژاوا و حزبی دیموكراتیش له‌خۆ ده‌گرێت. بۆیه ده‌بینین سوپای پاسداران له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی خاكی كوردستان داگیر ده‌كات و ئاماده‌یییان هه‌یه؛ له هه‌مان كاتدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن كه یه‌كپارچه‌ییی خاكی سووریا بپارێزرێت و، یارمه‌تیی ڕژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د ده‌دات بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كانتۆنه‌كانی ڕۆژاوای كوردستان.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و لێكتێگه‌یشتنه‌ی وڵاتی ئێران و توركیا له‌سه‌ر سه‌ركوتكردنی كورد، به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌مان له‌بیر بچێت كه ئه‌م دوو هێزه ململانێ و دژایه‌تیی مێژوویی له نێوانیاندا هه‌بووه و هه‌ر یه‌كه‌یان نوێنه‌رایه‌تی ئیمپراتۆرییه‌تێك و ئایدلۆجیایه‌كی جیاواز ده‌كه‌ن، كه ئه‌وانیش سه‌فه‌وی و عوسمانییه؛ بۆیه هه‌ر یه‌كه‌یان زیادبوونی هێژموونیی ئه‌وی تریان به هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر خۆی ده‌زانێت. له‌به‌ر ئه‌وه هه‌ر زوو توركیا به‌ئاشكرا ئیدانه‌ی له‌شكركێشیی حه‌شدی شه‌عبیی كرد له كه‌ركووك و به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ ئاماژه‌یه‌كی هه‌ڕه‌شه‌ئامێزی ئاراسته‌ی ئێران كرد، به‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر پێویست بكات توركیایش ڕه‌نگه ئاماده بێت ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری مووسڵدا بكات.
سێیه‌م: ئاستی لۆكاڵی (عێراق – هه‌رێمی كوردستان)
سه‌باره‌ت به ناوخۆی عێراق و كه‌لتووری حوكمڕانی و به‌ڕێوه‌بردن، هه‌میشه ئه‌و كه‌لتووره بووه كه كاری له‌سه‌ر سڕینه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر كردووه. له‌و ڕوانگه‌یه‌یشه‌وه هه‌میشه باوه‌ڕیان به مافه سروشتی و یاسایییه‌كانی كورد نه‌بووه، بۆیه زۆر جار له جێبه‌جێكردنی مادده ده‌ستورییه‌كان خۆیان لا داوه و، نه‌یانویستووه كه ئه‌و ماددانه جێبه‌جێ بكه‌ن كه له به‌رژه‌وه‌ندیی كورددایه.
پاش شكسته یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی عێراق و كۆنترۆڵكردنی به‌شێكی زۆری خاكی عێراق له لایه‌ن داعشه‌وه، پێشمه‌رگه به‌بوێرانه و لێهاتووییی خۆی، توانیی هه‌موو ناوچه كوردستانییه‌كان بپارێزێت. هه‌روه‌ك ئاشكرایه حكوومه‌تی عێراق به هاوكاریی هاوپه‌یمانان پرۆسه‌ی ئازادكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی كه داعش ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتبوون ده‌ست پێ كرد، به‌ڵام قه‌زای حه‌ویجه‌ی هێشته‌وه بۆ كۆتاییی پرۆسه‌كه. ئه‌وه ئاماژه‌یه‌ك بوو بۆ په‌لاماردانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له دوای جه‌نگی داعش؛ هه‌روه‌ك ڕۆژنامه‌نووس "هێڤیدار ئه‌حمه‌د" له گرته ڤیدیۆیه‌ك ئاماژه به‌وه ده‌كات كه‌وا زانیاریی وردی له‌به‌رده‌سته، كه حكوومه‌تی عێراق پاش جه‌نگی داعش په‌لاماری كه‌ركووك ده‌دات. ئه‌وه به‌ڵگه‌یه‌كی ڕوون و ئاشكرا بوو. كه‌واته ڕیفراندۆم بكرایه، یان نا، ئه‌و پرۆسه‌یه هه‌ر ئه‌نجام ده‌درا. حكوومه‌تی عێراقیش به مه‌به‌ست هه‌وڵی دا كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان بهێڵێته‌وه بۆ دوای داعش، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ئاسانی كه‌ركووك و ئه‌و ناوچانه كۆنترۆڵ بكاته‌وه، به‌ڵام لێره‌دا خراپیی سیاسه‌تی دانوستانكاری كوردی ده‌رده‌كه‌وێت، كه نه‌یانتوانی سوود له لاوازیی حكوومه‌تی عێراق وه‌ربگرن و له لۆژیكی هێزه‌وه ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ناوه‌ند ئه‌نجام بده‌ن.
له ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانیش فاكته‌ر و هۆكاری زۆر هه‌بوون بۆ ئه‌وه‌ی ڕووداوی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ڕوو بدات، له‌وانه: پیشاندانی ئه‌زموونێكی خراپی حوكمڕانی له ماوه‌ی 26 ساڵی ڕابردوو، هه‌بوونی گه‌نده‌ڵییه‌كی زۆر، نه‌بوونی متمانه‌ی سیاسی له نێوان لایه‌نه‌كان و به‌دامه‌زراوه‌یینه‌كردنی كۆمه‌ڵگه. كه‌واته ئه‌م فاكته‌ر و هۆكارانه پێمان ده‌ڵێن، كورد له سه‌ره‌تادا له ڕووی سیاسییه‌وه شكستی هێنابوو، نه‌ك عه‌سكه‌ری، چونكه ئاشكرایه هه‌روه‌ك به‌رپرسێكی سیاسی ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئه‌گه‌ر ڕێككه‌وتنی به‌شێك له سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانی نه‌بووایه له‌گه‌ڵ قاسم سوله‌یمانی و حكوومه‌تی عێراق و، پێشمه‌رگه پاشه‌كشه‌ی پێ نه‌كرایه، ئه‌وا به 5 ساڵیش كه‌ركووك نه‌ده‌كه‌وت. ئێستا پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه: داهاتووی هه‌رێمی كوردستان له نێوان ململانێی هێزه نیوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تییه‌كاندا چۆن ده‌بێت؟
داهاتووی هه‌رێمی كوردستان له دوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر
به‌بێ دوودڵی له قۆناغی ئێستادا پێشبینیكردن بۆ داهاتوو شتێكی زه‌حمه‌ت و گرانه، چونكه به‌ڕاستی ڕووداوه‌كان خێرا و ئاڵۆز و فره‌ڕه‌هه‌ندن. پاش 16ی ئۆكتۆبه‌ر كۆمه‌ڵێك ڕووداوی گرنگ له‌سه‌ر ساحه‌ی ناوچه‌كه ڕووی دا، بۆ نموونه ئێران توانیی كۆتایی به "هیلالی شیعه" بهێنێت و ده‌سه‌ڵاتی خۆی بگه‌یه‌نێته سه‌ر چیای شه‌نگال؛ ئه‌مه‌یش پاش ئه‌وه‌ی سوپای پاسداران له هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌شدار بوو. به‌مه‌یش ئاشكرایه ئێران ده‌توانێت ببێته هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ئیسڕائیل و له ڕێگه‌ی مووشه‌كه دوورهاوێژه‌كانییه‌وه ئه‌گه‌ر بیه‌وێت، ده‌توانێت ئیسڕائیل بپێكێت. ئه‌مه‌یش نیگه‌رانییه‌كی زۆری لای ئیسڕائیل و ئه‌مریكا دروست كردووه، كه ئێستا ده‌نگێكی به‌هێز هه‌یه له‌ناو سه‌نته‌ره‌كانی توێژینه‌وه و به‌شێك له كۆنگرێسمانه‌كانی ئه‌مریكا، كه ده‌بێت ئه‌مریكا زوو كۆتایی به هیلالی شیعی و باڵاده‌ستیی ئێران له ناوچه‌كه بهێنێت. نابێت بیرمان بچێت ئه‌مریكا ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌وه بوو، له ڕێگه‌ی پشتگیریی عه‌بادییه‌وه عێراق له‌ژێر هێژموونگه‌راییی ئێران ده‌ربهێنێت، به‌ڵام له واقعدا ئه‌وه‌ی ڕووی دا باڵاده‌ستیی قاسم سوله‌یمانی و گه‌وره‌كردنی ده‌سه‌ڵات و ڕۆڵی ئێران بوو له ناوچه‌كه. ئه‌مه‌یش سه‌د له سه‌د پێچه‌وانه‌ی ئامانجی ئه‌مریكا بووه، چونكه ئه‌مریكا پێی خۆش بێت یان نا، ئه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه عه‌بادی ئه‌و كاراكته‌ره به‌هێزه نییه كه بتوانێت عێراق بگه‌ڕێنێته‌وه باوه‌شی جیهانی عه‌ره‌بی. كه‌واته یه‌ك ڕێگه بۆ ئه‌مریكا ده‌مێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی دژی هێژموونیی ئێران بوه‌ستێته‌وه، ئه‌ویش یارمه‌تیدانی هه‌رێمی كوردستانه.
له لایه‌كی تره‌وه ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی "سه‌عد حه‌ریری" له سعوودیا و هاوێشتنی مووشه‌كێك له لایه‌ن حووسییه‌كانی یه‌مه‌نه‌وه ئاراسته ڕووه‌و ڕیازی پایته‌ختی سعوودیا، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی گه‌وره‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا. بۆ نموونه: ده‌وڵه‌تانی هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی كه سعوودیا سه‌ركردایه‌تیی ده‌كات، ئاماژه‌یان به‌وه داوه كه ده‌بێت ته‌هران گورزێكی به‌هێز و وه‌ڵامێكی گونجاو وه‌ربگرێت له كاتی گونجاوی خۆی، هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئاماژه‌ی به‌وه دا كه زۆر نیگه‌رانه له هه‌وڵه نابه‌رپرسیاره‌كانی ئێران له ناوچه‌كه و، ئێرانی تۆمه‌تبار كرد به تێكدانی ئاسایشی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست؛ له لایه‌كی تره‌وه پاكستان له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئاسایشی سعوودیا به ئاسایشی خۆی ده‌زانێــت. كه‌واته كێشه‌كان به‌ره‌و ئاسۆیه‌ك ده‌ڕوات كه خه‌ریكه له كۆنترۆڵ ده‌ربچێت و ئێران به‌رپرسی یه‌كه‌مه له‌م كێشانه. ئه‌مه‌یش ڕه‌نگه ببێته هۆی ئه‌وه‌ی سنوورێك بۆ باڵاده‌ستیی ئێران له عێراق و لوبنان و یه‌مه‌ن دابنرێت. بۆ نموونه پاش حزبوڵڵا، هه‌وڵ ده‌درێت حه‌شدی شه‌عبی و چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری حه‌شدی شه‌عبی بخرێنه نێو لیستی تیرۆره‌وه؛ ئه‌مه‌یش ڕه‌نگه سیناریۆیه‌ك بێت به قازانجی كورد.
له لایه‌كی تره‌وه پاش سڕكردنی ڕیفراندۆم، كۆمه‌ڵگه‌ی نیوده‌وڵه‌تی گوشاریان خستۆته سه‌ر حه‌یده‌ر عه‌بادی بۆ ئه‌وه‌ی له ڕێگه‌ی دانوستاندن و به‌پێی ده‌ستوور كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات. ئه‌مه ئاماژه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ و گرنگی به‌نیسبه‌ت كورده‌وه تێدایه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ، دانی به ڕیفراندۆمه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا ناوه. بۆیه بوار له به‌رده‌م هه‌رێمی كوردستان ماوه بۆ ئه‌وه‌ی دووباره خۆی ڕێك بخاته‌وه و پێگه‌ی خۆی به‌هێز بكاته‌وه. كه‌واته ئه‌وه‌ی ڕوو ده‌دات، له داهاتوودا ڕه‌نگه به قازانجی كورد بشكێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه په‌یوه‌ندیی به ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌یه، كه پێویسته په‌ند له ڕابردوو وه‌ربگیرێت و هه‌ڵه‌كانی ڕابردوو دووباره نه‌كرێنه‌وه. به یه‌ك هه‌نگاو ده‌توانین به‌سه‌ر كێشه‌كاندا زاڵ بین، ئه‌ویش یه‌كڕیزی و چاكسازییه.