ململانێكانى ئيسڕائيل و وڵاتانى عه‌ره‌بى له ‌به‌رده‌م تاقيكردنه‌وه‌يه‌كى گه‌وره‌ى ترامپدا

ململانێكانى ئيسڕائيل و وڵاتانى عه‌ره‌بى له ‌به‌رده‌م تاقيكردنه‌وه‌يه‌كى گه‌وره‌ى ترامپدا

 

ڕێبوار بابكه‌يى، مامۆستاى په‌يوه‌ندييه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان و دراساتى ستراتيژى له‌ زانكۆى سه‌ڵاحه‌ددين

ده‌سپێك

كێشه‌ى نێوان ئيسڕائيل و فه‌ڵه‌ستين به‌ درێژايیى زێتر له‌ نيو سه‌ده‌، به‌ ديارترين كێشه‌كانى "ڕۆژهه‌ڵاتى ناڤين" ئه‌ژمار ده‌كرێت كه‌ تاكوو ئێسته‌ بێچاره‌سه‌ر مابێته‌وه‌. له‌و سۆنگه‌يه‌وه‌ و بۆ چاره‌سه‌كردنى ئه‌و كێشه‌يه‌‌، چه‌ندين هه‌وڵ و پێنگاڤى سياسى و ديپلۆماسى، له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌كه‌ و ئاستى نێوده‌وڵه‌تى خرابوونه‌ ڕوو؛ ئه‌مه‌ سه‌ربارى واژووكردنى چه‌ندين ڕێككه‌وتنى نێوده‌وڵه‌تى وه‌ك: ڕێككه‌وتننامه‌ى كامپ ديڤيدى ساڵى 1978 و، ڕێككه‌وتنى ئۆسلۆى ساڵى 1993- 1995، هه‌روه‌ها ڕێككه‌وتنى كامپ ديڤێدى ساڵى 2000، وه‌لێ هيچ يه‌كێك له‌و ڕێككه‌وتنانه،‌ نه‌بوو به‌ چاره‌سه‌رى يه‌كجاره‌كیى ئه‌و كێشه‌يه‌.  

هاتنى "ترامپ" بۆ سه‌ر كايه‌ى ده‌سه‌ڵات له‌ ئه‌مريكا، ده‌ركه‌وت كه‌ ته‌نیا ڕووداويكى "ديموكراسى" نه‌بوو په‌يوه‌‌ست بێت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌و وڵاته، به‌ڵكوو له‌ هه‌مان كاتدا ڕووداوێكى "سياسی"ش بوو؛ به‌و پێیه‌ى كه بڕياره‌كانى ناوبراو له‌ "كۆشكى سپى" كۆمه‌ڵێك هه‌لومه‌رجى سياسیى له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ڵاوێرد كرد له‌وانه‌: بڕيارى گواستنه‌وه‌ى باڵيۆزخانه‌ى ئه‌مريكا بۆ قودس (ئۆرشه‌ليم) وه‌ك ئاماژه‌يه‌كى سياسى بۆ دانپێدانى "ترامپ" به‌ قودس وه‌ك "پايته‌ختى ئيسڕائيل"، كه دواجار‌ بووه‌ مايه‌ى تێكچوونى ڕه‌وشى سياسیى ناوچه‌كه‌ و، ورووژاندنى هه‌ستى ئيسلامیى "گه‌لانى موسڵمان" له‌ دژى ئيسڕائيل.

ئه‌و "بڕياره‌ى ترامپ" كه‌ وه‌ك بالۆنێكى سياسى له‌باره‌ى ڕه‌وشى ململانێكانى ئيسڕائيل و وڵاتانى عه‌ره‌بى ته‌قييه‌وه‌‌، كۆتا بڕيار نييه‌؛ به‌ڵكوو ناوبراو هه‌وڵ ده‌دات هه‌ر دوو لايه‌نى ململانێيه‌كه‌ بگه‌يه‌نێته‌ ڕێككه‌وتنێكى يه‌كجاره‌كى و مێژوويى، كه‌ تاوه‌كوو ئێسته‌ به‌پێى سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ ناوى نراوه‌ به‌ ڕێككه‌وتنى سه‌ده‌ (Deal of Century). كه‌واته‌، ترامپ به‌نيازه‌ ته‌واوى "تواناكانى ئيداره‌كه‌ى" بخاته‌ گه‌ڕ تا هه‌ر دوو لاى ناكۆك بۆ به‌رپابوونى سازشێكى مێژوويى (History Bargaining)ی نێوانيان ئاماده‌يان بكات و‌ تاقييان بكاته‌وه‌.

ده‌قى ڕێككه‌وتننامه‌ى سه‌ده‌

هه‌ندێك له‌ هه‌واڵه‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ "ڕێككه‌وتنى سه‌ده"‌ بريتييه‌ له‌ بيرۆكه‌يه‌كى گه‌ڵاڵه‌بووى "ترامپ" به‌ مه‌به‌ستى كۆتايیهێنانى يه‌كجاره‌كى به‌ ململانێى نێوان فه‌ڵه‌ستينييه‌كان و ئيسڕائيلييه‌كان؛ ئه‌ويش له‌ ڕێى بنه‌جێكردن و نيشته‌جێكردنى فه‌ڵه‌ستينييه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ى فه‌ڵه‌ستين و، كۆتايیهێنان به‌ پرسى ئاواره‌ فه‌ڵه‌ستينييه‌كان.

به‌پێى ئه‌و هه‌واڵانه‌، ئه‌و ناوچه‌يه‌ى كه‌ ده‌ستنيشان كراوه‌ بۆ نيشته‌جيكردنى فه‌ڵه‌ستينييه‌كان و ناساندنى وه‌ك ده‌وڵه‌تى ئه‌وان، بريتييه‌ له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ى "سيناى" ميسرى و، ‌به‌ستنه‌وه‌ى به‌ ناوچه‌ى غه‌زه‌ى فه‌ڵه‌ستينى. له‌ لايه‌كی تره‌وه‌، ماڵپه‌ڕى Middle East Eye ی بريتانى بڵاوى كرده‌وه‌، كه ‌"ئيداره‌ى ترامپ" به‌نيازه‌ دواهه‌مين بۆچوون له‌سه‌ر ده‌قى ڕێككه‌وتنه‌كه‌ بخاته‌‌ ڕوو، كه‌ ناوى ناوه‌ به‌ "ڕێككه‌وتننامه‌ى ئاشتى"ی نێوان فه‌ڵه‌ستين و ئيسڕائيل. هه‌ر به‌پێى زانيارييه‌كانى ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌‌، ئه‌مريكييه‌كان پێيان باش نييه‌ ده‌قى ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌يه‌  له‌گه‌ڵ "ده‌زگه‌كانى ڕاگه‌ياندن"  تاووتوێى بكات.

بڕگه‌كانى ڕێككه‌وتننامه‌كه‌:

  1. دامه‌زراندنى "ده‌وڵه‌تى فه‌ڵه‌ستين"، كه‌ سنووره‌كه‌ى بریتی بێت له‌ ناوچه‌ى به‌شى غه‌زه‌ و به‌شێك له‌ ناوچه‌ى زيفه‌ى ڕۆژاوا و، چه‌ند ناوچه‌يه‌كى تر.
  2. دواى ڕاگه‌ياندنى ده‌وڵه‌ته‌كه‌، وڵاتانى پاڵپشتيكار بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌، 10 مليار دۆلاری پێ ده‌ده‌ن و، وه‌ك قۆناغى يه‌كه‌م پێشكه‌ش به‌و وڵاته‌ نوێيه‌ ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى چه‌ند سێكته‌رێكى گرنگى بنه‌ڕه‌تیى پێ ئاوا بكرێت وه‌ك: فڕۆكه‌خانه‌، كشتوكاڵ، پيشه‌سازى، ته‌ندروستى، په‌روه‌رده‌، ئاوه‌دانى.
  3. پرسى "قودس" و پرسى گه‌ڕانه‌وه‌ى "ئاواره‌ فه‌ڵه‌ستينييه‌كان" بۆ ناو فه‌ڵه‌ستين، بۆ دانوستاندنى نێوان لايه‌نه‌ ناكۆكه‌كان دوا ده‌خرێت.
  4. دانوستاندنى هه‌رێمى به‌ مه‌به‌ستى به‌رپاكردنى "ئاشتى" له‌ نێوان ئيسڕائيل و وڵاتانى عه‌ره‌بى به‌ سه‌رۆكايه‌تیى "سعووديا" ساز ده‌كرێت.

‌ئه‌كته‌ره‌ نادياره‌كانى داڕشتنى ئه‌و ڕێككه‌وتنه

هه‌ر يه‌ك له‌ جاريرد كۆشنێر، زاواى ترامپ و، جيسۆن گرينبلات، نوێنه‌رى ترامپ بۆ دانوستاندنه‌كان و، ديڤيد فريدمان، باڵيۆزى ئه‌مريكا له‌ ئيسڕائيل، كاره‌كته‌رى سه‌ره‌كين له‌ گه‌ياندنى ناوه‌ڕۆكى بيرۆكه‌ى ڕێككه‌وتنه‌كه ‌و پێگه‌ياندنى لايه‌نه‌ سه‌ره‌كيیه‌كانى ململانێكه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى "بيرۆكه‌‌ى ترامپ". ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ له‌ بنچينه‌دا نێرده‌ى "ئيداره‌ى ترامپ"ن بۆ ناوچه‌كه و‌، كارى ئه‌وان له‌ "ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست" ته‌نیا بريتييه‌ له‌ دانوستاندن له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ ناكۆكه‌كان؛ چ به‌ شێوه‌يه‌كى نهێنى بێت، ياخود به‌ئاشكرا، به ‌مه‌به‌ستى لێكنزكردنه‌وه‌ى ئه‌و لايه‌نانه‌.

كۆشنێر له‌ سيمينارێكى بۆ "سه‌نته‌رى سابان"ى ئه‌مريكى (Saban Center For Middle East Policy)  ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كرد، كه‌ خۆى و تيمه‌كه‌ى سه‌رقاڵى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى هه‌ره‌ گه‌وره‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناڤينن، كه‌ بريتييه‌ له‌ كێشه‌ى نێوان فه‌ڵه‌ستينييه‌كان و ئيسڕائيلييه‌كان‌. هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌نێو ئه‌و كێشه‌ گه‌وره‌يه‌دا بێمتمانه‌يییه‌كى گه‌وره‌یش له‌ نێوان لايه‌نه‌ ناكۆكه‌كان هه‌يه‌؛ ‌ئه‌وا ئه‌ركى ئێمه‌يه‌ ئه‌و متمانه‌يه‌ له‌ نێوانيان دروست بكه‌ين. كۆشنێر و هاوڕێكانى چه‌ند جارێك سه‌ردانى لايه‌نه‌ ناكۆكه‌كانيان كردووه و‌، ناوبراو چه‌ند جارێك له‌گه‌ڵ هه‌ر يه‌ك له‌ سه‌رۆكى ميسر، جێنشينى سعووديا، شاى ئۆردن و، به‌رپرسانى فه‌ڵه‌ستين و ئيسڕائيل كۆ بووه‌‌وه‌ و، ناوه‌رۆكى "ڕێككه‌وتنى سه‌ده‌"ى له‌گه‌ڵ باس كردوون.

له‌و سۆنگه‌يه‌وه‌، ڕۆژنامه‌ى "ئيسڕائيل ئه‌مڕۆ" Israel Today))  بڵاوى كرده‌وه‌ كه‌ چوار وڵاتى عه‌ره‌بى (میسر، سعووديا، ئيمارات، ئۆردن) به‌ پێشنياره‌كانى ئه‌مريكا سه‌باره‌ت به‌ "پرۆسه‌ى ئاشتى" له‌ نێوان فه‌ڵه‌ستينييه‌كان و ئيسڕائيلييه‌كان، ڕازی بوون. هه‌ر ئه‌و ڕۆژنامه‌يه‌ بڵاوى كرده‌وه،‌ كه‌ به‌رپرسانى ئه‌و چوار وڵاته‌ به‌ كۆشنێريان ڕاگه‌ياندووه‌، كه‌ ئه‌و "بيرۆكه‌يه‌ى ئه‌مريكا" له ‌به‌رژه‌وه‌ندیى فه‌ڵه‌ستينييه‌كانه‌، بۆيه‌ ئه‌وان پاڵپشتیى ده‌كه‌ن؛ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر مه‌حموود عه‌باسی سه‌رۆكى "ده‌سه‌ڵاتى فه‌ڵه‌ستين"یش به‌و "بيرۆكه‌يه‌ى ئه‌مريكا" ڕازی نه‌بێت.

له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌ هه‌ر به‌پێى هه‌مان ڕۆژنامه‌، سه‌ركرده‌كانى ئه‌و چوار وڵاته‌ وێڕاى ڕازيبوونيان به‌ پێشنيار و "بيرۆكه‌ى ترامپ" سه‌باره‌ت به‌ به‌ديهێنانى ئاشتى له‌ نێوان فه‌ڵه‌ستينييه‌كان و ئيسڕائيلييه‌كان و، ‌كۆتايیهێنان به‌ ململانێكانى نێوانيان، هاوكات كۆمه‌ڵێك داواكاريشييان له‌ ڕێى كۆشنێره‌وه‌ ئاراسته‌ى ترامپ كردووه‌ له‌وانه‌: ئه‌و پرۆژه‌يه‌ به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك كاريگه‌ریى نه‌رێنى نه‌كاته‌ سه‌ر بژێوى فه‌ڵه‌ستينييه‌كان، به‌ڵكوو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پێويسته‌ بژێوى "گه‌لى فه‌ڵه‌ستين" و گوزه‌رانيان باشتر بكات. پێويسته‌ پايته‌ختى ده‌وڵه‌تى فه‌ڵه‌ستين "قودسى ڕۆژهه‌ڵات" بێت.

هه‌ڵوێستى فه‌ڵه‌ستينييه‌كان

مه‌حموود عه‌باس، سه‌رۆكى "ده‌سه‌ڵاتى فه‌ڵه‌ستين"، له‌ چه‌ندين لێدواندا ئه‌و "پرۆژه‌ برياره‌ى ترامپ"ی له‌باره‌ى وڵاته‌كه‌ى ڕه‌ت كرده‌وه‌. ناوبراو پێى وايه‌ كه‌ ئه‌و "بيرۆكه‌يه‌ى ترامپ" پیلانێكى مه‌زنه‌ بۆ سه‌ر قه‌واره‌ى فه‌رمیى "فه‌ڵه‌ستين" و، ئه‌گه‌ر ترامپ له‌و باره‌يه‌وه‌ هه‌نگاو هه‌ڵگرێت، ئه‌وا ناوچه‌كه‌ به‌گشتى تووشى نابه‌رقه‌راریى سياسى ده‌بێت. سه‌رۆكى ده‌سه‌ڵاتى فه‌ڵه‌ستين له‌ دواهه‌مين لێدوانى سه‌باره‌ت به‌ ڕێككه‌وتنى سه‌ده‌ گوتى: "ئه‌وه‌ ڕێككه‌وتنى سه‌ده‌ نييه‌، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ تێهه‌ڵدانى سه‌ده‌يه‌ (Slap Century)." مه‌به‌ستى ناوبراو ئه‌وه‌ بوو، كه‌ ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ وه‌ك "شه‌قێكى گه‌وره‌" وايه‌ به‌ر فه‌ڵه‌ستينييه‌كان ده‌كه‌وێت. بزووتنه‌وه‌ى حه‌ماسيش به ‌هه‌مان شێوه‌، به‌ڕه‌هايى ئه‌و بيرۆكه‌يه‌ى ئه‌مريكا ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌؛ به‌ جۆرێك له‌ "داگيركاریى نوێ" بۆ سه‌ر "فه‌ڵه‌ستين" ئه‌ژماری ده‌كات.

هه‌وڵى تێل ئه‌بيب

هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌و "بيرۆكه‌يه‌ى ترامپ"، بێرۆكه‌يه‌كى ته‌نیا ئه‌مريكى نييه‌، به‌ڵكوو ڕه‌گوڕيشه‌ى ئه‌و بيرۆكه‌يه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌وڵه‌كانى دروستكه‌رانى بڕيار له‌ "تێل ئه‌بيب" بۆ ڕاكێشانى ئيداره‌ى نوێی ئه‌مريكا بۆ نێو ململانێكانى له‌گه‌ڵ وڵاتانى عه‌ره‌بى، به‌ مه‌به‌ستى سوودوه‌رگرتن له‌ پێگه‌ى سياسى و ديپلۆماسى و هێزى ئه‌مريكا له‌ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و ململانێيه‌؛ به‌ شێوه‌يه‌ك كه‌ له ‌به‌رژه‌وه‌ندیى ئه‌و وڵاته‌ بشكێته‌وه‌. تێل ئه‌بيب پێى وايه‌، هه‌روه‌ك چۆن هێزى "كۆلۆنيالیستى نێوده‌وڵه‌تى" به ‌سه‌ركردايه‌تیى بريتانيا له‌ ڕووى مێژوویییه‌وه‌‌ هاوكار بووه‌ بۆ "دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى ئيسڕائيل"، ئاوایش "هێزى نێوده‌وڵه‌تى" به ‌نوێنه‌رايه‌تیى ئه‌مريكا ده‌توانێت هاريكار بێت له‌ دۆزينه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى يه‌كجاره‌كى بۆ پرسى ململانێكانى ئيسڕائيل و جيهانى عه‌ره‌بى.

تێل ئه‌بيب دۆخى په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوان به‌شێك له‌ وڵاتانى عه‌ره‌بى و ئێرانی قۆستۆته‌وه،‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌و ساتووه‌خته‌دا ئه‌و پرسه‌ له‌ ڕێى ئه‌مريكاوه‌ بێنێته‌ ڕۆژه‌ڤ، تا وڵاتانى عه‌ره‌بى بكه‌ونه‌ ‌ژێر كاريگه‌ریى ئه‌مريكاوه‌؛ به‌و پێیه‌ى كه‌ ئه‌مريكا له‌ ململانێكانى نێوان وڵاتانى عه‌ره‌بى و ئێران پاڵپشتييه‌كى گه‌وره‌ى ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌كات. بۆيه ئاسته‌مه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ ئه‌و "بيرۆكه‌يه‌ى ترامپ" ڕه‌ت كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ناتوانن له‌ ئێسته‌دا ده‌ستبه‌ردارى ئه‌و پاڵپشتييه‌ى ئه‌مريكا بن؛ هه‌روه‌ك چۆن وڵاتانى ناوبراو نه‌يانتوانى هه‌ڵوێستێكى توند له‌ دژى ئه‌مريكا وه‌رگرن، كاتێك كه‌ ترامپ بڕيارى دا باڵيۆزخانه‌ى وڵاته‌كه‌ى بگوازرێته‌وه‌ بۆ "ئۆرشه‌ليم". له‌ لايه‌كی تریشه‌وه‌، بۆچوونى خودى وڵاتانى عه‌ره‌بى سه‌باره‌ت به‌ پرسى فه‌ڵه‌ستين به‌ به‌راورد به‌ ساڵانى شه‌سته‌كان و حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى بيسته‌م، گؤڕانكاریى گه‌وره‌ى به‌خۆيه‌وه‌ بينيوه‌.

 ئه‌و وڵاتانه‌ له‌ سياسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى خۆياندا هێنده‌ى سه‌رقاڵى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى نفووزى ئێرانن له‌ ناوچه‌كه‌، هێنده‌ بۆ به‌رهه‌ڵستكاريكردنى ئيسڕائيل كاتيان نييه‌. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر بێت و ئيسڕائيل و ئه‌مريكا بۆ هه‌ر پێشنێارێك و بژارده‌يه‌ك بۆ چاره‌سه‌كردنى پرسى "فه‌ڵه‌ستين"، ڕه‌چاوى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى هه‌ر يه‌ك له‌ وڵاتانى میسر، ئۆردن، سعووديا بكات، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وكات ئه‌و وڵاتانه‌ ئاماده‌نه‌ سازش له‌سه‌ر پرسى "فه‌ڵه‌ستين" بكه‌ن و،‌ به‌ ئامرازى سياسى و ديپلۆماسى بكه‌ونه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئيسڕائيل و ئه‌مريكا، تا ڕێگه‌چاره‌يه‌كى هاوشێوه‌ى پڕۆژه‌ى ئيسته‌ى "ترامپ" كه‌ بۆ يه‌كلايیكردنه‌وه‌ى پرسى "فه‌ڵه‌ستين" خراوه‌ته‌ ڕوو، بگرنه‌ به‌ر.

كۆتايى

ئه‌و "پڕۆژه‌يه‌ى ترامپ" كه‌ بڕيار وايه‌ له‌ ناوه‌ڕاستى ئه‌مساڵ به‌ئاشكرا ڕابگه‌يه‌نرێت، ئه‌گه‌ر بێت و سه‌ر بگرێت، ئه‌وا ناوبراو ده‌بێته‌ پاڵه‌وانى ئاشتیى جيهانى و، ته‌نانه‌ت خه‌ڵاتى "نۆبل"ی ئاشتيیشى پێ ده‌درێت و؛‌ ئه‌مه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنێكى سياسى و ديپلۆماسیى گه‌وره‌ و مێژوويى بۆ ترامپ و ئيداره‌كه‌ى ئه‌ژمار ده‌كرێت. وه‌لێ هه‌نگاوهه‌ڵگرتن ڕووه‌و جێبه‌جيكردنى ئه‌و پرۆژه‌يه‌ كه‌ به ‌ناوى "ڕێككه‌وتنى سه‌ده‌" ناوى نراوه‌، وه‌ك له‌ ده‌سپێك ئاماژه‌م پێ كردبوو، پێناچێت هێنده‌یش ئاسان بێت؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خودى لايه‌نێكى ناكۆك كه‌ فه‌ڵه‌ستينييه‌كانن، به‌و پڕۆژه‌يه ڕازى نين ‌. هه‌روه‌ها وڵاتانى ئيسلامیى وه‌ك: توركيا، پاكستان، ئه‌نده‌نۆسیا و ئێران، ڕازی نابن و،  هه‌وڵ ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌و بيرۆكه‌يه‌ى "ترامپ" له‌بار ببه‌ن. ترامپ ده‌يه‌وێت له‌ ڕێى‌ تاقيكردنه‌وه‌يه‌كى گه‌وره‌دا، هاوپه‌يمانانى له‌ وڵاتانى عه‌ره‌بى به‌ بێرۆكه‌يه‌ك تاقی بكاته‌وه،‌ كه‌ "ئايا‌ ئه‌و وڵاتانه‌ پشتگيرى ئه‌و بيرۆكه‌يه‌ى ترامپ ده‌كه‌ن، تا ترامپيش له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌مه، پشتگيریى ئه‌وان بكات له‌ دژى ئێران؟ يان ئه‌و وڵاتانه‌ دژايه‌تیى خۆيان ‌بۆ بيرۆكه‌كه‌ى "ترامپ" هه‌ڵده‌بژێرن؟ ناوه‌ڕاستى ئه‌مساڵ وه‌ڵامى ئه‌و پرسياره‌ ده‌داته‌وه‌.

Latest from ڕێبوار بابکەیی

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples