- ڕێژه‌ى به‌شداريكردن له هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانيى 12ى ئاياردا، نزيكه‌ى 44.5% بووه. ئه‌م ڕێژه‌يه له سه‌رجه‌م هه‌ڵبژاردنه‌كانى پێشووترى عێراق له 2005ه‌وه تا ئێستا، كه‌متر بووه.
- ئايا ئه‌م ڕێژه‌يه كه له 50% كه‌متره، هيچ كار له شهرعيبوونى ئه‌و په‌رله‌مان و حكوومه‌ته‌ى له سه‌رينى ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه، دێنه گۆڕێ ده‌كا؟ به‌گوێره‌ى ده‌ستوورى 2005 و یاساى ژماره 45ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، هيچ ڕێژه‌يه‌كى دياريكراو بۆ شهرعيبوون دانه‌نراوه. له هه‌مان كاتدا، به‌شداريكردن له ژيانى سياسى، به "مافى ده‌نگدان"يشه‌وه، به‌گوێره‌ى ده‌ستوور، مافه نه‌ك ئه‌رك و، ده‌كرێ هه‌ر هاووڵاتييه‌ك كه ته‌مه‌نى گه‌يشتبێته 18 ساڵ، پراكتيزه‌ى ئه‌و مافه‌ى خۆى بكا، يان نا. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا گرنگه له‌وه‌یش بپرسرێ كه چ هۆيه‌ك له پشت ئه‌م ڕێژه كهمهوهيه؟ له كوردستاندا، ڕێژه‌كه له سه‌رووى 60%ه‌وه‌يه؛ ئايا زۆربه‌ى خه‌ڵك، به‌تايبه‌تى له ناوچه عهرهبنشينهكاندا، هيچ هيوايه‌كيان به ئاڵوگۆڕى ده‌سه‌ڵات نه‌ماوه له ڕێگه‌ى سندووقه‌كانى ده‌نگدانه‌وه كه حكوومه‌تێ بێته سه‌ر كار، ژيان و گوزه‌رانيان باش بكا و وڵات له بێسه‌روبه‌رى و نائارامى و مهزههبگهرايى ڕزگار بكا و یاسا جێبه‌جێ بكا، يان له‌به‌ر هه‌مان ئه‌و ده‌موچاوانه نه‌چووه‌ته ده‌نگدان كه له دواى 2003وه عێراق به‌ڕێوه ده‌به‌ن؛ يان هه‌ر بێباكيى سياسييه وه‌ك هه‌ندێ شوێنى ديكه‌ى دنيا!
- ئه‌گه‌ر باس له ساخته‌كارى نه‌كه‌ين، ئه‌گه‌ر باس له ڕۆڵى ئه‌م وڵات و ئه‌و وڵات نه‌كه‌ين كه گوايا ئه‌وان ده‌ستيان له‌و ساختهكارييهدا هه‌يه و، ئه‌م ئاريشهيه بۆ كۆميسيۆن و دادگه به‌جێ بهێڵين كه ساغى بكاته‌وه. ده‌نا "ديموكراسى" له عێراقدا عهيبهيهكى ديكه‌ى دێته سه‌ر و، چۆن ده‌كارێ وه‌ك كۆميسيۆنێكى سه‌ربه‌خۆ متمانه بۆ خه‌ڵك به هه‌ڵبژاردن بگێڕێته‌وه. هيچ ليستێكى ئينتيخابى نييه كه له سه‌رانسه‌رى عێراقدا، ليستێكى سه‌رووى دابهشبهنديى ئيتنى و مه‌زهه‌بى بێ و، كورسیى له هه‌موو پارێزگه‌كانى عێراقدا هێنابێ. تۆ سه‌يرى ئه‌م (9) ليسته بكه كه له سه‌رانسه‌رى عێراقدا زۆرترين ده‌نگيان هێناوه: 1- سائیرون له (11) پارێزگه كورسیى هێناوه، به‌ڵام هيچ كورسييه‌كيان له كه‌ركووك، هه‌ولێر، سلێمانى، دهۆك، ئه‌نبار، سه‌ڵاحه‌ددين، نه‌ينه‌وا نه‌هێناوه؛ واته هيچ نوێنه‌رێكى پارێزگه كوردنشين و سوننهنشينهكانى تێدا نييه 2- ته‌حالوفى فه‌تح له 13 پارێزگه كورسیى هێناوه، به‌ڵام له هه‌ولێر، سلێمانى، دهۆك، كه‌ركووك و ئه‌نبار هيچ كورسييه‌كى نه‌هێناوه 3- ئيئتلافى نه‌سر له هه‌ر چوار پارێزگه كوردنشينهكانى هه‌ولێر، كه‌ركووك، سلێمانى و دهۆك هيچ كورسييه‌كى نه‌هێناوه 4- پارتى 5- ده‌وڵه‌تى یاسا ته‌نيا له 10 پارێزگه‌دا كورسیى هێناوه، به‌ڵام له پارێزگه‌كانى هه‌ولێر، سلێمانى، دهۆك، كه‌ركووك، ئه‌نبار، دياله، سه‌ڵاحه‌ددين و نه‌ينه‌وا هيچ كورسييه‌كى نه‌هێناوه 6- ئيئتلافى وهتهنيیه، كه ئيئتلافێكى سوننى- شيعهيه ته‌نيا له 6 پارێزگهى به‌غدا، نه‌ينه‌وا، به‌سرا، ئه‌نبار، سه‌ڵاحه‌ددين و دياله كورسیى هێناوه و ئه‌وانى ديكه هيچ 7- ته‌يارى حيكمه له 11 پارێزگه‌دا كورسیى هێناوه، به‌ڵام له چوار پارێزگهكهى كوردستان و له ئه‌نبار، نه‌ينه‌وا و سهڵاحهددينيش هيچ 8- يه‌كێتى 9- ته‌حالوفى قرارى عێراقى كه تهحالوفێكى عه‌ره‌بيى سوننه‌يه ته‌نيا له چوار پارێزگهى به‌غدا، نه‌ينه‌وا، سه‌ڵاحه‌ددين و ئه‌نبار كورسیى هێناوه، كه يان ئه‌وه‌تا زۆرينه سوننه‌ن يان سوننهيان تێدا ده‌ژى. كه‌واته، دابهشبهندييه ئيتنييهكهى كورد- عه‌ره‌ب وه‌كوو خۆى ماوه‌ته‌وه؛ هه‌رچى دابهشبهنديى سوننه- شيعهيه ڕاسته هێشتا ماوه، به‌ڵام وه‌كوو هه‌ڵبژاردنه‌كانى پێشوو زه‌ق نييه و تۆزێ كاڵتر بووه‌ته‌وه.
- به‌گوێره‌ى ئه‌نجامه بهراييیهكان، ليستى سائیرون كه تهحالوفێكى سه‌درييه‌كان، شيوعى و 4 لايه‌نى ديكه‌يه، له ڕێزى پێشه‌وه‌يه و له سه‌رووى 50 كورسیى هێناوه. كه‌س هزرى نه‌ده‌كرد، به سه‌رانى ليسته‌كه خۆیشيانهوه، ئه‌م ليسته ببێته يه‌كه‌م و، "ڕاستڕه‌وى شيعى- اليمين الشيعي" د. فالح گوته‌نى، شكست بهێنێ. له پهيوهندييهكمدا له 5ى ئاياردا له‌گه‌ڵ "جاسم الحلفي" كه نزيكه له موقته‌دا سه‌در خۆى، پێم گوت: "ئێوه پێتان وايه ده‌بنه پله‌ى چه‌نده‌م؟" له وه‌ڵامدا ده‌ڵێ: "ممكن الثانية." ئه‌م ليسته، نێوانى له‌گه‌ڵ ليستهكهى مالكى و ليستى تحالوفى فه‌تح كه له ئێرانه‌وه نزيكن، خۆش نييه. موقته‌دا سه‌در چه‌ند ساڵێكه هه‌وڵ ده‌دا كه‌مێك خۆى له ئێران به‌دوور بگرێ و عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانى عه‌ره‌بى پێوه‌ندييه‌كانى ئاسايى بكاته‌وه، جاروبار وه‌ك پياوێكى ئايينيى ناسيۆناليستى عه‌ره‌ب خۆى دهنوينێ و، قسه له ده‌وڵه‌تى مه‌ده‌نى و به‌ربه‌ره‌كانێى گه‌نده‌ڵى و ڕيفۆرم و عه‌داله‌ت ده‌كا و "حكوومه‌تى زۆرينه‌ى تائیفى"یش كه هه‌ندێ لايه‌نى شيعهى ديكه باسى ده‌كه‌ن، ڕه‌ت ده‌كاته‌وه، به‌ڵام موقته‌دا وه‌ك نه‌يارێكى سه‌رسه‌ختى ئهمريكایش له عێراق و ناوچه‌كه ناسراوه. هزر ده‌كه‌م، له دوا كاتدا له‌گه‌ڵ ئيئتلافى نه‌سر كه عه‌بادى سه‌ركردايه‌تیى ده‌كا، پێكه‌وه له‌ناو په‌رله‌ماندا، كوتله‌يه‌كى په‌رله‌مانى كه زۆرترين ژماره‌ى كورسى، واته له سه‌رووى 95 كورسى پێك بهێنن. له به‌رانبه‌ردا، ليستى ده‌وڵه‌تى یاسا و ته‌حالوفى فه‌تح ئه‌گه‌ر ببنه يه‌ك كوتله‌ى پهرلهمانيیش، ناگه‌نه 75 كورسى. لێره‌دا ڕۆڵى ته‌يارى حيكمه كه عه‌مار حه‌كيم ڕابه‌ریى ده‌كا و زێتر وه‌ك ئاراسته‌ى نێوه‌ند له نێوان ئه‌و دوو به‌ره شيعييهدا ڕه‌فتار ده‌كات و مانۆڕ ده‌ده‌دات، مه‌سه‌له‌ى سه‌رۆكايه‌تيى حكوومه‌تى داهاتوو يه‌كلا بكاته‌وه و به مه‌زه‌نده‌ى خۆم له دواجاردا ده‌چێته پاڵ عه‌بادى-موقته‌دا، به‌ڵام كوتله‌ى پێشبينيكراو كێ بۆ پۆستى سه‌رۆكوه‌زيرانى داهاتوو ده‌پاڵێوێ، ئاسان نييه پێشبينى بكرێ. پێیشم وايه ليستى "القرار العراقى"ی سوننهمهزههبيش كه ئوسامه نوجێفى و خه‌ميس خه‌نجه‌ر سه‌ركردايه‌تیى ده‌كه‌ن له ڕكى ئێران، له‌گه‌ڵ ئه‌و بهرهيهدا ڕێك بكه‌ون. هه‌رچى ليستى وهتهنيیهيه، كه عه‌لاوى سه‌ركردايه‌تیى ده‌كا، جارێ وه‌ك ڕايان گه‌ياندووه، ئه‌نجامه‌كان ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه و داواى سه‌رله‌نوێ هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌كه‌ن. دوايه چه‌ند قسهيهكيش له‌باره‌ى هه‌ڵويستى ليسته‌كانى كورد ده‌كه‌م.
- به قسه‌ى سه‌ربه‌ست مسته‌فا ڕه‌شيد، سه‌رۆكى پێشووى كۆميسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان له عێراق، له په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا پێى گوتم: به لايه‌نى كه‌مه‌وه تا ئه‌نجامه‌كان ده‌بنه كۆتايى و له لايه‌ن دادگه‌ى باڵاى فيدراڵيیهوه په‌سند ده‌كرێن، نزيكه‌ى دوو هه‌فته‌يه‌كى پێ ده‌وێ.
پاشان سه‌رۆككۆمار به‌گوێره‌ى مادده 54ى ده‌ستوور، ده‌بێ له ماوه‌ى 15 ڕۆژدا، له ڕۆژى په‌سندكردنى ئه‌نجامه كۆتاييۆهكانهوه، به مه‌رسوومێكى كۆمارى داواى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێى نوێنه‌ران بكا. ئه‌گه‌ر له‌و ماوه‌يه‌دا سه‌رۆككۆمار ئه‌م داوايه‌ى نه‌كرد، به‌گوێره‌ى ده‌ستوور ته‌نيا 15 ڕۆژى ديكه‌ى بۆ درێژ ده‌كرێته‌وه. له هه‌وه‌ڵ كۆبوونه‌وه‌دا، پاش سوێندخواردنى ئه‌ندامان، ده‌بێ له هه‌مان دانيشتندا سه‌رۆكى په‌رله‌مان و هه‌ر دوو جێگره‌كه‌ى بێنه هه‌ڵبژاردن. ئه‌گه‌ر ته‌وافوق له نێوان كوتله گه‌وره‌كانى هه‌ر سێ پێكهاته سهرهكييهكاندا تا ئه‌و ده‌مه نه‌كرێ، وه‌ك پێشتر ديتمان، ڕه‌نگه دانيشتنى يه‌كه‌م به كراوه‌يى بهێڵدرێته‌وه، چونكه هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك و دوو جێگره‌كه‌ى به لايه‌نى كه‌مه‌وه پێويستى به 165 ده‌نگ هه‌يه! گريمان هيچ گرفتێك نه‌هاته ڕێ. به‌ڵام له ده‌ستووردا ديارى نه‌كراوه كه‌ى سهرۆككۆمارێكى نوێ له په‌رله‌ماندا هه‌ڵده‌بژێردرێ! شايانى گوتنه ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق 30ى 6ى 2018 چوار ساڵى ويلايه‌تى خۆى ته‌واو ده‌كا و ويلايه‌تى سهرۆككۆماريش له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانى پێشتر كۆتايى دێ. ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنى سهرۆككۆماريش هيچ گرفتێكى نه‌يه‌ته ڕێ، ئه‌وا ده‌بێ سه‌رۆككۆمارى نوێ له ماوه‌ى 15 ڕۆژدا، دواى هه‌ڵبژاردنى به سه‌رۆك، پاڵێوراوى ئه‌و فراكسيۆنه پهرلهمانييهى زۆرترين كورسيى په‌رله‌مانيى هه‌يه (الكتلة النيابية الأكثر عددا)، ڕابسپێرێ كه حكوومه‌ت پێك بهێنێ.
- دادگه‌ى باڵاى فيدراڵی، مه‌به‌ست له "الكتلة النيابية الأكثر عددا"ى مادده 76ى ده‌ستوورى به‌م شێوه‌يه لێك داوه‌ته‌وه: ئه‌و ليستهيهى كه چووه‌ته ناو هه‌ڵبژاردنه‌كان به ناو و ژماره‌يه‌كى دياريكراوهوه و زۆرترين ژماره‌ى كورسیى به‌ده‌ست هێناوه- وه‌ك ليستى سائیرونى ئێستا- يان ئه‌و فراكسيۆنهى كه له دوو ليست، يان زێترى هه‌ڵبژاردن كه به ناو و ژماره‌ى جودا چووبنه ناو هه‌ڵبژاردن و پاشان له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌راندا وه‌ك يه‌ك فراكسيۆنى په‌رله‌مانی، يه‌كيان گرتبێ. لێره‌دا چه‌ندين ئه‌گه‌ر دێنه پێشه‌وه. به‌ڵام هزر ناكه‌م، شيعه‌كان، جا له هه‌ر به‌ره‌يه‌ك بن، لێ بگه‌ڕێن سه‌رۆكايه‌تيى حكوومهتيان لێ وه‌ربگيرێته‌وه.
- له ساڵانى پێشوودا، ئه‌گه‌ر پێشتر له‌سه‌ر كانديدى حكوومه‌ت، كاكهبراله له نێوان فراكسيۆنه گه‌وره‌كانى هه‌ر سێ پێكهاته سهرهكييهكه كرابێ، ده‌بوايه ڕێككه‌وتنى پهنامهكیى ئه‌مريكا و ئێرانيش له‌سه‌ر ئه‌و كانديده هه‌بوايه. به‌ڵام به مه‌زه‌نده‌ى خۆم، پاش بڕيارى 8ى ئايارى ترامپ، كه ئه‌مريكا له ڕێككه‌وتنه نوكليارييهكهى گه‌ڵ ئێران كشايه‌وه، ئه‌وا بوار بۆ ئه‌و ڕێككه‌وتنه ژێربه‌ژێره، يان پهنامهكييهى نێوان ئێران و ئه‌مريكا له‌باره‌ى كانديدێكى دياريكراو بۆ سه‌رۆكايه‌تيى حكوومه‌ت، نه‌ماوه‌ته‌وه. هه‌ر به‌ره‌يه‌ك له‌و دووانه، هه‌وڵى خۆى ده‌دا. به‌ڵام وه‌ك سه‌ير ده‌كرێ ليسته براوه‌كان، به‌گشتى به‌سه‌ر سێ به‌ره‌دا دابه‌ش بوون: به‌ره‌يه‌كى نزيك له ئه‌مريكا، به‌ره‌يه‌كى نزيك له ئێران، به‌ره‌يه‌كى مامناوه‌ند و بهينهلبهين. بۆيه ئاسان نييه زووبه‌زوو حكوومه‌تێكى نوێ له عێراقدا پێك بێ و، بهدياريكراوى ده‌كه‌وێته دواى مانگى ته‌مووزه‌وه. به‌ڵام هه‌ر له ئێستاوه، ئه‌مريكا و ئێران- برێت ماكگۆرك و قاسم سلێمانى- هه‌وڵى خۆيان له‌گه‌ڵ لايه‌نه براوه سهرهكييهكاندا ده‌ده‌ن.
- ليسته كوردييه‌كان، به گه‌وره و بچووكيانهوه، له كوێ ده‌وه‌ستن و خۆيان له كوێ ده‌بيننه‌وه؟ به لاى منه‌وه ديار نييه، چونكه له ناوهخۆياندا كۆك نين و گرفتى ساخته و ساختهكاريیشى هاتۆته سه‌ر. ئايا نوێنه‌ره كورده‌كان، دوور و نزيكيى خۆيان له‌م ده‌وڵه‌ت و ئه‌و ده‌وڵه‌ت، ده‌كه‌نه بنه‌ماى نزيكبوونه‌وه له‌م ليست، يان ئه‌و ليستى ديكه‌ى عێراقى، يان به‌ده‌ستهێنانى پۆست و ئيمتيازات له به‌غدا، يان مافه دهستوورييهكانى گه‌لى كوردستان به ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر به‌رنامه‌يه‌كى حكووميى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ "الكتلة النيابية الأكثر عددا" كه مايه‌ى جێبه‌جێكردن بێ به ميكانيزمگهلێكى ڕوون و ئاشكراوه. به‌ڵام هيچ گومانێكى تێدا نييه كه ليستى پارتى، ڕۆڵێكى گرنگ له‌و يهكلاكردنهوهيهدا ده‌گێڕێ.