هه‌ولێرو به‌غدا؛ له‌ نێوان سياسه‌تى عه‌بادى و ديپلۆماسييه‌تى نێچيرڤان بارزانى

ده‌سپێك

عه‌بادى هه‌موو هه‌وڵێكى دا، كه‌ به‌ هێزى ڕه‌ق، واته‌ به‌ تفه‌نگ و جبه‌خانه‌ مه‌رجه‌كانى له‌سه‌ر هه‌رێمى كورستان بسه‌پێنێت؛ هه‌ر له‌ ڕاده‌ستكردنى ده‌روازه‌ سنوورييه‌كان تا فرۆكه‌خانه‌كان، چونكه‌ به‌غدا به‌ هۆى "ڕووداوه‌كه‌ى 16ى ئۆكتۆبه‌ر"ەوه‌ ده‌بێته‌ لايه‌نى براوه‌ى هاوكێشه‌كانى هێز له ‌به‌رامبه‌ر هه‌ولێردا. وه‌لێ كاتێك كه‌ حه‌شدى شه‌عبى به‌ تانكى ئه‌برامزى ئه‌مريكى له‌ "شه‌ڕى پردێ"دا له‌ به‌رامبه‌ر هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان شكست ده‌هێنێت، ئيدى عه‌بادى ده‌ست له‌ به‌كارهێنانى "هێزى ڕه‌ق" هه‌ڵده‌گرێت و‌، په‌نا ده‌باته‌ به‌ر "هێزى نه‌رم"؛ كه‌ بريتى بوو له‌ سه‌پاندنى ئابڵووقه‌ى ئابوورى و سياسى و ديپلۆماسى به‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستاندا، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان گۆشه‌گير بكات و،‌ دواجار عه‌بادى بتوانێت له‌و ڕێگه‌يه‌وه‌ ئه‌و مه‌رجانه‌ى كه ‌ناومان بردن، له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان جێبه‌جێ بكات. وه‌لێ ئه‌و هێزه‌یش نه‌يتوانى چۆك به‌ ئيراده‌ى گه‌لى كوردستان دابدات و، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ جێبه‌جێكردنى ئه‌و مه‌رجانه ڕازی بكات‌.

له‌و سۆنگه‌يه‌وه‌، له‌ كاتێكدا كه‌ "سياسه‌تى عه‌بادى" له‌ ئێسته‌دا له‌وه‌دا قه‌تيس ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌ولێر ناچار بكات سنووره‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان ڕاده‌ستى به‌غدا بكات، كه‌چى "ديپلۆماسييه‌تى نێچيرڤان بارزانى" له‌وه‌دا سه‌رى هه‌ڵداوه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ گۆشه‌گيركردن ڕزگار بكات و، قه‌واره‌ى هه‌رێمى ناوبراو له‌ ڕووى ئيدارى و سياسى و جيۆئابووریيه‌وه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ پێش دۆخى 16ى ئۆكتۆبه‌ر. به ‌ديوێكى ديكه‌، ململانێكانى هه‌ولێر و به‌غدا وه‌ك ئه‌و په‌ته‌ى لێ هاتووه،‌ كه‌ سه‌رێكى له‌ ده‌ست عه‌بادى بێت و ‌سه‌ره‌كه‌ى ديكه‌یش له‌ ده‌ست نێچيرڤان بارزانى؛ يه‌كێكيان سياسه‌ت به‌رامبه‌ر هه‌رێمى كوردستان پياده‌ ده‌كات، ئه‌وی ديكه‌یش ڕۆڵى ديپلۆماسييه‌تى هه‌رێمى ناوبراو ده‌گێڕێت؛ به‌ شێوه‌يه‌ك كه‌ كام لا بتوانێت په‌ته‌كه‌ بۆ لاى خۆى ڕابكێشێت، ئه‌وا ئه‌و لايه‌ ده‌بێته‌ لايه‌نى براوه‌ى ململانێكه‌‌.

بنه‌ماكانى سياسه‌تى عه‌بادى به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمى كوردستان

 عه‌بادى له‌ دواى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر‌ بنه‌ماى سياسى، ئيداری و ئابوورييه‌وه‌ سياسه‌تى خۆى به‌رامبه‌ر هه‌رێم پياده‌ كردووه‌:

  1. بنه‌ماى سياسى: بريتييه‌ له‌ سه‌ندنه‌وه‌ى خاسييه‌تى ناوه‌ندێتیی بڕيار له‌ هه‌ولێر و، بێبه‌شكردنى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ كارايییه‌ك و گێڕانى ڕۆڵ له‌ پرۆسه‌ى سياسى و حوكمڕانیى عێراق؛ هه‌روه‌ها بێبه‌شكردنى هه‌رێمى كوردستان له‌ كايه‌ى ديپلۆماسى و‌ دوورخستنه‌وه‌ى هه‌رێمى ناوبراو له‌ ژينگه‌ى سياسى و ديپلۆماسیى ده‌ره‌وه‌.
  2. بنه‌ماى ئيدارى: بريتييه‌ له‌ بچووكردنه‌وه‌ى قه‌واره‌ى ده‌ستووریى هه‌رێمى كوردستان بۆ ده‌سته‌واژه‌ى "قه‌واره‌ى پارێزگه‌كان". واته‌ په‌يوه‌ندى له ‌نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراق، له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ئۆرگانيكى سياسى و ده‌ستوورییه‌وه‌، بگوازرێته‌وه‌ بۆ په‌يوه‌ندیى پارێزگه‌كانى هه‌رێم به‌ حكوومه‌تى عێراقه‌وه‌، كه‌ زێتر په‌يوه‌ندييه‌كى ئيدارى ده‌بێت.
  3. بنه‌ماى ئابوورى: كه‌ بريتييه‌ له‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ى نازناوى "فرۆشيارى نه‌وت" له‌ هه‌رێمى كوردستان و،‌ كه‌ناڵيزه‌كردنى نه‌وتى هه‌رێم له ‌لايه‌ن كۆمپانياى "سۆمۆ"وه‌، وه‌ك به‌شێك له‌ نه‌وتى عێراق، نه‌ك وه‌ك به‌شێك له ‌نه‌وتى هه‌رێم. به ‌واتايه‌كى ديكه‌، چيتر هه‌رێم نه‌بێته‌ كاراكته‌رێك بۆ فرۆشتنى نه‌وت به‌ شێوه‌يه‌كى سه‌ربه‌خۆ، چونكه‌ فرۆشتنى نه‌وت به‌ شێوه‌‌يه‌كى سه‌ربه‌خۆ، هه‌رێمى كوردستان ده‌كاته‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتى‌ سه‌روه‌رى.

فه‌زاكانى سياسه‌تى عه‌بادى به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمى كوردستان

عه‌بادى بۆ داڕشتنى سياسه‌ته‌كانى به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ دواى قۆناغى 16ى ئۆكتۆبه‌ر، سوودى له‌ سێ چه‌شنه‌‌ فه‌زا وه‌رگرتووه‌: يه‌كێكيان فه‌زاى هه‌رێمييه‌، هى دووه‌م فه‌زاى عێراقى، ئه‌وه‌ى سێيه‌ميش فه‌زاى ناوخۆى هه‌رێم.

فه‌زاى هه‌رێمى

بێ گومان هه‌ڵوێستى وڵاتانى هه‌رێمى، به‌تايبه‌تى ئێران و توركيا به‌رامبه‌ر به‌ پرسى مێژوويى و ستراتيژیى "ڕيفراندۆم"ى باشوورى كوردستان، كه‌ هه‌ڵوێستێكى نه‌رێنیى چاوه‌ڕوانكراو بوو، له‌به‌ر هۆكاره‌ سياسى، ئه‌منى و ستراتيژییه‌كان، ژينگه‌يه‌كى له‌بارى دروست كرد تا عه‌بادى سياسه‌ته‌كانى خۆى به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمى كوردستان ئاوا بكات. به‌و پێيه‌ى كه‌ ئه‌و ژينگه‌يه‌ ئامرازه‌كانى هێزى نه‌رميان بۆ سياسه‌ته‌كانى عه‌بادى فه‌راهه‌م كرد وه‌ك: داخستنى سنووره‌كان و داخستنى ئاسمانى خۆيان به‌ ڕووى هه‌رێمى كوردستاندا، به‌تايبه‌تى سنوورى باشوورى كوردستان به‌ ديوى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستاندا؛ واته‌ داخستنى ده‌روازه‌ سنوورييه‌كانى نێوان ئێران و هه‌رێمى كوردستان.

فه‌زاى عێراقى

به‌ درێژاییى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى عێراقى هه‌ر له‌ ساڵى 1921 تاكوو 16ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى 2017، هيچ كاتێك هێنده‌ی ڕووداوه‌كه‌ى 16ى ئۆكتۆبه‌ر ژينگه‌ى سياسیى ناوخۆى عێراق له‌بار نه‌بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات له‌ به‌غدا سوودى لێ وه‌رگرێت و، سياسه‌ته‌كانى خۆى به ‌ڕووى هه‌رێمى كوردستاندا وه‌گه‌ڕ بخات. 16ى ئۆكتۆبه‌ر وزه‌ى دژايه‌تيكردنى به‌خشييه‌ هێزه‌ شيعه‌كان و هێزه‌ سوونه‌كانى عێراق، تا به‌ لايه‌نى  كه‌م يه‌كهه‌ڵوێست بن له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌و داوا ڕه‌وايه‌ى گه‌لى كوردستان كه‌ له‌ ڕيفراندۆم داواى كردبوو. بۆيه‌ كاتێك 16ى ئۆكتۆبه‌ر ڕووی دا، ئه‌و هێزانه‌ كه‌وتنه‌ خۆيان بۆ ئه‌وه‌ى ئاسه‌واره‌كانى ڕيفراندۆم بسڕنه‌وه‌.

يه‌كهه‌ڵوێستیى هێزه‌ شيعه‌كان و هێزه‌ سوننه‌كان بۆ دژايه‌تيكردنى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ياخود سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵويستوه‌رگرتن به‌رامبه‌ر به‌ په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕووى سياسى و ئابوورييه‌وه واى كرد، كه‌ عه‌بادى هان بدرێت تا‌ سياسه‌تى خۆى به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمى كوردستان بنيات بنێت.

فه‌زاى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان

ئه‌گه‌ر فه‌زاى هه‌رێمى كوردستان ناهه‌موار نه‌بووايه‌، ئه‌وا هه‌رگيز عه‌بادى نه‌يده‌توانى بڕيارى ناهه‌موار و سياسه‌تى ناهه‌موار به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێم بگرێته‌ به‌ر. به‌ ديوێكى ديكه‌، په‌رشوبڵاویى ژينگه‌ى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و لێكترازانى سياسیى نێوان هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان وای كردووه،‌ كه‌ عه‌بادى له‌ داڕشتنى هه‌ر جۆره‌ سياسه‌تێك و پياده‌كردنى ئه‌و سياسه‌ته پشتڕاست بێت‌، چونكه‌ حزبه‌ كوردييه‌كان ئه‌وه‌نده‌ى سه‌رقاڵى به‌رپه‌چدانه‌وه‌ى يه‌كترن، هێنده‌ به‌ به‌رپه‌چدانه‌وه‌ى سياسه‌ته‌كانى عه‌بادییه‌وه‌ سه‌رقاڵ نين.

بنچينه‌كانى ديپلۆماسييه‌تى نێچيرڤان بارزانى

16ى ئۆكتۆبه‌ر گورزێكى سياسى بوو به‌ر پێگه‌ى سياسى و ديپلۆماسیى هه‌رێم كه‌وت. له‌و نێوه‌نده‌دا نێچيرڤان بارزانى ڕۆڵيكى بێوێنه‌ى بينى تا هیچ نه‌بێ لێكه‌وته‌كانى ئه‌و گورزه‌ له‌سه‌ر پێگه‌ى ديپلۆماسیى هه‌رێم كه‌م كاته‌وه‌. به‌گشتى بنچينه‌كانى "ديپلۆماسييه‌تى نێچيرڤان بارزانى"، خۆى له‌و بنچينانه‌ى خواره‌وه‌ ده‌بێنێته‌وه‌:

  1. ڕاستیبينى/واقعبینی Realistic)) : نێچيرڤان بارزانى له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌وه‌ى كه‌ ڕووی داوه‌ و‌ لێكه‌وته‌كانى ڕووداوه‌كه،‌ هه‌وڵی دا كه‌ ئه‌ركه‌ ديپلۆماسييه‌كانى ديارى بكات، نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و چۆنی ده‌وێ. واتا هه‌رێمى كوردستان له‌ دواى 16ى ئۆكتۆبه‌ر، كاتێك كه‌ هێزى سياسى و هێزى جيۆئابوورى و هێزى جيۆسياسى له‌ده‌ست ده‌دات، نێچيرڤان بارزانى له‌و چه‌شنه‌ هه‌لومه‌رجه‌دا به‌ له‌به‌رچاوگرتنى ئه‌و له‌ده‌ستدانه‌وه‌ به‌ شێوه‌‌يه‌كى ڕياڵيستانه‌ ئه‌ركى ديپلۆماسیى خۆى دیاری ده‌كات. ئه‌و ڕاستیبينييه‌ى نێچيرڤان بارزانى له‌وه‌دا سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌، كه‌ ناوبراو بڕواى به‌وه‌يه‌ كه‌ هه‌روه‌ك چۆن له‌ سياسه‌تدا شكست هه‌يه‌، ئاوایش هه‌ڵسانه‌وه‌ هه‌يه‌؛ ئه‌گه‌رچى ئه‌و هه‌ڵسانه‌وه‌يه‌ له‌ خاڵێكى لاوازيشیه‌وه‌ هه‌نگاوى يه‌كه‌مى بۆ بهاوێژرێت.
  2. بوێرى (Interpidity): له‌ دواى 16ى ئۆكتۆبه‌ر، كاتێك كه‌ هه‌رێمى كوردستان تووشى سياسه‌تى دوورپێچ و گۆشه‌گيرى ده‌بێته‌وه‌، به‌ شێوه‌‌يه‌ك كه‌ هه‌رێمى ناوبراو له‌ ژينگه‌ى سياسى و ديپلۆماسیى هه‌رێمى داده‌بڕدرێت، له‌و ئانوساته‌دا نێچيرڤان بارزانى له‌ پرێس كۆنفراسێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ بۆ ئه‌وه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ توركيا ئاسايی بكرێته‌وه‌، ناوبراو چه‌ند جارێك په‌يوه‌ندیى‌ به‌ به‌رپرسانى ئه‌و وڵاته‌وه‌ كردووه به‌ڵام وه‌ڵاميان نه‌داوه‌ته‌وه‌... هه‌ر له‌ درێژه‌ى قسه‌كانیدا ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ ئێمه‌  بۆ دروستكردنه‌وه‌ى په‌يوه‌ندیى نێوان هه‌رێم و وڵاتانى هه‌رێمى له‌ هه‌وڵدان ناوه‌ستين و،‌ چۆك داناده‌ین. ئه‌مه‌یش به‌ڵگه‌يه‌ له‌سه‌ر بوێریى ديپلۆماسييه‌تى نێچیرڤان بارزانى، كه‌ سڵ له‌ هيچ هه‌لومه‌رجێك ناكاته‌وه‌ و،‌ بوێرانه‌ هه‌وڵ و كۆششى خۆى ده‌دات تا دۆخى ناهه‌موار ناهه‌موار بكاته‌وه‌.
  3. كارايى (Activity): سه‌ربارى ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ى كه‌ عه‌بادى له ‌به‌رده‌م ديپلۆماسييه‌تى هه‌رێمدا دروستى كردبوو تا كارايیى له‌ده‌ست بدات، ئه‌ويش له‌ ڕێگه‌ى سه‌پاندنى ئابڵووقه‌ى ئاسمانى به‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و، سه‌پاندنى ئابڵووقه‌ى ديپلۆماسى به‌‌سه‌ر كايه‌ى ديپلۆماسیى هه‌رێمى ناوبراو، وه‌لێ هه‌ر زوو نێچيرڤان بارزانى درك به‌مه‌ ده‌كات و، ده‌ست ده‌كات به‌ سازكردنه‌وه‌ى ڕايه‌ڵه‌ى ديپلۆماسى. كاتێك كه‌ عه‌بادى ده‌رگه‌ى ديپلۆماسى به‌ ڕووى هه‌رێم داده‌خات، نێچيرڤان بارزانى هه‌وڵ ده‌دات په‌نجه‌ره‌يه‌ك به‌ ڕووى ديپلۆماسييه‌تى هه‌رێم بكاته‌وه‌. له‌و سۆنگه‌يه‌وه‌، ناوبراو هه‌ر زوو  بۆ به‌ده‌مه‌وه‌هاتنى بانگهێشتنامه‌يه‌كى سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا، خۆى ده‌گه‌يه‌نێته‌ ئه‌و وڵاته‌ تا ئه‌و په‌نجه‌ره‌يه‌ ببێته‌وه‌‌.

مه‌به‌سته‌كانى ديپلۆماسييه‌تى نێچيرڤان بارزانى

هه‌وڵه‌كانى ديپلۆماسیى نێچيرڤان بارزانى بۆ به‌ديهێنانى چه‌ند مه‌به‌ستێك ئاراسته‌ كرابوو له‌وانه‌:

مه‌به‌ستى سياسى و ديپلۆماسى: كه‌ بريتييه‌ له‌ پاراستنى قه‌واره‌ى سياسیى هه‌رێمى كوردستان كه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى "ديفاكتۆ" هاتۆته‌ دى، نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌ماى "ده‌ستووری". هه‌روه‌ها مه‌به‌ستێكى ترى سياسى له‌و ديپلۆماسييه‌ته،‌ بريتييه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ى ڕۆڵ بۆ ديبلۆماسييه‌تى هه‌رێم، كاتێك كه‌ به‌ هۆى سياسه‌ته‌كانى عه‌بادى له‌ دواى 16ى ئۆكتۆبه‌ر، ديپلۆماسييه‌تى هه‌رێم ئه‌و ڕۆڵه‌ى له‌ده‌ست ده‌دات‌. ئه‌مه‌ سه‌رباى ئه‌وه‌ى كه‌ مه‌به‌ست له‌ ديپلۆماسييه‌تى نێچيرڤان بارزانى له‌ ڕووى سياسييه‌وه‌، ئه‌وه‌يه‌ كه‌ هه‌ولێر بكرێته‌وه‌ به‌ "ناوه‌ندى بڕيار" و،‌ هه‌ولێر جارێكی تر ببێته‌وه‌ به‌ ژماره‌يه‌كى كارا له‌ هاوكێشه‌ سياسييه‌كانى عێراق.

مه‌به‌ستى ده‌ستوورى: كه‌ بريتييه‌ له‌ پاراستنى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، وه‌ك: پاراستنى قه‌واره‌ى ده‌ستوورى و ئيداریى هه‌رێم له‌ چوارچێوه‌ى ده‌وڵه‌تێكى فيدراڵدا. هه‌روه‌ها ڕه‌تكردنه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ى كه‌ له‌ لايه‌ن عه‌بادى و هێزه‌ شيعه‌كانه‌وه‌ بۆ بچووككردنه‌وه‌ى قه‌واره‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم بۆ حكوومه‌تى خۆجيێ پارێزگه‌كان، ده‌خرێته‌ ڕوو.

مه‌به‌ستى ئابووریى سياسى: كه‌ بريتييه‌ له‌ هێشتنه‌وه‌ى هه‌رێم وه‌ك كاراكته‌رێكى فرۆشيارى وزه‌ له‌ جيهانى وزه‌دا. هه‌روه‌ها پاراستنى سه‌رچاوه‌كانى داهاتى نه‌ته‌وه‌يى، به‌تايبه‌تى سه‌رچاوه‌ى نه‌وت.

فه‌زاكانى ديپلۆماسييه‌تى نێچيرڤان بارزانى

دوو فه‌زاى سه‌ره‌كى، بوون به‌ سه‌رچاوه‌ى سه‌رخستنى ديپلۆماسييه‌تى نێچيرڤان بارزانى وه‌ك: فه‌زاى سه‌ربازى، فه‌زاى ده‌ره‌كى.

فه‌زاى سه‌ربازى: بێ گومان سه‌ركه‌وتنه‌كانى هێزى پێشمه‌رگه‌ و، تۆماركردنى داستانه‌كانى نه‌به‌ردیى هێزى ناوبراو به‌رامبه‌ر به‌ هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى وه‌ك "داستانى پردێ" و، "داستانى سحێلا"، بوون به‌ مايه‌ى شكستپێهێنانى هه‌وڵه‌كانى عه‌بادى بۆ به‌كارهێنانى ئامرازى سه‌ربازى له‌ دژى هه‌رێمى كوردستان. ئه‌مه‌یش وای كرد كه‌ عه‌بادى بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان، بير له‌ ئامرازى سياسى بكاته‌وه‌ له‌ برى ئامرازى سه‌ربازى. ئه‌مه‌یش به‌ شێوه‌يه‌ك له‌ شێوه‌كان، له‌ نێوان ئامرازه‌كانى به‌رده‌ستى عه‌بادى كه‌ ئامرازى سياسى بوون و،‌ ئامرازه‌كانى به‌رده‌ستى نێچيرڤان بارزانى كه‌ ئامرازى ديپلۆماسى بوون، جۆرێك له‌ هاوسه‌نگیى دروست كرد.

 به‌ ديوێكى ديكه‌، داستانه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌ پردێ و سحێلا پاڵپشتييه‌كى گه‌وره‌ى بۆ دبپلۆماسييه‌تى نێچيرڤان بارزانى دروست كرد؛ كاتێك كه‌ يه‌كێتیى ئه‌وروپا و ئه‌مريكاى هێنايه‌ ده‌نگ بۆ ئه‌وه‌ى گوشار بۆ سه‌ر به‌غدا دروست كه‌ن تا هه‌ولێر و به‌غدا لێك نزيك كه‌نه‌وه‌ و،‌ زمانى ئاشتى جێگه‌ى زمانى جه‌نگ بگرێته‌وه‌.

فه‌زاى ده‌ره‌كى: له‌ كاتێكدا كه‌ ژينگه‌ى ناوخۆى هه‌رێم تووشى لێكترازانى سياسى و حزبى ببوو و، نه‌یتوانى سه‌پۆڕتى هه‌وڵه‌ ديپلۆماسييه‌كانى نێچيرڤان بارزانى بكات، له‌و كاته‌دا ژينگه‌ى ده‌ره‌كى ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ى پشتيوانى بۆ نێچيرڤان بارزانى، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ دژى سياسه‌ته‌كانى عه‌بادى هه‌ڵوێست وه‌رگرن.

بانگهێشتكردنى نێچيرڤان بارزانى بۆ پاريس، دواتر بۆ به‌رلين، له‌ ڕاستيدا گورزێكى ديپلۆماسى بوو به‌ر سياسه‌تكانى عه‌بادى كه‌وت، چونكه‌ عه‌بادى نه‌يتوانى هه‌رێم له‌ هه‌ر كاراييیه‌كى ديپلۆماسى دابماڵێت و،‌ نه‌يتوانى هه‌رێم له‌ ژينگه‌ى ده‌ره‌وه‌ دابڕێنێت.

كۆتايى

16ى ئۆكتۆبه‌ر قۆناعێكى نوێ و فۆرمێكى نوێى په‌يوه‌ست به‌ ململانێكانى هه‌ولێر و به‌غدای هينايه‌ كايه‌وه‌. له‌و ململانێ‌ نوێيه‌دا، كاراكته‌رێك ده‌يه‌وێ به‌ سياسه‌ت هه‌ولێر بكات به‌ "پاشكۆى" خۆى، وه‌لێ له ‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا، كاراكته‌رێكى ديكه‌، ده‌يه‌وێ به‌ ديپلۆماسييه‌ت هه‌ولێر وه‌ك "ناوه‌ندێكى بڕيار" بهێڵێته‌وه‌. ئه‌وه‌ى كه‌ ڕوونه‌ ئه‌وه‌يه‌ كه،‌ سياسه‌ته‌كانى عه‌بادى به‌رامبه‌ر به‌ ديپلۆماسييه‌تى نێچيرڤان بارزانى هه‌رچه‌ند تا هه‌ڵبژاردنى داهاتووى په‌رله‌مانى عێراق ده‌خايه‌نێت و درێژه‌ ده‌كێشێت، وه‌لێ دواجار شكست ده‌هێنێت، چونكه‌ بنه‌ماكانى ئه‌و سياسه‌ته‌ ناده‌ستوورين؛ بۆيه‌ ناتوانن ئامانجه‌كان بپێكن. ته‌نانه‌ت نه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و نه‌ ئه‌كته‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تيیه‌كان، ڕێگه‌ ناده‌ن عه‌بادى هه‌رێمى كوردستان بنكۆڵ بكات. ئه‌گه‌رچى تا ئێسته‌ ئه‌و لايه‌نانه‌ وه‌ك پێويست هه‌ڵوێستيان به‌رامبه‌ر به‌ سياسه‌ته‌كانى عه‌بادى وه‌رنه‌گرتووه‌، وه‌لێ دواى هه‌ڵبژاردن هه‌ڵوێستى ئه‌و لايه‌نانه‌ توند ده‌بێت، چونكه‌ به ‌لاى ئه‌وانه‌وه‌ چيتر نابێت هه‌رێمى كوردستان جه‌نگى "پڕوپاگەنده‌ى هه‌ڵبژرادن"ى له ‌لايه‌ن عه‌بادييه‌وه‌ پێ بكرێت.

Latest from ڕێبوار بابکەیی

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples