سه‌ره‌تا:
شۆڕش له ساده‌ترین پێناسه‌یدا بریتییه له گۆڕانكاری له‌و بارودۆخه باوه‌ی كه هه‌یه و، ئامانج لێی دروستكردنی قۆناغ و شێوازێكی نوێ و باشتره. ئه‌مه‌یش بریتییه له دیاریده‌یه‌كی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كه گرووپێك، یان چه‌ند گرووپێك له كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، به ئامانجی گۆڕانكاری و گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له نوخبه‌ی فه‌رمانڕه‌واوه بۆ شۆڕشگێران. فه‌یله‌سووف "ئه‌رستۆ" له ڕوانگه سیاسییه‌كه‌یه‌وه ده‌ستنیشانی دوو شێوازی شۆڕش ده‌كات:
_ گۆڕانكاریی ڕیشه‌یی وگشتگیر و گۆڕینی ده‌ستووری وڵات بۆ شێوازێكی تر؛ به مانای گۆڕینی شێوازی حوكمڕانی به شێوه‌یه‌كی گشتی.
_ گۆڕانكاری، ته‌نیا له نوخبه‌ی فه‌رمانڕه‌وا و هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور.
به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌وه‌ی ئاشكرایه ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بریتییه له‌و ناوچه‌یه‌ی كه به‌وه ده‌ناسرێته‌وه، له جیهاندا زۆرترین بوومه‌له‌رزه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی تیایدا ڕوو ده‌دات. ململانێی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمیی توند له‌م ناوچه‌یه‌دا هه‌ن. هه‌روه‌ها پاش شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی، ده‌نگۆی گواستنه‌وه‌ی شۆڕش بۆ ئێران و ده‌وڵه‌تانی تر له ئارادا بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌میشه حكوومه‌تی ئێرانی شانازیی پێوه ده‌كرد، هه‌بوونی سه‌قامگیریی سیاسی بوو له ناوخۆی ئێران و، فۆكه‌سی سه‌ره‌كیی كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌سه‌ر پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی بووه له ده‌ره‌وه؛ به‌ڵام ده‌بینین له ئێستادا و له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا خه‌ڵك له كۆماری ئیسلامیی ئێرانڕژاونه‌ته سه‌ر شه‌قامه‌كان و داوای مافه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن. له‌م وتاره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین خوێندنه‌وه‌یه‌كی خێرا بۆ ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه بكه‌ین؛ هه‌روه‌ها باس له په‌یوه‌ندی و كاریگه‌ریی ئه‌و ڕووداوانه ده‌كه‌ین له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
شۆڕشی بێكاری له كۆماری ئیسلامیی ئێران:
هه‌ر له ساڵی 2003وه پاش ڕووخانی ڕژێمی به‌عس له عێراق، ئێران ده‌ستی كرد به ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری ناوخۆییی عێراق و، هه‌میشه هه‌وڵی ئه‌وه‌ی ده‌دا ئه‌و گرووپانه‌ی نێو شیعه، كه نزیكن له كۆماری ئیسلامیی ئێران، له ده‌سه‌ڵات نزیك بكرێنه‌وه. جگه له‌مه‌یش هزری فراوانخوازیی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ هه‌نارده‌كردنی شۆڕشی ئیسلامی له ئێرانه‌وه بۆ وڵاتانی تری ناوچه‌كه پاش شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی له 2011دا فراوانتر و گه‌وره‌تر بوو. بۆیه ده‌بینین ئێران زۆر ڕوون و ئاشكرا ده‌ستی وه‌رداوه‌ته نێو كاروباری نێوخۆیی له سووریا و عێراق و یه‌مه‌ن و لوبنان و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تریش.
به شێوه‌یه‌كی ڕوون ده‌بینرێت، پێناسه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له ڕوانگه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه بریتییه له پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران له ده‌ره‌وه و ده‌ستێوه‌ردان له ده‌ره‌وه و گواستنه‌وه‌ی شۆڕش له ئێرانه‌وه بۆ ده‌وڵه‌تانی تری ناوچه‌كه. كه‌واته پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی ئێران، له ده‌ره‌وه‌ی ئێران‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه. بۆیه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له ئێران بۆ پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی خۆی زۆر جه‌ختیان له‌سه‌ر ناوخۆی ئێران و توانای جێبه‌جێكردنی سیسته‌می سیاسی له ناوخۆدا نه‌كردۆته‌وه.
حكوومه‌تی ئێرانی هه‌میشه شانازیی به سه‌قامگیریی سیاسی له ناوخۆیدا ده‌كرد و، به فاكته‌رێكی به‌هێزی داده‌نا له پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێران له ده‌ره‌وه، به‌ڵام له دواجاردا بۆ هیچ سیسته‌مێكی دیكتاتۆر و چه‌وسێنه‌ر ئه‌م سه‌قامگیرییه به‌رده‌وام نابێت؛ چونكه گه‌لانی ئێرانی كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نییان هه‌یه، بێكارییه‌كی زۆر له وڵات‌دا بڵاو بۆته‌وه، ئازادیی بیروڕا و كاری سیاسی قه‌ده‌غه‌یه، به‌ها و پره‌نسیپه‌كانی مافی مرۆڤ به‌ته‌واوه‌تی پێشێل كراوه. كه‌واته كۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانی، ئاماده‌ییی ئه‌وه‌ی تێدایه له هه‌ر كاتێكدا بته‌قێته‌وه و شۆڕش و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر ئه‌م شێوازه له حوكمڕانییه بێته ئارا‌وه. چونكه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌وه‌ی خاڵی هاوبه‌شی نێوان هه‌موو شۆڕشه‌كان بووه، بریتییه له فاكته‌ری ئابووری و هه‌بوونی بێكاری و بڵاوبوونه‌وه‌ی برسێتی و هه‌ژاری؛ بۆ نموونه به‌پێی ئاماره‌كانی سه‌نته‌ری ئاماری كۆماری ئیسلامیی ئێران، 40%ی ده‌رچووانی زانكۆ بێكارن. به شێوه‌یه‌كی گشتی به‌پێی ئاماره‌كانی ساڵی 2010، 37 ملیۆن كه‌س له كۆی 62 ملیۆن كه‌س بێكاره.
هه‌ڵویستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سه‌باره‌ت به ڕووداوه‌كانی ئێران:
ئه‌وه‌ی گرنگه سێ بۆچوونی سه‌ره‌كی هه‌یه ده‌رباره‌ی هه‌ڵویستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا و وڵاتانی ڕۆژاوا، سه‌باره‌ت به خۆپیشاندانه‌كانی ئێران و پشتگیریكردن له‌و ناڕه‌زایه‌تییانه:
بۆچوونی یه‌كه‌م: ئه‌مریكا و ڕۆژاوا به شێوه‌یه‌كی ته‌واو پشتگیری له خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك له ساته‌كانی سه‌ره‌تای دروستبوونی خۆپیشاندانه‌كاندا "ترا‌مپ" پشتگیریی خۆی بۆ خۆپیشانده‌ران ڕاگه‌یاند. پاش ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه گۆڕانكاریی سیاسی له ئێران ده‌بێته شتێكی حه‌تمی، چونكه گه‌لی ئێرانی به‌ربه‌سته‌كانی ترس و داپڵۆسین و سه‌ركوتكردنی تێك شكاند. ڕۆحییه‌تی شۆڕشگێری و ئازادی له ناخیاندا ڕۆژ به رۆژ زیاتر ده‌بێت. هه‌روه‌ها هاووڵاتیان له كۆماری ئیسلامیی ئێران متمانه‌یان به پاساوه نه‌گونجاوه‌كانی ده‌سه‌ڵاتداران نه‌ماوه، چونكه زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره دیكتاتۆره‌كان پشت به كۆمه‌ڵێك بیانوو و به‌هانه‌ی جیاواز ده‌به‌ستن بۆ چه‌واشه‌كردنی خه‌ڵك؛ به‌ڵام ئێستا هۆشیاریی سیاسی لای گه‌لانی ئێرانی زۆر زیادی كردووه و هیچی دیكه به‌و بیانووه لاوازانه‌ی ده‌سه‌ڵات و فه‌توا ناماقووڵه‌كانی پیاوانی ئایینیی نزیك له ده‌سه‌ڵات هه‌ڵناخه‌ڵه‌تێن. گۆڕانكاریی سیاسی له ئێران به واتای كۆتاییهاتن دێت به‌و جه‌نگه سارده مه‌زهه‌بی و تائیفییه‌ی كه ئێران له دروستكردنیدا له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕۆڵی سه‌ره‌كیی هه‌یه. هه‌روه‌ها مانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له ئێران ده‌بێته سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌شه و دڵه‌ڕاوكێ بۆ ئیسڕائیل؛ ئه‌مه‌یش ڕاسته‌وخۆ دژ به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ڕۆژاوا و ئه‌مریكایه. كه‌واته ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ده‌بێت بڕوات.
بۆچوونی دووه‌م: لایه‌نگرانی ئه‌م بۆچوونه پێیان وایه جه‌نگی تائیفی و مه‌زهه‌بی بۆته شتێكی واقع و، كۆمه‌ڵگه‌كان دابه‌ش بوونه‌ته سه‌ر شیعه و سوننه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به زلهێزه‌كانه‌وه هه‌یه، پێیان وایه كه ده‌بێت ئه‌وان خۆیان پارێزگاری له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بكه‌ن؛ بۆ نموونه ده‌ڵێن پێویست ناكات ئێران ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری سووریا و عێراق بكات. له سووریا، ڕووسیا پارێزگاری له ده‌سه‌ڵاتی شیعی ده‌كات و له عێراقیش ئه‌مریكا؛ كه‌واته هه‌بوونی ئێران وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی هه‌رێمی كه ده‌ست وه‌ربداته كاروباری ناوخۆی وڵاتانی تر، كێشه‌ی گه‌وره دروست ده‌كات. بۆیه پێویسته له جیاتی ململانێی مه‌زهه‌بی، بیر له فاكته‌ری تر بكرێته‌وه، بۆ نموونه فاكته‌ری نه‌ته‌وه‌یی؛ به جۆرێك هه‌وڵ بدرێت ئێران له نێوان "كورد"، "فارس" و "عه‌ره‌ب" دابه‌ش بكرێت. ئه‌مه‌یش ڕاسته‌وخۆ به مانای نه‌هێشتنی حوكمی دوازده ئیمامی شیعه داده‌نرێت و، هه‌نگاونانه بۆ دروستكردنی سیسته‌مێكی سیاسیی عه‌لمانی له ئێران. چونكه نابێت بیرمان بچێت له خۆپیشاندانه‌كانی ئێران ته‌نانه‌ت وێنه‌ی "خومه‌ینی" ده‌سووتێندران؛ ئه‌مه‌یش به مانای ئه‌وه دێت خه‌ڵك به حوكمی "عه‌مامه‌له‌سه‌ره‌كان)" ڕازی نین و حوكمی مه‌ده‌نییان ده‌وێت، هه‌روه‌ك ترا‌مپ ده‌ڵێت:" ئێستا كاتی گۆڕانكاریی ڕیشه‌یییه له ئێران."
بۆچوونی سێیه‌م: پشتگیریكردنی ئه‌مریكا و ڕۆژاوا له ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خه‌ڵك له ئێران، به مانای كۆتاییهێنان به سیسته‌می سیاسی له ئێران و دروستكردنی ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نی و عه‌لمانی نایه‌ت و، نایشیانه‌وێت حكوومه‌تی ئێستای كۆماری ئیسلامیی ئێران بڕووخێنن، به‌ڵكوو ده‌یانه‌وێت پشتگیریكردن له خۆپیشانده‌ران وه‌ك گوشارێك بۆ كه‌مكردنه‌وه و سنوورداركردنی هێژموونیی ئێران له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌كار بهێنن. ئه‌مه‌یش به هه‌ر بارێكدا بێت توانا و ده‌سه‌ڵاتی ئێران له ده‌ره‌وه كه‌م ده‌كاته‌وه، چونكه حكوومه‌تی ئێرانی وه‌ڵامی خوپێشانده‌ران نه‌داته‌وه، ڕه‌نگه ئاراسته‌ی ئه‌م خۆپیشاندانانه بگۆڕدرێت بۆ كوده‌تا، یان شۆڕشی گه‌لانی ئێران؛ هه‌روه‌ك ترا‌مپ له ماڵپه‌ڕی خۆی له تویته‌ر ئاماژه‌ی پێ كردبوو. له كاتێكدا ئێران بیه‌وێت وه‌ڵامی داخوازییه‌كانی خه‌ڵك بداته‌وه، ئه‌وا پێویسته چاكسازیی ڕیشه‌یی ده‌ست پێ بكات و ڕێژه‌ی بێكاری و هه‌ژاری له وڵات‌دا كه‌م بكاته‌وه و پانتاییی ئازادییه‌كان فراونتر بكات. ئه‌مه‌یش وا ده‌كات كۆماری ئیسلامیی ئێران نه‌توانێت داهاتێكی زۆر بۆ هه‌نارده‌كردنی شۆڕشی ئیسلامی و ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری ده‌ره‌وه‌دا بكات؛ ئه‌مه‌یش ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری ده‌كاته سه‌ر لاوازكردنی هێژموونیی ئێران و نفووزی ئێران له ناوچه‌كه. له واقعیشدا ئاراسته‌یه‌ك بۆ كاركردن بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م خاڵه هه‌یه، بۆ نموونه لاوازكردنی ئه‌و باڵه شیعییانه‌ی كه نزیكن له ئێران له ناوخۆی عێراق له پرۆسه‌ی سیاسی و، هه‌وڵێك بۆ دوورخستنه‌وه‌ی حووسییه‌كان له یه‌مه‌ن له ئارادایه.
ئه‌وه‌ی به‌نیسبه‌ت هه‌رێمی كوردستانه‌وه گرنگه ئه‌وه‌یه، نه‌بێته به‌شێك له‌و ململانێ هه‌رێمییانه‌ی كه له ناوچه‌كه‌دا هه‌یه و، به ڕۆحییه‌تێكی كوردانه‌وه بڕواننه‌ڕووداوه‌كانی ده‌وروبه‌رمان، به‌تایبه‌ت ڕووداوه‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، چونكه شتێكی حاشاهه‌ڵنه‌گره هه‌بوونی ناسه‌قامگیری و ململانێ له ناوخۆی ئێران و لاوازبوونی هێژموونیی ئێران له ناوچه‌كه‌دا به قازانجی هه‌رێمی كوردستانه؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لاوازبوونی ئێران له ناوچه‌كه واته لاوازبوونی حكوومه‌تی عێراق، چونكه هه‌روه‌ك باسمان كرد هه‌وڵ هه‌یه بۆ دوورخستنه‌وه‌ی باڵه شیعییه‌كانی نێو پرۆسه‌ی سیاسیی نزیك له ئێران له عێراق، به‌ڵام هه‌تا ئێستا عێراق و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له عێراق نه‌یتوانیوه له‌ژێر هێژموونیی ئێران ده‌ربچێت.
نابێت بیرمان بچێت ئه‌گه‌ر سه‌یری ده‌وڵه‌تانی هه‌رێمی بكه‌ین، ده‌بینین توركیا كۆمه‌ڵێك كێشه و گرفتی ناوخۆییی هه‌یه؛ سووریایش به هه‌مان شێوه. له ئێستادا ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه ناوچه‌یه‌كی ئارام بۆ كوردستانی ڕۆژاوا دروست بكرێت، ئه‌مه‌یش هه‌نگاوێكی گرنگ و مێژوویی ده‌بێت بۆ نزیكبوونه‌وه‌ی كورد له پرۆسه‌ی بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت. ئه‌وه‌ی كێشه‌ی ناوخۆی به‌زه‌قی تیایدا ده‌رنه‌كه‌وتبوو كۆماری ئیسلامیی ئێران بوو، به‌ڵام ئه‌ویش نه‌یتوانی درێژه به سیاسه‌تی گه‌وجاندن و سه‌ركوتكردن بدات،. ڕه‌نگه بتوانێت بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو ئه‌م ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندانانه سه‌ركوت بكات، به‌ڵام هه‌روه‌ك باس كرا گه‌لانی ئێرانی سنووره‌كانی زوڵم و ترسیان تێك شكاند. یان چاكسازیی ڕیشه‌یی، یان ڕووخاندنی ده‌سه‌ڵات ده‌بێته شتێكی حه‌تمی له چه‌ند ساڵی داهاتوودا. گرنگترین هه‌نگاویش به‌نیسبه‌ت هه‌رێمی كوردستانه‌وه یه‌كڕیزی و یه‌كگوتارییه له ده‌ره‌وه و، چاكسازی و ڕیفۆرمی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه له ناوخۆدا، كه زه‌مانه‌تی گه‌یشتنمانه به هه‌موو ئامانج و مافه ڕه‌واكانی خۆمان.